گۆڤارێکی ڕۆشنبیری گشتیی وەرزییە، بەڕێوەبەرایەتی ڕۆشنبیری و ھونەری ڕاپەڕین دەریدەکات

سروشتی بیرکردنەوە لەنێوان فەلسەفە و سینەمادا: هێنانەگۆی پانتاییەکی نادیار

پ.ی.د. دڵشاد مستەفا  کۆلێجی هونەرەجوانەکان -زانکۆی سلێمانی

 

پوختە:

 

لەبەرئەوەی گیانبازییەکانی سینەما لەگەڵ فەلسەفەدا تاڕادەیەک هاوشێوەن، بۆیە زۆرجار باس لەوە دەکرێت کە بیرکردنەوە لە سینەما لە سەدەی پێنجەمی پێش زاین لە پلاتۆوە دەستیپێکردوە. فەلسەفەی پلاتۆیی لە بنەچەدا لەسەر بنەمای جیاکردنەوەی راستەقینە لە درۆیینە، جێگیر لە گۆڕراو، درکپێکراو و لە هەستپێکراو بنیاتنراوە بۆیە سانایە باس لەوە بکرێت ئەوە سەرەتای بیرکردنەوە لە هونەرێکە کە مامەڵەیەکی هاوشێوە لەگەڵ واقیعدا دەکات. ئەو کاتەی سینەما بە دیمەنی ئەشکەوتە خەیاڵییەکەی  پلاتۆبەراورد دەکرێت ئیدی لەوە تێدەگەین کە فەلسەفەی کلاسیک، یان ئەوەی لەسەر ڕوانینی  پلاتۆبنیاتنراوە چ جۆرە مامەڵەیەک لەگەڵ سینەما دەکات.

بە ئاسان هەستپێکراوە کە، لە سەرەتای سەرهەڵدانییەوە سینەما وەک هونەرێکی نوێ و سەرنجبەر لە نێو کایەکانی تری دەرەوەی خۆیدا بۆتە مایەی ئارگومێنت و قسەلەسەرکردن و گەڕان و پشکینینی زۆر. هەڵبەتە ئەم سەرنج بردنەی لە سروشتی خۆیەوە وەرگرتوە کە کایەیەکی ناجێگیرە و بەردەوام لە گۆرانکاریدایە. مێژووی سەرهەڵدانی فیلم هێنده‌ کۆن نییە، بۆیە فەلسەفەی کلاسیک مامەڵەی ڕاستەوخۆی لەگەڵیدا نییە و دواتر لە بەراوردکاریدا بە ئەشکەوتەکەی  پلاتۆ زیاتر ئەو گریمانە ڕوون دەبێتەوە. راستە هەندێک ڕەوگەی فەلسەفی دواتر وەک فۆرمێک بۆ شیکاریکردنی فیلم بەکارهێنراون، بەڵام نەیانتوانیوە پێگەیەکی وا لەنێو ئەو دنیایەدا بۆخۆیان بەدەست بهێنن  کە وەک جۆرێک لە بابەتی سەرەکی مامەڵەی لەگەڵ بکەن.

لە کرانەوەی زیاتی بیری مرۆیی بەسەر ئەم کایە فرە هەستەوەرەدا،  سینەما وەک شۆڕشێکی ئیستاتیکی گرنگی نێو دنیای وێنەی جوڵاو و هونەر بەگشتی ئەژمار کراو مامەڵەی لەسەر ئەو بنچینەیە لەگەڵ کرا. گشتگیری و فراوانی پانتاییەکانی ئەم هونەرە وا لە بیریارێکی وەک ڤالتەر بنیامین دەکات کە بڵێت: سینەما تەنها هونەرێکە کە لە ئایندەدا دەشێت هەبێت. هەمان ئەو گۆشەنیگایەشە کە ئیزنیشتاین بۆ سینەما هەیەتی و وا دەبینێ کە سینەما گونجاوترین فۆرمی هونەر بۆ کۆمەڵی مرۆیی دوای سەردەمی پیشەسازی. ئەم جۆرە ڕوانینە دواتر لە دیدی هەندێک بیریاری تردا فراوانتر دەبن و وەک کایە و چەمکێکی گرنگ مامەڵەی لەگەڵ دەکەن.

ئەم توێژینەوەیە هەوڵ دەدات وردبوونەوەیەکی سەرەتایی لە مەڕ پەیوەندی نێوان فەلسەفەو سینەما بخاتە گەڕ و دواتر ڕۆدەچێتە نێو ئەو گریمانانەی کە ئاخۆ فیلم خۆی دەتوانێت بیر بکاتەوە؟ ئاخۆ هەموو ژانرەکان هەمان ئاراستەی مامەڵەکردنیان لەگەڵ هزردا هەیە؟  ئایا فەلسەفە دەتوانێت دیدی ئێمە دەربارەی فیلم وەک دیاردەیەکی هونەری یان میدیایی دەستکاری بکات؟ بە دیوێکی تردا ئایا فیلم دەتوانێت ڕێگەی جیاوازی ناسینی فەلسەفە بخاتە بەردەممان؟ لەگەڵ هەندێک پرسیاری تر کە دەشێت سەرەتای هەنگاو نانێکی جیاوازتر بێت  بۆ توێژەرانی دی بۆ نزیک بوونەوە و کارکردن لە کایەیەکدا کە تاڕادەیەک لە سێبەر و تاریکیدا ماوەتەوە.

کلیلە وشە: فەلسەفە، سینەما، وێنە، بیرکردنەوەی وێنەیی

 

کێشەی توێژینەوەکە:

یەکێک لەسەرەکیترین گرفتەکانی کایەی هونەری ئێمە بەگشتی و سینەما بەتایبەتی ئامادەنەبوونی هزرە. لەگەڵ ئەوەی سینەما لەدوای سەرهەڵدانی بە ماوەیەک  بۆتە جێی ئارگومێنتی بیریارانی دنیا، بەڵام لە نێوەندەکانی ئێمەدا بەوشێوەیە مامەڵەی لەتەک نەکراوە. لایەنی تیۆری فیلم وەک کایەیەکی ناپێویست تەماشاکراوەو هیچ کات بایەخ و گرنگی خۆی بە شێوە دروستەکەی وەرنەگرتوە، بۆیە فیلمسازی نێو ئەوکایەیەش ناتوانێت ئەزموونەکانی خۆی لەسەر بنچینەیەکی تیۆری بەهێز پەرەپێبدات. لێرەوە فیلم وەک جۆرێک لە بەرهەمی دەرەوەی بیرکردنەوە و بەتەنها وەک نێوەندێکی خۆشنودی مامەڵەی لەگەڵ کراوە و لەهەندێک دۆخیشدا وەک کەرەستەیەکی بارکراو بە ئایدۆلۆجیا بەکارهێنراوە. ئەم توێژینەوەیە هەوڵێک بۆ دۆزینەوەی دەرچەیەک لەو ئاستەنگییە دەهێنێتە کایەوە و وەک جۆرێک لە دەرباز بۆ فیلمسازان کاردەکات بۆ دۆزینەوەی ئەو فۆرم و ژانرانەی دەتوانن فیلم وەک کەرەستەکەی بیرکردنەوە بەکاربهێنن و ڕوانینی فەلسەفە لەدەرەوەی ئێمە بۆ فیلم وەک نێوەندێکی گرنگی بیرکردنەوە ڕاڤە بکات.

 

گرنگی توێژینەوەکە:

هەردوو کایەی سینەما و فەلسەفە لە نێو ڕوناکبیری کوردیدا بەوشێوەیەی پێویستە کاریان تێدا نەکراوە. گەر فەلسەفە هەلی ئەوەی بۆ ڕەخسابێت لە کۆتایی سەدەی ڕابردوەوە چ بەوەرگێران یان بە نووسین ژمارەیەک لە نووسەران مامەڵەیەکی جددییان لەگەڵ کردبێت، ئەوا سینەما نەکەوتۆتە نێو بازنەی ئەو بایەخەوەو هەمیشە وەک جۆرێک لە هونەری جەماوەری تاماشاکراوەو بایەخێکی ئەتۆی وەک مامەڵەی دەستبژێر وەرنەگرتوە. بۆیە پەیوەندی نێوان ئەو دوو کایەیە پەیوەندییەکی نادیار و تا ڕادەیەک  دەست بۆنەبراوە و کایەی ئەکادیمیش لەهەندێک هەوڵی کەمدا نەبێت نەچۆتە ئەو نێوانەو تا هەنووکە بەدەگمەن توێژینەوەیەکی ئەکادیمی ڕاستەوخۆ مامەڵەی لەگەڵ ئەو بابەتە کردوەو بۆیە دەتوانین ئاماژە بەوە بکەین کە بایەخی ئەوتۆی  پێنەدراوە. لەو سۆنگەیەوە  توێژەر دەیەوێت هەوڵێکی سەرەتایی بۆ هێنانە گۆی ئەو بێدەنگیەی لەچواردەوری ئەم کایانە دەسووڕێتەوە بخاتەگەڕ و لانی کەم تەلیسمی ئەو کایانە بۆ توێژەرانی دواتر بشکنێ. ئەم توێژینەوەیە بۆ فیلمسازان و خوێندکارانی بواری فیلمسازی بایەخی خۆی هەیەو دەبێتە بنەمایەک بۆ گۆڕینی تێڕوانینی سادەو لامسەلایی دەربارەی فیلم وەک نێوەندێک بۆ بیرکردنەوە.

 

سنووری توێژینەوەکە:

ئەم توێژینەوەیە سنووری هونەر و پەیوەندی بە فەلسەفەوە دەستنیشان دەکات و مامەڵە لەگەڵ وێنە و پەیوەندی بە فەلسەفەوە دەکات و دواتر دەچێتە ناو کایەی سینەماو فەلسەفە. هەوڵدانەکانی تیۆریەو سنووری هیچ کایەکەی تر ناکاتەوەو بە تەنها لە چوارچێوەی پسپۆڕی هونەردا دەمێنێتەوە و سینەما دەکاتە دەربازی مامەڵەکردن لەگەل فەلسەفەدا.

