
عومهر حسێن
ئەوە پیری رێبهر و نوورانی ئێمە بوو، لەناو حەڵقەی زیكری هەزاران هەزار مورید و دەروێشی پڕ جۆش و جەزمە گرتودا، بە هەیبەت و شكۆ و حیشمەتێكی پڕ لە نوور و ویقار وەستابوو؟! وەك ئەوەی بلوسكێكی نهبڕاوه بێ لە نوور، شەبەنگی رۆشنایی دەڕژێنێتە چاوی هەمووان.
ئەوەتا لەناو تەنكە هەڵمێكی ئاماڵ پەمەیی زەرد باودا، لەناو سرووتێكی پڕ جۆش و پیرۆزدا، ڕووباری هەڵچووی رۆحیان و ئەڵقە ئەڵقەی كەفی هەڵچووی وەك چۆڕی شیری ههستیان، تێكەڵ یەكتردەبێت و دەبن بەیەك پارچە لە ڕۆح و جەستە و ڕۆشنایی. چی ئازار و ناسۆری جێی درێشە و زەرگ و تیخ و شمشێر و نەشتەر هەیە، لەناو ڕایەڵ و بۆتەیەكی پەنهان و نەبینراو و سیحرتێزاوەوە دەگوازرێنەوە ڕوحی ئەو و دهبێت به یهكپارچه له ڕۆشنایی..! وەك دەریایەك له ڕۆشنایی مەوج دەدات، لە شەپۆلی پڕ لە خرۆش و ئێش و ئازاری ئێمە، چاوەڕوانین لە گەورەترین موعجیزەدا هەر سبەی پەیامی ڕاست و ڕەوا و دادی خۆی بگەێنێتە گشت دنیا..!0
ئهی پیری ڕێبهر و ڕۆشنوهری ڕۆحی ئێمه، تۆ تهنیایت و ههمووشمانی. ههمووان به تاسه و حهسرهتهوه دێن، وێنەكانیان دەخەنە ئەلبوومەكەیهوه. نامەی هەموو هاوار و ناڵە و زامەكانیان دەگهیەننە دەستی ئەو… كڵێشەی هەموو داغ و كسپەكانیان دەخەنە كەشكۆڵەكەی ئەوەوە! هەر ئەو و تەنها ئەو و ئهو، كه دەتوانێ قاسید و نامەبەری بهمتمانهی ئێمە بێت بۆ دنیا و بۆ ئێستا و بۆ ئاخیرەت. ههمووان لهوه دڵنیان، كە كهس لەو سەرڕاستتر و به متمانهتر نییه! له ههمووان ڕهنتر و به ویقارتره، له ههمووان شیاوتر و باشتر و خۆنهویستر و ڕهسهنتره. هەموو ئەو وێنانەی ئێمە، هەموو ئەو هاوار و ناڵە و كسپانەی دڵی پڕ لەزامی ئێمە بگەێنێتە دەستی دنیاو دەستی خودا!
ئێمە موریدانی مەولامان، دەمێكە شەیدای هەقیقەت و ڕاستی دروستی و ئەمانەتیەكانی ئەو بووین. دەمێكە بەجلیوەی ڕوناهی وێردەكانی ئەو، چاو و دڵمان ڕۆشن بۆتەوە. دەمێكە ڕوحمان بەشەرابی وەك یاقوتی موعجیزاتی گهرم و بەتینی ڕۆحی ئەو مەست بووە. ئەوە ئێستاش هەموو لێرەین، هەموو ئەو مورید و دێوانە و سەوداسەرانەی كه لهشوێن ڕۆشنایی ئهوه ڕێ دهكهین، لێرەین و چاوەڕوانین لەدوا كەڕنەڤاڵی فەتحی عەرشی شاهانەی ئەودا ڕهها بین، كه ئیتر زامەكانمان و خەم و ئێش و ناسۆرەكانمان دوایی بێت!
