گۆڤارێکی ڕۆشنبیری گشتیی وەرزییە، بەڕێوەبەرایەتی ڕۆشنبیری و ھونەری ڕاپەڕین دەریدەکات

کانیی ژنان و مێژوویەکی نەنووسراوە (توێژینەوەیەک لە مێژووی زارەکی)

 ڕاز ئەسعەد

 

پوختە:

بایەخدان و هەڵوەستەکردن لەسەر (مێژووی کۆمەڵایەتی، مێژووی ژیانی ڕۆژانە، مایکرۆمیژوو)، گرێدراوێکی بنەڕەتییە بە (مێژووی ژن)ەوە، چونکە ئەگەر خودی ژن لە مێژوودا پەراوێزخراو بێت، ئەی کەواتە چۆن وردەکارییەکانی ناو ژیانی ڕۆژانەی فەرامۆش نەکراوە! هەر لەم ڕوانگەیەوە ڕۆچوون بە نێو (چییەتی) و (چۆنیەتی) ژیانی ڕۆژانەی ژنان لە گوندەکاندا، دەبێتە یارمەتیدەرێکی باش بۆ نووسینەوە و کارکردن لەسەر هەریەکە لەو مێژووانە، کە دەبنە ئەرشیفێکی دەوڵەمەندی مێژووی نەتەوەیی. لەم پێودانگەوە باسکردن دەربارەی کانیی ژنان لە گوندەکانی کوردستاندا، لەبنەڕەتدا قسکردنە لەسەر چەندین بابەتی زۆر ورد و پەیوەندیدار بە ژیانی ڕۆژانەی پیاوانیش نەک هەر ژنان.

کانیی ژنان، وەک مەڵبەندێکی کۆمەڵایەتی گرنگ و مینبەرێکی ئازاد و سەنتەری ڕیکخستنی چالاکییەکانی ژیانی ڕۆژانەی ژنان، هەر لە سەرەتای دروستبوونی گوندەکانەوە گرنگی و بایەخی خۆی هەبووە، لە کوردەواریدا وتراوە ئاو و ئاوەدانی ، بەڵام زیادەڕەویی نییە ئەگەر بڵێین ئەو گرنگیەی، کە ئاو هەیبووە بۆ ئاوەدانیی، ژن پێکهێنەری سەرەکی بووە، چونکە بەدرێژایی مێژوو ژن بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش وابەستەبووە بە کانییەوە، وەک قەد و گەڵای درەختێکی سەر کانییەکەیان لێهاتووە، کانی وەک شوێنکی کراوە لەگەڵ ئەوەی گەورەترین مەڵبەندی کۆمەڵایەتی ژنان بووە، هاوکات جێگەی ڕاز و نیازەکانیان بووە.

کلیلی وشەکان: (کانیی ژنان، مێژووی کۆمەڵایەتی، مایکرۆ مێژوو (مێژووی ورد)، مێژووی ژیانی ڕۆژانە)

 

باسی یەکەم: ژن و بایەخی کانی

لەم باسەدا گرنگی کانیی ژنان وەک مەڵبەندێکی کۆمەڵایەتی کراوەتە کەرەسەتەی بنەڕەتی لەم توێژینەوەیەدا، کە مەبەست لێی ئاشنابوونە بە (مێژووی ژن، مێژووی ژیانی ڕۆژانە، مێژووی کۆمەلایەتی، مێژووی ورد(مایکرۆ مێژوو).

 

یەکەم: ناوی کانییەکان

ئەگەر ناو هەڵگری سیمای ناوەکی هەر ناونراوێک بێت، دەشێت سەرەتا لە ناوی کانییەکان ڕابمێنین، چونکە ئاماژەی سەیر دەبەخشن و لە کانییەکەوە بۆ کانییەکی دیکە زۆر جیاوازن. ژمارەیەکی زۆری گوندەکانی کوردستان بە ناوی کانییەکی دیاریکراوی ناو سنووری گوندەکەوە ناونراون، بۆ نموونە وەک: (کانیی توو، کانیی زەرد، کانیی سارد، کانیی ئاسکان، کانیی سێف، کانیی بی …….تاد)، هەروەها لەناو گوندەکانیشدا هەر کانییە و ناوی تایبەت بە خۆی هەبووە، هەندێک جار ناوی کانییەکان لە جوانی ڕەنگاوڕەنگی سروشتەکەیەوە ناونراوە وەک (کانیی ڕەنگ)[i]، یاخود هەندێک جار ئەفسانە و خورافیات ڕۆڵی هەبووە لە ناونانی کانییەکاندا، وەک (کانیی پەنجەی عەلی) لە گوندی چاژ لە قەزای پێنجوێن، کە دەوترێت هۆکاری ناونانی بە پەنجەی عەلی گوایە ئیمامی عەلی سەردانی ناوچەکەی کردووە و دەست و پەنجەی بە بەردەکانی دەوروپشتی کانیەکەدا هێناوە.[ii] یان (کانیی ترکە بوار) کە دەوترێت ناونانەکەی بۆ سەردەمی عوسمانییەکان دەگەڕێتەوە، کاتێک تورکەکان بە ناوچەکەدا تێپەڕیوون و لەو کانییەدا پشوویان داوە.

