
پەیام عهبدوڵڵا بەگ
دۆڵى شاورێ
لە ڕووى جوگرافییەوە، دۆڵى شاورێ ناوچەیەکە دەکەوێتە سنوورى ناحیەى سەرکەپکانى سەر بە قەزاى رانیە، بەگشتى بەو دۆڵە فراوانە دەگوترێت کە کەوتۆتە باکوورى ناحیەى سەرکەپکان لە باکوورى خۆراواى قەزاى رانیە. هەڵکەوتەى دۆڵەکە بەشێوەیەکە لەباشوورەوە بەشێوەیەکى کراوە و فراوان درێژ بۆتەوە بۆ باکوور، لە ناوەڕاستیەوە دابەشدەبێت بۆ دوو دلق، یەکێکیان دۆڵەڕەقەیە و بەلاى رۆژهەڵاتدا لایداوە، ئەوى تریان دۆڵى گوڵانە کە بە ئاراستەى باکوورى خۆراوادا ڕۆیشتووە. (١)
ئەو ناوچەیە کەوتۆتە ناوچەى چیا پێچ ئاڵۆزەکانى هەرێمى کوردستان، کە ناوچەکانى باکوور و باکوورى خۆرهەڵاتى هەرێمى کوردستان دەگرێتەوە و چیاکانى ئەم ناوچەیە بە بەرزى زۆر ناسراون و بەرزیان لە (١٥٠٠ م) لەسەرئاستى ڕووى دەریا زیاترە. (٢)
دۆڵى شاورێ بەشى باشوورى، کە دەکاتە خوارووى دۆڵەکە کراوەیە بەسەر دەشتى بیتوێندا، بەڵام لایەکانى ترى بە ژمارەیەک زنجیرە چاى بەرز دەورە دراوە، کە بریتین لە زنجیرە چیاى ماکۆک بە بەرزى (١٨٢١ م ) لە لای رۆژاوای و چیاى بێتڕخێن بە بەرزى (٢٥٣٤ م) (٣) لە باکووریەوە و هەردوو زنجیرە چیاى بێرمکە بە بەرزى (٢٥١٤ م ) و زنجیرە چیاى کێوەڕەش بە بەرزى (١٧١٤ م) کە بەشێوەیەکى نەپچڕاوە دەورى لاى رۆژهەڵاتى دۆڵەکەیان داوە.(٤)
لەڕووى ئیدارییەوە، دۆڵى شاوێ کەوتۆتە ناو سنوورى ناحیەى سەرکەپکان، لە رۆژاوایەوە هاوسنوورە لەگەڵ ناحیەى بێتواتەى سەر بە قەزاى حاجیاوا، لەباکوور و باکوورى رۆژاوایەوە هاوسنوورە لەگەڵ ناحیەى بالیسان و ڕواندز و ناحیەى وەرتێ، ناحیەى ناودەشتیش تەواوى سنورى رۆژهەڵاتى پێکدێنێت.
ناوچەى دۆڵى شاورێ، لەڕووى مێژوییەوە خاوەن دیرۆکێکى کۆنە و گەنجینەیەک مێژووى کۆن و کولتوور و دابونەریتى لێ دەبینرێت. پاشماوەى زیاتر لە (١٠ )قەڵا و (٢) شوورەى بەردینى دوروودرێژى لاکێشەیى، هەروەها چەندین بەڵگە و پاشماوەى مێژویى کۆن وەک دەیان گوڕستانی زۆر کۆن و ئەشکەوت و شوێنەوارى مێژویى هەن، کە سەلمێنەرى ئەوەیە ناوچەکە لە کۆنەوە رۆڵێکى سیاسى و کۆمەڵایەتى گرنگى هەبووە.(٥)
لەسەردەمى میرنشینە کوردییەکاندا، دۆڵى شاورێ لەسەرەتادا بەشێک بووە لە سنوورى قەڵەمڕەوى میرنشینى بابان، بەوپێیەى رانیە و دەورووبەرى لە ناوەڕاستى سەدەى حەڤدەهەم کەوتۆتە دەستى میرنشینى بابانەکان، (٦) بەڵام دواتر بەهۆى فراوانخوازى میرنشینى سۆران لەسەردەمى فەرمانڕەوایى (ئۆغوزبەگ) میرى میرنشینى سۆران، بۆ بەڕێوەبردنى میرنشینەکەى دابەشیکرد بەسەر شەش کوڕەکەیدا، کوڕە گەورەکەى (مستەفا بەگ) ڕاسپارد بۆ بەڕێوەبردنى ناوچەکانى ڕواندز و باڵەکایەتى و ئاکۆیان و ناوچەى شاورێش بەشێک بوو لە سنوورى قەڵەمڕەویەکەى و لە قەڵایەکى لە سەرووى گوندى بەردانگەى دۆڵى شاورێ نیشتەجێ بوو کە ناسراوە بە قەڵاى (شارانى). بەمشێوەیە ئەم ناوچەیە لەژێر دەسەڵاتى میرنشینى سۆراندا مایەوە تاکو کاتى ڕووخانى میرنشینەکە لە ساڵى (١٨٣٦) کاتێک لەلایەن دەوڵەتى عوسمانییەوە هێرش کرایە سەرى و لەناوچوو.(٧)
دواى ڕووخانى میرنشینە کوردییەکان و کۆتایى هاتنى دەسەڵاتیان، دۆڵى شاورێش وەکو هەموو ناوچەکانى ترى کوردستان، کەوتە ژێر دەسەڵاتى راستەوخۆى دەوڵەتى عوسمانى و هەروا مایەوە تاکو هاتنى ئینگلیزەکان و کۆتایى هێنان بە دەسەڵاتى عوسمانییەکان لە باشوورى کوردستان لە دواى جەنگى یەکەمى جیهانى و بەدیاریکراوى لە ساڵى (١٩١٨) دا.
سەرەتاى هاتنى ئینگلیزەکان بۆ ناوچەکە:
کوردستان لەپێش جەنگى یەکەمى جیهانى و تاکو دواى کۆتایى هاتنى جەنگیش هەر لەژێر دەسەڵاتى تورکە عوسمانییەکاندا مابووهوە. بەڵام دەسەڵاتى عوسمانییەکان لاواز بوبوو، پێشتریش میرنشینە کوردییەکان لەلایەن دەوڵەتى عوسمانییەوە لەناوبرابوون، لە ناوەراستى سەدەى نوزدەهەم. هەرچەندە کورد هەوڵیدا خۆى لە ژێردەستى عوسمانییەکان ڕزگار بکات و شۆڕشى شێخ عوبەیدوڵڵاى نەهرى نموونەیەکى ئەو هەوڵانە بوو بەڵام زوو توانرا سەرکوت بکرێت لەلایەن عوسمانییەکانەوە. بارودۆخى کوردستان بەوشێوەیە مایەوە تاکو جەنگى یەکەمى جیهان هەڵگیرسا، لەو جەنگەشدا دەوڵەتى عوسمانى شکستى خوارد و زۆربەى ناوچەکانى ژێردەسەڵاتى لەدەست دەرهێنرا و دواى دابەشکردنى ناوچەکە لەلایەن زلهێزەکانى ئەوسا بەگوێرەى چەندین ڕێکەوتننامە، دواتر چەندین دەوڵەتى تازەى لێدروستکرا.
لەو ماوەیەدا بەریتانیا وەک یەکێک لە لایەندارە سەرکەوتووەکانى شەڕ، لە کەنداوى عەرەبییەوە بەرەو باکوور کشا و لە بەسرەوە هاتە ناو عێراق، دواتر بەغداشى گرت و بەرەوە باکوور پێشڕەوى کرد.
شەڕى ئینگلیزەکان لەگەڵ دەوڵەتى عوسمانى چوار ساڵى خایاند، بەڵام لە کۆتایدا پەیمانى تەواوکردنى شەڕ، لە رۆژى (٣ ى ئۆکتۆبەرى ١٩١٨) لەناو پاپۆڕى (ئاگامنون) لە مۆدریس ئیمزاکرا و شەڕ لە ڕۆژى دواتر کۆتایى هات.
ئەوکات هێزەکانى ئینگلیز گەیشتبوونە (قیارە) لە چوار مایلى باشوورى موسڵ، ئەو هێزانە دەستیان بەسەر زنجیرە شارۆچکەیەکى نێوان خانەقین ئاڵتون کۆپرى داگرت، کفرى و دواتریش کەرکوک لە (٧ ى ماى) کە پێشتر گیرابوون و چۆڵکرابوونەوە بەڵام دواتر دەستیان بەسەردا گیرایەوە. دواى ڕاگەیاندنى ئاگربەستیش پشت بەست بە ماددەى شازدەى رێککەوتنەکە شارى موسڵیش گیرا و داوا لە هێزەکانى تورک کرا لەماوەى دوو رۆژدا تەواوى ویلایەتى موسل، واتە باشوورى کوردستان چۆل بکەن.(٨)
بەمشێوەیە ئینگلیزەکان بەتەواوى دەستیان گرت بەسەر ویلایەتى موسڵدا، هەرچەندە هێشتا هەندێک پاشماوەى لەشکرى عوسمانییەکان لە ناوچەکانى هەولێر و سلێمانى مابوون بەڵام دواتر ئینگلیزەکان بەتەواوى دەستیان بەسەر ئەو ناوچانەشدا گرت. ناوچەکانى رانیە و دەورووبەریشى بوونه بەشێک لە ناوچەى قەڵەمڕەوى ژیر دەسەڵاتى ئینگلیز. پاشان بۆ هەریەکێک لە شار و شارۆچکەکانى باشوورى کوردستان کاربەدەستێکى ئینگلیز وەک سەرپەرشتیار و لێپرسراوى ناوچەکە دانرا لە پاڵ یەکە کارگێڕیە ناوچەییەکان.
