
م. سه‌ردار عه‌بدولڕه‌حمان ئیبراهیم
پێش ده‌ستپێك:
قه‌زای ڕانیە وەک هه‌ر پێگه‌یه‌كی جوگرافی کوردستان له ڕوانگه‌ی سیاسیی و ئابووریی و کۆمەڵایەتیدا شوێنێکی ستراتیژی گرنگی داگیرکردووە، له هەموو ڕوویەکەوە لە ڕووداو و بەسەرهاتەکانی ئەو سەردەمەی مێژووی بێبەش نەبووە، ئەمەش بەهۆی نزیکی لە سنووری ئێران و بوونی هۆزی جۆراوجۆر لەم ناوچەیە بە بەراورد لەگەڵ قەزاکانی تر، هەروەها کێشە و ئاڕیشه‌كانیشی لە دوو لایەنەوە بووە ناوخۆیی و ده‌ره‌كیی، ئەوەش وایکردووە لە ڕووی ئاساییشەوە ئارام و جێگیر نەبێت، مێژوو دەیسەلمێنن ناوچەکە بە هۆی هۆزەکانەوە جێگیربوونی بە خۆیەوە نەبینیوە و هەم لە ناوخۆ و هەم لەگەڵ هۆزەکانی دەرەوە ناکۆکی و دووبەرەکی جۆراوجۆر هەبووە، سەرچاوەو ژێدەرە مێژووییەکان ئاماژە بەوە دەکەن ئەم ناوچەیە وەک ناوچەیەکی سەربازی کاری لەگەڵ کراوە، نەک وەک ناوچەیەکی کارگێڕی، جگه لەمه بەگوێرەی بەڵگەکان ڕوون دەبێتەوە له‌لایەنی کارگێڕییەوە بایەخی پێنەدراوە و زیاتر تیشک خراوەتە سەر لایەنە سەربازییەکەی و وەک ناوچەیەکی سەربازی مامەڵەی لەگەڵ کراوە، ئەم هۆکارەش وایکردووە به‌ڵگه و دیکۆمێنت و سەرچاوەی مێژوویی له‌سه‌ری کەمتر بەردەست بێت.
لە ناوەڕاستی سەدەی حەڤدە ڕانیە سەر بە ئەمارەتی بابان بووە، دواتر کەوتۆتە ژێر دەسەڵاتی میر محه‌مه‌دی ڕواندز، دواتر کەوتۆتە ژێر دەسەڵاتی عوسمانییەکان، لە ساڵی (١٨٩٧ز) سەنجاقێکی سلێمانی سەر بە ویلایەتی شارەزوور بووە ناوەندەکەی کەرکووک بووە، لەگەڵ دامەزراندنی دەوڵەتی عێراق ڕانیە لە ساڵی (١٩٢١ز) قەزایەکی سەر به لیوای ھەولێر بووە و لە ساڵی (١٩٥٦ز) خراوەتە سەر پارێزگای سلێمانی.
هه‌ڵكه‌وته‌ی جوگرافیی ویلایەتی مووسڵ له ئه‌رشیف و سه‌رچاوه‌كانی عوسمانی‌دا (1)
ویلایەتی مووسڵ لە باکوورەوە بە دیاربەکر، لە ڕۆژهەڵاتەوە بە خاکەکانی ئێران، لە باشوورەوە بە ویلایەتی بەغدا و لە ڕۆژئاواوە بە سەنجەقی زۆر سنووردار کراوە، ئەم ویلایەتە لەو ویلایەتانەیە گەرمە،
لەم وەرزانەدا حوکمڕانی بە تەواوەتی جێبەجێ دەکرێت، لە وەرزی هاویندا پلەی گەرمی دەگاته ( ٣٥ بۆ ٤٠)پلە، بە تایبەتی لە قەزاکانی دهۆک، زاخۆ و عەقرە, هەوایان تا ڕادەیەک گەرمە، لە باشوورەوە بای گەرم هەڵدەکات و لە ناو ویلایەتەکەدا گەرما زیاد دەکات، بەڵام لە باکوورەوە بایەکی سارد و نەرم دەبێتە هۆی فێنکبوونەوە، بەفری زۆریش وەک گەرمای زۆر، بە توندی دەبارێت.