 

مێژووی پەیوەندی وێنە و فەلسەفە:  

لە هەر جۆرە گەڕان و پشکنیینێکدا بە نێو مێژووی بیری مرۆڤایەتیدا دەتوانین بە سانایی ئەوە ببینین کە لە نێو دەقە فەلسەفییەکاندا پێگەی وێنە هەمیشە مۆلەق و ناجێگیر بووە و بیریاران مامەڵەی جیاوازیان لەگەڵ کردوە و هەڵوێستی جۆراوجۆریان لێ وەرگرتوە. هەندێک وەک هاوتایەکی وەهم و خڵەتاندن لێیان ڕوانیوەو لە جۆرە هەڵوێستێکی دژدا بوون لە بەرامبەری و ژمارەیەکی تریش وەک باڵا بوونی حەقیقەت و بەرجەستەبوونەکانی تەماشایان کردوەو داکۆکیان لێکردوە. لە پلاتۆ وە تا پۆستمۆدێرن و تا بیریارانی ئەمڕۆییش وێنە لە نێو کایەی بیرکردنەوەیاندا بوونێکی ئەکتیڤی هەبووە و تێڕامانی قووڵی لەهەمبەر بەگەڕخراوە.

گەر ورد لە کایەکانی هزری مرۆیی بڕوانین دەبینین، وێنە لە ئارگومێنتی فەلسەفی، لە نێو تیۆری مەعریفە دا، لە فەلسەفەی ئەنتۆلۆژی و تەنانەت لە زانستە سروشتییەکانیشدا پێگەیەکی دیاری هەیەو بە هێزی خۆیەوە ئامادەیە. ئەرستۆ پێی وایە (هیچ کات رۆح بە بێ وێنە بیرناکاتەوە) (عبدالحمید، ٢٠٠٥ :٨ ). بەو مانایەی وێنە زەینییەکانی نێو ناخە، دەتوانێ هێز بەبیرکردنەوە ببەخشێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشداو لەسەر بنەما پلاتۆنیەکەی فەلسەفەی ئایدیالیزم وا دەبینێ کە هەموو درککردنێکی بینایی و ئەوەی مرۆڤ بە چاو دەیبینێت هیچ نییە جگە لە بە ئاسان هەستپێکراوێکی ڕاستەوخۆ و یەقینێکی هەستیی ڕووکاری دەرەوەی شتەکان کە دەبێت وەلابنرێت. لە ڕۆژگاری فەلسفەی کلاسیکدا و لە دیدە پلاتۆیییەکەوە وێنە خراوەتە جوغزی وەهم و سەراب، بۆیە ئەو ڕوانینە کرایە بنچینە بۆ ڕەتکردنەوەی وێنە، چونکە سەراب و ڕەنگدانەوە لە بنچینەدا ڕووکەشین و شتێکی جەوهەری نین، بۆیە پلاتۆ بە وەهم و  خه‌ڵەتێنەر ناوی برد.

بەشێک لە بیریاران بەبەردەوام ئەوە دووپات دەکەنەوە کە فەلسەفە لەودیو قەڵا تۆکمەکانی عەقڵەوە پارێزراوە و هیچ جۆرە هەڵچونێکی دەروونی مرۆیی ناتوانێت زەفەری پێبەرێت، یان بەمانایەکی تر (فەلسەفە ئەو وتەزایەیە کە چەقێتی لۆگۆس بەرجەستە دەکات و پابەندی ئەوپەڕی خواستە توندەکانی عەقڵە و وێنە بە هەموو جۆرەکانیەوە فڕێ دەداتە نێو بازنەی خەیاڵ و هەڵچوون و وەهم) (صويلحي، ٢٠١٩: ٢). وێنە کە لێکدانەوە پلاتۆییەکەی، لاساییکەرەوەی بوونێکی ڕەسەن بێت، ناتوانێت بچێتە خانەی بایەخەوە، وەک ئەوەی هزری مرۆیی دەیگاتێ. وێنە بە هەموو شێوەیەک کۆپی کۆپییە، واتە دوو هەنگاو لە ڕەسەنایەتی دوورە کە خودی هزرە، بۆیە ناکرێت ڕێگەی هیچ جۆرە نزیکایەتی و بەراوردێکی پێ بدرێت لە دیدی پلاتۆدا.

لەسەرئاستێکی جیاوازتر، بەدرێژایی مێژووی مرۆڤایەتی مرۆڤ مامەڵە لەگەڵ وێنەدەکات و لەسەر بنەما و ئاستی جیاواز بۆیە لە بنەڕەتدا (وێنە بەبەردەوام و لەمیانەی سەدەکانەوە بە شارستانییەتەوە بەستراوەتەوە، بەگشتی وێناکردنی مرۆڤی مۆدێرن دەربارەی بابل و یۆنانی کۆن یان سەدەکانی ناوەڕاست قەرزاری  بیناییە، واتە وێنە لەجێی خوێندنەوە) (سلاسی، ١٩٩٥). لەگەڵ ئەوەشدا کەمجار لە دنیای فەلسەفەی کلاسیکدا وێنە پێگەی دروستی خۆی دراوەتێ و هەمیشە لەدەرەوەی ڕوانینی فەلسەفەدا بووە. بەڵام کاتێ فەلسەفەی ڕەخنەی هاوچەرخ وەک فەلسەفەی وێنە دەردەکەوێت بەتایبەت کاتێک عەقڵانییەتی کراوە جارێکی تر ڕێزی بۆ خەیاڵ و یادەوەری و زمان گێڕایەوەو وای لەوێنەکرد لە هەموو فۆرم و جۆرەکانیدا کە گوزارشت بێت لە جەوهەری مانا و هێزی بیرکردنەوە و جوانی دیمەن و بەهای کرداری مرۆیی، ئیدی وێنە بەهایەکی تری وەرگرت و لە نێو کایە فەلسەفییەکانیشدا جۆرێکی تر مامەڵەی لەگەڵ کرا.

هیچ کات نکۆڵی لەوە ناکرێت کە جیهانی وێنە جیهانێکی ئەفرێنەرانەیە و وا بەستەی ئەندێشەیە، وێنە تەنها کاری درککردن نییە بە جیهان، بەڵکو زیاتر دەڕوات و کار لەسەر سەرلەنوێ خوڵقاندنەوەی دەکات. دنیای مرۆڤەکان لە دنیایەکی وەستاوەوە دەگۆڕێتە دنیایەکی جوڵاو و زیندوو. دواجار وێنە کارکردێکی گرنگە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ واقیع، ئەرکی جێگیرکردنی ساتە تێپەڕەکانی ژیان و نەمرکردنیانی پێ دەبەخشرێت.

وێنە لە جەوهەردا تۆمارکردنی بوونی ئێمەیە لە کات و شوێندا، بەو    مانایەی ئێمە وێنەی ساتێکی خۆمان دەگرین لە شوێنێکدا بۆ هێشتنەوە و نەمرکردنی ساتە دوورخستنەوەی لەبیرچوونەوە.  بەشێوەیەک بریگسون وا دەبینێت کە (وێنە هیچ نییە جگە لە ساتێک کە لە گواستنەوەی بەردەوامدا دەچرکێنرێت،  کەواتە درککردنی هەستیمان لێرەدا کاردەکات بۆ وەستاندنی شەپۆلی ڕاستییەکی واقیعی لە شێوەی وێنەیەکی جیاوازدا) (برجسون،١٩٨٤: ٢٨٦).

هەڵبەت زۆر لە بیریاران وا دەبیننن کە ئێمە هێندەی خەریکی ڕاوەستاندن و جێگیر کردنی کاتین لە وێنەکەدا  و ئەوەندە کێشەمان لەگەڵ شوێندا نییە، بەڵام لە بەرامبەر ئەوەشدا دەتوانین گریمانی دووبارە نەبوونەوەی شوێنیش بکەین، گەلێک جار ئێمە لە شوێنێکی کاتیداین، نموونەی سەفەر بۆ وڵاتێک، شوێنێک کە لە ژیاندا دووبارە نابێتەوە و هەست بەوە دەکەین کە بوونمان لەو شوێنەدا کاتییە بۆیە بە وێنە ئەو بوونە لە نێو مێژووی خۆماندا جێگیر دەکەین. واتە ترس لە شوێنیش ترسێکی ئەنتۆلۆجییە و سروشتی مرۆڤ ئەو شێوازە لە بیرکردنەوە بەسەرماندا دەسەپێنێت. ئاخۆ فەلسەفەش سەرقاڵی کات و شوێن و بوونی مرۆڤ تێیاندا  نییە وەک ئەوەی وێنە سەرقاڵیەتی؟  ئاخۆ ترسی ئێمە لە بەسەرچوونی کات و نەمانەوە لەشوێندا بەمانا ئەنتۆلۆژیەکەی، هەمان ئەو ترسە نییە کە فەلسەفەش سەرقاڵ و گیرۆدە دەکات؟ هەڵبەتە ئەمانە پرسیاری زۆرتر بە دووی خۆیاندا دەهێنن و گریمانی زیاتر دەخەنە بەردەم توێژەران کە دەشێت لە دەرفەتی جیاوازتردا کاریان لەسەر بکرێت.

