
جووتیار ئیسماعیل
محهمهد عابد جابری (١٩٣٥-٢٠١٠) بیرمەندی مهغریبی، مامۆستای فەلسەفە لە وڵاتی فەڕەنسا، خاوەنی پڕۆژەی ڕەخنەی عهقڵی عەرەبی لە دووتوێی (٤) چوار بەرگدا: (تكوين العقل العربي (1982)، بنية العقل العربي (1986)، العقل السياسي العربي (1990)، والعقل الأخلاقي العربي (1998).، جابری لە خەمی بەئاگاهێنانەوە و تێپەڕاندنی دۆخی چەقبەستوویی و دۆگمایی کۆمەڵگەی عەرەبی و ئیسلامی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕەخنەکانی ئاوەڵا دەکات، کۆمەڵگەی کوردیش لەدوای هاتن و بڵاوبوونەوەی ئایینی ئیسلام تیایدا بووەتە بەشێک لە کۆمەڵگەکانی جیهانی ئیسلامی و بیروباوەڕە ڕیشەییەکانی جیهانی ئیسلامی بەتایبەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هاوشێوەن بە هەردوو لایەنی ئەرێنی و نەرێنیدا، واتە لەگەڵ ئەوەیدا پەیام و پێناوی ڕەخنەکانی جابری بۆ جیهانی عەرەبییە، بەڵام ئەو کرۆکی ڕەخنەکانیی لەبارەی مێژوو و کەلەپووری پێکهێنراوی ئیسلامیدا کە کۆمەڵگەی کوردی بەشێکە لێی؛ بنیاد دەنێت.
جابری یەکێک لەو بیرمەندانەیە کە تەواوی بەرهەمەکانی بۆ تێگەیشتن و چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ کەلەپوور (تراث)ـی ئیسلامی تەرخانکردووە، ئەو پێیوایە تاکی ئێمە بارگاوییە بە کەلەپور، کەلەپوورییانە لەنێو ڕابردودا بیردەکاتەوە، بیرکردنەوەشی بۆ ئەو ڕابردووە نییە کە لە ڕاستیدا هەبووە و ڕوویداوە بەڵکو بۆ ئەو ڕابردووەی کە لەسەر بنەمای سۆز و خەون نووسراوەتەوە و بنیادنراوە و تاکی هەنووکی پێ بارگاوی کراوە، لەبەرئەوە جابری دەڵێت: “مێژووی ئێمە مێژوویەکی نابابەتی “لاموضوعیة” و ناعقڵانییە”، چونکە ئەو مێژووە سۆز و خەون و لایەنداری و بەرگری لە باوەڕی ئایینی بنیادیناوە، ڕەگ و ڕیشەی ئەم بنیادنان و لایەندارییەش بریتییە لە باڵادەستبوونی “دەق” یاخود تێکستی پێشدانراو کە ئەو دەقە لەسەر بنەمای عهقڵانی و بابەتیبوون پێکنەهێندراوە، بەمڕێگەیەوە تێگەیشتن و خوێندنەوە و لێکدانەوەکانیش بۆ دەقەکان غائیبن لە بابەتیبوون و عهقڵانیبوون، واتە لای ئەو مێژووی ئێمە مێژوویەکە لە نووسراوه لەسەر بنەمای سۆز و خواستە ئایینییەکانمان، خوێندنەوەش بۆ دەقەکان هەماجۆر سۆزداری و خەونییانەیە، ئەمەش بووەتە بنەمای سەرەکی و نەگۆڕ بۆ بیرکردنەوەی تاکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هۆکاری ڕیشەییە بۆ مانەوە لەنێو ڕابردودا و خۆدوپاتکردنەوەی تاکەکان.
بەدیدی ئەو ئەم کەلەپوورە وەک بەهێزترین پێوەرە بۆ پێواندنی هەموو ژیانی تاک و کۆمەڵگەی هەنووکە، واتە باڵادەستی مێژوویەکی پێکهێنراو لەڕێگەی سۆز و خەون؛ بووەتە پێوەر بۆ ڕاستاندنی کۆی بەها و جوڵە و ڕەفتارە هەنووکەییەکانی ژیانی ئێستای تاک و کۆمەڵگە،
ئەو ئەم بۆچوونەی لە دەستەواژە بەناوبانگەکەیدا دەردەبڕێت کە دەڵێت: “قیاس الغائب علی الشاهد” “پێوەری نادیار لەسەر دیار”، ئەم پێوەرە بەپێی تێپەڕبوونی کات تاکی ئێمەی کردووە بە تاکێکی “کورتبین، سۆزەکی، ئایینداری وشک کە هەردەم بەدوای ڕاستاندنی خەونە ناواقیعییەکانییەتی”، بەم هۆیەوە تاکی ئێمە بۆ تێگەیشتن ناخوێنینەوە و ڕەفتار ناکات، واتە بابەتی تێگەیشتن لای تاکی ئێمە پێشینە “اولویة” نییە، بەڵکو دۆزینەوەی بەڵگە بۆ پاڵپشتی سۆز و خەونەکانمان پێشینەن، هەروەک لە پەرتووکی “نحن والتراث” جابری دەڵێت: “ئێمە بۆ ئەوە ناخوێنینەوە تاکو تێبگەین، بەڵکو بۆ ئەوە دەخوێنینەوە تاکو بیرمانبێتەوە” “نحن لانقراء لنفهم بل نقراء لنذکر” (جابری، ١٩٩٣، ص ٥٤).
جابری ئاماژە بەوە دەدات کە چەندین گوتاری زاڵ لە جیهانی ئیسلامیدا هۆکاری کاریگەرن بۆ بنیادنانی ئەم دۆخە و دوورخستنەوەی تاکی ئێمە لە عهقڵانییەت، لێرەوە ئەو ورد شرۆڤەی گوتارەکان لە جیهانی عەرەبیدا دەکات و چۆنییەتی پێکهاتنی ئەم واقیعە نابابەتییەی هەنووکە دەکات شیدەکاتەوە، ئەوانیش لە دوو خاڵی گرنگدا کۆدەکاتەوە:
١- شیکردنەوەی گوتارەکان، شرۆڤەکردنی چۆنییەتی پێکهاتنی ئەم واقیعە نابابەتییە.
٢- میکانیزم و میتۆد یاخود چارەسەری بۆ چۆنییەتی مامەڵەکردن لەگەڵ کەلەپوورمان، بە ئامانجی دابڕین لە مێژووی سۆزداری و خەونییانە و دروستبوونی مرۆڤێکی سەربەخۆ لە مێژووییەکی ناواقیعی ئایینی.
عهقڵانییەت لای جابری پێویستی بە بیرکردنەوەی زانستی لەنێوان تیۆری و جێبەجێکردندا “النظریة والتطبقی”یە، جەخت لەوەدەکاتەوە کە پێویستە عقڵ وەک ڕێگایەک و ئامرازێک بۆ هۆشیاری و ژیانی واقیعی بەکاربهێندرێت نەک کورتبکرێتەوە بۆ خزمەتی خەونی سازێندراوی ناواقیعی، چونکە بەبێ بەرجەستەکردنی بیرکردنەوەی عهقڵانی و بابەتی ئێمە ناتوانین بگەینە مۆدێرنیتە، ئەوەش بە مانای ئەوەیە کە مۆدێرنیتەی ڕاستەقینە تەنها کاتێک بەدی دێت کە ئێمە تێیدا بکەر (فاعل) بین نەک بەرکار (منفعل).