هەندێک جاریش کانییەکان بە ناوی درەختێکەوە ناونراون، وەک (کانیی بناوەچان)[iii]، بناوەچ درەختێکی قەد ئەستووری باڵا بەرز بووە، هێندەی داری گوێز بەرزبووە و لق و پۆپەکانی زۆر بڵاوبووە، لق و پەلەکانی بۆ دروستکردنی گۆچان و دەسکی پاچ و خاکەناز و چەندین کەرەستەی دیکە بەکارهاتووە[iv]، یاخود (کانیی مێوڵاکە) ئەم ناوەش لەوەوە هاتووە کە لەو کانییەدا ڕێژەیەکی زۆر دارمێو هەبووە[v]، یان هەندێک لە کانییەکان بە ناوی چیاکانەوە ناونراون، وەک (کانیی سۆ)[vi]، هەندێک جاریش ناوی کانییەکان لە ناوی دانەوێڵەکانەوە هاتووە، وەک کانیی (زەڕا جاڕ)[vii]، کە دیارە مەبەست لە زەڕا زەڕات بووە، وشەی جاڕیش ئەو شوێنە بووە، کە زەڕاتەکەی تێدا بە بەرهەم گەیشتووە[viii]، زۆرجاریش بە ناوی ئەو باڵندانەوە ناونراوە کە هێلانەیان تێدا دروستکردوە، وەک (کانیی هێلانە قەل)[ix]، لە هەندێک گوندیشدا بەپێی هەڵکەوتەی شوێنگەی کانییەکە ناویان لێناوە، وەک (کانیی خواروو)[x]، هەندێک کاتیش بەناوی شێخ و پیاوچاکانەوە ناونراوە، وەک (کانیی حەوتاوەڵان)[xi]….تاد

 

دووەم: کانیی ژنان چییە؟

هەمیشە قسەکردن لە بارەی ژیان و چۆنیەتی ئەزموونی ژیانی ڕۆژانەی کەسانی ئاسایی لە نێو کۆمەڵگەدا، مێژوویەکی گرنگمان پێ ئاشنا دەکات، کە مێژووی (کۆمەڵایەتی)ە، لەم ڕووەوە کۆمەڵگەی کوردی وەک خاوەن مێژوویەکی کۆمەڵایەتی زۆر دەوڵەمەند، بەڵام فەرامۆشکراو و نەنووسراوە، کە بەشێوەیەکی گشتی تا ئێستا، بە کەمیی نەبێت، توێژەران لە ئاستیدا دەستەوسانن، ئەمە لە کاتێکدایە کە مێژووی کۆمەڵایەتی وێڕای ئەوەی مێژووی کەسانی ئاساییە، لەهەمانکاتیشدا واتای مێژووی گەل دەگەیەنێت (History of peple )[xii].

کانیی ژنان گرنگترین و دیارترین مەڵبەندی کۆمەڵایەتی ژنان بووە لەکۆمەڵگەی کوردیدا، کە دەتوانین بەهۆیەوە مێژوویەکی چڕی کۆمەڵایەتی تەواوی کۆمەڵگەی کوردی تۆمار بکەین و دیمەنە گرنگەکانی ژیانی ڕۆژانەی ئەو سەردەمە لێکبدەینەوە، چونکە کانیی ژنان  وەک شوێنکی کراوە جێگەی دیوەخانی بۆ ژنان گرتۆتەوە[xiii].

لەبنەڕەتدا کانیی ژنان لەلایەن پیاوانی گوندەوە بە شێوازێکی تایبەت و جیا لە تەواوی کانییەکانی دیکەی گوند ڕێکدەخرا و پەرژین دەکرا، لە چەند ژوورێک پێکدەهات کە زیاتر دوو ژوور بوو[xiv]، هەرچەندە دەکرێت بە پێی ناوچە جیاوازەکان گۆڕانکاری بەسەردا هاتبێت، بەڵام مەرج بوو ئەو شوێنەی دەکرا بە کانیی ژنان نزیک ماڵەکان و ئاوی زۆر بێت و شوێنەکەی گونجاو بێت. هەرچەندە کانی ئاوێکی خۆڕسک و سروشتییە، بەڵام لەلایەن دانیشتوانی گوندەوە ئامادە دەکرا و دەوروپشتی کانییەکە ڕێکدەخرا، پێویست بوو جگە لەو چەند ژوورەی کە بەسەر کانییەکەوە دروست دەکرا حەوزێکی ئاوی فراوانیشی تێدا بێت، هەروەها بەردێکیان لێ دادەنا بۆ بەردەنوێژ، کە زۆر جار شێوەی لاکێشەی بوو[xv]، بۆ بەردەوام کانیی ژنان فراوانەو پارچە زەویەکی بەدەمەوەیە و بە چواردەوریدا سەوزایی دار و درەختە.

 

سێەم: گرنگی کانی ژنان

بۆ ئەوەی وێنەیەکی وردی ژیانی کۆمەڵگەی کوردیمان دەست بکەوێت، پێویستە بە دیمەنە سادەکانی ناو کانیی ژنان ئاشنا بین، چونکە گرنگترین دیمەکان و باس و خواسەکانی ناوچە جیاوازەکان هەڤپەیڤنی ناو کانیی ژنان بووە، هەروەها چەندین کاری گرنگی ڕۆژانە لەلایەن ژنانەوە لە کانی ژناندا ئەنجامدەدرا، سەرەتای پاک و خاوێنیەکانی ژنان لەدوای ماڵەوە کانیی ژنان بوو، بەواتایەکی دیکە ژن و کانی پێکەوە گریدراوێکی کولتووری کوردین، بۆ ئەوەی لە ژیانی ڕۆژانەی ژنی کورد و کارەکانی تێبگەین، دەبێت سەرەتا لەو کار و وتووێژانە تێبگەین کە لە کانیی ژناندا ئەنجامدراون.

