گۆڤارێکی ڕۆشنبیری گشتیی وەرزییە، بەڕێوەبەرایەتی ڕۆشنبیری و ھونەری ڕاپەڕین دەریدەکات

کتێبی”کۆمەڵگەی خوێنەران_فەلسەفە و هونەری خوێندنەوە”

کۆمەڵگەی خوێنەران. ئەو نیشتمانەی بە خوێندنەوە تێیدا دەبیت بە هاووڵاتی

کتێبی”کۆمەڵگەی خوێنەران_فەلسەفە و هونەری خوێندنەوە”

“بەکر ئاڵەیی”

 

مرۆڤ ئەو بوونەوەرە بزۆز و گورجوگۆڵەیە کە لە تەنیاییدا دەست لە هەموو شتەکان دەدات، کەون هەڵدەوەشێنێتەوە و دەیەوێت وەک خالق دنیایەکی نوێتر بۆ شتەکان دروست بکات. مرۆڤ شتەکانی بەرهەم هێناوە و هەوڵ دەدات جێگەیەکیان بۆ بکاتەوە. خەون و ئاگایی کوێی ئەو شتانە دەگرێتەوە؟ ڕامان و جووڵە چۆن جێ بکەینەوە؟ خواردن و ڕۆیشتن و هتد… دەچنە کوێی ئەو هەڵوەشاندنەوەیە؟ ئەگەر خەریکی پرسیارکردنی شتە هەست پێکراوەکان، بینراوەکان و دەست لێدراوەکان بین، لەوانەیە سەرنجەکان هەموویان لە شوێنێکی دیار جێ بکەینەوە. دواجار ئەو شتانە خۆیان دەبن بە کائینێکی پڕ جووڵە، دەبن بە قسەکەرێکی هەست پێکراو، دەبن بە هۆکار بۆ جووڵەکردنی ژینگە.

“کۆمەڵگەی خوێنەران”، ئەو خەیاڵەیە بووە بە ڕیتم، وەک ڕازێک دێتە ناو زەین و ڕاوێژی خوێنەر. خوێنەر لە چوارچێوەی خەیاڵبەندی تایبەتی خۆی دەر دەکات، دنیایەکی دی پێنیشان دەدات، دنیایەک بەدەر لە دنیای ژیانکردن و خواردن و ئاگایی و خەوتن، واتە ئەو دەنگانەی وەک کردەیی بوونیان هەیە، ئەو دەنگانە نین، دەنگەکان جیاوازتر و ڕیتم و گۆکردنیان جادوویی و پڕ سەرنجە. نووسەر ورد و بە سەلیقەیەکی هونەری تایبەت وێنەی وشەکان دەداتە ناو زەینت، هانت دەدات خوێندنەوە بکەیت بەکولتوور، پێیوایە مرۆڤ دەتوانێت وێنەگرتنی برسییەتی و تێربوون لە نووسیندا چارەسەر بکات، ئەو پێمان دەڵێت بفڕە، وەختێک تۆ باڵت نییە لە ڕاستیدا یان لە واقیعدا، بەڵام لە ئەنجامی خوێندنەوەی وشەکاندا دەتوانی بفڕی!

دەی وەختێک نووسەرێکی کارامە، وێنەی بەلەمێکی نقووم بووت نیشان دەدات تێیدا سەرجەم کۆچبەرەکان گیانیان لەدەستداوە، تۆ جوان ڕووداوەکە دێتە بەردیدەت و نیگەرانی و خەم تووشی هەژانت دەکات، ئەگەر فڕینی زەین و خولیای هەستی یەکبوونی مرۆیت نەبێت، ڕەنگە تەقەی سەرت بێت! نووسەری کۆمەڵگەی خوێنەران، بە دیقەتەوە تابلۆکان دەکێشێت. وەختێک باسی داری سێو دەکەین، یەکسەر دار سێوێک لە خەیاڵی خوێنەردا دەردەکەوێت، دروست ناوهێنانی ڕەنگی سێو لە زەینتدا جێگیر دەبێت، خوێنەر دەتوانێت بێ ئەوەی لەمسی شتەکان بکات، هەموو ناو و ڕەنگ و دەنگ و تابلۆکانی لە بینینیدا جێبکاتەوە. تۆش دەتوانیت خوێنەری ئەو کتێبە بیت، تا دەردەکانی نەخوێندنەوە چارەسەر بکەیت.

زۆرجار لە خەیاڵی خۆمدا، بیرم لە سیبریا کردۆتەوە، بە خەیاڵ چوومە ئەوێ، لای خۆم بەتانییەکەم خستۆتە سەر جه‌سته‌م و هەستم بە سەرما کردووە. بیرم کردۆتەوە، ئەو گیاندارانەی لە سەرما و بەستەڵەکدا لە دایک دەبن، دەبێت خوێنی ئەوانە چ ڕەنگێک بێت؟ سوور بێت، زەرد بێت، پەمەیی بێت؟ دەبێت چ پەیوەندییەکیان لەگەڵ ئاگردا هەبێت؟ دەبێت کردەی جووتبوون و لە دایکبوون ڕێڕەوەکەی چۆن بێت؟ وای دەبینم، ئەوەی زانستی دەروونناسی و کۆمەڵناسی نەخوێندبێت، دەتوانێت ئەو زانستە پەیڕەو بکات. دەتوانی لە خوێندنەوەی دەم و چاوی پشیلەیەک هەست بە ترس بکەیت، هەست بە برسییەتی بکەیت، ئاسوودەییەکانی ببینی!

نووسەری کۆمەڵگەی خوێنەران، ڕۆچوونی بەناو هەستی منداڵێکی شەش مانگەدا، وەک دەروونناسێک دەم و چاو، جووڵە و بازەکانی دەخوێنێتەوە، مرۆڤ مەرج نییە هەر کتێب بخوێنێتەوە، گەڵا بخوێنەوە دەیان وێنەی ئەو گەڵایە دێتە ناو ئەدگار و جووڵە ناوەخۆییەکانت. وانەی گەڵا دەدەیتە شیعر و چیرۆکی حەزین و خەمهێنەر دەیخەیتە ناو کتێبەکان! خوێندنەوە تەنها لە تێکستەکاندا بوونی نییە، لە هەڵەتی شاخێکدا تابلۆی ڕاسان و مانەوە دەخوێنیتەوە، لە هەڵەڕژانی تاڤگەدا گۆرانی دەخوێنیتەوە، لە شیوی تاریک و ماهدا، ڕۆمانی گیانەوەرەکانی ئەو ژینگەیە دەخوێنیتەوە. نووسەر هەوڵی بە کولتووریکردنی ڕامان دەدات و دەیەوێت بێوچان لەگەڵ خوێندنەوەدا بڕوات.