هەموومان چاوەڕوانی دەركەوتنی ڕۆشنایی موعجیزاتی یاقوتینی ئەوین، بەسەدایەك هاوار دەكەین و دەڵێین ئەی پەیكی شارەزا، ئەی قاسیدی سەرڕاست و دڵیاقوت و چەنگ پڕ له گهوههر و نامەی پڕ لە ئێش و ئازار و زام و ڕازی دڵی ئێمە. وەی مەولای مە، ئەی پیری پڕ لە پهڕجووی ڕاستەقینە و موعجیزاتی گەوهەرینی خودا..! تۆ گەر دوێنێ لەناو ژوورێكی بچووك و تەنگ و لاپاڵی كێوێكدا، لە شیوێكی تەریك و لاتەنراو و داخراودا، لەناو گەرووی ئەشكەوتێكی بێ ناونیشاندا، ڕۆشنایی پڕ موعجیزاتی خۆتت دەگەیاندە چاو و دڵی ئێمە و دونیا..! ئەوە ئێستا لەسەر عەڕشی شاهانەتهوە، دەتوانی هەموو دنیا بەسیحری موعجیزەكانت ئاوێتەكەی، ئەی مەولای مە. ئاخر تۆدەتوانی لەناو سیحر و جەفەنگی موعجیزەیەكدا، دنیا بەعیشقمان سەرسام بكەیت و چرای زامەكانمان لەچاوی دنیادا داگیرسێنی… دەتوانیت بە نەفخێك خۆڵەمێش و ئێسك و پرووسكی سەد ساڵەمان بژیەنیتەوە. به ئاماژهیهك ڕۆح وەبەر ئەو هەموو وێنانەدا بكەیتەوە، كە چەندان ساڵە جەللادەكانی ئێمە لە چاوی دنیایان شاردۆتەوە! ئەی مەولای مە، ئەی شاهی دڵبەندی مە!0
ههموو لێرهین، هەموو ئەوینداران و موریدانی ڕێی عیشقی تۆ و خاك و خەڵك و خوا، لێرەین و چاوەڕوانی قامەتی بەویقار و درەوشاوە و پڕ لە پهڕجووی جوان و جیلوەبەخش و شەهامەتی شاهانەی تۆین، ئەی مەولای مە..! ئەی پیری سەر ڕاستی مە، سهر ههڵێنه و سهیری سۆز و خرۆش و هەیهجانی ڕۆحی تاسەبار و ڕۆحی بیمار و پڕ ژانی ئێمە بكه، كه هەمانی دەریایەكی خرۆشاو و ڕاساو شەپۆلان دەدات0
ئهو شاهی دڵبەند و ڕێبەری ڕۆحی داگیرساوی مە، وەك ئەوەی بلووسكێك بێت لە نوور و ڕۆشنایی، وەك مانگی تابانی شهوانی هاوینان پڕە لە تریفه و درەوشانەوە، له شەبەنگی ئهرخهوانی داستانی ئهوینداران، لە حیكایەت و بەسەرهاتی پڕ جەربەزەی سهوداسهران. ئهو شاهی دڵبهندی مه، شەوقی ڕووناكیەك لە ڕوخساری دەڕژێت، كە تا ئێستاكانێ لە ڕوخساری هیچ وەلیی و پیرێك نەڕژاوە..! هەردەڵێی، هەرچی نووری پیرۆزی خودا هەیە لە خوێنی ئەو گەڕاوە..! ئەوەتا وەكازەكەی دەستی ئەو، هەردەڵێی بە زمڕووت و یاقوت و مەرجان ڕووكەش و زاخكراوە..! شەبەنگێكی سەوزباوی پڕ لە سیحری جوانی و جەفەنگ، پڕ لە موعجیزاتی سەرسوڕهێنەر، كە تا هەنگینێ لە وەكازی هیچ وەلیی و پێغەمبەرێك نەڕژاوە. ئاخر تیلماسكێك لە بریسو