کانیی ژنان تەواوکەری ماڵ بووە بۆ ژنان، بەو واتایەی درێژەی کارەکانی ماڵەوە لە کانی ژناندا ئەنجامدراوە، وەک ئاو هێنان، قاپ شوشتن و جلشتن، خۆشۆردن، تەنانەت لەدوای کارەکانیان ئەو بەردەی کە دانرا بوو بۆ نوێژ کردن و پێیاندەوت (بەردە نوێژ) هەر لەوێدا لە دوای تەواوبوونی کارەکانیان نوێژەکانیشان ئەنجامدەدا[xvi]، لە هەمانکاتدا بڕیاردانی کارە هەروەزییەکان چەند ڕۆژێک پێشتر ڕاوێژیان لەسەر دەکرد و بەرنامەیان بۆ دادەنا، وەک کارە دەستیاوەکانی ساوەر کوڵاندن و دۆینە کوڵاندن و دۆخەوا و سەرجەم ئەو کارانەی بە هەروەزی ئەنجامدەدران[xvii]، هەروەها کارەکانی ئارایشتی خانمان لە قژبڕین و چاو ڕەشکردن و هۆنینەوەی کەزییەکانیان و سەرجەم ئەو ئارایشتە سادانەی کە لەو قۆناغانەدا بەربڵاوبوون لە کانی ژناندا ئەنجامدەدران.[xviii]

بەو پێیەی دوور بووە لە چاوی هەمووان، کانیی ژنان سەنتەری باس و خواسەکانی ڕۆژ بووە، وەک مەملەکەتێکی سەربەخۆ و مینبەرێکی ئازاد بووە تا ژنان لەوێدا بێ سانسۆر هەست و تێڕوانینەکانیان دەرببڕن، دەکرێت ئەو پەندە کوردەواریەش هەر لەوەوە هاتێبت کە دەوترێت: ”دەڵێی کانیی ژنانە”[xix]، چونکە سەرجەم باسەکان لێردەدا گەرموگوڕ بوون، کچان و ژنانی ئاوایی لە دەوری یەکتر کۆدەکردەوە، هەر بۆیە وتراوە: ”لە کانیی ژنان، وەربگرە خەبەران”[xx]. ڕێکخستنی پرۆسەکانی هاوسەرگیری و دۆزینەوە ژن بۆ کوڕ و برا، یەکێک بووە لە باسە گەرمەکانی کانی ژنان کاتێک دایکێک دەیویست کچێک بۆ کوڕەکەی دەستنیشان بکات یاخود خوشکێک کە دەیویست نامەی براکەی بگەیەنێت بە و کچەکەی کە دڵبەری بوو[xxi]، هەروەها کچان و ژنان دڵیان بۆ یەکتر دەکردە و خەمەکانیان لەگەڵ یەکتردا بەشدەکرد، ئەو ژنانەی کە تەمەنیان هەڵکشا بوو ئامۆژگاریی ژن و کچە گەنجەکانیان دەکرد و ئەزموونی تاڵ و شیرینی خۆیان دەخستە بەردەم گەنجەکان، بۆیە وەک فێرگەیەک بۆ ئەزموونەکانی ژیان ڕۆڵی هەبوو لە چاو کردنەوەی کچە گەنجەکاندا، ئەگەر ژنێک لە گوندەکەیاندا نەخۆش بوایە هەر لەوێوە بڕیاری کاتی سەردانیکردنیان دەدا، جێگەی گاڵتەوگەپی ژنان بوو تا لەوێوە خەمی دڵیان بەرامبەر بە نەگریسی ڕۆژگار دەربکەن.

باسی دووەم: کانیی ژنان لە نیگای خامەی ڕۆژهەڵاتناسان و شاعیرانی کلاسیکدا

لێرەدا باسکردنمان لە کانیی ژنان لە ڕوانگەی خامەی ڕۆژهەلاتناس و شاعیرانی کلاسیکەوە گرنگیەکی گەورەی هەیە بۆ ئاشنابوون بەهەندێک وردەکاری.

یەکەم: کانیی ژنان لە نیگای خامەی ڕۆژهەڵاتناسەکانەوە

یەکێک لەو دیمەنانەی ژیانی کوردەواری کە زۆر سەرنجی ڕۆژهەڵاتناسەکانی بەلای خۆیدا ڕاکێشاوە، کانیی ژنان و ئاوهێنان بووە، کە بە سەرنجدانیان لە سەختی پیشەکە زۆر باش تێگەیشتوون، سیسیل جۆن ئیدمۆندس سەبارەت بە کانیی ژنان دەڵێت: ”ناوەندێکی تری ژیانی کۆمەڵایەتی کانی گوندە، کە بەشێوەیەکی ئاسایی لای سەرووی گوندەکانن لە ژێر سێبەری یەک یان چەند سپیدارێکی پیردا، سەکۆیەک سازدەکەن و کەسانی لەسەر دادەنیشن، قسە دەکەن و باس و هەواڵ دەگێڕنەوە، کانیاوەکە حەوزێکی لە نزیکە کە بە دەوریدا بە بەرد کەڵەکیان هەڵچنیووە، گوندییەکان دەستنوێژی لێ هەڵدەگرن و نوێژی نیوەڕۆ و ئێوارانی لێ دەکەن، کەمێک لەولاتر حەوز، یان جۆگەلە ئاوێکی لێڵە کە دەوریان بە جوانی تەنیووە، ژنان دەچن لیباسی لێ دەشۆرن و قسە دەکەن و گەپی تیدا لێ دەدەن”[xxii] وێڕای دیمەنی کانییەکە ئەوەی زیاتر سەرنجی گەڕیدەکانی ڕاکێشاوە قورسی پیشەی ئاوهێنان بووە، کە زۆر جار بەچاوی بەزەییەوە لە کتێبەکانیاندا یاداشتیان کردووە، لە هەمانکاتدا باس لەوە دەکەن هێندە کارێکی سەخت بووە هەرگیز پیاوان خۆیان لێ نەداوە[xxiii]، کە یەکێک بووە لە ئەرکە قورسەکان، کە ژنەکان لە ڕۆژگاری کۆنەوە لەگەڵ هەڵگرتنی مەشکەی پڕ لە ئاو بۆ خواردنەوە، دەستنوێژ شووشتن، چێشتلێنان و قاپ و قاچاخ شووشتن ….تاد ڕاهاتبوون[xxiv]. دیارە مەبەستی ئێدمۆندس لەهەڵگرتنی (مەشکەی ئاو)کە دڵۆپە دڵۆپ ئاوی لێ دەتکێت (کونە یان کوندە) بووە، چونکە ژن بە پشت هەڵیان گرتووە، دووچاری سەختیەکی زۆر هاتوون لە کاتی هەڵگرتنیدا. خاتوو هێنیش زیاتر قورسی کارەکە ڕووندەکاتەوە و دەڵێت: ”وەکو ئەوە وایە ئافرەت بە گوریس فەردە دەغڵ لە پشتی خۆی هەڵدەدا”[xxv]. بەشێوەیەکی گشتی هەموو ڕۆژهەڵاتناسەکان لەوەدا هاوڕابوون کە ئەم پیشەیە یەکێکە لە پیشە زۆر سەختەکان، مینۆڕسکیش هەمان بۆچوونی هەبووە کە ”یەکێک لە کارە قورسەکانی ژنی کورد لە کانی ئاو دەهێنن”[xxvi].