هەمیشە لە وەختی خوێندنەوەدا، هەوڵی ئەوە دەدەم کۆک بم، ئایا دەبێت ئەو ساتەی تێیدا دەخوێنمەوە گونجاو بێت؟ یان جەستەم ئامادەیی تێدایە بۆ خوێندنەوە؟ ئەوە ئەو حاڵەتەیە کە نووسەر دەیگێڕێتەوە بۆ ئەو بەشەی پەیوەندی بە مێشکەوە هەیە. مێشک چۆن گەیشتووە بە قەناعەت، پێویستە ڕیعایەتی ئەو حاڵەتانە بکات. وەختێک جەستە ئامادە نەبێت بۆ کارێک، چۆن ئەو بەرنامەیە جێ بەجێ دەبێت! بۆیە دەچێتە سەر بەشی دووەم، دەبێت چاو ئەو قۆناغانە تەماشا بکات، ئاخۆ ڕێگەیەک هەیە بۆ خوێندنەوەی کتێب؟ یان ئەمڕۆ لەم کاتەدا کام کتێب گونجاوە بۆ خوێندنەوە؟ تەماشای دەچێتە سەر ئەو کتێبەی لەگەڵ ئەو ساتەی هەستی دێتەوە، بیگونجێنێت تا ئاسوودەییەک ببەخشێت بە تەواوی جەستەی، ئەنجامدانی ئەو کارە یه‌كسه‌ر کار لە جووڵە و هەستەکانی دەکات.،خوێندنەوەی ئەو ساتەی هەڵیبژاردووە، یەکسەر کاریگەری دەخاتە سەر چالاکبوونی دڵ. نووسەری کۆمەڵگەی خوێنەران، خوێندنەوەی دابەشکردووە بەسەر هەر سێ بەشە گرنگەکەی جەستەی مرۆڤ (مێشک، دڵ، چاو).

ئەو ڕێگەیەی نووسەری ئەو کتێبە پەیڕەوی کردووە، خوێندنەوەیەکی نوێ و شۆڕبوونەوەیەکی پڕ زانیارییە. بۆیە نووسەر دەیەوێت، لە ئەنجامی خوێندنەوەدا مرۆڤێکی چالاک و ساغ و پڕ زانیاری دروست بکات. ئەو هەوڵە زیندووکردنەوەی خانە کەوتووەکانی جەستەیە، نەک بێزاربوون و دوورکەوتنەوە لە خوێندنەوە، چەندانجار بەو حاڵەتەدا گوزەرم کردووە، کتێبێکم خوێندۆتەوە، گوێم لە دەنگی وشەکان بووە، دەنگی نەرم وای لێکردووم جاری دووەم بچمەوە سەر وشەکە. بۆچی هێندە نەرم وەک مەرهەم دێتە ناو زەینت؟ دەنگی زبرم گوێ لێبووە گوتوومە نا، چۆن دەکرێت ئەو دەنگە دروستکراوی داهێنەرێک بێت هێندە خراپ خۆی خزاندۆتە ناو کتێب؟! هەندێک جار بە ئاماژە دڵخوازەکەی خۆم حاڵی کردووە دەمەوێت ژوانێک ببەستین و کات و شوێنیشم دیاری کردووە بە ئاماژە گوێم لێبوو بە دەنگێکی نەرم، حاڵی دەبووم ئەمڕۆ ناتوانم، ڕەنگە گونجاو نەبێت، هەموو ئاریشەکانی ئەو ئامادە نەبوونه‌م گوێ لێبوون دەنگی وشەکان دلێرترن، جوانتر بوونەوەرەکان بە ئاگا دێننەوە. دەنگی ئەو تانە، چەپەر، ڕەمەند چۆن گیاندارەکان دەپرینگێنێتەوە، هەموان حاڵی دەبن ناتوانن بچنە ئەو دیوی دیوارەکە، تێگەیشتن هەر لە نووسیندا گوێمان لە دەنگ نابێت، کەشناس و ئەستێرەناسەکان بە دیقەت و سەرنجدان لە ڕەوشی کەش و هەوا، گوێیان لە ئاسمان دەبێت، ڕێژەی باران بارین چەند ملیمە. وەختێک جوتیارەکان تەماشای زەوییەکانیان دەکەن، گوێ لە ڕاز و نیازی قووڵیان دەگرن. دەنگی زەوی دەچێتە گوێی جووتیار و شەوانە هەراسان دەبێت و دەنگی زەوی ناهێڵێت بخەوێت.

نووسەری کتێبی کۆمەڵگەی خوێنەران، لە ڕوانگەی گەیشتن بە نووسەرە دیارەکانی وەک گابریل گارسیا مارکیز، هێمنگوای و بەشێک لە نووسەرانی دی، گەیشتووە بەو ڕاستییەی خوێنەری ڕژد و ڕاستەقینە جگە لە خوێندنەوەی بەرهەمی نووسەران، تەنانەت ئەگەر بەرهەمەکانیان ناوی نووسەریشیان لەسەر نەنووسرابێت، دەتوانێ نووسینەکانیان بناسێتەوە. دەنگی کۆدی نووسین، دەنگێکە کە کردتەوە حاڵی دەبیت و پێت دەڵێت ئەوە چ دەنگێکە، مەبەستم لە درێژی ڕستەچییە، پێت دەڵێت بۆیە ئەو ڕستەیەم تەواو نەکردووە، تۆ دەتوانی دوا پەیامی ئەو دەنگەی من بگەیەنی. کردنەوەی کۆدی هەر نووسەرێک، تێگەیشتنە لە ڕوئیا و خەون و ستراتیژی شێواز و تەکنیکی نووسینەکانی.

خوێنەری تامەزرۆ وێڵە بەدوای کاتێکی گونجاو بۆ خوێندنەوە، زۆر جار هەوڵی خۆی دەدات کات دابنێت، بەڵام ژیان و ئاریشەکانی بەربەست دەهێننە پێش، ناهێڵن ئەو کاتە زێڕینە دەستەبەر بێت. نووسەری کۆمەڵگەی خوێنەران شۆڕ دەبێتەوە بۆ کاتی نەرم و سپی، لەو ڕەنگڕێژییەدا یادگاری منداڵی دێنێتەوە یاد، ئەو ساتە چەند لەبارە، منداڵێک دەچێتە ناو خوێندنەوەی چیرۆکێک و ئاوێتەی دەبێت. چەند بانگی دەکەن بۆسەر سفرەی نان خواردن، ئەو هێندە چۆتە ناو خوێندنەوە گوێی لەو بانگکردنە ئاخنیوە، تا یەکێک دەچێت شانی ڕا دەتەکێنێت و بە ئاگای دێنێتەوە کە وەرە، دەنا خواردنەکە سارد دەبێتەوە. خەیاڵبەندی یادگای منداڵەکە، ئەوەندەی خوێندوویەتەوە لە بیرکردنەوەیدا جێگیر دەبێت و تا دەچێتە ژێر گڵ چیرۆکەکەی لە زەیندا دەمێنێت، بەوە دەگوترێت کاتی زێڕین!