و ڕووناهی ڕۆحی هەزاران و ملیۆنان ڕەند و دێوانە و سەوداسەری ئەم خاكەی تێدا ڕژاوە..! ئەوەتا كەشكۆڵێك لە شانیایەتی، كه پڕپڕە لە یاقوت و دووڕ و گەوهەری بەسەرهاتی گڕگرتنی خوێن و حیكایەتی سیحرتێزاوی دڵبردە.. پڕپڕە لە وێنەی پڕ لەسەرسوڕمانی هیچ كەس نەدیوو و هیچ كەس نەبیست، كە نە هەموو چاوێك دەتوانێت بیبینێی و نە هەموو چاوێك لە تەماشایان تێردەبێت، نەهەموو چاوێك هێز و توانای تەماشاكردنی هەیە. ئاخر لەوانەیە لە تەماشای هەندێ وێنەدا، چاو ئاوی ڕهشیی بڕژێنێت و ئاوی سپی داچۆڕێ و بتەقێ و وەك هێلكە كۆترێك بڕژێتە سهر عەرد! ئاخر كێ هەیە دڵێكی ڕوونی ببێت و بتوانێ تەماشای وێنەیهكی بكات، سینەی نەبێتە سوتماك و كزە لە جەرگی هەڵنەستێ و هەناسەی نەبێتە دووكەڵ و تاریكی تێنەڕژێ؟
ئەی پیری نورانی ئێمە..! ئاخر ئەوە عومرێكە بوویتە لوقمانی زەمانە، بەعەزم و حیشمەتی حەكیمێكی شارەزا شڕۆڤەی ئازارەكانمان دەكەیت، توێ توێ و برین برین زامەكانمان بە پەنجەی پڕ شیفا و موبارەكەت سارێژ دەكەی..! ئەوەتا هەرچی تەمی دەرد و بەڵاو نەهامەتییەكمان كه هەیە، بەدەستە موتفەڕكەكانی خۆت لادەبەیت و، بەدەستێكی پڕ لە شیفا كە هەر دەڵێی خوا هەرچی شیفا و ڕەحمەتی خۆی هەیە بەو دەستانەی تۆی داوە، زام بە زام و برین لە دوای برین ساڕێژ دەكەیت. لە هەموو وەرزە نەهامەتیەكانیشماندا دێیت و ڕۆحمان بە ئومێدی زیندەگی ئاشنا دەكەیتەوە. وەختێكیش ئێمە لەبەر زەبری كۆستێكدا هەرەس دێنین، دێیت و دەمانێیتەوە سەریەك و دروستمان دەكەیتەوە، جارێتر ئازایەتی و دلێری و ئیرادەمان بەبەردا دەكەیتەوە.. لە شەوە نووتەك و شووم و نەبڕاوەكانی نیشتمانیش دا، وەختێ نائومێدی چۆكی لەسەر سینەمان دادەكوتا و لە قوڵایی تاریكی خۆیدا ئەوقی دەكردین، تۆ دههاتی و بە پەنجەی پیرۆزی خۆت كە هەمیشە هەر ڕۆشنایی لێدەچۆڕێت ئاسۆی هیواكانمانت ڕۆشن دەكردەوە.. لە كاتێكیشدا كە ئاگر لە چوار لاوە لرفە و شاڵاوی بۆ دێناین، دەهاتی و حیكمەتی ڕزگار بوونت فێردەكردین..!0
ئای مەولای مە! ئهی شاهی دڵبەندی مە، ئەو دەمەش كە دەكەوتینە دەم شاڵاوی لافاوێكی توڕە و سەركێشی دەریاوە، تۆ هیچ كەشتی یەكی گەورەت نەبوو، كەچی بە ئەفسونێكی پیرۆزی پێغەمبەرانە فێرت دەكردین، شەپۆلی هەڵچووی دەریا تهی بكهین، بێ ئەوەی مەلاوانی بزانین مەلە بكەین و نەشخنكێین.
