
كورداندنی: مەحموود هۆمەر باوزی
كاتێك بووم بە بەڕێوەبەری ناحیەی ناودەشت، ناوەندی سەنگەر سەر بە قەزای ڕانیە و ڕانیهش سهربه پارێزگای هەولێر بوو.
لەوانەیە هەندێك لەخوێنەران ئەوە بپرسن كە بۆچی لە ناحیەیەكی پارێزگای سلێمانی بۆ نموونە ماوەت دانەمەزرێنراوم. سەرەڕای ئەوە لەلایەن پارێزگاری ئەوكاتی سلێمانی(عومەر عەلی) پاڵێورابووم؟ وەڵامم بۆ ئەو خوێنەرانە ئەوەیە كە ئەوكاتە وەزیری ناوخۆ خۆلێخۆشبوو(سەعید قەزاز)بوو، بە تەلەفۆن بە عومەر عەلی گوتبوو:” من پێموایە ئەو بەڕێوەبەری ناحیەیەی كە بۆ بەڕێوەبەرایەتی ناحیەی ماوەتت پێشنیاز كردووە، دانیشتووی شاری سلێمانی و خەڵكی ناوچەكەیە، ئەمەش دامەزراندنی یەكەم جاریەتی ئەزموونی كارگێڕی نییە و بۆی هەیە كەسانی دۆست و ناسراو دەست لەكاروباری وەربدەن و نەهێڵن لەكارەكەیدا سەركەوتووبێ، بۆیە پێویستە لەسنووری پارێزگایەكی دیكە بكرێتە بەڕێوەبەری ناحیە….” بەو شێوەیە وەزیر ڕای خۆی ڕاگەیاند و وەك بەڕێوەبەری ناحیە ڕەوانەی ناودەشت(سەنگەسەر) كرام.
خوا لێخۆشبوو سەعید قەزاز، لەبواری كارگێڕیدا كەسایەتییەكی هەڵكەوتوو، سەرنج و تێبینی ورد و دڵسۆزێكی لەخۆبوردوو بوو، بە (لەسێدارەدرانی) بواری كارگێڕی زەرەرێكی ئەوتۆی پێگەیشت كە قەرەبوو ناكرێتەوە.
لە ڕۆژی 17/5/1955 پەیوەندیم بە ناحیەی ناودەشتەوە كرد، كە شەو داهات كاتب (نووسەر)ی ناحییە (سەید بابەشێخ سەید ئەحمەد بەرزنجی) سەردانی كردم و باسی ئەو خانووەی بۆكردم كە تایبەتە بە شوێنی نیشتەجێبوونی بەڕێوەبەری ناحیە، لە ساڵی 1930 لەبەرد و قوڕ دروستكراوە و سەری دارە. لەهەمووی خراپتر ڕێك ژێرەكەی ئەشكەوتە و بەردەوام مۆڵگەی مار و دوپشكانە. لەو كاتەشدا كە ئاوا باسی خانوەكەی دەكرد لە سەقفی خانوەكەی هەڵڕوانی و مارێكی لەسەر دارەڕای خانووەكە نیشاندام كە نزیكەی دوومەتر درێژ بوو. پێیگوتم ئێستا پەیوەندی بە بنكەی پۆلیسەوە دەكات تا یەكێك بێت و مارەكەمان بۆ بكووژێ.
لە دڵی خۆمدا گوتم كێشە نییە ئەوە سەرەتایە و بەو شێوەیە پێشوازیم لێدەكات و دەبوو زانیبام كە ئەوە چارەنووسە و ڕێگەیەكی سەخت و پڕ لە دڕكوداڵی دوور و درێژمان بەیەكەوە هەیە. بۆیە دەبوو خۆم بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر سەختییەكی لەوجۆرە ئامادەبكەم.
دووڕۆژ دواتر هەندێك گونییە(جانفاس)م كڕی بەشی ئەوەندەی دارەڕای سەقفی خانوەكەی پێ داپۆشم، دواتر هەندێك دەرمانی مێرووكووژی ئەكرۆساید و دی دی تیم كڕی و لە دیوارەكانم ڕشاند و هەندێكیشم لەناودا سووتاند، بەو شێوەیە هەموو ژوورەكانم پاككردنەوە، لەهەمان كاتدا ناردم بەدوای دارتاشێكدا هات و جانفاسەكەی بۆ لەبەری خانووەكە دام و بەو شێوەیە دار و چرپ و چیلی سەقفەكەی شاردەوە، تەل هێڵەكم لە پەنجەرەكان دا بۆ ئەوەی لەكاتی كردنەوەی پەنجەرەكاندا مێشوولە و تەپۆ نەتوانن بێنە ژوورەوە.
بۆ ماوەی ساڵ و نیوێك بێ گوێدانە هیچ شتێك، جگە لەخۆتەرخانكردن بۆ كاروباری ئیداری لەو خانوەدا مامەوە، دیارە ئەو كاتە سەڵت بووم، دایكیشم(خوا لێیخۆشبێ) ناوبەناو سەردانی دەكردم.
ئەو كاتە ناحیەكە لەهەموو خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكانی وەك ئاو و كارەبا و ڕێگەوبان بێبەش بوو، زیاتر بۆ ڕووناككردنەوەی ماڵەكانمان فانۆسمان بەكاردێنا و هاوڵاتییەكی دانیشتووی ناوچەكەش لەسەرچاوەی ئاوەكەوە بەرانبەر كرێیەكی مانگانە ئاوی بۆ دێناین.