خۆم چەند جار لە چێژ وەرگرتنی گێڕانەوەی ڕۆماندا ڕۆچووم، لە پڕ بانگم دەکەن، یان زەنگی مۆبایلەکە لێدەدات، هەرچی خڕت کردۆتەوە خستووتە ناو هەستەکانت، بەو ئاگاییە کت و پڕە خەیاڵبەندت کون دەبێت و چێژ وەرگرتنەکە یان وێناکردنەکان دەشێوێن و دەڕژێن و بە گۆڕێ وەر دەبن. گرفتی ئێمە بۆ خوێندنەوە، بوونی شوێنێکی گونجاوە، شوێنێک هەست بکەیت لە خۆت زیاتر کەسی دی خاوەنی نییە، پەنایەک بێت ڕامان و خەونەکانی تێدا بکەیت بە تابلۆ، لەوێ قسە لەگەڵ جەستەی خۆت بکەیت، ژیان بخەیتە ژێر پرسیار و گومان! ئەو ڕەوشەی بۆ ئێمە خوڵقاوە، جیاوازییەکی زۆری هەیە کە بۆ تاکی ڕۆژئاوایی خوڵقاوە. تاکی ئێمە جگە لە دەردەسەرییەکانی ژیان، گرفتی ئاسایش و دڕدۆنگی و نامۆ بە ئەرک و ماف، لێستاندنەوەی ئینتیما بۆ نیشتیمان و نەتەوە، ئەوانە و چەندان ئاریشەی دی زەوقی خوێنەر دەکوژن، پێویستە لەوە تێبگەین، تا ڕۆح ئارام نەبێت، کەشی ئارام بۆ خوێندنەوە دروست نابێت، خەیاڵت ناچێتە سەر ڕۆحە بزۆزەکانی کتێب و دوور دەکەویتەوە لە ڕازی خوێندنەوە.

ئێمە بە دەست نەبوونی ماڵێکی ئارام و بێ کەم و کوڕییەوە دەناڵێنین. زستان پەنایەکی گەرم و نەبوونی سەمفۆنیای سروشت و نەڕەخساندنی کەشی خوێندنەوە، ناتوانی بچیتە ناو جادووی نووسین و خوێندنەوە! سەرجەم وەرزەکان، پێویستییان بە کەشی تایبەتی خۆیان هەیە، ئەگەر تۆ لە وەرزی پایزدا باخچەیەک و کۆمەڵێک گوڵ و گوڵدان و سروشتێکی دڵڕفێنت پەنا نەدابێت، خوێندنەوە تێیدا وەک سەفەرێکی نامراد و بێ نەوا دەچێتە ناو ڕۆح، پرسیارەکە پێمان دەڵێت: لە ژورێکی قەرەباڵغ و ژاوەژاودا بە کوێی خوێندنەوە ئاشنا دەبیت؟ ئایا کتێب و وشە و دەنگە نەرمەکانی گەڵا، لە پەنایەکی ئارام نەبێت، دەتوانن پەیامی ڕۆحی خۆیان بگەیەنن؟ نووسەری کۆمەڵگەی خوێنەران، جوان ئەو ڕێوشوێنانەی خوێندنەوەی ئاماژەی پێداوە، خوێنەر تێیدا دەتوانێت پەرجووی هەموو ڕازەکان بکاتەوە، ڕۆحی کتێب و خوڵقی کتێب دێنێتە بەرباس، بۆ هەر یەکێکمان جۆرێک پێناسە هەیە بۆ خۆشەویستی کتێب، کتێب وەک ئەو بوونەوەرە داهێنراوەی هەستی مرۆڤ، کەڵکەڵەی خۆ نمایش کردنی هەیە، دەیەوێت ئەو سنوورانە بشکێنێت کە ژینگە و دەوروبەر دروستی کردوون.

چ کتێبێک دەستنیشان دەکەیت بۆ خوێندنەوە؟ واتە چۆن هاوڕێیەک هەڵدەبژێری و ئیدارەکردن و دڵڕاگرتنی ئەو هاوڕێیە لە کوێی بیرکردنەوەکانتە؟ پرسیارت لەو کتێبانەی پێشتر کردووە؟ ئێوە کام کتێبەم پێ دەناسێنن بۆ ئەوەی ببێت بە هاوڕێم؟ ئێوە پێشتر هیچ نووسراوێکتان لەسەر ئەو کتێبە خوێندۆتەوە کە نیازی هاوڕێیەتیم هەیە و دەمەوێت لە ناو یادگارییەکانمدا جێی بۆ دانێم؟ من وەک خۆم زۆرجار لە دڵسادەیی خۆم، هاوڕێم هەڵبژاردووە، زیانی پێ گەیاندووم، درۆی لەگەڵ کردووم، دزی لێکردووم. پاشەملە دەیەوێت ملم بشکێنێت، بەدوای کارە خراپەکانم دادەگەڕێت، زۆرجار نهێنی و هەندێک ڕازم لا باس کردووە، بە فرسەتی دەزانێت و بۆ کات بەسەربردنێک و پێکەنینێک، چ خاڵە لاوازەکانی من هەیە باسیان دەکات، چونکە نەمپرسیوە ئەو زاتە چۆنە بۆ هاوڕێیەتی، دەی نامەوێت کتێبێک بکەم بە هاوڕێ بمکوژێت! ئەو ژەهرە ناهێنمە ناو ئەو هاوڕێیانەی لە ناو کتێب ناسیومن. کتێبەکان هاوڕێی چاک و خراپت نیشان دەدەن، کتێب هەیە زۆر نزیکت دەخاتەوە لە درۆ، لە کوشتن، لە فەسادی، لە تووڕەیی و ڕەق لێبوونەوە، لە وێرانکردنی ژینگە، ئایا پێویستە ئەو کتێبانە بخوێنیتەوە؟ من دەڵێم بەڵێ ئەو کتێبانە دەخوێنمەوە، تا نەتوانم دۆستی ئەو کارەکتەرە ناشیرینانەبم لە کتێبەکەدا ڕۆڵیان هەبووە، یان هیچ نەبێت کە تێکستێکم نووسی وێنەی لە وێنەی ئەوانە نەبێت.

ئەرسەلان مەحمود، لە “کۆمەڵگەی خوێنەران”دا، جوان ڕۆڵی کتێب و ڕۆحی کتێبەکان نیشانی ئێمە دەدات. هەست دەکەم لە ڕێگەی خوێندنەوەی کتێب توانیویەتی بچێتە ناو هەستی خوێنەر و جوان و کۆمەڵناسانە دەروونی کارەکتەرەکانی کتێبت نیشان دەدات، ئەو کەسەی عەشقی نووسین و خوێندنەوەی بێت، لەگەڵ ڕیتم و نمایش بوونی وشەکان جووڵە بە هەستەکانی دەگات، ختووکە بە ڕۆحی دادێت و دەنگی دەچێتە پاڵ دەنگی پڕ زوڵاڵی ڕستەکان، لە کوێ پێویستی کرد دەنگ بەرز بکات، سەما بە دەنگی دەکات، لە کوێ پێویستی بە گریان بوو، لەوێ هۆن هۆن ئەشک بە چاوی دادێتە خوار، لە کوێ پێویستی بە گۆرانی بوو، گۆرانی دەڵێت و دەکەوێتە لۆغانی سەما!

