گۆڤارێکی ڕۆشنبیری گشتیی وەرزییە، بەڕێوەبەرایەتی ڕۆشنبیری و ھونەری ڕاپەڕین دەریدەکات

گۆڕانى فۆرمى پەند بۆ ئیدیۆم لە بەستێنی زمانی ھابیتۆسی ئێستا و ڕابردوودا

د. ھەڵمەت بایز

 

پێشەکی

    ڕەھەندی زمان لە ناو کایەی گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکاندا بەتایبەتی لە دەربڕینە زمانییەکان و ئەدەبیاتی حەشارگەیەی دەلالی و گوتارییە، دەکرێت لەناو ھەموو ئەو دەربڕین و کەرەسانەی زماندا گوتارێک یان چەندین گوتار ئامادەییان ھەبێت. بەم تێگەیشتنە له‌ ئیدیۆم و پەندەکان تەنھا دەربڕینێکی ئاسایی زمان و بیر یان دەرھاویشتەیەکی ئاسایی کۆمەڵگا و دەستەجەمعی نین، بەڵکو بەشێکن لە ھابیتۆس و کاریگەری ھەپیتۆیش لەناویاندا ئامادەیە، واتە زمان نەسەربەخۆیە، نە دەربڕینی و ‌ڕەفتاری تاکەکەسیشە، بەڵکوو ھەموو ئەو بیرکردنەوە و دابڕاوانە ڕەھەندێکی کۆمەڵابەتی و گوتارین.

     پەند و ئیدیۆم لەناو کورد بەگشتی و توێژینەوەی کوردی بەتایبەتی، وەک کەرەسەی نوێ«نەوەی زمانەوانی و ئامۆژگاری و ڕەھەندە کۆمەڵایەتی و دەروونییەکان سەیرکراوە، بەبێ ئەوەی بخرێتە ژیر تیشکی تیۆری و چەمکە نوێیەکانی زاستە مرۆییەکان بۆئەوەی ئەو گوتار و دەلالەتە قووڵانە کەشف بن، کە لەدەرەوەی فۆرمی باوی تێگەیشتن دان. ئەو وتارە ھەوڵێکە بۆ شۆڕبوونەوە بەناو ئەو ھۆکارانەی وەک ڕەھەندی کات و گوتار و ھابیتۆس ڕۆڵی گۆڕانی پەند بۆ ئیدیۆم و گۆڕانی فۆرم و دەلالەتەکانیان دەبین. لەژێر  ڕۆشنایی  تێگەیشتنی چەمکی ھابیتۆسی بۆردیۆ و گوتاری فۆکۆ ڕاڤە کراوە.

 

گۆڕانی پەند و ئیدیۆم لەناو کایەی زمانی و کەلتووریدا

بەشێوەیەکی گشتی زمان و زارەگۆتەی خەڵک وەک پێکهاتە و دەلالەت جێى بایەخن. پەند و ئیدیۆم  وەک پێکهاتەیەکى کولتوورى و دیاردەى زمانى و هزرى ڕیشەیەکى ئاگاییانە و نائاگاییانەى بیرکردنەوەى کۆمەڵایەتییە و بەشێکە لە بنیاتی بیرکردنەوە و ڕەفتارى تاک و کۆمەڵگا، واتە تاک ئەو تێگەیشتنەى بۆ ژیانی دەورووبەر هەیەتى، وەک تێدابوون پەیوەستە بەو ھابیتۆسەی بۆى سەپاوە و بۆی ماوەتەوە، ئامادەیی پەند و ئیدیۆم ئامادەییەکی زمانی و کولتوورییە، تەنها بابەتێکى فۆلکلۆری و حیکمەتى پێشینان و ئەزموونى ژیان نین، بەڵکوو ئامادەیی دەلاتەکانی دەسەڵات و زمانە لە ناو پکھاتەی کۆمەڵگادا.

