گۆڤارێکی ڕۆشنبیری گشتیی وەرزییە، بەڕێوەبەرایەتی ڕۆشنبیری و ھونەری ڕاپەڕین دەریدەکات

لە بەردەم پەنجەرەیەکی بەویقاردا وەستاوم

ھاوار تەیب

 

سەیرکە چۆن تەمی میهرەبانیی سەر پەڕەی ئاونگی دڵ خامۆش دەبێ و

چۆن خامۆشی دەمانباتەوە سەر تەریقەتی کوشتن.

کوشتن بیانوویەکە بۆ دابڕینی ترافیکە سەوزەکە،

چۆن لە پەنجەرەی تەنیاییەوە سەیری کەوتن دەکەم.

سەیرکە ویقاری گوڵێک چۆن دەمکوژێ،

چۆن لوتفی تۆ دامدەبڕێ و

دەڕژێمە خەونێکمەوە.

شەڕ، پیاسەکردنێکە بەناو دارستانێک و

ڕاوکردنی ئەو خەیاڵانەیە کە میهرەبانی نەیکوشتن.

چلۆن خەیاڵ خاڵیی بۆتەوە لە وێناکردنی ئەو ساتانەی باران نابارێت و

چنارێک ناتوانێ بەرگری لە سەوزبوونی خۆی بکات.

​دەچینەوە ناو شەمانەیەک و دادەبڕێین؛

دابڕان یارییەکە بۆ بەزیندوویی هێشتنەوەی خەون.

یارییەکی منداڵانەیە خەونبینین،

شتێک هەیە ئەندێشە ناتوانێ وێنەی بکێشێ:

من و تۆ.

لە شەقامێکەوە دەچینەوە ناو منداڵیمان و

داهاتوومان توڕ دەدەین،

وەک دەرکردنی پشیلەیەک بە ناوی بێوەفایی.

ئاخر ئێمە لە قاربوونی نەوڕەسێک تێناگەین،

ئێمە لە دەنگی فلووتێک بێزارین،

لە تووڕەیی “با” بێزارین.

​ئێمە لە هەسارەیەکەوە هاتین،

چ زوڵمەتێک ئێمەی قانگ دا؟

ئەو ڕۆژانەی لە زامداربوونی پشیلەیەکی ڕەش و

سەمای پاسارییەک تێ نەگەیشتین.

دەچینەوە بەردەم پەنجەرەیەکی بەویقار و سەیری ئاسمان دەکەین،

نامەیەک بۆ دوورترین کورسی دەنێرم؛

ئێژم: ئەو چ جادووگەرێکی وێڵ بوو؟

ئەم شەو چەند بریندارم و دەچمەوە بەردەم پووچترین خەیاڵ.

​”شەو سەرخۆش بووم، خەو بردمییەوە.”

لێمگەڕێ با خۆم بم،

نازانی چەند بەویقارەوە ماچت دەکەم.