بەدووری كیلۆمەترێك لەناحیەی سەنگەسەرەوە ڕووبارێك بەناوی (گاڕفێن) هەیە. زستان و بەهاران كاتی بارینی بەفر و باران ئاوی ڕووبارەكە هەڵدەستێ زۆرجاران بۆماوەی سێ تا چوار ڕۆژان بەهۆی خوڕی ئاوەكە و لافاوەوە ڕێگەكە دەگیرێ، تا ئاوەكە دەنیشێتەوە، چونكە هیچ پردێك بۆ پەڕینەوە نییە.
جارێك وا ڕێكەوت كۆمەڵێك ڕۆژنامەنووس بەمەبەستی كۆكردنەوەی (هاوبەشیی) ئیشتراكی گۆڤار و ڕۆژنامەكانیان لە بەغداوە هاتن، بەهۆی ئەوەی هیچ میوانخانە و شوێنێك نەبوو لێی بحەوێنەوە بۆماوەی دووشەو لە خانووی بەڕێوەبەری ناحیەدا مانەوە. دیارە وەرزی زستان بوو، زستانێكی زۆر تۆف و باران و چەند ڕۆژێك بوو برووكی نەدابۆیێ، بەو هۆیەوە ڕووبارەكە هەستابوو هیچ پردێكیش بۆ پەڕینەوەی ئۆتۆمبێل نەبوو، بۆیە ڕۆژنامەنووسەكان بۆ ماوەی هەفتەیەك وەك میوان مانەوە، دوای نیشتنەوەی ڕووبارە هەڵچووەكە گەڕانەوە بۆ ڕانیە و لەوێشەوە بۆ بەغدا.
بەڵێ وەك گوتم پرد لەسەر ئەو لقە ڕووبارانە نەبوو كە دەڕژانە زێی بچووكەوە، بەڵام پردێكی دارینی جووڵاو هەبوو، پێیان دەگوت(قەیاغ) كاتێكیش ئاستی ئاوەكە دادەبەزی ئەو قەیاغەش پەكی دەكەوت و لە لمدا دەچەقی.
پشتگوێخستنی ناوچەكە و نەبوونی خزمەتگوزاری لەلایەن ئەنجومەنی ئاوەدانكردنەوەی حكومەتی مەلەكییەوە بۆ ئەوە دەگەڕایەوە كە لەبەرنامەدا هەبوو بەنداوی دوكان دروست بكرێ، كە بەدروستكردنی بەنداوەكە نزیكەی (45) گوند و كەرتی كشتوكاڵی لە سنووری ناحیەكانی ناودەشت و بنگرد و دەشتی بیتوێن و هەندێك لە گوندەكانی ناحیەكانی چناران و سوورداش ژێر ئاو دەكەوتن.
دەگەڕێمەوە سەر وردەكارییەكانی پەیوەندییم بە ناحیەكەوە و چەند نموونەیەك لە كاروباری ئیداری كاتێك دەوروتەسلیمم لەگەڵ هاوڕێم (ڕۆبیتان ئەمین جاف)كرد كە لە 17/5/1953 تا 17/5/1955 بەڕێوەبەری ناحیەكە ببوو.
وەك باوە هەر بەڕێوەبەری ناحیەیەك لەكاتی گواستنەوەی بۆ ناحیەیەكی دیكە ڕاپۆرتێكی ورد و دوورودرێژ لەسەر تەواوی وردەكارییەكانی ناحییەكەی دەدات بەو كەسەی كە شوێنی ئەو دەگرێتەوە، بۆ ئەوەی خێرا زانیاریی لەسەر بارودۆخی ناحییەكە بزانێ و بتوانێ كەلێنەكان ئەگەر هەبوون پڕ بكاتەوە، لەهەمان كاتدا بە پێی ڕاسپاردەی وەزارەتی ناوخۆ دەبوو نووسخەیەكی بدرێت بە قائمقمام بۆ ئەوەی بیگەیەنێ بە پارێزگار و دواتر وەزارەتی ناوخۆ. لە ڕاپۆرتەكەدا ئاماژە بەهەڵكەوتەی جوگرافی و سنووری ناحیەكە و ژمارەی دانیشتوان و ژمارەی ئەو گوندانەی لەخۆی دەگرێ و داب و نەریتی خەڵكی ناوچەكە و كەسایەتییە دیار و ناودارەكانی ناوچەكە. ئەو ڕاپۆرتە پێش هەركەسێك بۆ بەڕێوەبەری تازەی ناحییە وەك كلیلێك بۆ چوونە ناو كاروبارە ئیدارییەكان بەكەڵك بوو.
ئەو ناوچەیە وەك باوە پێی دەڵێن ناودەشت، لە لای چیای قەندیلەوە هاوسنوورە لەگەڵ دەوڵەتی ئێران، تا سنووری قەڵادزێ. هەندێك عەشیرەتی گەورە و بەنێوبانگی تێدا نیشتەجێن. گرینگترینیان عەشیرەتی مەنگوڕ و سەرۆكی عەشیرەتەكە (عەلی ئاغای حەسەن ئاغا) بوو ئەوكات، عەشیرەتی مەندەمەرە ئەوكات سەرۆكەكەی (ئاغای كانەبیاغا)ی بوو و عەشیرەتی بنزێری، سەرۆكەكەیان (رەسوڵ ئاغا )بوو.