دانیشتووانەکەی لە ڕادەبەدەر زیرەک و تێگەیشتوون، بە زمانی عەرەبی قسە دەکەن و بە زمانی تورکیش ئاشنان.

وێنه‌ی ژماره (1): جوگرافياى كارگێڕیی (ویلایه‌تی موسڵ) به‌گوێره‌ی سه‌نجه‌ق و قه‌زاكانی
سه‌رچاوه/ احمد جمال، جغرافيا عثمانى، مكتب حربية مطبعة سندة طبع او ولنشر، الطبع اول، استانبول، تموز 1311ك. (1893ز)، ص192-193.
پێگه‌ی قه‌زای ڕانیه له نەخشەی کارگێڕیی سەنجەقی شارەزووردا
سەنجەقی شارەزوور لە سەردەمی عوسمانی‌دا، دوای ساڵی (١٨٧٩ز) بەشێک بووە لە ویلایەتی مووسڵ، پیشانمان دەدات ڕووبەری جوگرافیی سەنجەقەکە زۆر فراوان بووە و بەشێک لە پارێزگاکانی (هەولێر، سلێمانی، دیالە، سەڵاحەدین)ـی ئێستای لەخۆ گرتووە، دوای هەڵوەشاندنەوە و تێکدانی ویلایەتی شارەزوور، ناوەندەکەی شاری کەرکوک بوو لەلایەن دەسەڵاتی عوسمانییەوە, لە ساڵی (١٨٦٩ز) شارەزوور (کەرکوک) بوو بە سەنجەقێکی سەر بە ویلایەتی مووسڵ و قەزا و ناحیە و تابعاتی تا سنووری حاجی ئۆمەرانی ئێستا لەسەر سنووری ئێران لەخۆ دەگرت، ناوی (شارەزوور) ناوی فەرمیی کارگێڕیی شاری کەرکوکی ئێستا بووە لە سەردەمی عوسمانی‌دا، چونکە لە ماوەی ویلایەتی شارەزووردا ناوەندی ویلایەتەکە بووە، دوای هەڵوەشاندنەوەی ویلایەتەکە، شارەزوور بوو بە سەنجەقێکی سەر بە ویلایەتی مووسڵ لە ساڵی (١٨٧٩ز) بە هەمان ناوەوە، بەڵام دواتر داوا لە (بابی عالی) لە ئەستەمبوڵ کرا ناوی سەنجەقی شارەزوور بگۆڕن بۆ سەنجەقی کەرکوک، بەو بیانووەی تێکەڵاوی و هەڵەیەک لە نێوان ناوی (سەنجەقی دێرزۆر) (دێرەزووری ئێستا لە خاکی سووریا) و سەنجەقی شارەزوور دروست دەبێت، نووسراو و فەرمانە فەرمییەکانی عوسمانی بە هەڵە لە نێوان ئەو دوو سەنجەقەدا ئاڵوگۆڕ دەکران، داواکارییەکە لە سەردەمی (مەدحەت پاشا) جێبەجێ کرا و فەرمانێکی سوڵتانی لە ڕێکەوتی (١٤/٣/١٨٩٣ز) دەرچوو بۆ گۆڕینی ناوی (سەنجەقی شارەزوور) بۆ (سەنجەقی کەرکوک)، یەکە کارگێڕیی و جوگرافییەکانی سەنجەقی کەرکوک کە لەم