فۆلکلۆر پەیوەندییەکى تۆکمەى لە ژیان و گوزارانى کۆمەڵگادا هەیە، دەربڕی پەیوەندییەکانى مرۆڤە، بە مرۆڤ خۆی و ژینگە و کۆمەڵگاکەی، بۆیە دەبێتە مێژوویەکى ڕاستگۆییانەى ئەو پەیوەندییانەى کەلێیەوە دەدوێت، بە پێچەوانەی ئەدەبی کلاسیكییە کە زۆرجار بەرهەمى دەستەبژێرێکە[1]. هێزى ئەدەبیاتى فۆلکلۆرى لاى کوردی وەک ئەدەبیاتی گەلان هێزێکى بەردەوامى و زیندوویەتى و گوێزراوەى هەیە، تەنها لەناو مێژوودا قەتیش نابێت[2]. بەڵکوو بەھۆی ئەو تێدابوونەوە لەگەڵ کۆی کایەکانی توێژینەوەدا چەمکە ھزری و دەروونی و کۆمەڵایەتی و ڕەخنەییەکان لە پەیوەندیدا دەبێت. پەند نموونەیەکە لەو ئەدەبیاتە زارەکییە، بەشێوەیەکی سادە و تاک لایەنە دروست ناکرێـت، تەنانەت ئەگەر کەسێک خۆشى بێژەرى پەندەکە بێت، پێویستى بە مۆرکى کۆمەڵایەتى و پەسەندبوون و بڵاوبوونەوەیە، چونکە دەربڕینە تاکەکەسییەکەش ڕیشە و ھەلومەرجی ناو زمان ھێزی کۆمەڵایەتی پێشتری هەیە. بەو تێگەیشتنە پەند ڕیشەیەکى بنەڕەتى و کۆمەڵایەتى و حەقیقەتێکى کۆمەڵایەتى دەگرێتەخۆ و دەستاودەست دەکات و بەشدارە لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا، بۆیە هەر مامەڵەیەک لەگەڵ پەند دا مامەڵەیەکى پێکهاتەى بیرکردنەوەى کۆمەڵایەتییە.

پەند لە پەیام و پەیوەندی زمانیدا لەگەڵ ئیدیۆم ھاوبەشە بۆیە ((زمان، کاراترین ئامراز و هۆکاری کاریگەرە لە پەروەردە و گەشەی کۆمەڵایەتی و گەیاندنی کولتوور و دروستکردنی پەیوەندی و… هتد. ئیدیۆمەکانیش، وەک کەرەستەیەکی زمانی، کە بەشێکن لە هۆشیاریی گشتی و لە ئەزموون و کولتوری کۆمەڵەوە سەرچاوە دەگرن، کەواتە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆیان بە کەسێتییەوە هەیە، چونکە لە کۆمەڵەوە فێریان دەبین و بە مەبەستی ڕاڤەکردن و پۆلێنکردنی کۆمەڵ و دەورووبەر، بەکاریاندەهێنینەوە.))[3] لەو ھەلومەرجەشەدا زۆجار ئەو پەندە وەک گۆ‌ڕاوێکی زمانی و شێوازی دەبڕین دەبێتە ئیدیۆم، واتە پەند و ئیدیۆم لەباری زمانی و شێوازیی و دەلاتەوە پەیوەندیییەکی ھاونزیکیان ھەیە، ھەربۆیەشە لەو نووسینەدا لە پەیوەندی گۆڕاوییەکەیدا دەدوێین. گۆڕانکاریی لە پەند بۆ ئیدیۆم بەپێى لێکدانەوەى زانستى زمان وەک سیستەمی نیشانەناسى چڕکردنەوەى واتایە و نیشانەکە گۆڕاوە. لەلایەکی دیەکەشەوە زمانی مرۆڤ هەمیشە بەرەو ئەوە دەچێت کە کەمترین وزە و وشە بەکاربهگنێت بۆ گەیاندنی زۆرترین واتا. مێشک ئیدیەم و پەند وەک یەک کۆد مامەڵەیان لەگەڵدا دەکات، کاری بەکورتی درێژیو شێوازەکە نییە.

پەند گرنگە ھەلومەرجی دەرکەوتنی بزانرێت، وێڕای ئەوەش بەستنەوەی  بەچینێک یان دژە چینێک ئاسان نییە، یەکێک لەو تێگەیشتنانە بەدیدی مەسعود محەمەد دژى ئەو بۆچوونەیە کە پەند مەسەلەى چینایەتى هەبێت و پەیوەست بێت، یان بە دژى زۆردارى لە مللانێ دا بووە و هەیبەتشکێنى داهێنراوى زۆردار هەڵى بەستبێت، بەو تێگەیشتنەشە پێی وایە فۆلکلۆری کوردی وەک سەرخانى ماددى کورد دەنگدانەوەیەکی عەفه‌وی چەند و چونی واقیعە، لە چاو ئەدەب و زانست مزگەوت ھەژارە. لەگەڵ هەژاری و سەرەتایی خوشییەوە بەرهەمێکی هونەری و زیهنییە، لەچاو واقیعی ماددی یەکجار گزی بێ تین و تاوە، ڕەنگێکی ئەریستوکراتی لەخۆی هەڵسووە و تەواوێک نازوفیزی بەسەر چەرمەسەری و کوێرەوەری کردووە و بەزۆری دەوری ڕەزم و ئایین و دڵداری داچووە و کەمتر لەگەڵ چینایەتى و پیشەیی خەریکبووە، بەڵکوو ئەگەر هەشبن وەک خزمەتکارى و سێبەری بابەتەکانى دیکەى بەرژەوەندى بوون، پیاهەڵدانى بە باسکی یار و خەنجەری گەنج و خەلیل و پەری و خەزنە و ڕەخش و جنۆکە و فریشتە و پاشا و مەلا و شێخ و ئەو شتانەوە، گوێی بە گیانى پڕجۆش و خرۆشى شۆڕشگێری نەداوە[4]. لەگەڵ ئەو تێگەشتنەش بێت پەند و ئیدیەم وەک ھابیتۆس گوتارێکیان ھەیە، ئەو گوتارە جێی سەرنجە، بەگۆڕانی ئەرک و ئامادەیی و نا ئامادەیی ھەر بابەت و ناوەرۆکێک لەناو ئەو پێکھاتە زمانییەدا پەیوەستراوە بەدیوە کۆمەڵایەتییەکەیەوە، واتە بەشێکە لەو نەسقە کۆمەڵایەتی و ئاینییە و سیاسییەی کە لە ڕێی زمانەوە کەشف دەبێت، چونکە زمان تەنها زمان نییە، بەشێکە لە دەسەڵات و گوتار.