کرۆکی ڕەخنەی جابری لە کەلەپوور و مێژووی ئێمە لە ڕەخنەگرتن لە گوتاری عەرەبیی هاوچەرخدا خۆی دەبینێتەوە، ئەو پێیوایە ئێمە وەک سەردەم لە هاوچەرخدا دەژین، بەڵام باوەڕ و بیرکردنەوە لە “١٤” سەدەی پێشوو دەژین، بەڵام جۆری ژیانی ئەو “١٤” سەدەیە نا کە بەڕاستی هەبووە، بەڵکو جۆری ئەو ژیانەی کە ئێمە خەونمان بۆ هەیە و پێمانوایە وابووە، لەسەر بنەمای ئەمشێوە خەونە بۆ هەموو بەها و پەسەندکردن و ڕەتکردنەوەیەک پێوەری سەرەکیمان بەها و باوەڕەکانی ئەو سەردەمە پێشووەیە، لەبەرئەوە ئاماژە بەوەدەدات کە گوتاری جیهانی عەرەبی گوتارێکی نامێژووییە، چونکە پشت بە میتۆدێکی ئامادەکراو دەبەستێت کە بیرکردنەوە و ڕەفتارەکان لەسەر بنەمای پێوەرێکی پێشوەختە بنیاددەنێت، کە ئەم نموونە یاخود بیرکردنەوەیە غائیبە لە عهقڵانییەت و خوێندنەوەی بابەتییانە، لەبەرئەوەی نموونەکە لە خودی واقیعەوە دروست نەکراوە، بەڵکو بەپێی خواست مێژووەکە سازێندراوە و خوێنەری پێ بارگاوی کراوە و کراوەتە خوێنەرێکی ئایدۆلۆژی.
لێرەوە جابری پێیوایە کە خوێندنەوەی (تێکست) پێویستی بەوەیە کە مرۆڤ هەوڵبدات خۆی داببڕێت لە باوەڕی ئایدۆلۆژی و سۆزمەندی و خەونییانە چونکە خەون بەسەر ڕووداوی مێژووییدا ناسەپێندرێت، بەڵکو ڕێگە دروستەکە خوێندنەوەی بابەتیانە، سەربەخۆییانەی تێکستەکانە، کە لێرەوە ماناکەی بۆ ئێمە دەردەکەوێت. بەخشینی مەعقوولییەت بە دەق لەلایەن خوێنەرەوە، بەمانای گواستنەوەی دەقەکەیە بۆ ناو کایەی بایەخی خوێنەر، نەک گواستنەوەی خوێنەر بۆ ناو کایەی خەون و لایەنداری ئایدۆلۆژییەوە، ئەمەش ڕێگە دەدات خوێنەر بۆ دەوڵەمەندکردنی خودی خۆی یان تەنانەت بنیادنانەوەی خۆی بەکاری بهێنێت، واتە کردنی “دەق” بە هاوچەرخی خۆی بەمانای “دابڕانی” دەقەکەیە لە ئێمە و کردنی بە هاوچەرخی ئێمە بەمانای “بەستنەوەی”ـەتی بە ئێمەوە، لێرەدا جابری مەبەستی ئەوەیە کە پێویستە کاتێک “دەق” بابەتییانە خوێندرایەوە؛ لێرەوە خوێنەر دەتوانێت لە ڕاستی “دەقەکە” و ڕووداوی مێژووەکە تێبگات، بەهۆی ئەم تێگەیشتنە بابەتیانەوە لە مێژوو دەتوانێت سود لە مێژوو وەربگرێت بۆ ژیانی هەنووکە، ئەمەش تەنها بە سەروەری و سەربەخۆبوونی خوێنەر بەسەر “دەق”دا کاری لەسەر دەکرێت.
بەڵام کاتێک دەق کرا بە سەروەر بەسەر خوێنەردا؛ لێرەدا خوێنەرێکی بابەتی و عهقڵانی نییە کە ڕەخەنییانە، هۆشیارایانە “دەقێک” دەخوێنێتەوە، بەڵکو خوێنەرێکی “چوارچێوە داتاشراو”ە و دەخوێنێتەوە تاکو باوەڕە پێشوەختەکانی جێگیرتر بکات، پێمانوایە کە،
لە کایەی پەروەردەییدا کاتێک کۆمەڵگەیەکی پەروەردەیی یاخود “فێرگە و زانکۆکان” پەڕتووکی خوێندن “بۆ نموونە لە خوێندنی ١-١٢”ی بنەڕەتی و ئامادەیی ناوەند “سەنتەر”ی پڕۆسەی خوێندن بوون؛ لە دۆخێکی وەهادا فێرخواز و دەرچوو دووچاری بارگاوی بوون بە “زانیارییەکانی ناو دەقەکە” دەبێت و تاكێکی خۆ-دووپاتکەرەوە بەرهەمدێت، نەرم نەرم و بە تێپەڕبوون لە پڕۆسەیەکی درێژمەودا دا دەبن بە تاکێکی کەلەپووری و توانستەکانی “گومان و هەڵسەگاندنی بابەتیانە و بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە” تیایاندا دەپوکێتەوە و لەجێگەیدا تاکێکی ئایدۆلۆژی و دۆگمایی بەرهەمدێت، هۆی سەرەکیش بریتییە لە ناسەروەربوونی ئەو بەسەر زانیاری و بابەتی خوێندندا، هەر لەبەرئەمەیە لەناوەرۆکی ڕەخنەکانیدا سەبارەت بە سەروەربوونی خوێنەر لە دەق؛ جابری جەخت لەوەدەکاتەوە کە پێویستە خوێندنەوەی ئێمە پشت بە “دابڕان” (الفصل)ـی خوێنەر لە ڕەهەندە ئایدۆلۆژی و سۆزمەندی و دەروونییەکان ببەستێت وەک هەنگاوێکی میتۆدیی سەرەکی بۆ تێگەیشتنی بابەتیانە لە تێکست و درککردن بە کێماسی و لایەنە بەهێزەکانی تێکستی خوێندراوە. لێرەدایە کە ڕەخنەکانی جابری بۆ هەر دۆخێک کە “دەق” سەروەربێت بەسەر “خوێنەر”دا دروستە، بەڵام جابری پنتی ڕەخنەکانی ڕووە میە کە ڕەخنەکانی جابری بۆ هەر دۆخێک کە “دەق” سەروەربێت بەسەر “خوێنەر”دا دروستە، بەڵام جابری پنتی ڕەخنەکانی ڕووە مێژوو و کەلەپوور و ئایینی ئیسلام ئاڕاستە دەکات، با ئەم ڕێنماییانەی ئەو ڕوون بکەینەوە و ئەوە ئاشکرابکەین کە ئەم پرسە لە چ ڕەگێکی مێژووییەوە سەرچاوەی گرتووە.
جابری پێیوایە تاکی ئێمە لە بیروباوەڕ و بیرکردنەوەکانیدا پشت بە دووپاتکردنەوەی خۆی دەبەستێت، ئەمەش لەپێناو پاراستنی شکۆمەندی باوەڕەکەی و ڕابردوویی و بەرەنگاربوونەوەی پێشکەوتن و نوێگەری، کە ئەو ناوی دەنێ “خوێندنەوەی سەلەفییانە” واتە گەڕاندنەوە بۆ ئەسڵی پێش خۆمان، بە مانای ئەوەی کە هەرچی لە پێشوتردا بنیادنراوە و دانراوە و بڕیاری لێدراوە؛ ڕاستە و دروستە و ڕەسەنە؛ پێشکەوتن و بەختەوەری و چاکسازیش هەر لە ڕێگەی گەڕانەوە بۆ پێش خۆمان بەدیدێت، ئەمەش گرفتێکی ڕیشەیی لەخۆیدا هەڵگرتووە ئەویش نائامادەیی “غائب”ی ئێستایە “حاضر”، نەک تەنها لەبەر ئەوەی ڕەتکراوەیە، بەڵکو لەبەر ئەوەی ئامادەیی ڕابردوو هێندە بەهێزە کە درێژ دەبێتەوە بۆ ناو ئێستا و داهاتوو و واقیعی ئێستا دەشارێتەوە، وەک قەرەبوویەک بۆ ئێستا و بۆ دووپاتکردنەوەی خود و گەڕاندنەوەی ئیعتیبار بۆی، بەم هۆیەوە ئەو پێیوایە تاک و کۆمەڵگە بە هەموو شێوە و ڕەهەندەکانییەوە کار لەسەر پڕۆسەی دووپاتکردنەوەی خود لەسەر شێوازی “پاشەکشە” “نکوص”ـی بۆ پێگە دواوەکان گرتووەتەبەر.