لەدۆخی پەیوەندی نێوان فەلسەفەو وێنەدا ئیمبرتۆ ئیکۆ وا دەبینێت کە (ناوەوەی عەقڵی مرۆیی وێنەی بینایی کە چاو دەیبینێت بەشێوەیەکی کردەیی وا وەریدەگێڕێت کە نێوەندێکە هونەرمەندی خوڵقێنەری وێنەکە گوزارشتی لەسەرقاڵی خۆی بۆ پێکهێنانی وێنەیەکی گشتگیری دنیای دەرەوە پێدەکات کە ئەوەش توانستی دەربڕینی هەڵوێستی خۆیەتی دەربارە ئەوەی لە دەوروبەری ڕوودەدات) (16 Echo, 2005:). کەواتە دەربڕینە وێنەییەکانی مرۆڤی سەردەم جۆرێکە لە گوزارشتکردن لە هەڵوێستیان دەربارەی ئەو دیاردانەی دەیانەوێت بیهێننە گۆ و کەرەستەی دەست ئەوان وێنەیە، وەک چۆن بیرمەندێک بیرکردنەوەکانی خۆی لە ڕێگەی نووسین یان زمانەوە دەگەێنێت، هەر لەو سۆنگەیەوە ئیکۆ هاوکاریمان دەکات بۆ تێگەیشتن لەو دۆخە ئەوکاتەی وادەبینێت کە (مرۆڤ خۆی و جیهانی دەورووبەری لەڕێی ئاماژەکانەوە دەبینێت، هەروەها بەهۆی  ئاماژەی ترەوە  گوزارشتییان لێ دەکات کە هەڵیاندەهێنجێ بۆ بەدەستهێنانی پرۆسەی پەیوەندی بەردەوام) ( Echo, 2005 :16). ئەو جۆرە لە پەیوەندی کە هەستی زیندوێتی و وابەستەبوونی بەژیان و جیهانی دەورووبەروە فراوانتر دەکات.  لەو سۆنگەیەوە گرنگە لەوە وردبیینەوە کە خودی ڕۆژگاری ئەمڕۆ ڕۆژگاری مامەڵەکردنە لەگەڵ کولتووری وێنە و دوورکەوتنەوە لە کولتووری واژەیی و زاری کە بنچینەکەی نوسینە.

لە ئێستادا کە وێنە هێزێکی لەڕادەبەدەری دەربڕینە دەبێت ئەوە بسەلمێنین کە (بەردەوامی پەیوەندی مرۆیی، دەیکاتە مۆڵگەی بەرهەمهێنانی مانا لە ڕۆشنبیری هاوچەرخدا، هەرکەس توانستی بزواندنی وێنە و کۆنترۆڵکردن و بەرهەمهێنان و به‌بازاڕکردنی هەبێت دەتوانێت هەڵوێستەکان لە بەرژەوەندی  خۆی بەڕێوەبەرێت) (فضل ،١٩٩٧: ٥).  کەواتە هێزی وێنە هیچ کات لەهێزی هەر شێوازێکی تری گوزارشت کەمتر نییە لەبنیاتنانی گوتارێکی ئاراستەکراودا و بەهەموو شێوەیەک دەتوانێت بەشداری لەشێوازە جیاوازەکانی کاریگەرییدا بکات، ئیدی ئەو کاریگەرییە لەسەر چ ئاستێک ئەنجام بدرێت و چ جۆرە وێنەیەک لەپێناویدا بەرهەمبهێنرێت. هەرکاتێک ئارگومێنتی هێزی وێنە دێتە کایەوە ڕۆلان پارت بە هێزێکی گەورەوە ئامادەدەبێت، (پارت وا دەبینێت کە وێنەی فۆتۆگرافی پەیامە، ئەو پەیامە لەخودی خۆیدا هەڵگری پەیامێکی ترە کە بە ئەفسانە ناوی دەبات، واتە کۆنتێکستێکی دەلالی بەردەوامی بەشێوەیەکی زۆرتوند بە ڕەوتی هزری باو و ئەو بەها دەلالییەیانەی ئەو ڕەوتە بەرهەمی دەهێنێت) (کەمال، ٢٠٠١). کەواتە کە لەدۆخی وێنەی فۆتۆوە دەگوازینەوە بۆ وێنەی جوڵاو بەباشی لەوە تێدەگەین کە هێزی وێنەی جوڵاو زیاترە، بۆیە ئەوکاتەی سینەما وەک هێزێکی کاریگەر دێت و لەڕێی وێنەوە یارییەکەی خۆی دەکات، ناکرێت وەک هێزێک لەودیو توانستی فەلسەفەوە تەماشای بکەین. بەو مانایەی فیلم کە بنچینەکەی وێنەی جوڵاوە پانتاییەکەی فراوانترە بۆ بەرهەمهێنانی کۆنسێپتی جیاوازتر و کرانەوەی زیاتر بەرەو دنیای بیری مرۆیی. بۆیە هەوڵدان بۆ کردنەوەی کۆدەکانی ئەو پەیوەندییە هێزی وێنەی جوڵاو لە دنیای هونەردا فراوانتر دەکات.

لەگەڵ ئەوەی ڕەنگە ڕوانین بۆ وێنە بەپێی ئەو بەستێن و کایەیە جیاواز بێت کە تێیدا کاردەکات،  بۆ نموونە مەرج نییە ڕوانینی فەلسەفە بۆ وێنە هەمان ڕوانینی کایەی هونەری بێت، بەڵام بە کۆی گشتی کۆ دەنگییەک لەسەر توانست و هێزی وێنە لە زۆرینەی کایەکاندا هەیە، گەرچی لە نێو ڕوانینە کلاسیکییەکەدا وەک لاسایی، کۆپی، هەندێک جار ناڕەسەنیش مامەڵەی لەگەڵ کرابێت، بەڵام لەدواتردا و بەهۆی گەشەی دیوە زانستییەکی ژیان مامەڵەکردن و ڕوانین بۆ وێنە لەنێو فەلسەفەشدا گۆڕانکاری گەورەی بەسەردا دێت.

 

سینەما و فەلسەفە پەیوەندییەکی ئاڵوگۆڕی:

دانیاڵ فرامبتۆن لە پێشەکی کتێبی فیلمۆسۆفیدا دەڵێت:

هاوینی ساڵی ١٨٩٦ مەکسیم گۆرکی گەورە نووسەری ڕووسیا ئامادەی بینینی فیلمێک بە سینەماتۆگرافەکەی برایانی لۆمێر دەبێت  لە ڕووسیا و دواتر لە کورتە نووسینێکدا بۆ یەکێک لە ڕۆژنامە لۆکاڵییەکان باس لە ئەزموونی خۆی دەکات و دەڵێت: شەوی ڕابردوو لە شانشینی سێبەرەکان بووم، ئای ئەگەر دەزانی  لەوێ بوون چەند سەیرە. جیهانێکی بێ دەنگ، بێ ڕەنگ. هەموو شتەکانی ئەوێ، زەوی، درەخت، خەڵک، ئاو، هەوا، یەک ڕەنگن، خۆڵەمێشی تیشکی خۆر بە ڕەنگی خۆڵەمێشی لە ئاسمانێکی خۆڵەمێشیەوە دێت، تا ڕەنگی چاوەکان دەبێتە خۆڵەمێشی، سیمای خەڵک خۆڵەمێشی، گەڵاو درەخت خۆڵەمێشییەکی تار، ئەوە ژیان نییە سێبەرەکەیەتی، جووڵە نییە تارماییەکەیەتی کە بێ دەنگە. (فرامبتۆن،  ٢٠٠٩ :  ١٣).

لێرەوە دەزانین لەبەردەم چ کایەیەکی تەلیسماویدا وەستاوین کایەیەک بەسانایی مامەڵەی لەگەڵ ناکرێت و پێویستی بە وردبوونەوەو گەڕانی زیاترە.  لەگەڵ ئەوەی تەمەنی سینەما لە سەد ساڵی تێپەراندوە، بەڵام زۆر جار فەلسەفە وەک کایەیەکی گشتی و جەماوەری لێی ڕوانیوە و وای لەقەڵەمداوە کە ئەوە هونەری دەستبژێر نییە، بۆیە لەسەرەتای دەرکەوتنیەوە بە شێوەیەکی چڕ مامەڵەی لەگەڵ نەکردوەو و نەچۆتە وردەکاریییەکانیەوە.

هەر لەو دیدەی گۆرکییەوە لەوە تێدەگەین کە ئەوەی لە سەر سکرینەکە دەیبینین ڕاستەقینە نییە و لەبەردەم جیهانێکداین کە سێبەر و تارمایی پێکهێنەرە سەرەکییەکانین، ئەم ڕوانینە هیچ لەو دیدە پلاتۆییە دوور نییە کە لە فەلسەفەی کلاسیکدا بەسەر وێنەدا سەپێنرا و بە کۆپی و ناڕەسەن هەژماری کرد.

لەگەڵ ئەوەی  هێزی بەرهەمهێنانی وێنەی جوڵاو  بەشێوەیەک دەکەوێتە گەڕ کە جۆرێک لە ئەفسوون لە خودی بینین دەکات و بەدوایەک هاتنی وێنەکان  بەو جۆرەیە کە وێنەیەک دێت و یەکێکی دی بەدوایدا بەخێرایی بەوشێوەیە جووڵە دروست دەبێت، لێرەوەیە دەشێت ئاماژە بەوە بدەین کە (وشەی سینەما لە واژە یونانییەکەوە وەرگیراوە کە بەواتای جووڵە دێت، بەوشێوەیە وێنەی بینراو خه‌ڵەتاندنی هەستە کە تێدا جێگیر دەگۆڕێتە جوڵاو و گۆڕاو و ئەمەش ئەو گریمانەیە کە فەلسەفەی پلاتۆ ڕەتی دەکاتەوە و فەلسەفەی هاوچەرخ قبووڵی دەکات) (حفني،2003).

 

ڕێکەوت نییە  کە ئەو ڕوانینەی پلاتۆ بۆ ئەشکەوتەکە بە سەرەتاکانی دەرکەوتنی بیرکردنەوەی مرۆیی لە سینەما هەژمارکراوە، ئەو لێکچوونەی لە نێوان دیاردە نوێیەکە و ئەو ڕوانینەی پلاتۆدا هەیە ئەو دۆخەی خوڵقاندووە. لە ڕاستیدا گەر بە وردتر شیکاری دۆخەکە بکەین دەبینین ئەو ئەشکەوتەی کە ئەفلاتون لەسەرەتاکانی فەلسەفەی کلاسیکدا باسی دەکات لەگەڵ شێوەی کامێرادا دەگونجێت، (ئەشکەوتەکە، وەک ئەفلاتوون باسی دەکات، ڕێڕەوێکی  درێژ و تەسکی هەیە کە بە دەرچەیەکی بچووک کۆتایی دێت و خەڵکی ئەشکەوتەکە ڕەنگە هەست بەم ڕێڕەوە نەکەن، کامێرا ئەشکەوتێکی تاریکە کە تەنها ڕووناکی لە دەرچەیەکی بچووکەوە دەچێتە ژوورەوە. کە لێنزە.) (منصور، ٢٠٠٣ : ٢٦٦). کەواتە ئەو لێکچوونە ناکرێت هەروا سانا بەسەر شیکارییکانی زانست و بیری مرۆییدا تێپه‌ڕبێت و ڕامانی قووڵی لەهەمبەر نەیەتەگۆڕێ.

