گۆڤارێکی ڕۆشنبیری گشتیی وەرزییە، بەڕێوەبەرایەتی ڕۆشنبیری و ھونەری ڕاپەڕین دەریدەکات

نیشتمانی من

ئاوێزان نووری

 

نیشتمانی من نۆتەیەکی ونبووە

لەناو گەرووی شمشاڵێکی شکاودا؛

هەموو بەیانییەک، پێش ئەوەی چاوەکانم بکەمەوە،

زەنگوڵەی هەورەکان دێن

گوێ بگرە…

ئەو تەقە تەقەی سەر پەنجەرەکە

پەنجە ناسکەکانی بارانە لە دەرگای بیرچوونەوە دەدات.

هەندێ جار لە پێکەنینی منداڵێک دەچێت

تازە فێری ناوی “دایک” بووە و

دەیەوێت ئاسمان پڕ بکات لەو نازناوە.

گوێ بگرە

ئەوە دەنگی بەردە

کە بە چرپەوە چیرۆکی ئەو شەوە ئەفسانەییانە دەگێڕێتەوە

تێیدا ئەستێرەکان دەهاتنە خوارێ و

لە ئاوی “سیروان”دا دەموچاوی خۆیان دەشووشت.

ئەوە حوزنی نەیە

لەناو هەناسەی هەموو کوردێکدا جێماوە،

وەک لەرینەوەی گەڵایەک لە کاتی پاییزدا.

ئەوە هاواری بایە… کە لە گەرووی ئەشکەوتەکاندا

دەبێتە سروودی ئەی ڕەقیب

گوێ بگرە…

نیشتمان بە دەنگی باران لە دەرگامان دەدات،

بە چرپەی بەردەکان چیرۆکی هەزاران ساڵمان بۆ دەگێڕێتەوە

بە دەنگی زەنگوڵەی ملی مەڕەکانەوە لە کوێستان،

ئاوازی “ئاشتی” بۆ بناری چیاکان دەچڕێ

نیشتمان لێرەیە…

لە شەونمی بەیانیاندا ماچی گەڵا دەکات،

لە نیوەڕۆیەکی گەرمدایە

کاتێ جووتیارێک سێبەری داربەڕوو دەکاتە ماڵ،

لە ئێوارەیەکی نارنجیدایە

کە بۆنی چای سەر خەڵووز

خەمەکانمان لەگەڵ هەڵمەکەیدا بەرەو ئاسمان دەبات

لە شەوەکانماندا دەبێتە خەونێکی سپی،

سەرمان دەخەینە سەر شانی و

تا بەیانییەکی تر، لە جەنگی مانەوەدا خەون بە ئاشتییەوە دەبینین

نیشتمانی من  تابلۆیەکی ڕەنگاو ڕەنگە

گوڵاڵەسوورەی خەونی شەهیدەکانەو لەسەر بەفر توانەوە

بۆیە هەموو ئێوارەیەک کە خۆر ئاوا دەبێت

ئاسمان دەبێتە پارچە پەڕۆیەکی سوور و

برینی لوتکەکان دەپێچێتەوە

ئەوە نزا سەوزەکانی دایکمە

کاتێ دەستەکانی دەبنە دارستانی چڕ و

باڵندەکان لەناو پەنجەکانیدا هێلانە دەکەن.

نە پاییز زەردی دەکات و نە زریان دەیشکێنێ.

ئەوە شاڵی بەفرە بەسەر شانی چیاکانەوە چەند جوان چنراوە

ئەوەش ڕەنگی (گەنمە) کاتێک بەرەو پیری دەچێت،

ڕەنگی دەستی بێریڤانیشە

کە تیشکی خۆری دۆشیوە

ئەم ڕەنگە بۆنی نانی گەرم و

بۆنی ئارەقەی نێوچاوانی باوکمی لێ دێت

کاتێک شەڕی ژیانی بۆ ئێمە دەبردەوە

نیشتمانی من

کاتژمێری دیواری نییە

ئەوە تیکەتاکی ڕۆحی ئێمەیە لە نێوان چوار وەرزی تەمەندا

لە سەعات پێنجی بەیانی…

وەکو نانێکی گەرمی ناو تەنوور بۆنی ژیانی لێ دێت.

کاتێک شەونم لەسەر گەڵای گوڵەکان دەنوێت،

خۆر بە هێمنی، وەک دایکێک کە بەسەر لانکەی منداڵەکەیدا دەچەمێتەوە و

بە چرپە دەڵێت: “هەستە… دونیا چاوەڕێی پێکەنینی تۆیە.”

من نیشتمانم لەناو گیرفانمدا هەڵگرتووە،

وەکو نامەیەکی دڵداری، وەک بۆنی مێخەک، وەک نانی گەرم.

ئەگەر هەموو جیهان بگەڕێم،

هیچ ئاسمانێک هێندەی چاوەکانی نیشتمانم شین نییە و

هیچ زەوییەک وەک خاکی من

بۆنی جوانی لێ نایه‌ت.