لە هەمانکاتدا تۆمابووا باسی لەوە کردووە کە وێڕای ئەوەی ئاوهێنان تەنها کاری ژنانە، لە هەمانکاتدا هەندێک جار مەودای دووری کانی گوندەکە نزیکەی نیو کاتژمێر دەبێت، هەروەها ئاماژە بەدیمەنی جل شۆردنی ژنان دەکات کە بە کۆمەڵ جل دەشۆرن و بەدارێک یان کوتەکێک جلەکانیان دەشۆرن، ئەمەش کاری کابانی ماڵە[xxvii].

مەیجەر سۆنیش باسی دیمەنی کانیی ژنان کردووە و دەڵێت: ”لە بەیانییەکی زوودا ماوەیەک بەر لە ڕووناکی ڕۆژ فەرمانی ڕێکردن بۆ کاروانەکە دەرچوو، یەکێکمان نارد کە مۆڵەکان لە کانییەکە پڕ بکات لە ئاو لەو شوێنەی کە ژنانی گوندەکە خەریکی هەمان کاری ئاوهێنان بوون”[xxviii] کانیی ژنان بەپێی تێپەڕبوونی ساڵانەکان گۆڕانکاری زۆریان بەسەردا هاتووە، یەکێک لە ڕۆژهەڵاتناسەکان سەرنجەکانی وردتر بووە زووتر لەوە تێگەیشتووە کە لە گوندەکاندا و لە نێو ژیانی ڕەوەندیدا حەمام بوونی نەبووە، کانیی ژنان تاکە پەناگەی ژنان بووە بۆ خۆشتن و ڕاپەڕاندنی کاروبارەکانی ژیانی ڕۆژانەیان[xxix].

 

دووەم: کانیی ژنان لە نیگای خامەی شاعیرانی کلاسیکەوە

کانیی ژنان ڕەنگدانەوەیەکی بەرچاوی لە شیعری شاعیرانی کلاسیکدا هەبووە، سەرچاوەی ئیلهامی شاعیران بووە، چونکە سەرەڕێی کانیی ژنان باشترین شوێنی دیدار و ژوانی عاشقان بووە، ئەو شوێنە بووە کە نیگاکانی کچان و کوڕانی دێ یەکانگیربوون و چیرۆکەکانی ئەوینداری لەوێوە سەریان هەڵداوە، هەر بۆیە شاعیران بە چەندین شێوازی جیاواز شیعریان لەبارەیەوە نووسیووە، هەندێک جاریش لە ڕێگەی شیعرەکانیانەوە پەرژاونەتە سەر هەندێک لە وردەکارییەکانی کانیی ژنان.

یەکەم:دیمەنی کانیی ژنان

گۆرانی شاعیر دیارترینی ئەو شاعیرانەیە کە وێنایەکی باڵا و لێوانلێو لە جوانی بۆ باڵای ژنی کورد و کانی ژنان هۆنیوەتەوە، لە یەکێک لە قەسیدە بەرزەکانیدا بە ناوی (کانیی ژنان) دیمەنێکی جوانی کانی ژنان دێنێتە ناو هۆنراوەکانیەوە، کە بە وشە ناسک و کاریگەرەکانی وێنە و تیمەی سیحراوی نێو مۆسیقای وشەکان، شوێنەوارێکی لە بیرنەچوو جێدەهێڵێت، لەو تێکستەدا زیاتر لە چەند بابەت و دیمەنێکی تێدا کۆدەکاتەوە تا دیمەنەکە زیاتر ڕازاوەتر بکات وەک (کەڵەک، هاتوچۆی ژن، دڵداری هەرزەکاران، خشڵ(هەیاسە)….تاد)دەڵێت:

سەرچاوەی ئاوێک، کەڵەکێک لەسەر

ژنێک تێی ئەچێ، ژنێک دێتە دەر

ئەمەش لە دێدا کانیی ژنانە،

قیبلەی دڵداری هەرزەکارانە!

ئێواران پۆل پۆل لاوی کاکۆڵ لوول،

سەرەڕێ ئەگرن، سەرگەرم عەجوول

هەرچەن هاڕەی دێ هەیاسەی جوانێک!

لە هێلانەی دەم ئەفڕێ ئامانێک!”[xxx]

دووەم: پەسنی جوانی

لە هۆنراوەیەکی دیکەدا وەسفی جوانی ئێوارە و دەنگی کچان دەکات لە سەر کانی و دەڵێت:

”عەشقی ئێوارەی سەرەڕێی کانی،

بەر ئەداتە چەم کڵپەی گۆرانی!

