هەمزە گوڵانی
خوێنی ڕاست و چەپم ڕژا
دڵی ڕاست و چەپم وەستا
سۆمای ڕاست و چەپم داهات
دایکی ڕاست و چەپم ڕەشپۆش بوو
شە هیدی ڕاست و چەپم
بەرەو ئاسمان کەوتە ڕێگا،
بەڵام ئێمە نەگەیشتین!
***
لە بیرمان چوو،
شارێک گوتی: بکوژم بایە.
گوندەکانمان خۆیان لە دەست
ئاگری ئایەتە چاو ڕەشەکان
ڕاپسکان،
قورئان بۆ مزگەوت نەگریا…
هەر کانیاو بوو بە سەر دەمی شۆڤڵەوە:
من وشکانی قبووڵ ناکەم.
***
خودام بینی،
کە هەڵیاندا پشتی زیلێک
فەرمووی وازم لێ بێنن خۆمن کورد نیم
بۆ کوێم دەبەن؟
بەڵام ئێمە لەبیرمان چوو.
***
ئیستاش:
لە ئەنکەرە
لە تاران
لە دیمەشق
کوڕە تۆ بڵێ لە بەغدا
هەر پێنووسە بۆ دەق و
هەرکتێبە بۆ نووسەر و
هەر زمانە بۆ دەربڕین
هەر شەپۆلە بۆ دەریا هاوار دەکا
بەڵام ئێمە کە لە زمانی با
لە هاژەی ئاو
لە لرفەلرفی سوور هەڵگەڕاوی ئاگر
حاڵی نەبین
کوا،
لە پێنووس و کتێب و دەریا.
ئەرێ چەند حەڤدەی شوباتمان بەسەردا تێپەڕین؟
***
شوێن تەنیاییە؛
کات بەرەو بەسەر چوون دەچێ
مانگ مانگی تەناهی
ساڵ هەروەها
بەروار گەرمە
ئەوەی دەیڵێم لوغز نییە،
ئاگر لە ناو ماڵمان پێدەکەنێ
سووتان پڕ بە دڵ دەڵێ بمکوژێننەوە
بەڵام ئێمە نابین بە ئاو!