
خوێندنەوەیەک بۆ شانۆنامەی دۆزەخ
ناوی کتێب: دۆزەخ
نووسینی: ژان پۆڵ سارتەر
وەرگێڕانی: نەجاتی عەبدوڵڵا
ڕانانی: هەردی حوسێن
شانۆنامەی دۆزەخ، بۆ یەکەم جار لەسەر شانۆی ڤیو-کۆلۆمبیر لە ئایاری ١٩٤٤دا پێشکەش کراوە. ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ ئەو مێژووە، گوزارشتێکیشە لە کەشوهەوای سیاسی ئەو سەردەمە. چونکە کاتی نووسینی ئەم شانۆنامەیە، هاوکاتە لەگەڵ داگیرکاری فەڕەنسا لەلایەن نازییەکانەوە…
سارتەر ئەم شانۆنامەیەی بە ناونیشانی (huis clos) نووسیوە.
کە بە واتای (ماڵی داخراو) یان (ژووری داخراو) دێ. لە زۆر شوێنیش بە (no exit) هاتووە، کە بە واتای
(بێ دەرچوون) یان (دەرنەچوون) دێ. کاک نەجاتی عەبدوڵڵا لە فەڕەنسییەوە کردوویەتی بە کوردی، بە ناوی (دۆزەخ)ـەوە چاپ و بڵاو کراوەتەوە.
ئەگەر لە هەر کەسێکی ئاسایی بپرسین دۆزەخ چییە؟ ئەوا بێ دوودڵی وەڵامەکەی بریتی دەبێ، لە کڵپەیەک ئاگری بەتین و سزای جەستەیی لە شوێنێکی دیاریکراودا. واتە دۆزەخ ئەو شوێنەیە کە ئاگر، سزای جەستەیی و شوێنێکی دیاریکراویش هەبێ بۆ سزادان ئەوا ئەو شوێنە، یەکسانە بە دۆزەخ.
ئەگەر بێین، هەمان پرسیار لە خوێنەرێک یا ئەدیبێک بکەین، ڕەنگە لەپاڵ ئەو وەڵامەی سەرەوە، بیری بۆ کۆمیدیاکەی (دانتی)ـیش بچێ و کەمێک لە دۆزەخەکەی دانتیمان بۆ باس بکا. بەڵام ئەگەر بێین و خوێنەرێک ئەرکدار بکەین بە خوێندنەوەی ئەو شانۆنامەیە ئەوا وێنای دۆزەخ دەگۆڕێ بۆ شتێکی دیکە. چونکە سارتەر ئەم وێنایە دەگۆڕێ و پێمان دەڵێ پێویستمان بە ئاگر نییە بۆ ئەشکەنجەدان، چونکە گەلێک مرۆ هەن دەبن بە دۆزەخ بۆ ئەوانی دیکە… ئێستا بابزانین دۆزەخ چییە و کوێیە؟ مەبەست لە دۆزەخەکەی سارتەر چییە؟
ئەم شانۆنامەیە، لە ژوورێکدایە، یەک دەرگەی هەیە و دەرگەکەش لە دەرەوە بە قفڵ داخراوە. هیچ پەنجەرە و دەرچەیەکی نییە بۆ دەرچوون. لە ڕووی لۆجستییەوە،
ئەو شوێنە لە ژوورێکی دانیشتندایە، کە مۆبیلیاتی شێوازی ئیمپراتۆری دووەمە، یەک پەیکەری برۆنزیش لەسەر ئاگردانی ژوورەکە دانراوە.
شانۆنامەی دۆزەخ؛ لەسەر گریمانەی فانتازیایی بنیات نراوە و کەسایەتییەکانی نێو شانۆنامەکە مردوون و هێنراون بۆ ئەم ژوورە. کەسایەتییەکان لە هەمان کاتیشدا زیندوون، چونکە گفتوگۆ دەکەن و پرسیار لە گوناهی یەکتری دەکەن. بەو ڕێگەیەیش تا ئەو پەڕی سنوور یەکتری هەراسان دەکەن و دەبنە مایەی ئازاری دەروونی بۆ یەکتری.