کۆیە یەکێک لەو ناوچانە بوو کە دواى لاوازبوونى دەسەڵاتى تورکەکان، توشى پشێوى و بۆشایى دەسەڵات و ناکۆکى نێوان هۆزەکان ببووەوە. بۆیە بەردەوام لە کۆیەوە برووسکە دەهاتن تاکو (حاکمى سیاسى) بۆ بچێت،
چونکە ئەو حاکمە تورکەى لەوێ مابوو، نەخۆشبوو و هیچ دەسەڵاتێکى نەبوو. بۆیە لەسەر ڕاسپاردەى (موقەدەم نۆئێل)، کە ئەفسەرێکى ئینگلیز بووە و ڕاسپێردراوە بۆئەوەى لەژێر سەرپەرشتى (شێخ مهحموود) دەوڵەتێکى سەربەخۆ بۆ کورد دابمەزرێنێت و لە (١ى تشرینى دووەمى ١٩١٨) وەکو حوکمدارى کوردستان ناسێنرابوو لەلایەن ئینگلیزەکانەوە. لە مانگى کانوونى یەکەمى ١٩١٨برووسکە دەکرێت بۆ (دەبلیو ئار هەى) کە بچێتە کۆیە و کاروبارى ئەوێ بگرێتە دەست.(٩)
دواى ئەوەى دەسەڵاتى بەڕێوەبردنى کۆیە دەسپێردرێت بە ( دەبلیو ئار هەى)، دواتر لەلایەن (موقەدەم نۆئیل) بڕیاردەدات کە هەریەک لە قەزاکانى ( ڕانیە و قەڵادزێش ) لەژێر قەڵەمڕەوى ئەودا بن، شێخ مەحموود یەکێکى لە خزمە نزیکەکانى خۆى بە قایمقامى ڕانیە دانابوو بەناوى (شێخ ئەمینى سندۆڵان). پاشان لە مانگى نیساندا ڕانیە و قەڵادزێ کرانە یەکەیەکى سەربەخۆ و ڕانیە کرایە سەنتەرى ئەو یەکەیە و (نەقیب بارکر) کرایە یاریدەدەرى سیاسى ئەو یەکەیە.(١٠)
بارودۆخى ناوچەکە لەسەروبەندى شۆڕشەکانى شێخ مەحمود
هەروەک لەسەرەوە ئاماژەى پێکرا دواى ئەوەى ئینگلیزەکان دێنە ناوچەکە و تورکە عوسمانییەکان وەدەردەنێن، ئەم ناوچەیە توشى بۆشایى دەسەڵاتى سیاسى ببوو، دەسەڵاتى تورکەکان کۆتایى هاتبوو، دەوڵەتى عێراق خەریکى دامەزران بوو کە لە هەردوو ویلایەتى بەسرە و بەغدا پێکدەهات، لە باشووری کوردستانیش هیچ دەسەڵاتێکى ناوچەیى دانەمەزرابوو، بەڵام شێخ مەحموود لە سلێمانى لە جموجۆلدابوو.
لەگەڵ ئەوەى پێش دامەزراندنى دەوڵەتى عێراق، حکومەتى شێخ مەحموود دامەزرێنرا بەڵام ڕوانگەى ئینگلیزەکان لەبارەى داهاتووى باشوورى کوردستان رۆشن نەبوو، ئەوەبوو کە سەرەتا بەڵێنیان بە کورد دا کە قەوارەیەکى سەربەخۆى بۆ دروستبکەن، بۆ ئەو مەبەستەش شێخ مەحموودیان ڕاسپارد و مێجەر نۆئیل هاتە سلێمانى و نازناوى مەلیکى کوردستانى بەخشى بە شێخ مەحموود.
دەسەڵات و نازناوەکەى شێخ مەحموود هەر لەسەرەتاوە توشى گرفت هات، بەهۆى ئەوەى ئینگلیزەکان نە مانا و ئاماژەکانى نازناوەکەیان بە تەواوى ڕوونکردەوە و نە سنوورێکى دیاریکراو و دەسەڵاتێکى ڕاستەقینەیان بە شێخ مەحموود دا، جگە لە ناکۆکیە خێڵەکییە ناوخۆییەکان، ئەمانە هەر زوو بوونە هۆى دڕدۆنگى و گومانى شێخ مەحموود لە ئینگلیزەکان، تا دواتر بە پەشیمان بوونەوەى ئینگلیزەکان لە بەڵێنەکانیان و کەوتنە بیانوو گرتن و لێدان لە نفوز و دەسەڵاتى شێخ مەحموود کە روبەڕووبونەوە و شەڕ ئەنجامەکەى بوو، لەکۆتایشدا لە شەڕى دەربەندى بازیان شێخ مەحموود دەستگیر دەکرێت و ڕەوانەى بەغدا دەکرێ و سەرەتا حوکمى لەسێدارەدان و دواتر بە دوورخستنەوەى بۆ هیندستان گۆڕانکارى لە حوکمەکەیدا دەکرێت و کۆتایى بە دەسەڵاتى دەهێنرێت، بێگومان دوایى شێخ مەحموود دەهێنرێتەوە بۆ سلێمانى، چونکە ئینگلیزەکان ترسیان لە تەشەنەسەدنى بارودۆخى ناڕەزایەتى خەڵکى کوردستان لەلایەک و هاتنەوەى جارێکى ترى تورکەکان بۆ ناوچەکە لەلایەکى تر هەبوو.(١١)
ناوچەى ڕانیەش بەدەر نەبوو لە کاریگەرى ئەو ڕووداوانە، دواى هاتنى ئینگلیزەکان و ناساندنى شێخ مەحموود بە حوکمدارى کوردستان، بەشێکى زۆرى سەرۆک هۆزەکان بوون بە لایەنگرى شێخ، بەڵام بەشێکیان بوون بە داردەستى ئینگلیزەکان، ئەوە لە ناوچەى بیتوێن و پشدەر ڕەنگدانەوەى تەواوى لە دابەشبوونى هۆزەکاندا هەبوو کە هۆزەکان بەسەر دوو بەرەدا دابەشبووبوون، بەرەیەکیان کە زۆربەى هۆزەکان بوون لایەنگیرى شێخ مەحموود بوون لە دیارترینیان (هەباسى مەحمود) بوو لە پشدەر کە وەک گەورەى لایەنگرەکانى شێخ بوو لە ناوچەکە، لەبەرانبەردا بەرەى لایەنگرى ئینگلیز کە دیارترینیان (بابەکرئاغاى پشدەر)ـى ئامۆزاى هەباس بوو، ئەوەش زۆرتر بۆ ئەوە گەڕاوەتەوە کە ناکۆکى کۆن لەنێوانیاندا هەبووە، بۆیە کاتێک بابەکرئاغا بە لاى ئینگلیزدا دایشکاند، ڕاستەوخۆ هەباسا غا دژى ئینگلیز وەستاوەتەوە.(١٢)
ناکۆکى و دووبەرەکى ناوخۆیى نێوان هۆزەکان و ناوخۆى بنەماڵەى سەرۆک هۆزەکانیش ڕەنگدانەوەى ڕاستەخۆ و بەهێزى هەبووە لەسەر دابەشبوونى بەرهکانى لایەندارى، کە ئەوە ڕەنگدانەوەى بیرى تەسکى خێڵەکیە لەو ڕۆژگارەدا و تاکو ئێستاش کاریگەرى قووڵى ماوە بەسەر بارودۆخى کورد. یەکێکى تر لەو کەسایەتیانەى لایەنگیرى ئینگلیز بووە (ئاغا ژن)ـى (مێدێرە)ـى شاورێ بووە.
ئاغاژن کێ بووە؟
ناوى (فاتم حسێن برایم ئاغا) بووە و بە (ئاغاژن) ناسراوە، کچى(حسێن ئاغا)ـى کوڕە گەورەى (برایم ئاغا)ـى گەورەى شاور و خێزانى سۆرک ئاغاى (مێدێرە) بووە، برایم ئاغا گەورەى شاورێ بووە، چوار کوڕى هەبووە (حسێن ئاغا و ڕەسوڵ ئاغا و ئەحمەد و باوەکر)، دواى مردنى برایم ئاغا، حسێن ئاغاى کوڕە گەورەى لە شوێنى دادەنیشێت، دوایى ناکۆکى لەنێوانیاندا درووستبووە لەسەر دەسەڵات، کاتێک حسێن ئاغا دەچێتە (حەج)، تاوەکو گەڕاوەتەوە کەسایەتى و گەورەکانى شاور (ڕهسوڵ ئاغا)یان لەشوێنى (حسێن ئاغا) داناوە، کاتێک (حسێن ئاغا) لە حەج دێتە وە و ئەوە دەبینێت ناکۆکیەکە زیاتر قووڵدەبێتەوە و بە نیگەرانى و زویربوونەوە ماڵى لە گوندى گوڵانەوە دەگوازێتەوە بۆ گوندى (بێردبى) لە خوارووى گوندى گوڵان، نیگەرانى ناکۆکییەکە لەناو منداڵەکانیشیاندا ڕەنگدەداتەوە.
