گۆڤارێکی ڕۆشنبیری گشتیی وەرزییە، بەڕێوەبەرایەتی ڕۆشنبیری و ھونەری ڕاپەڕین دەریدەکات

تیۆری خانی بۆ نەتەوەی کورد و هۆکارەکانی نەبوونی دەوڵەتی کوردی

د. کەمال میراودەلی

 

تیۆریی خانی بۆ نەتەوەی کورد و هۆکارەکانی نەبوونی دەوڵەتی کوردی

بۆ خانی: مامۆستا، ڕێنیشاندەر و تیۆریساز. بۆ هەر کوردێک کە دەست بە بیرۆکەکانی خانییەوە دەگرێت، زمانەکەی پشتگوێ ناخات و خیانەت لە نیشتمانەکەی ناکات.

 

پێشەکی گشتی

ئەم باسە شیکردنەوەیەکی ورد و فراوان لە تیۆری ئەحمەدی خانی بۆ نەتەوەی کورد پێشکەش دەکات، ئەو تیۆرییەی لە داستانە حەماسییەکەی مەم و زین دا خستوویەتیە ڕوو کە لە ساڵی ١٦٩٠ دا تەواو کراوە. ئەم کورتە باسە لە بیرۆکە گشتگیرەکانی خانی سەبارەت بە ناسنامەی کوردی، ئەو ئاستەنگە مێژووییانەی ڕووبەڕوویان بۆتەوە و دیدگای بۆ زیندووکردنەوەی کولتووری و سیاسیی، دەکۆڵێتەوە. هەروەها پڕۆژە ئەدەبییەکەی خانی وەک هەوڵێکی ستراتیژی و هۆشمەندانە دەبینێت بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی زمان و کولتووری کوردی لە چوارچێوەیەکی نەتەوەیی فراوانتردا.

 

دەستپێکێک بۆ تیۆری خانی لەبارەی نەتەوەی کورد

باسەکە ئەحمەدی خانی وەک ڕۆشنبیرێکی کورد کە ژیانی خۆی بۆ دەربڕینی دۆزی نەتەوەیی کورد تەرخان کردووە  نیشان دەدات و لەسەر پێویستیی ڕێبەرایەتیی نەتەوەیی و ڕێنێسانسی کولتووری و سەروەریی سیاسیی گەلی کورد جەخت دەکاتەوە. بەرهەمەکەی خانی، مەم و زین، درامایەکی بنەڕەتییە کە خاک، کولتوور، شێوازی ژیان و ئاواتەکانی کورد لەخۆ دەگرێت. ڕێبازی خانی سیستەماتیکە؛ ڕێگە دەدات دەقەکە بەبێ سەپاندنی لێکدانەوەی دەرەکی، مانا و لۆژیکی ناوخۆیی خۆی ئاشکرا بکات. هەروەها بە جێگیرکردنی گفتوگۆیەکی ڕەخنەیی لە ناو بەرهەمەکەیدا، جۆراوجۆریی وەڵامدانەوەی خوێنەران پێشبینی دەکات تا یارمەتیی خوێنەرانی هاوسۆز بدات لێی تێبگەن.

 

بۆچی خانی بە کوردی نووسی؟

خانی بە ڕاشکاوی دەڵێ چیرۆکەکەی بە کوردی نووسیوە، نەک لەبەر شارەزایی و لێهاتوویی، بەڵکو بەهۆی هەستی نەتەوەیی کوردی «عەسەبییە» و دڵسۆزیی عەشیرەتی «عەشیری». لەگەڵ ئەوەشدا، جەخت دەکات بێ گوێدانە ئەوەی کەموکوڕییەک لە گێڕانەوە  شیعرییەکەیدا هەبێت،  بە زمانی نەتەوەیی خۆی نووسیویەتی و «بیدعە»ی کردووە. داوا لە خوێنەرانی کورد دەکات بە هاوسۆزیی نەتەوەییەوە مامەڵە لەگەڵ بەرهەمەکەی بکەن و لە هەڵەکانی خۆشبن؛ چونکە پاڵنەرەکانی لە ناسنامەی کوردی و شانازیی کۆمەڵایەتییەوە سەرچاوە دەگرن، نەک تەنها لە توانای ئەدەبی.

 

چوارچێوە مێژووییەکەی پرۆژەی خانی

خانی ڕووبەڕووی دژبەیەکی چارەنووسی گەلی کورد ورد دەبێتەوە: نەتەوەیەکی ئازا و بەهێز، خاوەن بەخشندەیی و پاڵەوانیی نموونەیی و هاوشێوەی کەسایەتییە ئەفسانەییەکانی وەک حاتەم و ڕۆستەم، بەڵام لە دەوڵەتێکی سەربەخۆ بێبەشە و لەژێر حوکمی هێزە بیانییەکانی وەک ئیمپراتۆریەتی عوسمانی «ڕۆم» و سەفەوی «عەجەم»ـە. ئەم ئیمپراتۆریەتانە کوردیان وەک بەربەستی بەرگری و شوورە بەکارهێناوە و بوونەتە هۆی دابەشبوونی ناوخۆیی و خوێنڕشتن لەنێوان کورداندا. خانی لە حیکمەتی خوداییی پشت ئەم چارەنووسە دەپرسێت و دژبەری نێوان ئازایەتیی کورد و سەرکوتی سیاسییان دەخاتە ڕوو. مێژوونووس شەرەفخانی بەدلیسی هەمان تەنگژەی جیۆپۆلیتیکی باس دەکات؛ ئەو ئازایەتیی کوردی بە هۆکارێکی پارێزەر، بەڵام لە هەمان کاتدا بە سنوورێک بۆ سەروەریی سیاسیی کورد دەزانی.

 

ڕێگای ڕزگاریی کورد

خانی پێیوایە ڕزگاریی کورد پەیوەستە بە سەرهەڵدانی دەسەڵاتێکی ڕاستەقینەی سیاسیی کوردی؛ پاشا یان میرێک هونەر و زانست و ئەدەبی کوردی بە بەهادار بزانێت، توانای ساڕێژکردنی برینەکانی کۆمەڵگە و بەرزکردنەوەی کولتوور و کەرامەتی کوردی هەبێت. ڕێبەرایەتییەکی لەم جۆرە ستەم لێکراوان دەپارێزێت، دژی ستەمکاران بەرگری دەکات و ژێردەستیی تورک و فارس و عەرەب کۆتایی پێ دەهێنێت. بەبێ ئەم هێزە سیاسییە، ناسنامە و بوونی کورد هەر لە مەترسیدا دەمێنێتەوە.

 

پەیوەندیی نێوان دەسەڵاتی سیاسی و ڕێنێسانسی کولتووری

خانی فەرمانڕەوایەکی بەخشندە و زمانپاراو وێنا دەکات زانست و هونەر و شیعر و ئەدەب بە نرخ دەزانێ و وایان لێدەکات ببنە بەشێکی ئاشنا و پەسەندکراوی ژیان. لەژێر ڕێبەرایەتییەکی ڕووناکبیریی ئاوادا زیندووبوونەوەی ڕۆحی شاعیرە گەورە کوردەکانی وەک مەلای جزیری، عەلی حەریری و فەقێ تەیران بە خەیاڵدا دەهێنێت، بەجۆرێک شکۆ و کاریگەریی بەردەوامیان مسۆگەر بێت. تەنانەت دەڵێ: ئەگەر میرێکی کورد هەبایە و پشتیوانی لە پرۆژە نەتەوەییە کولتوورییەکەی کردبا، ”ئالای شیعری کوردی لە قوببەی ئاسمان بەرز دەکردەوە.” ئەمە باوەڕی خانی پیشاندەدات گەشەی کولتووری لە هێزی سیاسیی پشتگیر جیا ناکرێتەوە.

 

بەرپرسیارێتی لەبەرامبەر دۆخی نالەباری کورد

خانی لە ڕوویەکەوە ژێردەستکردنی کورد بەدەستی هێزە بیانییەکاندا بە ئیرادەی خودایی دادەنێ (هەر نەبێ لەبەر شوێنی جیۆپۆلیتیکی کورد)، بەڵام ئۆباڵەکە دەخاتە ئەستۆی فەرمانڕەوا و میرە کوردەکان کە هەژموونی بیانییان قبوڵ کردووە. شاعیران و خەڵکی ئاسایی لەم شەرمە بێتاوان دەردەخات و جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە ڕێبەرە سیاسییەکان توانای گۆڕینی دۆخەکەیان هەبووە، بەڵام شکستیان هێناوە.

 

داکشانی بازاڕی هزریی کوردی

خانی، داخ لە داکشانی نرخ و پێگەی زانست و شیعر لە سەردەمی خۆیدا دەخوات و ئاماژە بەوە دەکات چاوچنۆکیی پارە جێی خۆشەویستیی دانایی گرتووەتەوە. تەنانەت شاعیرە گەورەکانی لە ئاستی جامی و نیزامیش جێگەیان لە کۆمەڵگادا نییە؛ ئەمەش پشتگوێخستنێکی گشتی‌تری بەها هزریی و کولتوورییەکان پیشاندەدات.

 

دەسەلاتی سیاسیی و دەوڵەتسازیی

خانی جەخت دەکاتەوە دەسەڵاتی سیاسی و دەوڵەتسازیی ئەوانە دەیگرنە دەست شمشێری هیممەتیان پێیە. جیهان بە بووکێک دەچوێنێت بە شمشێر حوکم دەکرێت، نەک بە دیاری و گرێبەست. لەگەڵ ئەوەشدا، دەڵێت هێز دەبێت لەگەڵ هەستی نەتەوەیی و بەخشندەیی و میهرەبانی یەک بگرێتەوە تا بەڕاستی خزمەتی مرۆڤایەتی بکات. ئەم دیدە لەگەڵ تیۆری ئیبن خەلدون هاوتەریبە پێیوایە دەسەڵاتی سیاسی لە هاوپشتیی گرووپی «عەسەبییە» سەرهەڵدەدات، بەڵام پێویستە سیستەمێکی ئەخلاقی و یاسایی پشتیوانیی بکات.

 

دژبەیەکییەکانی ناو ڕەوشتی کورد

خانی دژبەییەکی ناوخۆیی لە کەسایەتیی کورددا دەخاتە ڕوو: سەرەڕای ئازایەتی، نەجیبزادەیی، بەخشندەیی، توانای ڕێبەرایەتی و خرۆشیان، کورد حازر نییە منەت یان چاکە لە یەکتر قبوڵ بکات؛ ئەمەش دابەشبوون و یاخیبوونی بەردەوام دروستدەکات. شانایی تاکڕەوانە و سەربەخۆییخوازییان ڕێگە نادات لەژێر ڕێبەرایەتییەکی یەکگرتوودا کۆببنەوە و بەوەش دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی کۆسپدار دەبێت. ئەم تێبینییە لەگەڵ گێڕانەوەی شەرەفخانی بەدلیسی لە پارچەپارچەبوونی سیاسیی کورد و شیکردنەوەی ئیبن خەلدون لە پێویستیی ڕێبەرایەتیی سیاسی بۆ ئاراستەکردنی هاوپشتیی گرووپی یەک دەگرێتەوە.