بەم شێوەیە، دەبێت ئاماژە بەوە بکەین کە ئەگەر لە هەندێک دۆخدا فەلسەفە لەسەر بنەمایەکی پلاتۆیی کە لەبنەڕەتدا وێنە وەک بەرهەمهێنەری خەیاڵی پووچ و کۆپیەکی ناڕەسەنی واقیع دەبینێ مامەڵە لەگەڵ سینەمادا بکات چونکە بەپێی ڕوانینە کلاسیکییەکە (جیهانی خەیاڵ و سێبەر و وەهمەکان ئەو جیهانە هەستییە کە خەڵک تێیدا دەژین، جیهانی وێنە و ڕوانینە هەستییە درۆینەکانە، جیهانێکە لە ڕاستەقینەکە دەچێت، بەڵام پلە و پایەی لەو نزمترە) (الزین ، ٢٠٢٤ ).  لەبەرامبەر ئەو دیدەشدا هەندێک لە تیۆرییە ڕەخنییەکانی سینەما و خودی ڕەخنەگرەکانیش هاتنە ناوەوەی فەلسەفە وەک هێزێکی دەرەکی و هەژموونێکی خۆسەپێن بەسەر فیلمدا ڕەت دەکەنەوە و تەنانەت بەشداریشی لە شیکاری فیلمدا بە کارێکی دروست نازانن. ئەم کێشەیە وەک (جاکینۆ لا جیرا) دەڵێت لەوێوە سەرچاوە دەگرێت کە (ئەو ژوانەی نێوان ئیستاتیکا و تیۆری فیلم کە پێک نەهات، بۆ نائامادەیی تێڕامانی فەلسەفە دەربارەی فیلم دەگەڕێتەوە) (الخطابي، ٢٠٠٦: ٤٧). بەو واتایەی فەلسەفە لە ئاستی فیلمدا کەمتەرخەمە، نەک فیلم ئەو دیارەدەیە نەبێت کە شایستەی بەشداری فەلسەفەبێت لە ڕاڤەکاری و بوونیادیدا.

هەڵبەتە فەلسەفە لە سەرەتای دەرکەوتنی سینەماوە وەک شیکاریی ئامادەیی هەیە، بەڵام ئەم جۆرە لێکدانەوەیەی وا دەبینێ فەلسەفە سینەمای فەرامۆش کردوە، بۆ بەراوردکاری بە مامەڵەی فەلسەفە لەگەڵ هونەرەکانی تردا دەگەڕێتەوە. ئەو کاتەی ژمارەیەکی دیار لە بیریاران لە نێو کایەکانی تری هونەردا کار دەکەن و تێڕامانی فەلسەفی گرنگ دەکەنە تیۆر (نموونەی هیگڵ و ئەرستۆ) سینەما لەو بەراوردکارییەدا ئەو قەبارەیە لە بایەخ وەرناگرێت، ئەم دۆخەیە ڕەخنەگرانی فیلم دەگەێنێتە ئەو بڕوایەی بڵێن سینەما لەدەرەوەی بیرکردنەوەو خەیاڵدانی فەیلەسوفەکاندایە. هەڵبەتە دەبێت ئەوەش لەبەرچاوبگرین کە خودی سینەما خۆی لەچاو بیری فەلسەفیدا گەلێک نوێیەو زۆر لەبیرمەندانی دنیا فریای بینینی نەکەوتوون، بۆیە فەلسەفەی کلاسیکی نەیتوانیوە هیچ لەسەر سینەما بڵێت، ئەو ئارگومێنتانەی  دەربارەی وێنە لەئارادان، وایکردوە وەک ئارگومێنت لەسەر سینەماش هەژمار بکرێت چونکە وێنە پێکهێنەری سەرەکی فیلمە.

بەدڵنیای گشتگیرکردنی فەرامۆشی فەلسەفە بۆ سینەما لەهەموو دۆخەکاندا ڕاست نییە، چونکە لە دوای یەکەم نمایشی فیلمەوە کە برایانی لۆمێر ساڵی ١٨٩٥ لە پاریس ئەنجامیاندا، هنری بریگسۆن لە کتێبی (پەرەسەندنی ئەفرێنەرانە)دا ساڵی ١٩٠٧ کۆتا بەشی کتێبەکەی بۆ گفتوگۆ دەربارەی (ئیهامی سینەماتۆگرافی) تەرخانکردوە.  بەمشێوەیە بریگسۆن دەبێتە یەکێک لەو فەیلەسوفانەی یەکەم کەسن سینەما دەبەنە ناو دیسکۆرسی فەلسەفەوە.  بریگسۆن  پێی وایە ئامێری سینەما جوڵەیەکی درۆینەمان لە جوڵاندنی وێنەدا بە خێرایی ٢٤ فرێم لە چرکەدا پیشان دەدات. لەلایەکی ترەوە پەیوەندی نێوان فەلسەفە و سینەما دەتوانێت بنەمایەکی تریش بۆ خۆی بدۆزێتەوە، گەر سینەما بەرهەمێکی ئیستاتیکی بێت و ئیستاتیکاش بەشێکی زیندووی فەلسەفە، ئەوا کایەیەکی هاوبەش لە نێوان ئەو دوو کردە مرۆییەدا هەیەو دەتوانن لە خاڵێکی تایبەتدا یەکبگرنەوە. جگە لەو خاڵە دەبێت ئاماژە بەوە بدەین لەو سەرەتایانەشەوە فەلسەفە و هزری بیرمەندان بەکۆی گشتی کایەی فیلمیان لە فەرامۆشیدا جێنەهێشتوە، چونکە ئیدی لای هەندێک بیرمەند ڕوانین بۆ فیلم بەشێوەیەکی ترەو دەتوانین بڵێین لێرەوە (فەلسەفە وەک بوارێکی جددی بەشداریکردنی زانستی مامەڵە لەگەڵ فیلم دەکات: لە هێنری بێرگسۆن و مۆریس مێرلۆ-پۆنتیەوە دەست پێدەکات، ئەم نەریتە لە دەیەکانی ڕابردوودا لە ڕێبازەکانی لێکۆڵینەوە مەعریفیەکانی فیلمدا گەیشتوەتە لوتکە لە نەریتی فەلسەفەی شیکاریدا ئەوەی دەیڤید بۆردوێڵ، نۆئێل کارۆل، مۆرای سمیس و ئەوانی تر نوێنەرایەتی دەکەن) ( Herzogenrath, 2017 : viii ).

پاشتر و لەگەڵ سەرهەڵدانی تیۆری ڕەخنەی فەلسەفی لە (قوتابخانەی فرانکفۆرت)دا، بایەخێکی جیاواز و خوێندنەوەو ڕوانینی جیاواز بۆ سینەما پەیدا بوو. تیۆدۆر ئەدۆرنۆ سینەما وەک کارکردێکی نێگەتیف دەبینێت کە پێگەی وەرگر دەگۆڕێت و کار لەسەر کەمکردنەوەی چالاکی بیری ڕەخنەگرانەی دەکات چونکە بایەخی تەواوی دەڕوات بۆ بەئاگایی لەو شەپۆلی وێنانەی لەسکرینەکەوە پێشکەشی دەکرێت و بەشێوەیەک سەرقاڵ دەبێت هەلی وەرگرتنی هەڵوێستێکی ڕەخنەگرانەی بۆ ناڕەخسێت. بەپێی ئەدۆرنۆ سینەما لە میانەی چەمکی شۆکی هەستیەوە کاردەکات، هەموو ئەو شتانەی سەیر و ناباون کۆیان دەکاتەوە تا یاری بە هۆشیاری بینەر بکات لە ڕێگەی کۆنتڕۆڵکردنی  هەستەکانیەوە، کەواتە سینەما توانای گۆڕینی ڕۆڵی بینەری هەیە لە بوونەوەرێکی هۆشیارەوە کە کار لە بەرهەمهێنانی مانا و گۆڕینیدا دەکات بۆ وەرگرێکی نێگەتیف کە بواری بیرکردنەوەی نییە و واز لە دەلالەت و زناک ماناکان دەهێنێ و سەرقاڵی لایەنە هەستییەکان دەبێت کە سینەما هێزی گەورەی لێوە وەردەگرێت. ئەو وێنەیەک بەرهەم دەهێنێت کە زۆرجار یەک تایپ و فۆرمی جێگیرە تا هێزی ئەو کاریگەرییە لە دەست نەدات. ئەدۆرنۆ لەو هەڵوێستەیدا بەرامبەر بینەری فیلم توندتر پێ دادەگرێت و دەڵێت بە هیچ شێوەیەک پێویستیمان بەو  فۆکۆسە بەهێزە  بۆ وەرگرتن و تێگەیشتن لە بەرهەمهاتووەکەنییە، چونکە (بینەر پێشوەختە ئەوەی وەرگرتوە کە دوای ئەوەی گوێیان لە گۆرانییەکی پۆب دەبێت، یان کاتێک جۆری ئەستێرە یان فیلمە سینەماییەکە نمایش دەکرێت چی تربەدوایدا دێت. بۆیە مرۆڤ دەتوانێت بە جۆرێک لە جۆرەکان بگاتە ئەو ڕادەیەی شێوەیەکی نائاگا ببیستێت و ببینێت، بەڵکو هەرکردارێکی تر جگە لەوە مەحاڵە، چونکە هیچ شتێک نییە ئاڵنگاری بێت و پاڵی پێوەبنێت بۆ بیرکردنەوە) (هاو،٢٠٠٥: ١٢٨ ).