(ئاغاژن) کە یەکێک بووە لە منداڵەکانى (حسێن ئاغا) لەگەڵ هەریەک لە (کامەلا و سۆفى)، بە لە جێدانانى مامى لە شوێنى باوکى ڕازی نەبوون، بۆیە ئەوانیش بوونەتە بەشێک لە ناکۆکى نێوان باوک و مامیان. ئەو ڕووداوانە پێش سەرهەڵدانى جەنگى یەکەمى جیهانى ڕوویانداوە، ئەوکاتیش بەگوێرەى بارودۆخەکە خەڵک دابەشبووە بەسەر دوو بەرەدا، بەرەى ئینگلیز و دژە ئینگلیز، بەتایبەتى لەکاتى هەڵگیرسانى جەنگ و دواى کۆتایى هاتنى هەروەها دواى هاتنى ئینگلیزەکان بۆ ناوچەکە ئەو دابەشبوونە قووڵتر بۆتەوە، (حاجى رەسوڵ ئاغا) لایەنگیر و یەکێک لە خەباتکارانى بزووتنەوەى سەربەخۆیى کورد و لایەنگرى شێخ مەحموود بووە، بۆیە ئاغا ژنیش کە ناکۆکى لەگەڵ ڕهسوڵ ئاغاى مامیدا هەبووە بۆتە لایەنگیرى ئینگلیز.(١٣)
جێگرى حاکمى سیاسى ئینگلیز (ئیدمۆنز) کە بەردەوام ئاغاژن سەردانى کردوە لە بارەگاى ئینگلیزەکان لە دەربەند، بەمشێوەیە باسى دەکات: میوانێکى سەرنجڕاکێشى تریش جارجارە دەهاتە لام، ئەو شێرە ژنێک بوو، کە پێیان دەگوت ( ئاغاژن)، ئاغاژن خێزانى (سۆرک ئاغا) ناوێک بوو، زۆر لە مێردەکەى گەنجتر بوو، مێردەکەى هەندێک ڕوو نەرم و گێل بوو. بۆ پێڕاگەیشتن بە کارەکانى و ڕاگرتنى ڕادەى پەیوەندییەکان و دەسەڵاتى سیاسى لەو شێوە دوورکەوتەدا هاتوچۆى ئێمەى دەکرد و جارجارەش (سۆرک)ـى لەگەڵ خۆى دەهێنا، بەڵام هەمیشە بەقورسى لەسەرووى دادەنیشت و زۆر کەم ئیزنى قسەکردنى پێدەدا و دەترسا کارەکانى لێ خراپ بکات. ئەو پیرەپیاوە مەزڵوومە لە چەند مانگى دواییدا کوژرا، بەڵام ئاغاژن زۆر بەجدى بەشوێن مەسەلەکە کەوت و سەرەنجام بۆ ڕاگرتنى ئابڕووى عەشیرەتەکەى تۆڵەى مێردەکەى سەندەوە.(١٤)
وەک لە باسەکەى ئیدمۆنزیشدا ئاماژەى پێکراوە کە ئاغاژن دواى ماوەیەک لە کوژرانى سۆرکا غاى مێردى، فەرمان بە چەکدارەکانى دەکات کە (حاجى رەسوڵ ئاغا)ـى مامى بکوژنەوە، بۆ ئەوەش بۆسەى بۆ دادەنێنەوە و لە نزیک گوندى (ناوەزینان)ـى خوارووى گوندى گوڵان تەقەى لێدەکەن و دەیکوژن، کە بەڕێگاوە بووە بە سوارى وڵاغ. وەک لە گێڕانەوە دەماودەمیەکانەوە هاتووە لەگەڵ ئەو ناکۆکیەش کە لەنێوانیاندا هەبووە بەڵام، حاجى رسوڵ ئاغا فرمانى بە کوشتنى سۆرک ئاغا نەکردووە، بەڵکو یەکێک لەپیاوەکانى ئەو کارەى ئەنجامداوە.
دواى نزیکەى دە بۆ دوازدە ساڵێک لە کوژرانى حاجى رسوڵ ئاغا، کەسێک لە بەرەبەیابێک و لە ماڵەکەیدا تەقە لە ئاغاژن دەکات و شەویلاگى دەپێکێت و بە برینداى بە سوارى وڵاغ بەردەبێتەوە و لاقێکیشى دەشکێت، دواتر دەگەیەنرێتە ڕانیە و لەوێشەوە بەسوارى فرۆکە ئینگلیزەکان دەیگەیەننە نەخۆشخانەى سەربازى (کەى وەن) لە کەرکوک بۆ چارەسەرى.(١٥)
ئەوەى جێگەى سەرنجە تاکو ئێستا چارەنووسى ئاغاژن دیارنییە و نازانرێت کە ئاخۆ دواى ئەوەى لەلایەن ئینگلیزەکانەوە دەبرێتە نەخۆشخانە چی لێدێت و ئایا ئەو کات دەمرێت یان چاک دەبێتەوە و دواتر لە ژیاندا نامێنێت، تا ئێستا هیچ بەڵگەیەک بەردەست نەکەوتووە.
ئینگلیزەکان بەتایبەت لەدواى پەشیمان بوونەوەى بەڵینەکانیان بە شێخ مەحموود کەوتنە بیانوو گرتن بە شێخ و فشار خستنە سەر لایەنگرەکانی، بۆ بەجێهێنانى ئەو ئامانجانەشیان سودیان لەو ناکۆکى و دوژمنایەتیەى لە نێوان هۆزەکان و دابەشبوونیان بەسەر بەرەى لایەنگرى ئینگلیز و شێخ مەحموود وەرگرتووە. بۆیە دورنییە کە کوژرانى (رسوڵ ئاغا)ش لەلایەن پیاوەکانى ئاغاژن هەر بە فڕوفێڵ و پلانى ئینگلیز بووبێت.
پەشیمانبوونەوەى ئینگلیزەکان لە بەڵێنەکانیان و بیانوو گرتنەکانیان بە شێخ مەحموود و دەستتێوەردانەکانیان، بارودۆخەکەى زیاتر ئاڵۆز کرد، لەلایەکى تریش تورکەکان ویستیان سود لەم دەرفەتە وەربگرن و بە هاندانى
سەرۆک هۆزەکان و جوڵاندنى هەستى ئاینیان بەکاریان بهێنن بۆ دەرکردنى ئینگلیزەکان لە ناوچەکە و دووبارە دەستگرتنەوەى ئەو ناوچانە لەلایەن خۆیان.
دواى گیرانى شێخ مەحموود ئینگلیزەکان دەیانویست چالاکییەکانیان گەشەپێبدەن، هەروەها ئەوانەى دژى ئینگلیزیش بوون کەوتنە جوڵە و ئەو عەشیرەتانەى لەگەڵ ئینگلیزەکان نەبوون لەیەکتر نزیکبوونەوە، ناوچەى ڕواندز بوو بە ناوچەى سەرەکى بۆ ئەو جموجۆڵ و چالاکییە دژە ئینگلیزانە. ئینگلیزەکان لەژێر گوشارى هێزى عەشایەرى لە ( ٣٠/ ٨/ ١٩٢٠) ڕواندزیان چۆڵکرد. ئەمەش بووە هۆى ئەوەى بۆشایى دەسەڵات ى سیاسى لەوێ دروست ببێت، بەڵام سەرۆک عەشیرەتەکان و ئەوانەى دژى ئینگلیز و ئامانجیان دەرکردنى ئینگلیزەکان بوو، لە ڕواندز کۆبوونەوە پاشان ئەنجوومەنێکى میللیان پێکهێنا، ئەو ئەنجوومەنە کە لەکۆمەڵێک سەرۆک هۆزى دژە ئینگلیز پێکدەهات چەک و جبەخانە دابەشکرا بەسەریاندا و کەوتە چالاکى و کردەى سەربازى دژى ئینگلیزەکان لە ناوچەکانى هەریر و باتاس و ئاکرێ و ڕانیە.
ئامانجەکانى ئەو ئەنجوومەنە زۆر ڕوون نەبوون، هەرچەندە هەموویان دژى ئینگلیز بوون بەڵام هۆکارى دژایەتییەکەیان جیاواز بوو، هەندێکیان بەهۆى هەستى ئاینى دژە ئینگلیز و بەفیت و هاندانى تورکەکان و ناکۆکى عەشیرەتەکان، ئەوانەى عەشیرەتە دژەکانیان لایەنگرى ئینگلیز بوون، هەروەها هەندێکیان بەهۆى ترسى ئەوەى ئینگلیزەکان دەستبگرن بەسەر ناوچەکانیاندا و هەندێکیشیان بەهۆى هەستى بەرزى نەتەوەیى و بە ئامانجى سەربەخۆیى و فشار بۆ ئینگلیزەکان بۆ گێڕانەوەى شێخ مەحموود، لەو نێوانەشدا ڕەفتارى ئەفسەرە ئینگلیزەکان، بەتایبەت دواى دەستگیرکردنى شێخ مەحموود، کە خەڵکیان توڕە و بێزار کردبوو، بەتایبەتى لە ناوچەى بیتوێن و پشدەر زوڵم و زۆرى و لوتبەرزى زۆریان بەرانبەر خەڵک نواندبوو، کوژرانى (فەتاح بەگ)ـى قائیمقامى ڕانیە لەلایەن (کاپتن کۆک)یەکێک بوو لەو کردەوە لوتبەرزانەیە، هەرچەندە (ئیدمۆنس) شوێنى کاپتن کۆکی گرتەوە بەڵام یەکێک بوو لە هۆکارەکانى ناڕەزایەتى خەڵک(١٦)
هێزى میللى هێرشى کردۆتە سەر هەریر و باتاس، ( فارسا ئاغا)ى زێبار و میرانى قادر بەگ کە حاکمى ئینگلیز بوو لە شەقڵاوە پەیوەندى دەکات بە ئەنجوومەنەکەوە، (شێخ ئەحمەدى بارزان) دێتە ڕواندز و نوێنەرى خۆى لە ڕواندوز دادەنێت، (میرانى ئەحمەد بەگ)ـى بێتواتە و (حاجى رەسوڵ ئاغا)ـى شاور و زۆربەى ئاغاکانى ناوچەکە پشتى ئەنجوومەنەکەیان گرت و دەسەڵاتى زیادى کرد.(١٧) ئەو جموجۆڵانە لەبەرژەوەندى تورکەکان دەبێت و هەوڵدەدەن کە بە هاندان و دنەى سەرۆک عەشیرەتەکان و پشتگرتنیان دژى ئینگلیزەکان، بۆ بەرژەوەندى خۆیان بەکاریان بهینن، هەر لەو پێناوەشدا لە حوزەیرانى (١٩٢١)دا لایەنگرانى سوپاى تورک لە گرووپى بچووکى سەربازیدا لە سنوورى ڕواندز و دەوربەرى عەشیرەتەکانیان بۆ سەرەبزیوى هاندا، لە (١٧ ى مایسى ١٩٢٢) حکومەتى ئەنقەرە قائیمقامیەتى ڕواندزى سپارد بە (ڕەمزى بەگ)، هەروەها تورکەکان ئەو جوڵانەوەیەى عەشیرەتە کوردیەکانیان لەژێر سەرکردایەتى (على شفیق) ناسراو بە (ئۆزدەمیر) ڕێکخست. چەندین کەسایەتى دیار لەدەورى ئەو جوڵانەوەیە کۆبوونەوە، لە پشدەریش سەرۆک عەشیرەتەکان لەسەر ئەوە ڕێککەوتن کە (ئەحمەدى حەمە ئاغا) ببێتە نوێنەریان لە جوڵانەوەى ڕواندز، بۆیە (ئیدمونز) کە ئەوە دەزانێت، لەڕیگەى سەرۆک هۆزى ترەوە هەوڵى داوە بە بەرتیل (ئەحمەدى حەما ئاغا) کە ئەوکات لە ئێران بووە بکوژێت، بەڵام سەرکەوتوو نابیت، پاشان (ئەحمەدى حەمە ئاغا) دەگەڕێتەوە، تاکو دەگاتەوە ڕواندز، شەوێک میوانى ئاغاى بایزى لە وەزنێ و شەوى دووەم میوانى حاجى ڕەسوڵ ئاغاى شاور دەبن.(١٨)
سەردانى ئەحمەد تەقى بۆ لاى حاجى رەسوڵ ئاغاى شاورێ:
ئەحمەد تەقى، کەسایەتییەکى ناسراوى سەردەمى جوڵانەوەکانى شێخ مەحموود بووە و لەناو ڕووداوەکانى ئەوکاتدا ژیاوە و ئاگادارى بارودۆخى ئەو چەرخە بووە. دواى دوورخستنەوەى شێخ مەحموود و تێکچونى بارودۆخى باشوورى کوردستان و هەوڵەکانى ئینگلیز بۆ کۆتایى هێنان بە نفوزى شێخ و پەرتەوازەکردنى دەستوپێوەند و لایەنگرەکانى، بەتایبەت لەڕێگەى بابەکرى سەلیم ئاغاى پشدەر و خانمى وەسمان پاشاى هەڵەبجە(مەبەست عادیلە خانە)، هەروەها ڕێگریکردن لەو جوڵانەوانەى کە خەریکبوو چەخماخەى دەدا بەتایبەت لە ناوچەى ڕواندزەوە.