 

تێگەیشتنی خانی لە دەوڵەت و زاراوە سیاسییەکان

خانی «دەوڵەت» بە دەسەڵاتێکی سیاسیی خاوەن سەروەریی تەواو پێناسە دەکات؛ دەسەڵاتێک دەبێت کوردی بێت و خزمەتی گەلی کورد، کولتوور، زمان و حوکمڕانییەکەی بکات. زاراوەکانی وەک «میر»، «ئەکراد» و «کرمانج» بە شێوەیەکی جێگۆڕکێپێکراو بۆ ئاماژەدان بە نەتەوەی کورد و خاکەکەی بەکاردەهێنێت و هەموویان بە بیرۆکەی دەوڵەتی نەتەوەییەوە دەبەستێتەوە. لەنێوان «دەوڵەتە تایبەتەکان» یان میرنشینە ژێردەستەکانی ئیمپراتۆریەتە گەورەکان و ئەو دەوڵەتە کوردییە خاوەن سەروەرییەی خۆی خەیاڵی دەکات، جیاوازی دادەنێت؛ دەوڵەتێک بە ڕێبەرایەتیی میرێک پابەندی ڕێنێسانسی کولتووری، زانستی و ئایینی بێت. خانی لە چەمکی عەسەبییەی ئیبن خەلدون دەستپێدەکات، بەڵام فراوانتری دەکات و بانگەشەی هاوپشتییەکی نەتەوەیی‌ و کولتووری دەکات لەسەر زمان، مێژوو، کولتوور، خاک و چارەنووسی هاوبەش بنیاد نراوە و سنووری خزمایەتیی عەشیرەتی تێدەپەڕێنێت.

 

لە نێوان نەتەوەپەرستیی کۆن و نەتەوەپەرستیی نوێدا

خانی چەمکی «عەسەبییە»ـی ئیبن خەلدون لە خزمایەتییەوە بۆ زمان، کولتوور، مێژوو و ئاگایی لە «ئەوی تر» تورک، فارس و عەرەب فراوان دەکات و بە کردەوە پڕۆژەیەکی نزیک لە نەتەوەگەریی دەردەبڕێت. دیدگاکەی لە بەئاگاهاتنەوەی نەتەوەیی ئەورووپا دەچێت، بەڵام لە ڕێگەی شێوە ئەدەبی و فەلسەفییەکانی سەردەمی خۆی، واتە شیعری حەماسی و تەسەوف، دەربڕدراوە. خانی پێش دروستبوونی زاراوە نوێیەکان هەوڵیدا چەمکی «دەوڵەتی نەتەوەیی» بنیاد بنێت؛ چەمکێک پشتبەستوو بە زمانی کوردی، دەسەڵاتی سیاسیی سەربەخۆ، یەکێتیی سەرووی دابەشبوونە عەشیرەتییەکان، پەرەپێدانی زانست و پێناسەکردنی ناسنامەی کوردی لەبەرامبەر گەلانی دراوسێ.

 

 

«مەم و زین» وەک پڕۆژەیەکی کولتووری

بڕیاری خانی بۆ نووسینی «مەم و زین» بە کوردی، کردەوەیەکی ئەنقەستیی سەلماندنی کولتووری بوو. بەو کارەی جەختی کردەوە زمانی کوردی توانای دەربڕینی بیرۆکە ئەدەبی و فەلسەفییەکانی هەیە و کورد سروشتێکی مایل بە خۆشەویستی و کامڵبوونی کەسێتیی هەیە. ئەم بەرهەمە وەڵامێکە بۆ ئەو بانگەشانەی کورد بە نەزان دەزانن و زمانەکەیان بە ناشیاو بۆ ئەدەب دادەنێن؛ لە هەمان کاتدا کردەوەیەکی بەرگریی کولتووری و ناسنامەسازیی نەتەوەییە. بەرهەمەکەی خانی درامایەکی پێشکەوتووی گێڕانەوەی ئەدەبی، فەلسەفی، ئیتنۆلۆژی و سیاسی تێکەڵ دەکات کە بۆ نمایش و بەشداریی قووڵی جەماوەری کورد داڕێژراوە.

 

پڕۆژەی خانی بۆ زیندووکردنەوەی زمان و کولتوور

خانی هەوڵیدا ئاستی زمانی کوردی، بە تایبەتی شێوەزاری کرمانجی، بەرز بکاتەوە و بە ڕێکخستن و دەوڵەمەندکردنی، هەمان ڕێچکەی مێژوویی فارسیی «دەری» وەک زمانی ئەدەبی و دەربار  بگرێتەبەر. بە گرنگیی زمان وەک ئامرازێکی ناسنامەی نەتەوەیی و سەروەری ئاگادار بوو و ئامانجی ئەوە بوو کورد لە ڕووی پێگەی کولتوورییەوە لە تەنیشت فارسی و عەرەبیدا دابنێت. خانی دانی بە ڕەچەڵەکی ئاریایی و میراتی زەردەشتیی هاوبەشی کورد و فارس دانا، بەڵام ئاماژەی بەوە کرد کورد بەهۆی پەلامارەکانەوە شارستانییە کۆنەکەی خۆی لەدەستداوە؛ لە کاتێکدا فارس زمان و کولتوورەکەیان زیندوو کرایەوە. پڕۆژەی خانی لە هەمان کاتدا درێژەپێدان و بەربەرەکانێ بوو لەگەڵ هەژموونی کولتووریی فارسی؛ جەختکردنەوە بوو لەسەر ڕێنێسانسێکی ڕەسەنی نەتەوەیی کوردی لە زمان و نەریتە تایبەتەکانی خۆیاندا ڕەگی داکوتاوە.

بە کورتی، ئەم بەشەی کتێبەکە لێکۆڵینەوەیەکی زانستی و گشتگیر لە تیۆری پێشڕەوانەی ئەحمەدی خانی بۆ نەتەوایەتی، هەوڵە ئەدەبی و زمانەوانییەکانی و دیدگەکەی بۆ سەروەریی سیاسیی کورد و زیندوو کردنەوەی ئەدەب و کولتوور پێشکەش دەکات. بەرهەمی خانی لە چێوە مێژوویی، جیۆپۆلیتیکی و هزرییە فراوانەکاندا دادەنێت و ڕۆڵی ئەو وەک کەسایەتییەکی بنەڕەتی لە نەتەوەخوازیی کوردی و داڕشتنی ناسنامەی کولتووریدا دەخاتە بەرچاو.

 

بەشی یەکەم: تیۆری نەتەوەیی خانی

لەوانەیە ئەوانەی بە «کوردناسی ساختە» ناسراون و ئەورووپاخوازان و ڕۆژهەڵاتناسان بە مانای زاراوەکە لای ئیدوارد سەعید، هەر بە بینینی ئەم ناونیشانە بێزار بن؛ چ جای ئەو بەڵگەیەی من دەیخەمە ڕوو، واتە  بیری نەتەوەیی ئەحمەدی خانی لە «مەم و زین»دا – کە لە ساڵی ١٦٩٠دا نووسینی تەواو کرد ــ تیۆرییەکی گشتگیری لەبارەی نەتەوایەتیی نەتەوەی کورد هەیە. بەڵێ تیۆرییەکی تەواو هەیە چەمکە تیۆرییە داهێنراو و تایبەتەکانی خانی لەخۆ دەگرێت؛ چەمکانێک وەک توخمە ستراتیژییەکانی ڕوونکردنەوە بۆ لێکدانەوەی نەتەوایەتی بە گشتی و نەتەوایەتیی کوردی بە تایبەتی کار دەکەن. بابەت و پرسە نەتەوەییە تایبەتەکانی نەتەوەی کورد لە ئارادان. خانی بە ڕوونی دەریبڕیوە وەک ڕۆشنبیرێکی نەتەوەیی کورد بیر دەکاتەوە و هەموو ژیان و هەوڵی خۆی، بە تایبەتی بەرهەمی «مەم و زین»، بۆ ڕوونکردنەوە و بەرجەستەکردنی دۆزی گەلی کورد و پێویستییەکەی بە ڕێبەرایەتیی نەتەوەیی، ڕێنێسانسی کولتووریی نەتەوەیی، ڕزگاریی نەتەوەیی و دەوڵەتێکی خاوەن سەروەری تەرخان کردووە. لە کۆتاییدا خودی داستانی «مەم و زین» هەیە؛ بەرهەمێکی بێوێنە و درامایەکی ناوازە  کە خاکی کوردستان، کولتووری کوردی، شێوازی ژیانی کوردی، سروشتی ژن و پیاوی کورد، پرس و ئاوات و خۆشەویستی و ئازارەکانیان بەرجەستە دەکات.

لەگەڵ ئەوەشدا، من باوەڕم بە سەپاندنی تێگەیشتن و پێشوێنا  کەسییەکانی خۆم بەسەر دەقی خانی یان هەر دەقێکی تردا نییە. باشترین ڕێبازی زانستی و بابەتی ئەوەیە بهێڵین دەقەکە خۆی قسە بکات و ناوەڕۆک، دەلالەت، لۆژیکی ناوخۆیی و پێکهاتە بابەتییەکەی خۆی ئاشکرا بکات. خانی ئەم کارەی،  بۆ هەر کەسێک لە زمانە زانستی و قووڵەکەی و شێوازە ئاڵۆزەکەی تێبگات زۆر ئاسان کردووە. بەرهەمەکەی بە ئاستێکی زۆر لە خۆی ئاگادارە؛ پێشوەخت جۆراوجۆریی وەڵامدانەوەی خوێنەران پێشبینی دەکات و لەنێو تەکنیکە داهێنراوەکانی تردا، گوتارێکی ڕەخنەیی یەکپارچە پێشکەش دەکات یارمەتیی خوێنەر، بە تایبەتی نیشتمانپەروەری کورد، دەدات بە هاوسۆزی و تێگەیشتنەوە بەرهەمەکە بخوێنێتەوە.

 

لەبەر ئەوە، شیکردنەوە گوتارییەکەی خوارەوە لەسەر سێ هەنگاو بنیاد نراوە: یەکەم، گواستنەوەی دەقە ڕەسەنەکانی خانی بۆ ئەلفوبێی لاتینی (ئەمە بۆ چاپە ئینگلیزییەکە کراوە).. دووەم، وەرگێڕانێکی وشەبەوشە و هێڵ‌بەهێڵی دوو نیوەدێڕەکان بۆ ئینگلیزی. سێیەم، پێشکەشکردنی شیکردنەوەیەکی گوتاریی بۆ بابەت و بیرۆکەکانی هەر بەشێک. هیوادارم بەم شێوەیە باشترین ڕێباز دەستەبەر بکەم؛ ڕێبازێک داد لە بیرۆکە و بەڵگەکانی خانی بدات، ئەوانەی من بە خرۆش و سۆزەوە دەیانپارێزم.

 

١. بۆچی خانی چیرۆکەکەی بە کوردی نووسی؟

 

(بەیتەکانی ٢٣٥–٢٣٧)

 

خانی ژ کەمالێ بێکەمالی

مەیدانا کەمالێ دیتی خالی

یەعنی نە ژ قابلی و خەبیری

بەلکی ب تەعەسسوب و عەشیری

حاصل ژ عیناد ئەگەر ژی بێ داد

ئەڤ بیدعەتە کر خلافێ موعتاد

 

(بەیتەکانی ٣٥٧–٣٦١)

 

کورمانج‌م و، کوهی و، کەناری

ڤان چەند خەبەرێد کوردەواری

ئیمزا بکرن ب حوسنێ ئەلتاف

ئیسغا بکەن ئەو ب سەمعێ ئینساف

ئەسحابێ غەرەز کو گوه بدێرن

عەیبا ب کەرەم ل من ڤەشێرن

ئاڤا ڕویێ شاعری نەڕێژن

گەر مومکنە یێکە قەنج ببێژن

سەهو و غەلەتان نەکەن تەعەجوب

تەئویل بکەن، ژ بۆ تەعەسوب

 

خانی بە یارییەکی زمانی لەسەر وشەی «کەمال» ــ یەکێکە لە ناوەکانی خودا ــ دەڵێت، سەرەڕای ئاگایی لە کامڵیی کەموکوڕیی خۆی، مەیدانی کەمالی کوردی بەتاڵ بینی؛ بۆیە بە پاڵنەری عەسەبییەی کوردی و سەرسەختیی خۆیەوە هەستی بەوە کرد ئەم بۆشاییە بە داهێنانێک پڕ بکاتەوە کەس پێشتر نەیکردووە، هەرچەندە دەیزانی «بیدعەت»ێکە و لەگەڵ باوی میراتی ئیسلامی ناگونجێت. جەخت دەکاتەوە پاڵنەرەکەی بۆ نیشاندانی شایستەیی شیعریی نەبووە، بەڵکو بە پاڵنانی «عەسەبییە» و «عەشیرەتییەت» بووە. وشەی «عەسەبییە» لای خانی لە هەمان ڕەگی عەرەبییەوە هاتووە ئیبن خەلدون بۆ داڕشتنی چەمکی «عەسەبییە» لە پێشەکییەکەیدا بەکاری هێناوە؛ چەمکێک بە بۆچوونی ئیبن خەلدون بنەمای سەرهەڵدانی دەوڵەتی ناوچەیی  و حوکمڕانییە.