لەمبارەیەوە پێمانوایە کە، یەکێک لە کاریگەرترین هۆکارەکان بۆ دروستکردنی ئەم گەڕاندنەوە بۆ پێگە دواوەکان بریتییە لە کایەی پەروەردە و خوێندن، هەروەک ئاشكرایە سیستم و سیاسەتی پەروەردەیی ئێمە لەسەر بنەمای “ناوەندێتی” بنیادنراوە و کاردەکات، ئەم ناوەندێتییە بەپێی شێوازی خۆی کار لەسەر بنیادنانی نەریت و بیرکردنەوەی گەڕانەوەییانە دەکات، بەپێی هەمان سیستم “پەرتووک” و “مامۆستا” ناوەندی پڕۆسەی خوێندنن وەک کەرەستەیەکی دیاریکراو بۆ پرۆگرامی سەرەکی خوێندنی وەرز و ساڵ دیاریدەکرێت و فێرخواز گەرەکە لەماوەی خوێندنیدا لە ڕێگەی ئەزبەرکردنەوە خەریگەری لەگەڵ دەقەکانی ناوی بکات، بەم ڕێگەیەوە دەرچووی ئەم خوێندنە تاکێک بەرهەمدێت کە هەردەم “دەق” وەک سەروەرتر و نەشیاوی گومان و هەڵسەنگاندن ڕەچاودەکات، دواجار کۆمەڵگەش بەرهەمی ئەم جۆرە خوێندنەیە، بەمجۆرە لە کۆمەڵگەدا “کولتوور، ئاگایی گشتی، پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان” لەسەر هەمان بنەمای گەڕانەوە و خۆدووپاتکردنەوە چالاک دەبن، هەروەها لە تایبەمەندییە کەسییەکانی ئەم تاکە: “کارامەییە سەردەمی و پێویستییە عهقڵییەکانی وەک لێکدانەوە و بیرکردنەوەی لۆجیکی و گومان و هەڵسەنگاندن و ڕەخنە و هەڵوێستی بەرەنگارییانە و دیدی بابەتیانە” نائامادە “غائبن”، لەبەرئەوەیە زۆرجار دەبینین خوێندن لەم جۆرە ژینگە و پرۆگرامی خوێندنە تاکێکی بەهێز و هەڵگری کارامەییە سەردەمییەکان بنیاد نانێت، بەڵکو بە پێچەوانەوە زۆرجار ئەمجۆرە خوێندنە کارامەییە سروشتییە کەسییەکان لەناودەبات.
کەواتە لێرەدا گرنگە بزانین کە بە دیدی جابری هۆکاری ڕیشەیی بۆ ئەم “گەڕانەوە بۆ دواوە، خۆ-دووپاتکردنەوە” یاخود نادیدەگرتنی ئێستا “حاضر” لە کۆمەڵگەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆچی دەگەڕێتەوە و لە چ مێژوویەکەیەوە سەرچاوەی گرتووە؟
جابری پێیوایە مێژووی نووسراوەی ئایینی ئیسلام کە بنەماکەی “سۆز و خەونە”، زمانی ئایینی ئیسلام کە عەرەبییە باڵاترین ڕەگ و ڕیشەکانی بەکەلەپووربوونی تاکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستن، لە پاڵ ئەم هۆکارەدا جابری پێیوایە کە باڵادەستی دوو جۆر گوتار یاخود دیدگا لە کۆمەڵگەی عەرەبیدا وایکردووە کە تاکەکانی بیرکردنەوەی خۆ-دووپاتکردنەوە یاخود گەڕانەوە بۆ دواوەی هەبێت، ئەو هەردوو دیدگا ناودەنێت “دیدگای سەلەفی” کە ئەوانیش ١- سەلەفی ئایینی. ٢- سەلەفی ڕۆژئاوایی. کە ئەم جۆرە سەلەفییانە ئامانجیان گەڕانەوەیە بۆ پنتی دەستپێک، پنتی ئەسیڵ پنتی پێشوو و گوتراوەکان، نووسراوەکان، هەموو ئەوانەش دواجار زاڵێتی پێشوو تێکستەکانیی بەسەر خوێنەر و تاکدا دروستدەکەن و تاک دەکەن کە بیرکەرەوەیەکی کەلەپوورخواز، بیرکەرەوەیەکی پارێزگار لە پێشوو و لەو تێکستەی کە هاوسۆزیەتی و وەک ڕاست و دروست جێگیری کردووە، لەوبارەیەوە جابری جەخت دەکاتەوە کە دەشێ کەلەپوور ڕاست و بەکەڵ بێت بۆ هەنووکە؛ بەڵام کاتێک کەلەپوورێک لەسەر بنەمای “سۆز و خەون، نابەبەتی و نا عهقڵانی” پێکهێنرابێت و واقیع و هەنووکە بخاتە پەراوێز و هامشەوە، لەم پنتەوە تاک و خوێنەر لە جێگەی تاکێکی خاوەن کەلەپور دەبن بە تاکێکی کەلەپوری و ئایدۆلۆژیست و سۆزەکی کە خوێندنەوە و ڕوانگەکانی لەپێناو ڕاستاندنی ڕابردووە نابەبەتییەکەیە.
لێرەوە شرۆڤەی جابری بۆ هەردوو گوتار و دیدگاکە لە کۆمەڵگەی ئێمەدا باسدەکەین کە وەک هۆکار و ڕەگ و ڕیشە بۆ چۆنییەتی بە کەلەپووربوونی تاک و کۆمەڵگە لە جیهانی ئیسلامی دا ئەو دەیخاتەڕوو.
ڕەوتی یەکەم: لێرەدا مەبەستمان لە “ڕەوتی سەلەفی”ـە لە فیکری عەرەبیی نوێدا؛ ئەو ڕەوتەی زیاتر لەوانی تر سەرقاڵی کەلەپوور و زیندووکردنەوەی بوو لە چوارچێوەی خوێندنەوەیەکی ئایدۆلۆژیی ئاشکرادا، کە بنەماکەی بریتییە لە سەپاندنی وێنەی ڕابردووی مەبەست (ڕابردووی ئایدۆلۆژی) بەسەر داهاتوودا، پاشان “سەلماندنی” ئەوەی کە لە ڕابردوودا ڕوویداوە دەکرێت لە داهاتووشدا بەدی بهێنرێت.
ئەم ڕەوتە سەرەتا پۆشاکی بزووتنەوەیەکی ئایینی و سیاسیی چاکسازیخواز و کراوەی پۆشی (لای ئەفغانی و محهمهد عەبدە)، بزووتنەوەیەک کە داوای نوێکردنەوە و وازهێنان لە “تەقلید”ی دەکرد.
بەڵام “نوێکردنەوە” بەمانای بنیادنانی تێگەیشتنێکی “نوێ” بۆ ئایین (عەقیدە و شەریعەت) دێت، ڕاستەوخۆ لە سەرچاوە بنەڕەتییەکانەوە (ئەسڵەکان)، و کارکردن بۆ هاوچەرخکردنی و کردنی بە بنەمایەک بۆ ڕاپەڕین و دەستپێکردنمان.