ئەحمەد تەقى ساڵى (١٩٢٠) سەردانى قەڵادزێ دەکات بۆ ئاگاداربوون لە بارودۆخى ئەوێ، چاوى دەکەوێت بە ئاغاکانى ناوچەى پشدەر بەتایبەت (عەباسى مەحموود ئاغا) کە ئامۆزا و نەیارى (بابەکرا غا) و دژى ئینگلیز و لایەنگرى شێخ مەحموود بووە، دواى مانەوەى بۆ ماوەیەک لە قەڵادزێ (ئەحمەد تەقى) دەکرێتە بەرپرسى لیژنەى تەخمینى بەروبوومى کشتوکاڵى لە پشدەر، لەو ماوەیە چاوى دەکەوێت بە ژمارەیەکى زۆرى سەرۆک عەشیرەتەکانى ناوچەکە، بەهۆى سەرکەوتن لە ڕاپەڕاندنى کارەکانى داواى لێدەکرێت کە بچیتە دۆڵى شاور بۆ تەخمینى بەروبوومى ئەوێ.
لە یاداشتەکانیدا، ئەحمەد تەقى دەڵێت: (پاش ئەوەى چوومە ڕانیە، رۆیشتمە لاى فەتاح بەگى شەهید، کە ئەوکات قائیمقامى ڕانیە بووە، زۆر دژى ئینگلیز و بابەکراغا بوو، ئاگاداری کردم کە لە کۆیە بەرانبەر لایەنگران و مەئمورانى ئینگلیز، بزووتنەوەیەک هەیە، هەروەها (حاجى ڕهسوڵ ئاغا و زانا غا)ـى شاور، دژى حاکمى سیاسى ئینگلیز و بابەکراغا وەستاون، لە ڕواندزیش نیشانەى پەیدابوونى شۆڕش دەرکەوتون. پاش ئەوە چوومە شاور و لاى حاجى ڕهسوڵ ئاغا لە گوندى گوڵان میوان بووم، ناوبراو فەرمووى کە تایەر ئەفەندى باویل ئاغا،
حەمە شینى سەرچیا، خدر ئاغاى کوڕى حاجى ڕەسوڵ ئاغا، شێخانى بیجیل و عەشیرەتى سوورچى و کاکەمینى سهڵان، هێرشیان بردۆتە سەر ڕواندز و گرتوویانە. حاکمى سیاسى ڕواندز ڕایکردوە بۆ هەولێر، غەفوور خانى ناودەشت کە هەڵاتبوو ئێستا گەڕاوەتەوە، ڕواندز بەدەست شۆڕشگێڕانەوەیە و لە پەیوەندیشداین لەگەڵ تورکەکان.
دواى تەخمین گەڕامەوە بۆ ڕانیە، زانیارییەکانم گێڕایەوە بۆ فەتاح بەگ، دواتر چوومە قەڵادزێ، ماجید مستەفا کە کەسایەتییەکى سیاسى و ئەفسەرى پێشووى سوپاى عوسمانى نیشتیمانپەروەر بوو، گەیشتبووە قەڵادزێ بۆ پەیوەندیکردن بە شۆڕشگێڕانەوە، دەنگوباسەکانم بۆ باسکرد، هەروەها عەباسا غاى مەحموود اغا و کاکەمینى (شێخ ئەمین) سندۆڵانیشم دیت، داواکرا کە بچمە ڕواندز بۆ پەیوەندیکردن بە شۆڕشگێران و ئاگادارکردنیان لە بارودۆخەکە، شەو لە ڕانیەوە چوومە لاى حاجى ڕهسول ئاغا و لە شاور و لە گوڵانەوە بە ڕێگەى سەڵان چومە ڕواندز، لەوێ چاوم کەوت بە شۆڕشگێڕەکان و لەسەر ئەوە کۆک بوون کە لایەنێک هەبێت پشتگیرمان بێت، گومانیش نەبوو مەبەست لەو لایەنە تورک بوو)(١٩)
دواتر ئەحمەد تەقى ڕادەسپێردرێت بچێتە تورکیا بۆ بەستنى پەیوەندى لەگەڵ تورکەکان و دەچێتە وان و زستانى ئەو ساڵە بەهۆى بەفر و سەختى ڕێگە لەوێ دەمێنێتەوە، لە بەهارى ساڵى (١٩٢١) مەفرەزەیەکى تورک بەسەرکردایەتى ئۆزدەمیر دێنە ڕواندز. دواتر ئەنجوومەنى میللى ڕواندز پێکدەهێنرێت و ناوچەکانى ڕواندز و باڵەکایەتى و هەریر و باتاس و دواتریش ڕانیە لە دەستى ئینگلیز ڕزگاردەکرێن.
حاجى رەسوڵ ئاغاى شاورى:
حاجى ڕهسوڵ ئاغا کوڕى ئیبراهیم ئاغاى گەورەى شاورێ بووە، (مارک سایکس) ئەفسەر و دیپلۆماتکارى ئینگلیز و یەکێک لە داڕێژەرانى پەیمانى (سایکس پیکۆ) لە ساڵى (١٩١٦) لەگەڵ (جۆرج پیکۆ)ى فەرنسى، کاتێک دێتە ڕۆژەهەڵاتى ناوەراست و گەشتێک بە کوردستاندا دەکات، لە ساڵى (١٩٠٢) لە ڕانیەوە بە دۆڵى شاورێدا دەچێتە ڕواندز، لەو گەشتەدا کە دەگاتە ناوچەکە دەڵێت کەسێک گەورەى ناوچەکە بوو ناوى (ئیبراهیم ئاغا) بوو.(٢٠) ئەوکەسەى کە مارک سایکس باسى دەکات کە گەورەى ناوچەکەیە دەبێت (ئیبراهیم ئاغا)ـى باوکى (حاجى ڕەسوڵ ئاغا) بێت، پیدەچێت ئیبراهیم ئاغا برایەکى ترى هەبووبێت بەناوى (حسین) کە زووتر مردبێت، چونکە بنەماڵەکە لەچوارچێوەى (تائیفەیەک)دا بە (برایم و سوێن) ناسراوە و هەیکەلى بنەماڵەکە لە دوو ستوون پێکدێت کە لە هەردوو براکەوە کەوتوونەوە، برایم ئاغا چوار کوڕى هەبووە(حاجى حوسێن ئاغا و ڕهسول ئاغا و ئەحمەد و باوەکر) کە پێدەچێت حسێن ئاغا بەناوى براکەیەوە کردبێت. دواى مردنى ئیبراهیم، حسێن ئاغاى کوڕە گەورەى جێگەى دەگرێتەوە، بەڵام دواى ئەوەى سەفەرى حەج دەکات، ڕیشسپى و کەسایەتییەکانى ناوچەکە ڕهسوڵ ئاغا دەکەن بە گەورەى ناوچەکە، ئەمە دەبێتە هۆى دروستبوونى ناکۆکى دواى گەڕانەوەى حاجى حسێن ئاغا لە سەفەرى حەج، هەر ئەم ناکۆکیە دەبێتە هۆى لەناوچونى ڕهسوڵ ئاغا لە دواییدا.(٢١)
ڕەسوڵ ئاغا سەرۆکى شاوریەکان بوو، ماڵى لە گوندى گوڵان بوو، لە ئینگلیز قاچاخ بوو، پیاوێکى زۆر تەواو بوو، هەموو خزم و خوێشى خۆى لەگەڵدا بوو، زانا ئاغاش خزمى و قاچاخى ئینگلیز بوو زانا ئاغا کوڕێکى ئەحمەد ناوى هەبوو، کاتێک ئینگلیز بە فڕۆکە و لەشکرى بابەکراغا چوونە سەر شاور، زانا ئاغا و ئەحمەدى کوڕى لەگەڵ حاجى ڕهسوڵ ئاغا دەربەدەر بوون و چوونە ڕواندز.(٢٢)
بەهۆى هێرش و پەلامارى ئینگلیزەکان حاجى ڕهسوڵ ئاغا ناچار ناوچەکەى جێدێڵێت و ماڵى دەباتە گوندى (ڕشدوور)ـى باڵەکایەتى، بەڵام لە هۆزەکەى خۆى دانابڕێت و بەردەوام بە نهێنى و دوور لە چاوى ئینگلیزەکان لەنێویاندا دەمێێتەوە، بەڵام بەهۆى دەسیسە و سیخوڕى ئینگلیز لەناوچەکە ئاگادارى جموجۆڵ و هاتوچۆى دەبن و ڕۆژێک کە لە قەڵاتى (وەتمانان، بەرانبەر گوندى گوڵان) دەبێت سیخوڕەکان ئاگادارى ئینگلیز دەکەن و هێرشى بۆ دێنن و پەلامارى دەدەن، لە ئەنجامدا یەکێک لە چەکدارەکانى بەناوى (ئەحمەد حارس خدر) دەکوژرێت و ڕهسوڵ ئاغا خۆیشى بریندار دەبێت بەڵام دواتر دەرباز دەبیت.(٢٣) ئەم ڕووداوە لە پایزى ( ١٩٢١) ڕوویداوە، چونکە ئینگلیزەکان لە مانگى ئابى ١٩٢١ پەلامارى دۆڵى شاورێ دەدەن و گوندى گوڵان دەسووتێنن.