ئامادەکردنەدا هاتوون، دەگەڕێنەوە بۆ (ساڵنامەی ویلایەتی مووسڵ) لە ساڵی (١٨٩٣ز) لەلایەن دەسەڵاتی عوسمانییەوە دەرچووە، هه‌روه‌ها کاتێک عوسمانییەکان لە ساڵی (1879ز) ویلایەتی موسڵیان پێکهێنا شاری کەرکوک بووە سەنجەقێکی سەربە ویلایەتەکە، شایانی باسه، جگه له سلێمانی سەنجەقی سەربەخۆ بوو لەناو ویلایەتی موسڵدا سەنجەقی کەرکوک تەواوی ناوچه کوردیيەکانی دەگرتەوە، لەڕووی کارگێڕیەوه سەنجەقی کەرکوک پێکهاتبوو له قەزاکانی (هەولێر، ڕانیه، ڕواندز، کفرى و کۆیە)، عوسمانییەکان بەفرمانی فەرمی له ساڵی(1872ز) سەنجەقی سلێمانییان کردە قەزاو لەڕووی کارگێڕیەوه لکاندیان به کەرکوکەوە، تەنانەت ئەم بڕیاره له ڕۆژنامەی (زەورا) بەڕەسمی بڵاوکرایەوە، بێگومان ئەمه‌ش مانای ئەوە دەگەیەنێت تەواوی ناوچه کوردییەکانی باشوور لەڕووی کارگێڕییەوە و لەو ڕۆژگاره‌دا سەربە کەرکوک بوون، بەڵام ئەمه زۆری نەخایاند جارێکی تر سلێمانی کرایەوە سەنجەقێکی سەربەخۆ. (2)
بۆ مێژوونووسان و توێژەرانی ناوچەکە، ساڵی(1847ز) وەک خاڵی وەرچەرخانی کارگێڕیی ڕانیە لە قۆناغی عوسمانی‌دا دەستنیشان دەکرێت، ئەم هەرێمە (45) ئاوایی و دانیشتوانێکی سەربەخۆی(5000) کەس دەگرێتەخۆ، دەسەڵاتدارانی بەڕێوەبەری، بریتین لە (قایمقام، یاریدەدەری حاکمڕانی قەزا، ئەنجوومەنێک وەک پێکهاتەی ئەنجوومەنی ویلایەت و سنجاق بەشداری لە بەڕێوەبردنی ناوچەکە دەکات، قازی، موفتی، باجگر، کارمەندێکی حیسابات، کارمەندێکی باری شارستانی و کارمەندێکی دەیە، دادگایەک)، دانیشتوانی ئەم قەزایە زۆرینەیان خەریکی کشتوکاڵی ناو کێڵگە و بەخێوکردنی ئاژەڵدارین. (3)

وێنه‌ی ژماره (2): پێگه‌ی قه‌زای ڕانیه له نه‌خشه‌ی ویلایه‌تی موسڵ و سه‌نجه‌قی شاره‌زووردا (4)
Vital Cuinet، La Turquie d’Asie: Géographie administrative, statistique descriptive et raisonnée de chaque province de l’Asie-Mineure، Ernest LEROUX, Éditeur، Tome Deuxième، Paris، 1891، p763.
