
سادق ئیبراهیم محهمهد
ماستەر لە میژووى نوێ و هاوچەرخى کورد
پوختە:
نووسین لەسەر مێژووی میرنشین و میرەکانی کوردستان لە قۆناغی نوێدا زۆر هەڵدەگرێت، ئەگەرچی کورد بە درێژایی ئەو ماوەیە لە لایەن ئەو هێز و دەسەڵاتدارە ناوچەییانەی دەوریان داوە، ڕووبەڕووی پەلاماردانی دەرەکی بووەتەوە سەرەڕای هەموو ئەو لەشکرکێشیانە کورد توانیویەتی چەند دەسەڵاتێکى خۆجێی لە شێوەی میرنشین و سەردارانی قەڵا و ناوچەکان دروست بکات و حوکمێکی خۆڕێبەری لە ژێر سایەی ئەو دەسەڵاتانەدا بهێنێتە ئاراوە، پەرە بە سیستەمی کارگێڕی و سەربازی و کۆی کاری بەڕێوەبردنی خۆی بدات، بەپێى هەلومەرج و ئاستى شارەزایى و خۆبەڕیوەبەرى ناوچەیی، ئەگەرچی هەریەکەیان خاوەنى تایبەتمەندى خۆیانبوون، تا ڕادەیەکیش ڕەهەندەکانى سەرهەڵدان و گەشەکردنیان خاڵى وێچوو جیازواز هەبووە، کە شیاوى لێکۆڵینەوەی زانستى زۆرن، لە ڕاستیشدا کارى زانستى لەمجۆرە زۆر کراوە، ئەم هەوڵەى ئێمە کە تایبەتە بە میرنشینى سۆران لەم نێوەندە تا ڕایەک سنووردار و پوختەیە و بەتایبەت بۆ خوێنەرانى گشتى گۆڤارى (میتانیا) نووسراوە، کە سەربارى پوختى کە ئەرکێکى قورسبووە زۆرێک لە زانیارى و ڕاجیایى لەسەر لایەنە مێژووییەکانى میرنشینەکە بخرێتە ڕوو، بەڵام پشت بە سەرچاوە و ژێدەرى زانستى تایبەتمەند بەستراوە، بەو ئومێدەى خزمەتێکى بچووکمان پێشکەشکردبێت.
سەرهەڵدان و دامەزراندنی:
میرنشینی سۆران یەکێکبووە لەو میرنشینە کوردیانەى مێژووی نوێى کورد[1]، کە ناوەکەى لە جوگرافیاى ناوچەکەوە وەرگیراوە،
کە ناوى(سۆران) بە ناوچەی نێوان هەردوو (زاب-زێ) گوتراوە، کە بووەتە ناونیشان بۆ کوردەکانی ئەوێ و میرنشینە سەربەخۆکان کە لەو ناوەدا دروستبوون[2]، ئەوەی زیاتر باوە دەربارەی دامەزراندنی میرنشینەکە ئەوەیە کە (کەلۆس) کە کۆچەرێکی بەغدادی بووە و ڕووی لە گوندی (ئەوان-ئاوان) کردووە، پاشان لە گوندی هەودیان بووەتە شوان، خاوەن سێ کوڕ بە ناوەکانی(عیسا، ئیبڕاهیم و شێخ وەیس)بووە، (عیسا)بە هۆی ئەو تایبەتمەندییە کەسیانەی وەک کوڕێکی هێژاو ئازا و لە دڵدا شیرین و مێرخاس هەیبووە، کاریگەری لەسەر خەڵکی ناوچەکە دروستکردووە، وایکردووە هۆگری ببن و لە فەرمانی دەرنەچن، کاتێکیش لەلایەن دوژمنێکی مەترسیدارەوە هێڕش کرایە سەرناوچەکە، خەڵک لە دەوری عیسای کوڕی کەلۆس کۆبوونەوە و کەوتنە شوێنی، لە ئەنجامدا کەسانێکی زۆر لە دەوری کۆبوونەوە و توانیان هێرش بکەنە سەر قەڵای (ئەوان-ڕەوان)، توانیان قەڵاکە بگرن[3]، لێرەوە بناغەی دەسەڵاتی ئەم میرنشینەكه دەستپێدەکات، دوای خۆی کوڕ و نەوەکانی درێژەیان بەم دەسەڵاتە داو پاراستیان[4]، نزیکەی (٢٤) میر فەرمانڕەوایەتی میرنشینەکەیان کردوە لەناویاندا خانزاد دەبینرێت وەک تاکە ئافرەتى میری میرنشینەکە[5]، بەڵام هەر سەبارەت بناغەی میرنشینەکە بۆچونێکی دیکە هەیە کە نەژادی دامەزرێنەری میرنشینەکە دەگەڕێنێتەوە بۆ هۆزی موکری، کە لە دەورویبەری سابڵاغ نیشتەجێ بوون، بەوپێیە کەلۆس لەوێوە هاتووەتە گوندی هەودیان[6]، بۆچوونیکی دیکە پێی وایە میرایەتی سۆران دەگەڕیتەوە بۆ بارام بەگی کوڕی سوخاب بەگی ئەردەڵان، کە لە سەدەی دەیەمی کۆچیدا/ شازدەی زایینیدا فەرمانڕەوایی سۆرانی کردووە و ئەم بەگزادەیەی پێکەوەناوە و کە دوای خۆی میر عیسای کوڕی بوووەتە جێنشینی[7]، بەڵام زۆربەی سەرچاوە نوێیەکان بۆچوونەکەی شەرەفخانیان دەربارەی دامەزراندی میرنشینەکە دووبارە کردووەتەوە[8].