حاجى ڕهسول ئاغا، جگە لەوەى سەرۆکى شاوریەکان بووە ، پیاوێکى پێگەیشتوو بووە، هەستێکى نەتەوەیى و نیشتیمانى بەرزى هەبووە و لایەنگرى شیخ مەحموود و جوڵانەوەى کوردى بووە و تەنانەت لە ڕزگارکردنى ڕواندز دا خدراغاى کوڕە گەورەى بەشدارى کردووە، هەروەها حاجى ڕهسول ئاغا بەشدارى کاراى هەبووە لە ڕزگارکدنى بارەگاى ئینگلیزەکان لە دەربەند و ڕانیە.(٢٤) تەنانەت لە شەڕى دەربەند لە بۆسکێن زۆر بە سەختى بریندار دەبێت بەڵام بەهۆى ئەو برینەوە نامرێت بەڵکو چاک دەبێتەوە و دەگەڕێتەوە سەر ژیانى ئاسایى خۆى، بەڵام چەند ساڵێک دواتر نەیارەکانى پێنج کەس دەنێرنە سەر ڕێگەى و دەگوترێت لە گوندى ناوەزینان کە تەنها یەکێک لە کوڕەکانى لەگەڵدا بووە بە سوارى ئەسپەوە تەقەى لێدەکرێت و دەپێکرێت، لەوکاتەشدا ئەسپەکەى دەڕەوێتەوە، ئەویش بە بریندارى قاچى لە ئاوزینگى ئەسپەکەى گیردەبێت و شۆڕدەبێتەوە و سەرى بەر بەردێک دەکەوێت، لە ئەنجامدا گیان لەدەستدەدات.(٢٥)
بێگومان بەکوژرانى (حاجى ڕەسوڵ ئاغا)، دۆڵى شاور لەڕووى پێگە و هەژموون و دەسەڵات، زیانێکى زۆر گەورەى بەرکەوت و نەتوانرا دواتر قەرەبوو بکرێتەوە.
پێدەچێت یەکێک لە هۆکارەکانى کوژرانى ئەو ڕۆڵەى گێڕاویەتى لە جوڵانەوەکانى ناوچەکە دژى ئینگلیز و هەڵوێستى نەتەوەیى و لایەندارێتى بۆ شێخ مەحموود بووبێت، هەربەهۆى ئەو ڕۆڵەى و دژایەتى ئینگلیزەکان، دواى دامرکاندنەوەى جوڵانەوەکە هێرشێکى فراوان دەکریتە سەر شاور و گوندى گوڵان دەسووتێنرێت و حاجى ڕهسوڵ ئاغا دەربەدەر دەبێت. هەروەها بەهۆى ئەو پێگە و ڕۆڵەى هەیبووە وایکردووە کە نەیارى زۆربێت و لێى لە کەمیندا بن، دوژمن و نەیارەکان هەوڵدەدەن سود لە ناکۆکى ناوخۆى خێزانیى و کەسە نزیکەکانى وەربگرن. کاتێکیش لەگەڵ برازاکەى (ئاغاژن) کە پێشتر ئاماژەى بۆکرا، ناکۆکى هەبووە و ئاغاژنیش لایەنگرى ئینگلیز بووە و بەردەوام سەردانى بارەگاى دەربەندى کردووە، دواتر هەر لە ئەنجامى ئەو ناکۆکیەدا مێردى ئاغاژن واتە (سۆرک ئاغا) دەکوژرێت، وەک ئیدمۆنز لە یاداشتەکانیدا باسى دەکات کە چەند مانگ لەوەو پێش (ئەوکاتەى ئیدمۆنز لە دەربەند بووە لە ١٩٢١، بەڵام ئاغاژن تۆڵەى کوژرانى مێردەکەى دەکاتەوە.(٢٦) بێگومان مەبەستیش لە تۆڵەکردنەوەکە کوشتنى (حاجى ڕهسوڵ ئاغا)یە، بەڵام تۆڵەکردنەوەکەى دەبێت دواى شەڕى دەربەند و دواتر هاتنەوەى ئینگلیزەکان و هێرشیان بۆ سەر شاورێ بێت، پێدەچێت دواى هێوربوونەوەى بارودۆخەکە و هاتنەوەى شیخ مەحموود و حکومەتى دووەمى شێخ بووبێت.
شەڕى دەربەند:
بارودۆخى کوردستان لەوپەڕى ئاڵۆزى و نادیاریدا بوو، هەڵگەڕانەوەى ئینگلیزەکان لەو بەڵێنانەى بەکوردیان دابوو، هەڵوەشاندنەوەى حکومەتەکەى شێخ مەحموود و دەستگیرکردن و دوورخستنەوەى بۆ هیندستان، هاندانى کەسایەتى و سەرۆک هۆزە دژبەرەکانى شێخ و بێئومێد بوونى کورد لە ئینگلیزەکان و پەنا بردنەوە بەر تورکەکان و هاتنەوەى مەفرەزەى تورکەکان، ڕەفتار و سیاسەتەکانى ئینگلیز دژى ئەو سەرۆک هۆزانەى هەستى نەتەوەیى و دژە ئینگلیزیان هەبوو، لێدان و وەلانانى لایەنگرەکانى شێخ مەحموود لە شار و ناوچە جیاوازەکان، ئەو جۆش خرۆشانەى کە لەناو هێزى عەشایەرى بەرپاببوو، سەربارى هەموو ئەمانە ڕزگارکردنى ڕواندز لەلایەن هێزى عەشایەرى و ڕەخسانى بوارى ئەوەى ببێ بە ناوچەیەکى ئازاد بۆ شۆڕشگێڕەکان و دامەزراندنى ئەنجوومەنى میللى، بەرپابوونى چەندین جوڵانەوەى ترى دژ بەئینگلیزەکان لە ناوچەکانى زاخۆ و ئاکرێ و گەرمیان، ئەمانە هەموویان ڕێگەخۆشکەر بوون بۆ مەیل و ئامادەکارى بۆ ڕزگارکردنى ناوچەکانى تر، نزیکترین ناوچەش لە ڕواندزەوە ناوچەى ڕانیە و پشدەر بوو، ئەو پاڵپشتیەى لەناو عەشایەرەکانى ناوچەکەش هەبوو یارمەتیدەر بوو، وەک عەباسى مەحموود ئاغا لە پشدەر و حاجى ڕهسوڵ ئاغا لە شاورێ.
ئینگلیزەکان لە ناوچەى بیتوێن و پشدەر، بارەگایەکى سەرەکیان دامەزراندبوو لە دەربەند بۆ بەڕێوەبردنى ناوچەکە، بابەکرى سەلیماغاى پشدەر پشتیوانێکى بەهێزیان بوو. پیشتر (کاپتن کۆک) بەرپرسى هێزەکانى ئینگلیز بوو لە دەربەند. ڕەفتارێکى دڵڕەق و توندوتیژى هەبوو، خەریکى بیانووگرتن بوو بە خەڵکى ناوچەکە. ئەحمەدە فەندى کوردێک بوو سەر بە ئینگلیزەکان و فەرمانبەر بوولاى کاپتن کۆک، ڕۆژێکى مانگى (٨)ى ساڵى (١٩٢١) بەیاوەرى پاسەوانێک بەناوى (قالە خەرتەل) دەچێتە دۆڵى شاور بۆ سەپاندنى باجى داربڕین بۆ دەربەند و هاوکاریکردنى ئینگلیزەکان، لەگەڵ پیاوماقوڵانى شاور لە گوندى بەردانگە دادەنیشێت، لە ئهنجامى ملنەدانى خەڵکى شاور بۆ داواکارى ئینگلیز و نەگونجاوی ئەحمەدە فەندى مشتومڕ لەنێوانیان دروستدەبێت و ئەحمەدە فەندى لەلایەن حاجى ڕەسوڵ ئاغاگوڵان دەستگیر دەکرێت و پاسەوانەکە، واتە (قالە خەرتەل) دەکوژرێت (هەرچەندە بەگوێرەى قسەى (قادر ئیبراهیم قادر) نەوەى قالە خەرتەل، ناوبراو پاسەوانى ئەحمەدە فەندى نەبووە، بەڵکو ئەو بەجیا و بۆ تووتن کڕین چۆتە شاور، بەڵام کاتى ڕووداوەکە لەوێ بووە و کوژراوە). خەڵکى ناوچەکە زۆر لە ئەحمەدە فەندى داخ لەدڵ بوون بەهۆى ئەو هەڵسوکەوتە توندوتیژەى و ئەو زوڵمە زۆرەى ئینگلیزەکان لەژێر ستەمى باج و بێگاریدا دەیاننواند، ئەگینا ماوەیەک پیش ئەو ڕووداوە لەسەر داواکارى ئینگلیزەکان، حاجى ڕەسوڵ ئاغا ى شاور، سێ کۆڵەدار لە گوندى گوڵانەوە بە سێ ئافرەتى گوندەکە بەناوەکانى (هەمینێ حمدەمینى و هەمینێ عەبابەکرى و پورە مێر) دەنێرێت بۆ دەربەند. (٢٧)
دواى دەسگیرکردنى ئەحمەدە فەندى ڕەوانەى ڕواندز دەکرێت بە ڕێگەى ساوسێوەکاندا بەڵام لە ڕێگە دەکوژرێت.