قه‌زای ڕانیە لە ڕیکارە کارگێڕییەکانی ده‌سه‌ڵاتی عوسمانییه‌كاندا
ساڵی (١٨٦٤) دەوڵەتی عوسمانی لەسەر شێوەی یاسای (فەرەنسی-عوسمانی) یاسای کارگێڕی ئەیالەتی تازەی دەرکرد، لەسەر ئەوبنەمایە مەدحەت پاشا (١٨٦٩-١٨٧٢) والی بەغدا لە ساڵی(١٨٧٠) عێراقی دابەشکرد بەسەر دوو ئەیالەت، (بەغدا و موسڵ)، بەوپێیەش ئەیالەتی شارەزوو وەک ئەیالەتێکی بوونی نەماو لەگەڵ ئەیالەتی موسڵ تیکەڵ کراوە، سه‌نجەقی شارەزووریش، کەرکوک مەڵبەندەکەی بوو خرایە سەر ئەیالەتی موسڵ، لەم گۆڕانکارییە کارگێڕییە نوێیەدا ڕانیەش وەک شارۆچکە ناوی هاتووە، لەم چوارچێوەی سه‌نجەقی شارەزوور (کەرکوک)، شارەدێی بیتواتەش سەر بە شارۆچکەی ڕانیە بووە، لە کاتێک ساڵی (١٨٧٩) ویلایەتی موسڵ بە شێوەیەکی ڕەسمی پێکهات و گۆڕانکارییە کارگێڕییەکانی عوسمانی بە تەواوی جیگیر بووە، ڕانیە وەک شارۆچکە خراوەتە سەر سه‌نجەقی شارەزور (کەرکوک) مایەوە، بەڵام بە پێی نوسراوە کارگێڕییەکانی دەوڵەتی عوسمانی لە چارەکی کۆتایی سەدەی نۆزدەهەم، ڕانیە هیچ شارەدێیەکی لەسەر نەماوە جگه لە (٤٥) گوند، بەهەمان شێوە ساڵی (١٨٩٠ز) ڕانیە وەک شارۆچکە لە ساڵنامەی دەوڵەتی عوسمانی سەر بە ویلایەتی موسڵ لە چوارچێوەی سه‌نجەقی شارەزوور(کەرکوک) ناوی هاتووە، (عەبدولڕەحمان بەگ) جێنشینی ڕانیە بووه، ئەنجومەنی ئیدارەی تایبەت بە خۆی هەبووه و جێنشینی شارۆچکەکە سەرۆکی بووه، جیگر و موفتی، بەڕێوەبەری مالیە و نووسەری ئیداری هەبووه، هەروەها لەم پەیکەرە ئیدارییە دادگای بەڕاییی و ئەمین خەزنەدار و فەرمانبەری باری شارستانی هەبووە. (5)
فرمانی گارگێڕی به قه‌زابوونی ڕانیه له سه‌رچاوه‌كانی ئه‌رشیف و دیكۆمێنتی عوسمانی‌دا
لە ڕووی مێژووییەوە، بەرزکردنەوەی ناونیشانی (ڕانیە) بۆ ئاستی قەزا دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی دەوڵەتی عوسمانی، بەتایبەتی لە قۆناغی دوای چاکسازییەکانی تەنزیمات و جێگیرکردنی سیستەمی ئیداری نوێ لە ویلایەتەکاندا، به‌ڵام تاكو ئێستا به‌ڵگه‌یه‌كی ڕوون و ئاشكرا نییه یاخود به‌رچاو نه‌كه‌وتووه تیایدا فرمان و بڕیاری به قه‌زابوونی ڕانیه درابێت له‌لایه‌ن سوڵتان یاخود كاربه‌ده‌ستانی ئه‌وكاتی عوسمانییه‌كان، سه‌رچاوه‌و ژێده‌ره‌كان هه‌ر یه‌كه‌یان بۆچوونێكی جیاواز ده‌رده‌خه‌ن، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش پشت به به‌ڵگه‌ی جیاواز‌و ده‌سته‌واژه‌ی جۆراوجۆر ده‌به‌ستن، هه‌یانه ساڵی (1879ز) به ساڵی به قه‌زابوونی شاره‌كه دائه‌نێن، چونكه له‌م ساڵه‌دا ویلایه‌تی موسڵ به‌شێوه‌یه‌كی ڕه‌سمی پێكهات. (6)