ناوی سۆران
لە شەرەفنامەدا هاتووە کاتێک عیسا و خەڵکی دەورووبەری هێرشیان کردە سەر قەڵای ئاوان، دەورووبەری قەڵاکە بەردی سووری لێ بووە، لەناو ئەو بەردە سوورانە دامەزران و ناویان بە کۆمەڵی بەردەسووران دەرکردووە[9]، بۆ شەڕکردن سوودیان لەو بەردانە وەرگرتووە، بە تێبەڕبوونی کات، ناویان لە کۆمەڵی بەردە سوورانەوە بووەتە سۆران[10]، بۆچونێکی دیکە هەیە دەڵێت سۆران سەرەتا (شۆڕان)[11] بووە، کە باپیرە گەورەی میرانی سۆران لەوێ نیشتەجێ بوون پاشان هاتوونەتە ڕواندز لەوێ پێیان گوتراوە میرانی شۆڕان، بە تێپەڕبوونی کات (شۆڕان) بووەتە (سۆران) پاشان بووەتە ناوی ئەو هەرێمە کە میرانی (سۆران) حوکمیان لێکردووە[12].
جوگرافیای سنوورى میرنشینی سۆران
ڕووبەری ناوجەکانی ژێر قەڵەمرەویی میرنشینی سۆران هەمیشە ناجێگیربووە، بەڵام بە درێژایی دەیان ساڵ بە زۆری لە نیوانی هەردوو زێی گەورە و زیی بچووکی گرتۆتەوە[13]،
لە قۆناغێکدا سنوورەکانی گەیشتۆتە بەرەی باکوری خۆرئاوای ئێران[14]، بەتایبەت لە سەردەمی میر محەمەد دا دەسەڵاتی میرنشینەکە زۆر فراوان بووە، گەیشتوەتە بادینان و هەرێمی جەزیرە، چەند ویلایەتێکی باکوری کوردستانی گرتوەتەوە وەک ماردین و سێرت و شرناخ و بەشێکی باتمان، جگە لە دەستگرتن بە سەر بەشێکی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا[15].
ناوەندی دەسەڵاتى میرنشیبەکە:
هەر دەسەلاتێک دروست دەبێت ناوەندێکی هەیە، لەویوە گەشە دەکات و فراوان دەبێت، ئەم میرنشینەش بە درێژایی تەمەنی چەند ناوەندێکى دەسەڵاتى هەبووە، ئەوانیش (هەودیان، دوین، هەولێر، شەقڵاوە، هەریر، خەلیفان و لە کۆتاییدا ڕواندوز کە له سەردەمی میر محەمەدەدا بووە پایتەختی میرنشینەکە، لەو ماوەیەدا سارکە گەشەکردنێکی باشی بەخۆیەوە بینیووە[16].
میرانى میرنشینەکە:
لە دوای مردنی عیسای کوڕی کەلۆس، شا عەلی بەگی کوڕی دەسەڵاتی میرنشینەکەی گرتەدەست، ماوەیەک میرایەتی میرنشینەکەی کردووە، بەرلەوەی مەرگ ژیانی لێ بستێنێتەوە لەپێناو دروستنەبوونی ململانی لە پاش وی لە نێوان کوڕەکانیدا دەستیکرد بە دابەشکردنی خاکی فەرمانڕەوایەتییەکەی لە نێوان کوڕەکانیدا کە بریتی بوون لە (عیسا، پیربداغ، حوسێن و سەید)، عیسا کە هەریری پێدراوە، کە لە ئەنجامی شەڕێکدا لەگەڵ میری بابان کوژراوە، میر بداغ-پیربداغ کە ناوچەیەکی پێدراو پاشان توانی سماقوڵیش لە هۆزی نیلخاسی سەر بە قزڵباشەکان ڕزگارکرد[17]، هەرچی میر سەیدە حوکمی شەقڵاوەی کردووە، یەکێکە لە میرە ئازاو بەناوبانگەکان، توانی تۆڵەی کوژرانی براکەی لە میری بابان (پیربوداق)بکاتەوە، بەمەش توانی قەڵەمڕەوی خۆی زیاتر بکات، دوای خۆی سێ کوڕی لە پاش بەجێما، ئەوانیش(میر عیزەدین شێر، میر سلێمان، میر سەیفەدین)، کە دوای خۆی عیزەدین شێر حوکمی گرتە دەست[18]. لە سەردەمی میر (عیزەدین شێر)دا دەسەڵاتی میرایەتی لە ژێر میرانی سۆران دەرچوو، ئەمەش دوای ئەوەی سوڵتان سڵێمانی قانوونی(١٥٢٠-١٥٦٦) لە ساڵی ١٥٣٤ پەلاماری بەغدادی داو پاشان بەرەو هەولێر هات، ماوەیەک لەوێ مایەوە، لەم سەفەرەیدا بیانووی بە میری سۆران گرت و فەرمانی کوشتنی دەرکرد، هەولێر درا بە حوسێن بەگی داسنی، یەکێک بوو لە میرانی ئێزیدی[19]، محەمەد ئەمین زەکی ئاماژەی بەوە داوەکە سوڵتان بەهانەی بە میر عیزەدین شێر گرتووە[20]، بەڵام سەرچاوەیەک ڕوونیکردۆتەوە لە ئەنجامی ناردنی نامەیەکی (شا تەهماسب) بۆ عیزەدین شێر، گومانی لای سوڵتان دروستکردووە کە میری سۆران پەیوەندی لەگەڵ شا تەهماسبدا هەبێت، هەربۆیە سوڵتان فەرمانی کوشتنی دەرکردووە[21]، ئەم هەنگاوەی سوڵتان بووە هۆکاری توندوتیژی و ڕووبەڕووبونەوەی خوێناوی لە نێوان مسوڵمان و ئێزیدییەکاندا، ئەم ململانێیەش کاریگەری لەسەر لاوازبوونی میرنشینەکە بە قازانجی عوسمانییەکان لە قۆناغەکانی داهاتوودا دروستکرد[22].