شێرکۆ کە شیعر دەخوێنێتەوە، لەو دنیایە دەچێتە دەر، دەبێت بە سۆفی و دەڕژێتە ناو دنیای عیرفانی. جەمال غەمبار موبتەلا دەبێت، ڕۆحی نالی دەکاتە تابلۆ. کتێب جۆرێک هەڵدەڕژێتە ناو ڕۆح، هەموو وروژێنەرەکان بە ئاگا دێنێت. کێ هەیە مەحوی بخوێنێتەوە و سەما بە ڕۆحی نەکات، خوێندنەوەی ڕۆمان ئیزنت نادات بڕۆیت تا وێنە ڕەنگەکان نەدۆزیتەوە. نووسەری کۆمەڵگەی خوێنەران، بە حەوسەلەیەکی ورد و ڕەوان، ڕۆحی کتێب و سەمای خوێنەر دێنێتە وێنە کردن، لە چەند ڕەهەندێکی جیاجیاوە دەچێتە سەر کرۆکی خوێندنەوە، خوێندنەوە وەک خالقێکی دروستکراو دەستنیشان دەکات، گرنگی ئەو لاپەڕانە نیشاندەدات تا ئێستا نەخوێندراونەتەوە، ڕیزبەندییەک لە دیدی فەلسەفیانە دەئاخنێتە ناو ئەو دێڕانەی تا ئێستا خوێنەر بە ئامانجی نەگرتوون، لە سندوقە ڕەشەکەدا، ئەو سندوقەی پاشنووسی هەر تەرازێکە لە کۆمەڵگەی خوێنەران دا دەڵێت: ئەو کتێبانەی نەخوێندراونەتەوە گرنگترن لەو کتێبانەی خوێندراونەتەوە، چونکە ئەو وشە و دێڕ و ڕستانەی تۆ نەتخوێندوونەتەوە، ڕەنگە دەیان پرسیار و گومانی فەلسەفی تێیدا خۆی مەڵاس دابێت. تۆ ڕەنگە تا ئێستا ئەو دنیایەت نەبینیبێت کە خالقێکی کتێب دروستی کردووە!

ئێمە لە بازەکانی کۆمەڵگەی خوێنەران دا بە خۆت نییە چەندان جار دەبێ ئێستەک بکەی، هەموو درەختەکانی بەرگرتووی ئەو باخچەیە دەبێ بکێڵی و بەدوای ئەو تەڕبوونەی تەواوی پرسیارەکانی خوڵقاندوون بگەڕێی، لە ئەزمونی خۆمدا، وام بینیوە ئەوانەی کتێب دەخوێننەوە، کۆمەڵێک ئاڵوگۆڕیان بەسەردا دێت، نایانەوێت خۆیان بە بابەتێک سەرقاڵ بکەن، زیان بە کات و خوێندنەوەیان بگەیەنێت، پەیوەندییەکی توند و تۆڵ لەگەڵ هەستی کتێبەکان دەبەستن، لەگەڵ کارەکتەری ڕۆمانەکان پەیوەندی دەگرن، لە دانیشتن و کۆڕ و کۆبوونەوەدا دڵیان لای ئەو کتێبەیە خوێندوویەتەوە، هەندێک ڕیتم و سەر و سەودا لە دانیشتنەکە بەراورد دەکات بە ناواخنی کتێبەکە، بەدیار ڕووداوەکانی ئەو کتێبەی خوێندوویەتەوە سەرنج دەدات، هەست بە پەیوەندییەکی بێ دەنگ دەکات، نایەوێت لە گێڕانەوەی کارەکتەرەکان داببڕێت، حەز دەکات چی چیرۆکی خوێندوویەتەوە بۆ هاوڕێی تەنیشتی باس بکات.

لێرەوە دەردەکەوێت پەیوەندی بێدەنگ و سەمیمانە لەگەڵ کارەکتەرەکان زیندوو و، بەرجەستەن. ئەو ڕێوشوێنانە دەدۆزێتەوە چۆن ئەو هاوسەنگییەی نووسەر بە کتێبەکەی بەخشیوە، وەک خوێنەرێکی تینوو بیانخەمە ناو هەستی خۆم و بۆ ئێوەی خوێنەری بخەمە ڕوو. کۆمەڵگەی خوێنەران لەگەڵ خۆیدا دەتباتە ناو قووڵایی دەریاکان، بەڵام ئەو بوارە پێویستی بە مەلەوانێکی بە ئەزمون هەیە، من تازە دەمەوێت لە تەنکاوەکانی دەریاکان بدەم، پێشتر چەند تێکستێکی سادەی خۆم لەسەر دەریا نووسیبوون، ڕەنگە لاشعوری لەو خوێندنەوەیه‌دا بچمەوە سەر ئەو وێنە و ڕوانینەی لەوێدا گوتوومن، لەوێ لەگەڵ ئەڵماسەکان دێمە گۆ، له‌ ڕەختی ئەسپە ئاوییەکان دەڕوانم و پێ لە ئاوزینگی ئەسپکە دەدەم، مەملەکەتی دەریا تەی دەکەم، لەوێ قووڵ دەچمە ناو کتێبەکانی دەریا، فڕینی خۆم و وشەکان لەسەر باڵی ئاو دەنیشمەوە بە چێژێکی زۆرەوە دەم بە کانی مورادوە دەنێم و ئاوی حەیات دێنمەوە بۆ ناو ئەو کتێبانەی تا ئێستا نەمخوێندوونەتەوە!

دەریاوانەکان هەموو شەپۆلەکان دەناسنەوە، دەنگی شەپۆلەکان بە چەند چین و سەدا دا دێنە بن گوێی دەریاوانەکە، ئێوە دیقەتتان داوە بە گۆرانی و نەزم و سەما بیانییەکان؟ خۆ ئەگەر زمانەکەش نەزانی، تۆ لە تەبەقەی دەنگی ئەوانەدا دەتوانی سەرنجەکانت هەڵبچنی، ئاخۆ ئەو ڕازە قووڵە چییە لە ناو ئەو تێکست و سەدا و جووڵەیەی لە گۆرانییەکەدایە خوێندنەوەی سەرپێی، لە دنیای دیجیتاڵ و خێرادا، ناچێتە ئەو چوارچێوەیەی پەڕی کتێبەکان هەڵدەدەیتەوە، دەستبەرکەوتن بە کاغەز جۆرێک لە بەرپرسایەتیت دەداتێ تا فێربی چۆن ئەو ڕووداوانەی ناو تێکستەکە لەگەڵ هەناسەکانی خۆتدا یەکانگیر دەکەی، ئەو ڕێگە و چین و ڕیتمەی لە ناو کتێبدان فرە زۆرن: دەنگ، ڕەنگ، هەستان، گەڕان، وێنە، دیاردەی لە ناکاو، گێڕانەوە، چێژ، دنیای کتێب کتومت لەو دەریایە دەچێت، شانۆی ژیانێکی نوێی تێدا نمایش دەکرێت. کەواتە خۆت وشە و دەستەواژە جوانەکانی ئەو کتێبەی دەیخوێنیتەوە، لە دەفتەری ڕۆژانەی خۆت یاداشتیان بکە تا ڕەنجی مەلەوانییەکەت ببەخشی بە ژیان.