ئەحمەد تەقى لە بیرەوەرییەکانیدا بەمشێوەیە باسى ڕووداوەکانى پێش شەڕى دەربەند دەکات:(پاش ئەوەى لەگەڵ ماجد(مەبەست لە ماجد مستەقایە) و قالەى ئایشە خان و مەحموود فازڵ و شێخ کاکەمینى سەڵان و بیست سەرباز و ئەفسەرێک و شەریفى نوێنەرى شێخ ئەحمەدى بارزان چوین بۆ ماڵى میرانى ئەحمەد بەگ، کە دەعوەتى کردبووین هەروەها غەفوور خانیش گەیشتە شاور، هەر لەم کاتەدا ئەحمەد ئەفەندى ناوێکی پیاوى کۆک ى حاکمى دەربەند دەستى کردبوو بە سزادانى ئەهالیەکەى شاور، کەمێک لەمەوبەریش کاپیتان کۆک بەدەستى خۆى و بەشێوەیەکى ناشیرین لە ڕانیە فەتاح بەگى کوشتبوو. ئەمانە هەمووى بوونە هۆى ئەوەى ئاژاوە بکەوێتەوە. خەڵکەکە هێرشیان بردە سەر ئەحمەد ئەفەندى و گرتیان و ڕەوانەى ڕواندز کرا،
لەبەرئەوەى پیاوێکى ناوبانگ خراپ بوو، لە ڕێگە دوو بارزانى کوشتیان. کە گەیشتینە شاور، دانیشتوانى ئاکۆى بەردەر هەر لەخۆیانەوە هێرشیان بردە سەر ڕانیە، ئێمەش بە ناچارى چووینە سەرکەپکان و لەشەڕى ڕانیەدا بەشداریمان کرد. حاکمى سیاسى و بابەکراغا لە قەڵاى ڕانیە سپێریان بەستبوو، بەرگرى بەهیزیان دەکرد، لە هەموو لایەکەوە هێرش برا، بەڕادەیەکى وا ماجد مستەفا ئۆتۆماتیکێکى وەرگرت و هەتا سەر قولەى ڕانیە هێرشى بر بەم ئۆتۆماتیکەکەى پەکى کەوت و بەزەحمەت ڕزگارکرا. لەبەرئەوەى ئێمە ئامادەکاریمان نەکردبوو، هەروەها گرتنى ڕانیە بەبێ گرتنى دەربەند هیچ کەڵکى نەدەبوو، بۆیە ڕانیەمان بەجێهێشت و گەڕاینەوە ڕواندز. حاکمى سیاسى و بابەکراغا هێڕشیان بردە سەر ئاکۆ و شاور، بەڵام خەڵکەکەى بەرگریەکى باشیان کرد و کشانەوە بۆ شاخەکان، حاکمى سیاسى و بابەکراغاش بڵاوەیان لێکرد، بەمشێوەیە ناوچەى شاور کەوتە دەست ئێمە).(٢٨)
بۆردوومان و پەلاماردانى شاور و سووتاندنى گوندى گوڵان لەلایەن ئنگلیزەکان :
ئەو هێرشەى کرایە سەر ئینگلیزەکان و لایەنگرەکانیان، کاردانەوەى زۆرى بەدواى خۆیدا هینا و بەتەواوى دەریخست کە خەڵکى ناوچەکە و هێزە عەشایەرەکان چەندە دژى ئەو سیاسەتە زەبروزەنگ و فڕوفێڵەى ئینگلیزەکانن و دەیانەوێت کۆتایى بهێنن بە دەسەڵاتیان بەتایبەت دواى پەشیمانبوونەوەیان لە بەڵێنەکانیان بە کورد و دوورخستنەوەى شێخ مەحموود.
دەربارەى ئاڵۆزبوونى بارودۆخى ڕانیە و ڕواندز و هێرشى عەشایرەکان لە شاورێ وە، چەندین بەڵگە و دۆکیۆمێنت لەلایەن ئەفسەرە بەریتانیەکانەوە تۆمارکراوە لە دۆکیۆمێنتى ژمارە (F.O.371،) ڕاپۆرتێکى تێدایە کە لە ( ٢٧/٨/١٩٢١) ئامادەکراوە ونێردراوە بۆ لەندەن بۆ وەزیرى مستعمرات کە دەڵێت: (وا دەردەکەوێت محی الدین و چەند ئەفسەرێکى کوردى زەمانى عوسمانى کە بەڕاسپاردەى نیهاد پاشا نێردراون بۆ ڕواندز بۆئەوەى هانى کوردە یاخى بووەکان بدەن تاکو دەزگایەکى تورکى لە ڕواندز دابمەزرێنن، لە سلێمانیەوە مێخەر (گۆڵد سمیس) چوو بۆ ڕانیە و (کاپتن کۆک) هێزێکى عەشایرى پێکەوەناوە و (٨٠) لیڤى و لەگەڵ (٢٥٠) چەکدارى عەشایەر لە ڕانیە هەیە. لە (١٤/ ئاب/١٩٢١) هێرشى دوژمن هێنرایە سەر ڕانیە بەڵام دوژمن شکا و گەڕایەوە. لە (١٨/٨/١٩٢١) کاپتن کۆک بەرەو (گۆران ـ دیارە هەڵەى چاپە و مەبەست لە گوندى گوڵانى شاورە) ڕۆیشت و ئەوانەى هاوکارى دوژمنیان کردبوو خانوەکانیان سوتێنران، هێزى دوژمن (٣٠٠ بۆ ٤٠٠) چەکدار دەبێت سوپاس بۆ کاریگەرى فڕۆکەکانمان بێ وچان خەریکى بۆردوومان کردن بوون).(٢٩)
هەروەها (دبلیو ئار هاى) دەڵێت لە مانگى ئابى ١٩٢١ هێزى عەشایەرى بە یارمەتى و سەرپەرشتى تورک پەلامارى ڕانیەیان دا، بەڵام بە هێزى ئاسمانى بەربەستکران و شکێنران. لە بەڵگەنامەى ژمارە ( C.O.730-35 )ـى رۆژى ( ٦/١٠/١٩٢١) دەڵێت: (یاریدەرەدرى ئەفسەرى سیاسى (کاپتن کۆک) لە (١١/٨/١٩٢١) ئاگادراى کردین عەشایەرى ناوچەى شاور لەنیوان ڕانیە و ڕواندز دا دژى ئێمە هەڵساون جگە لەوانەى ناوچەى پشتگەلى)
هەروەها لە (فقرە ٩)ـى هەمان بەڵگەنامەدا دەڵێت ( کشانەوەى ئەو هێزە بۆ ڕانیە چاوەڕێ نەدەکرا، ناوچەى شاور بە رۆژ و بە شەو بێ وچان بۆردوومان دەکرا لە ١٥ ى ئابدا عەشایەرەکانى سەر بە دوژمن کشانە دواوە و ئەوانەى جلى سەربازیان لەبەردابوو چوونەوە بۆ ڕواندز)
لە ( فقرە ١٠)ى هەمان بەڵگەنامەدا هاتووە کە ( لە بەرەبەیانى (١٧ ى ئاب)دا سریەیەکى لیڤى بەسەرکردایەتى (گۆڵدسمیس) و (٣٠) سوارەى عەشایەر لەگەڵ (١٢٠) پیادە بەسەرکردایەتى (کاپتن کۆک) لە ڕانیەوە ڕوویانکردە (گوڵان) کە سەرکردایەتى ناوچەى شاورى لێبوو، بە بۆردوومانکردن گوندەکە چۆڵکرا و گوڵان و (EARZUNGA) کە بێگومان دەبێت مەبەست لە گوندى بەردانگە بێت، سووتێنران و لە (١٩/٨/١٩٢١) لەشکرەکە گەڕایەوە بۆ ڕانیە.(٣٠)
لەو هێرش و پەلاماردانەى سەر ناوچەى شاورێ و گوندەکانى بەتایبەت بەسەر گوندى گوڵان، سەرجەم خانووەکانیان سووتاندوە. تەنها ئەو خانوانەیان نەسووتاندوە کە سەر بە ئینگلیزەکان بوون، دەگوترێت تەنها دوو خانوو ماوە کە نەسووتێنرابن.(٣١)
جگە لە پەلامارى هێزى پیادە و سوارە، لە هێزى لیڤى و هێزە عەشایەرەکانى سەر بە ئینگلیز، بۆ سەر ئەم ناوچانە، بەردەوام هێزە ئاسمانییەکانیشیان بە فڕۆکە بۆردوومانى ناوچەکەیان کردووە، ئەمەش بۆتە هۆى زەرهروزیانێکى زۆر بۆ دانیشتوانى ناوچەکە، جگە لە کوژران و بریندار بوون و تاڵانى و سووتانى خانوو و ماڵەکانیان، دانیشتوانەکەشى ئاوارە بوون بۆ ناوچەى باڵەکایەتى.