هەریەك لەو عەشیرەتانەش چەندان لق و پۆپیان لێ دەبنەوە بۆ نموونە عەشیرەتی مەنگوڕ، پێنج لقی هەیە (زوودی، ڕەزگەیی، چنارەیی، خدرماسێنە و باب ڕەسوە) عەشیرەتی مەندەمەرەش لەبنەڕەتدا لقێكی عەشیرەتی ئاكۆیە و هەریەك لە عەشیرەتەكانی (باوەبی و خیلەیی) لەناوچەی پشتئاشان نیشتەجێن و سەرۆكەكەیان ناوی (ئیسماعیل ئاغا) و لە نەوەكانی غەفوورخانە. تەواوی ئەو عەشیرەتانە لەسەر هەمان ڕێچكەو ڕێبازی باپیرانیان بەشێوە نەریتییە كۆنەكە دەژین، سەرەڕای ئەوەی كە هەندێك لە دابونەریتانەیان لەگەڵ بنەماكانی یاسا و شەریعەتی ئیسلامی ناتەبا بوون، بۆ زۆربەی كاروبارەكانیشیان بۆ یاسا نەدەگەڕانەوە و كێشەكانیان لەنێوخۆیاندا چارەسەر دەكردن، بەڵام بەشێوە عەشایەرییە كۆنەكە.
دەركم بەوە كرد كە ئەو هەڵسوكەوتانە بە یاسا و ڕێكوپێكی كۆمەڵگە و ڕەوایەتی و لەگەڵ سەپاندنی یاسا و ڕێكخستنی ئیداریدا ناگونجێن و پێویستە چارەسەر بكرێن، چونكە بەڕای من كارگەلێكی نەشیاو و نالەبار بوون. ئاخر ڕەوایە سەرۆكی عەشیرەت بڕیار بەسەر تەواوی ئەندامانی عەشیرەتەكەیدا بدات و هەرچۆنی بیەوێ هەڵیان سووڕێنی، شكۆ و هەیبەتی دەوڵەت لە پاراستنی مافی هاوڵاتی و پاراستنی سەروماڵی خەڵكی و دابینكردنی مافی ژنان چییە لەو حاڵەتەدا؟
ئەمانەی باسم كردن یەكێكە لەبنەما سەرەكییەكانی كاری بەڕێوەبەری كارگێڕیی و ملكەچبوون و ملكەچكردنی هەموان لەبەرانبەر یاسا و بنەماكانی شەریعەتی ئیسلامی پیرۆز…. لەسەر ئەو بنەمایە فەرمانبەری كارگێڕیی دەوڵەت دەبێ پێش هەرشتێك هەڵوێستە لەسەر ئەو خاڵانە بكات و بزانێ لەنێو ئەو كۆمەڵگەیە تێیدایە چی ڕوودەدا، بیر لە كێشەكانیان بكاتەوە و بەگەڕانەوە بۆ یاسا و لۆژیك هەوڵی چارەسەركردنیان بدات، بەرپرسی كارگێڕیی ڕێك هەمان ئەركی لەسەر شانە كە پزیشكێك بۆ چارەسەركردنی نەخۆشەكانی لەسەر شانیەتی. بۆیە دەبێ بەرپرسی كارگێڕیی چارەسەری گونجاو دابنێ بۆ ئەوەی بەئاسانی بتوانێ بەسەر كەمووكووڕیی و پێشێلكارییەكان، كە دژی یاساو شەریعەتن و بۆ ماوەی ساڵانێكی زۆر ئەو هەڵانە لەلایەن عەشیرەتەكانەوە پیادەكراون و سەركەوێ.
لە دیارترین دیاردە و نەریتانەی لەم ناوچەیەدا بینیم و بە نەریتێکی خێڵەکیی خراپم دانا، بیرم لە بنەبڕکردنی کردووەوە، دیاردەی هەڵگرتنی ژنان بوو كە لەنێو هەموو لقەكانی عەشیرەتی مەنگوڕدا پیادە دەكرا…. ژن لەنێو ئەو عەشیرەتەدا(كچ، بێوەژن، ژنی بەمێرد) بۆ ئەوەی كەسێك بیكات بەژنی خۆی هەڵی دەگرت و دواتر ڕوو لە سەرۆكی عەشیرەت(ئاغا) دەنرا بەشێوەی خۆی چارەسەری بابەتەكە بكات.
ئاغا بڕە پارەیەكی لە كوێخای گوندی وەردەگرت، بڕێك لەو پارەیە دەدرا بە باوكی كچ یان مێردی ژنی هەڵگیراو و دواتر مەلایەكیان بانگ دەكرد و ژنەی ڕەدووكەوتوویان لە بابای ژنهەڵگر مارەدەكرد. لە ڕێوشوێنەکانی بەڕێوبەرانی پێشووی ناحیەکان سەبارەت بەم کێشانە، وا دەردەکەوێ کە ئاوڕ لە دۆخەکە نەدراوەتەوە و دیارە بەكێشەی لاوەكی و نێوخۆیی هۆزەكانیان داناوە و چارەسەرەكانیشیان بۆ ئاغا و سەرۆكی عەشیرەتەكان بەجێهێشتووە…. بۆ هەر حاڵەتی ژن هەڵگرتن ئەو كاتە بڕێ(30) دینار پارە دانراوە لەوبڕەش(20) دیناری بۆ ئاغا و كوێخا و بەهیچ شێوەیەكیش بۆهیچ بڕیارێكی بەڕێوەبەری ناحیە و قائمقام نەدەگەڕانەوە.
هەموو ڕۆژێك هەواڵی ڕەدووكەوتن و هەڵگرتنی ژن و كچێك یان چەند ژن و كچ هەبوو… تەنانەت بەڕێوەبەری پێشووش لە ڕاپۆرتەكەیدا ئاماژەی بەوە كردبوو كە هیچ ڕۆژێك نییە هەواڵی هەڵگرتنێك لەگۆڕێ نەبێ و هیچ شەوێك بێ ژن هەڵگرتن تێناپەڕێ، بەڵام بۆ ئەو كێشەیە ناگەڕێنەوە بۆ یاساو حكومەت و لەنێو خۆیاندا بەشێوەی عەشایەریی چارەسەری دەكەن.
