گۆڤارێکی ڕۆشنبیری گشتیی وەرزییە، بەڕێوەبەرایەتی ڕۆشنبیری و ھونەری ڕاپەڕین دەریدەکات

ئاسمیلەبوونی شێوەزارەکان وەک مەترسی

بڕیار عوزێر

 

دیاردەی ئاسمیلاسیۆن (Assimilation)ـی زمان، (تواندنەوەی زمانێک لە زمانێکی دیکەدا) وەک گەورەترین مەترسی و بەڵای باوی سەردەم بەسەر زمانی نەتەوە ژێردەستە و پێشێلکراوەکان، لە ئێستادا بووە بە گرنگترین پرسی ڕۆژەڤی زمانەوانی؛ ئەمەش ڕەنگە بەهۆی ئەوەوە بێت، کە پڕۆسەکە خۆکرد و سروشتی نییە، بەڵکو ئاڵاوەتە نێو گێرمە و کێشەی سیاسەت و بووە بە یەکێک لە ئامرازە مۆدێرنەکانی سەرکوتکردنی هێواش و داماڵینی تاکی نەتەوەیەکی دیاریکراو، لە شوناس، نەریت، زمان و ناسنامە! یانی ئەوەی جاران نەیارانی نەتەوەیەکی ژێردەست لەڕێی پاکتاوی فیزیکییەوە، هەوڵی سڕینەوە و ڕیشەکێشی یەکجارەکی نەتەوەی بەرانبەریان دەدا، ئێستا بە فۆڕمێکی دیکە و لەژێر ناوێکی جیاوازتر، بەڕێوەی دەبەن.

ئاسمیلاسیۆنی زمانی کوردی لە بۆتەی تورکیدا و دەستخستنە بینەقاقای زمانی زێدەتر لە بیست ملیۆن کەس، نموونەیەکی ڕوونی ئەو ڕاستینەیە؛ دەکرێ بڵێین بەرداشی زمانی فارسیش کە هەمیشە بۆ هاڕینی قاموسی  ڕیشە و بنەوانی مۆڕفۆلۆجیای کوردی بەرکار بووە لە ئەزێتدانی زمانەکەمان درێغی نەکردووە، بەڵام بە ئاڕاستەیەکی جیاوازتر هەوڵی سیاسەتی ئاسمیلەکردنی داوە، بۆیە ئەگەر ئافاتی خراپتر لە تورکی بەسەر تۆرە و کولتووری ئاخێوەرانی کوردزماندا نەهێنابێت، بەدڵنیایی باشتر نەبووە، ڕەنگە هۆکارەکەشی ئەوە بێت، کە فارسی لەگەڵ زمانی کوردی یەک بنەچەی سەرەوڕیزبوونی وشەیان هەیە  (structure) بۆیە توانیویەتی زیاتر بە کوردی بوێرێت.

 

ئاسمیلەبوونی شێوەزارەکان (Dialect Assmilation)

بنزار، یاخود شێوەزاری باڵادەست، لەنێو هەموو زمانەکانی دنیا، وەک دیاردەیەکی ئاسایی سروشتی بوونی هەیە. زۆرجار ئاخێوەرانی زمانێکی دیاریکراو، کۆک و تەبان لەسەر بەربژێرکردنی شێوەزار هەندێک جاریش شێوەی شێوەزارێک (sub sub dialect) بۆ ئەوەی بیکەن بە زمانی فەرمیی دەوڵەتی و قاڵبی ستانداردی پێ ببەخشن؛ بێگومان ئەمە خۆڕایی و بێ پاشخان نییە، بەڵکوو پەیوەستە بە دەوڵەمەندیی ئەدەبیاتی ئەو شێوەزارەوە، یاخود زۆرجار دەربڕینەکانی خۆگونجێنترن لەگەڵ یاسا ڕێزمانییەکان، وەک ئەوەی لە ئێستای زاری سۆرانیی خۆماندا، شێوەی موکریان توانیویەتی تا ڕادەیەکی باش خۆی بسەپێنێت و جێکەوتە ببێت.