نووسەری کتێبی کۆمەڵگەی خوێنەران، لە ڕێگەی زانستییەوە بۆمان ڕوون دەکاتەوە، تێکەڵ کردنی دوو ماددە، بەرهەمی سێهەم دەهێننە ئاراوە. دوو تێکست بە دیدی جیاواز لێک بدە، تێکستی سێهەم دەڕوێت، پێمان دەڵێت بۆچی دۆزینەوەی تێگەیشتنی نوێ هێندە خۆش و سەرخۆشکەرە؟! لە تەراز بە تەرازی کۆمەڵگەی خوێنەران زەینی خوێنەری داهێنەر و ڕەنجی خوێندنەوەی دەگاتە قۆناغێک، خوێنەر تووشی دڵخۆشی و ئاسوودەیی بکات، چاو لە پەرێزی خۆی بکات، بزانێت چ گۆڕانکارییەک هاتۆتە ناو زەینی، چۆن توانیویەتی ببێت بە سێهەمین وێنە لەو کتێبەی خوێندوویەتەوە! وەختێک کۆمەڵگەی خوێنەران دەخوێنیتەوە، دەرک بەوە دەکەی خۆت شتهایەکی لەو شێوەیەت لە خەیاڵدا هەیە، بۆچی ناینووسم؟ ئەوەتا ئەو چەند دێڕەی دەیخوێنمەوە دەڵێی خۆم نووسیومن، کتومت خۆمم قسە دەکەم. دەی هەست دەکەم هەندێک وێنا و تابلۆی جێ هێشتوون، دەیەوێت پێم بڵێت تۆ دوا دێڕی ئەو نووسینە تەواو بکە.

نووسەر، نالی و گۆران و پیرەمێرد و شێرکۆ و بەختیار عەلی وەک نموونەیەکی بەرچاو هێناوەتە ناو کۆمەڵگەی خوێنەران، دەڵێت: نالی، حافزی خوێندەوە، نەهات وەک حافز بنووسێت، بەڵکو داهێنانی کرد، ئەوەی حافز نەینووسی، نالی تەواوی کرد. پیرەمێرد، کاتێک ئەدەبی ڕۆژئاوای ناسی، بە تایبەت ڕۆمانی فەڕەنسی، ڕۆمانی کوردی و شانۆنامەی ژین و ژیانی نووسی. لە سەردەمی نوێشدا، گۆران، کاتێک شیعری نوێی ڕۆژئاوای خوێندەوە، شیعری نوێی کوردی داهێنا. شێرکۆ، کاتێک ڕیالیزمی جادوویی ئەمریکای لاتین و مۆدێرنیزمی ڕۆژئاوای خوێندەوە، ڕیالیزمێکی جادوویی کوردی داهێنا. بەختیار عەلی بە تایبەتی، نموونەیەکی زۆر ڕوونە بۆ خوێنەری داهێنەر.

خۆ ئەو نووسەرانە نەهاتوون لاسایی دید و بۆچوونی پێش خۆیان بکەنەوە و بنووسنەوە، بەڵکو ئەوانیش ڕیتمی کۆن و سەپکی کۆنی نووسینیان بەجێ هێشتووە، بۆیە خوێنەری وریا دەتوانێت دەقی تەواو نەکراو تەواو بکات. لە ئەزمونی خوێندنەوەی خۆم، زۆر جار خۆم لە تێکستی فەلسەفی و قووڵ پاراستووە، چونکە دەمگوت فەلسەفە کاری من نییە، ئەهلی فەلسەفە نیم، نە مەقامی خوێندنم لەو ئاستەدایە دەستەواژەکان بناسم، نە ڕۆژێک لە ڕۆژان وانەی فەلسەفەم خوێندووە! دواجار لەوە گەیشتم، نا، زۆر شتی سادە ئاخنە لە فەلسەفە، گرنگ لێوردبوونەوە و خوێندنەوەی قووڵە، ئەگەر پەندەکانی پیرەمێرد و ئیدیۆمی کوردی بخوێنیتەوە، بەتاڵ نین لە فەلسەفە.

خوێنەری بە هیممەت دەتوانێت مەرجان لە قووڵایی دەریادا بدۆزێتەوە. لە کۆمەڵگەی خوێنەران خوێنەر دەبێت بە نووسەر، دوای خوێندنەوەی هەر کتێبێک دەتوانێت سەرنج و پارادۆکس و میتافۆری دەقەکە بنووسێتەوە، هەوڵ بدات ڕستە و دەستەواژە و سووژەی تێکستەکە بناسێت و قووڵتر بچێتە ناو کەسایەتی و باگراوندی نووسەری کتێبەکە، ئەوجار دەتوانێت ئەو شتە نامۆیانەی ناو کتێبەکە هەڵێنجێت و وەک ڕەخنەگرێک، دەقێک لە زەینی ئەودا لە دایک دەبێت، دەقاودەق ئەوەی ئەرسەلان مەحمود لە کۆمەڵگەی خوێنەران ئاماژەی پێداوە، ئەنجامم داوە. ئەوەی عاشقی کتێب دەبێت، بێ هۆکار نییە. کتێب وەک ئاوەدانییەکی ڕەنگاوڕەنگە، لە هەر کوێیەکی کتێب هەیە دەتوانی دابنیشی، گفتوگۆ بکەی، بە ئارەزوی خۆت دەچیتە ناو باخچەی شیعر، وەک ئاو دەڕژیتە ناو درزە بێروونەکان ناهێڵی هیچ گوڵێک بێ ئاو بێت ناهێڵی گیای ڕۆخ جۆگاکان بێ سەمای شیعر ماڵئاوایی بکەن ئاسان نییە کتێب لە ماڵەکەتدا هەبێت و درۆ بکەیت، خیانەت بکەیت، زمانت پیس بێت، دڵێکی موخەنەتت هەبێت، دۆگماو داخراو بی، کتێب هاوڕێیەکی سەمیمە، لێت بێتاقەت نابێت.

خوێنەری ڕژد و دڵسۆزی کتێب، هیچ ژورێکی بێ کتێب نابێت، شوێنی کارەکەی، کتێب پیرۆزی دەکات، جانتای سەفەری لەگەڵ کتێبەکانی بووە بە هاوڕێ ئەگەر لێی بپرسی کام دیاری لای تۆ پەسندە بیدەیت بە هاوڕێکەت کتێب دیارییەکی بەنرخ و سەنگینە هەر وەختێک سەری کتێبخانەکەی دەدات، چاوی بە کتێبەکە دەکەوێت، بیری دەکەوێتەوە کە زەنگ بۆ هاوڕێکەی لێبدات و ئەوینی ڕۆحی خۆی بۆ دەرببڕێت. کۆمەڵگەی خوێنەران، ژیان و گوزەران و لێک نزیک بوونی ئەندامەکانی، پەیڕەو کردن لە پڕۆگرامێک و ئەندام بوون لەو کۆمەڵگەیەدا، گرێدراوەتەوە بە کتێب، شەرەفی وەرگرتنی ئەندامییەتی، خوێندنەوە و بە کولتوور کردنی خوێندنەوەیە. ئەو کۆمەڵگەیە، خۆرسک و خۆبەخشی و خەبات کردنە بۆ هێنانەدی دنیایەکی ڕەنگاوڕەنگ، بۆ دەستەبەر کردنی نیشتیمانێکی بێ چەوسانەوە، بۆ چەسپاندنی مۆڕاڵی خۆشەویستی، بۆ ڕشتنی وشەی ژیان و بەیەکەوە هەڵکردن! ئەندامانی کۆمەڵگەی خوێنەران، کۆدی بەیەک گەیشتنیان هەیە، هەر ئەندامێکی ئەو کۆمەڵگەیە، بێ ئەوەی لە کۆبوونەوەیەک، لە یەکترناسینێکدا بەیەک گەیشتبن، یەکتر دەناسن و لە یەک دەگەن. کۆدی یەکتر ناسینیان، ڕوانین لە کتێب و هەڵدانەوەی پەڕەکانی کتێب و کات تەرخان کردن بۆ کۆڕی کتێب و چوون بۆ پێشەنگای کتێب و کڕینی کتێب و وەرگرتنی کتێب و دەیان واتای دی بۆ کتێب، شەرەفی ئەندام بوونە لەو کۆمەڵگەیە.