ڤالتەر بنیامین لەگەڵ ئەوەی لەگەڵ زۆرێک لەو ڕایانەی ئەدۆرنۆدا کۆکە، بەڵام وا دەبینێ کە سینەما ئەرکێکی پۆزەتیفیشی هەیەو لەوەدا بەرجەستە دەبێت کە کامێرا دەتوانێت هەندێک ئەرک جێبەجێبکات کە لەتوانای درککردنی سروشتیدا نییە، نموونەی گرتەی نزیک (کلۆس ئاپ) و جوڵەی خێرا یان خاو (سلۆ مۆشن). بە مانایەکی تر ئەو تەکنیکانەی لە کامێرای سینەماییدا هەن و ڕێی تۆمارکردنی وێنە و وەرگرتنی دەکات، چاوی ئاسایی ناتوانێت هەمان توانستی وەرگرتنی وێنە بەو شێوەیە بەگەڕ بخات. هەڵبەت ئەم ڕایە زۆر لە سینەماکارانی ڕیالیزمیش لەگەڵی کۆکن  نموونەی ڤێرتۆڤ. هاوکات بنیامین وا دەبینێت گەر سینەما وا بەستەی پرۆژەیەکی شارستانی شۆڕشگێڕی بێت دەتوانێ کاریگەری گەورە لەسەر هۆشیاری کۆ دروست بکات، بە هۆی ئەو توانایانەی لەسەرو هونەرەکانی ترەوەیە.

ڤالتر بنیامین لەگەڵ ئەدۆرنۆدا لەوەدا کۆکە کە سینەما جۆرێک لە ساختەکاری لەلای بینەر دروست دەکات، بەشێوەیەک کە توانا ڕەخنەییەکانی سنووردار دەکات. (گەر بەراوردێک بکەین لە نێوان ئەو سکرینەی کە وێنەکانی تایپێکی سینەمایی لەسەر پیشان دەدرێت لەگەل تابلۆیەکی هونەریدا دەبینین ئەمەی دواییان بینەر بۆ تێڕامان بانگهێشت دەکات، بینەر دەتوانێت لە بەردەمیدا  لەخۆی بگەڕێت بۆ ڕەنگدانەوەی بیرکردنەوەکانی، بەڵام ئەمە لەبەردەم سکرینی سینەمادا ڕوونادات، هەر ئەوەندەی چاوی لە بینینی دیمەنێک دەوەستێت دەگۆڕێتە دیمەنێکی دواتر کە ناتوانێت فریای بکەوێت) (:45 Benjamin, 2008  (. بنیامین بەم لێکدانەوەیە دەیەوێت ئەوەمان پێ بڵێت کە جوڵەی بەردەوام و گۆڕانی دیمەنەکان بواری تێڕامان بۆ بینەر ناهێڵەوە، وردبوونەوە لەو وێنە خێرا تێپەڕانە پێویستیان بە ئامادەییەکی زەینی بەهێزە و ئەمەش کردەیەکی سانا نییە.

فینۆمینۆلۆجستەکانیش بە تایبەتی میرلۆپۆنتی و ئیفر بەشداری ئەم ئارگومێنتە بوون، هەوڵەکانی ئەوان لەوەدا چڕ بۆتەوە کە میکانیزمی کاری کامێرایان بە درککردنی مرۆیی بەراورد کردووە تا بیرکردنەوەی خۆیان دەربارەی تێپەراندنی دوانەی خود و بابەت بسەلمێنن. تیشکی کامێرا کە دەکەوێتە سەر شتەکان دەریاندەخات و تۆماریان دەکات هاوشێوەی هۆشیاری مرۆڤە کە لەنێو شتەکاندا نەبێت کار ناکات، چونکە هەموو هۆشیارییەک هۆشیارییە بە شتێک. سینەما بوونی مرۆیی و پەیوەندی لەگەڵ ئەوانی تردا دەردەخات، سەرلەنوێ جیهان دەدۆزێتەوەو بەشێوەیەکی ناباو و سەرنجبەر نمایشی دەکاتەوە. هەوڵی سینەما بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دیاردەکان هەمان ئەو میکانیزمەیە کە هۆشیاری مرۆیی دەیکات و لە بەشێکی گەورەی شێوازی کارکردنیاندا لەیەک دەچن.

بەشداری ژیل دۆلۆز لەم کایەیەدا لە زۆرینەی بیریاران فراوانتر و قوڵترە. دۆلۆز وا دەبینێ کە هونەر ئەزمونکردنی فەلسەفەیە و ملکەچکردنە بۆ چەمکە فەلسەفییەکان و فەلسەفەش ڕووناکییە بۆ ئەزموونی هونەری، چەمکەکان وەک شێوە بزۆکەکان لە بزاوتێکی بەردەوامدان، هونەر تاقیگەی هزرە لەوێ بیرۆکەکان بەرهەم دێن و تاقیدەکرێنەوە. ئەم شێوە ڕوانینە لە هونەر لەنێویاندا سینەما، جۆرێکی تر لە مەودای ڕوانین لەبەردەم مامەڵەکردنی فەلسەفە لەگەڵ سینەمادا دەکاتەوە، لێرەوە دەتوانین ئاماژە بەوە بکەین کە دۆلۆز هەوڵیدا پەیوەندی لە نێوان فەلسەفە و سینەمادا دابمەزرێنێ، بەبێ ئەوەی فەلسەفە بەسەر سینەمادا زاڵ بکات (بۆ دۆڵۆز، سینەما بیردەکاتەوە؛ فیلم نێوەندێکە بۆ لێکۆڵینەوە و گەڕانی فەلسەفی. ئەم تێڕوانینە دۆلۆز لە فەیلەسوفانی دیکە جیا دەکاتەوە) (161:  Herzogenrath,2017).

بەو پێیە فیلم ناکرێت ملکەچی دیدی فەلسەفی و چەمکی تیۆری بکرێت، بەڵکو خۆی فەلسەفەیەکی تایبەت بە خۆی دەخولقێنێ. ناوچەی بەریەککەوتنی سینەما و فەلسەفە ئەو زەمینە هاوبەشەیە کە سەرجەمی زانستەکان تێیدا کۆدەبنەوە. بیرۆکە خۆی لە بنەڕەتدا بوونێکی ئازادە پێش ئەوەی بچێتە چوارچێوەی فۆڕمێکەوە، پاشان فۆڕمێک بۆ خۆی چێ دەکات، گەر لە چوارچێوەی زماندا بێت دەبێتە ئەدەب، یان ئەگەر فۆڕمەکە هێڵ و ڕەنگ بێت دەبێتە نیگار و گەر وێنەی جوڵاو بێت دەبێتە فیلم. ئەمە ئەو زەمینە هاوبەشەیە کە ڕێ بە پەیوەندییەکی هاوسەنگ لە نێوان سەرجەم کایە مەعریفییەکاندا دەدات. لەبنەچەدا وێنە سانا پێک نایەت و وێنەی سینەماییش بەتایبەتی چونکە (خوڵقێنەری وێنە بە تایبەت وێنەی سینەمایی لە نووسەر دەرهێنەر و وێنەگر و مۆنتێر ئەرکێکی گرانیان لە ئەستۆیە، لەبەر ئەوەی ئەوان پێکهێنەری ویژدان و بیرکردنەوە و كاریگەربوونی ئاسۆ و چەشەی  نەوەیەکن زۆر دەبینیێت و دەبیستێ و کەم دەخوێنێتەوە) (شيمي،٢٠٠٣ : ١٨) .

بۆیە هەر شیکارییەک لەمڕۆدا پێویستی بەوردبوونەوەی زیاترە لەو ژینگەیەی خودی وێنەکەی تێیدا بەرهەم دێت و دواتر سروشتی ئەو وەرگرەی بەر وێنەکە دەکەوێت، چونکە ئیدی دۆزینەوەی کاریگەرییەکانی ئەو بەرکەوتنە هەروا ساناو ڕاگوزەر نییە بە تایبەتی لە ڕۆژگارێکدا ڕۆژانە بەرشەپۆلێکی بێشومار لەوێنە دەکەوین، ئیدی ئەو وێنانە وێنەی سینەمایی بن یان هەجۆرێکی دی. لە ئێستادا و لە ڕێی پلاتفۆڕمە جیاوازەکانەوە ڕۆژانە وێنەیەکی زۆر دێتە بەردەممان و بە هەموو جۆرێک بەریان دەکەوین بەشێوەیەک سەرقاڵمان دەکەن توانستی شیکاری و یەکلاییکردنەوەی ڕاستیەکانیمان نەماوە، بۆیە هاتنە کایەی هەر تیۆرێکی فەلسەفی یان هزری بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ وێنە لە جۆرێک ئاڵۆزییەوە ئاڵاوە و پێویستی بە وردبوونەوەی زیاترە کە ڕەنگە پێویستی بە دەستبردن بۆ کایەی جیاوازتر هەبێت.

بەو پێیە بەگشتی دەکرێ بڵێین فەلسەفە وەک تیۆری ڕەخنەیی،  میتۆدێکی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ فیلمدا تەرخان نەکرد، تەنانەت ڕەنگە تیۆرێکیش نەدۆزینەوە کە ڕاستەخۆ ئامانجی ڕوونکردنەوەی پەیوەندی یان زەمینەی هاوبەشی نێوان فەلسەفە و سینەما بێت، بۆیە سینەماش بۆ فەلسەفە  بەشێک بوو لەو کایانەی وەک  گرنگیدان بە پرسەکانی زانین و بوون تەماشا کراوە، بۆیە لە فیلمی سینەماییدا زۆرینەی بیریاران بەشوێن ئەو بابەتانەوەن کە لە ڕاژەی  ئەو پرسانە بن خودی فەلسەفە خۆی بایەخیان پێ دەدات، نەک بایەخەکە بۆ سینەما بگوێزرێتەوە وەک دیاردەیەک لە دەرەوەی کایەی هزری مرۆیی.

