پ.ی.م. ئارام قادر سابر
مامۆستای زانکۆی ڕاپەڕین
بوون و هەبوون: لە ئەرستۆوە تا هایدێگەر
هیچ سەردەمێک هێندەی ئەمڕۆ، دەوری مرۆڤ بە ئامراز و ئامێرەکان نەتەنراوە، تەکنۆلۆژیا بەردەوام لە ڕژاندایە و وەک نافورەیەک هەڵدەڕژێت و کەچی کەم ناکات. مرۆڤ لەبەردەم لێشاوێکی بێشوماری ئامێرەکاندایە، کە لە ڕاستیدا تەنها چواردەورمان داگیرناکەن، تەنها جەنجاڵی ناخەنەوە و شوێن داگیر ناکەن، بەڵکو بوون و بڕیارمان داگیردەکەن و دەست بەسەر ڕوانگە و ئاڕاستە و واتاپیدانمان بۆ هەموو بابەت و شتێکدا دەگرن. ئیدی، تەکنۆلۆژیا و ئامرازەکان بە تەنها ڕەهەند و کارکردی بەکارهێنانیان نییە. بەڵکو هێزی ئاڕاستەکردنی ئێمە و دزەکردنە نێو بونیادی بوون و دیاریکردنی حەقیقەت و بڕیاردانیان هەیە. ئایا ئێمە چیدی دەتوانین لە هەمبەر هەژموون و لێشاوی تەکنۆلۆژیا و ئامرازەکاندا بەرەنگاری بنوێنین و وەک خۆمان بە خۆسەر و خۆمەند بمێنینەوە؟ ئایا دەتوانین بڕیاری خۆمەندانە بدەین و ئامرازەکان هیچ کاریگەرییەکیان لەسەر بڕیارەکانمان نەبێت؟ یان ئەوەتا ئامرازەکان توانستی ئاشکراکردن و دەرخستنی حەقیقەتی قوڵتریان هەیە و لەبری ئێمە یاخود وا لە ئێمە دەکەن بە گوێرەی حەقیقەت و ئامانجی ئەوان بڕیار بدەین و واتا بە بوون و جیهان بدەین؟
لەم وتارەدا، هەوڵدەدەین بە ڕێگەی بیرکردنەوەی قوڵ و پرسیارکردن، بەدەمەوە چوونی بانگەوازی بوون، واتاپێدان و ڕزگاربوون لە پوچی و بێهوودەیی، هەروەها گۆڕانی ڕوانگە لە داگیرکراوی ژێر هەژموونی تەکنۆلۆژیاوە بەرەو خۆمەندی و بوونی ڕەسەنانەی مرۆڤ، خۆمان لە کۆتوبەند و داوەکانی نامۆکردنی تەکنۆلۆژییانە بە بوونی خۆمان و پەیوەندیمان لەگەڵ سروشتدا بخەینە بەرباس، تا بتوانین خۆمان بە بڕیاری هاوسەنگی خۆمان تێگەیشتن و ئاشکراکردنی حەقیقەت وەک ئەوەی کە هەیە بێنینەئاراوە.
ئەگەر ئەرستۆ جیاوازی بونیادیی لە نێوان بوونی هێزەکی (Potential) و بوونی کردەکی (Actual)دا کردبێت، ئەوا هایدێگەر لە نێوان ‘بوون’ و ‘هەبوو یان هەبوون’دا جیاوازی دەکات. لای هەردوو فەیلەسوفەکە (ئەرستۆ و هایدێگەر) پرسی بوون وەک تێگە و پرسێکی کلیلی، ڕۆڵی بنەمایی لە فەلسەفەکەیاندا هەیە، بەڵام جیاوازی قوڵیش لە نێوان تێگەیشتن و ڕاڤەی هە ۆ بوون هەیە.
ئەم نووسینە بەراوردکارییانە ڕووناکاتە فەلسەفە و تێگەیشتنی ئەرستۆ و هایدێگەر لەبارەی بوون، بەڵام بە بێ تێگەیشتن و خوێندنەوە و ناسینی ئەرستۆ، تێگەیشتنی قوڵ و دروست لە هایدێگەر دروست نابێت، لەبەر ئەم هۆکارەیە کە بە ناچاری ناوی ئەرستۆ و تێگەیشتنەکانی دێنە ناو نووسین و ڕاڤەکانمانەوە. ئەمە سەرباری ئەوەی کە جگە لە ئەرستۆ، پەنا بۆ تێڕوانین و تێگەیشتنی فەیلەسوفانی دیکەی وەک دێکارت و هێگل و … دەبەین.
ئەرستۆ مامۆستای یەکەم و مامۆستای دامەزرێنەری ‘میتافیزیکا’ وەک زانستە، ئەو میتافیزیکا وەک زانستی لێکۆڵینەوە لە بوون دادەنێت. هەر لەوێوە ئەرستۆ وەک فەیلەسوفی پۆلێن و کاتیگۆرییەکانی بوون و بوونەوەر، هەروەها فەیلەسوفی هۆکارگەریی (السببیة-(Causality و دانانی چوار هۆکارە بنەماییەکە (ماددە، شێوە، بکەر و مەبەست) دەناسرێت. دەتوانین بە نمونەیەکی سادە ئەم چوار هۆکارانە ڕوونبکەینەوە: بۆ بوون یان هەبوونی! چاکەتێک، چوار هۆکار پێویستن:
یەکەم: هۆکاری ماددی (Material)، کە دەبێ سوف، خوری، ڕەنگ و ماددەی دیکە لەبەردەستدا بن.
دووەم: هۆکاری شێوە (Form)، کە شێوە دەدات بە ماددەکە و لە فۆرمێکدا بەرجەستەی دەکات.
سێیەم: هۆکاری بکەر (Subject or Efficient)، کە بکەرێک یان کەسێک وەک هۆکاری کارا دەبێتە مایەی دروستکردنی چاکەتەکە، بە نموونەی بەرگدروو.
چوارەم: هۆکاری مەبەستەکی (Intention or Teleo)، کە کۆتا هۆکارە، مەبەست لە بوون یان هەبوونی! چاکەتەکە بۆ خۆداپۆشین، خۆگەرمکردنەوە و خۆڕازاندنەوەیە.