ئەو ڕووداوانە وادەکات کە هێزە عەشایەرەکان بیر لە ڕزگارکردنى بارەگاى دەربەند بکەنەوە و پلانى بۆ دابنین. هێزە عەشایەرییە کوردییەکان دواى ڕاوێژ و یەکتر ئاگادارکردن و بە ڕێنمایى ئەفسەرى تورک (ئۆزدەمیر)، کۆبوونەوەیەک دەکەن لە ( کەستانە) و لەو کۆبوونەوەیەدا نەخشەى گرتنى بارەگاى دەربەند دادەنێن و بڕیاردەدەن کە لە دوو قۆڵەوە هێرش بکەنە سەرى، یەکێکیان لە ڕێگەى ناودەشتەوە، قۆڵێکیشیان لە (ساوسێوە)کان، واتە ریگەى شاورێ و سەرکەپکانەوە.(٣٢)
بەمشێوەیە جموجۆڵ و ئامادەکارى بۆ بەگژداچونەوەى ئینگلیز دەستیانپێکردبوو، بارودۆخى ناوچەکە ئاڵۆز بوو. (ڕەفیق حیلمى) لە یاداشتەکانیدا دەڵێت: (من چووبوومە کەرکوک، نزیکەى پینج مانگێک لە مارتى ١٩٢١ تاکو ئۆگەستى ١٩٢١ لەوێ مامەوە، هەرێمى سلێمانى تا ڕواندز بەرەو ئاژاوە دەچوو سەرەتاى ناڕهزایی و شۆڕشێکى گەورە خۆى دەرخستبوو. بەتایبەتى لە هەرێمەکانى سەنگاو و چەمچەماڵ و ڕواندز و ڕانیە تادەهات زیاتر ئەورووژا و گەردەلوولى شۆڕش زیاتر هەڵى دەکرد).(٣٣)
لەناوچەى گەرمیان لەلایەن هەمەوەندەکان بەسەرۆکایەتى کەریمى فەتاح بەگ دوو ئەفسەرى ئینگلیز بەناوەکانى (بۆند و ماگنایت) کوژران لە ( ١٨ ى ژوئینى ١٩٢٢) کە ئاڵۆزى دروستکرد، پاش ئەوە زۆرى نەخایاند لە (جولاى ١٩٢٢) تەقینەوەى دووەم ڕوویدا، ئەمەیان لە ڕانیە بوو.(٣٤)
ئاغاکانى پشدەر و ڕانیە داوایانکرد دەرەبەند بگرن و ببڕاى ببڕ حوکمى ئینگلیز لەو ناوچەیەدا لەناوبەرن، هەر لەوکاتەشدا بوو کە (کەریم بەگى هەمەوەند) کە بەهۆى کوشتنى ئەفسەرە ئینگلیزەکان قاچاخ بوو لەگەڵ (سەید محهمهدى جەبارى) لەگەڵ دووسەد سوارە گەیشتنە ڕواندز، ئەمەش وایکرد زووتر هێرشەکەى دەربەند دەستپێبکرێت لەشکرى هێزە عەشایەرەکانى کورد بە پاڵپشتى مەفرەزەى تورکەکان لە ڕواندزەوە بە دوو قۆڵ بەرەو ڕانیە دێن بۆ گرتنى دەربەند و ڕزگارکردنى ڕانیە، ئەحمەد تەقى دەڵێت: (من لەگەڵ هەمەوەوندەکان لە قۆڵى شاور و ئۆزدەمیر لە قۆڵى ناودەشت بوو، هێزەکەى ئێمە بەئاسانى چووە شاور و ئاکۆ، بەڵام ئۆزدەمیر لەگەڵ هێزى بەهلول ئاغاى ئاکۆ کە مودیرى ئینگلیزەکان بوو تووشى شەڕ بوو) (٣٥).
لە یەکێک لەو برووسکانەى (ئیدمۆنس) جێگرى کارگێڕى سیاسى ئینگلیز لە درەبەند، کە لەو ماویەدا بۆ کارگێڕى سیاسى و کۆمیسیۆنى باڵاى ناردووە دەڵێت: لەو کاتەوە تورکەکان ناودەشتیان پەلامارداوە ٤٨ سەعات تێدەپەڕێت، بێدەنگى و وەڵامنەدانەوە ئێمە بەو دەستدریژیە شوێنى خراپى لەسەر خەڵکى ناوچەکە داناوە، تورکەکان بە چەکدراى عەشایەریەوە کە بەپێى هەواڵى گەیشتوو ژمارەیان لە ٤٠٠ کەس تێدەپەڕێت، دوێنێ بە کەلى ناوکێواندا(مەبەستى شاخى (بێترخێن)ـە کە جێگەى سەرنجە، پێدەچێت ئەوکات بەو ناوە ناسرابێت، چونکە مارک سایکس لە ساڵى ١٩٠٢ بە گەشتێک بە دۆڵى شاورێدا دەچێتە ڕواندز بەهەمانشێوە ناوکێوان بۆ شاخى (بێترخێن) بەکاردێنێت(٣٦) کە شاخێکى بەرزە دەکەوێتە باکوورى دۆڵى شاورێ) هاتنە شاور و بەرەو ڕانیە دێن، کە لەوێ لەشکرێکى باوەڕپێکراوى عەشایەرى هەیە، هێزى تورکان بەرلەوەى بگەنە ڕانیە پێویستە بڵاوەیان پێبکرێت. هێزێکى رێکوپێکى ناوچەیى لە دەربەند دەمێێتەوە و هەردوو بەرەى جەنگ دەخەینە ژێر چاودێرى. ئەگەر دەتانەوێت ناوچەکە ڕابگرن دەبێت لەو هەلومەرجەدا تا گەیشتنى هێزى پەلاماردەر ئەوان پەیتا پەیتا بەتوندى لە شاور و ناودەشت بۆمباران بکرێن). (٣٧)
لەدواى گەیشتنى هێزى عەشایەر لە قۆڵى شاورێوە بۆ دەربەند، گەمارۆى دەربەند دەدەن و هێزى هەمەموەندەکان سەردەکەونە سەر شاخى کیوەڕەش، لە بەرەبەیانى رۆژى ٣١ى ئابى ١٩٢٢ پەلامارى بارەگاى دەربەند دەدرێت. وەک لە یاداشتەکانى ئیدمۆنزدا هاتووە بەرەبەیانى ئەو رۆژە پێش خۆرهەڵاتن بە دەنگى تەقە خەبەریان بۆتەوە و ئەو ئێشكگرانەى بەرزایى چیاى ئاسۆس بەر دەستڕێژى گوللە دراون لەو بەرى ڕووبارەکەوە و دواتر تەقە گەرمتر بووە و نزیک بۆتەوە لەو پازدە سیخە ئێشگکرەى بەرزایى ئاسۆس تەنها دوانیان گەیشتونەتە ڕووبارەکە و گوتویانە هەڤاڵەکانیان کوژراون، پاش هێرش بۆ سەر بارەگاى دەربەند هێزەکانى ئینگلیز ناچاردەبن بارەگاکە چۆڵبکەن و پاشەکشێ بکەن بۆ بۆسکێن و لەوێوە بۆ ڕانیە.(٣٨)
بەگوێرەى گێڕانەوە و یاداشتەکان دواى ئەوەى هێرش کراوەتە سەر بارەگاى دەربەند تەنها ژمارەیەک لە ئێشکگر و پاسەوانەکان بەرگرییان کردووە (ئەحمەد تەقى) دەڵێت: بارەگاى دەربەند بەبێ تەقە گیرا چونکە کە چووینە ناویەوە ئینگلیزەکان چۆڵیان کردبوو و کشابوونەوە بۆ بۆسکێن، بۆ ئەوەى لەوێ بەرگرى بکەن، بەڵام لەوێش ڕووبەڕووى شۆڕشگێڕەکان بوونەتەوە و شکاون بۆ ناو ڕانیە لەوێش بەهەمان شێوە پەلاماردراون و خۆیان گەیاندە کلکەى دەرووبزمار، بەڵام لەوێش ڕووبەڕووى هێرش بوونەوە.(٣٩) بۆیە ئینگلیزەکان بەناچارى بەرهو کۆیە پاشەکشە دەکەن، لە دوو مایلى ڕانیە ڕێى هەرە باش و ڕێک بۆ کۆیە بەسەر تەپۆلکەیەکى بچووکدا دەڕۆیشت (دەرووبزمار)، کە دوا زنجیرەى باشوورى ڕۆژاواى (چیاى شاور) بوو.(٤٠)
ئەوەى جێگەى سەرنجە لێرەدا ئیدمۆنس کە لە ڕانیە ژیاوە و لە بارەگاى دەربەند نیشتەجێبووەو سەرجەم ناوچەکانى بیتوێن و پشدەر گەڕاوە و شارەزاى تەواوى جوگرافیاى ناوچەکە بووە و بەوردى دەربارەى دواوە، ناوى ئەو چیایە بە چیاى شاور دینێت کە ئێستا بە ( حاجیلە) ناسراوە و دەکەوێتە ڕۆژاواى شارى ڕانیە، ئاخۆ دەبێت پێشتر ناوى ئەو چیایە (چیاى شاور) بووبێت؟
ئاکامى شەڕەکە ئەوەبوو کە ئینگلیزەکان شکان و تەواوى بیتوێن و پشدەر ڕزگارکرا و ناوچەکە کەوتە دەست هێزى عەشایەر و شۆڕشگێڕەکان و ئینگلیزەکان پاشەکشەیان کرد بۆ کۆیە و دواتر کۆیەشیان چۆڵکرد. لەو شەڕەدا نزیکەى (٦٠ بۆ ٧٠) کەس لە عەشایەر کوژراون کە ژمارەیەکیان ناودار بوون و ژمارەیەکیشیان برینداربوون، لەو کەسانەى بریندار بوون (حاجى ڕەسوڵ ئاغاى شاور) لە بۆسکێن بە سەختى بریندار بوو.(٤١)
دواى ڕزگارکردنى ناوچەى ڕوندز و پشدەر و ڕانیە، ئەو ناوچەیە دەکەوێتە دەست هێزە عەشایەرە کوردیەکان بە سەرکردایەتى (عەباسى مەحموود ئاغا)ـى پشدەر و نەیارى بابەکراغا، بە پاڵپشتى تورکەکان، ڕێکخستنێکى تازەى کارگێڕى بۆ ناوچەکە دەکەنەوە و (شێخ ئەمینى سندۆڵان) کرایە قائیمقامى ڕانیە.
ئەو دۆخە بەردەوام دەبێت تاکو ئینگلیزەکان ناچاردەبن بۆ هێورکردنەوەى بارودۆخەکە شێخ مەحموود بگەڕێننەوە بۆ سلێمانى حکومەتى دووەمى کوردستان بە سەرکردایەتى شێخ مەحموود پێکدەهێنرێت و تا ڕادەیەک ئارامى دەگەڕێتەوە بۆ ناوچەکان و کاردبەدەستى حکومى دەستبەکاردەبنەوە، تا ئەوکاتەى جارێکى تر ئینگلیزەکان دەکەونەوە بیانوو گرتن بەشیخ مەحموود و دیسان تیکچوونەوەى بارودۆخەکە، ئەمجارەیان بەیەکجارى کۆتایى دەهێنن بە دەسەڵاتى کورد و ویلایەتى موسڵ لە ساڵى ( ١٩٢٥) لەلایەن کۆمەڵەى گەلان بەفەرمى دەخرێتە سەر دەوڵەتى عێراق.