بابگەڕێینەوە سەر بارودۆخی ژن لەكۆمەڵگەی عەشایەریدا و بەتایبەتیش ژنی مێردداری ڕەدووكەوتوو و بێوەژن، بەبێ گرێبەستی مارەبڕین و مافی ژن لەسەر مێرد، یان ئایا ژنی هەڵگیراو بەو مافە و هەقەی خۆی ڕازییە و ڕەزامەندە یان كەسانی تر بەویستی خۆیان مافی بۆ دیاریی دەكەن، یان ئەوەتا توخمیی زۆرەگێ(اغتصاب) لە بابەتەكەدا هەیە و شتی تریش و چەندان پرسیار بەنێو بیردانگمدا دەهاتن و دەچوون و لە كۆتاییدا بەو دەرەنجامە گەیشتم:
ئامانج لە دانانی سنوورێك بۆ ئەو ڕووداوانەی كە پێچەوانەی شەرع و یاسان و یاسای گرینگیدان بە ژن و شكۆی كۆمەڵایەتی و پاراستنی مافەكانی و مافی كەسووكاری و بەتایبەتیش مێردەكەی، دووەمیان پەنابردن بۆ یاسا و ڕێكخستن بۆ سەركەوتن بەسەر ئەو دیاردەدا و چارەسەری كێشەكە…. دانانی بەردی بناغەی چارەسەری كێشەكە، بۆ ئەوەی ئەو هاوڕێیانەی دوای من دێن بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی كۆمەڵایەتی ئەو خەڵكە بنەمایەكی چارەسەریان لابێ.
- بانگهێشتی پیاوانی ئاینیی ناوچەكە و كەسایەتییە دیار و ناسراوەكان و كوێخاو موختارەكانی گوندەكانی سنووری مەنگوڕایەتیم كرد و كۆبوونەوەیەكی هاوشێوەی كۆنفرانسم پێكهێنا، بە وردی باسم لە هەڵگرتنی ژن و كچ كردو ڕوونم كردەوە كە ئەمە پێچەوانەی قانوونی ئەحواڵی شەخسی و یاسای تاوانكاریی دەستبەسەردا گرتن و بنەماكانی شەریعەتی ئیسلامە.
- ئەم ڕووداوانە ڕوودەدەن بەبێ گەڕانەوە بۆ بۆچوونی کەسوکاری ئافرەتەکە، وەک مێرد، باوک، دایک، و هەر کەسێکی تر کە سەرپەرشتیار یان وەلی ئەمر بێت لەسەر کاروباری ئەم ئافرەتە ڕفێنراوە.
- ئايا ڕەوای هەقە كوێخا یان ئاغا(سەرۆكی عەشیرەت) لەسەر حیسابی تكانی ئابڕووی كەسێكی تر مشتێ پارە وەربگرێ. ئەمەی پارەیەكی نەك حەرام پیس بگرە گڵاویشە.
- لێرە بەدواوە هیچ كوێخا و ئاغایەك بۆیان نییە لەسەر ئەو بابەتە تاكە فلسێك لەهیچ كەسێك وەربگرن.
- لەكاتی ڕوودانی كارەساتێكی نەخوازراوی ئەوتۆدا و بەتایبەتیش ئەگەر هەڵگرتنەكە ڕفاندن بێ، پێویستە بەزووترین كات لایەنی حكومەت ئاگادار بكرێتەوە.
دوای ئەو ڕوونكردنەوە بۆ ئامادەبوانی كۆبوونەوەكە، ئاغا دەستنووسێكی لەگیرفانی دەرهێنا كە بەزمانی كوردی نووسرابوو و لەلایەن كۆمەڵێك كەسایەتیی دیاری عەشیرەتی مەنگوڕ پەنجەمۆر و واژۆ كرابوو كە نرخەكان بەكاش و لیرەی زێڕ و دیناری عێراقی هەر حاڵەتێك بەجیا، بۆنموونە ژنی مێرددار و بێوەژن (30) دینار و …. هتد.
- بە موختارەكان و ئاغام گوت ئەو ڕێككەوتن و نووسراوە پێچەوانەی یاسا و شەرعە و لێرە بە دواوە ڕێگە نادرێ كاری پێبكرێ.
- هەموو پیاوانی ئایینی پشتگیری بڕیارەكەیان كرد و موختار و كوێخای گوندەكانیش بەڵێنیان دا هەركاتێك حاڵەتێكی ڕەدووكەوتن و هەڵگرتن لە گوندەكانیان ڕووبدات، خێرا بەرپرسانی دەوڵەتی لێ ئاگادار دەكەن.
بەو شێوەیە توانیم ئەو كێشە كۆمەڵایەتییە بنبڕ بكەم لەو ماوەیەدا كە من بەڕێوەبەری ناحیەی ناودەشت بووم لە رۆژی 17/5/1955 تا 31/7/ 1956 هیچ حاڵەتێكی هەڵگرتن و ڕەدووكەوتن لە سنوورەكە ڕووی نەدا و بەشانازییەوە دەڵێم تۆمارم كرد كە توانیومە بەسەر ئەو دیاردە دزێوەدا سەركەوم و بنبڕی بكەم.