هه‌ندێكی تری توێژه‌ران و نووسه‌ران مێژووه‌كه ده‌گه‌رێننه‌وه بۆ پێشتر واتا (1860ز)، هه‌ندێكی تریان بۆ ساڵانی پێشتریش ده‌یگه‌ڕێننه‌وه، بەپێی بەڵگەنامە مێژووییەکان و ئەو تۆمارانەی دەربارەی ئیدارەی عوسمانی لە ناوچەکەدا هەن ڕانیە بە فەرمی وەک قەزایەک لە چوارچێوەی سەنجەقی شارەزوور (دواتر بەشێک بوو لە ویلایەتی مووسڵ) ناسێندرا، هەرچەندە پێش ئەم بەروارەش ڕانیە وەک ناوەندێکی گرنگ و بازرگانی لە ناوچەی پشدەر و بیتوێن هەبوو، بەڵام وەک یەکەیەکی ئیداریی دیاریکراو و بە ناونیشانی (قەزا) لەو ساڵانەدا لەلایەن دەوڵەتی عوسمانییەوە ئاماژه‌ی بۆكراوه، ئەم گۆڕانکارییە ئیدارییە بەشێک بوو لە هەوڵەکانی عوسمانییەکان بۆ بەهێزکردنی کۆنترۆڵکردنی ناوچە شاخاوییەکان و ڕێکخستنی کۆکردنەوەی باج و ئیدارەدانی ناوچەکە، هه‌روه‌ها له په‌رتووكی (ڕانیه له به‌ڵگه‌نامه‌كانی عوسمانی‌دا 1875-1920) نامه‌یه‌كی ته‌له‌گراف هاتووه باسی ناوچه‌كه كراوه به‌م شێوه‌یه: (لە پاش قەپۆغۆلام کامل ئاغا بۆ شێخ عەبدولجەواد ئەفەندییان، لەسەر ئەو پیشنیارەی کە جەنابی جەوهەر ئاغا هێنابووی، لەلایەن جەنابی ویلایەتپه‌ناهی قائیمقامێتی ڕانیە دامەزراوم، لە ١٤ مایس ١٢٩١)، به‌گوێره‌ی ساڵی سه‌ر ته‌له‌گرافه‌كه بێت كه ئاماژه به ساڵی (1291 كۆچی) كراوه، به‌پێی ساڵنامه‌ی زاینی ده‌كاته ساڵی(1874ز) ئه‌وكات ڕانیه قه‌زا بووه. (7)
بۆ یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی ئه‌م بابه‌ته پێویسته توێژه‌ران و خه‌مخۆرانی مێژووی ڕانیه به‌گشتی و ناوه‌نده ئه‌كادیمییه زانستییه‌كانی كوردستان به‌تایبه‌تی، لێكۆڵینه‌وه‌و توێژینه‌وه‌ی ورد‌و چڕ و به‌دواداچوونی ته‌واو بكه‌ن بۆ ساغكردنه‌وه و ده‌ستگه‌یشتن به بڕیار و فرمانی گارگێڕی به قه‌زابوونی ڕانیه، بێگومان له نه‌خشه و ئه‌رشیف و په‌رتووكخانه‌كانی وڵاتی توركیا به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كی زۆری ده‌وڵه‌تی عوسمانی بوونی هه‌یه و پێویستی به توێژه‌ری پشوو درێژ و زمانزانی تایبه‌ت هه‌یه بۆ كنه‌و پشكنینی به‌ڵگه و دیكۆمێنه‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مه، له‌م ڕوانگه‌یه‌وه هه‌وڵه‌كانی به‌ڕێز كاك (نیازی حه‌مه‌عزیز) به‌رز ده‌نرخێندرێت، ساڵی (2018) كاك (هێما)ی كوڕی كاتێك له توركیا ده‌یخوێند چه‌ند جارێك چۆته ئه‌رشیفخانه‌ی ده‌وڵه‌تی عوسمانی له (ئه‌سته‌نبوڵ و ئه‌نقه‌ره)، ده‌یان به‌ڵگه‌نامه‌ی نووسراوی عوسمانی كه باسی ڕانیه‌یان تێدا كراوه و ناوی ڕانیه به قه‌زا هاتووه‌و به‌ڵگه‌نامه‌كانیان كۆپی كردووه بۆ كاك نیازی، به‌ڵام به‌داخه‌وه هیچ له‌م به‌ڵگه‌نامانه فرمانی كارگێڕی به قه‌زابوونی ڕانیه‌ی تێدا نه‌بوو(8).