ڕۆژئاوا ئەبێ، چەم تاریک دایە،

دەنگی ((کنا لەیل)) هەر دوایی نایە

مانگ بە تریفەی ناو دێ ئەکا کەیل،

هێشتا هەر گەرمە ناڵەی ((کنا لەیل…….!))”[xxxi]

 

سێەم: جوانی کچ و ئاوهێنان

گۆران لە هۆنراوەی (جوانی لە لادێ) پەسنی جوانی کچی گوند دەکات کاتێک ئێواران دەچێت بۆ ئاوهێنان، بە تەواوی لەم هۆنراوەیەدا کچ و گۆزە ئاوێزانی یەکتر دەکات و چەندین وێنەی جوان دێنێتە ناو هۆنراوەکەوە، دەڵێت:

”ئێوارەیە وا، هەڵگرە سا گۆزەی تازە،

ڕێی کانی قوبان مونتەزیری جلیوەیی نازە؛

بەر دەرگاکەتان قیبلەیی ڕووی ئەهلی نیازە،

ئێوارەیە وا، هەڵگرە سا گۆزەیی تازە!”[xxxii]

هەروەها هیمێنی شاعیریش وەسفی ئەو شێوازە ڕۆشتنەی کچان دەکات و دەڵێت:

”کچێک پێیەتی دوو گۆزە بە لەنجە دەچێتە سەر ئاوێ

کچێکی تر شەکۆی هەڵگرتووە دەڕواتە پاراوێ”[xxxiii]

چوارەم: تامەزرۆیی بۆ بینی یار

لەم بەیتەدا گۆران زیاتر تامەزرۆیی بۆ بینینی دڵبەرەکەی لە ڕێگەی کانی پیشاندەدات و دەڵێت:

“ئێوارەیەوا، دەرکەوە سا جوانە کچی دێ،

ئەی وێردی قسە و بەستەیی گشت کوڕگەلی سەرڕێ!

سووتاوی جوانیتن هەموو کێی و کوڕی کێ!

وەک سوێسکە بڕۆ، ئاسکە نیگای چاوی ڕەش و مەست

پڕ عیشوە بچەرخێنە، ئیتر هیچ مەبە دەربەست:

چەن ماڵ ئەڕمێ! چەن شل ئەبێ هێزی دڵ و دەست!

ئێوارەیە وا، سا هەڵگرە گۆزەیی تازە!”[xxxiv]

پێنجەم:جوانی سروشتی کانی

شاعیر سروشتی کانی و جوانییەکەی هۆشی کەمەندکێش کردوە و دەڵێت:

”لە هەموو ئاسمانا ئەستێرەیەکی بەرەبەیان!

ئەخاتە دڵی من هەستێکی سپی و جوان!

لە تەختێک هەڵدەستێ هەزار و یەک نەغمە

ئەوەیان شیرنتر دێتە گوێم زۆر نزمە!

کانیەکی ڕوونی بەر تریفەی مانگە شەو:

لە بنیا بلەرزێ مرواریی زیخ و چەو،

جوانترە لەلای من لە دەریای بێ سنوور

شەپۆلی باتە بەر تیشکی ڕۆژ شڵپ و هووڕ!” [xxxv]

هەروەها وەرزی بەهار وەک یەکێک لە جوانترین وەرزه‌کانی ساڵ و ژیانەوەی سروشت سەرچاوەی شیعری شاعیرانیش بووە، چەندین شیعریان بۆ هۆنیوەتەوە، بەجۆرێک هۆنراوەکانیان دەربارەی وردەکاریی و جوانیە سروشتییەکانی ئەم وەرزە بووە یەکێک لەوانە ژیانەوەی کانییەکان بووە، نالی لە وەسفی ئەم جوانیەدا وتوویەتی:

”کانی دەرزین بە ئاو و، درەخت ئاوسن بە با

شایی بەهارە، بولبولە داماد و غونچە بووک”[xxxvi]

شەشەم: شەماڵی ڕێگەی کانی

شاعیرانی کلاسیک هێندە جوانبین بوون تەنانەت بچووکترین وردەکاریشیان جێنەهێشتووە و نیگای تیژی وشەیان بۆ هەر جوانییەک خستۆتە کار کە چێژێک لە دڵی عاشقێکەوە بگوازنەوە نێو لۆچی دێڕە ئەفسوناویەکانیان، ئەوەتا تەنانەی بیر لەو شنەی شەماڵەش دەکاتەوە کە خۆی لە بەژنی شۆڕەبی هەڵدەسوێ و لەنجەی یاری بیردەخاتەوە:

”شەماڵی ڕێگەیی کانی ئەخاتە باڵاکەت،

لەرانەوەی لەشی زیوینی شۆڕەبیی کەڵەگەت!

ئەڕۆی بە عیشوە، بە لەنجە، بە وەزنی گۆرانی

ئەڕۆی زڕەی کەمەرەت دێ هەتاکو بەر کانی![xxxvii]

حەوتەم: ژووان و بینی یار

لە کۆنەوە سەر ڕێگەی کانی دەرفەتێکی باش بووە بۆ دیداری دڵداران و گۆڕینەوەی ڕاز و نیازیان و بیرکردنەوەیان لە ژیانێکی نوێ و پێکەوەبوون، سەرەڕێی کانی جێی هەڵڕشتنی تاسە و حەسرەتەکانە، جێی درکاندنی تامەزرۆیی تێکئاڵان و ئاوێزانبوونی ڕوحی عاشقانە، ڕێی سڵاوێک و دەستگەمەیەک و چریکەیەکی عاشقانە و گفتێکی دڵبەری بەردڵانە، ئەوه‌تا قانع دەڵێت:

”ئەگات بە کچە لەڕێی کانی و ئاو

مەرحەبا گیانە، مەرحەبا سەر چاو

ئەڵێت بە کچە خۆزگەم بەجاران

هەر پێکەوە بووین، شەو و ئێواران

بە پێکەنینۆ کچ دێتە وتار

چاوبڕکێ ئەکا لەگەڵیا جارجار

تاوێ ئیشارە، تاوێ پێکەنین

کچ لە ترسا بۆ باوک نواڕین

کوڕ ئەڵێ بە کچ وایە نیازم

گەر بۆم ڕێکەوێ هەر تۆ ئەخوازم

حەزت لێ ئەکەم سووچی خۆم نیە

دڵ لەسەر تۆیە دەسەڵات چیە؟[xxxviii]

 

هەشتەم: کانیی ئاسکان

ئەگەرچی لە ئێستادا ناوی یەکێکە لە گەڕەکەکانی سلێمانی، بەڵام لە پێشتردا کانیی ئاسکان ناوی کانییەکە بووە، بێگومان ناوەکەشی هەر لەوەوە هاتووە، چونکە ئەو ناوە ئاسکی زۆربووە، ئەمە ڕێ لەوە ناگرێت کە شاعیران و خەڵکانی دیکەش کچانیان لەسەر ئەو کانییە بە ئاسکە چاوڕەشەکانی ئەو مەڵبەندە چواندبێت.