ئاسمیلاسیۆن (توانەوە)ـی بنزارەکان، پڕۆسەیەکی لەسەرخۆی بێ مەبەستە، کاریگەرییە نایەتییەکانی هێندەی ئاسمیلەی زمانێک نییە، کاتێک لەلایەن دەسەڵاتێکی سیاسییەوە مەبەستدارانە بەڕێوەدەچێت، بەڵام دواجار بەشی خۆی زەبر بەر قەدی ئەستووری زمان دەگەیەنێت. یانی کاتێک بمانەوێت لە باری چاوگیدا گوزارشتی لێ بکەین، ئەگەر ئاسمیلاسیۆن «تواندنەوە» بێت، ئەمیان «توانەوە»یە، بەو مانایەی پڕۆسەیەکی خۆکاری سروشتییە.

ئەوەی لێرەدا مەبەستی باسەکەمانە، ئاسمیلەبوونی شێوەزار و شێوەی شێوە دیالێکتە جیاوازە گوندییەکانە، لەنێو بۆتەی شێوەزارێکی تازە دروستبووی شاردا، کە لەڕاستیدا ڕەنگە پێشتر هەر بوونێکی ئەوتۆی نەبووبێت، بەڵام بەهۆی فراوانبوونی ڕووبەری جوگرافیایی و باڵادەستیی توێژێکی ڕۆشنبیر لەو ڕووبەرە دیاریکراوەدا، کاتێک گوندنشینان دەیانەوێت خۆیان لەگەڵ ژیانی تازەی شارنشینی بگونجێنن، بەرەبەرە ئەو شێوەزارە دەکەنە زمانی ئاخاوتنی ڕۆژانەیان و دەستبەرداری ڕەسەنایەتیی فەرهەنگی ئاوەزی و وشەدانی  خۆیان دەبن. مەترسییەکانی ئەم توانەوەیە ئەوەیە، کە دواجار لەگەڵ خۆیدا بەپێی تێپەڕبوونی زەمەن، سەدان وشەی ڕەسەن لە زمانی دەربڕینی خەڵک دەستێنێتەوە و هێواش هێواش گۆڕ ون دەبن؛ هەروەک هەلومەرجی ئاخاوتن (accent)ـی کۆمەڵە ئاخێوەرێکی دیاریکراویش لەخۆیدا دەتوێنێتەوە و ڕەنگە بۆ هەتایە پێیان ئاشنا نەبینەوە. بۆیە کارێکی پڕ بایەخە کە سازیی و دامەزراوەی حکومەتی، لەڕێی هەڵمەتێکی گشتگیر بتوانن هەرچی لەنێو سنگی پیر و کالی کورددا هەیە، لە پەند، حیکایەت، چڕە، لاوک، هۆرە و زارگۆتەی جیاواز، تۆماری بکەن و بکرێتە بنەما و پێشدەستێکی باش بۆ تۆژینەوەی زمانی، چونکە هەڵکەوتەی دابەشبوونی کوردستان لەڕووی جوگرافییەوە، وەهای کردووە چیا، چۆڵ، گرد و ڕووبارێکی زۆری هەبێت، ئەم دابڕانانەش فرەوێژی و شێوەزاری جیاوازی لێ بەرهەم هاتووە، کە وای کردووە زمانەکەمان لە لوتکەی دەوڵەمەندی و وشەزۆریدا بهێڵێتەوە؛ بەجۆرێک زمانی فارسیی هاوسێمان لە ئێستەدا کەمتر لە (٥۰۰)  کار (Verb)ـی هەیە بەڵام کوردی زێدەتر لە چوار هەزار کاری هەیە!

 

جۆرەکانی ئاسمیلەبوونی شێوەزارەکان.

۱ ـ دیاردەی ستیگما (stigma):  یەکێک لە دەردە درم و بڵاوەکان، کە بەرۆکی شێوەزارەکانی گرتووەتەوە، دیاردەی ستیگمایە، ستیگما چەمکێکی زۆربەکاربراوی نێو کایەی زمانەوانیی کۆمەڵایەتیی (sociolinguistics)نوێیە، لە کوردیدا بەنزیکەیی دەبێتە «شەرم‌لەخۆکردنەوە» ئەمەش کاتێک ڕوودەدات کە ئاخێوەر هەست بەوە بکات شێوەزاری ئاخاوتنەکەی لە ئاستێکی نزمدایە و هێزی گوزارشتکردنی بایی ئەوە نییە، نەخت و پوخت دەربڕینەکانی پێ ڕێکبخات، مەرج نییە ئەمە ڕاست بێت، بەڵام دۆخی جفاکی و  دەوڵەمەندیی ئەدەبیات و زمانی خوێندنی ئەو کۆمەڵگە گەورەیەی کۆچی بۆی کردووە، ئەتمۆسفیرێکی لەو شێوەیەی لەلا خوڵقاندووە، کە شەرمی بە وشە و دەستەواژە ڕەسەنەکانی خۆی هەبێت، بۆیە دەیانگۆڕێت بە وشەی باوی نێو ژینگە کۆمەڵایەتییە تازەکەی، ئەمەش وەها دەکات وشە ئاوەزییەکانی بەرەو پووکانەوە بچن؛ لێرەدا بە چەند نموونەیەک دیاردەکە خویا دەکەین:

ـ بەکارهێنانی وشەکانی « لاق، سینگ، قامک و جەلەێک» بۆ پشدەرییەک کاتێک لە سلێمانی بژیێ.

ـ دێهاتییەکی گەرمیانی کاتێک ئەم وشانە لەنێو شاری کەلار بەکاربهێنێت «بەور، سەنیا، حەمکە، عیش، جمان»

ـ لەنێو هەڵەبجەییەکان ناسینەوەی تۆنی درێژکردنەوەی ڕستەکان کاتێک هەورامانییەک دەئاخوێ.

لێرە بۆ ئەوەی پێش بەو شەرمە بگیرێ، دەکرێ ڕاگەیاندن لەڕێی بەرنامەی ئاڕاستەکراوی پەیامدارەوە، ئەو جۆرە دەربڕین و وشە ڕەسەنانە بخاتە نێو داڕشتەی هەواڵ و بەرنامەکانیانەوە، تاوەکو بە نەوەی نوێ ئاشنا بن و ببنە گوتراوی باوی سەرزاران.

ئەم خۆبەکەمزانی و شەرمە، زۆرجار دەبێتە هۆی دروستبوونی دیاردەی «زێدەڕاستی ـ Hypercorrection » کاتێک ئاخێوەر جارێ تەنها یاسا بنەڕەتییەکانی شێوەزارە باڵایەکە فێربووە، بەڵام وردەکاریی کردارە شاز و دەگمەنەکان نازانێت، بۆ هەمووی یەک جۆر یاسا بەکاردەهێنێت، لێرەدا دووبارە تووشی شەرمێکی دی دێت، کاتێک نازانێ شازەکان لێک جودا بکاتەوە، بۆ نموونە چووبیتە شاری سلێمانی و بڵێی «قەڵەمو وێ بەم؟» لێرەدا «وێدان» چاوگێکی ڕەسەنی دەڤەری پشدەرە، بەڵام لە سلێمانی «پێدان»ـە و لە ڕستەشدا بە جۆرێکی جیاوازتر ڕێکدەخرێ (قەڵەم و بەمێ؟) بەم دیاردەیەش دەگوترێ زێدەڕاستی، بەو مانایەی کەسی خۆگونجێن دەیەوێ دەستبەرداری شێوەزارەکەی خۆیببێت، بەڵام هێشتا ڕەسەنایەتی ڕێگەی نادات وەها بە سانایی دەستبەرداری ئەو شریتە دەنگی و فەرهەنگییە زمانییە ببێت، کە لە ئاوەزیدا چەسپیوە.

۲ـ دەستبەرداربوونی شێوەزاری دایبابان: بەهۆی پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و چۆنایەتیی هاوسەرگیری کوردستان وەهای کردووە زۆرێک لە دایبابان زایندەی یەک گوند یان ناوچەی دیاریکراو بن. ئەمەش وایکردووە شێوەزاری ئاخاوتنی ماڵەوە ڕەسەنتر و جیاوازتر بێت لەو ئاخاوتنە هەژارەی بازاڕ، فێرگە و شار بەگشتی. لێرەدا تاک تین دەداتە خۆی ئەو وشە و دەستەواژە باوانە بەکاربهێنێت، کە هی کۆمەڵگە بچووکەکەی چواردیواری ماڵەکەی خۆیان نییە؛ ئەمەش باندۆر لەسەر کاڵبوونەوەی بەکارهێنانی وشەکانی نێو ئەو فەرهەنگە زمانییە دادەنێت. بۆ نموونە ڕەنگە دایباب لەدایکبووی یەک گوند بن، بۆیە کاتێک پێکەوە دەئاخفن، ڕاحەت و بێ گرێ ڕستەکان دەردەبڕن، بەڵام لەڕاستیدا ئەو جۆرە دەربڕین و وشە و دەستەواژانە، زمانی گوزارشتی ڕۆژانەی منداڵەکانیان نییە لە فێرگە و بازاڕ و شوێنە گشتییەکان؛ لەوانەیە بەشێکی کەم لەو ئەدەبیاتە بەکاربهێنن، بەڵام زمانی شێوەزاری دایبابان هەر لە چواردیواری ماڵەوە و لە دانیشتنە خێزانییەکاندا قەتیس دەبێت و پەل ناهاوێت بۆ ژیانی دەرخێزانی.