وێنه‌ی ژماره (3): به‌رگی په‌رتووكی (ڕانیه له به‌ڵگه‌نامه‌كانی عوسمانی‌دا 1875-1920) و به‌ڵگه‌نامه‌ی (1291ك واتا 1874ز)
سه‌رچاوه/ د.نه‌وزاد یه‌حیا باجگر، ڕانیه له به‌ڵگه‌نامه‌كانی عوسمانی دا 1875-1920ز، وه‌ڕگێڕانی: ئاشتی ڕه‌حمان، بڵاوكراوه‌ی زانكۆی جیهان(خانه‌ی به‌ڵگه‌كان)، چاپی یه‌كه‌م، هه‌ولێر، 2019، ل21.
ژماره‌ی دانیشتووانی قه‌زای ڕانیه به‌گوێره‌ی به‌ڵگه سه‌رژمێری عوسمانییه‌كان
لە (قامووسی ئەعلام)دا لە ساڵانی(١٨٩٥ – ١٨٩٦) چاپکراوە، شارەزوور بەم شێوەیە وەسف کراوە: (یەکێکە لەو سێ سەنجەقەی ویلایەتی موسڵ پێکدەهێنن، بە شێوەی هیلال (مانگی نوێ)یە، لە باکوورەوە بۆ باشوور درێژ دەبێتەوە، بەجۆرێک بەشی کەندەڵانی (کەمەری) دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی دیجلە و ڕووی لە ڕۆژئاوایە، لە ساڵانی ئەو کاتەدا سنووری ناوچەکە بەم شێوەیە بووە، لە ڕۆژئاوا و باکوورەوە سەنتەری موسڵ، لە ڕۆژهەڵاتەوە بە پەیوەندییەکی کەمەوە لەگەڵ ویلایەتی وان، هەر لە ڕۆژهەڵاتیشەوە سنوورەکانی ئێران و سەنجەقی سلێمانی، و لە باشووریشەوە ویلایەتی بەغدا. لەو ساڵانەدا سەنتەرەکەی کەرکووک بووە، لە (6) قەزا و (8) ناحیە پێکهاتووە.
له سه‌رژمێری گشتی ساڵی (1881ز) ئه‌نجامدرا و له ساڵی (1883ز) ته‌واو بوو، ژماره‌ی مسوڵمانه‌كان و نامسوڵمانه‌كان له (قه‌زای ڕانیه) به‌م شێوه‌یه بووه (9).
ژماره‌ی گوند: 45
ژماره‌ی مسوڵمانه‌كان: 5389 كه‌س
جوله‌كه‌ی كاسۆلێكی یۆنانی: 45كه‌س
كۆی گشتی: 5434 كه‌س
وێنه‌ی ژماره (4): دانیشتووانی قه‌زای ڕانیه به‌گوێره‌ی
سه‌رژمێری ساڵی (1881ز)

Hasan Koç، OSMANLI DÖNEMİ ŞEHRİZOR EYALETİNDE İDARİ TAKSİMAT، Dini Araştırmalar، Temmuz – Aralık 2014، Cilt: 17، Sayı: 45 ، S. 146.