ڕادەستکردنی وڵاتی سۆران بە مێر حوسێنی داسنی نیگەرانی لای سۆرانییەکان دروستکرد، هەربۆیە یەکێک لە میرانی سۆران بە ناوی میر سەیفەدین کوڕی میر حوسێن کوڕی پیربوداغ کە فەرمانڕەوایی شەقڵاوە و دۆڵی سماقوڵی کردووە، بەرانبەر میر ئێزیدیان وەستایەوە و چەند شەڕێک لە نێوانیاندا ڕوویدا، بەهۆی سەرنەکەوتنی داوای یارمەتی لە میری ئەردەڵان کرد، بەڵام لە ترسی هەڕەشەکانی سوڵتانی عوسمانی میری ئەردەلان یارمەتی پێشکەش نەکرد، میر سەیفەدین بە پشت بەستن بە هێزی ناوخۆ توانی پەلاماری ئێزیدیان بدات و بە سەریاندا سەرکەوێت بەشێکی زۆری دەستی بەسەر ماڵ و ساماندا گرت، بەو جۆرە وەڵاتی خۆی سەندەوە[23]. بەم جۆرە لە ناوەڕاستی سەدەی سانزەهەمەوە وڵاتی سۆران کەوتەوە دەست میرانی سۆران جەندین میر دەسەڵاتیان گرتەدەست، ئەگەرچی سنووری قەڵەمڕەوی ئەم میرانە بەپێی هێز و توانایان گۆڕانی بەسەردا هاتووە، هەر یەک لە (قولی بەگ کوڕی سولەیمان، بداغ بەگ کوڕی قولی بەگ، سولەیمان کوڕی قولی بەگ، عەلی بەگ کوڕی سولەیمان، خانزادی سۆران خوشکی میر سولەیمان، ئۆغز بەگی کوڕی میر عەلی بەگ، میرە بەگ(میران بەگ)، ئەحمەدی کوڕی ئۆغز بەگ، ئۆغز بەگی کوڕی میر ئەحمەد، مستەفا بەگی کوڕی ئۆگز بەگ، میر محەمەدی کوڕی مستەفا بەگ)[24] بەڵام شکۆی میرنشینەکە زیاتر لە سەردەمی میر محەمەدی کوڕی مستەفا بەگ(میری کۆرە)دا بەدەردەکەوێت کە لە نیوەی یەکەی سەدەی نۆزدەدا دەسەڵاتی میرنشینەکەی گرتە دەست.
میر محەمەد کوڕی مستەفا بەگ (پاشا کۆرە):
ناوی محەمەدی کوڕی مستەفا بەگی کوڕی ئۆغز بەگی کوڕی ئەحمەدی کوڕی ئۆغز بەگە، سەرچاوەکان
بە جیا باسیان لە مێژووی لەداکبوونی کردووە، هەندێک پێیانوایە ساڵی ١٧٨٤ لەدایکبووە، هەندێکی تریش لەدایکبوونیان گەڕاندۆتەوە بۆ ساڵی ١٧٧٥[25]، فریزەریش لە دەمی دکتۆر رۆسەوە پزیشکی نشینگەی بەریتانیا لە بەغداد کاتێک لە ساڵی ١٨٣٣ سەردانی میر محەمەدی کردووە، تەمەنی میری بە ٤٥ ساڵ خەمڵاندوە[26]، بەو پێیە بێت میر ساڵی ١٧٨٨ لەدایکبووە.
هەر لە منداڵییەوە خراوەتە بەر خوێندنی ئایینی، زانستە دینییەکانی لە مەلا سەعدی ماویلی و مەلا ئەحمەدی ئادەمی وەرگرتوە[27]، بە بیروباوەڕێکی ئایینی پەروەردە کراوە، ئەم باکگراوندە ئایینیە کاریگەری لە سەر شێوازی حوکمداری میر لە قۆناغەکانی داهاتوودا هەبوو، هەربۆیە کاتێک دەسەڵاتی گرتووەتە دەست، هەوڵیداوە یاساکان لەگەڵ دەقی قورئان و فەرموودەدا بگونجێنێت، بەو مانایە پابەند بووە بە ئایینەوە، هەر بۆیەشە بۆ دزیکردن بڕینی دەستێک دانرابوو، بۆ هەڵاتن بڕینی پێیەک، ئەم سزایانەش گشتیان لەگەڵ یاساکانی ئیسلام یەک دەگرنەوە، دەکرێت بڵێین میرنشینەکە پشتی بە شەریعەت بەستووە، پیاوانی ئایینی ڕۆڵی گرنگیان لە داڕشنی یاساکاندا هەبووە[28].