 

٢. چوارچێوە مێژووییەکەی پڕۆژەی خانی چییە؟

 

(بەیتەکانی ٢١٦–٢٢٥)

 

ئەز مەمە د حکمەتا خودێ دا

کورمانج د دەولەتا دینێ دا

ئایا ب چ وەجهی مانە مەحڕوم

بالجملە ژ بۆ چ بوونە مەحکوم؟

وان گرتی ب شیری شەهرێ شوهرەت

تەسخیر کرن بلادێ هیممەت

هەر میرەکی وان ب بەذلێ حاتەم

هەر مێرەکی وان ب ڕەزمێ ڕۆستەم

ب فکر ژ عەرەب حەتا ڤە گورجان

کورمانجی یە بویە شوبهێ بورجان

ئەڤ ڕوم و عەجەم ب وان حەسارن

کورمانج هەمی ل چار کەنارن

هەر دوو تەرەفان قەبیلێ کورمانج

بۆ تیرێ قەزا کرینە ئامانج

گویا کو ل سەر حەددان کلیدن

هەر تائیفە سەددەکەن، سەدیدن

ئەڤ قولزومێ ڕوم و بەحرێ تاجیک

هندی کو بکەن خوروج و تەحریک

کورمانج دبن ب خوێن مولەتەخ

وان ژێکڤە دکەن میسالێ بەرزەخ

 

لەم پارچەیەدا خانی پرسیارێکی بوونیاری لەبارەی چارەنووسی کورد دەخاتە ڕوو. لە حیکمەتی خودا سەرسامە گەلێکی ئازا و نەجیب، خاوەن نموونەی سوارچاکی و بەخشندەیی و هاوشێوەی حاتەم تائی و ڕۆستەمی ئەفسانەیی، بەبێ دەوڵەت بژی و لەلایەن ئەوانی ترەوە حوکم بکرێت. هێزە ئیمپراتۆرییە گەورەکان، ڕۆم، واتە عوسمانییەکان، و عەجەم، واتە سەفەوییەکان ــ کوردیان کردووەتە دیواری بەرگریی خۆیان؛ هەر کات یەکێکیان جوڵابێت، خوێنی کورد ڕژاوە. کوردیان وەک بەربەستی مرۆیی و سنووری بەکارهێناوە؛ دابەشکراو، لێک جیا و ژێردەست.

ئەوەی خانی سەرسام دەکات ئەوەیە ئازایەتی و بەخشندەیی، بە گشتی دەبێت بە سەروەری پاداشت بکرێن، لە حاڵەتی کورددا بوونەتە ئامرازی چەوساندنەوە و، وەک لای گەلانی تر ڕوویداوە، نەبوونەتە هۆی دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ. ئەمە ململا‌نێیەکی نێوان شایستەیی و چارەنووسە؛ نێوان سروشتی نەتەوەیی کورد و ئەو چارەنووسە جوگرافی و ئیمپراتۆرییەی بەسەریاندا سەپێنراوە.

لێرەدا خانی لە هەمان دیدگایەک لەگەڵ شەرەفخانی بەدلیسی مێژوونووسی ناوداری کورد، هاوبەشە. بەدلیسیش هەمان مەترسیی جیۆپۆلیتیکیی باس کردووە کە کوردی کردووەتە ئامرازێک بەدەست هێزە گەورەکانەوە؛ بەو جیاوازییەی شەرەفخان لەمەدا لایەنێکی ئەرێنیش دەبینێ. بە بۆچوونی ئەو، بەهۆی ئازایەتیی کورد و سەختی چیاکانیان، هێزە گەورەکان بیریان لە داگیرکردنی خاکەکەیان نەدەکردەوە، بەڵکو تەنها باجیان لێ وەردەگرتن و بۆ بەرگری لە سنوورەکانیان بەکاریان دەهێنان.

شەرەفخان دەڵێت: «میرە گەورەکان خاکەکەیانیان نەکردە ئامانج و مەبەستی داگیرکردنیان نەبوو؛ تەنها بە وەرگرتنی دیاری لێیان ڕازی بوون. هەر کات ناچار بە جەنگ دەبوون، کوردیان بۆ شەڕکردن لە دژی دوژمنەکانیان بەکاردەهێنا.» (شەرەفنامەی هەژار، ل. ٣٨)

 

٣. چی دەتوانێت کورد ڕزگار بکات؟

 

(بەیتەکانی ١٩٤–٢٠٧)

قەت مومکنە ئەڤ ژ چەرخێ لەولەب

تالع ببیتن ژ بۆ مە کەوکەب؟

بەختێ مە ژ بۆ مەرا ببیت یار

جارەک ببیتن ژ خوابێ هشیار

ڕابیت ژ مە ژی جهان پەناهەک

پەیدا ببیتن مە پادشاهەک

شیرێ هونەرا مە بێتە دانین

قەدرێ قەلەما مە بێتە زانین

دەردێ مە ببیتن عیلاجێ

عیلمێ مە ببیتن ڕەواجێ

گەر دێ هەبوویا مە سەرفرازەک

ساحبکەرەمەک، سوخەننەوازەک

نەقدێ مە دبوو ب سیککە مەسکوک

نەدما وەها بێ ڕەواج و مەشکوک

هەر چەندی کو خالص و تەمیزن

نەقدێن ب سیککەیێ عەزیزن

گەر دێ هەبوویا مە پادشاهەک

لایق بدیا ب خودێ کولاھەک

تەعیین ببوویە ژ بۆ وی تەختەک

زاهر ڤەدبوو ژ بۆ مە بەختەک

حاصل ببوویا ژ بۆ وی تاجەک

ئەلبەتتە دبوو مە ژی ڕەواجەک

خەمخواری دکر ل مە یەتیمان

تینانە دەرێ ژ دەست لەئیمان

غالب نە دبوو ل سەر مە ئەڤ ڕوم

نە دبوونە خەرابەیێ د دەست بوم

مەحکومێ عەلەیهی و سەعالک

مەغلوب و موتیعێ تورک و تاجیک

 

لەم دەقە کاریگەرەدا خانی ڕوونی دەکاتەوە ڕزگاریی کورد تەنها بە بوونی دەسەڵاتێکی سیاسی، پاشا یان میرێکی ڕەسەنی کورد، دێتە دی. ئەوکات قەڵەم و زانست و هونەرەکانیان بە نرخ دەزانرێن، هەژار و هەتیو چاودێری دەکرێن و بەهاکان شکۆی خۆیان وەردەگرنەوە. خانی کورد لەبەرامبەر نەیارە مێژووییەکانی، تورک و فارس و عەرەب، دادەنێت و جەخت لە پێویستیی هەبوونی هێزێکی سیاسی دەکاتەوە بۆ پاراستنی بوون و ناسنامە.

 

٤. خانی لەبارەی پەیوەندیی نێوان دەسەڵاتی سیاسی و ڕێنێسانسی کولتووری

 

(بەیتەکانی ٢٤٧–٢٥٢)

گەر دێ هەبوویا مە ژ خودانەک

عالی‌کەرەمەک، لەتیفەدانەک

عیلم و هونەر و کەمال و ئیذعان

شیعر و غەزەل و کتاب و دیوان

ئەڤ جنس ببا ل با وی مەعمول

ئەڤ نەقد ببا ل نک وی مەقبول

من دێ عەلەما کەلامێ مەوزون

عالی بکرا ل بانێ گەردون

ب ناڤێ ڕوحا مەلێ جزیری

پێ حەی بکرا: عەلی حەریری

کەیفەک وێ بدا فەقییێ تەیران

حەتا ب ئەبەد بمایی حەیران

لەم پارچەیەدا خانی ڕوونی دەکاتەوە خەونەکانی تەنها ئاواتی ڕووت نین؛ بەڵکو بەرهەمی ئازاری ڕۆشنبیرێکی کوردی ئاگادار، زانا و بریندارن لە سەردەمی میرنشینێکی کوردیدا دەژی، میرنشینێک هیچ بایەخێک بە شیعر و ئەدەب و هزر نادات. خانی جیهانێکی نوێ و جوان خەیاڵ دەکات ئەگەر کورد سوڵتانێکی ڕاستەقینە و ڕۆشنبیریان هەبێت لەدایک دەبێت؛ سوڵتانێک باوەڕی بە شیعر و زانست هەبێت و ئەمانە بە دراوی ڕاستەقینەی کولتووری بزانێت. ئەوسا دەیتوانی ئاڵای شیعری کوردیی لە سەر گومبەزی ئاسمانی شین بەرز کاتەوە. مەبەستی خانی شکۆدارکردنی خۆی نییە؛ بەڵکو ئاماژە بە توانای زیندووکردنەوەی میراتی کوردی دەکات، میراتێک شاعیرە گەورەکانی وەک مەلای جزیری، عەلی حەریری و فەقێ تەیران نوێنەرایەتیی دەکەن، ئەگەر دەسەڵاتێکی سیاسی هەبێت پشتیوانی لەم داهێنانە بکات. ئاڵای کەلامی کێشدار، واتە شیعری کوردی، بەرز دەکردەوە و لەسەر گومەزی ئاسمان دەیشەکاندەوە.

 

٥. کێ بەرپرسی مەینەتیی کوردە؟

 

(بەیتەکانی ٢٠٨–٢١٠)

ئەمما ژ ئەزەل خودێ وسا کر

ئەڤ ڕوم و عەجەم ل سەر مە ڕاکر

تەبیعییەتا وان ئەگەر چ عارە

ئەو عار ل خەلقێ نامدارە

ناموسە ل حەکیم و ئەمیران

تاوان چییە شاعیر و فەقیران؟

 

(بەیتەکانی ٢٥٣–٢٥٧)

چ بکەم! کو قەوی کەسادە بازار

نینن ژ قوماشێ ڕا خەریدار

خاصما د ڤێ عەسرێ دا کو هەمیان

مەعشوق و حەبیبە بۆ مە هەمیان

یەعنی ژ تەمەعێ دراڤ و دینار

هەر یەک ژ مە ڕا وێ بوونە دڵدار

گەر عیلمێ تەمام بدییە پولەک

بفڕۆشی تو حکمەتێ ب سۆلەک

کەس ناکەتە مەیتەرێ خوە (جامی)

ڕانەگرتن کەسەک (نیزامی)

 

خانی لێرەدا دەگەڕێتەوە بۆ ڕاستییە نائومێدکەرەکەی خۆی. سکاڵا لە نەبوونی بازاڕ بۆ زانست و شیعر و لە زاڵبوونی چاوچنۆکی و پارە بەسەر بەهاکاندا دەکات. تەنانەت شاعیرە گەورەکانی وەک جامی و نیزامیش لەم کۆمەڵگا ماددییەدا جێگەیان نییە. ئەنجامەکە ئەوەیە، سەرەڕای بەهای بەرزیان، زانست و دانایی چیتر هیچ نرخێکیان نەماوە.