حەزرەتی نالی دەفەرموێت:

”ئێستەش مەکانی ئاسکەیە (کانی ئاسکان)،

یاخۆ بووە بە مەلعەبەیی گورگ و لوورەلوور؟!

ئێستەش سروشکی عیشقی هەیە (شیوی ئاوداری)،

یاخۆ بووە بە سۆفیی وشکی لە حەق بە دوور؟![xxxix]

 

ئەنجام:

ئەگەر مێژووی سیاسی، مێژووی کوشتن و شەڕ و ماڵویرانی و چاوچنۆکیی بێت لە پێناو دەسەڵات و شاماندا، ئەوا گومانی تێدا نییە (مێژووی کۆمەڵایەتی) مێژووی جوانییەکانە، مێژووی هەستە مرۆیی و کردەوە جوان و هەوڵەکانە بۆ ژیان، نەک مردن. مەرج نییە گێڕانەوە و تۆمارکردنی ڕووداوە گەورەکان مێژوویەکی ڕاستمان بۆ بنووسنەوە، دەکرێت لە دیمەنێکی بچووکەوە مێژوویه‌کی مەزن و پڕ لە چیژ و سەروەری بە باڵای ڕۆژە ڕەشەکاندا دابدروێت و ڕووە جوانەکەی مرۆڤایەتی دوور لە شەڕانگێزی سەرلەنوێ بکرێتەوە بە ڕووگە.

کانیی ژنان هەرچەندە بچووکیش بێت بەڵام دەکرێت لەوێوە مێژوویەکی فراوانی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگەی کوردی بنووسرێتەوە و هەواڵەکانی ڕابردوو لەو سەرچاوە کۆمەڵایەتیانەوە درک پێبکرێت، لە جیاتی ئەوەی بە باڵای شەڕوشۆڕ و تێکشکاندا هەڵبڵێین، دەکرێت جوانییەکان لە دیمەنە کۆمەڵایەتیەکاندا بنووسرێتەوە، مێژووی سیاسی مێژووی کەمینەیەکی دەسەڵاتدارە، بەڵام مێژووی کۆمەڵایەتی مێژووی ڕەمەکی خەڵکە جوانپەرست و ژیاندۆستەکەیە.

 

پەراوێزەکان

[i] -چاوپێکەوتنی توێژەر لەگەڵ خاتوو پرشنگ جەلال، تەمەن ٨٥ساڵ، ٨-٧-٢٠٢٣، ١٠:٠٠-١٠:٣٠، سلێمانی.

[ii] – چاوپێکەوتنی توێژەر لەگەڵ خاتوو ناهیدە ساڵح محه‌مه‌د، تەمەن ٧٣ ساڵ، ٤-٧-٢٠٢٤، ٢:١٥- ٢:٤٠، هەڵەبجە.

[iii] – چاوپێکەوتنی توێژەر لەگەڵ خاتوو ئاسکە عەلی سەعید، تەمەن ٩٢ ساڵ، ٤-٢-٢٠٢٤، ١:١٠-١:٣٠، سلێمانی .

[iv]– چاوپێکەوتنی توێژەر لەگەڵ خاتوو ڕەعنا محەمەد تۆفیق، تەمەن ٨٩ ساڵ، ٦-٩-٢٠٢٣، پێنجوێن.

[v] – چاوپێکەوتنی توێژەر لەگەڵ عومەر محه‌مه‌د کەریم، تەمەن ٩٧ ساڵ، ١٠-١-٢-٢٥، سلێمانی .

[vi] – چاوپێکەوتنی توێژەر لەگەڵ خاتوو کافیە ئەحمەد ڕەحیم، تەمەن ٨٨ ساڵ، ٨-٢-٢٠٢٥، سلێمانی.

[vii]– چاوپێکەوتنی توێژەر لەگەڵ خاتوو بەهار فەتاح ڕەشید، تەمەن ٨٥ ساڵ، ٧-٣-٢٠٢٥، سلێمانی.

[viii]– چاوپێکەوتنی توێژەر لەگەڵ خاتوو نەشمیل ڕەفیق عەباس، تەمەن ٧٨ ساڵ، ٣-٥-٢٠٢٤، ٤:٠٠-٤:٣٠، سلێمانی.

[ix] – چاوپێکەوتنی توێژەر لەگەڵ خاتوو زارا سابیر عەلی، تەمەن ٩٨ ساڵ، ٩-١١-٢٠٢٤، ١٠:٢٥-،١:٤٥سلێمانی.

[x]– چاوپێکەوتنی توێژەر لەگەڵ جەبار عەبدوڵڵا ئەسعەد، تەمەن ٩٣ ساڵ، ١٦-١٢-٢٠٢٤، ٣:١٥-٣:٣٠، سلێمانی ؛

[xi] – چاوپێکەوتنی توێژەر لەگەڵ خاتوو کەوسەر مینە تۆفیق، تەمەن ٨٢ ساڵ، ١٤-١٢-٢٠٢٤، سلێمانی.

[xii] -ڕاز ئەسعەد، کاریگەری ژن لە دەلاقەی دیمەنەکانی مێژووی کۆمەڵاتییەوە، گۆڤاری سلێمانی، ژ٢١٩،٢٠٢٤، سلێمامی ، ل ٥٠

[xiii] -بەهرۆز بەکر عوسمان، ژنی کورد لە دیدی کوردناساندا، تاران، ٢٠٢٤، ل ٣٨.

[xiv] – چاوپێکەوتنی توێژەر لەگەڵ خاتوو حیسمەت ئەنوەر سەلام، تەمەن ٩٢ ساڵ، ٦-٨-٢٠٢٤، سلێمانی

[xv] – چاوپێکەوتنی توێژەر لەگەڵ خاتوو ئاڵتون باقی ئەحمەد، تەمەن ٨٦ ساڵ، ٤-٣-٢٠٢٥، سلێمانی.