خوێنەران، لە کۆمەڵگەی خوێنەران دا هەستی شەشەمیان چالاکە وەک یەک دانە ڕووداو، پەرۆشیان ڕێک دەخەن. هەریەکە و جۆرێک دەردەشەی کارەسات و ڕووداو گۆڕانکارییەکان دەکەن، هەموویان ئەندامی یەک خێزانن، بەڵام هەریەکە و کارێک دەکات بۆ بەرزکردنەوەی کتێب و شیرین کردنی خوێندنەوە. لێرەدا بەیەکگرتنی ڕوانینی شێرزاد حەسەن نووسەری دیاری کورد و ڕیچارد دۆکینز، زیندەوەرناسی بەناوبانگی بەریتانی، وەک نموونەیەکی بەرجەستە لێرە دادەنێم. شێرزاد حەسەن لە هەشتاکاندا چیرۆکی (میم)ـی نووسی، کە ڕەتکردنەوەی میراتی و دیدی پیاوسالاری و فەرهەنگی کۆنەپەرستی بوو. ڕیچارد دۆکینز، لە کتێبی جینی خۆپەرستیدا، چەمکێکی نوێی خستە ڕوو و ناوی لێ نا (میم)، واتە بیرۆکەی خۆگوزارە، ئەو بە دیوێکی دی دەڕوانێتە خۆخوازی، بەدەر لە دیدی لێدان لە ئەوی دی خاوەندارییەتی لە زهنیت و شۆڕبوونەوەی خوێندنەوە دەکات پێیوایە خوێندنەوە گرنگتریشە لە نووسین. خۆشەویستی بۆ ئەو کتێبانەی خوێندوومانەتەوە، زیاتر نەبێت کەمتر نییە لەوە نووسیومن دنیای خەڵکی دی، زۆر جار جیاوازترە لە دنیای خۆت پێکهاتەی ژینگە و بیرکردنەوە و چۆنیەتی هەڵسوکەوتی ئەوی دی، جیاوازییەکان نیشان دەدات فراوانبوونی ئەندێشە لە جیاوازییەکانەوە دروست دەبێت لە هەر درزێکی جیاوازەوە، دەیان خاڵی نەبینراو دەبینی، تا بتوانی نوێتر شرۆڤەی هەستە خنکاوەکانی جیاوازی بکەی.

کۆمەڵگەی خوێنەران خێزانێکی گەورەی بێ ڕق و کینەیە، هەوڵ دەدات جوانتر جیاوازییەکان ببینێت. خوێنەر دوای خوێندنەوەی هەر تێکستێک، ئەگەر ڕژد و پەرۆشی هەبێت بۆ خوێندنەوە، سەرنج و خوێندنەوەی خۆی دەبێت. هەر خوێندنەوەیەک، هەندێک باوەڕت بۆ دەهێنێتە پێش، ئایا چەند توانیویەتی لەو بوارە سەرکەوتوو بێت؟ ئایا ئەو کتێبە گۆڕانێکی مەعریفی دروست دەکات؟ ئایا بۆتە هۆکار بۆ خوێندنەوە؟ گرنگی خوێندنەوە لەوەدایە چاوی ڕەخنەت تیژ بێت، هەڵەکان ببینی، بەراورد بکەی لەگەڵ دەقەکانی دی، چ بوارێک دەتوانێت نووسەر تێیدا سەرکەوتووبێت و چیرۆکێکی جێ هێشتبێت! یەکێک لە بازەکان فۆکسی خستۆتە سەر خوێندنەوەی ڕەخنەگرانە ناکرێت خوێنەر بیت و ڕاگوزەر بڕۆیت و چاوپۆشی لە پارادۆکس و وێنە نامۆکان بکەی. بۆچی دەبێت ئەو کارە بکەی؟ چونکە تۆ بەرپرسیاری لە گەیاندنی ئەو پەیامەی نووسەر کردوویەتی بە کتێب.

ئەرسەلان مەحمود، لە ماڵی خوێنەراندا سەبکێکی نوێ و ئەرکێکی ئاسانتر دەدات بە خوێنەر، بەرپڕسیارەتی دەخاتە سەر شان ئەندام بوونی لە نیشتمانی خوێنەران و وەک هاونیشتیمانییەکی کۆمەڵگەی خوێنەران، ئەرک و مافی بۆ دیاری کردووە، بە خواستی خۆی چۆتە ناو ئەو کۆمەڵگەیە، نەنگی دەبێت ئەرکەکانی جێ بەجێ ناکات و خۆی بە ئەندامی ئەو کۆمەڵگە بزانێت هەڵسوکەوت و ئازاد بوون لە خوێندنەوەی کتێبەکان، وەک مافێکی نەبڕاوەی خۆی تێیدا سەربەستە دەروازەی ڕەخنە و ڕوانینەکانیشی لەسەر پشتە. خوێندنەوە چاو نەترس و خورتت دەکات، تا جوانتر خزمەت بە کۆمەڵگەی خوێنەران بکەیت. دەقی باش، کاریگەری دروست دەکات، نووسەر بەرهەم بێنێت، ئایا ئەوەی دەقەکەی نووسیوە وەک پێویست نەیتوانیوە پەیامەکە بگەیەنێت، پێتوایە دەقێکی خراپە؟ نەخێر، ئەو دەقە نیشانی داوە کە هێشتا وردتر دەتوانی باشتر لەو پرسیارە بگەی، دەقەکە وروژاندوویەتی. هەر دەقێک وروژان دروست بکات و پرسیار بێنێتە بوون، ئاماژەی بۆ زیندوێتی و پرسیارگەلێکی نووسەرەکەیەتی.

هەر وەختێک لە کتێبی کۆمەڵگەی خوێنەران دا جیاوازییەکان دەخوێنمەوە، هەست دەکەم گوێم لە ڕیتمێک دەبێت جیا لە دەنگ و سەدای پێشوو. ئاخر هەر نووسەرە و جۆرێک دەیەوێت لە ناو دەقدا سەما بکات، جۆرێک گۆرانی بڵێت، جۆرێک گوێ لە مۆسیقا بگرێت، حەزی دەچێتە سەر وێنەی واتادار و لە تێکستەکانیدا ڕیتمی وشەکان مۆسیقایەکیان دەداتێ. نووسەر خۆی هەست دەکات، لە ڕستەسازیدا لە کوێ ئەو ڕستە لەنگی هەیە، لە کوێ پێویستی بە ڕێکخستنەوە و داڕشتنەوەیە، چونکە هەست دەکات ئەو ڕستەیە سوار نییە، پایەی زانستی و شیعریەتی تێدا نییە، مۆسیقا تێیدا غائیبە. خوێنەری بە سەلیقە دەتوانێت کەشی هەموو نووسینێک بدۆزێتەوە، ئاخر ئەوانەی خۆیان تەرخان دەکەن بۆ خوێندنەوە، بەشێک لە خوڵقەتی کۆمەڵناسیان تێدایە، دەروونی نووسەر دەخوێننەوە، باگراوندی نووسەر لایان ئاشکرا دەبێت لە واقیعدا نووسەر خۆی دەنووسێتەوە، دواجار کەسایەتییەکانی دی دێنێتە ناو خەسڵەت و بیرکردنەوەی خۆی بە پێودانگی خۆی مامەڵە لەگەڵ ڕووداوەکان دەکات، مۆری خۆی لەسەر تێکستەکە ڕۆ دەنێت.

