دۆنی ئارام _ میخائیل شۆلۆخۆف
شهوێن
ڕووباری دۆن ھەمیشە ئارامە، کڵ و شەپۆلی کەمە، بە پێچەوانەوە دانیشتوانی کەنارەکانی شپرزە و پەشێون. لەم گۆشەیەدا ڕۆمانێکی بەناوبانگی ئەدەبیاتی ڕووسی کورت دەکەینەوە، ئەو ڕۆمانە بەچێژەی، لاپەڕە خوێناوییەکانی جەنگی جیھانی یەکەم و ھەڵایسانی شۆڕشی پڕۆلیتاریا و پێنج ساڵ شەڕی خوێناوی نێوانی لایەنگرانی تزار و لەشکری فیوداڵەکان لە لایەک و سوپای کرێکاران و ڕەنجدەران (سوپای سوور) لەلای دووەم، دانە دانە ھەڵدەداتەوە.
داستانی دۆنی ئارام لەو شوێنەوە دەست پێ دەکات (گریگۆری میلیخۆف) لەگەڵ ھاوگوندییەکانی، ڕاپێچی کوورەی نێڵدراوی جەنگ دەکرێن، بێ ئەوەی ھیچ ئەزموونێکی شەڕیان ھەبێ و ھیچ ویست و خواستێکی شەڕخوازانە پەلکێشی کردبن بۆ گۆڕەپانی خوێن و تاوان. ھێشتا جەنگ بە تەواوی کۆتایی نەھاتووە، شۆڕش بەرپا دەبێ، شۆڕش دانیشتوانی کەنارەکانی دۆن، دابەش دەکا و دووبەرەکی و ناکۆکی و ململانەی توندی دەرەبەگ و جووتیار و وەرزێر، شەڕی لایەنگرانی تزار و کۆنەپارێزان لەلایەک و پارتیزانانی زەحمەتکێشان لەلای دووەم، ھەڵدایسێ. لەو نێوەدا گریگۆری بەڕەچەڵەک قۆزاق، قۆزاقی سوارچاکی لایەنگری بێ ئەملای تزارەکانی ڕووسیا، جەنگاوەرانی شەڕەکانی عوسمانی و ناحەزانی ئیمپراتۆڕ، نەرێت خواز و توندە تەبیات و جەسوور و دلێر، بەر لافاوی سەرھەڵگرتووی شەڕی ناوخۆ دەکەوێ، لەناخەوە دەروونی دووکەرت دەبێ. گریگۆری کوڕە جووتیاری سوارچاکی قۆزاق، گریگۆری لایەنگری شۆڕشی پڕۆلیتاریا و خوازیاری گۆڕان و خەباتی چەوساوەکان، لە دووڕیانی بەرگری لە نەریتی باوان و جەنگی بنبڕکردنی چەوسانەوەی چینایەتی، ھەر جارە و ڕێگایەک دەگرێ. لەو سەروبەندەدا، شەیدای ژنێکی بەمێرد بە ناو (ئاکسینا) دەبێ، ئەم جۆرە عیشق و ئەوینە، لە کولتووری نەریتخوازی قۆزاقان، نەنگییە، بۆیە دەکەوێتە بەرنەفرەتی ھاوسێ ماڵەکانیان و باوکی ناچاری دەکا لەگەڵ (ناتالیا) زەواج بکا، بەڵام ئەو زەواجەکەش بە نۆرەی خۆی، قەڵشتێک دەخاتە ناخییەوە، دەکەوێتە نێوانی دوو ئاگرەوە، خۆشەویستی (ئەکسینا) و بەرپرسیارێتی خێزان و پاراستنی شکۆی بنەماڵەکەی. بەم جۆرە شەڕ لە ناخەوە گریگۆری دەگۆڕێ، لەت و پارەی دەکا، دنیای جارانی سەرەونخون دەبێ و لە دەروونیدا دنیایەکی زبر و لێواو لە توندوتێژی و کوشتن و وێران کردن.
ڕۆمانی دۆنی ئارام، وێنەیەکی نزیک لە واقعی کۆمەڵایەتی و سیاسی و کولتووری، سەرەتای شۆڕش و جەنگی ناوخۆی ڕووسیای تزارییە، شاکارێکی جیھانییە لە ڕیزی شەڕ و ئاشتی تۆلستۆی، سزا و تاوانی دۆستۆفسکی و کەڵە نووسەرەکانی دیکەی ڕووسیا. بەدرەنگەوە خەڵاتی نۆبڵی بۆ پێشنیار کراوە، بەڵام شۆلۆخۆف ئەو خەڵاتەی ڕەتکردۆتەوە، چونکە چەپ و سۆسیالیست بووە، بەراتی سەرمایەدارانی قبووڵ نەکردووە،
خوێنەری ئازیزی میتانیا، من ڕۆمانەکەم بۆ کورت کردیەوە، تۆش لە چێژی خوێندنەوەی خۆت بێبەش مەکە.