 

[xvi] – چاوپێکەوتنی توێژەر لەگەڵ خاتوو گێلاس کەمال محەمەد، تەمەن ٧٦ ساڵ، ٢-٣-٢٠٢٥، ٤:٠٠-٤:١٥، سلێمانی.

[xvii]– ڕازئەسعەد، کاری ژن لە کولتووری دێرینی پێنجوێندا، گۆڤاری سلێمانی، ژ ٢١٦، چاپخانەی پیرەمێرد، سلێمانی ، ٢٠٢٤،ل ٢٩

[xviii]– چاوپێکەوتنی توێژەر لەگەڵ خاتوو شەمسە فەتاح فایەق، تەمەن ٧٤ ساڵ، ٨-٢-٢٠٢٥،٢:٤٥-٣:٠٠ سلێمانی.

١٩- چاوپێکەوتنی توێژەر لەگەڵ خاتوو حیسمەت ئەنوەر سەلام….

٢٠-چاوپێکەوتنی توێژەر لەگەل خاتوو خەرامان جەلال حسێن، تەمەن ٨٣ ساڵ، ٦-١-٢٠٢٥، ١:٠٠-١:٢٠، سلێمانی .

٢٢-سیسیل جۆن ئیدمۆندس، کورد تورک عەرەب ، و: حامید گەوهەری، دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ئاراس، هەولێر، ٢٠٠٤، ل ١٤٠

٢٣- سیسیل جۆن ئیدمۆندس، کورد تورک عەرەب……ل ٣٤

٢٤- سیسیل جۆن ئیدمۆندس، کورد تورک عەرەب……ل٤٤٩

٢٥- هێنی هارۆلد هانسن، ژیانی ئافرەتی کورد، و: عەزیز گەردی، چاپخانەی کۆڕی زانیاری عیراق، بەغداد، ١٩٨٣، ل١٢٥

٢٦- مینۆرسکی، کورد تێبینی و وردبوونەوە، و: حەمە سەعید حەمە کەریم، چ١، چاپخانەی زانکۆی سەلاحەدین، هەولێر، ١٠١٣، ل ١٥٩

٢٧-تۆمابوا، ژیانی کوردەواری، و: حەمە سەعید حەمە کەریم، چ١، دەزگای ڕۆشنبیری و بڵاوکردنەوەی کوردی (٤٩)، ١٩٨٠،ل٧٣.

٢٨-ئی. بی .سۆن (مەیجەرسۆن)، گەشتێک بۆ میسۆپۆتامیا و کوردستان لە بەرگێکی نادیاردا، و: مینە، چ١، لە بڵاوکراوەکانی کتێبخانەی یادگار، ٢٠١٨، ل ١٧٨

٢٩-ولیەم هیود، سەفەرنامەی ولیەم هیود بۆ کوردستان ساڵی ١٨١٧، و: نەجاتی عەبدولا، چ١، چاپخانەی حاجی هاشم، هەولێر ل ٤٨

٣٠-عەبدوڵڵا بەگی کوڕی سلێمان بەگ، دیوانی گۆران، چ١، لە بڵاوکراوەکانی دەزگای چاپی چوارچرا، ٢٠٢١، سلێمانی، ل١٦٥

٣١- عەبدوڵڵا بەگی کوڕی سلێمان بەگ، دیوانی گۆران…..،ل ١٦٦

٣٢- عەبدوڵڵا بەگی کوڕی سلێمان بەگ، دیوانی گۆران….، ل ٧٢

٣٣-محەمەد ئەمین شێخولئیسلامی، سەرجەم و کۆی شیعر و پەخشانی مامۆستا هێمن موکریانی، چ٢، ناوەندی بڵاوکردنەوەی کوردستان ، ٢٠١٧، سنە، ل ٩٤

٣٤عەبدوڵڵا بەگی کوڕی سلێمان بەگ، دیوانی گۆران…..،ل٧٢

٣٥- عەبدوڵڵا بەگی کوڕی سلێمان بەگ، دیوانی گۆران…..، ل٨٦

٣٦- مەلا خدری ئەحمەدی شاوەیسی مکایەڵی، دیوانی نالی…، ل ٢٤٩

٣٧- عەبدوڵڵا بەگی کوڕی سلێمان بەگ، دیوانی گۆران…..، ل١٠٠

٣٨-شێخ محەمەدی کوڕی شێخ قادری شێخ سەعیدی دۆڵاش، دیوانی قانیع١٩٦٥-١٨٩٨ز، چ١، دەزگای بڵاوکردنەوەی ڕۆژ، ٢٠٢٣، سنە، ل ٤٥١

٣٩- مەلا خدری ئەحمەدی شاوەیسی مکایەڵی، دیوانی نالی، چ١٢، دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی کوردستان، ٢٠٢٣، سنە، ل ١٨٧

 

 

 

 

سەرچاوەکان

کتێب

 

١- بەهرۆز بەکر عوسمان، ژنی کورد لە دیدی کوردناساندا، تاران، ٢٠٢٤،

٢-سیسیل جۆن ئیدمۆندس، کورد تورک عەرەب، و: حامید گەوهەری، دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ئاراس، هەولێر، ٢٠٠٤،

٣- هێنی هارۆلد هانسن، ژیانی ئافرەتی کورد، و: عەزیز گەردی، چاپخانەی کۆڕی زانیاری عیراق، بەغداد، ١٩٨٣

٤- مینۆرسکی، کورد تێبینی و وردبوونەوە، و: حەمە سەعید حەمە کەریم ، چ١، چاپخانەی زانکۆی سەلاحەدین، هەولێر ، ١٠١٣

٥-تۆمابوا، ژیانی کوردەواری، و: حەمە سەعید حەمە کەریم، چ١، دەزگای ڕۆشنبیری و بڵاوکردنەوەی کوردی (٤٩)، ١٩٨٠.