لە بابەتی هۆکارگەریی، فەلسەفەی هۆئەنجامی و مەبەستدارێتیدا، کە پرسی میتافیزیکییانەی کلاسیکین لای ئەرستۆ و فەیلەسوفانەی دیکەش، فەیلەسوفان دەیانەوێت
بە دوای هۆکار و مەبەست یان ئامانجی بووندا بگەڕێن. ئەرستۆ لە میتافیزیکادا، دوو چەمکی دیکەش بەکاردەبات، ئەوانیش: کرۆک و ڕووکەش-ن (الجوهر والعرض-Substance & Accident)، جەوهەر بنەمایی، نەگۆڕ، پاوەجێ، خۆبەسی و هۆکارە، بەڵام ڕووکەش سەربار، گۆڕاو، نەچەسپاو، دەرەنجام و پشتبەستووە بە جەوهەر و خۆبەس نییە، واتا خۆی ناتوانێ و ناکارێ بە هۆی خۆیەوە هەبێت (قائم بالذات یان اکتفاء الذاتي) خۆبەسی نییە. ئەمە دواتر لای ‘ئیمانوێل کانت’ دەبێتە ‘نۆمێن’ و ‘فێنۆمێن’ و لە فەلسەفەی ترانسێندێنتاڵیدا ڕاڤەیان دەکات.
هایدێگەر و نیچە لە گەورەترین هەڵوەشێنەرانی میتافیزیکای نەریتی و کلاسیکن، ئەوەی ئەرستۆ وەک زانستی بوون و هەبوون هەڵیچنیبوو. هایدێگەر پێیوایە بوون و هەبوون جیاوازن، زیاد لە دوو هەزار ساڵە پرسی هەبوون وەک بوون دانراوە و لە ئەرستۆ و پۆلێنەکانییەوە هەمووان کەوتوونەتە ئەو هەڵەیە و بوون-یان ڕوون نەکردۆتەوە و تەنها لەبارەی هەبوون قسەیان کردووە، تەنانەت ئەوان بوون-یان وەک چەمکێکی هەمەکی و پەتی نێو هۆش و ئاوەز داناوە، لەبەرئەوە وایان گریمان کردووە کە مادام بیرۆکەی نێو هۆشە، ئەوا هۆش، ئەقڵ و ئاوەز بە ئاسانی بیرۆکە سادە و پەتییەکانی خۆیان دەناسنەوە و تێدەگەن و بۆیان ڕوونە، لەکاتێکدا هایدێگەر دەڵێت لە پەنای ئەم پاساوەدا زیاد لە دوو هەزار ساڵە پرسی بوون و پرسیاری بوون-مان لەبیرچۆتەوە، چونکە گوایە سادەیە و هەمەکییە و هەموو بوونەوەر و کاتیگۆرییەکانی لە ژێردا پۆلێنکراوە، بەڵام لە ڕاستیدا تاریکترین چەمکە و نەمانزانی بوون چییە؟ تەکنۆلۆژیا، بەردەوامی بە لەبیرچوونەوەی پرسیاری بوون دەدات و نایەوێت و ناهێڵێت لە بوونی خۆمان بەئاگا و بەرپرسیار بین.
لێرەوە، بوونگەراکان و بە تایبەت هایدێگەر و سارتەر، مێتافیزیکای نەریتی و پرسی بوونی جەوهەر و کرۆک ڕەتدەکەنەوە، بەوەی هیچ چییەتی (الماهیة)ێکی پێشوەخت و پێشکات بوونی نییە، کە نەگۆڕ و پاوەجێ بێت، بەڵکو ئێمە هەین و خۆمان چییەتی و کێیەتی خۆمان دیاریدەکەین. واتە بە پێچەوانەی ئەرستۆ و هاوبیرەکانییەوە، هەبوونی ئێمە لەناو جیهاندا دەکەوێتە پێش جەهەری میتافیزیکییانەوە و هیچ جەوهەرێکی نەگۆڕ و پێشوەختە بۆ هەبوونی مرۆڤێک لە ئارادا نییە، لە کاتێکدا کە مرۆڤ بەردەوام و قۆناغ بە قۆناغ لە گەشە و گۆڕاندایە.
نامۆبوون و کۆنتڕۆڵی بوون: گۆڕینی ڕوانگە
لە دیدی هایدێگەردا، تەکنۆلۆژیا بە تەنها بریتیی نییە لە ئامراز، ئامرازێکیش کە لە دەستی مرۆڤدا بێت و کارا بێت لە بەکارهێناندا لەلایەن مرۆڤەوە، جیاوازە لەو ئامێرەی کە مرۆڤ گیرۆدەی بووە. بەڵکو ئامراز زیاترە لە شتێکی بەکاربراو. تەکنۆلۆژیا و ئامرازەکان دێنە ناو بوونمانەوە و لە بناغەوە بنکۆڵی دەکەن، ڕوانگەمان دەگۆڕن و ئاگایی مەبەستەکیمان ئاڕاستە دەکەن،
زیهنیەتمان دەگۆڕن و کۆنتڕۆڵی دەکەن، لەودیو بڕیاری ئێمەوە بەشداری لە ئاشکراکردن و بەیانکردنی ڕاستیدا دەکەن. تەکنۆلۆژیا و ئامرازەکان خۆیان دەخزێننە بونیادی بونمانەوە و ئۆنتۆلۆژیانە بەشداری لە ڕوانگە و بڕیارەکانمان دەکەن لە جیهاندا، تەنانەت پێناسەی جیهان و سروشت دەگۆڕن و دەیکەن بە بابەت و کۆگە و سەرچاوەی وەبەرهێنان و دەسکاری و دەوڵەمەندی.