 

ئایا فیلم بیردەکاتەوە؟

هەرکاتێک ڕووبەڕووی پرسیارێکی هاوشێوە دەبینەوە، ڕەنگە وەک پرسیارێکی ئاسان و وەڵام ئامادە لێی بڕوانین، بەڵام لەڕاستیدا بەوشێوەیە نییە، چونکە مامەڵەکردن لەگەڵ پەیوەندی نێوان بیرکردنەوەو فیلم خۆی کردەیەکی ئاڵۆز و پەلدارەو هەروا تێناپەڕێت و گەڕان و پشکنینی وردی پێویستە، بەتایبەت لە گریمانەی ئەوەی بەڵێ فیلم بیردەکاتەوە یان نێوەندێکی ئەکتیڤە بۆ جێکردنەوەی تێڕامان و بیرکردنەوەکانی مرۆڤی سەردەم و ڕۆژگارێک کە خودی وێنە و شوناسەکەی لەژێر پرسیاردایە.

زۆرینەی ئەو توێژینەوانەی فەلسەفە دەکەن بنەمای کارکردن لەسەر سینەما، سەرەتا سەرنجبەر دەردەکەون و لە فۆڕم و چوارچێوەیەکی نوێدا دادەرێژرێن و خوێنەر کەمەندکێش دەکەن. بەڵام لە بنەڕەتدا پەیوەندییەکی پتەو لەگەڵ ئەو کایەیەدا بنیات نانێن تا دواتر بواری قووڵبوونەوەی زیاتر بڕەخسێنێت. ئەو کارانە لە سەپاندنی هەندێک چەمکی فەلسەفیدا بەسەر فیلمێکدا یان خوێندنەوەی فیلمێکی سینەمایی لە میانەی دیدی تەنها فەیلەسوفێکەوە و وابەستەکردنی فیلمساز بە بیرکردنەوە و ڕەوگەی فەلسەفی ئەو بیریارەوە ڕەنگ دەدەنەوە. ئەم کردانە فیلم دەخەنە چوارچێوەیەکی تەسکەوە و مامەڵە تەنها لەگەڵ دیالۆگ و پلۆت و بیرۆکەی فیلمدا دەکەن و لایەنی گرنگ کە زمانی وێنەیە لە فیلمدا فەرامۆش دەکەن.

ڕەنگە بیرۆکەی هەر فیلمێک یان ئەو جۆنرایە، تەنانەت هێڵی گشتی چیرۆکەکەش چەند جاری تر و لەبەرهەمی تردا کاریان پێکرابێت، بەڵام ئەوەی ئەم فیلمە تایبەتمەند دەکات و لەوانی تری جیا دەکاتەوە زمانی گێڕانەوە و بونیادی گێرانەوە و پرۆسەی وێناندنە، بنەچەی جیاوازی زمانی وێنەیە نەک دیالۆگ. ڕەنگە پرسیارە گرنگەکە ئەوە بێت ئاخۆ فیلم بیر دەکاتەوە؟ یان فیلم کاریگەری بەهێزی هاوشێوەی بیرکردنەوەی هەیە؟ ئایا فیلم دوور لە هەژموونی دیاری فەلسەفەیەکی دیاریکراو یان فەیلەسوفێک لە دەرەوەی پرۆسە هونەرییەکە دەتوانێ خودی خۆی هزر بەرهەم بهێنێت؟ ئاخۆ ئەوەی فیلمسازانی نموونەی هیچکۆک و بێلاتار و بێرگمان و تارکۆڤسکی و ڕۆبرت بریسۆن و ئۆزۆ دەیکەن بە وێنە بەرهەمهێنانی فەلسەفە یان بیرکردنەوە نییە بەبێ ئەوەی ڕاستەوخۆ پشت بە فەلسەفەیەکی دیاریکراو ببەستن؟ ئاخۆ بێرگمان ناتوانێت لە ڕێی وێنەوە بمانخاتە سەرکەڵکەڵەی بیرکردنەوە دەربارەی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ بەرامبەردا؟ ئایا بێلاتار گومانمان لە بوون و چالاکی  مرۆییمان لەنێودا دروست ناکات؟ ئاخۆ ڕوانینەکانی کریستۆفەر نۆلان کاریگەری لەسەر درککردنمان بە زەمەن لەنێودا ناجوڵێنێت؟

هەموو ئەمانە و زنجیرەیەک پرسیاری تر دەمانگەیه‌ننە ئەو بڕوایەی فیلم دەتوانێت بیربکاتەوە و لە ڕێی زمانی وێنەوە بە بێ ئەوەی ڕاستەوخۆ لەژێر کاریگەری دیاری فەلسەفەیەکی دیاریکراودا بێت و بنەما تیۆرییەکانی ئەو فەلسەفەیە جێبەجێ بکات خودی خۆی هزر بەرهەم بهێنێت. سیحری وێنە دەتوانێت بینەر بەرەو ڕوانینی جیاواز بۆ خودی ژیان و دەورووبەری بەرێت، بەڵام ئاخۆ بنەمای دروست بوونی ئەو وێنەیە لە زەینی فیلمسازەکاندا لە کوێوە بەرهەم هاتووە گەر گەڵاڵەی ئەزموون، خوێندنەوە و بینین و ڕوانینی خودی خۆی نەبێت. یان بەواتایەکی دی بەرهەمهێنەری وێنەکە بونیادی ئەو وێناندنەی لەسەر چ جۆرە بنەمایەک داڕشتوە، ئاخۆ فیکر بەشداری دەکات تێیدا یان نا.

دۆلۆز بە ئاشکرا جەخت لەوە دەکاتەوە کە (وێنه‌ و جوڵه‌ و درككردن و هه‌ڵچوونه‌كانیش ڕستێك كردارن له‌ژێر جه‌بری ئه‌و گۆڕانكارییانه‌دا به‌رهه‌م دێن كه‌ هزر به‌رهه‌میان ده‌هێنێت وێنه‌كانیش به‌ ئاراسته‌ی ده‌لاله‌تی نوێدا ده‌برێن و جوڵه‌ش تێده‌په‌رێنن) (172 Deleuze,1989: ). کەواتە لەدەرەوەی بازنەکانی بیرکردنەوە ئه‌ستەمە باس لەبەرهەمهێنانی وێنەیەک بکەین. بەشێوەیەک لە شێوەکان ئەو وێنانەی بەرهەمدێن ناتوانن لەدەرەوەی وابەستەبوونیان بەجۆرێک لە بەرهەمهێنانی گوتار خۆیان تەریک بگرن چونکە (وێنە هۆکارێکی کولتوورییە کە گوتار بەو دەست پێ دەکات، ئەو گوتارە پاشتر لە میانەی پرۆسەی ڕاڤەکارییەوە تەواو دەبێت، گوتارێکە بە زەرورەت لایەنگیرە، وەرگر ئەوانەی وەردەگرێت کە لەگەڵ ڕەوتە پەنهانەکانی خۆیدا دەگونجێ و دژی ئەوانەش دەبێت کە لەگەڵ ئەو جۆرە لە ڕۆشنبیریدا یەک نایەتەوە کە لەنێو ویژدانیدا ڕەگی داکوتاوە) (حفني، ٢٠٠٣: ٢٤).

بەو پێیە لە دیدی سیمۆلۆجیستەکانیشەوە وەرگر بە بەردەوام ژێدەری ڕاڤەکردنی ماناکانی وێنە لای ئەو پاشخانە کولتوورییەی خۆیەتی کە لە زۆر دۆخدا لەگەڵ بەرهەمهێنەردا هاوبەشە. کەواتە بەرهەمهاتووەکە هەروا سانا بەبێ باکگراوندی بیرکردنەوەیەکی قووڵ بەرهەم نەهاتووە، چونکە فیلم دەتوانێت هەڵگری پەیامێکی ئایدۆلۆجی یان سیاسی نەبێت بەڵام ناتوانێت بێ مانا بێت، ماناش پێیەکی لەناو بیرکردنەوەدایە، بۆیە فیلم نێوەندێکە بیردەکاتەوە و بیرکردنەوەش دەبزوێنێت، لەسەر ئەو بنچینەیەی (وێنە گوزارشتێکی بینایی و ئەفراندنێکە ئەندێشەکردن و بێژان وەک هۆکارێک بۆ وێناندنی بیر و مانایەک بەکاردەهێنێت کە لەو پەروەردە کولتووریەوە وەرگیراون سینەما تێیاندا دەبزوێت) ( أفاية ،٢٠١٩: ٣٤ ).  لێرەوەیە کە وێنە هەمیشە فرەیی و کۆکەرەوە بووە شتی زۆر کۆدەکاتەوە پاشان دەلالەتی زۆریش لەخۆ دەگرێت، ئەرکێکی گرنگی خۆی بەجێدەهێنێ کە چڕکردنەوەی مانایە لە یەک پێکهاتەدا. بۆیە  (ڕەنگدانانی کولتووری وێنە وای لێدەکات ببێتە فۆڕمێک بۆ ڕاڤەکاری جیاواز، چونکە بەهۆی ڕەهەندی بەردەوامی و پەیوەندیگیری و فرە واتاییەوە وەرگر بەشداری لە دەستنیشانکردنی مانا و بەهاکانیدا دەکات). ( أفاية ،٢٠١٩: ٣٤ ).

لەو سۆنگەیەوەی سینەما نوێترین هونەرە لە نێو حەوت هونەرەکەی تردا و فەلسەفە مێژووی کارکردنی لەگەڵ زۆرینەی هونەرەکانی تردا هەیە و بە دڵنیایی توانستی خۆ گونجاندنیشی لەگەڵ نوێدا هەیە، بەتایبەتی کە پنتی ئارگومێنتی هاوبەش لەنێوان فەلسەفە و سینەمادا هەیە، سینەما کار لەسەر هەردوو چەمکی جوڵەو کات دەکات کە پێشتر فەلسەفە ئارگومێنتی بەهێزی لەسەریان هەبووە بۆیە ئەم دۆخە وادەکات دۆلۆز دەربارەی بڵێت (ڕەخنەگرانی سینەما لەو ساتەوەی دەستیان کرد بە داڕشتنی ئیستاتیکای سینەما بوونە فەیلەسوف، ئەوان وەک فەیلەسوف کاریان نەکرد بەڵام دواتر وایان لێهات) ( .(Deleuze, 1997: 57

لە سادەترین پێناسەکانی فەلسەفەدا لەوە دڵنیا دەبینەوە کە ڕێگەیەکە لە ڕێگەکانی تێڕامان و بیرکردنەوە کەواتە کە فیلم بتوانێت لەنێو کایەی فەلسەفەدا کار بکات ئەوا بوارێک دەکاتەوە بۆ هزرین. تۆماس واتنبێرگ پێی وایە (فیلم دەتوانێ ئایدیا و کۆنسێپتی فەلسەفی نوێ ببەخشێت. فیلم دەتوانێ ئارگومێنت دروست بکات، نموونەی پێچەوانە بۆ تێڕوانینە فەلسەفییەکان دابین بکات، تیۆریی فەلسەفی نوێ بهێنێتەگۆڕێ) .(Wartenberg, 2007: بەو پێیە هەموو گریمانێک دەربارەی ئەوەی فیلم دەتوانێت بیر بکاتەوە ڕووبەڕووی ڕەتکردنەوە نابێت و ئەگەرێکی دروست دەردەچێت.