 

٦. دەوڵەت بە گشتی چۆن بەدەست دێت؟

 

هەرچی برە شیری دەستێ هیممەت

زەبت کر ژ خوە ڕا ب مێرێ دەولەت

لەورا کو جهان وەکی عەروسە

وێ حوکم د دەستێ شیرێ ڕوسە

لێ عەقد و سەداق و مەهر و کابین

لوتف و کەرەم و عەتا و بەخشن

پرسی ژ دینێ من ئەڤ ب حکمەت

مەهرا تە چی؟ گوتە من کو «هیممەت»

حاصل: کو دینێ ب شیر و ئیحسان

تەسخیر دبیت ژ بۆیی ئینسان

 

لەم پارچەیەدا خانی بە ڕوونی ئاماژە بە پەیوەندیی نزیکی نێوان هێز و ئازایەتی و بەدەستهێنانی دەسەڵات دەکات. جیهان بە بووکێک دەچوێنێت تەنها بە شمشێر ملکەچ دەبێت، نەک بە دیاری و وشە جوانەکان. جیهان دەسەڵاتی خۆی تەنها بەو کەسە دەدات بە هێز و عەزم، واتە هیممەت، خۆی بەسەردا بسەپێنێت. بەڵام خانی چاکەکاری لەبیر ناکات؛ دەڵێت تێکەڵکردنی شمشێر و ئیحسان ڕێگای خزمەتکردنی مرۆڤ و گەیشتن بە ئامانجە.

ئەم دیدە بیرمان لە وتەی ئیبن خەلدون لەبارەی دامەزراندنی دەوڵەت دەخاتەوە: دەسەڵات بە هێز، واتە عەسەبییە، دەگیرێت و دواتر بە دانایی و ئایین و یاسا پشتگیری دەکرێت. خانی ئەم بنەمایە قبوڵ دەکات و هێز بە مەرجێکی بنەڕەتی دادەنێت؛ بەڵام بەبێ بەها مەعنەوییەکانی وەک بەخشندەیی و چاکەکاری، هێز بێ مانایە. لەگەڵ ئەوەشدا، پرسیارەکەی خانی هەر بەردەوامە: ئەگەر کورد ئەم ئازایەتییەی هەیە، بۆچی نەبووەتە هۆی دامەزراندنی دەوڵەتەکەی؟ ئەمە وادەکات لە سروشت و ڕەوشتی کورد ورد ببێتەوە.

 

٧. بۆچی ئازایەتیی کورد نەبووە هۆی دامەزراندنی دەوڵەتەکەیان؟

 

(بەیتەکانی ٢٢٥–٢٣٤)

ئەز مەمە د حکمەتا خودێ دا

کورمانج د دەولەتا دینێ دا

ئایا ب چ وەجهی مانە مەحروم

بالجملە ژ بۆ چی بوونە مەحکوم؟

وان گرتی ب شیری شەهرێ شوهرەت

تەسخیر کرن بلادێ هیممەت

جەوامێری و هیممەت و سەخاوەت

میرینی و غەیرەت و جەلادەت

ئەو خەتمە ژ بۆ قەبیلێ ئەکراد

وان دانە ب شیر و هیممەتێ داد

هندی ژ شەجاعەتێ غەیورن

ئەو چەند ژ میننەتێ نەفورن

ئەڤ غەیرەت و ئەڤ عولووێ هیممەت

بوو مانعێ حەملێ بارێ میننەت

لەو پێکڤە هەمیشە بێ تیفاقن

دائم ب تەمەررود و شیقاقن

گەر دێ هەبوویا مە ئیتتیحادەک

ڤێکڕا بکرا مە ئینقیادەک

ڕوم و عەرەب و عەجەم تەمامی

هەمیان ژ مە ڕا دکر غلامی

تەکمیل دکر مە دین و دەولەت

تەحصیل دکر مە عیلم و حکمەت

تەمیز دبوون ژ هەڤ مەقالات

مومتاز دبوون خودان کەمالات

 

لەم پارچە پڕئازارەدا خانی دژبەیەکی ناوخۆیی لە کەسایەتیی کورددا دەخاتە بەر ڕووناکی: کورد ئازا، نەجیب و بەخشندەیە، بەڵام توانای یەکگرتنی نییە؛ چونکە «میننەت» قبوڵ ناکات، واتە ئەو یارمەتیی داواکردن لە یەکتر بە بارگرانیی  یان سووکایەتیی خۆی دەزانێت. ئەم هەستە بەرزەی کەرامەت، لە جێی ئەوەی هاندەرێک بۆ هاوکاری بێت، بووەتە ڕێگرێک لە هاوکاری. هەر تاکێک پێی باشترە سەربەخۆ بمێنێتەوە تا داوای یارمەتی لە براکانی  بکات، تەنانەت لە توندترین پێویستیدا و لە هەمان کاتدا هەست بە حەسوودی بەرامبەر هێز و بەرزی ئەوانی تر دەکات و بە هی خۆی نازانێت و پێی نامۆ دەبێت. وەک پەندی کوردیی دەڵێت: گۆلکی خۆماڵیی بە گا نابێت.

خانی بە داخەوە دەڵێت ئەو سروشتەی دەبوو دەوڵەت بەرهەم بهێنێت، خۆی بووەتە کۆسپ لەبەردەمیدا. ڕستەی مەرجیی ڕابردووی دوور بەکاردەهێنێت: «ئەگەر یەکێتییەکمان هەبووایە…»؛ ئەمە نائومێدیی ئەو پیشان دەدات خەونەکە بەدی نایەت.

خانی لێرەدا لەگەڵ ئەوەی شەرەفخانی بەدلیسی لە «شەرەفنامە»دا وتوویەتی یەک دەگرێتەوە. بەدلیسی کورد بەوە وەسف دەکات هیچ یەکێکیان دەسەڵاتی ئەوی تر قبوڵ ناکات، هەر کەسێک خۆی بە میرێکی سەربەخۆ دەزانێت و تەنها لەسەر وشەی تەوحید کۆدەبنەوە.

ئەم دیدە ئەوەی ئیبن خەلدون لەبارەی عەسەبییە وتوویەتی تەواو دەکات: عەسەبییە پێویستی بە ڕێبەرایەتییەکی سیاسی هەیە تا ئاراستەی بکات و وزەکەی بگۆڕێت بە دەوڵەتسازی. خانی پێی وایە کورد عەسەبییەی هەیە، بەڵام ڕێبەرایەتییەک قبوڵ ناکات یەکیان بخات.

 

٨. دەوڵەت لە دیدی خانیدا: زاراوە و چەمکە سیاسییەکان

خانی زاراوەی «دەوڵەت» بە بەرجەستەبوونی دەسەڵاتێکی سیاسیی تەواو سەربەخۆ و خاوەن سەروەری دەزانێت؛ دەسەڵاتێک دەبێت کوردی بێت و خزمەتی گەلی کورد، کولتوور، زمان، زانست و حوکمڕانییەکەی بکات. زاراوەکانی وەک «میر»، «ئەکراد» و «کورمانج» بە شێوەی هاومانایانە بۆ دەربڕینی گەلی کورد و خاکەکەی بەکاردەهێنێت، بەڵام هەموویان بە ڕاستەوخۆیی بە بیرۆکەی دەوڵەتی نەتەوەییەوە دەبەستێتەوە؛ لە ناوەڕۆکدا، ئەگەرچی نەک بە شێوە دامەزراوەییە نوێیەکەی.

خانی بە ڕوونی ئاماژە بەوە دەکات ئەو «دەوڵەت»ە کوردییانەی لە سەردەمی ئەودا هەبوون، واتە میرنشینە ناوخۆییەکان، «دەوڵەتی تایبەت» بوون. واتە هەر بە ژێردەستی ماونەتەوە و خزمەتی «دەوڵەتە گشتییەکان»ـی وەک دەوڵەتی عوسمانی یان سەفەوی دەکەن، و نوێنەرایەتیی ئیرادەی نەتەوەیی کورد ناکەن. خانی دەوڵەتێکی خاوەن سەروەریی ڕاستەقینەی دەوێت، بە ڕێبەرایەتیی میرێکی کورد، پڕۆژە کولتووری، زانستی و ئایینییەکەی گەلی کورد بگرێتە ئەستۆ و سیستەمی سیاسی، فەلسەفی و ئایینیی جیاواز لە ئەوانی تر دابڕێژێت. خانی لە دەربڕینی ئەم ئاواتە شەرم ناکات؛ بەڵکو لە داستانە درامییەکەی مەم و زین دا وەک بەشێک لە پەیامە گەورەکەی تۆماری دەکات.

خانی لە تێگەیشتنی چەمکی دەوڵەتدا تا ڕادەیەک پشت بەو چەمکانە دەبەستێت ئیبن خەلدون بەکاری هێناون، بە تایبەتی عەسەبییە، واتە عوسبە یان عەشیرەت؛ بەڵام بەراورد بە سەردەمەکەی ئاراستەیەکی نوێی نەتەوەیی پێ دەدات. دەوڵەت لای ئیبن خەلدون درێژکراوەی شوێنی و کاتیی عەسەبییەیە. سەرەتا وەک «دەوڵەتێکی تایبەت» دەستپێدەکات، واتە دەوڵەتێک سەر بە عوسبەیەکی یان فیدراسیۆنێکی هۆزی یان بنەماڵەیی بێت؛ پاشان ئەگەر فراوان بێت و گرووپی جیاواز لە ڕەچەڵەک و جوگرافیای خۆی بگرێتەوە، دەبێتە «دەوڵەتێکی گشتی»، واتە دەسەڵاتێکی سەربەخۆ. بەڵام بۆ یەکپارچەمانەوە هەر پێویستی بە عەسەبییە سەرەتاییەکەی هەیە؛ ئەگەر ئەو عەسەبییە لاواز بێت، دەوڵەت ڕووخێت.

خانی پێیوایە عەسەبییەی کوردی دەبێت لە خزمایەتی و هۆز تێپەڕێت و بگۆڕێت بە عەسەبییەیەکی نەتەوەیی‌-کولتووریی کە لەسەر زمان، مێژوو، کولتوور، خاک و چارەنووسی هاوبەش بنیاد نراوە. ئەو دەوڵەتەی خانی خەونی پێوە دەبینێت تەنها دەسەڵات نییە؛ پڕۆژەیەکی شارستانیی تەواوە.

خانی لە ڕوونکردنەوەی ڕۆڵی «میر»ی کورددا دەڵێت، تەنها میرێکی ژێردەستی ئیمپراتۆریەتێکی تری ناوێت؛ بەڵکو میرێکی دەوێت خۆی بە شایستەی تاج و تەخت و دەسەڵات بزانێت و بۆ ڕێنێسانسی کولتووری، زانستی و ئایینیی گەلەکەی کار بکات. ئایین تەنها وەک بەشێک لە پێکهاتەی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردی باس دەکات، نەک وەک هۆکاری ملکەچی و ژێردەستی. تەنانەت لە چوارچێوەکەوە ئەو ئەگەرەش هەیە خانی لە خوداش گلەیی هەبێت؛ وەک لەو ئاماژەیەدا دەڵێت خودا لە ئەزەلەوە تورک و عەجەمی بەسەر کورددا زاڵ کردووە.

لەوانەیە دیدگای خانی هەڵگری بیرکردنەوەیەکی پێشکەوتووش بێت بەرەو جیاکردنەوەی ئایین لە دەوڵەت، یان لانیکەم بەکارهێنانی ئایین وەک بیانوو بۆ خزمەتکردنی ئیمپراتۆریەتە فارسی و عوسمانییەکان ڕەت بکاتەوە؛ وەک لە مێژوودا ڕوویداوە. خانی دەیبینی کورد خزمەتێکی زۆری بە ئیسلام کردووە، بەبێ ئەوەی هیچ لەو دەسەڵات و ئیمتیازانەی تورک و عەجەم پێیان گەیشتووە بەدەست بهێنێت.