هەر یەکێک لەو کەسایەتییانە بە هۆیەک مردوون و هێنراون بۆ ئەم ژوورە و کەسایەتییەکانیش ئەمانەن:
–گارین، پیشەکەی ڕۆژنامەنووسی بووە. بە تاوانی ترسنۆکی خراوەتە دۆزەخەوە، دەیەوێ لە چاوی ئەوانی دیکەدا وەک قارەمان دەربکەوێ و تاوەکوو لە ترسنۆکییەکەی ڕزگاری ببێ…
–ئینەس، لەبەر ئەوەی ژیانی هاوڕێکەی تێک داوە و مێردەکەی جێ هێشتووە، بەگاز خنکاوە… (وەکوو ئاوێنەیەکی ڕاستگۆ و دڵڕەق وایە بۆیان.)
–ئیستێل، بۆ پارە شوو بە پیاوێکی پیر دەکا، دواتر لەگەڵ پیاوێکی لە خۆی بچووکتر، پێوەندی خۆشەویستی درووست دەکا، بەڵام گەنجەکە پێیەوە پەیوەست دەبێ و منداڵێکیان دەبێ، کە ئیستیل ئەو منداڵە فڕێ دەداتە نێو زەریاوە و پیاوەکەیش لە داخا خۆی دەکوژێ… (دەیەوێ لە چاوی پیاواندا وەکوو ئۆبژێکتێکی جوان ببینرێ.)
–خزمەتکار، تەنیا لەگەڵ گارسین گفتوگۆ دەکا و هەر ئەویش گارسین دەهێنێتە ژوورەوە.
شانۆکە بە یاوەری سێ کەسایەتی سەرەکی دەچێت بە ڕێوە و سەرەتا گارسین ئەم شوێنەی قەبووڵ نییە تاوەکوو خزمەتکار پێی دەڵێ دانیشە، ئێرە شوێنی ئێوەیە. گارسین و کەسایەتییەکانی دیکەیش هەروەکوو کەسانی ئاسایی کە لەسەرەوە باسمان کرد، وێنای دۆزەخ لایان بریتییە لە ئەشکەنجە و ئاگر…
هەر بۆیە گارسین بە خزمەتکارەکە دەڵێ: ئامێرەکانی فەلاقە لە کوێن[1]؟
– خزمەتکار: چی؟
– گارسین: ئامێرەکانی فەلاقە، شیشی سوورکراوە.
گارسین وەک هەر کەسێک کە چاوەڕوانی سزای دۆزەخ بکا، چاوڕێی سزا دۆزەخییەکانە. بەڵام خزمەتکار بە هێواشی گارسین تێ دەگەیەنێ ئێرە نە قامچی لێیە، نە ئاگر و نە شیشی سوورکراوە؛ بەڵکوو لێرە و لەم ژوورەدا و لەگەڵ ئێوە دووکەسایەتیی دیکە بوونیان هەیە و ئەوانیش وەک تۆ هێنراون بۆ ئەم ژوورە و هەریەکەیان باس لەو تاوانە دەکا کە کردوویەتی.
هەریەکە لەم سێ کەسایەتییە، لە پشت دەرگە داخراوەکەوە، چیرۆکی خۆیان دەگێڕنەوە. قسە دەکەن و قسە دەکەن. هەرچی سنووری ئازادی تاکەکەسییە دەیبەزێنن و دواتر بۆیان دەردەکەوێ کە گیریان خواردووە و ناتوانن بچنە دەرەوە. لە شانۆنامەکەدا، کەسایەتییەکان درک بەوە دەکەن کە دۆزەخ شوێنی ئەشکەنجەدانی جەستەیی نییە، بەڵکوو شوێنی ئەشکەنجەی دەروونییە.