۳ـ وێناکردنی نەرێنی: زۆرجار لە دراما و گرتە کۆمیدییەکاندا، بۆ نیشاندانی دۆخی کەسێکی گوندنشین، شێوەی ئاخاوتنەکەی دەکرێتە پێوەری نواندنەکە و کارەکتەرەکە بە ئاستێکی نزمتر لە ئاخێوەرانی دیکەی نێو دراماکە خۆی دەنوێنێت؛ یاخود چاوپێکەوتنێکی ئاسایی کەسێک، وەها دەکات چەند وشە و دەستەواژەیەک ببنە ترێندێکی نەرێنی نێو دنیای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و لێکەوتەی نەرێنی بۆ ئەو شێوەزارە هەبێت؛ ئەم وێناکردنە نەرێنییەی شێوەزارەکان، دەبێتە هۆی سڵەمینەوەی ئاخێوەرەکانی و هەوڵدەدەن ئەو دەستەواژانە بمرێنن کە لەو ترێند و درامایانەدا نەنگییان لێکەوتووەتەوە؛ بێگومان ئەمەش دەبێتە هۆی ئاسمیلەبوونی ئەو شێوەزارە لەنێو شێوەزارێکی گەورەتر لەخۆیدا.

قەڵەمڕەویی سیاسی و شێوەزاری شکۆمەند

کۆمەڵگەکانی دنیا بەگشتی وابەستە و شوێنکەوتەی دەسەڵاتن، دەسەڵات داڕێژەری بنەما کارگێڕییەکان و شێوەی بەڕێوەبردنی جومگەکانی حکومڕانییە؛ بێگومان دەسەڵاتداریش بە زمان و شێوەزاری خۆی دەنووسێت و دەئاخفێت؛ یان لانیکەم دەیەوێ شکۆیەک بۆ شێوەزارەکەی خۆی بنیاد بنێت، کە لە فەوت و نەمان بیپارێزێت.

د.محەمەد مەعرووف فەتاح لەمەڕ جیابوونەوەی زمانە سەربەخۆکان پێی وایە “لە گۆڕانی زماندا دوو ڕووکاری سەرەکی دێنە بەرچاو، ڕووکاری داپچڕان و یەکگرتن. زۆرجار لە مێژوودا دەردەکەوێت، کە زمانێک دادەپچڕێت، بە واتای ئەوەی کەرت دەبێت و چەند زمانێکی تری لێوە پەیدادەبێت؛ دروستبوون و هاتنەکایەی زار و زارۆچکەکانی گێتی، هەر لە ئەنجامی گەشەیەکی مێژوویی واوە دەبێ. نموونەی مێژوویی لەم جۆرە کارە زۆرە، داپچڕینی لاتینی، دەبێت بە هۆی پەیدابوونی فەڕەنسی و ئیتاڵی و ئیسپانی و ڕۆمانیی ئێستە. هەروەها داپچڕینی بنەماڵەی هیندۆئەورووپی بووەتە هۆی پەیدابوونی ئەو هەموو خێزانە زمانە”[1] ئەگەر وردەکارانە ئەم بۆچوونە شلۆڤە بکەین، کە نووسەر پێی وایە زمانە تازەگییەکان لێکەوتەی زمانێکی دیکەی نزیک لەخۆیانن، کەواتە لە سەرەتادا زارێکی ئەو زمانە بوون، بەرەبەرە بەپێی قۆناغە مێژووییەکان لە بۆتەی زمانێکی سەربەخۆدا قاڵبیان گرتووە، کەواتە چ داپچڕان چ یەکگرتن بەشێکن لە پڕۆسەی ئاسمیلەبوونی زمان و شێوەزارەکانی نێو زمانێکی دیاریکراو.