 

٩. خانی: لەنێوان عەسەبییەی نەتەوەیی و نەتەوەپەرستیی نوێدا

ئەگەر عەسەبییە لای ئیبن خەلدون لە بنەڕەتدا لەسەر پەیوەندیی خوێن و شوێن بنیاد نراوە، خانی فراوانی دەکات تا ئەو توخمانە بگرێتەوە ئەمڕۆ بە نەتەوایەتی ناوی دەبەین: زمان، کولتوور، مێژوو، خاک و ئاگایی لە ئەوی تر. خانی عەسەبییەی کوردی وەک یەکێتییەک پێناسە دەکات لەبەرامبەر ئەوی تر، واتە تورک و فارس و عەرەب، ڕادەوەستێت.

بەم پێیە، پڕۆژەی خانی تا ڕادەیەکی زۆر لە پڕۆژەکانی ڕێنێسانسی   نەتەوەیی لە ئەورووپا دەچێت، کە تەنیا لە سەدەی نۆزدەدا سەریان هەڵدا؛ هەرچەندە هێشتا ئامرازەکانی سەردەمی خۆی بەکاردەهێنا: مەسنەوی، ئەفسانە، شیعری سۆفیگەری و ناوی عەرەبی یان فارسی. بەڵام لە ناوەوە ڕێبەرایەتیی پڕۆژەیەکی نەتەوەیی یەکپارچەی دەکرد.

لە سەردەمێکدا هەموو دەوڵەتەکانی ڕۆژهەڵات لەسەر عەسەبییە بنەماڵەیی و هۆزەکان بنیاد نرابوون، خانی هەوڵی دەدا «دەوڵەتی نەتەوە» بنیاد بنێت؛ ئەگەرچی زاراوە نوێیەکەی بەکارنەهێنا. پێی وابوو دامەزراندنی ئەم دەوڵەتە پێویستی بە پێنج بنەما هەیە:

زمان: بەکارهێنانی کوردی وەک زمانی زانست و ئەدەب.

دەسەڵات: دامەزراندنی دەسەڵاتێکی کوردیی سەربەخۆ و خاوەن سەروەری.

یەکێتی: تێپەڕاندنی پارچەپارچەبوونی هۆز و ناوچە.

زانین: پەرەپێدانی زانست و هونەر و کولتوور.

ئاگایی لە ئەوی تر: پێناسەکردنی خۆناسیی کوردی لەبەرامبەر «ئەوی تر»، واتە تورک و فارس و عەرەب.

خانی هەموو ئەمانەی لە یەک بەرهەمی شیعریدا داڕشتووە: «مەم و زین». ئەم بەرهەمە، وەک زۆرێک لە توێژەران وەسفیان کردووە، بووەتە «دەقی دامەزرێنەری نەتەوەگەریی کوردی»، پێش ئەوەی بزووتنەوە سیاسییە نەتەوەییەکان لە سەردەمی نوێدا پێکبهێنرێن.

 

بەشی دووەم: خانی لەبارەی «مەم و زین»

پێشتر، لە بەشی ١.١، خستمانە ڕوو نووسینی داستانە درامییەکەی خانی، «مەم و زین»، بە زمانی کوردی، ئەنجامی پێداگرییەکی ئاگادارانە و سەرسەختانە بوو بۆ ئەوەی بە جیهان پیشان بدات زمانی کوردی دەتوانرێت لە کتێبی نووسراودا بەکاربهێنرێت، کورد دەتوانێت بگاتە کەمال و سروشتێکی مایل بە عیشقی هەیە. وشەکانی خانی باشتر تێدەگەین ئەگەر وەک خۆیان مامەڵەیان لەگەڵ بکەین؛ واتە وەک بەشێک لە دیدگا فەلسەفییە گشتگیرەکەی بۆ  نەتەوە، ژیان، گەردوون و بوون.

خانی، وەک ئاماژەمان پێکرد، باوەڕی بە قەدەر هەیە؛ بەڵام لە هەمان کاتدا و بە پێی ئەو ڕەگ و ڕیشە زەردەشتییە بەهێزانەی لە بیرۆکەکانیدا دیارن، باوەڕی بە ئازادیی هەڵبژاردنی مرۆڤیش هەیە: هەڵبژاردن لەنێوان چاکە و خراپە، و لەنێوان ئەوەی ڕاستە و ئەوەی زیان بە مرۆڤ دەگەیەنێت. بەرهەمهێنانی «مەم و زین» وەڵامێکی مەبەستدار و سەرسەختانەیە بەو بانگەشانەی کورد بە نەزان دەزانن و زمانەکەیان بە ناشیاو بۆ گێڕانەوەی چیرۆکی خۆشەویستی یان بوون بە کۆگای زانست دادەنێن. لە هەمان کاتدا ڕاهێنانێکە لە ئیرادەی ئازاد و توانای مرۆڤ بۆ کردنی کارێک نادادییەکانی ڕاستیی کۆمەڵایەتی و کولتووریی خۆی پێ چارەسەر بکات، تەنانەت ئەگەر ئەو ڕاستییە قەدەری یان بەسەردا سەپێنراو بێت.

لە بەشی پێشوودا ئەوەمان شیکردەوە خانی لەبارەی چوارچێوە دەرەکییەکەی پڕۆژە ئەدەبییەکەی چی دەڵێت. لەم بەشەدا ئەوە شیدەکەینەوە لەبارەی خودی بەرهەمەکەی، لە ڕووی شێوە و پێکهاتەی ناوخۆییەوە، چی دەڵێت؛ بە واتایەکی تر، دیدگای خانی بۆ بەرهەمەکەی وەک داهێنەر و نووسەری ئەو.

 

١. «مەم و زین» وەک پڕۆژەی بڕیارێکی ئاگادارانە و پلان بۆ داڕێژراو

 

(بەیتەکانی ٢٥٨–٢٨٥)

چ بکەم! کو قەوی کەسادە بازار

نینن ژ قوماشێ ڕا خەریدار

خاصما د ڤێ عەسرێ دا کو هەمیان

مەعشوق و حەبیبە بۆ مە هەمیان

یەعنی ژ تەمەعێ دراڤ و دینار

هەر یەک ژ مە ڕا وێ بوونە دڵدار

گەر عیلمێ تەمام بدییە پولەک

بفڕۆشی تو حکمەتێ ب سۆلەک

کەس ناکەتە مەیتەرێ خوە (جامی)

ڕانەگرتن کەسەک (نیزامی)

(پاشان بەیتەکانی دواتر…)

 

لەم بەشەدا خانی جارێکی تر دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ڕاستییە تاڵەی وەک ڕۆشنبیرێکی کورد تێیدا دەژی. پرسیارە قووڵەکەی دەخاتە ڕوو: «چی بکەم؟»؛ ئەمە پرسیارێکی بوونییە و چارەسازیی فێڵبازانەی تێدا نییە. دەبینێت بازاڕی هەر شتێک پەیوەندی بە زانست و دانایی و ئەدەبەوە هەیە کزە؛ سەردەمەکەی بووەتە سەردەمی پارە و کەس جوانیی بیرۆکە یان قووڵیی دانایی بە نرخ نازانێت.

خانی دەزانێت ئەگەر بە فارسی یان عەرەبی بنووسێت، یان بەهرەکەی وەک ئامرازێک بۆ ناوبانگ و پارە بەکاربهێنێت، دەتوانێت دەوڵەمەند بێت؛ بەڵام ئەم ڕێگایە ڕەت دەکاتەوە. بە فێڵی ناو دەبات و ڕادەگەیەنێت کوردیی هەڵبژاردووە. ئەگەرچی ئەو زمانە وەک مسێکی بێ مۆر مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت، پاک و بێگەردە و لای خاوەن زانست خۆشەویستە.

پاشان نائومێدیی خۆی لە میری کوردی سەردەمەکەی، «میرزا»، دەردەبڕێت. ئەو میرە دەتوانێ بە یەک نیگا ئەم هۆنراوانە بخاتە ڕەواج و بڵاویان بکاتەوە؛ بەڵام سەرەڕای دەسەڵات و زانستی، گوێی لە خانی نەگرت و پشتیوانیی پڕۆژەکەی نەکرد. لەگەڵ ئەوەشدا خانی هەر باوەڕی بە پڕۆژەکەی دەمێنێت؛ پشت بە عەسەبییە، عەشیرەت، سەرسەختیی شەرافەتمەندانە و «کەمالی کەموکوڕی»ـی خۆی دەبەستێت و لە پێناوی خەڵکی ئاساییدا ئازارەکە هەڵدەگرێت.

 

٢. پڕۆژەی خانی بۆ پەرەپێدانی زمانی کوردی

 

(بەیتەکانی ٢٣٨–٢٤٦)

سافی شامراندی، ڤەخواری دوردی

مانەندێ دەری، لسانێ کوردی

ئینایە نیزام و ئینتیزامێ

کێشایە جەفا ژ بۆیی عامێ

دا خەلقی نەبێژتن کو ئەکراد

بێ مەعریفەتن، بێ ئەسل و بونیاد

ئەنواعێ میلەل خودان کتێبن

کورمانج تەنێ د بێ حەسێبن

هەم ئەهلێ نەزەر، نەبێن کو کورمانج

عیشق نەکرن، ژ بۆ خوە ئامانج

تێکدا نە د طالبن نە مەتلوب

ڤێکڕا، نە موحیبن ئەو، نە مەحبوب

بێ بەهرەنە ئەو ژ عیشقبازی

فارغ ژ عیشقی و مەجازی

کورمانج نە پڕ د بێ کەمالن

بەلکی د سەفیل و بێ خودانن

لەم پارچەیەدا خانی ئەرکە سەرەکییەکەی دیاری دەکات: هەستاندنەوەی زمانی کوردی. لە شێوەزارەکانی کۆی دەکاتەوە و سیستەم و شێوازێکی ئەدەبیی فەرمی پێ دەبەخشێت؛ وەک ئەوەی لە گەشەی فارسی لە پەهلەوی بۆ «فارسیی دەری» ڕوویدا. ئەمە ئاماژەیەکی گرنگی مێژووییە و ئاگاییی قووڵی خانی لە ڕێچکەی گەشەی زمانە ناعەرەبییەکان لە شارستانیی ئیسلامیدا پیشان دەدات، بە تایبەتی فارسی بووە یەکەم زمان خۆی ژیاندەوە و لە تەنیشت عەرەبیدا بە نووسین بەکارهێنرا.

خانی پێیوایە فارسی لە دەرباری پاشاکانی ئێراندا بووە ئامرازی نووسین و زانست و دەیەوێت هەمان کار بە کوردی بکات. دەزانێت کارەکە تەنها تەکنیکی شیعری نییە؛ بەڵکو بە کتێب و ئەدەب  و دیوانی دەوڵەت و زانست و توانای دەربڕینی عیشق و زانین بە زمانی دایک، پێگەیەک لەنێو نەتەوەکان بۆ کورد دروست دەکات.

خانی بۆ وەڵامدانەوەی ئەوانەی شایستەیی زمانی کوردی و نەتەوەی کورد بە گومان دەخەنەوە، هەموو بەرهەمەکەی بۆ سەلماندنی ئەم خاڵانە نووسیوە: کورد نەزان نین. زمانێکیان هەیە توانای دەربڕینی هەیە. شایستەی عیشقی ڕاستەقینەن. وەک هەر نەتەوەیەکی تر، توانای شاراوەیان هەیە. بەڵام هەژار و بێ پشتگیریی سیاسی و دامەزراوەیین. لە باوەشی ستەم و ژێردەستیدا دەژین و پێویستیان بە کەسێکە دادپەروەریان لەگەڵ بکات.