دەشێ ئەم ڕوانگەیەی هایدێگەر وەک ڕەخنە، ئاڕاستەی مۆدێرنە و پۆزەتیڤیزمی زانستی و سەرمایەداری بکرێتەوە، کە مرۆڤ وەک تاکی بکەر و کارا و سەروەر بەسەر سروشتەوە، سەربەستانە ئەقڵ و بەرژەوەندی ئاڕاستەی دەکەن تا جیهان (سروشت و ژینگە و هەبووەکان) وەک ئوبیکت و کاڵا بخاتە ژێر دەسەڵات و هەژموونی خۆیەوە و وەک کۆگە و سەرچاوەی دەسکەوت و قازانج و تێرکردنی حەز و چڵێسییەکانی هەژمار بکات. لە ڕوانگەی چەندایەتییەوە شتەکان بژمێرێت و بەرەو بازاڕیان ببات، بەڵام لە ڕاستیدا ئێمە خۆمان بەشێکین لەم جیهانەی کە وەک کۆگە و عەمبار هەژماری دەکەن، بەوەش تەنها شتەکان لە بوونی ڕاستەقینەی خۆیان نامۆ و دوور ناخرێنەوە، بەڵکو مرۆڤیش لە بوون و زێدی خۆی نامۆ دەکرێت و هەڵدەکەنرێت، نیشتمان و ماڵ و زێد چیدیکە شوێنی حەوانەوە و ئۆقرەیی مرۆڤ نابن، ئەم دیدە کە تەکنۆلۆژیا ئاڕاستەی دەکات و پەرەی پێدەدات دوو جۆری نامۆبوون بە خۆ و بەجیهان برەو پێدەدات، بەمەش گۆڕانی بەهایی و واتایی و کارکردی (القیم، المعنی والوظیفة) دێنێتەئاراوە.
لە یۆنانی دێریندا، تێخنێ (Techne) وەک هونەر، شیمانەی دیارخستنی ئەو شتانە بوو کە نادیارن، تەنانەت لای ئەرستۆ، تێخنێ هونەر و دەستڕەنگینی پیشەیی و هونەرمەندانە و ئاقڵانەیە، شاعیرانیش بە ڕێگەی شیعرەوە ئەو شیمانەیەی زانین و بەدیهێنانیان هەیە ئەگەرچی لە فۆرمی وشە و ڕستەکاندا بێت (Poiesis)، کە وەک چاکەکاریی (فەزیلەت) هەژمارکراوە، بۆ دەرخستن و فۆرمپێدان بە شتەکان و دیاردەکان، ئەمەش جۆرێکە لە ڕیالیزەبوونی بیرۆکەکان و توانستە ئەقڵییەکان لە نێو وەبەرهێنانی واقیعیدا. هاوکات، ئەمە وادەکات مرۆڤ یاساکان دابڕێژێت و هۆکاری پشتی دیاردەکان بناسێت و بزانێت. بەمەش، کەسێک کە هونەرکارە، لە ئەزموون (التجربة) زیاتری هەیە کە خۆی خودان ئەزموونە و تەنها پیایدا تێپەڕ نابێت، بەڵکو ئەزمونمەند
و شارەزایە (الخبرة) و توانستی قوڵبوونەوە و تێگەیشتن و مانەوەی لە ئەزموونەکاندا هەیە، خۆی بە خۆی زانین وەدیدەهێنێت و پێی دەگات، هەروەها بیرۆکەکانی دەکاتە پراکتیک و پراگماتییانە کاردەکات. بیناسازی یەکێکە لەو هونەر و نمونانەی کە ئەرستۆ لە کتێبەکەیدا ‘ئاکاری نیکۆماخۆسی’دا، کتێبەکانی یەکەم و شەشەم، باسیدەکات، کە چۆن ئەقڵ توانستی بەرهەمهێنان و بەدیهێنان (ڕیالیزە)ی هەیە و هونەریش بە تەنها وەک کار دانانێت، بەڵکو پەیوەستی دەکاتەوە بە بەرهەم. لەم دیدگایەدا، هونەر دەشێ وەک زانست هەژمار بکرێت، ئەو زانستەی لە مۆدێرنەوە بە بەرهەمەوە لکاوە.
ئەم تێڕوانینەی ئەرستۆ، زانینی تیۆری (ماتماتیک و یاسا نەگۆڕ و بنەڕەتییەکانی سروشت) لە زانینی ئەزموونییانەی جیهان جیا دەکاتەوە، ئەو جیهانەی لە ڕوانگەی ئەرستۆدا ‘جیهانی دروستبوون و لەناوچوونە’، واتە جیهانی گۆڕانە، واتە هونەر لە جیهانی گۆڕاودا کارایی ئەقڵ وەک چاکەکاریی بەدیاردەخات و بەرهەمی نوێی لێ بەدیدەهێنێت. ئەم ڕوانگەیە لە ئیستاتیکای مۆدێرندا، لە ئیشی هونەریی لای ‘هێگل’ دەبینرێت، کاتێک ئەقڵ بۆ ئەوەی نەمەیێت و بە بەرد نەبێت و نامۆ نەبیت لە فۆرم و قاڵبی ماددەدا، ئەوا دەشێ بە ڕێگەی هونەرەوە خۆی بەدیبهێنێت، بە ڕێگەی ئەوەی وەستایانە و هونەرکارانە بیرۆکەکان بکاتە بابەت و هەبوویەک کە جوانتر لە بابەت و هەبووەکانی سروشت بن، بەمەش خۆ-بەدیهێنان لە ئەقڵ و کارایی هونەرمەنددا دێتەئاراوە، کاتێک هونەرمەند لە ئیش و بەرهەمی هونەرییدا وەستایانە و خودایانە خوڵقاندویەتی، تەنانەت