پراکتیزەبوونی بیرکردنەوە لە فیلمدا پێویستی بەوە نییە کە فیلمێک خۆی بۆ گوزارشتکردنێکی ڕاستەوخۆ تەرخان بکات، بەهێندی ئەوەی خودی پاشخانەکە دەکارێت ئەو ئەرکە جێبەجێ بکات. جیل دۆلۆز لە کۆتایی کتێبی (وێنە -کاتدا) ئاماژە بەوە دەکات کە (زۆرجار گومان لە سودی کتێب تیۆرییەکانی سینەما دەکەین، بەتایبەتی ئەمڕۆ کە قۆناغەکە خراپ بووە، گۆدار دەیخوازی بڵێت کاتێک نووسەرانی شەپۆلی نوێ دەیاننووسی، ئەوان دەربارەی سینەما نەیاندەنووسی، تیۆریان دەربارەی دانەدەنا، بەڵکو ئەوە تەنها شێوازی دەرهێنانی فیلم بوو لای ئەوان)  (Deleuze,1989:280).

ئەو ڕەوتەی فیلم بۆ گەیاندنی بیرکردنەوەکانی مرڤ دەیگرێتە بەر جیاوازییەکی ئەوتۆی لەگەڵ میکانیزمەکانی بیرکردنەوەدا نییە، چونکە لەسەر بنچینەی گریمانەکەی ئەرستۆ مرۆڤ بە وێنە بیردەکاتەوە، ئەگەر  وەک بەئاسان هەستپێکراوێک ئەو گریمانەیە وەربگرین و پاش تێڕامانێکی کەم دەگەیەنە ئەو بڕوایەی ڕەنگە فاکتەرەکانی کارکردنیان لەهەندێک شوێندا جیاوازییەکی هەبێت، بەڵام لە کۆبونیادی کارکردندا لێک نزیکن، سۆزن لانجەر بە پشت بەستن بە ڕایەکی (R. E. Jones) لەسەر ئەم بابەتە دەوەستێت و ئاماژە بەوەدەکات کە جۆنز جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە  (وێنە جوڵاوەکان هزری ئێمەن و بوونەتە بینراو و بیستراو، لە بەدوایەکهاتنێکی خێرای وێنەکانەوە هەڵدەقوڵێن، وەک چۆن هزرمان کار دەکات، لە خێرایی و جوڵەیدا -وەک ئەوەی بڵێسەی پڕتاوی یادەوەری بێت_ لە گۆڕانکاری خێرایدا لە بابەتێکەوە بۆ یەکێکی دی، سینەما زۆر لە خێرایی بیرکردنەوەمان نزیک دەبێتەوە) ( Langer, 1977:415 .

لێکچواندنەکانی فیلم بە هزری مرۆیی گەلێک فراوان و پەلهاوێژن، مێژوویان دێرینترە و لە سییەکانی سەدەی ڕابردوەوە ئەو هه‌نگاوانە نراون و بەشێک لەو بیرمەندانەی سەرقاڵی سیحری وێنە بوون بەشێوەی جیاواز وەسفیانکردوە، فرامبتۆن ئاماژە بەوە دەکات کە لە سییەکانی سەدەی ڕابردوەوە بیرکردنەوەی لەو شێوەیە هەبووەو مۆنی دوبوا  هەوڵی داو ئەوە بسەلمێنێت کە وێنەی سینەمایی بەشێوەیەکی ئەفسونی وەک نێوەندێکی وێنەی سەرەتایی لە زەینی گەردونیدا ڕەفتار دەکات، تەواو وەک دۆخی شاگەشکە بوون و ئەفسوون و ئاهەنگە تەوتەمییەکان. بەمانایەک کە وێنە بەشی خۆی دەروونی کەسەکان بەرەو دنیایەکی جیاواز لەوە دەبات کە خۆیان دەیبینن و کاریگەری گەورە لەسەر ناخیان جێ دەهێڵێت. بۆیە وردتر دەچێتە نێو قوڵایی ئەو پەیوەندییەوە کاتێک ئاماژە بەوە دەکات کە (کاتێک گێڕانەوەو چەمک و سۆز پێکەوە بەتەواوی ئاوێتە دەبن، ئەو ساتانە پێکەوە یەکەیەک لەنێوان تۆمارکردن و ناردن و ژیانکردندا دروست دەبێت، تێبینیکردن و بیر و هەست تەواودەبن و سینەما دەبێتە نمایشی گەردونێکی زەینی، وەک ئەوەی ئامێری تۆمارکردنێکی عەقڵی بێت، کە هیچ جیاوازییەک لەنێوان چۆن و بۆدا، یان ناوەڕۆک و شێوەدا نییە.) (فرامبتون ، ٢٠١٩: ٣٧).

لەو جۆرە ئارگومێنتەدا بەشێکی زۆر لە بیرمەندان بەشداری خۆیان دەکەن و دەیانەوێت بەوە قایلمان بکەن کە فیلم جۆرێک لە جۆرەکانی بیرکردنەوەیە، یان شێوازێکی تایبەتی فەلسەفەیە بە فۆڕم و ستایڵ و میکانیزمی  تایبەتی خۆی کار دەکات. کەواتە ئەو هێزە بڵندەی لەنێو فیلمدا هەیە دۆخێکی وا دێنێتە گۆڕێ کە سروشتی فەلسەفەی هەبێت لە بیرکردنەوەدا، بەڵام دوورتر ڕۆبچێت و لەسەر تەنها یەک ئاست و شێواز نەمێنێتەوە، چونکە (فیلم زیاترە لەوەی تەنها سەرچاوەیەک بێت بۆ فەلسەفە، یان میتۆدێکی بەسوود بۆ وێناکردنی تێما و کێشە فەلسەفییەکان)  Sinnerbrink, 2011 :11). هەڵبەتە هێنانەگۆی ئەوەی فیلم وەک نێوەندێک چەندێک توانای لەبەرگوزارکردنی بیرکردنەوەدا هەیە زۆرتر دەڕوات و گەلێک بەشداری گرنگی بیرمەندان لەخۆ دەگرێت بە جۆرێک ئەسترەک لە بابەتە گرنگەکەی خۆیدا بەناوی کامێرا وەک قەڵەم دەڵێت (ئێستا لە تواناماندایە وتارێک کە دەربارەی میتۆدی دیکارت وێنەی بگرین و لەشێوازی سینەمادا پیشانی بدەین ) (اجل، ٢٠٠٥: ١٥٨). دڵنیا بوونی ئەسترەک لە هێزی فیلم وەک ناوەندێکی گرنگی بیرکردنەوە وزەی ئەو جۆرە دەڕبڕینەی پێ بەخشیوە، چونکە ئەسترەک فیلم وەک کەرەستەیەکی جیاواز و خاوەن هێزێکی تایبەت دەبینێت، هەر ئەو شێوازی بینینەیە کە وای لێکردوە بە قەڵەمی بچوێنێت، کە ئەو ئەگەر دۆخی بیرکەرەوە بە فیلم دەبەخشێت. لەبەرامبەر ئەوەدا میرلۆپۆنتی ئارگومێنتێکی جیاواز دەهێنێتە کایەوە و وەک ئاماژەی پێ دەکات کە (فیلم بیرناکاتەوە بەڵکو درک دەکرێت، میرلۆپۆنتی بەم شێوەیە ساڵی ١٩٤٥ بەشداریکردنی خۆی لە دەزگای توێژینەوەی باڵای سینەمایی کۆتایی پێهێنا. ئەوەش بەو مانایە دێت کە سینەما بابەتی درککردنە بەڵام بە ڕێگەیەکی زۆر تایبەت) (زرنيك، ٢٠٠٩: ١٢٠) .

هەر لەو سۆنگەیەوە و تەواو ناتەبا لەگەڵ ئەو دەربڕینەی میرلۆپۆنتی، دوهامێل وادەبینێت کە چیتر ناتوانێت بەو شێوەیە بیربکاتەوە کە خۆی دەیخوازێت، چونکە وێنەی جوڵاو جێگەی بیرکردنەوەکانی گرتۆتەوە و ئاماژە بەوە دەکات کە (پرۆسەی داڕمانی بیری بینەر لەبەردەم ئەم وێنانەدا بەهۆی گۆڕانی لەناکاو و بەردەوامی ئەوانەوە لەسەر شاشە دەبڕدرێت، ئەمەش شۆکێک پێکدەهێنێت کە هاوشێوەی شۆکەکانی دیکە پێویستی بە ئامادەبوونی بەرزی عەقڵ هەیە بۆ ئەوەی کاریگەرییەکەی نەمێنێت)  Dyrk,2006 :56))

بەپێی ئەو دەربڕینانە بێت کەواتە فیلم لەهەندێک دۆخدا خۆی بیردەکاتەوە بۆیە مەرج نییە بە بەردەوام داوا لە بینەربکات بە ئاگاییەوە سەرقاڵی بیرکردنەوەی فەلسەفی بێت و لە هەندێک دۆخی تریشدا پێویستی بەوەیە کە درکبکرێت، واتە دۆخی بیرکردنەوەو تێڕامان دەخوڵقێنێت و خۆی بە تەنها بیرناکاتەوە. لەو نێوەندەدا لەوە تێدەگەین کە فیلم گەر خۆشی بیرنەکاتەوە، دەتوانێت بیرکردنەوەی کەسەکان بورووژێنێت و لێنەگەڕێ هەروا باسانایی لە فیلم بڕوانن. هەڵبەتە ئەوەش لەیاد ناکەین کە ئەرکێکی تری فیلم بەدیهێنانی جۆرێک لە خۆشنودییە بۆ بینەرەکەی بەڵام لەهەر ئاست و کوالتیەکدا بێت پێشمەرجی ئەوەی هەیە کە دەشێت هەڵگری هیچ جۆرە پەیامێکی سیاسی، ئایدۆلۆجیایەک نەبێت بەڵام ناکرێت بێ مانا بێت، کەواتە لەگەڵ بوونی مانا بیرکردنەوەش ئامادەیە و لێک دوورنین.