 

٣. خانی و نموونەی زیندووکردنەوەی زمانی فارسی

خانی پێی وایە گرنگترین کاری ئەو ئەوە بووە زمانی کوردی، بە تایبەتی کرمانجی، خستووەتە سەر ڕێگایەکی هاوشێوەی گەشەی فارسی. بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ خۆی بە ئەزموونی فارسی، بە تایبەتی بەوەی بە «فارسیی دەری» ناسراوە، بەراورد دەکات؛ واتە ئەو زمانە ئەدەبییە فەرمییەی دوای زاڵبوونێکی درێژی عەرەبی، لە سەدەی نۆی زایینییەوە لە دەرباری ئێرانیدا بەکارهێنرا.

«فارسیی دەری» سەرەتا لە ناوچە دوورەکان لە بەغدا، ناوەندی خەلافەتی عەباسی، سەری هەڵدا و پێگەی خۆی وەک زمانی نووسین و ئەدەب و دانایی وەرگرتەوە؛ دوای ئەوەی عەرەبی تەنانەت لە لایەن نووسەرە فارسەکان خۆیانەوە، لە هەموو شێوەکانی دەربڕینی زانستی و فەلسەفیدا، بە سەر زمانی فارسی و زمانی نەتەوەکانی تردا زاڵ کرا بوو.

کەواتە خانی بە باشی دەیزانی زمان تەنها ئامراز نییە؛ ئامرازی سەروەری و ناسنامەی نەتەوەییشە. دەیویست لە کوردیدا ئەوە بکات فارس لە زمانەکەی خۆیدا کردبووی: دووبارە بنیاتنانی وەک ئامرازی نووسراوی کولتووری نەتەوەیی و زمانی میرنشینی کوردیی.

خانی بە ئەنقەست زاراوەی «دەری»ـی بەکارهێناوە، نەک «فارسی»، تا ئاماژە بە سروشتی فەرمی و دامەزراوەییی ئەو زمانە بکات کە دەرباری پاساکانی فارس پەسەندی کردبوو. بە ناڕاستەوخۆ دەڵێت کورد پێویستی بە «دەوڵەت»ێک هەیە کوردی وەک زمانی فەرمیی نووسین و زانست و ئەدەب بگرێتەوە؛ هەروەک فارس پێشتر کردی.

 

٤. پەیوەندیی نێوان کورد و فارس: نزیکیی شارستانی و پێشبڕکێی نەتەوەیی

خانی دان بەوەدا دەنێت کورد و فارس ڕەچەڵەکێکی هاوبەشی ئاریاییان هەیە و پێش داگیرکاریی ئیسلامی، شارستانییەکی گەورەیان پێکەوە بەش کردووە: زەردەشتی، میدی، مەزدەکی، و ساسانی. بەڵام ئاماژە بەوە دەکات کورد، بە پێچەوانەی فارس، بەهۆی پەلامارەکانەوە کتێبخانە و شارستانیی ڕەسەنی خۆی لەدەست دا؛ لە کاتێکدا فارس توانی زمان و پێگەی خۆی دووبارە بنیاد بنێتەوە.

بەم شێوەیە فارسی بۆ خانی دەبێتە ئاوێنەیەکی مێژوویی کورد خۆی تێدا دەبینێت؛ نەک تەنها وەک نەتەوەیەکی دراوسێ، بەڵکو وەک پڕۆژەیەکی شارستانی دەکرا بۆ کوردیش بەدی بێت، بەڵام لەبار برا. لەگەڵ ئەوەشدا خانی لاساییکەرەوەی فارس نەبوو؛ دەیویست لێیان تێپەڕێت و ڕێنێسانسێکی ڕەسەنی کوردی دابڕێژێت لە زمان و کولتووری فۆلکلۆریی کوردییەوە سەرچاوە بگرێت، نەک لە خواستنەوەی نموونە دەرەکییەکان.

 

٥. پێگەی شیعری فارسی لە پێکهاتەی کولتووریی کوردیدا

دەقەکە باس دەکات شاعیرە کوردەکانی وەک مەلای جزیریو  فەقێ تەیران ، پێش خانی ژیاون و خەڵکی هەمان شار، جەزیرە و بۆتان، بوون، شانازیی بەوەوە کردووە شیعری کوردی دەتوانێت لەگەڵ شیعری فارسی پێشبڕکێ بکات. جزیری لە یەکێک لە بەیتەکانیدا دەڵێت:

 

گەر لؤلؤیی مەنسور ژ نەزمێ تە دخوازێ

وەر شیعری مەلێ ببین تە ب شیراز چ حاجەت

ئەگەر مرواریی پەرش‌وبڵاو لە هۆنراوەدا دەخوازیت،

سەیری شیعری مەلا بکە؛ چ پێویستیت بە شیرازە؟

 

لێرەدا ئاماژە بە شاری شیراز دەکات، نیشتمانی دوو لە گەورەترین شاعیرەکانی فارس: حافزی شیرازی و سەعدیی شیرازی. ڕکابەرییەکە ڕادەگەیەنێت: کاتێک کوردی دەتوانێت شیعرێک بەرهەم بهێنێت هاوشانی شیعری فارسی بێت، هیچ پێویستی بە چوون بۆ شیراز نییە.

 

مەلای جزیری لە بەیتێکی تردا دەڵێت:

گولی باغی ئیرەمی بۆتانم

شەبچراغی شەبی کوردستانم

من گوڵی بەهەشتی بۆتانم،

و چرای شەوی کوردستانم.

 

بەم بەیتانە شاعیرێکی کورد ئاگایی خۆی ڕادەگەیەنێت زمانەکەی تەنها زار نییە؛ نیشتمانێکی شیعری و ناسنامەیەکی کولتووریی سەربەخۆیە. خانی درێژە بەم پڕۆژەیە دەدات، بەڵام ڕەهەندێکی سیاسی و نەتەوەیی پێ دەبەخشێت.

 

٦. بەرەو پڕۆژەیەکی تەواوی نەتەوەیی کوردی

خانی تەنها شاعیرێکی سۆفی نەبوو؛ بیرمەندێکی نەتەوەیی بوو پێی وابوو کورد تەنها بە زمانێکی تایبەت بە خۆیان، دەوڵەتێک نوێنەرایەتییان بکات، کولتوورێک شکۆداریان بکات و عیشقێکی مرۆیی بە زمانی ئەوان قسە بکات، دەتوانن خۆیان بەدی بهێنن.

خانی وەڵامی ئەو تۆمەتانەی ئەوانی تر دەداتەوە کورد بە گەلێکی کۆچەری، چیانشین یان ناشارستانی دەزانن. دەڵێت کورد زمان و زانست و عیشق و هزری هەیە؛ بەڵام لە پشتگیریی سیاسی بێبەشە. پڕۆژەکەی هەوڵێکە بۆ گەڕاندنەوەی ڕێز و پێگەیان. لە دیدی ئەودا، نووسین بە کوردی کردەوەیەکی بەرگری، ڕاگەیاندنی بوون و دامەزراندنی پێکهاتەیەکی کولتووریی نەتەوەییە لەبەرامبەر لەناوچوون و ژێردەستیدا ڕادەوەستێت.

 

بەشی سێیەم: پڕۆژە نەتەوەییەکەی خانی

 

١. پڕۆژە نەتەوەییەکەی خانی چییە؟

 

(بەیتەکانی ٢٣٨–٢٤٦)

ئامانجی ڕاستەوخۆ و بنەڕەتیی خانی ئەوەیە باشترین توخمەکانی شێوەزارە جیاوازەکانی کوردی وەربگرێت ــ لە شوێنی تردا بە ڕاستەوخۆیی باسی دەکات ــ و  دەخوازێ سیستەم و پێکهاتەیەک بە زمانی کوردی ببەخشێت بتوانرێت بە زمانی فارسی بەراورد بکرێت. ئاماژەی خانی بە «دەری» یان «فارسیی دەری» لە ڕووی زانیاریی مێژووییی ئەو لە ڕێنێسانسی زمانە ناعەرەبییەکان لە جیهانی ئیسلامیدا گرنگە؛ هەروەها کلیلی تێگەیشتن لە مەبەست و سروشتی پڕۆژەکەیە.

لە ڕاستییە مێژووییە چەسپاوەکانە «فارسی یەکەم زمان بوو لە شارستانیی ئیسلامیدا مۆنۆپۆلی عەرەبی لە نووسیندا شکاند. لەژێر ساسانییەکاندا شێوەیەکی ستانداردی فارسی بە ناوی ‹فارسیی دەری›، واتە فارسیی دەربار، سەری هەڵدا و لە ناوەندی ئیمپراتۆریەتەوە بۆ هەرێمەکان بڵاو بووەوە… لە سەدەی نۆی زایینیدا ئەم شێوە بەرزە جارێکی تر وەک زمانی نووسین لە هەرێمە ئێرانییە دوورەکان لە بەغدا، ناوەندی دەسەڵاتی عەباسییەکان، دەرکەوتەوە.» (ئینسایکلۆپیدیای بەریتانیکا، وەشانی ئەلیکترۆنی، ٢٠١٠)

بۆیە گرنگە خانی، سەرەڕای ئەوەی ناوی باوی زمانەکە لە سەردەمی ئەودا «فارسی» بوو، ئەو زاراوەیەی بەکارهێنا گەشە مێژووییەکەی دەردەخات. ئەمە نیشان دەدات خانی بە تەواوی ئاگادار بووە زمانی کوردی لە ڕووی دامەزراوەیی و فەرمیبوون وەک زمانی دەوڵەتەوە هێشتا زۆر لە ئاستی فارسی دوورە. هەروەها دەردەخات پڕۆژەکەی لەم چوارچێوەیەدا خەیاڵ کردووە و هیوادار بووە میرانی کورد کرمانجی وەک زمانی دەربار بگرنەوە.

هەروەک فارسیی دەری تێکەڵەیەک بوو لە شێوەزارە جیاوازەکانی فارسی و وشە خوازراوە عەرەبییەکان ــ نزیکەی نیوەی فەرهەنگەکەی پێک دەهێنن ــ خانی زۆر بە ئەزموونی زیندووکردنەوەی فارسی کاریگەر بووە. ویستوویەتی هەمان کار بۆ کوردی بکات: «پاکەکە جیا بکاتەوە و زمانەکە بهێنێتە ناو سیستەم و پێکهاتە»، واتە بیکاتە زمانی ڕوون و ڕەوانی ڕێکخراو و نووسراو.

بەرهەمە ئەدەبییە نووسراوە فارسییەکان نزیکترین نموونە بوون نەوەی یەکەمی زانا ئایینییە کوردەکان، ئەوانەی بە کرمانجییان دەنووسی، وەک بەڵگە یان پاڵنەرێکی پێشبڕکێ بەکاریان هێنا. بۆیە بە شوێنکەوتنی شاعیرە فارسییەکان، لە بەکارهێنانی وشە عەرەبییەکان دوودڵ نەبوون؛ هەرچەندە دەیانتوانی لە فەرهەنگی دەوڵەمەندی شێوەزارە کوردییەکان و ئەدەبی فۆلکلۆریی کوردی هاوتای جوان بدۆزنەوە.