لەکۆتاییدا دەگەین ئەو ئەنجامەى کە ناوچەى دۆڵى شاورێ، لەدواى جەنگى یەکەمى جیهانى و بەتایبەتى لەسەردەمى جوڵانەوەکانى (شێخ مەحموود) ڕۆڵ و کاریگەریەکى بەرچاوى هەبووە لە ڕووداوەکانى ئەوێ ڕۆژێ. لەلایەک ئەم ناوچەیە بۆتە پێگە و ناوچەیەکى گرنگى جوڵانەوەکە و مانەوە و داڵدەدانى سەرکردەکانى شۆڕش و سەرۆک عەشیرەتەکان، هەروەها ڕێڕەو و بازگەیەکى ڕێڕەو لەنێوان ڕواندز کە سەرکردایەتى جوڵانەوەى تێدا دامەزرابوو بەتایبەت دواى دوورخستنەوەى شێخ مەحموود. لەلایەکى تریش خەڵکى ناوچەکە بەگشتى هەستێکى بەرزى نەتەوەیى و نیشتیمانى لەناویاندا گەشەى کردووە و خاوەن هەڵوێستێکى بەرزى نەتەوەیى بوون و دژى داگیرکارى و حوکمى دەسەڵاتى بێگانە بوون بەتایبەت ئینگلیزەکان و بەهیواى کوردستانێکى سەربەخۆ و ئازاد بوون و خەونى ئەوهیان هەبووە کە کوردیش ببێتە خاوەن قەوارەیەکى سەربەخۆ، ئەمەش بۆ ڕۆژگارى ئەوکات لەناو دانیشتوانێکى عەشایەرى دوورەپەرێزى دواکەوتووى ڕۆچوو لەناو قات و قڕى و برسێتى و دواکەوتوویدا، جێگەى سەرنجە. ئەو هەستە بەرزە نەتەوەییە هەر بە پلەى یەکەم شانازییەکەى دەگەڕێتەوە بۆ (حاجى ڕەشوڵ ئاغا)ى سەرۆکى هۆزى شاورى، کە بێگومان سەرکردایەتى ناوچەکەى کردووە و بەشدارییەکى زۆر کاریگەر بووە لە جوڵانەوەکانى دژ بە ئینگلیز و بەتایبەت لە شەڕى دەربەند، لەوپێناوەشدا هەم خۆى کە بریندار بووە و خانوو و ماڵى سووتێنراوە و دەربەدرەبووە هەم تەواوى ناوچەکە و بەتایبەتیش گوندى گوڵان قوربانییەکى زۆریان داوە.
سەرچاوەکان:
(١)پەیام عهبدوڵڵا حهسهن و هێمن على پیرۆت، مۆرفۆلۆژیاى گوندەکانى ناحیەى سەرکەپکان، توێژینەوەیەکە پێشکەش بە بەشى جوگرافیاى کۆلێژى زانستە مرۆڤایەتییەکانى زانکۆى کۆیە کراوە بۆ بەدەستێنانى بڕوانامەى بەکالۆریۆس، ساڵى ٢٠١٠، بڵاونەکراوە،لا ٧.
(٢)عەبدوڵڵا غەفوور، جوگرافیاى باشوورى کوردستان، مەڵبەندى کوردۆلۆجى، چاپخانەى رەنج، سلێمانى ، ٢٠٠٨، لا٢٨.
(٣)وزارة الدفاع ، القوات المسلخة العراقیة، المساحة العسکریة، خرائط مناطق کویسنجق، بمقیاس (١:١٠٠٠٠٠)، سنة ١٩٨٧.
(٤)شاکر خصباک، العراق الشمالى، دراسة النواخى الطبیعیة والبشریة، مطبعة شفیق، بغداد، ١٩٧٢، لا٢٦.
(٥)هاوڕا سلێمان گوڵانى، چەند لایەنێک لە مێژووى شاور، گۆڤارى شمشارە، ژمارە(٤٦) ، مانگى (٣)ى ساڵى ٢٠٠٩، لا٤.
(٦) کەریم زەند، جوگرافى کوردستان، چاپخانەى شڤان، چاپى دوووەم، سلێمانى،٢٠٠٥، لا٤٥٧
(٧)محهمهد حەمە باقى، میرنشینى ئەردەلان بابان سۆران، لە بەڵگەنامەکانى قاجاریدا(١٧٩٩ـ١٨٤٨)، دەزگاى چاپ و بڵاوکردنەوەى ئاراس، هەولێر،٢٠٠٢،لا١٤٥.
(٨)سیسل جۆن ئیدمونز، کورد تورک عەرەب، وەرگێڕانى حامید گەوهەرى، دەزگاى چاپ و بڵاوکردنەوەى ئاراس، هەولێر،٢٠٠٤،لا٥٤.
(٩)دابلیو.ئار.هێى، دوو ساڵ لە کوردستان، وەرگێڕانى لوقمان باپیر، دەزگاى چاپ و بڵاوکردنەوەى رۆژهەڵات، هەولێر،٢٠١٦،لا١٢٣.
(١٠) دابلیو.ئار.هێى، دوو ساڵ لە کوردستان، سەرچاوە پێشوو،لا ١٨٠.
(١١)ڕەسوڵ بۆسکینى، باشوورى کوردستان لەسەردەمى داگیرکارى بەریتانیا، بەرگى یەکەم، چاپخانەى کارۆ، سلێمانى،٢٠٢٤،لا١١٥.
(١٢)سیسل جۆن ئیدمونز، کورد تورک عەرەب،سەرچاوەى پێشوو،لا٢٧٠.
(١٣)HTTPS://WWW.FACEBOOK.COM/SHARE/1DPK2DRS2J/?MIBEXTID=WWXIFR
(١٤)سیسل جۆن ئیدمونز، کورد تورک عەرەب، سەرچاوەى پێشوو، لا٢٨٥
(١٥)HTTPS://WWW.FACEBOOK.COM/SHARE/1DPK2DRS2J/?MIBEXTID=WWXIFR
(١٦) ڕەسوڵ بۆسکینى، باشوورى کوردستان لەسەردەمى داگیرکارى بەریتانیا، سەرچاوەى پێشوو,لا٢١٧.
(١٧)ڕەسوڵ بۆسکینى، باشوورى کوردستان کوردەکان بۆچى تورکەکانیان هێنایەوە نیشتیمانى خۆیان، بەرگى دووەم، چاپخانەى کارۆ، سلێمانى،٢٠٢٥،لا٤٩.
(١٨)ڕەسوڵ بۆسکینى، باشوورى کوردستان کوردەکان بۆچى تورکەکانیان هێنایەوە نیشتیمانى خۆیان، سەرچاوەى پێشوو،لا٦٢.
(١٩)خەباتى گەلى کورد لە یاداشتەکانى ئەحمەد تەقیدا، ڕێکخستن و ئامادەکردنى جەلال تەقى، چاپخانەى ڕەنج، ٢٠١١،لا٣١.
(٢٠)Mark-sykes-dar-ul-Islam-1904.pdf,p217
(٢١)ڕەسوڵ بۆسکینى، باشوورى کوردستان لەسەردەمى داگیرکارى بەریتانیا،سەرچاوەى پێشوو،لا٢٣٥
(٢٢)عبدلرقیب یوسف و سدیق سالح، بیرەوەرییەکانى ئەحمەدى حەماغاى پشدەرى، چاپخانەى ئازاد، سلیمانى،٢٠١١،لا١٣٦
(٢٣)ڕەسوڵ بۆسکینى، باشوورى کوردستان لەسەردەمى داگیرکارى بەریتانیا، سەرچاوەى پێشوو،لا٢٢٥.
(٢٤) بڕوانە :خەباتى گەلى کورد لە یاداشتەکانى ئەحمەد تەقیدا، سەرچاوەى پێشوو.
(٢٥) ڕەسوڵ بۆسکینى، باشوورى کوردستان کوردەکان بۆچى تورکەکانیان هێنایەوە نیشتیمانى خۆیان، سەرچاوەى پێشوو،لا١٢٩.
(٢٦)سیسل جۆن ئیدمونز، کورد تورک عەرەب، سەرچاوەى پێشوولا٢٨٥.
(٢٧) ڕەسوڵ بۆسکینى، باشوورى کوردستان لەسەردەمى داگیرکارى بەریتانیا، سەرچاوەى پێشوو،لا٢٢٠.
(٢٨) بڕوانە :خەباتى گەلى کورد لە یاداشتەکانى ئەحمەد تەقیدا، سەرچاوەى پێشوو،لا٤٣.
(٢٩)م.ر.هاوار، شێخ مەحموودى قارەمان و دەوڵەتەکەى باشوورى کوردستان، بەرگى دووەم، لەندەن-بەریتانیا، لا١٨١.
(٣٠)م.ر.هاوار، شێخ مەحموودى قارەمان و دەوڵەتەکەى باشوورى کوردستان، سەرچاوە پێشوو،لا٢٠٣.
(٣١)ڕەسوڵ بۆسکینى، باشوورى کوردستان لەسەردەمى داگیرکارى بەریتانیا، سەرچاوەى پێشوو،لا٢٢٣.
(٣٢)عبدلرقیب یوسف و سدیق سالح، بیرەوەریەکانى ئەحمەدى حەماغاى پشدەرى، سەرچاوەى پێشوو،لا٦٧.
(٣٣)ڕەفیق حیلمى، یاداشت، دەزگاى چاپ و پەخشى سەردەم ،سلێمانى، چاپى سێیەم،٢٠٠٢،لا٢٠٩.
(٣٤)اپتن لاین، کورد عەرەب بەریتانیەکان، وەرگێڕانى یاسین سەردەشتى، چاپخانەى سیما، سلێمانى،٢٠٠٧،لا١٠٥)
(٣٥)خەباتى گەلى کورد لە یاداشتەکانى ئەحمەد تەقیدا، سەرچاوەى پێشوو،لا٤٨.
(٣٦)بڕوانە: Mark-sykes، سەرچاوەى پێشوو،لا٢١٨.
(٣٧)سیسل جۆن ئیدمونز، کورد تورک عەرەب، سەرچاوەى پێشوو،لا٣٠٩.
(٣٨) سیسل جۆن ئیدمونز، کورد تورک عەرەب، سەرچاوەى پێشوو،لا٣١٣.
(٣٩)خەباتى گەلى کورد لە یاداشتەکانى ئەحمەد تەقیدا، سەرچاوەى پێشوو،لا٤٨.
(٤٠) سیسل جۆن ئیدمونز، کورد تورک عەرەب، سەرچاوەى پێشوو،لا٣١٥.
(٤١)ڕەسوڵ بۆسکینى، باشوورى کوردستان کوردەکان بۆچى تورکەکانیان هێنایەوە نیشتیمانى خۆیان، سەرچاوەى پێشوو، لا١٢٩