جوانتر لە سروشت توانستی خوڵقاندن و بەدیهێنانی هەبووە، بۆ نموونە ئامرازێکی گوێز شکاندن باشتر و جوانتر و کاراتر لە بەردێک دێتە بەرچاو بۆ شکاندنی گوێزێک، یاخود چەکوشێک جوانتر و کاراتر و فۆڕمێنراوتر و گونجاوتر لە بەرد و هەر هەبوویەکی دیکەی ناو سروشت دادەنرێت بۆ داکوتین و هەڵکێشانی بزمار. ئیدی هونەر دەتوانرێت وەک پردێک لە نێوان جیهانی ناوەکی و دەرەکی ڕایەڵ بکرێت، کارایی ئەوەی هەبێت ڕۆح بەبەر ماددەدا بکات. وەک چۆن دەگوترێت: مایکل ئەنجیلۆ، ئەو هونەرمەندەی ڕۆحی بەبەر بەردەکاندا دەکرد، وەک ئەوەی فۆڕم و پەیکەر و شێوە هونەرییەکانی ئازاد کردبێت، یان فۆرم و قاڵبی بەرجەستەی بەبەر بیرۆکە و ئەقڵدا کردبێت. ئەم ڕایەڵە لە نێوان ئەقڵ و واقیعدا، توانستی زانین و ناسین و درککردن لە ڕێگەی هەستەکانەوە بە ئەقڵ دەدات لەبارەی جیهانێک کە تەواو لە ئەقڵ جیاواز و دابڕاوە، چونکە دەزانین، کە لە ‘دیکارت’ـەوە دوالیزمی جودایی لەش و هۆش، ئەقڵ و جیهان وەک هێڵێکی تۆخ بە جیهان و سەربوردەی فەلسەفەدا درێژ دەبێتەوە، کە لە جەوهەر و بونیادەوە لێکدی جیاواز و جودا و دابڕاون، ئەقڵ و هۆش توانستی بیرکردنەوەیان هەیە و لەش و جەستە و هەبووە مادییەکان بە ڕێگەی کشاوییەوە دەکەونە ناو سنووری کات و شوێنەوە. هەرچەندە هونەر لە فەلسەفەی هێگڵدا پێگەیەکی بالای هەیە، بەڵام توانستی تێپەڕاندنی فەلسەفەی نییە، چونکە هێشتا فەلسەفە پەتی و بێگەردترە لەوەی وەک هونەر تێکەڵ بە ماددە و هەبووەکان بێت، فەلسەفە بە ڕێگەی ئەقڵ و ئایدیاکانەوە سەروەری و سەربەخۆیی خۆی دەپارێزیت. ئەمەش بۆ ئەوەیە کە فەلسەفە ناهێڵێت ئەقڵ و ئایدیاکان نامۆ ببن بە خۆیان، ئیدی ئەقڵ و ئایدیاکان دەتوانن ڕوانگە بخەنە سەر جیهان و پیناسەی بکەن، بەڵام بە پێچەوانەوە جیهان ئەو توانستەی نییە، لیرەوە، ئایدیالیزمی هێگڵی تایبەتمەندییەکانی خۆی دەپارێزێت.
ڕزگاربوون لە تەکنۆلۆژیا: بیرکردنەوەی قوڵ و واتاپێدان
بیرکردنەوەی قوڵ کە ڕامان و وردبوونەوەی ناخەکییانە (التفکیر التاملي) بێت (نەک پەنابردنە بەر سۆفیزم و پەناگیریی عاریفانە) دەشێ لە دۆخی خۆنامۆیی ئۆنتۆلۆژییانە ڕزگارمان بکات، کە ئەم بیرکردنەوە ڕامانییە جیاوازە لە بیرکردنەوەی ژمێرەیی (التفکیر الحسابي) لە زانستی مۆدێرن و دۆزینەوە و داهێنانەکانیدا کە زیاتر لە تەکنۆلۆژیا نزیکمان دەکاتەوە و دەمانداتە دەست تەکنۆلۆژیا. هزرینی ڕامانەکی لە هۆزان و هونەر نزیکمان دەکاتەوە، کە شیمانە و ئەگەری دیارخستنی حەقیقەتیان هەیە. لە کاتێکدا، بیرکردنەوەی ژمێرەیی هەوڵی داگیرکردن و ئاڕاستەکردنی بوونە بە تەواوی، ئەمەش لە شارستانیەتی مۆدێرنی ڕۆژئاوادا لە پەنای زانست و تەکنۆلۆژیادا گەشەی پێدراوە و بڕیار لەبری مرۆڤ و مرۆڤایەتی دەدات، مێژوویەک دەخوڵقێنێ کە هی مرۆڤ (بە ناولێنانی هایدێگەر: دازاین) نییە، بەڵکو مرۆڤیش خۆی بەشێکی بەرکەوتەی گێژاوەکەیە.
واتاپێدان بە ژیان، بوون، پەیوەندییەکانمان و هەبووەکان، لە ئامانج و خواستەکانی فەلسەفەی بوونگەرایین. ئەم واتاپیدانە تا ڕاددەیەکی زۆر تێپەڕاندنی هیچگەرایی و بێهودەیی (نیهلیزم و ئابسوردیزم-Nihilism & Absurdism)ـە بەوەی کە ماهیەتێکی پیشوەختە و نەگۆڕ و واتادار لە پشتی هیچ شتێکەوە نییە و خۆی مەڵاس نەداوە، بەمەش هیچ واتایەکی ناوەکی و پێشوەختە لەئارادا نییە، ئیدی دازاین توانستی واتاپێدانی هەیە، ئەم واتاپێدانە بایەخێکی گەورەی بوونەکی و دەروونی هەیە لە ژیان و جیهاندا.