میر محەمەد ساڵی ١٨١٤ دوای ئەوەی باوکی بەدوایدا دەنێرێت و ڕایسپارد ئەو لە جێگەی دانیشێت، چونکە لە بەڕێوەبردنی کاروبارەکان ماندوو بووە، میر محەمەد چەند مەرجێکی بۆ گرتنە دەسەڵاتی دانا لەوانە، داوای لە باوکی کرد لە برا و برازاکانی ئیزنی بدات، بەو مانایەی ئەگەر سەرپێچیان کرد توانای لێپرسینەوە و سزادانیانی هەبێت، بۆ خەرجی کاروبارەکان باوکی ٦٠هەزار ڕیاڵ و دایکی ٣٠ هەزار ڕیاڵی پێبدەن[29]، هەروەها مستەفا بەگ لە ڕواندز بچێتە دەرەوە و لە گوندی ئاکۆیان دابنیشێت، هەرچەندە سەرەتا مستەفا بەگ بەو مەرجانە ڕازی نەبوو لە ترسی ڕووبەڕووبوونەوەی برا و برازاکانی لەلایەن کوڕەکەیەوە، بەڵام دوای ساڵێک ئارەزومەندی دەربڕی و دەسەڵاتی میرنشینەکەی ڕادەستی میر محەمەد کرد[30].
میر لە سەرەتادا لەگەڵ کەسە نزیکەکانی دەستی بە ڕێکخستنی کاروباری میرنشینەکەی کرد، بۆ ئەو مەبەستەش کاروباری چەک و جبەخانە ڕێکخست، نزیک دوو هەزار پیاوی ئازای بە چەک ئامادەکرد، نزیکەی هەزار سواری بەشیر و ئەسپ و جلوبەرگی تایبەت دروستکرد، بەرانبەر رواندز لە شوێنیکی سەخت قەڵای (ئیچ قەڵا)ی دروستکرد، پاشان شوورە و قەڵای لە دەوری ڕواندز بنیاتنا، بە دەستێکی پۆڵاین ئاسایشی هێنایەدی، دادپەروەری بەرقەرارکرد، پاشان کەوتە لەناوبردنی ئەوانەی بە مەترسی دەزانین لەسەر دەسەڵاتەکەی، بۆیە هەر یەکێک لە مامەکانی (تەمەرخان و یەحیا بەگی) لەناوبردن، سەرەڕای عەبدوڵڵائاغای خەزنەدار چونکە پەیوەندی پتەوی لەگەڵ تەمەرخاندا هەبوو[31]، میر محەمەد دەستیکرد بە دروستکردنی کارگەی شیر و خەنجەر و تفەنگ و لوولەتۆپ و گوللە، پشتی بە وەستا ڕەجەب و خان گیلدی بەستبوو، ڕەسوڵ بەگی برای سەرپەرشتی کاروبارەکانی کردووە، میر محەمەد دراوی بە ناوی خۆیەوە لێداوە کە لە زێڕ و زیو و مس دروستکرابوون، لە دیوێک (الامیر المنصور محمد بیگ) لە دیوەکەی دیکە(ضرب في رواندز) نووسرابوو، ئەمەش نیشانەی دەسەڵاتی سەربەخۆ دەگەیەنێت، پاشان ژمارەی سوپای زیاد کرد (١٥) هەزار سەربازی هەبوو (٥) هەزرا پیاده و (١٠٠٠٠) سوارە، بە چەک و بەرگی تایبەت ڕازاندیەوە[32]، دەستەیەکی شەش ئەندامی بە ناوی دەستەی سەرداران دامەزراند کە خۆی سەرۆکی بوو، کۆبونەوەی هەفتانەی هەبوو، جگەلەمە ئەنجومەنی زانایان و ئەنجومەنی حەکیمانی بۆ داڕشتنەوەی یاسا دامەزراند[33]، بێگومان هەموو ئەمانەش هێزی پێبەخشی، وایکرد بیر لە پەلاماردانی ناوچەکانی دەورووبەری بکاتەوە، سنووری قەڵەمرەوییەکەی فراوان بکات.
بزووتنەوەکەی میر محهمهد ئامانج لێی دروستکردنی دەسەڵاتێکی سەربەخۆی جیابۆوە بووە لە دەوڵەتی قاجاری و عوسمانی[34]، لە ساڵی ١٨١٤-١٨١٦ دەستیکرد بە هێرشکردنە سەر ناوچەی شێروان و میری برادۆست، ئەو ناوچانەی خستە ژێر قەڵمڕەوی خۆیەوە[35]، پاشان لە ساڵی ١٨٢٢ هێرشی کردە سەر شاری هەریر لە ژێر دەستی میری بابانی دەرهێنا، وە لە ساڵی ١٨٣٣ هێرشی کردە سەر ئێزیدییەکانی شەنگاڵ دەستی بەسەر ناوچەکەدا گرت، پاشان ساڵی دواتر ڕووی کرده ئامێدی، سەرداری شاری ملکەچ کرد بۆ فەرمانەکانی و موسا بەگی کردە حاکمی ئامێدی[36]، لە ساڵی ١٨٣٤ هێرشی کردە سەر ناوچەی دەسەڵاتی میرنشینی بۆتان لە باکوری کوردستاندا، بەڵام زۆر لەو ناوچانە نەمایەوە، ئەمەش بەهۆی یاخیبونی دانیشتوانی ناوچەی بادینان، میری کۆرەی ناچارکردوە دووبارە بگەڕێتەوە بۆ ئەوێ، ئەمە سەرەڕای ئەوەی هێرشکردنە سەر ناوچەی بۆتان لە کاتێکدا بوو کە عوسمانییەکان بەردەوام بوون لە پلانەکانیان بۆ لەناوبردنی میرنشینە کوردییەکان بۆیە شەڕی ناوخۆی کورد لە بەرژەوەندی میری سۆران و بادینان نەبووە[37]. میر نەیویستووە بە مانەوە لەو ناوچانە شەڕ لە گەڵ میر بەدرخان میری بۆتان هەڵبگیرسێنێت.