تەنها بەکارهێنانی زمانی دایک لە کتێبی شیعر و پەخشاندا، لە خۆیدا لادانێکی مێژوویی بوو لە باوی سەردەمێک کە عەرەبی و فارسی وەک دوو ئامرازی نووسین بەکاردەهاتن. پێش خۆی،  خانی، شاعیر و سۆفیی کورد مەلای جزیری ــ بە دامەزرێنەری نووسینی کوردی دەناسێت ــ لە بەیتێکدا توانای کوردی بۆ پێشبڕکێ لەگەڵ فارسی لە پێکهاتەی شیعریدا دەردەخات:

 

ئەگەر مرواریی پەرش‌وبڵاو لە هۆنراوەدا دەخوازیت،

سەیری شیعری مەلا بکە؛ چ پێویستیت بە شیرازە؟

 

شیراز ئەو شارە ئێرانییەیە دوو لە ناودارترین شاعیرەکانی فارسی، سەعدی و حافزی شیرازی، تێیدا لەدایک بوون. جزیری لەم بەیتەدا ئاماژە بە ئەوان دەکات. لە بەیتێکی تری زۆر بەکارهاتوودا، جزیری، هاوشاری ئەحمەدی خانی بوو، شانازیی خۆی وەک شاعیرێکی کورد دەردەبڕێت بووەتە گوڵێکی بۆنخۆش لە بەهەشتی بۆتان و چرای شەوی کوردستان:

 

من گوڵی بەهەشتی بۆتانم؛

من چرای شەوی کوردستانم.

 

کورد و فارس سەر بە یەک ڕەچەڵەکی ئاریایین. پێش پەلاماری عەرەبیی ئیسلامی و ئەو وێرانکارییانەی دوای ئەو بەسەر گەنجینە ڕۆحییە نووسراوەکان بە زمانە ڕەسەنەکانیان هات، شارستانییەکی هاوبەش و ئایینێکی نەجیبیان هەبوو: زەردەشتی یان مەزدی. تەنها بەشێکی زۆر کەم، بەڵام پڕده‌لالەت، لەو میراتە ڕزگار بووە؛ بەشێک ڕەسەنایەتیی بیروباوەڕەکە، ئاڵۆزیی هزری و بەرزیی مرۆییی ئەو پیشان دەدات..

هەنگاوی دووەمی جۆریی نوخبەی خوێندەواری کورد لە میرنشینەکاندا،  ئەوە بوو خۆیان وەک شاعیری کورد جیا بکەنەوە. بە کردەوەیەکی ئاگادارانە لە فارس و عەرەب جیاواز بوونەوە و زمانی دایکیان وەک ئامرازی نووسین بەکارهێنا تا تایبەتمەندیی خۆیان دەرببڕن. چەند هۆکارێک یارمەتیی ئەم گۆڕانەی دا:

  1. هۆکاری جیۆپۆلیتیکیی بەردەوامی چەوساندنەوەی کورد لەلایەن فارس و تورکەوە و گۆڕینی کوردستان بە ناوچەی بەربەست یان مەیدانی جەنگ بۆ ململانێ ئایدیۆلۆژی و سیاسییەکانیان. خانی ئەم دۆخەی بە کاریگەرییەوە وەسف کردووە، هەروەک مێژوونووسی کورد شەرەفخانی بەدلیسی. ئەمە هەستی «عەسەبییە» بە مانای ئیبن خەلدونی دروست کرد و ئاگاییەکی نەتەوەیی لە دژی ستەمکاران بەرهەم هێنا.
  2. لە کوردستان و لە میرنشینە کوردییە سەربەخۆکاندا سەدان مەدرەسە و مەکتەبی ئایینی سەریان هەڵدا و بنەمایەکی گەشەسەندووی خوێنەرانی کتێبی فێرکاری و ئایینییان دروست کرد. ئەولیا چەلەبی، سەرچاوەیەکی گرنگی سەدەی حەڤدە، دەڵێت مەدرەسە و مزگەوتەکان لە شار و گوندە کوردییەکاندا گەشەیان کردبوو و ژمارەی مزگەوت و مەدرەسەکانی بەدلیس و دیاربەکر و وان بە وردی باس دەکات. حەسەنپوور نووسیویەتی شاری بەدلیس لە ساڵی ١٥٩٧دا نزیکەی ٥٠٠ زانا و خوێندکاری زانستی لەخۆ گرتبوو. چونکە ئەم قوتابییانە کورد بوون، پێویستیان بە شیکردنەوە و ڕوونکردنەوەی کتێبەکان هەبوو؛ ئەمەش وای لە زانایان کرد پێویستیی بەکارهێنانی کوردی لە فێرکردن و دواتر لە نووسیندا دەرک بکەن. خانی جگە لە «مەم و زین»، فەرهەنگۆکێکی کوردی‌ـ‌ عەرەبی بۆ منداڵان بە ناوی «نوبهارا بچووکان» و کتێبێکی تر بە ناوی «عەقیدەی ئیمان»ـی نووسی بۆ ڕوونکردنەوەی بنەماکانی بیروباوەڕی ئیسلامی بە کوردی بۆ قوتابیانی مەدرەسە. مەولانا خالیدی نەقشبەندیش یەکەم کتێبی عەقیدەی بە کوردی نووسی.
  3. 3. لە ڕووی مێژووییەوە، سەرهەڵدانی شاعیرە گەورە کوردەکان، هاوکات بوو لەگەڵ بەرزبوونەوەی خۆبەڕێوەبەریی کوردی لە میرنشینە کوردییەکاندا بەرجەستە بوو. یەکەم نەوەی شاعیرانی کرمانجی لە میرنشینی گەشاوەی بۆتان لە سەدەی شانزدە سەریان هەڵدا. خانی سێ پێشەنگ ناو دەبات: عەلی حەریری (١٥٣٠–١٦٠٠)، فەقێ تەیران (١٥٦٣–١٦٤١) و مەلای جزیری (١٥٦٧–١٦٤٠). جزیری، وەک لە شیعرەکەیدا دیارە، شانازیی بە پەیوەندیی خۆی بە میرانی کوردەوە دەکرد. خانی، بە پێچەوانەوە، ڕەخنەی لە میرانی کورد گرت لە پشتگیریی زمان و کولتووری کوردی تەمبەڵیان کردووە و هزری پێشکەوتوویان پشتگوێ خستووە. لەنێوان دەسەڵاتی ڕووت و عەسەبییەی ڕاستەقینەی نەتەوەیی، لەسەر خزمەتی خەڵک، چاودێری هەژاران و پشتگیریی زمان و ناسنامە بنیاد نراوە، جیاوازیی دانا. بەم شێوەیە ناسنامەی نەتەوەیی و دەسەڵاتی سیاسیی بە زیندووکردنەوەی زمان و زانین، بە تایبەتی کتێبی کوردیی نووسراو، بەستەوە.

٤. کولتووری ئیسلامی ژینگەیەکی هاوبەش بوو بۆ هەموو زانا موسڵمانەکان؛ عەرەبی زمانی قورئان و زمانی نووسراوی زانست بوو. بەڵام کاتێک نەتەوەکانی تر، بە تایبەتی فارس، دەستیان بە نووسینی شیعر و کتێب بە زمانی خۆیان کرد، پرسیارێکی لۆژیکی سەری هەڵدا: بۆچی کورد هەمان کار نەکات؟ لەوانەیە هەندێکیان، وەک جزیری و تەیران، ئەمەیان بە دەرفەتێک بۆ پێشبڕکێ و جیاوازی بینیبێت و زمانی دایکیان وەک سەرچاوەیەکی زیادەی زانست و ئیلهام بەکارهێنابێت.

بێگومان پاڵنەری خانی بە ڕوونی نەتەوەیی بوو. پڕۆژەکەی بە سەرسەختی تەواو کرد و ئازاری لە پێناوی گەلەکەیدا قبوڵ کرد. لەوانەیە یەکێکی تر لە پاڵنەرەکانی وەڵامدانەوە بووبێت بە جۆرێک لە گاڵتەجاڕیی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ کورد لە عەرەب و فارسەوە وەریان گرتووە؛ بە نیازپاکی یان بە سووکایەتی، لەبارەی لاوازیی زمانەکەیان و ناتواناییی بۆ بوون بە ئامرازێکی بەرزی نووسین، یان بە گومانخستنەوە لە ڕەچەڵەکی شارستانییان. شەرەفخانی بەدلیسی لە کتێبەکەیدا دەربارەی مێژووی کورد، بۆچوونی مێژوونووسانی عەرەب و فارسی هێناوەتەوە کە ڕەچەڵەکی شەیتانی یان ئەفسانەییی نزم دەدەنە پاڵ کورد.

هیچ گومانێک نییە خانی، وەک زانایەکی گشتگیر، لەم بۆچوونانە ئاگادار بووە. لە وتەکانییەوە ڕوونە لە بۆشاییەوە نانووسێت، بەڵکو وەک وەڵامدانەوەش دەنووسێت: لە پێناوی خەڵکی ئاساییدا زەحمەتم کێشا، تا ئەوانی تر نەڵێن کورد، بێ زانین و بێ ڕەگ و بنەمان. هەموو نەتەوەکان خاوەن کتێبن و تەنها کورمانج بە هەژمار نایەن.

 

٢. بۆچی خانی چیرۆکی «مەم و زین»ی بۆ پڕۆژەکەی هەڵبژارد؟

خانی لە پێشەکیی کتێبەکەیدا دەڵێت چیرۆکە نەریتییە کوردییەکەی خۆشەویستیی میری کورد، مەم، و کچە شازادە کوردەکە، زین، وەک «بەهانە» بەکارهێناوە تا خستنە ناوی دەق و گوتاری تر بۆ ناو چیرۆکەکە ئاسان بکات. «بەهانە» لە کوردیدا واتای بیانوو دەدات، بەڵام وشەی گونجاوتری ئینگلیزی pretext ــ واتە پێشدەق یان پێشنووسی سەرەتایی ـیە بۆ ئامادەکردن و خستنەناوی دەقە هاوتەریب و تێکەڵەکان لە بەرهەمەکەیدا. لە ڕاستیدا چیرۆکەکە تەنها «دەقێکی پێشەکی»یە بۆ پێشکەشکردن و تێکەڵکردنی لانیکەم سێ دەقی هاوتەریبی تێکەڵ لەم بەرهەمە درامییەدا: دەقێکی درامیی ئەدەبی دەربارەی خۆشەویستیی مەم و زین، دەقێکی  سۆفیگەریی فەلسەفیی فراوان و دەقێکی ئەتنۆلۆژی/نەتەوەیی، جگە لە بۆچوونە سیاسییەکانی.

من گێڕانەوەکەی لە ڕووی ناوەڕۆک و پێکهاتە و شێوازەوە لێدەکۆڵمەوە. سەرەڕای شێوازی حەماسیی شیعری، بەرهەمەکە لە ڕاستیدا درامایەکی فەلسەفیی پتەو و ئاڵۆزە هەموو توخم و پێکهاتەکانی و ئەو نیشانانەی ئەگەری نمایشکردنی لەسەر شانۆ پیشان دەدەن تێدایە. چونکە بەرهەمەکە بە پلانی پێشوەخت و بە «عیناد» و بۆ چەند ئامانجێکی بەرز داڕێژراوە، وردبوونەوەی خانی لە بەرهەمەکەی ڕوونکردنەوەی ئاشکرای سروشتە درامییەکەی پشتگوێ ناخات.

وەک پێشتر گوتم، خانی چیرۆکی «مەمی ئالان»، واتە چیرۆکی فۆلکلۆریی ڕەسەنی «مەم و زین»، وەک بەهانە بەکاردەهێنێت تا پێکهاتەیەکی درامی و ناوەڕۆک و هێمای فەلسەفی و نەتەوەیی پێشکەش بکات بیرۆکە و نیگەرانییەکانی دەردەبڕن. لە بەیتەکانی ٣٢٠–٣٢٧دا دەنووسێت:

 

(بەیتەکانی ٣٢٠–٣٢٧)

لێرەدا خانی بە ڕاستەوخۆیی ڕادەگەیەنێت ئامانجی لە زیندووکردنەوەی چیرۆکەکە وێناکردنی نەجیبیی ئەخلاقیی دوو عاشقەکەیە، پیشاندانی بێتاوانی و پاکییان و گۆڕینیانە بە دوو کەسایەتیی درامیی درەوشاوە. ئەمەش بە «شێواز و ڕێبازی هونەری» بەدی دەهێنێت.