دیوێکی دیکەی پەند چ وەک کردەیەکی دەقاوێزانی یان ئەزموونی کەسی و ئەزموونێکی کۆمەڵایەتی، زۆرجار فۆرمى ئامۆژگارى ھەیە، ھەرچەندە ئەو ئامۆژگاری بوونە لای شاعیرانى کلاسیکى و شاعیرانى نوێ دەبنرێت، ئەو ھەناسەیە بەشێکە لەو سیاقە پەندخوازى و مرۆدۆستى و کاریگەرییە شیعرییەی کەپەند ئامێزە، لەگەڵ ئەوەشدا شیعری پەندئامێز, وەک پەند نەیتوانیوە ئەو تێگەیشتنە وەک جێگرەوە بخاتەڕوو، وەک لە پەندەکانى پیرەمێرددا هاتووە:

لە دووى سیاسەت خۆت مەخەرە بەند

ڕێوى قەواڵەى پێبوو پێستیان کەند[5]

زمانە شیعرییەکە و شێوازی دەربڕینەکە لەو شیعرە پەند ئامێزەدا لە ئاستێکی خوێندەواری خۆی قەتیس دەکات، کەمتر لە ئاستی گشتی و کۆمەڵایەتیدا دەتوانێت وەک دەستاودەستی گێڕانەوەیی بکات. وەک کۆیادەوەری گوێزانەوەی ھەبێت.

بەپێی بارودۆخ و گۆڕانى کۆمەڵایەتى پەند و ئیدیۆم دروست دەبن، بەپێى گۆڕانى کۆمەڵایەتى و سیستەمى ئابوورى و سیاسى و کۆمەڵایەتى واتای ئیدیۆم و پەندەکەش دەگۆڕێت. بۆ نموونە ئەو شێوە ژیانەى ئێستا هەیە کە مرۆڤ ڕاکە ڕاکەى شەو ڕۆژ ھەیەتى بۆ کۆکردنەوەى سەروەتی زیاتر و پێشبڕکێی دنیا، ھاوکاتی ئەوەش دروستبوونى شار و گۆڕانى سیتسەمى ئابوورى کشتوکاڵى بۆ مووچە و مامەڵە و ئابوورى سەرمایەداری و سەرمایەى کولتوورى قەناعەتى ژیان و ڕەزامەندى بۆ ژیان دەگۆڕێت. دەلالەت و گۆڕانی پەند و ئیدیۆمەکانیش لەگەڵییدا وەک دەسەڵات و هاتنەپێشى ئایدۆلۆجییەکانیش دەگۆڕێن.

کاتێک وەک پەند دەڵێن: (دەست بەکڵاوی خۆتەوە بگرە با نەیبات). (دەستێک نەبرێت ماچ دەکرێت). بەھۆی ھاوئاھەنگی گوتاری ھاوگوتاری، هێشتا لە کایەی سیاسیی ئێستای کوردیدا بەهێزن. وەک دەسەڵات لەپشتی برەودان و بەردەوامی ئامادەیی دەبێت. لاى فۆکۆ دەسەڵات ((بریتییە لە کۆمەڵێک هێز کە لە خاڵی جیاجیادا بڵاوبوونەتەوە، واتە دەسەڵات خۆی لە خۆیدا بوونی نییە، بەڵکوو پەیوەندی نێوان ئەو هێزانە دەهێنێتە ئاراوە. پێناسەکەى فوکۆ بۆ دەسەڵات، تا ڕادەیەکی زۆر ناتەبایە لەگەڵ تیۆرییە کۆنینەکان، لیبڕاڵەکان، تەنانەت مارکسییەکانیش بۆ دەسەڵات. ئەوە جەخت دەكاتەوە، کە دەسەڵات شت نییە، بەڵکوو پەیوەندییە، هەروەها خۆی لە خۆیدا سەرکوتكەر نییە، بەڵکوو بەرهەمهێنەرە))[6] لە لایەکی دیکەشەوە گوتار دەسەڵات دەخاتەگەڕ، بەرهەمى دەهێنێت و بەهێزى دەکات[7]