کاتێک خوێنەر دوو دەقی دوو نووسەری جیاواز دەخوێنێتەوە، دەنگی پێی کارەکتەرەکان جیاوازن، سەدا و ڕانانیان جیاوازن، دەنگی هونەرمەندەکانیان جیاوازن. گوێت لە دوو گۆرانی جیاواز دەبێت، دوو مۆسیقای جیاواز، دوو هەناسەی جیاواز، لەو جیاوازیەدا دەنگی سێهەم بە جیاوازی لە دایک دەبێت. لە نووسیندا جادو هەیە، ئەوانەی عاشقی کتێب و نووسینن، دەرک بە بوونی ئەو جادووە دەکەن، هەست دەکەن لە کوێ دەنگی دەچێتە ناو هەناسەت و سەرمەستت دەکات، وشە هەیە زۆر سادە دێتە گۆ، بەڵام زۆر قووڵ و کاریگەرە، وشەی دایک، لای شاعیرەکان، لای ڕۆماننووسەکان، لای سیاسییەکان، چەند سیحراوی و سەرنجڕاکێشە. لە فیلم و دراماکاندا سوکایەتی کردن بە دایک، بینەران و خوێنەران تووشی شۆک دەکات! جنێو دان بە دایک دنیا دەڕووخێت!

وشە بەهێزترە لە ئەتۆم، لە دەسەڵات و لە هەر بوونەوەرێکی بەهێز. نووسەری کۆمەڵگەی خوێنەران، هێزی وشەی لە پەیامی خوداوە وێنا کردووە، ڕەنگە ئەوە بەس بێت، خالق تەنها بە وشە کەونی خوڵقاندووە، نووسەر شۆڕ دەبێتەوە بۆ ناو وێنەکان، خوێنەر دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەو تێکستانەی لە ڕوانینی سەردەم و کات و وەختی خۆیدا وێناکان نووسراون. زۆرجار لە زەینی خۆمدا ئەو ئامۆژگارییانەی لە نووسەرەکانم وەرگرتوون فڵاش باک دێنەوە. هاوڕێیەکی ڕۆژهەڵاتیم هەبوو، شەوێك دانیشتین و شیعرێکی خۆم بۆ خوێندەوە، کۆمەڵێک سەرنجی دامێ، گوتی: بۆچی چاوی یارەکەت دەشوبهنی بە مانگ؟ لە وەختێکدا مانگ وێنەیەکە و شاعیرانی کلاسیک وێنەیان کردووە، وێنەیەک بڵێ خۆت دروستی بکەی، بڵێ: ئەو ڕۆژەی تۆ دەرکەوتی، ئاسمان لە ڕووناکی تۆ کەوتە سەما! بۆ من وانەیەکی نوێ بوو، دەی هەموو ئەو وێنانەی تۆ دەتەوێت نمایشیان بکەیت، هەوڵ بدە دووبارە نەبن.

وەختێک، شیعری کونجی زیندانی قانع دەخوێنیتەوە، هەموو ئازاری زیندانی نمایش کردووە، تۆ ناکرێت هەمان وێنەی ئەو لە تێکستێکی خۆتدا دووبارە بکەیتەوە دەتوانی، جۆرێکی دی، زیندان و ئازارەکانی بنووسیتەوە، مرۆڤ بۆ خۆی خەڵقکراوێکی دەگمەن و پڕ ئاریشەیە هەموو ئەو شتانەی دەورو بەری مرۆڤ، ڕامان و ئەنگیزە دروست دەکەن. ڕۆژی وا هەبووە دیقەتم داوەتە چۆنیەتی گەشەکردنی درەخت! وێنای مرۆڤم داوەتێ. لە ڕۆمانی (تەنیایی نزیکت دەکاتەوە لە من)، هەموو ئەو دیالۆگ و بیرکردنەوانەی درەختم تێدا وێنا کردووە، ئەگەر خوێنەری ڕژد بڕوانێت و بخوێنێتەوە، لەوە حاڵی دەبێت، ئەو شتانەی دەورو بەرت قسە دەکەن و ئەرک و مافیان پێدراوە.

وەختێک کتێبەکەی (کۆمەڵگەی خوێنەران)م خوێندەوە، وتە بەنرخەکەی (عەبدوڵا ئۆجالان)م بیر کەوتەوە، دەڵێت: هەموو ئەو بوونەوەرانه‌ی لە سروشتدا خوڵقاون، بۆ ڕاگرتنی باڵانسی زەوی خوڵقاون، مێروولەیەک ئەرک و مافی پێ دراوە، فەلسەفەی ئایزۆپی لە کۆمەڵگەی خوێنەران، جەخت لەسەر هەوڵی مێروو دەکاتەوە، پشوودرێژی و ئیرادە دەتوانێت بتگەیەنێتە ئامانج. ئایزۆپ لە نووسینەکانیدا خەسڵەتی گیانەوەرەکان جوان دەخاتە ڕوو گفتوگۆ لەگەڵ مێروو، کەروێشک دەکات و چی زیندەوەر هەیە دێنێتە قسە دنیای گیانەوەرەکان، دنیای تایبەت بە خۆیان هەیە. ڕۆیشتنی ژیان، هێواش و لەسەرخۆ، لێ بەردەوامی و نەوەستانی، کاتی ژیان زۆر کورت دەکاتەوە چاوێک بە ڕابردوودا دەخشێنی، بیر دەکەیتەوە، ئێمە نەمانتوانی چێژ لە ژیان ببینین نەمانتوانیوە ڕووداوەکان بخوێنینەوە پەلە پەل و زوو تێپەڕاندنی کارەکانمان، ترسان لە مردن و وەدوای ژیانکەوتن، ئاوازی سروشتی بوونمانی لێک هەڵوەشاندووە، پەیڕەوی ئایزۆپ لە ژیانی نووسین و کارکردنیدا، کیسەڵ ئاسا خۆی لە ناوەندی ژیانێکی هێواشدا دۆزیەوە ئەوانەی کەروێشکانە ژیانیان کرد، نەیانتوانی وەک پێویست سود لە ژیان و سروشت و خوێندنەوەی ڕۆمانەکان ببینن و چێژی لێببینن.