نیگەرانیی و دڵەڕاوکێی بوونەکی (القلق الوجودي) وامان لێدەکات واتا بە ژیانێک بدەین، کە پێشوەختە واتایەکی سنووردار و دیاریکراوی نییە، چونکە مرۆڤ تاکە بوونەوەرە سەبارەت بە بوون و مەرگی خۆی هۆشیار و بەئاگایە، واتە دەزانێت کە هەیە و دەشزانێت کە دەمرێت لە نێو کات و مێژوودا وەک ڕووداو یان زنجیرەیەک دەرکەوتن و ڕووداو و بەدیهاتن (فاکتسێتی و ڕیالیزەبوون) دەردەکەوێت وەک ئەوەی لە مێژوویێتی خۆیدا بە کاتەکی خۆی و دەرفەتەکانی بە ئاگا بێت و بیەوێت خۆ-بوونێک هەڵچنێت کە سنوورە تەنگەبەرەکانی ئەم کاتەکی و ساتەکییەی تێپەڕێنێت و مشووری مانەوەی خۆی بۆ مەودایەکی دوورتر و زیاتر لە ئایندەدا بخوات. ئەمەش بۆ ئەوەی وەک حەشامات لە ژیانی ڕۆژانەدا نەکەوێتە چاڵی بێهودەیی و بێمانایی، پیویستە هەردەم لە بوونیدا دڵەڕاوکێ و نیگەرانییەک سەبارەت بە بوون و ژیان و پووچی و بێهودەیی هەبێت، گەرنا وەک شتەکان و زیندەوەرانی دیکەی نێو جیهان کۆتایی پێدێت، تەنانەت ناشمرێت بەڵکو تەواو دەبێت و دەکەوێتە چاڵەکانی نەبوونەوە. ئیدی ئەوە دڵەڕاوکێ و نیگەرانییە بەرەو بوون و مەرگ ئاڕاستەمان دەکات، بۆ ئەوەی وەک دازاین، نەک وەک داسمان، بژین و هەبین. مرۆڤی ڕەسەن و خۆناس، دەمرێت، بەڵام کۆتایی نایەت و تەواو نابێت، بەڵکو وەک پڕۆژەیەکی خۆبەدیهێنەر بە ناو بوون و مەرگدا تێپەڕ دەبێت، بە بێ ئەوەی ترسی لە هیچیان هەبێت، بەڵکو دڵەڕاوکێ و نیگەرانییەک لە ئێستایدا ڕووەو ئاییندە ئاڕاستەی دەکات، ئەوەتا هایدێگەر هێشتا هەر لیرەیە و ئێمە لەبارەیەوە دەنووسین و دەدوێین،
واتە هایدێگەر تەنها وەک ڕووداوێکی هەبووی نێو جیهان نا، وەک فاکتێکی جیهانی فاکتیسێتی نا، بەڵکو وەک فەیلەسوفێکی خۆبەدیهێنەر، خۆی ڕیالیزە کردووە و وەک پڕۆژەیەک ماوەتەوە لە جیهاندا. ئەم نیگەرانییە، هەموو ئەوانە ڕزگار دەکات کە ترسیان لەوەیە بسڕێنەوە یان لەبیر بچنەوە، ئەوان دەتوانن لە نیگەرانییەوە بەرەو خۆبەدیهێنان بڕۆن بۆ هەمیشە لە یادگەی جیهان و مێژوو بەردەوامی بە خۆیان بدەن و ڕێگە نەدەن پەیوەندییان بە جیهانی بنەڕەتییەوە بپچڕێت. هایدێگەر لە نێوان ترس و دڵەڕاوکێدا جیاوازی دەکات، ترس هەمیشە لە شتێکی دیاریکراوەوە دێت وەک دڕندە و نەخۆشی، لە کاتێکدا دڵەڕاوکێ لە بوون و جیهان و ئاوەڵاییە بێکۆتاییەکەیەوە دێت، کە نەکا لە لێواری بوونەوە بکەوینە نێو نەبوون و پووچێتییەوە.
ئەوەی دەمێنێتەوە، مرۆڤی خۆبەدیهێنەرە لە نێو جیهاندا، شتەکان و ئامرازەکان بەردەوام لە گۆڕان و لەکارکەوتن و نەمانی کارایی و نەبوون و فڕێدراویدان، بەردەوام واتا و کارکردیان لە گۆڕاندایە تا دەگاتە نەبوون و پوچێتی، هەندێجار دەبێت وەک شووشەیەکی شکاو لاببرێن و فڕێ بدرێن، نەکا ببنە مایەی ئازار و بریندار بوون، هەندێجاریش لەبەرچاو دەکەن و ناڕەحەتمان دەکەن، وەک ئامێرێکی کۆنی لەکارکەوتوو کە شوێن و بەرپێی لێگرتووین و تەنگەبەری کردووین، بەڵام مرۆڤ لە کێیەتی خۆیدا، دەتوانێت خۆی لە چییەتی شت و مەک و زیندەوەران و ئامرازەکان جیابکاتەوە، واتای حەقیقی بە بوون و لێرەبوونی خۆی بدات، چ وەک فەیلەسوف، یان چ وەک زانا و هونەرمەند و هۆزانڤان.
جیهان، زمان، ئازادی و بوون لەگەڵ ئەوانیدی بنەمای لەجیهاندابوونی مرۆڤن، بە بێ ئەو بنەمایانە (Fundaments) هەبوونی مرۆڤی ڕەسەن و خۆناس، کە توانستی خۆبەدیهێنانی هەبێت ئەستەمە. بەڵام مرۆڤ فڕێدراوەتە جیهانەوە، ئیدی ئەم فڕێدراویە واتای دەسبەرداربوونی فڕێدەر یان نەمان و نەبوون و گرنگ نەبوونی سەرچاوە بێت (وەک ئەوەی لە تێگەیشتنی ڕەخنەییانەی تیۆلۆجیادا پێی بگەین)، ئەوا واتای ئەوە دەدەن کە مرۆڤ ئازادە لە سەرچاوە و فڕێدەرەوە یان لە بوونی واتا و ئامانجی پێشوەختە و میتافیزیکییانەدا. کەواتە، فڕێدراو لەبەردەم هێزێکی میتافیزیکی نەناسراو و نادیار مایەی لێپرسینەوە نییە و ئازادکراوە، بەڵام دەبێت بزانێت فڕێدران بۆ نێو زمان و کولتوورێک کە پێش مرۆڤ لە ئارادان، دووچاری کەوتوویی دەکەن لە جیهاندا، کەوتن لە نێو جیهانی ئەوان و حەشامات و ئاپۆرەدا، دووچاری نا-خۆیی و ناڕەسەنێتیمان دەکات. ئیدی دازاین دەبێت خۆی لە داسمان ڕاپسکێنێت و لەسەر قاچەکانی خۆی بوەستێت و بە نیگەرانییەوە بیر لە بوون و جیهان و نەبوون بکاتەوە، وەک مێگەل و حەشامات نەکەوێتە بێهودەیی و پوچییە دووبارەکانی ژیانی ڕۆژانەوە، لە گەمەی سەرمەدی خواردن و خەو بەرەو بیرکردنەوەی ڕامانەکی قوڵ لە خۆی و بوون و جیهان و ئەوانیدیکە بڕوات. بیرکردنەوە توانستی نزیککردنەوەی دووری و دوورخستنەوەی نزیکی هەیە. بە بێ بیرکردنەوەی قووڵ، دازاین نامۆ دەبێت و هەبوونەکەی داگیر دەکرێت، بە تایبەت ئامراز و تەکنۆلۆژیا ئەو توانستەیان هەیە بۆ نامۆکردن و داگیرکردن. ئیدی بۆ ئەوەی نامۆ نەبیت، دەبێت لە پەنای حەشامات و بوون و هەڵوێستی دەستەجەمعی بێیتەدەر، واتە خۆت بیت بە بێ دەمامک و ویستی حەشامات، خۆت بەرپرسیارێتی ئازادی و هەبوون و لێرەبوونت هەڵبگریت و تەحەمولی ئازادیی و خۆمەندییەکەت بکەیت، گەرنا لە نێو ئاهەنگی نامۆ و ناڕەسەنان دەبێت بۆ بێهودەیی و تێنەگەیشتنی قووڵ و نەبوونی هیچ ڕاڤەیەک بۆ بوون و حەقیقەت و جیهان سەمایەکی گەمژانە بکەیت، ئەو سەمایەی کە لە چێوەی گەمەکانی حەشاماتدا بە بێ ویستی خۆت لە پوچێتی و بێهودەییدا خولت پێدەخوات. دڵەڕاوکێی بوونەکی، لە نامۆبوون و بزربوون لە نێو ئامێر و شتەکاندا دەمانپارێزێت، ڕێگرە لەوەی بە شمەک بین. واتاکانی ژیانی نێو حەشامات دادەڕمێنێت و دەمانخاتە بەردەم تەنهایی و مردنی خۆمان، بۆ ئەوەی ئازاد و بەرپرسیار بین و بەرەو حەقیقەتی مەرگی خۆمان لە ژیانی کاتێتییەوە ڕێبکەین، بەمەش بیرکردنەوەی قووڵ و ڕاستەقینە لە بوون دەست پێدەکات و سەبارەت بە بوون و مەرگی خۆمان ئاگادار دەبین.
زۆر بە سادەیی ڕۆژێک لە نێو پارک، بازاڕ، حەشامات و ئاهەنگێکی گەمژانە بوەستە و بپرسە: من کێم؟ بۆچی چۆن لێرەم؟ ئایا هەبوونی ئامرازەکان و بەشداریت لە ئاهەنگی گەمژانەی حەشامات ڕزگارت دەکەن لە دڵەڕاوکێ و نیگەرانی و پرسیاری بوون و هەبوون و لێرەبوونت؟ یان ئەوەتا دەبێت ئەم نیگەرانی و پرسیارە بەرەو خۆمەندی و بوونی ڕەسەنی خۆت ئاڕاستەت بکەن و بەرەو واتای بوون و گەڕان بە دوای واتا و ئەگەرەکانی بوون مشورت بخەنە بەر؟ بێگومان دەبێت خۆت مشوری بوونی خۆت و ڕزگارکردنی خۆت لە حەشامات بخۆیت، گەرنا حەشامات و گۆدۆ و فریادڕەسێک تۆ ڕزگار ناکەن، چونکە تۆ ئازادیت و بەرپرسیارێت، بە هەردوکیشیان مەحکومیت.
ئامراز یەکێکە لەو شتانەی کە جەوهەرێکی دیاریکراوی نییە، بەڵکو کارکردی هەیە، کارکردەکەشی تەنها لەکاتی بەکارهێناندا دەردەکەوێت و واتا دەدات، ئەمە هەمان بۆچوونی ڤیتگنشتاین بوو کە لەبارەی زمانی کارکردی (Functional Language)ـەوە دەیگوت، وشەکان وەک ئامرازن و زمانیش سندوقی ئامرازەکانە، ئەو ئامرازانە تەنها لە کاتی بەکارهێناندا واتا دەدەن، هەر ئەم تێڕوانینە بووە هەوێنی تیۆری گەمەکانی زمان (Language Games) و تیۆری واتا و زمان وەک بەکارهێنان (Language and Meaning as Use). بۆ هایدێگەریش، بیرکردنەوە بە ڕێڕەوەکانی زماندا تێدەپەڕێت. بەڵام ئەو زمانەی کە ماڵە و تیایدا بیردەکەینەوە و دەفەلسەفێنین، نابێت ببێتە ئامراز و لە حەقیقەتی خۆمان و بوون جیای بکەینەوە، واتە لەو زێدە، کە زمانە، هەڵنەکەنرێین، چونکە زمان یەکێکە لە بناغە و بنەما پێشترییەکانی بوون و هەبوون لە جیهاندا، بە کورتی ئێمە لە زماندا هەین نەک لە ئامرازدا. مەترسی ئامێر و تەکنۆلۆژیا، کاتێک وەک مەترسییەکی کوشندە لەسەر بوون دەردەکەوێت، ئەوەیە کە چیدی زمان ماڵی بوونی ئێمە نەبێت، بەڵکو ئامێرەکان بوون و ماڵی بوون داگیر بکەن و ئێمەش لەو ماڵەدا نیشتەجێ بین، بەڵام سەقامگیر نەبین و ئۆقرە نەگرین تیایدا، چونکە لە بونیادەوە بە ئامێرەکان نامۆین.