ئەمە ئەو “سەلەفییەتە ئایینی”ـەیە کە دروشمی ڕەسەنایەتی و دەستگرتن بە ڕەگ و ڕیشە و پاراستنی ناسنامەی بەرزکردەوە… ڕەسەنایەتی و ناسنامەش وەک خودی ئیسلام تێگەیشتران: “ئیسلامی ڕاستەقینە” نەک ئیسلامی موسڵمانانی هاوچەرخ.
بەڵام ئەوەی ڕوویدا تەواو پێچەوانە بوو. ئامرازەکە بوو بە ئامانج: ئەو ڕابردووەی بە خێرایی بنیادنرا تا ببێتە پاڵپشتێک بۆ “پێشکەوتن”، خۆی بوو بە پڕۆژەی دواکەوتنەکە. بەم شێوەیە داهاتوو لە ڕێگەی ڕابردووەوە دەخوێنرایەوە، بەڵام نەک ئەو ڕابردووەی کە بەڕاستی هەبوو، بەڵکو “ئەو ڕابردووەی کە دەبوو هەبێت”. مادام ئەمەی دووەمیان تەنها لەسەر ئاستی سۆز و خەون بەدی هاتبوو، وێنەی “داهاتووی بەڕێوەدەبرد” هەر هەمان وێنەی “داهاتووی ڕابردوو” بوو. مرۆڤی سەلەفی بە هەموو هەستەکانییەوە لە ناو ئەم وێنەیەدا دەژی، نەک تەنها وەک وێنەیەکی ڕۆمانسی، بەڵکو وەک “واقیعێکی زیندوو”؛ بۆیە دەبینێت ململانێ ئایدۆلۆژییەکانی ڕابردوو زیندوو دەکاتەوە و تێیاندا دەبێتە خەباتگێڕ، تەنها بە نەیارانی ڕابردوو ناوەستێت، بەڵکو لە ئێستا و داهاتووشدا بەدوای نەیاردا دەگەڕێت بۆی.
خوێندنەوەی سەلەفی بۆ کەلەپوور، خوێندنەوەیەکی نا-مێژووییە، بۆیە ناتوانێت هیچ جۆرە تێگەیشتنێک بەرهەم بهێنێت جگە لە: “تێگەیشتنی کەلەپووری بۆ کەلەپوور” کەلەپوور ئەو خوێندنەوەیەی لە ناو خۆیدا هەرس کردووە و خوێندنەوەکە ناتوانێت کەلەپوور هەرس بکات، چونکە: کەلەپوور خۆی دووبارە دەکاتەوە.
سەلەفییەتی ئایینی لە خوێندنەوەی خۆیدا لە دیدگایەکی ئایینییەوە بۆ مێژوو دەست پێ دەکات، کە وا دەکات مێژوو لە ناو ئێستادا درێژ ببێتەوە و لە ناو ناخدا بڵاو ببێتەوە، وەک گەواهیدەرێک لەسەر خەباتی بەردەوام بۆ سەلماندنی خود. مادام خودیش بە ئیمان و عەقیدە دیاری دەکرێت، ئەوا فاکتەری ڕۆحییان کردووە بە تەنها بزوێنەری مێژوو. فاکتەرەکانی تریش بە لاوەکی یان پاشکۆ یان شێوێنەری ڕێڕەوەکە دادەنرێن، ئەمەش پنتیترین هۆکاری نامێژووی ئەم جۆرە دیدگایەیە.
ڕەوتی دووەم: ڕەوتی ئەوروپا سەنتەری یاخود سەلەفی ڕۆژئاوایی:
یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی ئیشکالییەتی جیهانی ئیسلامی و فیکری عەرەبیی نوێ و هاوچەرخ بریتییە لە چۆنییەتی مامەڵەکردن لەگەڵ مێژوو و کەلەپور، لەم ڕەوتەی دووەم دیالۆگ لە نێوان “ئێستا” و “ڕابردوو”دایە، بەڵام نەک ئێستای ئێمە، بەڵکو ئێستای ڕۆژئاوای ئەوروپا کە خۆی وەک “خودی هەموو سەردەمەکە” و هەموو مرۆڤایەتی دەسەپێنێت، و لە ئەنجامدا وەک “بنەما” بۆ هەر داهاتوویەکی گونجاو خۆی دەسەپێنێت. ئەمەش وای کردووە کاریگەرییەکەی بەسەر خودی ڕابردووشدا بکێشرێت و بە ڕەنگی خۆی ڕەنگی ئەوانی دیکە بکات، بزوێنەری ئەم ڕەوتە “بەسەنتهرکردنی ئەوروپا”یە لیبڕاڵەکانی عەرەبن.
لیبراڵی عەرەب لەو “ئێستا”یەی تێیدا دەژی (ئێستای ڕۆژئاوا) سەیری کەلەپووری ئیسلامی دەکات، و بە خوێندنەوەیەکی “ئەوروپا-تەوەر” (أورباوية النزعة) دەیخوێنێتەوە، واتە لە سیستەمێکی سەرچاوەی ئەوروپییەوە سەیری دەکات، بۆیە تەنها ئەوە دەبینێت کە ئەوروپییەکە دەیبینێت.
لێرەدا مەبەستمان لە “خوێندنەوەی ئۆریێنتالیستی” (ڕۆژهەڵاتناسی)ـە کە درێژکراوەکەی لای مامۆستا عەرەبەکان شێوازی “سەلەفییەتی ئۆریێنتالیستی” دەگرێتە بەر؛ کە خۆی وەک خوێندنەوەیەکی زانستی پێشکەش دەکات کە “ئامانجی بابەتیبوون و گەڕانەوەیە بۆ ‘ئەسڵ'” و “پاپەندە بە بێلایەنی” و “هەر پاڵنەرێکی سوودگەرایی یان ئایدۆلۆژی ڕەت دەکاتەوە”.
ئەم سەلەفییەتە ئۆریێنتالیستییە بانگەشەی ئەوە دەکات کە تەنها تێگەیشتن و مەعریفەی مەبەستە، و کاتێک “میتۆدی زانستی” لە ڕۆژهەڵاتناسان وەردەگرێت، واقیعەکان جێدەهێڵێت؛ بەڵام لەبیری دەچێت یان خۆی لەبیر دەکات کە “دیدگا” (الرؤية) لەگەڵ “میتۆد” (المنهج)دا وەردەگرێت، لەکاتێکدا دیدگا و خواستی کەسی جودایە لە مێتۆد کە وەک ڕێگایەک بۆ گەیشتن ڕاستی پەیڕەوی لێکدەرێت.
دیدگای ئۆریێنتالیستی لە ڕووی میتۆدەوە لەسەر بنەمای خوێندنەوەی “کەلەپوورێک بە کەلەپوورێکی تر” وەستاوە، واتە خوێندنەوەی کەلەپوری ئیسلامی لە ڕێگەی کەلەپووری ئەوروپی کاردەکات، هەر لێرەوە میتۆدی “فیلۆلۆژی” (زمانەوانی مێژوویی) دێت کە هەوڵ دەدات “هەموو شتێک” بۆ “ئەسڵ و سەرچاوەکەی” بگێڕێتەوە. کاتێکیش دەقە خوێنراوەکە کەلەپووری عەرەبی-ئیسلامییە، ئەرکی خوێندنەوەکە کورت دەبێتەوە لە گێڕانەوەی بۆ سەرچاوەکەیان کە لای ئەوان “جوو، مەسیحی، یۆنانی، هیندی و …هتد”.