دوای ختم کردنی کتێبی کۆمەڵگەی خوێنەران، هەوڵمدا لە چەند بەشێکدا تێگەیشتنی خۆم لەسەر ناوەڕۆکی ئەو مانیفێستۆیە بخەمەڕوو. ڕاستییەکەی، ئەو کتێبە جگە لەوەی بۆ من چێژبەخش بوو، وانە و زانیارییەکی زۆریشم لێوەرگرت بەداخەوە، بەهۆی شێواوی و دڕدۆنگی ڕەوشی سیاسی ناوچەکە، نەمتوانی وەک پێویست بپڕژێمە سەر کونج و کەلەبەری تەواوی کتێبەکە، دەکرێت بڵێم لە قەدەر کتێبەکە، ڕوانین و تێگەیشتنەکانی من سادەن ئەوەندە دەڵێم نووسەری کۆمەڵگەی خوێنەران، بە وریایی و ماندووبوونی بەردەوامی توانیوێتی پێمان بڵێت: هیچ کات لە خوێندنەوە دورمەکەوە خوێندنەوە دەرمانی هەموو دەردانە، ڕەنگە دواجار خوێندنەوە ببێت بە چارەسەری نەخۆشییە ترسناکەکانی وەک شێرپەنجەش. دوا بەشی ڕوانینەکانم بۆ ئەو کتێبە، قسەکردنێکی سادەیە لەسەر بازی دەیەم کە تایبەتە بە خوێندنەوەی شاشە و کاغەز، لە کاغەزەوە بۆ شاشە، پێشکەوتنەکان خێران و هێزی خوێنەریش شان بە شانی پێشکەوتنەکان لە ڕێگەدان.

لە ئێستادا، کتێب بە سێ ئاراستەی جیادا کار دەکات: خوێندنەوەی سەر کاغەز، کتێبی دەنگی، سەر شاشە، هەریەک لەو سێ ڕێگەیە، بەردەوام لە کێبڕکێدان و خوێندنەوە ڕێڕەوی خۆی وەرگرتووە، کتێبی دەنگی و نووسینی شاشە، لەگەڵ هاتنی دنیای سەردەم و بەرەوپێشچوونی سۆشیال میدیا، خوێنەر دەتوانێت بە دەیان کتێب لە ڕێگەی PDF بە ئاسانی بەدەست بهێنێت. خوێنەر وێڕای هۆگری بۆ نووسین و خوێندنەوە، دەکەوێتە ژێر پاڵەپەستۆیەکی گران! چۆن بتوانێت یان چۆن فریای ئەو هەموو خێراییەی چاپکراوەکان دەکەوێت، بە هەزاران کتێب کەڵەکە بوون بۆ خوێندنەوە، ویست و هەڵپەی خوێنەر دەستی دەگاتە هەموان، لەو نێوەندەدا خوێنەر دەکەوێتە ماندووبوونێکی دەرونی بە ناچاری دەبێت بوارێک لە خوێندنەوە هەڵبژێرێت، بەڵکوو بتوانێت ڕێڕەوی خوێندنەوەی لێ ون نەبێت و ڕێگە ڕاستەکەی خوێندنەوە چالاکتر بکات، پرسیارەک لێرەدایە: ئایا شاشە و کتێبی دەنگی، دەتوانێت ئەو چێژە بە خوێنەر ببەخشێت وەک لەسەر کاغەز خوێنەر دەستی دەکەوێت؟

نووسەری کۆمەڵگەی خوێنەران، ورد و دروست گرێی ئەو پرسیارە لە چەند تەرازێکدا ڕوون دەکاتەوە، پێیوایە کتێبی دەنگی، ناتوانێت ئەو هەستەی کاغەز هەیەتی دروستی بکات، شاشە دورت دەخاتەوە لە چێژ و ڕەسەنایەتی نووسین، کاغەز بەرکەوتنی هەموو هەستەکانی تێدایە: لەمس و بیستن، بینین، دەنگ، بەڵام کتێبی دەنگی جگە لە دەنگ، هەستەکانی دی تا ڕادەیەک بزرن، خوێنەر پەڕ بە پەڕی کتێب بە دەست دەباتە ناو بیرکردنەوەی، وێنەی وشەکان وەک تابلۆ دەخاتە ناو زەین قەبارە و پێڕست و دیزاینی ناوە و دەرەوەی کتێبەکە بەرجەستەیە. نووسەری کۆمەڵگەی خوێنەران دەڵێت شاشە زۆر بەکارهێنانی دەبێتە هۆی لاواز بوونی چاو، هۆگری بوونیشی دەتخاتە خانەی مودمین بوون، جەخت دەکاتەوە، وەختێک لەسەر کاغەز دەخوێنیتەوە، دەتوانی چەند جار لاپەڕەیەک یان دێڕێک بۆی بگەڕێیتەوە و چەندجار بیخوێنیتەوە، بەڵام بۆ کتێبی دەنگی کەمتر دەتوانی ئەو سەلیقەیە بەرجەستە بکەی، لە کاتی خوێندنەوەدا، چاو پتر لە هەموو هەستەکان ماندووتر دەبێت بەڵام بینین و وێنا کردنی وشەکان، ڕۆح دەخاتە سەما، سەفەری چاو یان فڕینی چاو بۆ سیحری وشە دەبێتە ئامانج بۆ زیاتر ڕامان لە ڕیزکردنی پیت و ڕێکخستنیان، بەڵام دەنگ، جارێکی دی، فەرمان بە چاو دەکات بە ڕێڕەوی ناواخنی کتێبەکە ببینێت، چاو ئیزن لە مێشک وەردەگرێت تا بتوانێت نووسینی ناو کتێبەکە ببینێت، دواجار کتێبی دەنگی، ناتوانێت پەنجەکان بۆ هەڵدانەوەی پەڕەکان ئەرکدار بکات.

دڵخۆشم لە دەروازەی ڕاپەڕین، ڕێگەیەکی دیکەی ڕاپەڕین کرایەوە بۆ ناسینی کتێب و بە کولتوور کردنی خوێندنەوە و دروستکردنی بازنەیەک یان کۆمەڵگەیەکی خوێنەران ئەوەندە دەڵێم، تۆی خوێنەر ئەگەر بەجدی دەتەوێت بخوێنیتەوە، ئەو کتێبە جەب مەدە هەرچۆنێک بێت، ئەگەر ناتوانی بیکڕی و ئەو توانایەت نییە، لە دۆستێک وەری بگرە و بیخوێنەوە، هەوڵ بدە دوای خوێندنەوە، سەرنجەکانی خۆت لای خۆت لە دەفتەری ڕۆژانەت بنووسە.

بێگومان هیچ نووسینێک بێ کەم و کوڕی نییە، ڕەنگە ئەو خوێندنەوەی من بە دڵی تۆ نەبێت، وە کتێبەکەش بەدەر نییە لە کەم و کوڕی لەو کتێبەدا، هەست دەکەم دەسەڵاتی نووسەر لە بواری ئینتەرنێت و چۆنیەتی وەرگرتنی سەرچاوەکان کارا بووە، ئەویان لێدەگەڕێم بۆ ئەوانەی لەو بوارە شارەزان و چۆن دەڕوانن بۆ ئەو حاڵەتە، ماندوو نەبوونی بە هاوڕێم، ئەرسەلان مەحمود، دەڵێم هەزار جار دەستی خۆش بێت.