دوای ئەوەی میر محەمەد چەندین ناوچەی دەستبەسەردا گرت و خستیە سەر میرنشینەکەی خۆی بە تایبەت (حەڵەب)ـی لە دەسەڵاتدارانی عوسمانی بڕی و ناوچە کوردنشینەکانی وەک (موکریان و ئازربایجان)ـی لە دەسەڵاتدارانی قاجاری وەرگرت، ئەم فراوانخوازیانەی میر محەمەد لە ڕووی سیاسییەوە بەرەو سەربەخۆیی تەواو هەنگاو هەڵدەگرێت، گرنگی بە دەسەڵاتدارانی هەردوو دەوڵەت نەدا، هەربۆیە کاربەدەستانی هەردوو دەوڵەت بیریان لە هەڕەشە و فراوانخوازی میری سۆران کردەوە، کەوتنە سنوور دانان و پەلاماردانی[38]، چونکە بۆ دەسەڵاتەکەیان بە مەترسییان زانیوە[39]، لە پێناو سەر شۆڕکردنی میردا سوڵتان مەحموودی دووەم سەدری ئەعزەم ڕەشید پاشای ڕاسپارد بۆ هێرشکردنە سەر سۆران، لە هەمانکاتدا عەلی ڕەزا پاشای والی بەغداد و محەمەد پاشای والی موسڵی ڕاسپارد بۆ یارمەتیدانی[40]، لە چەند لاوە هێرشکرایە سەر میری سۆران، دواجار لە پێناو نەڕژانی خوێنی کورد و گەیشتنی نامەی ڕەشید پاشا، کە بەڵێنی دابوو بە میر ئەگەر خۆی بەدەستەوەبدات گیانی پارێزراو دەبێت، بۆیە لەگەڵ مەلا محەمەدی خەتێ چووە هەودیان بۆلای ڕەشید پاسا و پاشان لەسەر ئامۆژگاری ڕەشید پاشا چووە ئەستەمبوڵ، سوڵتان لە ساڵی ١٨٣٦لیخۆشبونی بۆ دەرکرد[41]، لە کاتی گەرانەوەیدا لە نزیک سیواس لە ڕووداوێکی تەمومژاویدا کوژراوە[42]، لە دوای میر محەمەد، ئەحمەد پاشای برای کاروباری میرنشینەکەی بەڕێوەبرد[43]، لەو ماوەیەدا میرنشینەکە زۆربەی خاکی فەرمانرەوایەتیەکەی لەدەستدا، عوسمانییەکان باڵادەستی تەواویان بەسەر ناوچەکەدا هەبوو[44]، لە ساڵی ١٨٤٢ ئەحمەد پاشا کۆچی داوایکرد و لە جێگەی ئەو سلێمان پاشا دانرا، پاش ئەویش ڕەسوڵ پاشا حوکمی میرنشینەکەی گرتە ئەستۆ تا ساڵی ١٨٤٧، لەم ساڵەدا عوسمانییەکان بە تەواوی دەستیان بەسەر کاروباری میرنشینەکەدا گێراو ڕەسوڵ پاشا بە رەو ڕۆژهەلاتی کوردستان رۆیشت، لێرەوە کۆتای بەو میرنشینە هات.
هۆکارەکانى لاوازى و ڕوخانی میرنشینەکە:
ئەگەرچى ڕاوبۆچونى زۆر و جیاواز لەسەر خاڵە لاوازەکان و دواتر هۆکارەکانى ڕووخانى هەنە، کە دەکرێت بوترێت هەریەکەیان هەڵقوڵاو و زادەى بۆچونێکن هەریەکەیان زیاتر لە ڕەهەندێکەوە لێیان ڕوانیون، کە دەرفەتى خستنە ڕووى هەموو ئەمانه لێرەدا نییە، بۆیە هەروا پوختەیەک لەو هۆکارانەمان خستۆتە ڕوو:
*توندوتیژی زۆری میر محەمەد لەگەڵ دانیشتوانی ئەو ناوچانەی کە دەستی بەسەردا گرتبوو، بە ڕادەیەک دەیان کەسی کوشت و دەستی بەسەر ژن و منداڵی بێ تاواندا گرت[45]، هەربۆیە کاوس قەفتان نووسیویەتی “ئەم کارانە جگەلە ناو ڕزاندن هیچی بۆ نەکرد”[46]
*گردبوونەوەی هێزەکانی عوسمانی لە سێ لاوە بە سەرکردایەتی هەر یەکێک لە ڕەشید پاشا، محەمەد پاسای بەیرەقداری والی موسڵ و عەلی ڕەزا پاسای والی بەغداد، بارگرانییان لە ڕووی سەربازییەوە لەسەر میرنشینەکە دروست کرد میر نەیتوانی ڕووبەڕووی ئەو هێزە زۆرە بوەستێتەوە[47].