خوێندنەوەی ئۆریێنتالیستی دەڵێت دەیەوێت تێبگات و هیچی تر. بەڵام دەیەوێت لە چی تێبگات؟ دەیەوێت لەوە تێبگات کە عالەمی ئیسلامی لە بنەچەدا خاوەن مێژوو و فیکرێکن ڕەگەکەی بۆ ئەوروپا دەگەڕێتەوە، ئەمەش واتە “داهاتوو” لە ڕابردووی ئیسلامیدا بریتی بووە لە هەرسکردنی ڕابردوویەکی ناعەرەبی-نائیسلامی (بە تایبەت کولتووری یۆنان) هەروەک بۆ نموونە دەڵێن: “فەلسەفەی ئیسلامی بوونی نییە بەڵکو تەرجەمەی فەلسەفەی یۆنانە” و بە پێوانەکردنی ئەمە، “داهاتوو” لە ئایندەی ئیسلامی؛ بەستراوەتەوە بە هەرسکردنی “ئێستا-ڕابردوو”ی ئەوروپییەوە.
بەم شێوەیە، بانگەشەی “هاوچەرخبوون” لە فیکری لیبراڵی عەرەبیدا، “نامۆبوونی خود” (استلاب للذات)ێکی مەترسیدار بۆ تاک و کۆمەڵگە دەخاتە ڕوو.
ڕەخنەی جابری لە بیرکردنەوە و عقڵی عەرەبی
جابری پێیوایە ئەوەی بۆ ئێمە گرنگە لە خوێندنەوە باوەکانی کەلەپوور، ئەو تێزانە نین کە دایان دەتاشن یان دەیدۆزنەوە، بەڵکو ئەو “شێوازی بیرکردنەوە”یەیە کە بەرهەمی دەهێنن، واتە ئەو “کردەوە عەقڵییە نائاگایەی” کە بنەمای ئەوانە گرفتەکەشی ئەوەیە کە لایەنی مەعریفی و ڕاستی پشتگوێ دەخات. لە تێزەکان کاتێک بنەما مەعریفییەکەی پشتگوێ دەخرێت، تەنها دەبێتە دیدێکی ئایدۆلۆژی بۆ واقیع و لە ئەنجامدا تەنها ئایدۆلۆژیا بەرهەم دەهێنێت. بەڵام ڕەخنەکردنی “شێوازی بەرهەمهێنانی تیۆری” (کردەوەی عەقڵی)، بە تەنها دەتوانێت سیفەتی زانستی وەربگرێت و ڕێگا خۆش بکات بۆ خوێندنەوەیەکی زانستیی وشیار.
ئەگەر لەم گۆشەیەوە سەیری ئەو دوو ڕەوتە بکەین، دەبینین ئەوەی لە ڕووی ئیپیستیمۆلۆژییەوە (شێوازی بیرکردنەوە) کۆیان دەکاتەوە، کەوتنیانە ژێر دوو دەرد: دەردێک لە میتۆددا و دەردێک لە دیدگادا.
لە ڕووی میتۆدەوە: ئەم ڕەوتانە کەمترین ئاستی “بابەتیبوون(Objectivity) یان تێدا نییە.
لە ڕووی دیدگاوە: هەموویان بەدەست غیابی “تێڕوانینی مێژوویی”ـەوە دەناڵێنن، پێوەری ڕابردوو بەسەر داهاتوودا پەیڕەودەکەن.
نا-مێژوویی بوون و نەبوونی بابەتی بوون، دوو دیاردەی تێکەڵاون کە هاوەڵی هەر فیکرێکن کە لەژێر قورسایی لایەنێکی ئەو هاوکێشەیەی دەیەوێت بیخوێنێتەوە “بۆ نموونە کاتێک لای خوێنەر قورسایی دەقێک زیاتر بوو لە بیرکردنەوە و تێگەیشتن و دیدی خوێنەرەکە؛ لێرەدا خوێنەرەکە بەدەست نابابەتی بوون و ناعهقڵانی بوون دەناڵێنێت. ئەو فیکرەی ناتوانێت سەربەخۆ بێت، پەنا دەباتە بەر ئەوەی بابەتەکانی بکاتە جێگرەوەی خۆی لە بڕیاردان. لێرەدا “خود” لە ناو “بابەت”دا دەتوێتەوە و بابەت دەبێتە جێگری خود، کە ئەوەی لێی ماوەتەوە پاشەکشە دەکات؛ بۆ گەڕان بەدوای “سەلەف” (پێشینە)یەک کە پشتی پێ ببەستێت تا لە ڕێگەیەوە شکۆ بۆ خۆی بگێڕێتەوە. بۆیە زۆربەی خاوەن ڕەوتێکی سەلەفین، جیاوازیی نێوانیان تەنها لە جۆری ئەو “سەلەف”ـەدایە کە پەنای بۆ دەبەن.
ئەو دوو دیدگایە باسمان کردن، خوێندنەوەی سەلەفین، کەواتە لە ڕووی ئیپیستیمۆلۆژییەوە جیاوازییەکی بنەڕەتییان نییە، چونکە لەسەر یەک شێوازی بیرکردنەوە دامەزراون؛ ئەو شێوازەی توێژەرە عەرەبە کۆنەکان ناویان نابوو ” پێوانەکردنی نادیار بەسەر دیاردا” (قياس الغائب على الشاهد).
کەواتە چ ڕەوتی ئایینی بێت یان ئەوروپا-سەنتەری، هەمیشە “دیار”ێک (شاهد) هەیە کە “نادیار”ێکی (غائب) بەسەریدا پێوانەیدەکات.
میکانیزمی ئەم “پێوانەکردنە” (قیاس) چییە؟
پێوانەکردنی نادیار بەسەر دیاردا، شێوازێکی زانستییە بێ گومان، بەڵام بە مەرجێک پابەندی مەرجەکانی ڕاستی و دروستییەکەی بین. “زانایانی نەحو و فیقهـ” ئەم شێوازەیان لە کارە زانستییە مەزنەکانیاندا بەکار هێنا کە بووە هۆی داڕشتنی یاساکانی زمانی عەرەبی و یاساکانی شەریعەت. زانایانی کەلامیش لێیان وەرگرتن و دەوڵەمەندیان کردن، زانایانی سروشتیش بە شێوەیەکی ئەزموونی بەکاریان هێنا. بە کورتی دوو مەرجی سەرەکییان بۆ دانابوو:
١- نابێت نادیار بەسەر دیاردا پێوانە بکرێت تەنها ئەگەر لە ناو یەک سروشتدا، لە یەک شتی دیاریکراودا هاوبەش بن کە بۆ هەردوولا بە بنەمایەکی سەرەکی دابنرێت.
٢- بۆ دۆزینەوەی ئەم بنەما هاوبەشییە، دەبێت پڕۆسەی “پشکنین و دابەشکردن” (السبر والتقسيم) ئەنجام بدرێت. “دابەشکردن” واتە شیکردنەوەی هەردوو لایەنی پێوانەکە بە جیا بۆ دۆزینەوەی خاڵە هاوبەشەکان. “پشکنین”یش واتە تاقیکردنەوەی ئەو تایبەتمەندییە هاوبەشانە بۆ دیاریکردنی کامەیان جەوهەر و حەقیقەتیانە. “دابەشکردن” لێرەدا ئیسقڕائێکی شیکارییە، و “پشکنین”یش تاقیکردنەوە و دڵنیابوونەوەیە (وەک ئەوەی فرانسیس بیکن ناوی دەنێت: ئەزموونی یەکلاکەرەوە).
لێرەدا باس لە هەنگاوی میتۆدیی دروست دەکرێت، بەڵام لەبەر ئەوەی ئەم میتۆدە باو و پەسەند بوو، لەگەڵ بڵاوبوونەوەیدا کەمتەرخەمی لە مەرجەکانیدا کرا و خەون و سۆز لەکاتی جێبەجێکردنیدا باڵادەستبوون. بەم شێوەیە دەستەواژەی “وە بەسەر ئەوەشدا پێوانەی بکە…” (وقس على ذلك) بوو بە جێگرەوەی گەڕان و پشکنین. میکانیزمی ئەم پێوانەکردنە لە چالاکیی عەقڵی عەرەبیدا هێندە چەسپا تا بوو بە تەنها کردەوەی عەقڵی بۆ بەرهەمهێنانی مەعریفە لە مێژووی جیهانی ئیسلامیدا.