٦-ئی. بی. سۆن (مەیجەرسۆن)، گەشتێک بۆ میسۆپۆتامیا و کوردستان لە بەرگێکی نادیاردا، و: مینە، چ١، لە بڵاوکراوەکانی کتێبخانەی یادگار، ٢٠١٨.

٧-ولیەم هیود، سەفەرنامەی ولیەم هیود بۆ کوردستان ساڵی ١٨١٧، و: نەجاتی عەبدوڵڵا، چ١، چاپخانەی حاجی هاشم، هەولێر .

 

٨-عەبدوڵڵا بەگی کوڕی سلێمان بەگ، دیوانی گۆران،چ١، لە بڵاوکراوەکانی دەزگای چاپی چوارچرا، ٢٠٢١، سلێمانی.

٩-شێخ محەمەدی کوڕی شێخ قادری شێخ سەعیدی دۆڵاش، دیوانی قانیع١٩٦٥-١٨٩٨ز، چ١، دەزگای بڵاوکردنەوەی ڕۆژ، ٢٠٢٣، سنە،

١٠-مەلا خدری ئەحمەدی شاوەیسی مکایەڵی، دیوانی نالی، چ١٢، دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی کوردستان، ٢٠٢٣، سنە.

 

گۆڤار

١١-ڕاز ئەسعەد، کاریگەری ژن لە دەلاقەی دیمەنەکانی مێژووی کۆمەڵاتییەوە، گۆڤاری سلێمانی، ژ٢١٩،٢٠٢٤، سلێمانی

١٢-ڕازئەسعەد، کاری ژن لە کولتووری دێرێنی پێنجوێندا، گۆڤاری سلێمانی، ژ ٢١٦، چاپخانەی پیرەمێرد، سلێمانی ، ٢٠٢٤

 

چاوپێکەوتنەکان

 

١٣-چاوپێکەوتنی توێژەر لەگەڵ خاتوو پڕشنگ جەلال، تەمەن ٨٥ساڵ، ٨-٧-٢٠٢٣، ١٠:٠٠-١٠:٣٠، سلێمانی.

١٤-چاوپێکەوتنی توێژەر لەگەڵ خاتوو ناهیدە ساڵح محه‌مه‌د، تەمەن ٧٣ ساڵ، ٤-٧-٢٠٢٤، ٢:١٥- ٢:٤٠، هەڵەبجە.

١٥- چاوپێکەوتنی توێژەر لەگەڵ خاتوو ئاسکە عەلی سەعید، تەمەن ٩٢ ساڵ، ٤-٢-٢٠٢٤، ١:١٠-١:٣٠، سلێمانی .

١٦-چاوپێکەوتنی توێژەر لەگەڵ خاتوو ڕەعنا محەمەد تۆفیق، تەمەن ٨٩ ساڵ، ٦-٩-٢٠٢٣، پێنجوێن.

١٧- چاوپێکەوتنی توێژەر لەگەڵ عومەر محمد کەریم، تەمەن ٩٧ ساڵ، ١٠-١-٢-٢٥، سلێمانی .

١٨- چاوپێکەوتنی توێژەر لەگەڵ خاتوو کافیە ئەحمەمەد ڕەحیم، تەمەن ٨٨ ساڵ، ٨-٢-٢٠٢٥، سلێمانی.

١٩- چاوپێکەوتنی توێژەر لەگەڵ خاتوو بەهار فەتاحڕەشید، تەمەن ٨٥ ساڵ، ٧-٣-٢٠٢٥، سلێمانی.

٢٠-چاوپێکەوتنی توێژەر لەگەڵ خاتوو نەشمیل ڕەفیق عەباس، تەمەن ٧٨ ساڵ، ٣-٥-٢٠٢٤، ٤:٠٠-٤:٣٠، سلێمانی.

٢١- چاوپێکەوتنی توێژەر لەگەڵ خاتوو زارا سابیر عەلی، تەمەن ٩٨ ساڵ، ٩-١١-٢٠٢٤، ١٠:٢٥-،١:٤٥سلێمانی.

٢٢-چاوپێکەوتنی توێژەر لەگەڵ جەبار عەبدوڵڵا ئەسعەد، تەمەن ٩٣ ساڵ، ١٦-١٢-٢٠٢٤، ٣:١٥-٣:٣٠، سلێمانی ؛

٢٣-چاوپێکەوتنی توێژەر لەگەڵ خاتوو کەوسەر مینە تۆفیق، تەمەن ٨٢ ساڵ، ١٤-١٢-٢٠٢٤، سلێمانی.

٢٤-چاوپێکەوتنی توێژەر لەگەڵ خاتوو حیسمەت ئەنوەر سەلام، تەمەن ٩٢ ساڵ، ٦-٨-٢٠٢٤، سلێمانی

٢٥-چاوپێکەوتنی توێژەر لەگەڵ خاتوو ئاڵتون باقی ئەحمەد، تەمەن ٨٦ ساڵ، ٤-٣-٢٠٢٥، سلێمانی.

٢٦–چاوپێکەوتنی توێژەر لەگەڵ خاتوو گێلاس کەمال محەمەد، تەمەن ٧٦ ساڵ، ٢-٣-٢٠٢٥، ٤:٠٠-٤:١٥، سلێمانی.

٢٧-چاوپێکەوتنی توێژەر لەگەڵ خاتوو شەمسە فەتاح فایەق، تەمەن ٧٤ ساڵ، ٨-٢-٢٠٢٥،٢:٤٥-٣:٠٠ سلێمانی.

٢٨-چاوپێکەوتنی توێژەر لەگەل خاتوو خەرامان جەلال حسێن، تەمەن ٨٣ ساڵ، ٦-١-٢٠٢٥، ١:٠٠-١:٢٠، سلێمانی ٢٩-چاوپێکەوتنی توێژەر لەگەڵ خاتوو گێلاس کەمال محەمەد، تەمەن ٧٦ ساڵ، ٢-٣-٢٠٢٥، ٤:٠٠-٤:١٥، سلێمانی.