ئەم شانۆگەرییە، کارێکی فەلسەفییە کە بەدواداچوون بۆ بابەتەکانی بوونگەرایی دەکات. سارتەر دەیەوێ لە ڕێگەی ئەم شانۆیەوە، پێمان بڵێ دۆزەخ ئەو شوێنە نییە کە تیایدا دەسووتێنرێین و ئەشکەنجە دەدرێین، بەڵکوو دۆزەخ ئەو شوێنەیە، کە لە دەرەوەی زۆنی ئاسوودەیی ئێمەیە. ئەو شوێنەیە کە دەکەوینە بەر نیگای ئەوی دیکە. کاتێکیش دەکەوینە بەر نیگای ئەوی دیکە چ شتێکمان لێ دەستێنرێ یان چی لەدەست دەدەین؟ نابێ لە بیرمان بچێ لە ژوورەکەدا ئاوێنە نییە! وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوەی تۆ لە نیگای ئەوانی دیکەوە دەتوانی خۆت ببینی و توانای بینینی خۆت نییە. تۆ ئەوەی کە لە چاوی منەوە دەبینرێی، نەک ئەوەی خۆت دەیبینی… سارتەر بە مەبەست ئاوێنەی لە ژوورەکە لابردووە. بۆ ئەوەی کەسایەتییەکان نەتوانن خۆیان پێناسەی خۆیان بکەن و خۆیان ببینن… ئەمە خاڵە جەوهەرییەکەی دۆزەخەکەیە، چونکە کەسایەتییەکان (گارسین، ئینێس و ئیستێلا) ناچارن تەنها لە ڕێگەی نیگای یەکترییەوە خۆیان ببیننەوە. ناسنامەی خۆیان لە نیگای ئەوی دیکە وەربگرنەوە.
کاتێک ئاوێنە نییە، تۆ وێنەی خۆت لای ئەوانی دیکە وەردەگرییەوە، وێنەیەکی دڵڕەقانە و بێبەزەییانە، لەوەش ئازاردەرتر ئەوەیە ئەوان دادوەرن و بڕیار لەسەر بوونی تۆ دەدەن… چونکە مرۆ کە کەوتە دۆخێکی لەم چەشنە تووشی نیگەرانی، دڵەڕاوکێیەکی زۆر و لەدەستدانی ئازادی تاکیێتی و سەربەخۆیی دەبێتەوە. کە لە کتێبە بەنێوبانگەکەی (بوون و هیچ) سێرەی زۆری لەسەر ئەم باسەیە، کە زیاتر کارم لەسەر کردووە و بەستوومەتەوە بە دۆخی کورد و کوردبوونەوە لە دەرفەتێکدا ئەوانیش بڵاودەکەمەوە.
دۆزەخ ئەو شوێنەیە کە ناچاری لەگەڵ هەندێک کەس بژی و هەڵسوکەوت بکەی. بە مانایەکی دیکە دۆزەخ ئەو شوێنەیە لەگەڵ کۆمەڵێک ناکەس بژی. کاتێک دەڵێن کەس لە کوردەواریشدا هەم کەسمان هەیە و هەمیش ناکەس بۆیە مەحوی لە دێڕێکدا دەڵێ: خوا تۆ بمژیێنە تا لەبەر قاپی کەسێک دەمرم… بۆیە دەکرێ ئێمە کاتێک لە شوێنێکین و ئەو شوێنە پڕیەتی لە کەسانێکی سازۆشیست، ئەوا ئەو شوێنە بۆ ئێمە دۆزەخ بێ هەر وەک گارسین لە کۆتایی شانۆ کەدا تێدەگات و دەڵێ: (دۆزەخ ئەوانی دیکەن[2])
هەرچەندە تیڕوانینی جیاواز لەبارەی ئەم ڕستە فەلسەفییەوە گوتراوە و ئێمە نامانەوێ پاتەیان بکەینەوە، بەڵام بە تێڕوانین لە دەقە شانۆییەکە مەبەست لەم ڕستەیە ئەوەیە کاتێک ئێمە لەژێر نیگا و چاودێری ئەوانی دیکەداین، ئەوا ئەو شوێنە بۆ ئێمە دەبێتە دۆزەخ. یان کاتێک ئیمە ئەوەندە بێدەسەڵات دەبین ناچارین ناسنامەی خۆمان لە چاوی ئەوی دیکەوە وەرگرین، لەوێدا دۆزەخ دەست پێ دەکا…
کاتێک ئێمە لەژێر چاودێری کەسێکی دیکەداین، بە ناچاری دەبینە ئۆبژێکتی کەسانی دیکە و ئەمە وادەکا بکەوینە ململانێی سوبێکتبوون و ئۆبژێکتبوون. ئەم ململانێیەیش سەرەنجامەکەی دۆڕانە، باجی دۆڕانیش قورسە. لە کۆتاییشدا ئازادیمان لێ زەوت دەکرێ لە لایەن دەوروبەرەکەمانەوە و ئەو کاتە نە ئازادی هەڵبژاردنمان دەبێ نە ئازاد خودی. بە دەربڕینێکی دیکە، هۆشیاری لە ڕێی هەڵبژاردنەوە یاخود ئازادییەوە خۆی درووست دەکا.