بۆ نموونە لە فیقهدا، زێدەڕۆیی لەم پێوانەیەدا کرا تا گەیشتە ئاستێک کە لقەکان “فەرع”ەکان بوون بە “ئەسڵ” (بنەما) و لقی نوێیان بەسەردا پێوانە دەکرا… ئەمەش وای کرد ئەم جۆرە هەڵهێنجانە “استدلال” ببێتە پڕۆسەیەکی ئۆتۆماتیکی کە زۆر قورسە مەرجەکانی “پشکنین و دابەشکردن”ـی بەسەردا جێبەجێ بکرێت. لە “زانستی کەلام”یشدا، ئەم پێوانەیە (کە ناویان نابوو: ئیستدلالی دیار بە نادیار) پەیڕەوکرا.
لە ڕاستیدا، ئەم پێوانەیە لە قۆناغە کۆتاییەکانی گەشەسەندنی
خۆیدا (چ لە نەحو یان فیقهـ یان کەلام)، شێوەی زنجیرەیەکی هێڵی و هەڵکشاوی گرتە بەر و وەک “شێوازێکی بیرکردنەوە” لە ناو پێکهاتەی عەقڵی عەرەبیدا چەسپا، و بوو بە کارێکی ئۆتۆماتیکی و نائاگا (لاشعوری). ئەگەر ئەوەمان لەبیر بێت کە کولتوور لە سەردەمی داڕماندا تەنها کورت ببووەوە لە دووبارەکردنەوەی ئەم زنجیرەیە لە ڕێگەی وانەکانی نەحو و فیقهـ و تەوحید (کەلام)، تێدەگەین چۆن ئەم “قیاس”ە بووە بە پڕۆسەیەکی دەروونی کە مرۆڤی جیهانی ئیسلامی بە شێوەیەکی نائاگا ئەنجامی دەدات، بێ ئەوەی ئاوڕ لە مەرجەکانی بداتەوە. هەموو نەزانراوێک (مجهول) بوو بە “نادیار” و بەدوای “دیار”ێکدا دەگەڕان تا بەسەریدا پێوانەی بکەن. مادام “داهاتوو” گەورەترین نەزانراوە، و مادام “ڕابردوو” تەنها شتی زانراوە، ئەوا چالاکییە دەروونییەکان بۆ چارەسەری کێشەکانی ئێستا و داهاتوو، کورت بوونەتەوە لە گەڕان لە ناو ڕابردوودا بۆ دۆزینەوەی شتێک کە ئێستای بەسەردا پێوانە بکرێت. بەم شێوەیە “پێوانەکردنی نادیار بەسەر دیاردا” بووە واقیعی تاکی ئیسلامی و گۆڕا بۆ کۆت و بەندێکی فیکری.
دەرئەنجامە مەترسیدارەکانی پێوەر”قیاس” و بەرەو میتۆدێکی نوێ
ئەو میکانیزمە دەروونییەی کە بووەتە بنەمای لۆژیکی و میتۆدیی زانستە ئیسلامییەکان، گۆڕدرا بۆ “پێوانەکردنی کۆن بەسەر نوێدا”؛ بەمەش ناسینی هەر شتێکی نوێ بەستراوەتەوە بە دۆزینەوەی شتێکی “کۆن” کە وەک پێوەر (قیاس) بەکاربهێنرێت.
ئەم ئامێرە عەقڵییە تا ئێستاش چالاکیی بەرهەمهێنەری عەقڵی ئیسلامیی پێکدەهێنێت، و چەندین ئەنجامی مەترسیداری لێکەوتووەتەوە، لەوانە: “سڕینەوەی کات و گەشەسەندن، ئێستا (حاضر)، هەر ئێستایەک بێت، لە ڕێگەی ڕابردووەوە پێوانە دەکرێت، وەک ئەوەی ڕابردوو و ئێستا و داهاتوو فەرشێکی ڕاخراوی بێجووڵە بن، وەک “کاتێکی وەستاو”. هەر لێرەوەیە کە فیکری عەرەبی-ئیسلامی سیفەتی “نا-مێژوویی” وەرگرتووە.
هەروەها یەکێکی تر لە ئەنجامەکان، “جیانەکردنەوەی “بابەت”ـە لە “خود”، بەهۆی پشتگوێخستنی پڕۆسەی پشکنین و دابەشکردن (السبر والتقسيم) کە وایکردووە “قیاس” ببێتە میکانیزمێکی ئۆتۆماتیکی کە دان بە خۆیدا ناگرێت بۆ شیکردنەوەی وردی لایەنەکانی پێوانەکە. بەمەش “بابەت” (نادیار) هەمیشە لە ناو عەقڵ و شعوردا ئامادەیە، ئەمەش وای کردووە فیکری عەرەبی-ئیسلامی “بابەتیبوون” (Objectivity) لەدەست بدات.
جابری گرفتێکی ڕیشەیی لەوبارەوە باسدەکات و دەڵێت: “تاکی بە کەلەپوور بوو لە ئەخلاقەوە دەڕوانێتە زانست و مەعریفە نەک لە زانست و مەعریفەوە بڕوانێت ئەخلاق” ئەمەش جیاوازیی ڕیشەییان لەنێواندا هەیە، تاکی بەکەلەپوور بوو تاکێکە پێوەرە پێشدانراو و کولتووری و باوەکان هەردەم لەپێشینەی تێگەیشتنە هەنووکەیی و عهقڵانی و واقیعییەکان دادەنێت.
لە دەرئەنجامی ئەمەشدا فیکری عەرەبیی نوێ و هاوچەرخیش، بە گشتی فیکرێکی نا-مێژووییە و کەمترین ئاستی بابەتیبوونی تێدا نییە؛ بۆیە بیرکردنەوە و خوێندنەوەکانم؛ خوێندنەوەیەکی سەلەفییە کە ڕابردوو پیرۆز دەکات و “چارەسەری ئامادەکراو”ی لێ دەرهێناوە بۆ کێشەکانی ئێستا و داهاتوو. ئەمەش تەنها بۆ ڕەوتی ئایینی ڕاست نییە، بەڵکو بۆ ڕەوتەکانی تریش ڕاستە، چونکە هەر یەکەیان “سەلەف”ێکی هەیە کە پشتی پێ دەبەستێت (سەلەفی عەرەبی، سەلەفی ئەوروپی، یان سەلەفی چەپ و مارکسی و …هتد).
جابری پێیوایە کە ئەم چالاکییە عەقڵییە بەشێکی بنەڕەتییە لە “بنیاتی عەقڵی عەرەبی و ئیسلامی” کە پێویستە پێش داوای نوێکردنەوەی، بە وردی بپشکنرێت و بە توندی ڕەخنە بکرێت. ئەم عەقڵە نوێ نابێتەوە مەگەر لە ڕێگەی ڕەخنەیەکی گشتگیر و قووڵەوە نەبێت.
کۆمەڵگەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەت کۆمەڵگەی عەرەبی تیلنیشانێی ڕەخنەکانی جابرین، بەوە وەسفیان دەکات کە کۆمەڵگەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کۆمەڵگەی عیرفانین نەک کۆمەڵگەی عهقڵانی و واقیعی، پێیوایە هۆی بنەڕەتی ئەوەش بۆ بە ئایدۆلۆژی بوونی تاکەکانییەتی لەگەڵ ئایین و مێژووە ئایینییەکەیدا، بەڵام ئەو مێژووە نا کە بە ڕاستی و دروستی ڕوویداوە، بەڵکو ئەو مێژووەی بە پێی سۆز و خەون پێکهێنراوە، لەبەرئەوە لای ئەو تاکەکانمان زیاتر سۆزەکی و عیرفانین و هەردەم وێڵی وەڕاستگەڕانی ئەوشتەن کە خۆیان خواستییانە ڕووبدات بەبێ لەبەرچاوگرتنی زەمینە واقیعییەتەکە، واتە ئەگەر ئەوان دڵنیابن لەوەی کە ئەوەی ئەوان دەیانەوێت وەڕاستناگەڕێت بەڵام هەموو تەمەنیان لە بازنەی وەدیهێنانی وەڕاستگەڕانی دەسوڕێنەوە.
هەروەها جابری رەخنە لە زمانی عەرەبی دەگرێت و پێیوایە زمانی عەرەبی زمانێکی نامێژوویی و هەستی (حسی)ـە، و بە جیهانی عەرەبی دەشتەکییەوە بەستراوەتەوە، ئەمەش وایکردووە لەبەردەم گەشەکردندا ڕەق و بەربەست بێت، چونکە پێیوایە کە زمان تەنها ئامرازێک نییە بۆ بیرکردنەوە، بەڵکو ئەو چوارچێوەیەیە کە فكر تێیدا شێوە دەگرێت.
بەڵام سەبارەت بە کۆمەڵگەکانی ڕۆژئاوا و ئەوروپا، جابری پێیوایە ئەوان کۆمەڵگەی بورهانین و لە زانستەوە دەڕواننە ئەخلاق، لەبەرئەوە تاکی ڕۆژئاوایی لای جابری
زیاتر لەگەڵ پێشکەوتن و نوێبوونەوەکان دەگونجێت و پێشڕەوی دەکات، بەجۆڕیکی دیکە جابری لە شیکردنەوە و جیاکردنەوەی جۆری گوتارەکاندا “بەیانی، عیرفانی، بڕهانی” ئەو عهقڵی ڕۆژئاوایی بە عهقڵی بونیادنەر وەسفدەکات، بەڵام عهقڵی ڕۆژهەڵاتی و جیهانی ئیسلامی بە عهقڵی بونیادنراو لەسەر بنەمای کەلەپوور و تێکستە ئایین و مێژووییەکانەوە وەسفدەکات، بەجۆرێکی دیکە جابری شرۆڤەی ئەمەدەکات و دەڵێت: “عەقڵی ڕۆژئاوایی لە دەرگای زانینەوە دەچێتە ناو بوون (زانین ← ئەخلاق)، بەڵام عەقڵی ئیسلامی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دەرگای بەهاکانەوە دەچێتە ناوی (ئەخلاق ← زانین). هەرلەبەرئەوە عەقڵی عەرەبی بە عەقڵێکی “پێوانەیی فقهی” ماوەتەوە، کە بۆ هەر نوێگەرییەک دەگەڕێت بەدوای ئەسڵێکدا تا پێوانەی بکات، و دەق دەکاتە باڵاترین دەسەڵاتی سەرچاوەیی (المرجعية).
ئەگەر بەپێی ئەم شرۆڤەیەی کایەی پەروەردەیەک هەڵبسەنگێنین درک بەوەدەکەین کە لە هەر کۆمەڵگەیەکی پەروەردەیی تێکستی ناو پەرتووک پێشینەبوون لە ژینگەی خویندنەکەدا؛ ئەوا هەمان دەرئەنجامی دەبێت کە دواجار فێرخوازەکە دەبێت بە تاکێکی کەلەپووری و هەردەم تێکستی ناو پەرتووک و گوتنی گوتراوەکانی لا باڵاتر و دروستتر و بەهێزتر لە خۆی دەبینێت، بەهۆی ئەمەشەوە تاکی ئەم جۆرە پەروەردەیە تاکێکی لاوازە و کەمتترین درکردنی بە توانا سروشتییەکانی خۆی دەبێت.
میکانیزم و میتۆد بۆ چۆنییەتی مامەڵەکردن لەگەڵ کەلەپوور:
لەم باسەدا جابری ئەو ڕێگا و شێوازە دەخاتەڕوو کە دەتوانین بۆ بەرەنگاربوونەوەی بە کەلەپوور بوونی تاک پەیڕەوی لێبکەین، ئەوانیش لە دوو خاڵدا بەیان دەکات، کە بریتین لە: “أ- دابڕانی ئیپیستمۆلۆژی (القطيعة الابستيمولوجية و پێویستی دابڕان لە کەلەپوور، ب- جیاکردنەوەی دەق لە خوێنەر و بە پێچەوانەوە):
أ – پێویستیی دابڕان لە “تێگەیشتنی کەلەپووری بۆ کەلەپوور”:
لای جابری کێشەی سەرەکیی فیکری عەرەبی و جیهانی ئیسلامی لە مامەڵەکردن لەگەڵ کەلەپووردا، هەڵبژاردنی ئەم میتۆد یان ئەو میتۆدە ئامادەکراوە نییە، بەڵکو پشکنینی ئەو “پڕۆسە دەروونی”یەیە کە میتۆدەکەی پێجێبەجێ دەکرێت. بابەتە بنەڕەتییەکە “ڕەخنەکردنی عەقڵ”ـە، نەک تەنها “بەکارهێنانی عەقڵ”.
عەقڵی ئێستای ئیسلامی، بنیادێکە کە چەندین توخم پێکیانهێناوە، لە سەروو هەموویانەوە ئەو شێوازەی بنەماکەی پێوانەکردنی نادیارە بەسەر دیاردا بێ ڕەچاوکردنی مەرجە زانستییەکان. نوێکردنەوەی عەقڵی عەرەبی-ئیسلامی بەمانای دروستکردنی “دابڕانێکی ئیپیستیمۆلۆژی” (القطيعة الابستيمولوجية) تەواوە لەگەڵ بنیادی عەقڵی سەردەمی پێشوو و درێژکراوەکانی لە فیکری هاوچەرخدا.
کەواتە مەبەستمان لە “دابڕانی ئیپیستیمۆلۆژی” چییە؟
ئەم دابڕانە پەیوەندی بە “بابەتی مەعریفە”وە نییە، واتە بەمانای فڕێدانی کەلەپوور بۆ ناو مۆزەخانەکان نییە (ئەوە هەڵوێستێکی نازیانە و نامێژووییە). بەڵکو دابڕانەکە پەیوەندی بە “کردەوەی عەقڵی”ـەوە هەیە. واتە ئەو دابڕانە کاتێک بەدیدێت کە، شێوازی چارەسەرکردن و ئامرازە دەروونییەکان و پرسەکان گۆڕانکاریی ڕیشەییان بەسەردا بێت، بە جۆرێک جیاببینەوە لە خوێندنەوەی کەلەپوورییانەی کەلەپوور بەڵکو خوێندنەوەی بەئاگایی و بابەتییانە بۆ کەلەپوور؛ لێرە دەڵێین دابڕانی ئیپیستیمۆلۆژی ڕوویداوە.
ئەوەی ئێمە داوای دەکەین، وازهێنانە لە “تێگەیشتنی کەلەپووری بۆ کەلەپوور”؛ واتە ڕزگاربوون لە پاشماوەکانی قیاسی ئۆتۆماتیکی سۆزەکییانە کە بەشەکان لە چوارچێوەی کاتی و مەعریفی و عهقڵانی خۆیان دادەبڕێت و دەیانخاتە ناو کایەیەکی ترەوە (کایەی ئەو کەسەی قیاسەکە بەکاردێنێت). ئەمەش دەبێتە هۆی تێکەڵبوونی خود و بابەت و شێواندنی بابەتەکە.