هەر لەو میانەدا نموونەیەکی کەتواری جڤاکی کوردی دەهێنینە بەرباس، کاتێک قەڵەمڕەویی دەسەڵاتی میرانی ئەردەڵان دەگاتە گەرمیان، شاعیرانی کورد لەو ناوچەیە و دەوروبەری، بە هەورامانی شیعر دەنووسن، چونکە لە پاڵ زمانی فارسیدا هەورامانیش زمانی فەرمیی دامودەزگەکانی حکومەت بوو. مەلای جەباری (۱٨۰٦ـ۱٨۷٦) نموونەی دیاری پاشماوەی ئەدەبیاتی هەورامانییە، کە دیوانەکەشی بە هەورامانی نووسیوە؛ ئەوە سەرەڕای مەولەویی تاوەگۆزی و بێسارانی و چەندان شاعیری دیکەی کوردی شارەزوور و گەرمیان، کە بە زمانی ماچۆ ئەدەبیاتی خۆیان داڕشتووە. لە ڕاستیدا ئەمەش جۆرێکی دیکەی ئاسمیلەبوونی شێوەزاری خۆیان بووە، کە لەپێناو خۆگونجێنی و نووسین بە زمانی میر و پاشایان، خۆیان فێری هەورامانی کردووە. ئەم دیاردەیە لە سەردەمی دەسەڵاتی بابانییەکاندا بە جۆرێکی تر دووبارە بووەوە، کاتێک شاعیران و هونەروەران بە شێوەزاری موکریانی بناغەی ئەدەبیاتی میرنشینەکە دادەڕێژن، بەتایبەت لەلای ئەو سێ شاعیرە بەناوودەنگەی بە «سێکوچکەی بابان» ناسراون.

ئەمەش بە کاریگەری بنزاری ئاخاوتنی میرانی بابان، کە بە شێوەی موکریانی ئاخاوتوون. لێرەدا شیعرێکی نالیی شارەزووری بە نموونە دەهێنینەوە، کە سەرلەبەری بە موکریانییەکی بێ گرێوگۆڵ نووسراوە:

“وەرە ساقی ! بە شین و نەدب و واوەی

ئەوا فەرشی حەیاتی خۆم دەکەم طەی

دەزانــی خـــۆ دەچــینە جـێی غەریبان

بە مەرگی خۆت ئەگەر چاوان سیا کەی

گلە ناکەم ئــەوەندەی دەنکــە جۆیێ

ئەگەر کەللەی سەریشم پڕ لە کا کەی

هەموو وەقتم دوعایە، داخۆ کەی بێ

بە تیرێکم شــەهــیدی کــەربەلا کەی

چ خــۆشــــە مــن وەکـو تــازی بــنــۆڕم

ئەتۆش هەروەک غەزالەی بەڕ هەڕا کەی !

بە حەسرەت عومری من یەکبارە فەوتا

مەگەر عومرێ دووبارەم پێ عەطا کەی

گوتــت  نالی ئەتــۆ بمرە ئەمن دێــم

خودا کەی بێ، خودا کەی بێ، خودا کەی”

لێرەدا وشە، واژە و  کردارە ڕێزمانییە موکریانییەکان ڕەنگسوور کراون! بۆ ئەوەی ڕوونتر لەو خۆئاسمیلاندنە تێبگەین، کە چۆن نالی هەروا بە سانایی دەستبەردای شێوەزاری خۆی دەبێت و دێتە سەر مەزهەبی ئەدەبیاتی نووسینی دەسەڵاتی ئەوکاتی سلێمانی، لەکاتێکدا من پێموایە ئەگەر بە قامووسی ئەدەبیاتی زاییندەیی خۆی نووسیبای ڕەنگە ئازادانەتر و دەستواڵاتر بوایە لە هاوتاکردنی سەروا و کێشانەکردنی بەیتەکان، چونکە سروشتی زمان وەهایە شێوەزاری «بیرکردنەوە» بۆ سەرواکاری و هەڵبەست دەوڵەمەندترە؛ بە بڕوای من ئەگەر “هێمن”ـیش دەستی خۆی پێوەند کردبا بە شێوەزارێکی دیکەی غەیرەموکریانی لەوانەیە ئێستا شیعرەکانی هێندە خۆڕەوت و خۆش‌سەروا نەهاتبانە سەرزاران. یانی ئاسمەلەبوونی شێوەزارێک لەنێو شێوەزارێکی دیکەدا، زۆرجار کاریگەری نەرێنیی ئەدەبیشی لێ دەکەوێتەوە،