له سه‌رچاوه‌یه‌كی تردا هاتووه له‌نیوه‌ی دووه‌می سه‌ده‌ی نۆزده له سه‌رده‌می ئیداره‌ی عوسمانی‌دا، پارێزگای موسڵ له (3) سه‌نجاق و (17) قه‌زاو (21) ناحیه و (2314) گوند پێكهاتووه، تێیدا (قه‌زای ڕانیه) سه‌ر به سه‌نجه‌قی كه‌ركوك له چوارچێوه‌ی پارێزگای موسڵ، پێكدێت له (45)گوند، ده‌كه‌وێته باكووری ڕۆژهه‌ڵاتی سه‌نجه‌قی كه‌ركوك، شارۆچكه‌كه (80) ماڵی تێدایه، ساڵی (1912ز) نزیكه‌ی (200) گوند بووه(10).
له ئه‌رشیف و به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كی تری عوسمانییه‌كاندا، ئاماژه به‌وه كراوه ناوەندی (قەزای ڕانیە) دەکەوێتە باکووری ڕۆژهەڵاتی لیوای کەرکووک، ناوه‌نده‌كه‌ی ڕانیەیە، ناحیەکانی بریتین له (ڤەزینە، که‌هنە، لاهیجان، میرکان، ناودەشت، شاوەر، بیتوێن، نازین، هوڵکان، چناران) و نزیکەی (250) گوند و مەزرا لەخۆ دەگرێت، له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا لە سەنتەری قەزاکەدا مزگەوتێک، سەرایەکی حکوومی و (15) دووکان و (80) ماڵ هەیە، ژمارەی دانیشتوانەکەی نزیکەی (150) کەسە زۆرینەیان کوردن (11).
ده‌سه‌ڵاتی ئیداریی به‌ڕێوبردنی قه‌زای ڕانیه له‌لایه‌ن عوسمانییه‌كان (1880-1900) . (12).
قایمقام: عەبدولڕەحمان بەگ
نائب: عەبدوڵڵا ئەفەندی
موفتی: حەبیب ئەفەندی
ماڵ بەڕێوەبەر (مالمدیری): محەمەد جەمیل ئەفەندی
تەحریرات کاتیبی: ڕەزا ئەفەندی
مەجلیسی ئیدارە
سەرۆک: قایمقام
ئەندامانی هەمیشەیی: عەبدوڵڵا ئاغا، ئەحمەد ئاغا، پیرۆت ئاغا، مەحموود ئاغا.
ئەندامانی تەبیعی: نائب، موفتی، ماڵ بەڕێوەبەر، تەحریرات کاتیبی.
مەحکەمەی بیدایەت (دادگای سەرەتایی)
کاتیبی یەکەم: موحیەدین ئەفەندی
مستەنتەق موعاوین: محەمەد ئەفەندی
کاتیبی دووەم: عەلی ئەفەندی
ئەجرا موباشیر: مەجید ئاغا
ئەندامان: شێخ مەلا حەویز ئەفەندی، ئەحمەد میر ئەفەندی، عەباس ئاغا.
بەشەکانی تر
سندوق ئەمینی: عەلی ئەفەندی
ئەباری مامووری: مەحموود ئاغا
نفووس مامووری: عەبدولڕەحمان ئەفەندی
کاتیب: عەزیز ئەفەندی
وێنه‌ی ژماره (5): وێنه‌ی لای ڕاست/ به‌ڵگه‌نامه‌ی به‌ڕێوبردنی ئیداری قه‌زای ڕانیه له‌لایه‌ن عوسمانییه‌كان
وێنه‌ی لای چه‌پ/ به‌رگی پێشه‌وه‌ی سه‌رچاوه‌ی به‌ڵگه‌نامه‌كه
سه‌رچاوه/ مکتوبی ولایت سعادتلو حسن توفیق افندی معرفتیله ترتیب و طبع اولندی، موصل ولایتی‌چون برنجی دفعه اوله رق سایه توفیقات پیرا‌یه حضرت پادشاهی‌ده ترتیب اولنان سالنامه‌در، ، دمیرباش نومره‌سی: (714)، تصنیف نومره‌سی: موصل، عربی (1308 رومی- عربی 1306)، ص132.