دابڕانی ڕاستەقینە ئەوەیە کە ئێمە بگۆڕێین بۆ “بوونەوەرێک کە کەلەپووری هەیە”؛ واتە ئێمە خاوەنی کەلەپوورەکە بین نەک ئەو خاوەنی ئێمە بێت.
ب – جیاکردنەوەی دەق لە خوێنەر، کێشەی بابەتیبوون:
چۆن تێگەیشتنێکی بابەتی بۆ کەلەپوورمان بنیاد بنێین؟ ئەمە کێشە سەرەکییەکەیە. لێرەدا بابەتیبوون تەنها بەمانای دەستوەرنەدانی ئارەزووەکانی “خود” نییە لە “بابەت”دا، بەڵکو پێویستی بە دوو ئاست هەیە:
١- ئاستی خود بەرەو بابەت: جیاکردنەوەی بابەت لە خود.
٢- ئاستی بابەت بەرەو خود: جیاکردنەوەی خود لە بابەت.
تاکی عەرەبی-ئیسلامی “گۆش کراوە” (مؤطر) بە کەلەپوورەکەی و “بارگاوی کراوە” بە ئێستاکەی. ئەو کاتێک دەقێکی کۆن دەخوێنێتەوە، لە ڕاستیدا “بیری دەکەوێتەوە” نەک “بیدۆزێتەوە”. زمانە عەرەبییەکەش، کە چواردە سەدەیە وەک خۆی ماوەتەوە، وەک پیرۆزییەک لە شعور و ویژدانی نیشتووە و ڕێگرە لەوەی خوێنەر بە ڕەخنەیی لێی بڕوانێت.
هەروەها، خوێنەری عەرەب بارگاوییە بە “ئێستا”ی خۆیەوە؛ داوای پشتگیری لە کەلەپوور دەکات و ئاوات و ئارەزووەکانی خۆی تێدا دەخوێنێتەوە. دەیەوێت “زانست و عەقڵانییەت و پێشکەوتن” لە ناو دەقە کۆنەکاندا بدۆزێتەوە، چونکە لە ئێستایدا نییە. بەمەش یەکپارچەیی دەقەکە دەدڕێنێت و دەیگۆڕێت.
بۆیە جیاکردنەوەی خود لە کەلەپوور هەنگاوی یەکەمە بەرەو بابەتیبوون. ڕێگای زانستیی (زمانەوانی) هاوچەرخ ئەم بنەما زێڕینەی پێ بەخشیوین: “پێش خوێندنەوەی مانا، دەبێت وشەکان بخوێنرێنەوە” (وشەکان وەک تۆڕێک لە پەیوەندییەکان، نەک وەک پێدراوی جیاجیا). پێویستە هەموو ئارەزوو و خواستە ئایینی و پێشوەختەکان “بخرێنە نێوان دوو کەوانەوە” و تەنها مانا لە ناو خودی دەقەکەوە دەربهێنرێت.
ئەم جیاکردنەوەیە تەنها هەنگاوێکی بەراییە تا خود بتوانێت سەربەخۆیی خۆی بەدەست بهێنێتەوە و بابەتەکە (کەلەپوور) لە ئاسۆیەکی نوێدا بنیاد بنێتەوە. ئەمەش لەو پڕۆسەدا کورت دەبێتەوە کە بریتییە لە، چارەسەری بنیاتی (المعالجة البنيوية): مامەڵەکردن لەگەڵ فیکری خاوەن دەق وەک یەکەیەکی گشتی کە دەوری “پرسێکی ڕوون” دەسووڕێتەوە. لێرەدا دەبێت هەموو بیرۆکەکان جێگەی سروشتیی خۆیان لە ناو ئەو “گشت”ەدا بدۆزنەوە.
جیاکردنەوەی خود لە بابەت و بابەت لە خود، پێکەوە چرکەساتی یەکەمی میتۆد پێکدەهێنن؛ چرکەساتی گەڕان بەدوای بابەتیبووندا.
محهمهد عابد جابری بەهۆی بەجیاکردنەوەی عهقڵی ڕۆژهەڵات لە ڕۆژئاوا ڕووبەڕووی هەمان ڕەخنە بوویەوە کە ناڕاستەوخۆ خۆیشی کەوتۆتەژێر کاریگەری زاڵکردنی کولتوورێک بەسەر کولتوورێکی دیکەدا هەروەک هی ئەوروپا بەسەر ڕۆژهەڵاتدا، چونکە جابری لە شرۆڤە و ڕەخنەکانیدا جیاوازی ئاشکرایی دەکات لەنێوان عهقڵی ڕۆژهەڵاتی و عهقڵی ڕۆژئاوایی و لەناویدا فەیلەسوفی ڕۆژئاوایی “ابن روشد” بە نموونەی فەیلەسوفی عهقڵانی و بڕهانی و واقیعی دیاریدەکات و پێیوایە ئامراز و میتۆد و کەرەستەکانی توێژینەوەی ڕوشد بەتەواوی دابڕاوە لە کەلەپووری پێشخۆی و ئامانجی باڵای ڕوشد نوێبوونەوە و بنیادنانی کۆمەڵگەیەکی عهقڵانی و بڕوهانییە، لەسەر بنەمای ئەم وەسف و لێکدانەوەیەی فەلسەفەی ڕوشد دەکات بە نموونەی عقڵی ڕۆژئاوایی، بەڵام لەلایەکی دیکەوە فەلسەفەکانی “کندی و ابن سینا و فاڕابی” دەکات بە ماشێنی بەرهەمهێنانی ئایدۆلۆژیا و عیرفانییەت و ناعهقڵانییەت، ئەمەش بەجۆرێک لە جۆرەکان جابری دەخاتەوە نێو بازنەی خودی ڕەخنەکانی خۆی لە زاڵکردنی عهقڵی ڕۆژئاوایی بەسەر ڕۆژهەڵاتدا.
جابری ئیلهام لە فەلسەفەی: “فرۆید، باشلار، ئاڵتۆسێر، مارکس، فوکۆ و جاک دێریدا” وەردەگرێت و بۆ لێکدانەوە و گەشەپێدانی کۆمەڵگەی عەرەبی و ئیسلامی دەیگونجێنێت، ئەمەش جارێکی دیکە ئەوه دەخاتەوە نێو بەسەنتەرکردنی ئەوروپاوە، هەروەها بەهۆی ئەوەی ناوبراو کۆی پڕۆژە و بەرهەمەکانی بۆ ئیسلام و تاکی عەرەب بووە؛ ئەمەش ڕێگر بووە لەوەی ناوبراو ببێت بە فەیلەسوفێکی جیهانی، بەڵکو وەک بیرمەندێک لە جیهانی عەرەبی و ڕۆژهەڵاتدا ناسراوە.
سەرچاوەکان:
١-جابري، محمد عابد، (١٩٩٣)، نحن والتراث، قراءات معصرة في تراثنا، الناشر المرکز الثقافي العربي، الحمراء، بیروت، لبنان.
٢- جابري، محمد عابد، (٢٠٠٠)، العقل السیاسي العربي، محدداتە وتجلیاتە، الناشر مرکز دراسات الوحدة العربیة، ط٤، بیروت، لبنان.
٣-جابري، محمد عابد، (٢٠٠٢)، تکوین العقل العربي، الناشر مرکز دراسات الوحدة العربیة، ط٨، بیروت، لبنان.
٤- جابري، محمد عابد، (٢٠٠٩)، بنیة العقل العربي، دراسة تحلیلیة نقدیة النظم المعرفة في الثقافة العربیة، الناشر المرکز مرکز دراسات الوحدة العربیة، ط٩، بیروت، لبنان.
٥- المرهج، علي عبدالهادي، (٢٠٢٣)، الفلسفة والأیدولوجیا في الفکر العربي المعاصر، “من المدخل الی الفصل الثاني”، النشر دار دجلة الأکادیمیة، الدورة-بغداد-عیراق.