ئەگەر پەندەکان لە پێشتر دەرھاوشتەیەکی دەرەبەگایەتی بێت، یان ھەر دەسەڵاتێکی دیکە، ئەو واتای ئەوە نییە لەگەڵ سڕانەوەی دەرەبەگایەتی یان فۆرمێکی دەسەڵات ئیتر دەست بەکڵاوگرتنەوە کۆتایی دێت، بەڵکوو ھەمیشە ئایدیۆلۆژیایەکی دیکە ھەیە، درێژکراوەی ئایدیۆلۆژیای پێشترە، یان بنەمای ھاوبەشی ھەیە، فۆرم دەگۆڕیت، بەڵام ناوەرۆک ناگۆڕێت. ئەو ئایدیۆلۆژیایە یان سیتسەمە سیاسی و کۆمەڵایەتییە کە لە ژێر گوتاری خۆیدا دەیھێڵیتەوە، بە ئامرازەکانی خۆی گوتاری ئەخلاقی و مانەوە پاراستنی بەژەوەندی و باشە و خراپە درێژەی پێدەدات، واتە پەندەکە (دەست بەکڵاوی خۆتەوە بگرە با نەیبات)بۆ ئەمڕۆش ھەر دەمێنێتەوە، یان بەشێوازی دیکە بەرھەمی دەھينێتەوە وەک دەڵێن: (ژیان قیتارە، خۆی پێوەکە، لە کوێ ‌ڕاوەستا، تۆش دابەزە) یان فۆرمی پەندەکە بۆ ئیدیۆم بەدوو شێوە دەگۆڕێت، یەکیان پەندەکە دەکاتە و ئیدیۆم وەک دەڵێن: (کڵاوی خۆت بگرە)، ئەوەی دیکەشیان دەلالەتەکانی ئیدیۆم جێگرەوەی ھەمان دەلالەتەکانی پەند دەبن. بۆ نموونە لە نوێترین دەرکەوتەکانی ئیدیۆمی وەک: ڕادیۆیە، هیچى دەگە چدانییە، دەست لە کونان وەنادات…

لەگەڵ ئەوەشدا مەرج نییە ھەموو پەندێک ببێتە ئیدیه‌م. یان ئیدیۆم ببێتە شوێنگرەوەی ئیدیۆم، چونکە ئامانجی ھاوبەشیان  پەند و ئامۆژگارییە، ئەو ڕەھەندەش کەم تا زۆر ماوە، دیوێکی دیکەی پەند زۆر لە ژیانی ڕۆژانەدا دووبارە دەکرێنەوە و واتاکەیان بۆ خوازە دەگوازرێتەوە و دەبن بە ئیدیەم. وێڕای تایبەتمەندی کات کە بەپێی گۆڕانکاریی کۆڵامەیەتی بەھۆکاری سیاسی و ئایدیۆلۆژیی ئەم گۆڕانەش گرنگە، بەڵام ئەو کۆیادەوەری و ژیانی ھاوبەش و کۆنتێکستی ھابیتۆس وەک کۆیادەوەری بۆ بەرھەمھێنانەوە گرنگە. بۆ نموونە ئیدیۆم و پەند بە بەراورد بە شیعر وەک ئامۆژگارییەکى کەسی و ئەزموونی ژیان زۆرجار وەک پەند و ئیدیۆم نابنە کۆیادەوەرى، لەناو کۆمەڵدا بەئاسانی وەک وتنەوە جێگای نابتەوە. بۆ نموونە خاڵۆ وەک شاعیر وەک پەند شیعر و ئامۆژگاری زۆری ھەیە، ئامۆژگاری کوڕەکەی دەکات و لە ڕێگای ئەویشەوە بۆ کۆمەڵگاکەی ئەو شیعرە ئامۆژکاری و پەند ئامێزانە دەڵێت. وێڕای ئەوەش ئەو پەندانەی کە بەکاری هێناون لە نێوان لاپەڕە ٣٦٥-٣٧٦ ژمارەی بەکارهێنانی پەندەکانی ١٤١ پەندە لە ٩٠ دێڕە شیعردا[8]. وەک ئەزموونی کەسی و ئامۆژگاری وەردەگیرێن:

ئەگەر قایمقام بووى لە مەرکەز سەرا

لەگەڵ زۆردارا مەبە بە برا

بۆخۆت شەریک بی لە وەى کەکرا

هەژار وەدەرنێن بە قرمە و هەرا [9]

 

چەمکى ھابیتۆس پەیوەندی بەگۆڕانی پەند  و ئیدیۆمەوە

 

چەمکی هەبیتۆس یەکێکە لە چەمکە سەرەکییەکانی ناو کارەکانی کۆمەڵناسی فەرەنسی بۆردیۆ. ھابیتۆس وەک غەریزەیەکی کۆمەڵایەتیی ڕێبەرایەتی چۆنیەتی ڕەفتارەکانی مرۆڤ دەکات، کە کاریگەریی لەسەر شێوازەکانی بیرکردنەوە و هەستکردن و کار و کاردانەوەکان ھەیە. خوەکانی مرۆڤ لە ڕێی ھابیتۆسەوە دەبێتە هۆکارێک بۆ نیشاندانی جیاوازییە ڕەفتارییەکان. بنچینەی چینایەتی و پەروەردەیی و بنەماڵەیی، زۆر جار بە شێوەیەکی ناخودئاگایانە، بۆ دەرکەوتنی ڕەفتارەکانی مرۆڤ خۆی دەردەخات[10] ھابیتۆس  ئەو غەریزە کۆمەڵایەتییەیە کە ڕێنمایی چۆنیەتی ڕەفتارکردنی مرۆڤەکان دەکات. واتە ئەو هێزە ناوخۆییەیە کە گۆڕانی زمان و کولتوور دەگوازێتە سەر شێوازی قسەکردن، یەکێک لەو گۆڕانکارییانەی پەیوەندی بەو گۆڕان زمان و شێوازی دەربڕینه‌ ھەیە، گۆڕانی پەندە بۆ ئیدیۆم. هابیتوس ((ئەو (دووربین)ە یە کە ئێمە لە پێشینەکانمانەوە بەمیرات بۆمان ماوەتەوە و بەپێی ئەویش کە میراتییە، ناچارین لێوەی بڕوانینە جیهان و شتەکان. بەڵام لە هەمان کاتیشدا دەتوانین بەهۆی ئەو ئازادییە ڕێژەیییەی هەمانە، چاوی دووربینە میراتییەکەمان بەپێی کات و هەلومەرج و شوێنەکانمان سەرلەنوێ میزان بکەینەوە و هەم لێوەی بڕوانین و هەم پێی بڕوانین))[11] جاران ڕکێفی زمان لەبن دەسەڵاتی کۆمەڵ و حیکمەتی پیران و ئەزموونی کۆمەڵایەتی دیوەخان و پیاوسالاری بوو، ئەوەش بووە ھۆی ئەوەی بە ئاگایی و نائاگایی ئەو ڕەھەندە ھابیتۆس گوێزانەوەی ڕابردووە وەک تێگەیشتنە کۆمەڵایەتی و بەھائاینییەکان بگوارێنەوە، ھاوکاتی ئەوەش کەرەسەکانی ژیان و دەوورووبەر وەک بەرھەمی ھێز، کار و ئەزموون بەشدارن لە پێکھاتەی ھابیتۆس و دواتریش پێکھاتەی بیرکردنەوەی تاک و ‌ڕەفتارەکانی ئاراستە دەکات.

ئەم گۆڕانەی دنیای ئێستای مۆدێڕن و پاشمۆدێڕن، چیتر ملکەچی ئەو پەیوەندییە گوێزراوانەی ناوەی کۆمەڵگا نابێت، بەڵکو ھەپتۆسەکەی بەشێوەیەکی زۆر فراوانتر ئەو سیمایانە نیشان دەدات، مرۆڤی ئێستا چیتر نایەوێت ملکەچی یاسا کۆنەکان بێت، بەپێی بەرژەوەندییە خودییەکانی خۆی وەک ئاگایی و سیستەمی کاریگەر بەسەر تاک خۆی دەچێتە ناو زمانەوە و ئەوەی دەیەوێت گوزارشتی لێ دەکات. بەنائاگاییش تاک دەچێتە ناو ئەو سیستەمە گەردوونییە جیھانییەی مێدیا و ئامرازەکانی ھەڵوسوڕاندنی تاک، خووە کۆمەڵایەتییەکەی و بوونە کۆمەڵایەتییەکەی وەک ھابیتۆس دەگۆڕێت. ئەو گۆڕانکارییانە، واتە ئەو گۆڕانکاریه‌ن لە ھابیتۆسدا. ئەو تێگه‌یشتنە ھابیتۆس بەرھەم ده‌ھيننەوە و گوزارشت و بیر ڕ ڕەفتاری تاک لە ڕێی ئەو زمانە دەگۆڕێت کە دەلالەتەکان دەخاتەڕوو، کەواتە ھابیتۆسی جاران قسە ڕاستەوخۆ دەستەجەمعی و ئامۆژگاری و پەندە و حەقیقەتێکی بابەتی و ئایدییۆلۆژیای کۆمەڵە، لەبەرامبەریشدا ھابیتۆسی نوێ زمانی خودە، زمانی مەجاز و توانج و شاراوە و ئیدیۆمیە. بۆیەشە لای بۆردیۆ زمان وەک ئامرازێکی سادە نابینێرێت، بەڵکوو وەک سیستەمی دەسەڵات، چینایەتی و کۆمەڵایەتی دەبینێت.