ئەم ڕێکارە کارگێڕییانە و هەوڵە بەردەوامەکان بوونە هۆی کەمکردنەوەی هەژموونی ئاغا و دەرەبەگەکان، کە بە جۆرەها شێواز ڕەعیەتەکانیان دەدۆشی و پارەیان لێ دەكێشانەوە. منیش بە مەبەستی ڕێگریکردن لێیان و پاراستنی مافەکانی مرۆڤ، بەتایبەتی ئەو ژنە زوڵملێکراوەی کە بەهۆی نەفامییەوە لە سەرەتاییترین مافی خۆی لە ژیاندا بێبەش دەكرا.
- فەرمانبەری كارگێڕی لەهەر ناوچەیەك بێت دەتوانێ كار لەسەر بەرزكردنەوەی ئاستی كۆمەڵایەتی لە ژیانی تاكدا بكات و زاڵبێ بەسەرنەریتە كۆن و سواوەكاندا كە هیچ لەگەڵ یاساو بنەماكانی ئاین نایەنەوە. لەسەرەوە باسی بەشێك لەو نەریتە كۆنانەمان كرد. پێویستییان بەبنبڕكردن و ئاگاداركردنەوە و سەرنج ڕاكێشانیان هەبوو بۆ ئەوەی خۆیان بەرانبەر بە كۆمەڵگەكەیان بە بەرپرسیار بزانن.
بابەتێكی تر كە پێویستە بۆ خوێنەرانی بەڕێزی ڕوون بكەمەوە، ئەو كاتەی بووم بە بەڕێوەبەری ناحیەی ناودەشت، ئەوە بوو كە یەكێك لە ئاغا بەنێوبانگەكانی ناوچەكە، تاپۆیەكی كۆنی بەناوی (یوقلمە) بەدەستەوە بوو، دوای ڕەزامەندیی بەڕێوەبەرایەتی تاپۆی گشتی دەیەویست هەردوو كەرتەكانی (شەروێت و سیدەڵان) لەسەر خۆی تاپۆ بوون، نوێ بكاتەوە. دوای ئەوەی لەسەر ویستی خۆم نوێنەری مالیەم بۆ پاراستنی مافەكانی وەزارەتی دارایی لە زەوی ئەمیرییەی وەك لەوەڕگە و زەوی بوورە كە داناچێنرێ، ژمارەیەك ڕووپێو و ئەندازیاری فەرمانگەی تاپۆ و ناردنی بەڕێز ساڵحە فەندی نێردەی فەرمانگەی تاپۆی كۆیە بۆ سەنگەسەر بۆ تەواو كردنی ئەو مامەڵەیە، لەبەر ئەوەی لە ڕانیە و سەنگەسەر فەرمانگەی تاپۆ نەبوو.
كاری ڕووپێوی و دیاریكردنی سنوور و دانانی گۆشەو تابلۆكان ماوەی مانگێكی خایاند و دەركەوت ئەو تیمە كەشفە چوونەتە نێو بیست و پێنج كەرتی كشتوكاڵیی ئەو مامەڵەیەوە ئەمە سەرەڕای زەوییە دێمەكار و لەوەڕگەكەكان.
بەوشێوەیە ئەو شانۆگەرییە لەبەرچاوم نمایشكرا و منیش بەرپرسی كارگێڕی و پارێزەری بەرژەوەندییەكانی خەڵكم، بەرپرسم لە سەروماڵی خەڵكی، لەكاتێكدا خەڵكێكی زۆر لە دانیشتوانی ناوچەكە سەردانیان كردم و سكاڵایان كرد كە ئەو زەوییانە موڵكی خۆیانن، چۆن دەبێ ئاغا موڵك و گوندەكانیان لەسەر خۆی تاپۆ بكات؟! بەردەوام و شەو و رۆژ بیرم لەو بابەتە دەكردەوە چۆن و بەچ شێوازێكی یاسایی دەتوانم ئەو مامەڵەیە ڕابگرم و ماف بۆ خاوەن ماف بگێڕمەوە، لە حاڵێكدا یەكێك لە دۆست و ناسیاوانی ئاغا، دەستی لە ڕاییكردنی مامەڵەكەدا هەبوو، بێگومان لەڕێی(بەرتیل)ەوە دەستی دەڕۆیشت، بەڵام لەو بوارەدا شكستیان هێنا و جگە لە ڕازیكردنی چەند دەروون نەخۆشێك كە تەنها بیر لەبەرژەوەندیی شەخسی خۆیان دەكەنەوە هیچی تریان بەدەست نەهێنا.
خاوەن مامەڵەی تۆماری تازە پێیوابوو بەئاسانی توانیویەتی بگاتە پلەی كۆتایی سەركەوتن و بە ئامانجەكانی خۆی گەیشتووە و لەگەڵ لیژنەكەش لەسەر ئەوە ڕێككەوتووە كە بەڕێوەبەری ناحیە خاوەنی موڵكەكانی ئەمیریەیە و باقی موڵكەكانی تر موڵكی ئەون.
زۆری پێنەچوو كە كارمەندی تاپۆ و ڕووپێو و ئەندازیاری تاپۆ هاتنە سەنگەسەر، مامەڵەی تۆماركردنی تازەی زەوییەكانیان لەگەڵ خۆیان هێنابوو و گوتیان ئەوە تەواوی دەرەنجامی كار و زانیارییەكانی ئێمە، سنوورەكان نەخشەیان بۆكێشراوە و زەوییەكان دیاریكراون. تاكەشتێك كە ماوەتەوە واژۆی بەڕێزتانە، چونكە تەواوی زەوییەكانی ئەمیریەش كەخۆی لە(100) دۆنم دەدات و هیچ پێویستیش بەوە ناكات بەڕێزت ئەزیەت بكێشی و زەحمەتی چوون بۆ شوێنەكە بدەیتە بەرخۆت.