بەستانداردبوون و لێکەوتەکانی

بێ دوودڵی پڕۆسەی بەستانداردبوون (standardization) بۆ هەردوو زارە سەرەکییەکەی نووسینی زمانی کوردی، پڕۆسەیەکی ناچارەکی و پێویستە. بەڵام دەبێ ئەم کارە مێژوویی و هەستیارە نەسپێردرێ بە میدیا و ناوەندە ڕۆشنبیرییەکان، چونکە لەڕاستیدا ئەمە پێواژۆیەکی تەواو زانستییە، پەیوەستە بە کۆمەڵێک ڕێسا و بنەمای ئەکادیمی، ڕەنگە ڕۆشنبیر یاخود مێدیاکار لێی تێنەگات، ئەم پاشاگەردانییەی ئێستەش، کە هەر دەزگەیەکی ڕاگەیاندن و هەر لایەنێکی سیاسی، لە داڕشتەی هەواڵ و بڵاوکراوەکانیاندا ئەدەبیاتێکی خۆی هەیە و کەس چەمک، وشە و بێژەی ئەوی دیکە بەکارناهێنێت؛ بێگومان ئەمەش لێکەوتەی ئەو دۆخە ناهەموارەیە؛ کە جڵەوێکی زانستیی باوەڕپێکراوی حکومەتی بوونی نییە، هەتا ئەرکەکە بگرێتە ئەستۆی خۆی و پاڵفتە و فلتەری ئەو ناهەموارییە بکات، یانی ناشیێ کاتێک زاراوەیەکی زانستی دێتە نێو زمانی کوردی، زیاد لە پێنج پێشنیاز هەبێت، هەر یەکێکیانیش هی دامەزراوەیەک بێت! لێرەدا بۆ ئەوەی لە بۆتەی بەستانداردبوونی زمانی کوردیدا، هەر شێوەزارێک نەقش و پنتی خۆی تێداببینێتەوە، پێویستە لە ئاستی لێکسیمی و مۆڕفۆلۆجی، بۆ داتاشین و جێکەوتەکردنی هەر وشە و زاراوەیەک، سوود لە باشترین بژارەیان ببینرێ. بەبێ ئەوەی گوێ بدرێتە ئەوەی کە وشەکە یاخود ئامرازە ڕێزمانییەکە هی کام شێوەزارەیە؛ گرنگ بەکارهێنانی بنەمای «گونجاوترین»ـینە. ئەمەش جۆرێکە لە بایەخدانان بۆ دیالێکتەکان و بەهەند سەیرکردنی دەوڵەمەندییان.

لە پڕۆسەی بەستانداردبووندا نائاگایانە شێوەی شێوەزارەکان (وشە و دەربڕینی گوندەکان وەک نموونە) دەکەونە بەر چەرخی بەرداشی «زار»ـی باو، بەهێمنی خۆیان دەتوێننەوە و تەنها لە میحرابی تۆن و ئاوازەدا بوونێکی بچووکیان دەمێنێت؛ هەموویان دەبنە قۆچی قوربانی بۆ زاری سەردەست و باڵا. دواجار ڕەنگە زمانێکی هاوکۆکی ستانداردمان بۆ دروست ببێت، بەڵام ئەگەر بێ پلانڕێژی و بەرچاوڕوونی هەنگاو بنێین دەبێ گەواهیدەری ئەو ڕاستینە تاڵە بین، کە لە ماوەی کەمتر لە پەنجا ساڵی ئاییندە، زمانی کوردیی ستاندارد بووە بە گۆڕێکی گەورە بۆ دەیان شێوەزار و ئەکسێنتی باوی دنیای ئەمڕۆمان!