ھەندێک لە نموونەی ئەو پەندانەی کە ھەن و لە ئێستادا بۆ ئیدیۆم گۆڕاون و پەیوەندییان بە گۆڕانی ھابیتۆسەوە ھەیە، وەک دەڵێن:

ئەگەر ھەی بە مام و خاری ئەگەر نی، فەقیر و ھەژاری.

لە پەندەکەدا پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان بەھێزن، ئامادەیی خزمایەتی ھەیە، زمانی پەندەکە زمانێکی شیعری و درێژداڕی و دەستەجەمعی و لە ڕووی پەیوەندی کۆمەڵایەتییەوە نەریتییە، بەڵام کاتێک وەک دەڵێین:

کەس ئی کەس نییە.

نموونە و کەرەسەکان وەک بەستێنی کات و ھابیتۆسەکە وەرگیراوە، کەس دۆستی کەس نەبوون، سیمای ئێستایە، پەیوەندییە پچڕاوییەکان لە ئارادان، واتە لە ھەردوو پەندەکەدا گۆڕان لە پەیوەندییەکاندا ئامادەیە، بەڵام وێڕای جیاوازی لە شێوازی دەربڕین ھەیە، پەیوەندییەکانی کۆمەڵایەتی لە پەندەکە ئاماژە بۆکراوە بۆ پەرۆشی خزمایەتی ھەیە، لە ئیدیۆمەکەدا (ھیچ کەس) لە پەیوەندییەکە ئامادەیە، لە پەندەکەدا پرسی فەقیری دیارە، بەڵام لە ئیدیۆمەکەدا کێشەکە لە فەقیرییەکە قووڵترە. وشەی کەس نادیارە لەناو زماندا بزرە و ھەموو کەسێک لە ڕەتکردنەوە و دووری پەیوەندییەکانی بازنەدایە.

گۆڕانی کولتووری (وەک شارنشینی، میدیا و سیاسەت) شێوازی بیرکردنەوە و قسەکردن دەگۆڕێت، بۆیە پەندە کۆنەکان کە زۆرجار درێژ و ڕاستەوخۆن، بە دووبارە بەکارهێنان و گونجاندن لەگەڵ بارودۆخی نوێ، واتایان دەگۆڕێت، یان دەبنە دەربڕینێکی کورت و مەجازی وەک ئیدیۆم. جاران چاوەڕوانی و گۆڕانکاری وەک چارەنووس پشت بەھیزی غەیبیات و ھیوای گۆڕانکاری، ھەبوو، چونکە بەستێنی ھابیتۆسی پێشتر بەستێنیکی ئاینی پتەوبووە، زوڵم و زۆرداری بەردەوامییەکەی کاتی و سنووردارە، وەک ھەموو ئەو ھێما ئاینین و چیرۆکانەی ھەن و لە قورئانی پیرۆزدا ئاماژەیان بۆ کراوە. وەک ھابیتۆس ڕۆڵی لەباوه‌ڕ و ڕەفتاری و زمانی دەربڕینی تاک ھەیە. وەک ئەو پەندەی کە چیرۆکی خۆی و دەڵێ: (بنوو ئەى نەجاڕ بێ خەم و خەیاڵ خوا یەکە و دەرگاى هەزار)، وێڕای ئەوەی لە ئێستاشدا بەھۆی کاریگەری ئاینەوە لەنا ئیدیۆمدا دەوترێت (خودا گەورەیە)، بەڵام ئەو واتا دەلالییەی نییە، کە مرۆڤەکان پشتەستوور بکات، یان بەواتایەکی دیکە چینێک لە  ئێستادا ئەوە دەڵێت کە دیندارە و لەژێر کاریگەری ئەو ھەبیتۆسە دینییە دایە. لەبەرامبەر ئەوەشدا ڕۆڵی ئامۆژگاری و باوه‌ڕ لەناو ئەو تێگەیشتنەوە وەک زمان گۆڕاوە و لەناو زماندا ئەو تێگەیشتنە ھەڵی دەگێڕنەوە و بەزۆر دەستەواژە ئامادەیە، وەک دەڵێن: (زۆری برد، کاریان لێناکات، ھەروەبووە و ھەروەش دەبی، تاقیامەت ھەر ئەوەیە…)  گۆڕانی پەند بۆ ئیدیۆم لێرە نە تەنها دیاردەیەکی زمانەوانییە، بەڵکو وەڵامێکی کۆمەڵایەتی و ئاینی و سیاسییشە وەک هێز، چونکە دەکەونە ناو چاودێری و کۆنترۆڵی ھێز و گوتارەوه‌. بەهۆی بەکارهێنانی بەردەوامی خەڵک، گۆڕانی واتا، کورتبوون و کاریگەری کولتوور بەردەوام دەگۆڕێت.