ئاخر موعجیزاتی ئەو پیری نوورانییەی ئێمە.. لە پهڕجوو و موعجیزاتی پێغەمبەران گەورەتر بوو. موســـا ئەگەر جارێك بە عەساكەی دەستی سیحری خوا درۆینەكانی فیرعەونی بەتاڵ كردەوە، ئەوە ئەو بەعەساكەی دەستی سیحری پڕ لە درۆ و جەفەنگی دەیان فیرعەونی لە فیرعەون زاڵمتری بەتاڵ كردەوە. ئەگەر عیســــا تەنها جارێك بۆ خاتری دڵی دایك و باوكێك منداڵێكی زیندوو كردبێتەوە، ئەوە ئەو عومرێكە ئێمە لەو سەری خەراباتی مردنەوە دەگێڕێتەوە و فێرمان دەكات چۆن بتوانین وابین ئەگەر مردیشین هەر زیندووبین و بەپاوە بین!0
ئەوسا، كە ئەو پیری تەریقەتی ئێمە، ئەو شاهی دڵبردە، یەكەم هەنگاوی لەو ڕێی عیشق و هەقانییەدا هەڵێنا، تەمەنی تەنها دوانزە ساڵان بوو، بەڵام دەتگوت سەد ساڵە لە خەڵوەتی عیشق و سەودای خاك و خەڵك و خوا دا بووە. دڵی لێواولێو بوو لە عیشق و ئیمان، لە هەیەجان و سەودای ڕاستی و هەقیقەت و هەقانییەت، دڵێ گەورەتر لە ڕووبەری زێد. ئهودهم چەند مناڵیش بوو، كەچی ئاسمانی بیر و مێشكی هێندهی ئاسمانی هاوینانی سهر دووندی كێوه بهرزهكان، پڕ بوو لە ئەستێرە و مانگی درەوشاوەی باوەڕ و هیوا، پڕ بوو لە خەون و خولیای ڕەنگاڵەیی و یاقووتی هەقیقەت. ئەوسا پیری مە، ڕێبەری هەر پۆلێكی مەكتەب و دوایی بۆ گشت مەكتەب و دوایی بوو بە ڕێبەری شارو دوایش بوو بەڕێبەری گشت وڵات، دواتریش مانگی وەجهی ئەو ڕۆشنایی گەیشتە ههموو جیهان..! ئەودهم زۆریش بچووك بوو، بەڵام باوهڕ و عەزم و ئیرادەی هێندەی سهفین دەبوو. ئەوسا پیری مە كه هات، تەنها خۆی و عەسایەكی چكۆلانەی دەستی بوو، ورد ورد هەنگاوی هەڵدێنان و ڕێی وجهی هەقیانەتی دەگرتەبەر. ههر تەنها كامێرەیەكی فۆتۆی لە ملیا و تۆربێنێكیش لە شانی بوو، كە پڕ بوو لە كولێرەو پەڕاو و سیپاڕه، خودكارێكیش لە باخەڵی لای چەپی كڵۆچەكەیدا بوو، هێواش هێواش ڕێگای دەبڕی و دەیەویست پەیامەكەی حاجی دورە وڵات بگەێنێتە دەست خەڵكی وڵات!