بۆ پێشگرتن لەو نایەتی و کێماسییانەی لە پڕۆسەی بەستانداردبووندا دێنە ڕێمان، پێویستە هەنگاوی خێرا بنرێ بۆ تۆمار و یادداشتی هەموو ئەو گەوهەرە بەنرخانەی لە قوڕگی بەساڵاچوانی ئێستاماندا هەن، پەلە بکرێ لەوەی زانستییانە بەتەمەنەکان بدوێنرێن و شێوەی ئاخاوتنەکانیان تۆمار بکرێ؛ بیرمان نەچێت هێشتا سەدان بەرهەمی تۆرەڤانیی دانسقە هەن، لە ئەدەبیاتی سنگاوسنگ کە زۆرینەیان حیکایەت، شیعر، لاوژە و  زارگۆتەی فۆلکلۆرین، کە تۆمار نەکراون و بە وەفاتی کەسەکان، لەوانەیە ئەو بەرهەمانەش یان ئەو شێوە ئاخاوتن و وشە و واژە فەرهەنگییانە ئاسمیلەی نێو زارە ستانداردەکە ببن و جارێکی دیکە نەیەنەوە بەر گوێی ئێمە.

 

ئاسمیلەبوون بەپێی ئاستەکانی زمان

شێوەزارەکان بە یەک فۆڕم و لەسەر هێڵێکی هاوتەریب لە زارێکی سەرەکیدا ناتوێنەوە، بەڵکە پڕۆسەکە لەسەر چەند ئاستێک و بە هێواشی ڕەوت دەکا، لێرەدا بە کورتی چەند دانەیەکیان ڕوون دەکەینەوە.

ئاستی دەنگ: ئەم جۆرە توانەوەیە هەتا ئاستی لەدەستدان یان تێچوونی دەنگێکی دیاریکراوی شێوەزارەکە دەڕوات، لە ئێستادا بەکارهێنانی دەنگی /ŋ/  لە شێوەزاری ناوچەی سلێمانیدا لە کورتی داوە، مەبەستمان ئەو دەنگە سەربەخۆیەیە، کە بەهۆی بەیەکگەیشتنی هەردوو دەنگی «ن،گ» یاخود «ن،د» دەرچەی هەوای دەم دادەخات، لە شێوەی «نگ»ـی قووڵ دەردەکەوێت. لە وشەکانی (دەنگ، سەنگ، مەند، چەند) ڕوونتر دەردەکەوێت. یان سڵەمینەوە و خۆپاراستن لە فۆنێمی «ع» لەبەرئەوەی بنەڕەتی وشەکە کوردی نییە. خۆ لەوانەیە لە چەردەیەکی مێژووییدا کوردیش بووبێت، دیسان بەهۆی چەند کارتێکردنێکەوە جێلەق و ئاسمیلە بووبێت!  هەر لە ئاستی دەنگدا هەندێک جار شێوەزارێک دەستبەرداری «ئاوازە Intonation»ـی دەربڕینی خۆی دەبێت و دەیخاتە خزمەتی زاری باڵای باوەوە، ئاوازە دۆخی کورت و درێژی دەستەواژە و کارەکانە، هێزێکی واتاییە لە پشت وشەکانەوە ڕۆڵوازی دەکات، وەک تۆنی قووڵی ئاخێوەرانی بادینان، درێژکردنەوەی دەربڕینەکان لەلای هەورامانییەکان و ئەو هارمۆنیایەی لە شێوەی ئاخاوتنی ناوچەی سلێمانیدا هەیە؛ لەژێر هەر فشارێکدا بێت زۆر جار ئاخێوەر ئەو ئاوازەیە گۆ ناکات و نایکاتە بەشێک لە خووی ڕۆژانە، بەتایبەت کاتێک لەگەڵ ئاخێوەرێکی زاری سەردەست و باڵا قسەدەکات، ئەمەش بەپێی کات ئاوازەکە کاڵ دەبێتەوە و دەبێتە قوربانی زارە باڵاکە.

ئاستی وشە: هەرچەندە وشە زۆر خێرا دەگۆڕێت و دەتوێتەوە، بەڵام بۆ دۆخی ئێستای زمانی کوردی، کە خاوەنی زیاد لە (٣٠٠) فەرهەنگی دەوڵەمەند و وشەدانی بەنرخین، دەکرێ لە هەر سەردەمێکدا ئەو وشانە مردوەژی بکرێنەوە، بۆیە ئاسمیلەبوونیان یەکسان نییە بە لەبەینچوونی یەکجارەکی ئەو وشانە.