لیستی سه‌رچاوه‌كان
1- احمد جمال، جغرافيا عثمانى، مكتب حربية مطبعة سندة طبع او ولنشر، الطبع اول، استانبول، تموز 1311ك. (1893ز)، ص192-193.
2- پ.ی.د.بخت‌یار سعید محمود شوانی، كوردستانییه‌تی كه‌ركوك له سه‌رده‌می ده‌وڵه‌تی عوسمانی‌دا، گۆڤاری مێژووناسی، ژماره(8)، پایزی 2024، ل115-116.
3- ڤیتال كیونێ، سنجاقی شاره‌زوور(كه‌ركووك) و سلێمانی له‌كۆتایی سه‌ده‌ی نۆزده، وه‌رگێڕانی له فارسییه‌وه: د.نه‌جاتی عه‌بدوڵڵا، گۆڤاری ئه‌كادیمیای كوردی، ژماره(24)، چاپخانه‌ی هاشم،هه‌ولێر، 2013، ل311.
4- Vital Cuinet، La Turquie d’Asie: Géographie administrative, statistique descriptive et raisonnée de chaque province de l’Asie-Mineure، Ernest LEROUX, Éditeur، Tome Deuxième، Paris،1891، p763.
5- هانا علی حمه، ڕانیه 1958-1991 توێژینه‌وه‌یه‌كی مێژووییه له‌بارودۆخی (سیاسیی، كارگێڕیی، كۆمه‌ڵایه‌تیی، ڕۆشنبیریی، ئابووریی)، پێشكه‌شی فاكه‌ڵتی زانسته مرۆڤایه‌تییه‌كانی زانكۆی ڕاپه‌ڕین كراوه وه‌ك به‌شێك له به‌ده‌ستهێنانی بڕوانامه‌ی ماسته‌ر(بڵاوكراوه)، 2016، ل24.
6- د.نورى طالبانى، منطقة كركوك و محاولات تغير واقعها القومى، المطبعة بلا، لندن، 1995، ص21.
7- د.نه‌وزاد یه‌حیا باجگر، ڕانیه له به‌ڵگه‌نامه‌كانی عوسمانی دا 1875-1920ز، وه‌ڕگێڕانی: ئاشتی ڕه‌حمان، بڵاوكراوه‌ی زانكۆی جیهان(خانه‌ی به‌ڵگه‌كان)، چاپی یه‌كه‌م، هه‌ولێر، 2019، ل21.
8- نیازی حمه‌عزیز، گفتوگۆی په‌یوه‌ندی كه‌سی، (15)ی حوزه‌یران، 2026.
9– Hasan Koç، OSMANLI DÖNEMİ ŞEHRİZOR EYALETİNDE İDARİ TAKSİMAT، Dini Araştırmalar، Temmuz – Aralık 2014، Cilt: 17، Sayı: 45 ، S. 146.
10– Remzi Remzi Kılıç، Kerkük ve Musul’un Tarihi Coğrafyası،TÜBAR (Türklük Bilges Araştırmaları) journal of Turkish Studies، No: XXVIII(٢٨)، Güz 2010 ، S. 250.
11– DEVLET ARŞİVLERİ GENEL MÜDÜRLÜĞÜ Osmanlı Arşivi Daire Başkanlığı، MUSUL – KERKÜK İLE İLGİLİ ARŞİV BELGELERİ (1525 – 1919) ، Yayın Nu: 11، ANKARA – 1993، S. 33.
12- مکتوبی ولایت سعادتلو حسن توفیق افندی معرفتیله ترتیب و طبع اولندی، موصل ولایتی‌چون برنجی دفعه اوله رق سایه توفیقات پیرا‌یه حضرت پادشاهی‌ده ترتیب اولنان سالنامه‌در، ، دمیرباش نومره‌سی: (714)، تصنیف نومره‌سی: موصل، عربی (1308 رومی- عربی 1306)، ص132.