دیوێکی دیکەی ھێزی گۆڕاوی پەند و ئیدیۆم لەناو کاتی ئێستا و ڕابردوودا وەک ھێز و گوتار بەکاریگەری ھێز و ڕاگەیاندنی سیاسی پەندەکان ئاراستەی دەلالییەکەیان دەگۆڕێت، لەباری کۆمەڵایەتی دەبنە باری سیاسی، یان وەک گوتاری سیاسی دەبنە گوتاری شاراوە و وەک ھێزی ھەژموونی کار دەکەن. بۆ ئەوەی دەلالەتی پەندەکان بەپێی ویستی ھێز بێت: (ئەوەی دەست لە کونان وەرنەدات ماری پێوە نادات)، لە بنەڕەتدا خۆپارێزی مامەڵەیەکی سوشتییانەیەی ھەیە، لە ئێستادا بەھۆی بارگاویی بەویست و ھزری سیاسی کەس بیری بۆ کونەمار و دیوە کۆمەڵایەتی و ئامۆژگارییەکە ناچێت، بەڵکوو ‌ڕەھەندە ئامۆژگارییەکە بووە بە ڕەھەندێکی ترس، ئەو تێگەیشتنە بە واتا فۆکۆپیەکەی ھەمان ئەو گوتارەیە کە لە جیاتی دامەزراوەی سەرکوتکەر دامەزراوەی کولتووری و کۆمەڵایەتی بۆ چەسپاندنی ئیش دەکات.

ئەو دیاردەیە تەنھا پەیوەندی بەکوردەوە نییە، بەڵکوو لە بنەڕەتدا پەیوەندی بەگۆڕانی ھێز و ھێزی ڕاگەیاند و بەستێنی کات و کردەی ھابیتۆسەوە ھەیە. لە زمانی ئینگلیزیدا لەبەرامبەر ئەو پەندەی کە لە کوردیدا دەڵێن: (سەرەمران لە پایزدا بژمێرە) دەڵێ: “Don’t count your chickens before they are hatched” (جوجکەکان لە پێش ھەڵێنانیان مەژمێرە) لە لایەک گۆڕان لەپەندەکە ڕوویداوە وەک ئیدیۆمی لێھاتووە:  Counting chickens لەبارێکی دیکەشدا لە ڕووی بەکارھێنانی سیاسیشەوە دەڵێن: Stop counting your chicken. وەک کێبڕکێی سیاسی و ڕووبەڕووبوونەوەی یەکتر بەکارھاتووە، لایەنی بەرامبەر دەڵێ: بانگەشەکانتان دوایی دیاردەبێ چەندە. ئەوەی لێرەوە جیاوازییەک لە باری گوتارەوە و ھابیتۆسەوە ھەیە، ئەوەیە لە کوردی و ئینگلیزیدا ھەردووکیان دەبنە ئیدیۆم و بواری سیاسی دەگرنەوە، بەڵام جیاوازبوونیان ئەوەیە، وەک گوتار ململانێی ڕەتکردنەوەی بەرامبەر جیایە، لە ئیدیۆمی ئینگلیزییەکەدا بۆ وەسفی خۆشباوەڕیی سیاسییە، لە کوردیدا بۆ شکست و بێئومێدی و خۆپارێزی لەبری ڕووبەڕووبوونەوەیە.