خانی بە کردنی کەسایەتییەکان بە توخمە ناوەندییەکانی پێکهاتەی چیرۆک و پیشاندانیان بە شێوەیەکی باشتر لەوەی لە ژیان یان دوای مردن بوون، توخمێکی ڕەسەنی پێکهاتەییی درامی بە بەرهەمەکەی دەبەخشێت. بەڵام مەبەست لەمە چییە؟ ئامانجی دراما چییە؟

 

ڕوونکردنەوەی زیاتر لە بەیتەکانی دواتر، ٣٢٨–٣٣٥، دێت:

 

(بەیتەکانی ٣٢٨–٣٣٥)

پێم وایە خانی لێرەدا لە خوێنەران چاوەڕێ دەکات درامای دوو عاشقەکە «ببینن»؛ ئەگەر  لەسەر شانۆش نەبێ کە ڕەنگە ئەوە ئاواتی بووبێت، بەڵکو لە ڕێگەی خەیاڵیانەوە و بە شوێنکەوتنی کردار و گفتوگۆ و مۆنۆلۆگە ناوخۆییەکانی کەسایەتییەکان. باس لە «خوێنەر» ناکات؛ باس لە «نەزەربازان»، واتە بینەر یان تەماشاکەر، دەکات «دێن» بۆ بینین و «تەماشا» و خۆیان لە خەم فرامۆش دەکەن و هاوسۆزی پاڵەوانەکان دەبن.

خانی هەروەها کاریگەریی ئەم «دیمەنە» لەسەر جەماوەر پێشبینی دەکات: عاشقان بۆ مەم دەگریێن و بە ئازاری زین کاریگەر دەبن. ئەمە لای ئەوانەی لە ئازاری کەسایەتییەکاندا هاوبەشن کاریگەریی «پاکبوونەوەی دەروونی» دروست دەکات. وشە وردەکانی ئەو «هەمدەرد بکەن ب وان سەفایێ»یە: «هەم» واتە هاوبەش، «دەرد» واتە ئازار، «بکەن» واتە ئەنجام بدەن و «سەفایێ» واتە پاکی، ڕوونی و چاکبوونەوە. کەواتە ئەوەی خانی دەیڵێت لە چەمکی «کاتارسیس» یان پاکبوونەوە لای ئەڕستۆ جیا نییە، کاریگەریی بنەڕەتیی تراژیدیا لەسەری دامەزراوە، هەستی سەرسوڕمان و وردبوونەوەی ڕەخنەییش بەم کاریگەرییە زیاد دەکات. لە بەیتەکانی تردا باس لەو عاشقانە دەکات بۆ «بیستنی چیرۆک» دێن تا هەست بە فرامۆشی بکەن. وشەی «فەرامۆش» لێرەدا بە مانای دڵنەوایی و لەبیرکردنی ئازار بەکارهاتووە.

خانی دەڵێت ئەم کاریگەرییە نمایشییە بە «شێواز و ڕێباز» بەدی دەهێنێت. گرنگترین لایەنی ڕێبازەکە ئەوەیە نەخسەسازیی، زنجیرەی ڕووداوەکان، وێناکردنی کەسایەتییەکان، ئەنجامەکان و هەڵپەساردن هەمووی بە شێوەیەک پێشکەش دەکرێن نمایشکردنیان لەسەر شانۆ ئاسانە.

شێوازی بەکارهێنانی گفتوگۆ، بە تایبەتی مۆنۆلۆگ و قسەکردن لەگەڵ خۆ، یەکێکە لە دیارترین تەکنیکەکانی بەرهەمەکە. هەموو کارەساتەکە بەرهەمێکی نموونەییە بۆ نمایشکردنی شانۆیی یان سینەمایی. وەک خانی ئاماژە دەکات، کەسایەتی و ڕووداوەکان دەبێت لەلایەن جەماوەرەوە «ببینرێن و هاوبەش بکرێن» تا توانای «هاوناسین و پاکبوونەوە» دروست بکەن.

هەست و ڕەهەندە ناوخۆییەکان و سیفەت و ململانێکان هەموویان دەبنە شتی دەرەکی و لەسەر شانۆ بۆ بینین و بیستن پیشان دەدرێن. ئەمانە هەمووی توخمەکانی ڕێبازن. گرنگتر لەوە، ئەم ڕێبازە بە بیرۆکە فەلسەفی و لێکدانەوە هێماییەکان تێر کراوە.

لە ڕێگەی شیکردنەوەیەکی دەقیی لێکدانەوەییەوە لە کتێبە ئینگلیزییەکەمدا، سەلماندوومە بەرهەمی خانی تەنها تراژیدیا نییە؛ درامایەکی فەلسەفییە ڕووداو و کەسایەتییەکانی بە بیرۆکە فەلسەفییە شاراوەکان حوکم دەکرێن. ئامانجی خانی تەنها گێڕانەوەی چیرۆکێکی خۆشەویستی بە کوردی نییە؛ زۆر لەوە تێدەپەڕێت.

شێواز و ڕێبازی خانی، وەک خۆی دەڵێت، ڕەسەنن. زمانیەکوردییەکەی، وەک ڕوونی دەکاتەوە، تێکەڵەیەکە لە چەند شێوەزارێک. نەورۆزی کورد، چیای کوردستان، حیکایەتخوانی قەدیمەی کورد، عاشقی کورد، ناوی کوردی و کەسایەتیی کورد هەڵدەبژێرێت تا ببنە پاڵەوانی دراماکەی. عیشق تەنها بابەتێک لە تراژیدیاکەیدا نییە؛ لە دیدی نەتەوەیی و سۆفیگەریی کوردیی خۆیەوە وێنای دەکات.

دەسکەوتە بێوێنە و پێشینەنەبووەکە ئەوەیە خانی دیدگا گەردوونی و فەلسەفەکەی لەبارەی عیشق و ژیان لە ڕێگەی بەرهەمهێنانی دەقێکی درامیی یەکپارچە و چنراو بە وردەکاریی،‌ پێشکەش کردووە. تەنانەت وەک نووسەرێکی ڕەخنەگر لە ناو دەقەکەیدا ئامادەیە؛ بەرهەمەکەی خۆی ڕوون دەکاتەوە، شیدەکاتەوە و کۆمێنتی لێدەدات.

 

کۆتایی

وردبوونەوە لە پڕۆژەی ئەحمەدی خانی بە ڕوونی ئاشکرای دەکات لەبەردەم بیرمەندێکداین لە سەردەمی خۆی پێشکەوتووتر بووە و، لە کاتێکدا چەمکەکانی نەتەوایەتی و دەوڵەتی نەتەوەیی هێشتا لە هزری مرۆڤایەتیدا نەگەیشتبوونە شێوەی پێگەیشتوو، خانی دیدگایەکی نەتەوەیی تەواوی هەبووە. خانی بە هەستی شاعیر و تێبینیی فەیلەسوف دەرکی کردووە کارەساتی کورد چارەنووسێکی حەتمی نییە؛ بەڵکو ئەنجامی نەبوونی ڕێبەرایەتیی سیاسیی ئاگادار، پارچەپارچەبوونی عەسەبییەی نەتەوەیی و ڕووخانی ئەو بازاڕە کولتوورییەیە دەبوو لە زمان و زانست و داهێنان بگرێتەوە.

خانی لە «مەم و زین»دا دوو گوتاری هاوکاتی داڕشتووە: گوتارێکی جوانیناسی لەسەر عیشق و هێما و دراما بنیاد نراوە و گوتارێکی ڕاشکاوی سیاسی دەست دەخاتە سەر برینەکەی کورد: نەبوونی دەوڵەت. لە هەر پارچەیەکدا هەمان پرسیار دەنگ دەداتەوە: چۆن گەلێک ئازایەتی و بەخشندەیی و پاڵەوانیی هەیە، بەبێ سەروەری دەمێنێتەوە؟ چۆن سیفەتە چاکەکانی لە جێی ئەوەی بنەمای ڕێنێسانسەکەی بن، دەبنە ئامرازی چەوساندنەوەی؟

خانی بە شیکردنەوەی عەسەبییە، پەیوەندیی دەسەڵات و کولتوور و سروشتی دابەشبوونی ناوخۆیی، دەستنیشانکردنێکی ورد بۆ هۆکارەکانی لاوازیی کورد پێشکەش دەکات. لە هەمان کاتدا ڕێگای ڕزگاری پێشنیار دەکات: پاشایەکی کورد، دەسەڵاتێکی سیاسیی سەربەخۆ، ڕێنێسانسێکی زمانی و کولتووری و زیندووکردنەوەی میراتی هزری و شیعری وەک بنەمای ناسنامەی نەتەوەیی.

ئەم بەشەی کتێبەکە پیشان دەدات خانی تەنها شاعیرێک نەبوو هۆنراوەیەکی خۆشەویستی بنووسێت؛ ئەو ئەندازیاری ئاگاییەکی نوێی نەتەوەیی و دامەزرێنەری گوتارێکی سیاسی و کولتووری بوو هێشتا دەنگدانەوەی لە ویژدانی کوردیدا هەیە. ویستی گەلەکەی لە خەو هەستێنێت و ئاوێنەیەکی لەبەردەمدا دابنێت تا خۆی، مێژووی، وزە شاراوەکەی و تواناکانی بەفیڕۆدراوی تێدا ببینێت.

بەم شێوەیە پڕۆژەی خانی تەنها دەقێکی ئەدەبی نییە؛ بەڵگەنامەیەکی دامەزرێنەرە لە مێژووی هزری نەتەوەیی کوردی و هاوارێکی زووە بۆ سەروەری نەتەوە و کولتوور و کەرامەت و ڕێنێسانس. ئەم شیکردنەوەیەش تەنها هەنگاوی یەکەمە بەرەو تێگەیشتنێکی قووڵتر لە پەیامەکەی؛ پەیامێک لە بەشەکانی دواتردا، بە درێژەدان بە شیکردنەوەی تیۆری نەتەوەیی خانی، پێکهاتەی «مەم و زین» و دیدگای ئەو بۆ زمان و بوون و مرۆڤ، ڕوونتر دەبێتەوە.

 

تێبینیی نووسەر

ئەم بابەتە بەشێکی وەرگێڕدراوە لە کتێبێکی ٦٦٦ لاپەڕەیی بە زمانی ئینگلیزی، کە شیکردنەوەیەکی ڕەخنەیی و فەلسەفییە بۆ تەواوی دەقی «مەم و زین»: Kamal Mirawdeli, Love and Existence — Analytical Study of Ahmadi Xani’s Tragedy of Mem u Zin (2012). لەگەڵ ئەوەشدا، لەلایەن گەلەکەی پشتگوێ خرا و وەک بێکەسێک مایەوە؛ گەلێک نە لە خانی و نە لەو کارەساتانەی فێر نەبوو خانی ژیان و بیرۆکەکانی بۆ ڕزگارکردنی گەلەکەی لێیان، بە هزر و زمان و ڕێگاکانی یەکگرتن و پێشکەوتنی سیاسی و شارستانی، تەرخان کرد. بەداخەوە، تا ئێستا کەسێکم نەدۆزیوەتەوە کتێبەکە بۆ زمانی کوردی وەربگێڕێت. بۆ خۆم ئەم بەشەم وەرگیرا. ئەمەش ناونیشانی ئینتەرمێتی (ئۆن-لاین)ـی  دەزگای وەشانی کتێبەکەیە هەر کەسیک بخوازێ داوای بکات:

Love and Existence: Analytical Study of Ahmadi Khnai’s Tragedy of Mem U Zin: Amazon.co.uk: Mirawdeli, Kamal: 9781477230671: Books