*یارمەتیدانی هێزەکانی ئێران بۆ عوسمانییەکان و بەوەی هێرشیان کردە سەر قەڵەمڕەوی میری سۆران بە سوپایەکی(١٠)هەزار سەربازییەوە لە ساڵی١٨٣٦ پەلاماری ناوچەکانی میری سۆرانیاندا[48]
*پشتگیری بەریتانیا بۆ دوڵەتی عوسمانی و نەبوونی هیچ پشتگیرییەکی دەرەکی بۆ میر محەمەد و هێزەکانی، چونکە بەرژەوەندی بەریتانییەکان لەو قۆناغەدا لەگەڵ عوسمانییەکاندا بوو، سەرەڕای نەبوونی هیچ پەیوەندییەک لە نێوان میرنشینە کوردییەکانی ئەو دەم بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دوژمنانی کورد[49]
*هۆکاری ئایینی، سەرەڕای ئەم هۆکارانە هەندێک مێژوونوسان هۆکاری ئایینی واتا فتواکەی (مەلای خەتێ) بە کاریگەر دەزانن لەسەر ڕووخانی میرنشینی سۆران. لەوانە حوسێن حوزنی موکریانی فتواکەی مەلای خەتێ بە هۆکاری سەرەکی دادەنێت بۆ ڕووخانی دەسەڵاتی میر محەمەد گوایە مەلای خەتێ گوتویەتی((هەر کەسێک شەڕ لەگەڵ خەلیفەی ئیسلامدا بکات، تەڵاقی دەکەوێت))[50] لە هەمانکاتدا هەندێک لە مێژوونوسان ڕای پێچەوانەیان هەیە، ساڵح قەفتان پێیوایە ئەستەمە میرنشینێکی بەهێزی وەک سۆران بە فتوای مەلای خەتێ لەناوچووبێت، بەڵکو میر محەمەد نەیتوانیوە دژی دەوڵەتی عوسمانى بوەستێتەوە[51]، عەبدوڵڵا عەلیاوەیش نووسیویەتی” دژوارە ڕووخانی میرنشینێکی وابەهێز پەیوەندی بە فتواکەی مەلای خەتێوە هەبێت”[52].
ئەنجام/
لەئەنجامى ئەوەى کە بە پوختى دەربارەى میرنشینى سۆران خرایە ڕوو، وەک لە سەرچاوە و ژێدەرە زانستییەکانەوە پێى گەیشتووین، ئەم میرنشینە یەکێکە لەو میرنشینانەى مێژووى نوێى کورد، کە پاشخانێکى مێژوویى سیاسى و سەربازى و شارستانى گرنگى هەبووە، هۆکارى جوگرافى و کۆمەڵایەتى و سەربازى رۆڵى دیاریان لە سەرهەڵدانیدا بینیووە، چەند میرێک فەرمانڕەوایى میرنشینەکەیان کردووە، بەڵام دیارترین و بەهێزترینیان میر محهمهد پاشاى گەورە بووە، کە خاوەنى ڕوئیایەکى تا ڕادەیک جیاوازبووە لە میرانى پێشخۆى، لە هەوڵدابووە ئاسۆکانى بەرەو سەربەخۆیى هەرێمى یان لایەنى کەم ناوچەىی بەدەستبهێنێت، کاروچالاکییە سیاسى و سەربازییەکانیشى هەر ئەوەى لێخوێندراوەتەوە، بەڵام نابەرامبەرى هێز و تواناى سەربازى و چەند هۆکارێکى ناوخۆیى و ناوچەیی میرنشینەکەى بەرەو لاوازى و ڕووخان بردووە، بەڵام سەربارى هەموو ئەمانە بەشێکى گرنگى مێژووى نوێى کورد پێکهێناوە.
لیستی سەرچاوەکان
یەکەم/ بە زمانی کوردی
١-ئارێز عەبدوڵڵا: دەوڵەتی میرنشینی سۆران ١٨١٣-١٨٤٧، چ١، چاپخانەی حاجی قادری کۆیی، باشووری کوردسان، ٢٠٢٤.
٢-ئیناس سەعدی عەبدوڵڵا: مێژووی نوێی عێراق، و: مەحموود هۆمەر باوزی، چ١، ناوەندی ئاودێر، سلێمانی، ٢٠٢١.
٣-حەسەن مەحموود حەمەکەریم: فەتواکەی مەلای خەتێ ئەفسانەی مێژوونوسێک، چ١، چاپخانەی تیشک، ٢٠٠٦.
٤-جیمس بیلی فرەیزدەر: گەشتەکەی فرەیزەر بە کوردستان و میزۆپۆتامیادا لە ساڵی ١٨٣٤دا، و: نەوزاد ساڵح ڕەفعەت، چ١، چاپخانەی پیرەمێرد، سلیمانی،٢٠٢٠.
٥-جەمال نەبەز: مێری کورد میر محەمەدی ڕواندزی ناسراو بە میرە کۆرە، و: سەردار محەمەد عەلی ڕواندزی، چ١، چاپخانەی ڕۆشنبیری، هەولێر.٢٠١٩.