دەڵێن حاجی كە لە دوورە وڵاتێ بووه، لە سوێ و عەزرەتی وڵات و ئاوایی ئازار تەنگی پێهەڵچنیوه. ههموو ڕۆژێك مردن وەك باشوكەیەكی برسی دەوور و خولی داوه و خۆی بەدەستیەوە نەداوه، تا دوا ڕاسپاردە و پهیامی خۆی نەناردۆتهوە بۆ كوردستان! دەڵێن لەو كاتەیدا كە لە مەنفا بووه، لە كوچە نەناسراوەكانی ئاستانەدا بەبێ نازی و بەبێ كەسی خەریكبووه سەری پڕ لە عیشق و سەودای نیشتمانی دەنایە ناو خاكی غهریبایهتیەوە. دهڵێن، وەسیەت و ڕاسپاردەیەكی بۆ كورد و كوردستان نووسیوه! بە نەخۆشی هەموو ڕۆژێ دەچووە باژێڕی ئەستەمبوڵێ، لەو تاق و خان و قەیسەری و كاروانسەرایانەی ئەستەمبوڵێ لە كوردێكی لای شارهزوور و كهركوك گەڕاوه، تا مەكتوبەكەی پێدا بنێرێتەوە كوردستان! دەڵێن، ڕاسپاردەكهی بە كوردێكی بازرگان و گهڕیدهی سنهییدا دەنێرێتەوە كوردستان. دەڵێن، كابرا چهند ساڵ ئهو مهكتوبهی ههر له خورجینهكهیدا بووهو له بیری كردوه، دوای چهند ساڵ به بیری دێتهوه كه ئامانهتیهكی كابرایهكی كۆیی لایه، دهچته كۆێی و دەگاتە كاروانسەرای كۆیە، نامەی لە دەستی دەگرێت و لە بازاڕی كۆیە دەكەوێتە قەدەم لێدان و پیاسەكردنێ.. لەوسەر بۆ ئەو سەری باژێری كۆیە قەدەمان لێدەدا و نازانێت قسە لەگەڵ كێدا بكات و ئەو بابەتە یاساغە لەگەڵ كێدا باس بكات، كەسێك؛ كە متمانەی پێبكات و ئەو نامەیەی حاجی بداتە دەستی! ئاخر ئەو هیچ كەسی نهناسیوه و حاجیش ناوی هیچ كەسی نەدابۆیە، یان له بیری كردبوو. ئیدی چەندی خۆی دێنێ و دەبات لە دەم و ڕووی خەڵكی ورد دەبێتەوە دڵی كەس ناگرێت و ناتوانێت بیداتە دەست كەس، وەك ئەوەی كەس بە شیاوی پێدانی ئەو مەكتوبە سەنگینە نەزانێ. دەڵێن لەوكاتەیدا مەكتەبی منداڵان بەربووە. منداڵێكی زیتەڵەی ورد و وریا لەوێوە ڕابردووە، بانگی كردووە و نامەكەی داوەتە دەست ئەو. كابرا دەڵێت: وهره كوڕی خۆم، مهكتوبێكم پێیه نازانم هی كێیە، دهزانم حاجی ناوێك بوو! كابرایەكی كۆیی لە هەندەران لە وڵاتێكی یەكجار دوور پێیدا ناردوومهوه، تۆ خوێندهواری بزانه هی كێیه و بۆ كێیه؟! كابرا نەیوێرابوو ناوی ئەستانە بێنێت، گوتبووی لە حیجازڕا هێناومە و لە حەج وێیداوم. گووتبووی لە بەیانییەوە لەو بازاڕەی دێم و دەچم كەسم بەشیاوی ئەو نامەیە نەزانیوە، خوا لە دڵی نام بیدەمە دەست تۆ و لێم وەربگرە و بە ساحەبی بكە و ئەو ئامانەتیە بەجێ بێنە! كوڕم بیرت نەچێت كه ئامانەتی گرانە!
دەڵێن: لەو ڕۆژەوە ئەو منداڵە ئەو نامەیەی بەدەست گەیشتووە و خوێندوویهتهوه، ڕازێكی زۆر پەنهان و سەیر چۆتە دڵیەوە، عیشق و سەودایەكی پەنهان و سەیر چۆتە خوێنیەوە، سیحری زاتێكی سەرسوڕهێنەر فێر بووە. دەیانگوت، ئەو نامەیە ئارام و ئۆقرەی لێهەڵگرتووە، دێوانە و سەوداسەر بووەو دەشت و دەری گرتۆتەبەر و پشتی لە ئاوەدانی كردووە، چل شەو و چل ڕۆژ بەبێ نان و ئاو لە ئەشكەوتێك ژیانی كردووە، تا نووری خوا نیشتۆتە سەر دڵی، خودا، پەنجەی نوورین و درەوشاوەی خۆی لە ڕۆح هەڵكێشاوە! ئیدی؛ لەو ڕۆژەوە چ ئەفسوون و موعجیزاتی پێغەمبەران هەیە لە ڕۆحی ئهو زاته ڕژاوە!
