
ئەرسەلان مەحموود
- بێدەنگی
کاتێک وشەکان
بەرەو مەرگ مل دەنێن،
زمان دەبێتە پەیکەرێکی ساردی زەمەن،
مێژوو وەک وشترملێکی ماندوو،
سەری خۆی لە ناو خۆڵەمێشی
فەرامۆشیدا…
دەشارێتەوە.
- یادەوەری
بۆ ئەوەی ناخم
لەو هەموو حوزنەی بوونت پاک بکەمەوە،
پەڕەی نامەکانتم سپاردە باڵای بڵێسەی ئاگر،
غافڵ لەوەی سووتان سەرەتای ئازادبوونی
یادەوەرییە و
دووکەڵەکە نەخشەی ڕووخساری تۆ
لە بۆشاییدا دەکێشێتەوە!
- ونبوون
لەسەر سنوورە لێڵەکەی نێوان بوون و نەبووندا،
بە کەنار خامۆشیی جیهانەوە،
تەنها و تەنها هەر خۆم و خۆم
وەستاوم….
خۆ دۆزینەوە خۆی مەترسییە،
چیتر بەدوای خۆدا ناگەڕێم!
- بێهودەیی
ئەو بارە گرانە هەمیشەییەی سەر شانم،
ئەوەندە بێمەبەست و بێبنە،
لە ژێر قورسایی تەنها یەک دڵۆپە
ئارەقەی ماندووێتی ڕۆحمدا،
مێژووی شارێک نوقم دەکات.
- نامۆیی
هەموو بەیانییەک،
ئەم ڕێوڕەسمە بێمانایە دووبارە دەکەمەوە،
سڵاوکردن لەو تارماییە غەریب و غوربەتخاوەنەی
لە پشت شووشەی ئاوێنەکەوە،
بە نامۆییەکەوە چاوەڕێیە
بمبینی و نامبینێتەوە!
- ئومێد
ئەی ئەندازیاری تاریکی،
پاڵتۆ ڕەشە ئەبەدییەکەت فڕێبدە،
ڕێگە بدە تیشکی دڵەڕاوکێی ئەستێرەیەکی یاخی،
لە گیرفانە ساردەکانتدا بچێنم!
- تەنهایی
هاوارم خستە ناو قووڵایی دۆڵێکی کپەوە،
گەردوون تەنها بە بێدەنگییەکی ڕەها
وڵامی دامەوە،
کاتێک لە تێگەیشتن بێهیوا بووم،
گوێم گرت،
تەنانەت دەنگدانەوەکەی خۆیشم،
لە ترسی تەنهایی هەڵات
و نەمدیتەوە!
- گۆڕان
لەوەتەی ئاسمان چیتر کانی بارین نییە،
میلی کاتژمێرەکان،
خێراتر بەرەو داڕمان دەخلیسکێن،
و
سێبەرەکان،
وەک مەرگی ئێمە،
سات بە سات درێژتر لە هیچتدا
دەخولێنەوە بە دەوری هیچتدا!
- پڕبوون
ڕاکشاوم لە ژێر کێشی
گرانبەهای ئەو حەقیقەتانەی نەوتران،
هێندە قورس…
وەک هەورێکی گەردوونی تاریک،
پڕ بێت لە تەقینەوەی بێدەنگیی
ئەستێرەکان.
- گومان
ئەوە منم سێبەرەکەم بە دوای خۆیدا کێشیکردووم؟
یان هەر لە سەرەتای بوونەوە،
من تەنها خەیاڵێکی تاریکم
لەسەر ئاوەزی سێبەرەکەم،
سەما بە وشەکان دەکەم؟