٦- شەرەفخانی بەدلیسی: شەرەفنامە، و: مامۆستا هەژار، چ٨، چاپخانەی پانیز، تهران، ١٣٩٣.
٧-صادق شەرەفکندی: کورتە مێژوو، و: تەها عەتیقی، چاپخانەی ئاپێک، سوید، ١٩٩٥.
٨-ساڵح قەفتان: مێژووی گەلی کورد لە کۆنەوە تا ئەمڕۆ، چ٢، چاپخانەی شڤان، سلێمانی، ٢٠٠٤.
٩-عەبدوڵڵا عەلیاوەیی: کوردوکوردستان لە سەردەمی دەوڵەتی عوسمانیدا لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەهەمەوە تا جەنگی یەکەمی جیهانی، لە بڵاوکراوەکانی سەنتەری لێکۆڵینەوەی ستراتیجی کوردستان، سلێمانی، ٢٠٠٤.
١٠- کامەران جەمال بابانزادە: دامەزراندنی چەند میرنشینێکی کورد لە هەردوو سەدەی(٨و٩ک – ١٤و١٥ز)دا، چاپخانەی حاجی هاشم، هەولێر، ٢٠١٢
١١-محەمەد ئەمین زەکی: خولاصەیەکی تأریخی کورد و کوردستان، ب١-٢، چ٢، جاپخانەی شڤان، سلێمانی، ٢٠٠٤.
١٢-ممدوح مزوری: مێژووی ڕواندز، چ١، چاپخانەی منارە، هەولێر، ٢٠٠٥.
١٣-مەلا ئەسعەد خەیلانی: تەئریخی ئیمارەتی سۆران، ئامادەکردی: سدیق ساڵح، ئارێز عەبدوڵڵا، جاپخانەی شڤان، سلێمانی، ٢٠٢٤.
دووەم/ بە زمانی عەرەبی
١٤-جواد کاظم جواد: إمارة سوران الکردیة في عهد الآمیر محمد باشا میرکورە الرواندوزي ١٨١٣-١٨٣٨، رسالة ماجستیر، جامعة میسان، ٢٠١٩.
سێیەم/ گۆڤارەکان
١٥- بەختیار سەعید شوانی: ڕووخانی میرنشینی سۆران و چەند هۆکارێک، گۆڤری هزرین، ژ(٥٥)، هەولێر، ٢٠٠٧.
١٦-سۆران نەجمەدین: پاشا کۆرە و بونیادی دەسپێکی دەوڵەتێکی کوردی، گۆڤاری سەنگاو، ژ(٦-٧)، هاوین و پایزی .٢٠٠٧.
١٧-عادل ساسوار: پەیجوری پاشا کۆرە و نسکۆی میرنشین، گۆڤاری پەیامی راستی، ژ(٦٠) ئەیلولی ٢٠٠٠، ل٣٨.
١٨-نەورۆز عەلی کاکەئەمین: میرنشینی سۆران، گۆڤاری مێژوو، ژ(١)، ساڵی یەکەم هەولێر، ٢٠٠٧، ل٢٩٧.
بە زمانی عەرەبی
١٩- عبدالفتاح علی یحی: الهجوم العوسمانی علی کردستان و سقوط امارة سوران، مجلة کاروان، عدد(٥٢)
[1] عەبدوڵڵا عەلیاوەیی: کوردکوردستان لە سەردەمی دەوڵەتی عوسمانیدا لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەهەمەوە تا جەنگی یەکەمی جیهانی، لە بڵاوکراوەکانی سەنتەری لێکۆڵینەوەی ستراتیجی کوردستان، سلێمانی، ٢٠٠٤، ل٣٣.
[2] صالح قەفتان: مێژووی گەلی کورد لە کۆنەوە تا ئەمڕۆ، چ٢، چاپخانەی شڤان، سلێمانی، ٢٠٠٤، ل٢٠٦.
[3] شەرەفخانی بەدلیسی: شەرەفنامە، و: مامۆستا هەژار، چ٨، چاپخانەی پانیز، تهران، ١٣٩٣، ل٣٣٦-٣٣٧.
[4] محەمەد ئەمین زەکی: خولاصەیەکی تأریخی کورد و کوردستان، ب١-٢، چ٢، جاپخانەی شڤان، سلێمانی، ٢٠٠٤، ل٢٤٢-٢٤٣.
[5] جواد کاظم جواد: إمارة سوران الکردیة في عهد الآمیر محمد باشا میرکورە الرواندوزي ١٨١٣-١٨٣٨، رسالة ماجستیر، جامعة میسان، ٢٠١٩، ص٣٧.
[6] ممدوح مزوری: مێژووی ڕواندز، چ١، چاپخانەی منارە، هەولێر، ٢٠٠٥، ل١٧٢.
[7] صالح قەفتان: س.پ، ل٢٠٧.
[8] کامەران جەمال بابانزادە: دامەزراندنی چەند میرنشینێکی کورد لە هەردوو سەدەی(٨و٩ک – ١٤و١٥ز)دا، چاپخانەی حاجی هاشم، هەولێر، ٢٠١٢، ل١٣٢.
[9] شەرەفنامە، س،پ، ل٣٣٧.
[10] کامەران جەمال بابانزادە: س.پ، ل١١٧.
[11] شۆڕان: گوندێکە کەوتووەتە ڕۆژهەڵاتی شاری قەڵادزێ بە دووری (١٠)کم.