دەتوانین بڵێین تەواوی فەلسەفەکەی سارتەر پشت بە ئازادی تاکەکەس لە هەڵبژاردندا دەبەستێ. ئەم ویستەیش تەنانەت بەسەر کەسێکدا دەسەپێ، کە لە هەڵوێستێکی مێژوویشدا خۆی بە دیل دەبینێ. ئەم فەلسەفەیە لە مرۆیەکدا بەرجەستە دەبێ، کە باوەڕی قووڵی بە ژیانی ئازاد و ئازادیی تاکەکەس هەیە. هەر لەم ڕووەوە دەتوانین فەلسەفەکەی ناو بنێین فەلسەفەی ئازا لە بەرانگاربوونەوە و سەرپێچی کردندا. نابێ ئەوەشمان لەبیر بچێ، لە فەلسەفەی سارتەردا بە تایبەت (بوون و هیچ)ـە کەی مرۆ مەحکوم دەکا بە ئازادی، بەڵام دەیخاتە ژێرباری بەرپرسیاریەتیشەوە. واتە ڕاستە مرۆ ئازادە، بەڵام بەرپرسیاریشە. (نیگای ئەوی دیکە بەدەرنییە لە فەزیلەت، بەڵام دەکرێ ئەو نیگایە لە دەرفەتێکی دیکەدا ببەستمەوە بە ڕوانگەی فۆکۆوە و لێرەدا باسی ناکەم و جێی دێڵم بۆ دەرفەتێکی دیکە…)
لە کۆتاییدا، کاتێک دەرگەی ژوورەکە دەکرێتەوە و کەس ناڕواتە دەرەوە، سارتەر لوتکەی فەلسەفەکەی خۆیمان نیشان دەدا. ئەوان ناڕۆن چونکە بەرپرسیاریەتی و ئازادی قورسترین بارن؛ ئەوان پێیان باشترە لەنێو زیندانی نیگای یەکتریدا بمێننەوە و ململانێ بکەن وەک لەوەی بچنە دەرەوە و ڕووبەڕووی بوونی ڕاستەقینەی خۆیان ببنەوە.
ئەم شانۆنامەیە پەیامێکی فیکری قووڵە بۆ هەموو سەردەمەکان، هەرکاتێک ئێمە بوێریی ئەوەمان نەبوو بەرپرسیارێتیی کردارەکانمان هەڵبگرین و هەمیشە سێرەمان لەسەر ئەوە بوو خەڵکی یان نەتەوەکانی دیکە چۆنمان دەبینن، ئەوا بزانین کە هەر لەو ساتەدا دۆزەخی خۆمان دروستکردووە…
ماوەتەوە بڵێین دیالۆگەکانی ئەم شانۆنامەیە، بریتین لە دیالۆگ و کۆمەڵە گوتەیەک کە کارلێکی بەرگە نەگیراو درووست دەکەن و ئازادی تاکەکەسی بە تەواوی پێشێل دەکەن. لە تەواوی دیالۆگەکەشدا، ڕووبەڕووی چەمکەکانی ئازادی، بەرپرسیاریرتی، مەرگ و بوون دەکەوین کە لە فەلسەفەی بوونگەرایی و سارتەردا سێرەی زۆریان لەسەرە. بۆیە دەڵێین هەر کاتێک لە لایەن کەسانێکی دیکەوە سنووری ئازادیمان بەزێندرا ئەوا ئەوانی دیکە بۆمان دەبنە دۆزەخ.
[1]. …..
[2]. …..