بەسەرنجەوە چاوێكم بە سەنەد تاپۆ و هەموو وردەكارییەكاندا خشاند، دوای ئەوە پێمگوتن بەدڵنیاییەوە لاریم نییە لە واژۆكردنی، بەڵام پێویستە تا سبەینێ بەیانی مۆڵەتم پێبدەن دوای وردبینیكردنی ئەم مامەڵەیە، بڕیارمدا بە پشتبەستن بە پرەنسیپی پاراستنی مافی ئەو جوتیارانەی كە لەباوباپیرانیانەوە زەویەكانیان بۆ ماوەتەوە و بەردەوامن لە داچاندنیان، ئەم خاڵانەی خوارەوە لە نووسراوێكی فەرمیدا جێگیر بكەم كە ئاڕاستەی فەرمانبەری تاپۆی كۆیە كرد كە ڕاسپێردراوە بۆ سەنگەسەر.
یەكەم: ئەو ڕووبەرەی لەسەنەدی(یوقلمە) دا هاتووە بەهیچ شێوەیەك ئەو ڕووبەرە نییە كە لەنێو نەخشەكەی ئێستادا هاتووە، كە ئاشكرا ڕووبەری ئەو دووگوندە (شەروێت و سیدەڵان) لە پێنج سەد دۆنم تێناپەڕێ، لەحاڵێكدا سنووری هەرچوارلای نەخشەكەی كە لەلایەن لیژنەی كەشفەوە دیاریكراوە لایەكی دەگاتە سەر ڕووباری(گاڕفێن) و لایەكیشی دەشتی بانووی سەنگەسەر و لای سێیەمی ئەو گردانەی لەپشت گوندەكانی شەروێت و سیدەڵان هەڵكەوتوون و لای چوارەمیشی بۆ سەر ڕووباری ژاراوە. بەو پێیە بێ ئەو مامەڵەیە هەموو كەرتی مەنگوڕایەتی لەخۆی دەگرێ كە خۆی لە سنووری(35) گوند دەدات.
بەهۆی ئەو نارێكی و ناهاوسەنگییەی لە نەخشەی تاپۆی تازەدا هاتبوو كە بەهیچ شێوەیەك لەگەڵ ڕووبەری ئەو دوو گوندە یەكی نەدەگرتەوە، بڕیارم دا واژۆكردنی ڕابگرم، چونكە ئەوەی لەو ڕاپۆرتەدا هاتبوو، لەگەڵ یاسای تاپۆ یەكی نەدەگرتەوە.
دووەم: كاتێك ڕووپێوی و تەسوییە ڕاگەیەنرا مامەڵەی تاپۆ ڕادەوەستێ تا ڕووپێوی و تەسویەی كەرتەكانی تریش دەست پێدەكات، كە تەسویە لەكەرتەكانی (قەلاوە، كەنجاڕەی سەرێ و كەنجاڕەی خوارێ، دۆڵەبەفرە، سەنگەسەر، كۆمەڵەو خڕەجوو) سەرجەمیان لەو گوندانەن کە تۆمارە نوێکراوەکان دەیانگرێتەوە، کە بڕیارە لەلایەن ئاغای مەنگوڕیەوە ئەنجام بدرێ.
سێیەم: ئەو زەوییە ئەمیرییانەی لەلایەن لیژنەی تاپۆ و ئەندازیار و ڕووپێوەكانە دیاریكراوە ڕاست نییە، كە لێرەدا ڕووبەرەكەیان لە سەد دۆنم تێناپەڕێ، با وای دابنێین سەد و پەنجا دۆنم، لەكاتێكدا ڕووبەری موڵكی ئەمیریە و پاوان و زەوی بوورە لە (150000) سەد و پەنجا هەزار دۆنم زیاترە، كە كەوتۆتە بانووی سەنگەسەر و دەبێ ئەو خەڵكی گوندەكانیان ژێر ئاوی بەنداوی دوكان دەكەوێ لێی نیشتەجێ بكرێن. ئەركی سەرشانی من بوو پارێزگاری لەو زەوییانە بكەم.
چوارەم: پلانێك لەلایەن (ئەنجومەنی ئاوەدانكردنەوە) هەبوو بۆ دروستكردنی بەنداوی دوكان و ئومێد هەبوو ئەو ساڵە دەست پێبكات، نزیكەی 40 گوند و كەرتی كشتوكاڵی بكەونە ژێر ئاوەوە، تەنانەت گوندی سەنگەسەر و خڕەجوو، كۆمەڵەیش بۆخۆی یەكێك لەو گوندانە بۆیە دەبوو ئەو مامەڵەیە ڕابگرم كە بڕیارەكەش وابوو زەوی ئەمیرییە كە بۆ كشتوكاڵ نابن خەڵكی لێ نیشتەجێ بكرێ.
دواتر بەڕێوەبەری تاپۆی كۆیەم لەو وردەكاریانە ئاگادار كردەوە و داوام لێكرد دەست لەو كارانە هەڵگرێ و كار بەلۆژیك بكات. لەهەمان كاتدا بۆم نووسی: لەحاڵەتی بوونی هەر كەموكورتی و لادانێكی یاسایی پەیوەست بە تاپۆوە بە نووسراو ئاگادارم بكاتەوە بۆ ئەوەی هەڵەكان ڕاست بكرێنەوە و بەپێچەوانەوە هەموو بەرپرسێیارێتییەكی ئەو بابەتە هەڵدەگرم.