پایزان وهختی خهزان دێ، ڕوو لەو دەشت و باخاتانە دەكات، هێواش هێواش هەنگاوان دەنێ و بە كامیراكەی وێنەی تەرمی گەڵا وەریوەكانی ناو باخ و مەزراكان دەگرێت! پێیاندەڵێت: دڵتەنگ مەبن و مەهێڵن شەختە و كڕێوەی زستانێ بتانژاكێنێ، سبەی بەهار دێت و كۆشتان پڕ دەكاتەوە لە شكۆفە و گەڵای سهوزی زۆتر..! بە باخ دەڵێت، بۆ ئەوەی ڕازاوەتر بیت، دەبێت گوڵی ڕەنگاوڕەنگی چوار وەرزەت هەبێ! هەرداوهەرد و شیواوشیو دەڕواو وێنەی دەیان و سەدان چەمی سووتاو و كانی خنكاو دەگرێت و سیحری ژیانەوەیان فێر دەكات. وێنەی مەل و چۆلەكەی شكەست و باڵشكاو دەگرێت و پێیاندەڵێت، بێ ئومێد مەبن! هێشتا مەودای فڕینتان ماوە، هێشتا توانای فڕینتان ماوە پتر ههوڵ بدهن…! ئەو دەڕوات و چی ببینێت و چی سەرنجی ڕابكێشێت وێنەی دەگرێت. وێنەی كەللەسەری بڕاو و لاشەی بەجێ ماو، تەرمی درەختی هەڵقرچاو و كێڵگە و پاوان و پەرێزی دەغڵ و دانی سووتاو. وێنهی گوند و شاری وێرانەو خاپوور بوو، ئیدی هەرچی ببینێ و سەرنجی ڕابكێشێ وێنەی دەگرێت. ئەو هەر دەڕوات و دەگەڕێت و ماندو نابێت، گونداوگوند شارەوشار هەرداوهەردو دەشت و كۆی ناوەتە بەر تەقەڵی هەنگاوی وردی، نه وهڕهز دهبێت و نه ماندوو!0
بەردێك نییە لەو یاڵانە، شەوێك سەری پێنەكردبێ و نهیكردبێته سهرین. ئەشكەوت و نوایەك لەو كەڤر و شاخانە نەماوە، پشوویەكی تێیا نەدابێ و چێشتەخهوێكی تێدا نەكردبێ. ئەوەتا بەدەستێك وێردو سروودی ژیانەوە دەنووسێت و بەدەستێك عەسای سیحراوی خۆی ڕادەوەشێنێ. ئەو عەسایەی بەڕاوەشاندنی بەهار دەژێتەوەو گوڵاڵە سەر دەردێنن! شەوان، مانگ جلیوەی زیوینی تریفەی خۆی دەداتێ و بەیانیان خۆر یەكەم تیشكی زێڕ كەفتی خۆی لە هانیەی ئەو هەڵدەوسێ. بۆیە هێندە بەویقار و درەوشاوەیە و خامەی پڕشنگی لێ دەتكێ، لەو سەرەوە وەكوو پیرێكی نوورانی كە دەگەڕێتەوە، هەردەڵێی لەوسەری مێژوەوە هاتۆتەوە، هەر دەڵێی لەو سەری مەملەكەتی مردن و ژیان هاتۆتەوە. بەسەر پشتی ئەسپێكی سپی یاڵ سووری كەحێلەوە، بەسەر پشتی دوڵدوڵێكی ڕەنگینەوە دێتەوە..! دارستان، سینەی پڕ لە زام و تەرمی هەزاران توولەنەمام و درەختی سووتاو و هەڵقرچاوی خۆی وێنە دەكات و دەیداتێ. ڕووبارو چەم، وێنەی دەیان سەرچاوەو كانیاوی