[12] ممدوح مزوری:س،پ، ل١٦٩.
[13] ئارێز عەبدوڵڵا: دەوڵەتی میرنشینی سۆران ١٨١٣-١٨٤٧، ج١، چاپخانەی حاجی قادری کۆیی، باشووری کوردسان، ٢٠٢٤، ل٢٢.
[14] صادق شەرەفکندی: کورتە مێژوو، و: تەها عەتیقی، چاپخانەی ئاپێک، سوید، ١٩٩٥، ل٢٣.
[15] ئارێز ئەبدوڵڵا، س.پ، ل٢٣.
[16] عبدالفتاح علی یحی: الهجوم عوسمانی علی کردستان و سقوط امارة سوران، مجلة کاروان، عدد(٥٢)، ص١٣٥.
[17] شەرەفخان: س.پ، ل٣٣٨-٣٣٩.
[18] موکریانی: س، پ، ل١٣.
[19] شەرەفخان: س، پ، ل٣٤٠-٣٤١؛ محەمەد ئەمین زەکی: س، پ، ل٢٤٤.
[20] محەمەد ئەمین زەکی: س، پ، ل٢٤٤.
[21] ئیناس سەعدی عەبدوڵڵا: مێژووی نوێی عێراق، و: مەحموود هۆمەر باوزی، چ١، ناوەندی ئاودێر، سلێمانی، ٢٠٢١، ل٢٣١.
[22] جەمال نەبەز: میری کورد میر محەمەدی ڕواندزی ناسراو بە میرە کۆرە، و: سەردار محەمەد عەلی ڕواندزی، چ١، چاپخانەی ڕۆشنبیری، هەولێر، ٢٠١٩، ل٤٤-٤٥.
[23] ممدوح مزوری: س. پ، ل ١٨٢-١٨٣.
[24] بڕوانە: شەرەفنامە: س، پ، ل٣٤١-٣٥١؛ حوسێن حوزنی: س. پ، ل١٣ بەدواوە، هەرچەندە میرە بەگ موکریانی ناوی نەهێناوە تەنها لە شەرەفنامەدا ئاماژەی پێکراوە.
[25] جەمال نەبەز: س. پ، ل٤٧.
[26] جیمس بیلی فرەیزدەر: گەشتەکەی فرەیزەر بە کوردستان و میزۆپۆتامیادا لە ساڵی ١٨٣٤دا، و: نەوزاد ساڵح رەفعەت، چ١، چاپخانەی پیرەمێرد، سلیمانی، ٢٠٢٠، ل٤٩.
[27] ممدوح مزوری: س. پ، ل٢١٧.
[28] جەمال نەبەز: س. پ، ل٥٨.
[29] مەلا ئەسعەد خەیلانی: تەئریخی ئیمارەتی سۆران، ئامادەکردنی: سدیق ساڵح، ئارێز عەبدوڵڵا، چاپخانەی شڤان، سلێمانی، ٢٠٢٤، ل٥٧.
[30] حوسێن حوزنی موکریانی: س. پ، ل٢٨-٢٩.
[31] ه. س، ل٢٩-٣٤.
[32] ه. س، ل٤٠-٤١.
[33] حەسەن مەحموود حەمەکەریم: فەتواکەی مەلای خەتێ ئەفسانەی مێژوونووسێک، چ١، چاپخانەی تیشک، ٢٠٠٦، ل١٣.
[34] جەمال نەبەز: س. پ، ل١٠٢.
[35] حوسێن حزنی موکریانی: س، پ، ل ل٣٤.
[36] ه، س، ل٤٤،٥٠.
[37] جەمال نەبەز: س. پ، ل١٣٩.
[38] سۆران نەجمەدین: پاشا کۆرە و بونیادی دەسپێکی دەوڵەتێکی کوردی، گۆڤاری سەنگاو، ژ(٦-٧)، هاوین و پایزی ٢٠٠٧، ل١٦٦.
[39] ئارێز عەبدوڵڵا: س. پ، ل١١١.
[40] محەمەد ئەمین زەکی: س. پ، ل٢٤٧.
[41] ممدوح مزوری: س. پ، ل ٢٤٧-٢٤٨.
[42] جەمال نەبەز: س. پ، ل١٧٠.
[43] مەلا ئەسعەد خەیلانی: س. پ، ل١١٥.
[44] ممدوح مزوری: س. پ، ل ٢٥٤.
[45] عادل ساسوار: پەیجوری پاشا کۆرە و نسکۆی میرنشین، گۆڤاری پەیامی ڕاستی، ژ(٦٠) ئەیلولی ٢٠٠٠، ل٣٨.
[46] کاوس قەفتان: س. پ، ل٦٩.
[47] عەبدوڵڵا عەلیاوەی: س، پ، ل٣٦.
[48] بەختیار سەعید شوانی: ڕووخانی میرنشینی سۆران و چەند هۆکارێک، گۆڤاری هزرین، ژ(٥٥)، هەولێر، ٢٠٠٧، ل٩٥.
[49] نەورۆز عەلی کاکەئەمین: میرنشینی سۆران، گۆڤاری مێژوو، ژ(١)، ساڵی یەکەم هەولێر، ٢٠٠٧، ل٢٩٧.
[50] حەسەن مەحمود حەمەکەریم: س. پ، ل٥١.
[51] بەختیار سەعید شوانی: س. پ، ل٩٤
[52] س، پ، ل٣٦.