یەكێكی تر لەو ڕووداوانەی لە سنووری ناحیەكە ڕوویدا و جێی سەرنجە ئەوەبوو، ئاغایەكی دیكەی ناوچەكە بڵاوی كردەوە كە دز چوونەتە سەر ماڵەكەی و دەمانچەو دووربینیان لێ دزیوە. خۆیشی هاتە بەڕێوەبەرایەتی ناحیە و سكاڵای تۆماركرد و گومانی لە دووكەس لە ڕەعیەتەكانی خۆی هەبوو. دەستمان بە كاری پێویست كرد و ئەو دووكەسەشمان دەسگیر كردن، كە زۆر بەڕژدی نكۆڵییان لە كارەكەیان دەكرد. دوو ڕۆژ دوای هەواڵەکە، زانیم کە دوو لە موختارەکانی ناوچەکە، کە دەستەڕاست و دەستەچەپی ئاغا بوون، دەستیان کردووە بە کۆکردنەوەی پارە (کۆمەک) بۆئاغا و ئەم دزییەيان بۆ خەڵکی خۆیان ڕوون کردووەتەوە. لەدوای بیستنی هەواڵەكە خێرا بەدوای ئاغا و موختارەكانمدا نارد و ئاگادارم كردنەوە كە ئەو هەڵسوكەوتە لە شكۆ و پێگەی ئەوان كەم دەكاتەوە و كارێكی نەشیاوە لەنێو ڕەشوڕووتی عەشیرەتدا لەبەر ئەوەی دزی لێكراوە پارەی كۆمەك و یارمەتی بۆ ئاغا كۆبكرێتەوە..
لەوێ بەدواوە وەرگرتنی پیتاك و یارمەتیم قەدەغەكرد و لەو بارەشەوە قسەم لەگەڵ قائمقام كرد و ئەویش پشتیوانی قسەكانی كردم و بەڵێنی دا لە حاڵەتی دووبارەكردنەوەیدا سەرپێچیكار سزا بدرێ.
لەبەر ئەوەی ئاغا و هەردوو كوێخاكە هەروا بەردەوام بوون لەكۆكردنەوەی پیتاك و یارمەتی، بۆیە یاسام بەسەردا جێبەجێ كردن و بۆ ماوەی دە ڕۆژ زیندانیم كردن. كاتێك قائمقامی ڕانیەم لە بابەتەكە ئاگاداركردەوە، لەسەرەتادا قائمقام سەرسام بوو، پێی گوتم مۆڵەتم بدە با جەنابی پارێزگار لەبابەتەكە ئاگادار بكەمەوە چونكە ئەو بابەتە تا بڵێی گرینگ و هەستیارە.
لەهەمان رۆژدا قائمقام بە تەلەفۆن ئاگاداری كردمەوە و گوتی: مامۆستا محهمهد ڕایان بگرە. پارێزگار پشتگیریت دەكات و گوتوویەتی ئەوە یەكەمین بەڕێوەبەری ناحیەی ناودەشتە كە چاوپۆشی لە یاساشكێنان ناكات و دەستی ئەوانە كورت دەكاتەوە كە دەیانەوێ لەسەر ئارەقەو ماندووبوونی خەڵكی ڕەشوڕووت بژین.
دوای ئەوەی ئاغا و كوێخاكان ماوەی دە ڕۆژیان لە زیندان بردە سەر مەرجی بەردانم بۆ دانان كەهەرچی وەریان گرتووە بۆ خەڵكەكەی بگێڕنەوە و زانیاریم هەبوو كە بڕی(850) دینار بوو.
باكەمێك لەكاروباری كارگێڕی دووركەوینەوە و بچینە سەر ژیانی تایبەتی خەڵكی ناودەشت، زۆربەی خەڵكی ناودەشت خەریكی بەخێوكردنی مەڕ و ماڵاتن، ساڵانە لەسەرەتای بەهارەوە لەگەڵ مەڕ و ماڵاتەكەیان لە ماڵەكان دەچنە دەرەو و ڕوودەكەنە لەوەڕگەكان و تا لەكۆتاییدا دەچن بۆ لەوەڕگاكانی سنووری قەندیل بەشی خاكی عێراق. دواتریش لەوەڕگەكانی كە كەوتوونەتە دیوی خاكی ئێران كە ساڵانە ڕێككەوتن لە گەڵ كۆمیساریای سنووری ئێران دەكرێ و لەبری بڕێك پارە، ئەو شوانكارانە بۆیان هەیە بچن لە خاكی ئێران مەڕەكانیان بلەوەڕێنن. لە هەمان كاتدا لەلایەن هەردوو كۆمیسیاری سنوورەوە ژمارەی ئەوچەكانەش دیاری دەكرێ لە تفەنگ و دەمانچە و تاپڕ و ساچمەزەن كە شوانكارەكان لەگەڵ خۆیانی دەبەن.