دەنگی نەوەی کۆن و سیستەمی بەهاکانی ئیدیۆم لە دەنگی ژیانی ڕۆژانە و گوتاری نوێدا، گۆڕانی ھابیتۆسی کۆمەڵایەتی وای کردووە زمانەوانی لە پەندەوە بگوازرێتەوە بۆ ئیدیۆم و دەربڕینی دەلالی. لە ئێستادا لەبری ئامانجی سەرەکیی ئامۆژگاری، زیاتر پەیوەندی و کاریگەرییە، ئەو پەندانەی کە لە ناو ھابیتۆسی نوێدا زیاتر بەکار دێن: واتایان دەگۆڕێت،  کورت دەبن، جێگیر دەبن، و دەبن بە ئیدیۆم. بەڵام ئەمە وەک باسکرا واتای مردنی پەند نییە.

ئەنجام:

  • ھەلومەرجی دەرکەوتنی پەند و ئیدیۆم پەیوەندی بە ھەلومەرجی کۆمەڵایەتی و ھابیتۆسەوە ھەیە، بەپێی گۆڕانی ھابیتۆس دەلالەت و پەیامی پەند و ئیدیۆم دەگۆڕێت.
  • بەشێوەیەكی گشتی لە ئێستادا لەبری پەند، ئیدیۆم زیاتر ئامادەیی ھەیە، بەڵام ئەوەش بەواتای پاشکەکشەی تەواوەتی پەند نییە، بەڵکوو یان فۆرمی پەندەکە بۆ ئیدیۆم دەگۆڕێت، یان ئەرک و پەیامی مەبەستی پەندەکە بەندە بە دەسەڵات و گوتارەوە.
  • کولتووری کوردی بەپێی کاتی ڕابردووەوە ڕەھەندێکی ئامۆژگاری و کۆمەڵایەتی لە پەندەکاندا ھەبووە، بەڵام لە ئێستادا وەک دۆخی پۆستمۆڕن ڕەھەندە ئامۆژگارییەکە و پەیوەندییە کۆمەیەتییەکە لاوازە.

 

[1] حیدر عمر، أدب الفوکلور الکردي، دارخاني، الطبعة الاولى، 2018، ص38.

[2] باسيلي نكيتين، الكرد، ت/ د. نوري طالباني، دارالنشر غير معروفين، الطبعة الأولى، 1998، ص410-411.

[3] هێمن عەبدولحەمید شەمس (٢٠١٨) ‘پەیوەندی و کارلێکی زمان و بیر: تابۆی سێکسی بە نموونە’، گۆڤاری زانکۆ بۆ زانستە مرۆڤایەتییەکان، ٢٢(٣)، ل١٣٨–١٥٥.

[4] مەسعوود محەمەد، حاجی قادری کۆیی، بەرگى یەکەم، چاپى دووەم، دەزگاى چاپ و بڵاوکردنەوەى ئاراس، ٢٠١٠، ل١٧٧- ١٨٠.

[5] پەندەکانى پیرەمێرد، کۆکردنەوەی ڕەفێق ساڵحى و ئەوانیتر، چاپى، دووەم بڵاوگەى هەژار، ١٣٩٣، ص٥.

[6] فرانسوا دۆس، کۆمەڵێک نووسەر، ٢٠١٧. جیهانی میشێل فۆکۆ.و؟ ئاوات ئەحمەد سوڵتان. چاپى دووەم. سلێمانی/هەولێر: چاپخانەی ئەندیشە، ل١٤٣.

[7] میشێل فۆکۆ (٢٠١٧) دەسەڵات و زانین (یان بابەتە پەیوەندیدارەکان). وەرگێڕانی کاوە دەستاور. چاپى یەکەم. سلێمانی: ناوەندی بڵاوکردنەوەی ئەندێشە، ل.ل. ١٦٥-١٦٧، ٢٠١.

[8] بڕوانە: أ. م. د. مەهدی فاتیح عومەر، ڕۆڵی خاڵۆ لە پاراستنی پەندی پێشینانی كوردیدا(بەراوردێكی پەندەكان لە نێوان پیرەمێرد و خاڵ و خاڵۆ دا) ، مجلە جامعە كركوك/ للدراسات الإنسانیة المجلد : ١٤ العدد: 1 لسنة، ٢٠١٩، ل٣٢٠.

[9] دیوانی خاڵۆ (محەمەد دەروێش مارف عەلی نۆڕەبابی)، كۆكردنەوە و ساغكردنەوە و فەرهەنگ: مەهدی فاتیح عومەر، چاپی یەكەم، چاپخانەی وەزارەتی ڕۆشنبیری، هەولێر، ٢٠٠٩، ل٣.

[10] لە دیدار لەگەڵ هاشم ئه حمه دزاده، سازدانی ئازاد حاجی ئاقایی، گێڕانەوە: زمان، مێژوو و ڕۆمان، ژمارە٨-٩، ١٣٩٧، هزرو بیر ـ ل٧٥