بە بڕوای هایدێگەر، ماهییەتی تەکنۆلۆژیا بە هیچ شێوەیەک شتێکی تەکنیکی نییە. واتە تەکنۆلۆژیا تەنها ئامێریان ئامرازی کۆنترۆڵکردن نییە، بەڵکو شێوازێکە لە شێوازەکانی دەرخستنی حەقیقەت و تێگەیشتن لە بوون و جیهان. بۆ ئەمەش دەشێ ئامراز هەمیشە ئامادە و ناودەست بێت بۆ ئەوەی خزمەت بە فەرمان و بڕیارەکانمان بکات. بەڵام نابێت واتا و تێگەیشتن و فەرمانەکانمان بۆ بوون و جیهان و لێرەبوون بگۆڕێت. دەبینین لە مۆدێرنە و مۆدێرنێتەی زانستیدا، هاوسەنگی و هاوبەشی نێوان سوژە و ئۆبژە بە جۆرێک لاسەنگ بوو،
کە سوژە ڕوانگەی لە هەمبەر جیهانی هەبوودا گۆڕا، هیچ شکۆمەندی و شیاوێتییەکی هەبوونی خۆمەندانەی بۆ سروشت و جیهان نەهێشتەوە، بەڵکو کردی بە کۆگە و سەرچاوەی وەبەرهێنان و سامانگەریی و داگیرکاری و دەسکاری، بە تایبەت لە ئەنترۆپۆمۆرفیزمدا (دەسکاری سروشت لەسەر ئەو شێوەیەی خۆت دەتەوێت و بە مرۆڤکردنی ئەو شێوەیەی هەیە، تونێل و بەنداو و ڕووباری دەسکرد و ڕێگەوبان و زۆر گۆڕانی دیکە لە سروشتدا) دەبینین کە مرۆڤ ئەوەی کە هەیە بە ناتەواوی دەبینێت و دەیەوێت بیخاتە سەر ئەو وێنەی کە خۆی وێنای دەکات و دەسکاری سروشت دەکات و دەیگۆڕێت. دەبینین کە لەم شێوازی بیرکردنەوەیەدا، بە یارمەتی تەکنۆلۆژیا سروشت و مرۆڤ بە خۆیان و بە یەکدی نامۆ دەبن، سروشت دەبێتە کانگە و کۆگە و سەرچاوەیەکی بەردەست بۆ وەبەرهێنان و گۆڕین و دەسکاری و بەرژەوەندی، مرۆڤیش کاتێ بە لۆژیکی کەڵک و کۆنتڕۆڵ کاریکرد، ئەوا دەبێتە سەروەر و سامانگەر و خاوەن و هێز و بکەرێکی چالاک، کە لەم دیالێکتیکە ناهاوسەنگەدا نامۆیی هەمەجۆر دێتەئاراوە. چیدی جیهان ئەو ماڵە نییە کە تیایدا ئۆقرەمان گرتووە و لەگەڵیدا پەیوەندی قووڵ و واتادارمان دروستکردووە، بەڵکو کۆگە و سەرچاوەی بەکاربردنە. ئەمڕۆ دەبینین، لەسایەی هەژموونی ئاڕاستەکاری تەکنۆلۆژیادا، مرۆڤ لەهەر شتێک دەڕوانێت و ویستی زاڵبوون و گۆڕینی هەیە، ئەو سەیری ڕووبار ناکات وەک ئەوەی کە هەیە، ئاو بۆ ژیان و شکاندنی تینوێتی و زیندوو مانەوە نابینێت، بەڵکو کارکرد و واتای دیکەی پێدەدات، کە چۆن بیکاتە بەنداو و شێوازی دیکە و جیاوازی بەکارهێنان، کە چیدی کارکردی بنەڕەتی خۆی نەبێت، ئەمە بۆ هەموو چەک و ماکینە زەبەلاح و کارگە و ئامێرەکانی دیکە دروستە. دەبینین ئەمە چەند جیاوازە لە ئاشی ئاو یان ئاشی با، کە ڕێزی لە هێز و وزەی سروشت دەگرت و دەبووە مایەی پەیوەندی هاوسەنگ لە نیوان مرۆڤ و سروشتدا.
ئەم گۆڕان و نامۆبوونە بە هۆی بڕیار و شێوازی دەرخستنی تەکنۆلۆژیاوە بۆ جیهان ڕوودەدات. دوای شێوازی دەرخستن، شێوازی دەرخستن و گەیشتن بە ڕاستی و بڕیارەکان و ڕوانگە و بیرکردنەوە و واتاش دەگۆڕێن، بەمەش خۆجیاکردنەوەیەکی خۆکوژانە لە نێوان مرۆڤ و بوون و سروشتدا ڕوودەدات، کە لە بری ژیان پێکەوە دەکەونە ململانێ و دەسکاری و تۆڵەکردنەوە و گۆڕینی یەکدی. ئەم بەدگۆرانە مەترسی لەگەڵ خۆی دەهێنێت، بەڵام مەترسی لە کوێ بێت، ئەوا فریادڕەسیش هەر لەوێیە، ئەم تێگەیشتنەی هایدێگەر لە هۆزانەکانی هۆڵدەرلین-ی شاعیری دڵخوازی هایدێگەرەوە وەرگیراوە. کەواتە ڕاکردن و دەسبەرداربوون لە مەترسی مایەی ڕزگاربوون نییە، بەڵکو بیرکردنەوەی قووڵ و گەڕانەوە بۆ خۆمەندی و داننان بە شتەکان وەک ئەوەی کە هەن، نەک وەک ئەوەی کە دەبێ وابن و وەها نەبن، گرنگە. بۆ ئەمەش گرنگە کە لە ماهیەتی تەکنۆلۆژیا تێبگەین وەک کەرەسە و شتی تەکنیکی نا، وەک ئەو تێگەیشتنە میتافیزیکییە کلاسیکییەش نا، بەڵکو تەنها لە واتاپێدانێک کە خۆمان لە کارلێک و ناودەست (ناودەست جیایە لە بەردەست) بوونی ئامێرەکان پێی دەگەین، چەکوشێک کە لە ناودەستدایە، پەیوەندی ڕەسەنانەی ئێمە و واتای بەکارهێنان دیاری دەکات، بەڵام کاتێک لەدەست دەردەچێت و ئێمە دەکەوینە ناو تۆڕ و مەبەست و ئامانجەکانی تەکنۆلۆژیاوە، ئەوا چیدی پەیوەندی ڕەسەن و خۆمەند و ئۆنتۆلۆژیانە بوونی نامێنێت، بەڵکو ئێمە داگیرکراو و ئاڕاستەکراوین. وەک ئەوەی کە ئێمە هیچ پەیوەندییەکی بنەمایی و ڕاستەقینەمان بەجیهانەوە نەمابێت، ئەمەش دەبێت بمانخاتە ئەو دۆخەی کە هایدێگەر ناوی نابوو نیگەرانی و دڵەڕاوکێی بوونەکی.