كاتێ باس دێتە سەر شوانكارەو چوونە ناوخاكی ئێرانەوە، بێگومان كێشەگەلێك لەنیوان هاوڵاتیانی ئێمە و دەسەڵاتدارانی ئێرانی كە پێیان دەگوتن (قۆمیسەری سنوور) ڕووی دەدا. یەكێك لەو كێشانەی كە ئەو ساڵە ڕوویدا سەربازانی ئێرانی(500) سەر مەڕی لقێكی عەشیرەتی مەنگوڕیان دەست بەسەردا گرتبوو كە هی (كوێخا برایمی قەلاوێ) بوو. كاتێك هەواڵەكەم بیست لەگەڵ دوو پۆلیس بەرەو سنوور ڕۆیشتین، ئەو سنوورەی بە سواری وەڵاخ نزیكەی دە سەعات ڕێگە بوو. برووسكەیەكی بێتەلم كرد و داوای كۆبوونەوەم لەگەڵ یاریدەدەری قۆمیسەری سنوور كرد كە لە پلەی بەڕێوەبەری ناحیەدا بوو، لەشوێنك بەناوی (شەڕگە و بەرتەق تەقە) كۆبووینەوە و ئەو بابەتەم لەگەڵ جێگری قۆمیسەر كردەوە و ئەوان بیانوویان ئەوەبوو كە شوانكارەكانی عەشیرەتی مەنگوڕ ئەو ساڵە لەوەی زیاتر بۆیان دیاریكراوە، سنووریان بەزاندووە. دوای گفتوگۆیەكی زۆر بڕیاردرا كە تەواوی مەڕە بەتاڵان براوەكە بگێڕنەوە جگە لە چوار سەر، كە لەو ماوەدا كەلایان بوون سەریان بڕیون و خواردوویانن، ئێمەش سنوورێكمان بۆ شوانكارەكانمان دانا كە ئەو سنوورە نەبەزێنن.
شایانی باسە ناحیەی سەنگەسەر(ناودەشت) بە كانزانی مس و ئاسن، دەوڵەمەندە. لەو ساڵەدا پسپۆڕێكی بەریتانی بەناوی میستەر(بوڵتن) هاتە ناوچەكە و بەدوای كانزا ژێرزەمینییەكاندا خەریكی كنەو پشكنین بوو، ئەوەی بەلامەوە سەیر بوو ئەوە بوو كە ئەو پیاوە بەریتانییە بەدرێژایی رۆژ و بێ ماندوو بوون كاری دەركرد. ڕۆژێك پێمگوت:” بەڕێز بۆڵتن، وەك دەبینم زۆر ماندوویت، ئایا دەرفەتی ئەوەت دەبێ دوای كارەكەت دانیشین و هەندێك بابەت باس بكەین، چونكە دەبینم زۆر ماندوو هیلاكیت و تۆش پشوویەك بدە.”
وەڵامی دامەوە و گوتی: زیاتر لەوەی بۆم دیاریكراوە دەمەوێ كار بكەم، دەمەوێ بەرانبەر حكوومەتی بەریتانیا سەربڵند بم كە ئەو متمانەی پێداوم و لێرە هیچ كەسێك لەسەرووی منەوە نییە چاودێریم بكات، جگە لەویژدانی خۆم. ماوەی كاركردن لە وەڵاتی ئێمە هەشت سەعاتە لە ڕۆژێكدا، بەڵام من دەبێ دوازدە سەعات كار بكەم. بەو شێوە بینیم ئەو پیاوە بێگانەیە چەندە بە دڵسۆزی و لێبڕاوی بۆ بەرزی ناو و ناوبانگی وەڵاتەكەی كار دەكات. قسەی ئەو پیاوە بۆ من بوو بەوانەیەكی سوودبەخش و لەمیانی كاری ئیداریدا پەیڕەویم لێكرد.
لەو كاتەی بەرپرسی ئیداری ناحیەی ناودەشت بووم، لەمەڕ دروستكردنی بەنداوی دوكان و ئەو لێكەوتانەی بەدوایدا دێن چەندان لێژنەی شارەزایانی بوارە جیاجیاكان و ئەندازیاران سەردانی وردی ناوچەكەیان كرد، چونكە لە سنووری ئێمەش گوندەكانی (كۆمەڵە، سەنگەسەر، خڕەجوو، كەنجاڕەی سەرێ و كەنجاڕەی خوارێ و كەرسۆنان) دەكەوتنە ژێر ئاوەوە. بۆ ئەو مەبەستەش لیژنەیەك لە قائمقامیەتی ڕانیە، قائمقامیەتی پشدەر، بەڕێوەبەری ناحیەی ناودەشت و ئەندازیاری ئاودێری سلێمانی پێكهاتبوو، بۆ دراسەكردنی دۆخەكە و دیاریكردنی بڕی زەرەرو زیانەكان و قەرەبووكردنەوەی ئەو جوتیارانەی زەوی و ڕەز و باخەكانیان ژێر ئاوەكە دەكەوتن.
سەرچاوە: مذكراتي في الادارة العامة و ضوء على حياتي الادارية العامة/ تالیف (محمد سعيد محمود) ط1 سنة 2004 دارالحكمة ـ لندن. ص23 ـ 44
نووسەر لەچەند دێڕێكدا:
محهمهد كوڕی میرزا سەعید فەقێ مەحموود، بە ڕەچەڵەك دەچنەوە سەر ئاغایانی سیوەیل. لە ساڵی 1929 لە سلێمانی لەدایك بووە. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی لە سلێمانی تەواو كردووە. لە ساڵی 1952 كۆلیژی یاسای تەواو كردووە. بەڕێوەبەری ناحییەكانی ناودەشت (سەنگەسەر)، چناران(میرزارۆستم)، سورداش، باڵەك(گەڵاڵە)، ناوەندی هەولێر(عەنكاوە) و قائمقامی پشدەر و پێنجوێن و جێگری پارێزگاری سلێمانی بووە. كۆمەڵێك پۆست و بەرپرسیارێتی تری لە شار و ناوچەكانی تری عێراق پێسپێردراوە. لە ساڵی 1992 وەك پەنابەری سیاسی لە وەڵاتی بەریتانیا گیرساوەتەوە.