ئاستی ڕستە: “ڕستە لە هەموو زماناندا لە «کار» و چەند بەشێکی تری وەک «بکەر، بەرکار، بەرکاری ناڕاستەوخۆ، ئاوەڵکار و ….هتد» هەر یەکێک لەم بەشانە ئەرکێک نیشان دەدا و هەر یەکێک لەم ئەرکانە دۆخێکە [2]case“  لەڕاستیدا ئاسمیلەبوونی بێ ڕەحمانە و گورچکبڕ ئەو جۆرەیە کە لە ئاستی کاری ڕستە و هاوەڵکارەکان پێی خۆی دەچەقێنێت، ئەویش کاتێک شێوەزارێک دەستهەڵگری بنەڕەتە سەرەکییەکانی خۆی دەبێت و بە ئامراز و یاسا ڕێزمانییەکانی زمانێکی دیکە قەرەبووی دەکاتەوە، تەنانەت لە ئاستی ئاسمیلەبوونی زمانیشدا ئەم جۆرەیان زۆر ترسناکە، چونکە ئاخێوەرەکە تەنها سەرسام یاخود ناچاری ئەوە نییە وشەی فەرهەنگیی گۆ بکات، بەڵکو ئامراز و کار و هاوەڵکارەکانیش دەگۆڕێت بۆ زمانی دووەم! کاریگەرییەکانی فارسی بۆ سەر زمانی کوردی لەم خاڵە لاوازەوە دەخاڵەت دەکەن. کاتێکیش دێتە سەر شێوەزارێکی دیاریکراوی نێو زمانەکە، ڕەنگە هێندە بە ئازار نەبێت، چونکە توانەوەکە خزمەتە بە زارێکی هەمان زمان، بەڵام هێشتاش پێویستە بەری پێ بگیرێ و وەک دیاردەیەکی لامسەرلایی لێی نەڕوانرێ. نموونەی ئاسمیلەبوون لە ئاستی ڕستەدا زۆرن دەکرێ ئاماژە بۆ ئەوە بکەین لە شارە فرەنەتەوە تەکنشینەکان، کە عەرەب تێیدا دۆخی ڕۆشنبیری و ئەدبیاتی خۆی زاڵ کردووە، لەو شوێنانە کوردەکان لەجیاتی ئامرازی لێکدەری «هەروەها» بە ئامرازی «ف» جێگەکەی پڕدەکەنەوە: « فە زمانی کوردیش کەم خزمەت نەکراوە!» هەمان ئەو دۆخەی بۆ خویاکردنی بابەتەکە خستمانە ڕوو، بۆ پاشەکشەی شێوەزارەکانیش دروستە، کاتێک لەو ئاستانەدا جێی خۆیان بۆ زارێکی دیکە چۆڵ دەکەن.

ئەوەی دەمەوێ لە کۆتادا بیڵێم پەیوەستە بە گرنگیی مانەوەی هەر شێوەزارێک و پێشگیری لە فەوتان و توانەوەیان؛ ئەمەش لەڕاستیدا کاری دامەزراوە و ناوەندە ئەکادیمییە دەستڕۆیستووەکانە، کە بەرگیری لێبکەن، یاخود لانیکەم بتوانن وەک خەمێک لێی بنواڕن، کە وەک چۆن نەشونمای زمان پەیوەستە بە هەڵپەرداوتی ئامراز، پارتیکەڵ، چاوگ و ڕێنووس، بەهەمان شێوە ڕێگریکردن لە ئاسمیلەبوونی شێوەزارەکانیش دیوێکی دیکەی ئەرێنیی ئەو خزمەتەیە، کە ڕاگەیاندن و مەنهەجی خوێندن دەتوانن هاوکارێکی باش بن، ئەمە سەرەڕای هەوڵی زمانەوان و دەزگا میرییە پەیوەندیدارەکان.

 

 

 

 

 

[1] زمانەوانی، پڕۆفیسۆر د. محمد معروف فتاح/ چاپی سێهەم/ لاپەڕە ١٥٧

[2] *زمانی کوردی لە ئاستی ڕستەسازیدا، پڕۆفیسۆر د. وریا عمر امین لا١٢٢/ چاپی یەکەم