هایدێگەر بە پێویستی دەزانێت، بەردەوام بە قووڵی بیربکەینەوە، بەڵام بیرکردنەوە پیویستی بە پرسیارکردنە. پرسیار پەرستش و یەکانگیریی قووڵی بیرکردنەوەیە، پرسیارکردن لە بارەی بوون و لێرەبوون و هەبوون، وەڵامدانەوەی بانگەوازی بوونە، ئەم وەلامگۆییە بەرەو ئاشکراکردنی حەقیقەت دەمانبات، ئەو حەقیقەتەی کە تەکنۆلۆژیا نەک بۆی ئاشکرا نەکردین، بەڵکو هاوشێوەی چەنەبازیی، زیاتر لێی ونکردین. هایدێگەر زمان وەک هیزێکی دوو سەرە دەبینێت و پێیوایە کە نیعمەتێکی ترسناکە! نیعمەتە، چونکە زمان توانستی ئاشکراکردنی حەقیقەتی هەیە، ترسناکە چونکە گەر ببێتە چەنەبازیی و هیچ نەگۆیی و هەمانگۆیی ئەوا حەقیقەت زیاتر وندەکات و دادەپۆشێت. ئەم تێگەیشتنە بۆ تەکنۆلۆژیاش شیاوە، واتە تەکنۆلۆژیا چەندە شیمانەی ئاشکراکردنی حەقیقەتی هەبێت، ئەوا بە پێچەوانەشەوە توانستی داپۆشین و گۆڕینی حەقیقەتی دروستی هەیە. بۆمبی ناوکی، دەشێ ئەو مەترسیە بێت کە هایدێگەر ئاماژەی بۆ کردووە، زانستی فیزیای ناوکی، گەر لە ژێر هەژموونی وێرانکاریی و جەنگ و داگیرکاریدا بیربکاتەوە چ کارەسات و لە مرۆڤکەوتنێک بەسەر سروشت و مرۆڤدا دێنێت. لێرەوە، دەبێت ئامرازی ناودەست وەک شیعر و هونەر شیمانەکانی ئاشکراکردنی بوون دەربخەن، نەک جەوهەرێکی میتافیزیکیی تەکنۆلۆژیانەی بدرێتەپاڵ و وزە و هێزێکی وێرانکار لە خۆیدا بشارێتەوە و بەسەر مرۆڤ و سروشتدا بەکاری بێنێتەوە.
مرۆڤی نامۆ، مرۆڤێکی نەخۆشە، چێژ لە جوانی و بوونی شتەکان وەک ئەوەی کە هەن نابینێت. وەک ئەو پیاوەی کە هاتە لای ئەرستۆ و وتی: سودی خوێندن و زانینی جوانی چییە؟ ئەرستۆ هەر لە پرسیارەکەوە لە نەزانی و تێنەگەیشتنی پیاوەکە تێگەیشت و وەڵامێکی لۆژیکی دایەوە: ئەمە پرسیاری پیاوێکی کوێرە! ئاخر ئەو کە نازانێت جوانی چییە و چۆنە، ئەوا بە ڕاستی کوێرە. لە سایەی هەژموونی تەکنۆلۆژیاوە، مرۆڤی هاوچەرخ دووچاری کوێربوونێکی کوشندە بووە، کە واتا و کارکردی شتەکان و چێژ و جوانیی وەک بەهای بنەڕەتی نابینێت، تەنانەت مرۆڤی هاوچەرخ دەرگیری دەیان جۆر پیسبوونی ژینگەیی بۆتەوە، نەک ژینگەی سروشتی: ئاو و هەوا و خاک، بەڵکو ژینگەی بینین و بیستن و بیرکردنەوەش چونکە تەکنۆلۆژیا واتا و بەهاکانی بەدگۆڕیوە. ئەم بەدگۆڕانەش، بووە بە لافاوێکی بەرپێنەگیراوی بەردەوام، کە نەک حەقیقەت ئاشکرا ناکات و بەیان نکات، بەڵکو بەردەوام ڕایدەماڵێت و گۆڕانکاری و وێرانکاریی بنچینەیی ئاوێزان کردووە، ئەمە لە بوون و دید و جیهاندا ڕەنگیداوەتەوە و خەریکە بنچینەیەکی ڕاستەقینە و پێوەرێکی بەهایی لەئارادا نەمێنن. ئەم بەدگۆڕانە لە ئەدەب و هونەر و زانست و کایە جوازەکانی ژیان و مەعریفەی مرۆییدا ڕەنگدانەوەی هەیە.
سەرچاوەکان:
- Martin Heidegger: The Question Concerning Technology and Other Essays, Harper Perennial Modern Classics, 2013.
- مارتن هایدێگەر: بوون و کات، و. د. محهمهد کەمال، دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، 2007.
- مارتن هیدجر: التقنیة-الحقیقة-الوجود، ترجمة: د. محمد سبیلا و عبدالهادي مفتاح، المرکز الثقافي العربي، لبنان-بیروت.
- ئەرستۆ: ئەخلاقی نیکۆماخۆسی، وەرگێڕانی سەباحی مەلا عەوڵا، بڵاونەکراوە.
- مجاهد عبدالمنعم مجاهد: الاغتراب في فلسفة المعاصرة، دار سعدالدین، 1985.
- مجاهد عبدالمنعم مجاهد: هیدجر راعي الوجود، مکتبة دار الکلمة، 2011.
- ابراهیم احمد: اشکالیة الوجود والتقنیة عند مارتن هیدجر، الدار العلوم للناشرون، منشورات الاختلاف، 2006.
- صفاء عبدالسلام علي جعفر: الاصل في التقنیة دراسة في ابعادها الانطولوجي، مجلة الاستغراب، عدد 15، ربیع 2019. (iicss.iq).