وشككراو و كوێركراوی خۆیانی دەدهنێ. گۆڕستان، وێنەی سەدان لاكی كون كون و جەستەی دابێژراو و قوڵ و شەپیلكەی شكهستهی مردوهكانی خۆی دەداتێ. شاخ، وێنەی جێ داخی تۆپ و ناپاڵم و ههوری ژههراوی دەداتێ! گوند، وێنەی بێنازی خۆی كە هێشتا هەر وێرانەیە! شار، وێنەی كۆڵان و شەقامی تۆزاوی و له خاچدراوی خۆی دەداتێ. لەو سەرەوە لە ڕۆژهەڵات، قازی بە مهابادیەكی ساغدا، ڕاسپاردەی خۆی بۆ دەنێرێت. لەوسەرەوە لە باكوورەوە، شێخی نەهری و پیران نامەیەكی دوو قۆڵی بۆ دەنێرن. لەو سەرەوە، جگەر خوێن شیعرێكی تەواو نەبووی خۆی بەپەلە بۆ دەنێرێت. لەوێش مەندەلی و كەركوك چاوی داوەستاوی چاوەڕوانییان تێ بڕیووە. لە دوایشدا نیشتمان، لەوێنەیەكی گەورەدا هەزاران گوندی وێران و دەیان شاری خاپووركراوی دەداتە دەست. ئاخر خۆ خوا بەههموو گەورەیی و عەزهمهتی خۆی خەریكبێت، نەك بە ساڵێك و بەدووان بە دە ساڵیش ئەو هەموو تراژیدیا گەورەیهی ئێمەی، پێ وەك خۆی لێ ناكرێتەوە!
ئاخر ئەویش پیر و ماندووه، ئێش و ژانی هەمووشمانی لە سینەیدا هەڵگرتووە، وهك ههورێكی ژانگرتوو ههر پهنگ دهخواو پەنگ دەخواو دادهبارێ و تهواو نابێت!
ئەویش هەر گەروویەكی هەیە، كەچی هاواری هەموومان لەناویدا دەنگ دەداتەوە. ئەویش هەر زمانێكی هەیە، بەڵام ناڵەی هەموومانی تێدا دەزرینگێتەوە. ئەویش هەر دڵێكی هەیە، كەچی خورپە و ترپەی دڵی هەموومانی تێدا دەجمێ و شەپۆل دەدا… ئەویش تەنها دوو گوێی هەیە، كەچی دەنگی هەموومان دەبیستێ. ئەویش تەنها هەر دوو چاوی هەیە، كەچی زامی سەر سینەی هەموومان دەبینێ!0 ئەی پیری تەریقەتی مە، ئێستا كە بەدەریایەك ژانی ئێمەوە، بە سوێ و ئازاری هەزاران وێنەی پڕ لە تراژیدیاو كارەساتباری ئێمەوە، كه دەنگت دەگاتە لای گوێچكهی خوا… ئەی مەولای مە، ئێمە هەزار ساڵە چاوەڕوانین، وەختە بخنكێین تینومانە..! دەی مەولای مه، تەنها تۆزێ و هەر بۆ تاوێ، گەر بۆ ساتێكی كەمیش بێت، بارانی موعجیزاتی خۆتمان بەسەردا ببارێنە، هەموو ئەو وێنانەمان بگەیهنە دەست خوایەكانی ئەرز و ئاسمان، كە سەدان ساڵە ئازاری ئێمە نابیستن. سەدان ساڵە تراژیدیای ئێمە نابینن..! ئەی مەولای مە، ئێمە هەموو چاوەڕوانین، چاوەڕوانی بارانی پڕ موعجیزاتی تۆین ئەی مەولای مە!0