دواجار دەیڤید بۆردویل ئاماژە بە لایەنێکی زۆر گرنگی پەیوەندی تێڕامان و فەلسەفەو فیلم دەکات ئەوکاتەی ئارگومێنتی ئەوە دەکات کە (شیکاری فیلم ئەو بەهایەی نییە گەر لە دەرەوەی یانەکانی سینەما پێشکەش بکرێت، ڕامانی دەستبژێرانە تەنانەت لەکاتی بایەخدانیشیدا بە فیلمێکی میللی، هیچ دۆخێکی بۆ دەستەبەرنابێت کە ڕامانی میللی بەرهەم بهێنێت. چونکە فیلم هەمان دەلالەت وەرناگرێت کاتێک کە ملیۆنان کەس دەیبینێت وەک ئەوەی تەنها سەدان کەس لێی دەروانن) (الخطابي ،  ٢٠٠٦ : ١٦). مەبەستی بۆردوێل لەم دەربڕینە ئەوەیە کە تێڕامانی فەلسەفیانەی فیلمەکان هیچ کاریگەرییەکی لەسەر فەزای گشتی نابێت و تەنها  بۆ ئەوانەیە کە  بەشداری ئەم جۆرە تێڕامانە دەکەن، چونکە سینەما لە کۆتاییدا هونەرێکی جەماوەرییە و بە تەنها بۆ دەستەبژێر نییە، بینەری ئاساییش بایەخ بە زانینی لایەنە فەلسەفییەکانی فیلم نادات بەڵکو زۆرجار بۆ ئەوە دەچێتە سینەما تا چێژ لەوە وەربگرێت کە دەیبینێت بەبێ بیرکردنەوە و تێڕامانی قووڵ لەوەی ئەم بەرهەمە لە چ کایەیەکی فەلسەفیدا دەبزوێت. بۆیە سینەما هەمیشە ئامرازێکی زاڵبوون و کۆنترۆڵکردن بووە بەسەر وەرگرەکەدا، چونکە بواری بیرکردنەوە و تێڕامانی بۆ ناهێڵێتەوە.

هاوکات لەگەڵ ئەو ڕوانینەی بۆردوێل دا ئایفەر شتێکی دی زیاد دەکات و پێی وایە هەموو جۆرە فیلمێک توانستی ئەو کاریگەرییەی لەسەر بینەر نییە کە بیخاتە سەر کەڵکەڵەی تێڕامان و بیرکردنەوە بۆیە گشتگیرکردنی ئەو پەیوەندییەی نێوان سینەما و فەلسەفە لە هەندێک دۆخدا بە هەڵەماندا دەبات، ئایفەر وا دەبینێت کە (زۆربەی فیلمەکان، لە کۆتاییدا، یان “پڕوپاگەندە”ن، واتە فیلمساز دەخەنە پێگەیەکی دەسەڵاتدارەوە و هانی بینەر دەدەن ملکەچی بێت، یان “پۆرنۆگرافی”، واتە پێویستی غەریزەیی بینەر دەبێتە ئامانجی کردەی بینینی فیلم و سینەماکار تەنیا دەبێت ئەو پێویستییە تێر بکات). (أندرو، ١٩٨٧ : ٢٣٧) کەواتە ئەزموونی بینین لە هەموو دۆخەکاندا ئەو پێگەیە نابەخشێت کە فەلسەفە پێشنیاری دەکات و سینەما ئەو پێویستییانە  تێر دەکات کە مرۆڤی سەردەم لەبەردەمیدا وەستاون. کەواتە لە هیچ کام لەم دوو حاڵەتەدا فیلم ناتوانێت خۆی  پێگەی خۆی بپارێزێت و نەبێتە ئامرازێک یان یارییەک کە خزمەت بەو دیدە دەکات، ئەوەی پێشوەختە سینەما لە قاڵب دەدات لەپێناوی پڕوپاگەندە یان پێداویستییە شەهوەتییەکان و ڕەمەکییەکانی مرۆڤ. هەڵبەتە لەم دۆخەشدا ئایفەر ئەو سینەما جدییەی توانای گۆڕینی جیهانی دەورووبەرمانی هەیە بە گرنگ دەزانی،  بەمەرجێک ئەگەر ڕێگە بدەین وێنە لەناوەوەماندا کاری خۆی بکات، وە ئەگەر لە چاوی سینەماوە جیهان ببینین.  ئەم باوەڕە ئایڤەری کەمەندکێش کرد بۆ لێکۆڵینەوە لە فیلم و پڕۆژەیەکی گەورەی توێژینەوەی فیلمی هەبوو، کەبەهۆی زوو ژیانئاواییەوە نەیتوانی تەواویان بکات.

هەڵبەتە لە دوای ئەم ڕوانینەشەوە بە بەردەوام ڕاونینی جیاوازتر بۆ دۆخی فیلم و شیکاری پەیوەندی بە فەلسەفەوە دێتە نێو کایەی بیری مرۆیی و فەرهەنگی دنیایی، کارکردن بەو دیدەی ئایفەر لە هەندێک دۆخدا پێ دەچێت وا لێکبدرێتەوە کە سنووردارکردنی کارکردنی  فەلسەفە لە نێو ژانر و ڕەوتە جیاوازەکانی سینەمادا بە هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی ئەوەی کە فەلسەفییە لە چیدا یان لە کوێدا سینەماییە، پێدەچێت ئەم جۆرە گریمانە وا دەربکەوێت کە کەمکردنەوەی ئەو ڕۆڵە ڕاستەقینەیە بێت کە فەلسەفە دەتوانێت هەنگاوی زیاتری بۆ نزیک بوونەوە لە سینەما لەمیانەوە بنێت. جگە لەوەش ئەگەر خۆمان بەوەوە سنووردار بکەین، بۆمان دەردەکەوێت کە ئەو ڕۆڵەی کە فەلسەفە دەتوانێت بیگێڕێت، بۆ کارکردن لە هەندێک حاڵەتدا (فیلم) دا  ڕەوایە و لە حاڵەتەکانی دیکەدا ناگونجێت و ئاستەنگی بۆ دروست دەبێت. کەواتە کرانەوەی سینەما بەسەر فەلسەفەدا و پێچەوانەکەشی ئەو دۆخە دەخوڵقێنێت کە لە ڕاژەی هەردوو کایە گرنگەکە بێت.

 

گەشەی نوێی فیلم و فەلسەفە:

لەگەڵ ئەوەی لە کۆی باسکردنی پەیوەندی نێوان فەلسەفە و فیلم ئاماژە بەوەدەکرێت کە فەلسەفە گەلێک درەنگ ئاوڕی لە سینەما دایەوە، بەڵام لە هەنگاوی یەکەمی بریگسنەوە کە لە سەرەتاکانی دەرکەوتنی سینەماوە گەلێک نزیکە، ئەو دەمەی سینەما کۆمەکێکی گەورەی بریگسنی کرد بۆ دۆزینەوەی جیاوازی لەنێوان کاتی شوێنی و  ماوەی خایاندن کە دواتر بووە بنەمای سەرەکی فەلسەفەکەی، ڕەوتی فەلسەفەی ئەوروپایی لەو کایەیەدا سەرگەرمە و تاهەنوکەش درێژەی هەیە.

ئەوەی لە دنیای ئەمڕۆدا دەگوزەرێت هێڵێکی بەردەوامی بەرهەمە فەلسەفییە ئەوروپییەکانە تا دەگاتە نووسینەکانی ئەمڕۆی جاک ڕانسیێر و سلاڤۆی ژیژێک. لەو بەشەی فەلسەفە کە بە زمانی ئینگلیزی دەنووسن و لە دواتردا زاراوەی فەلسەفەی شیکارییان بەسەردا بڕا، لە حەفتاکانی سەدەی ڕابردوەوە وردبوونەوەی فەلسەفی لە فیلم دەستی پێکردوە، ئەوان بە جۆرێک لە فیلم دەڕوانن کە کۆمەکی تەواوی بە فەلسەفە کردوە بە شێوەیە ستانلی کەیڤل وا دەبینیێت کە (فیلم بۆ فەلسەفە دروستکراوە؛ هەموو ئەو شتانەی فەلسەفە سەبارەت بە ڕواڵەت و واقیع،  ئەکتەر و کارەکتەرەکان، دەربارەی گومان و دەمارگیریی، سەبارەت بە ئامادەبوون و نەبوون وتوویەتی، دەگۆڕێت یان ڕۆشنایییەکی جیاوازی دەخاتە سەر) (Cavell, 1999 : 25 )

کارلێکی  نێوان سینەما و فەلسەفە لە مێژە بابەتی  هەندێک گەڕان و بنکۆڵی  فراوان بووە، تێڕوانینێکی قووڵ بۆ ئەزموونی مرۆڤ و گوزارشتی هونەری ئاشکرا دەکات. فیلم، بە تەنها نێوەندێک یان ئامرازێک بۆ بەشداریکردنی گێڕانەوە و سۆزداری کارناکات، بەڵکو وەک نیگارێکی  فەلسەفییش کە دەتوانرێت بیرۆکە ئاڵۆزەکان سەبارەت بە بوون و ئەخلاق و جوانیناسی لەمیانەی ئەوەوە یەکلایی بکرێنەوە. دەشێت ئاماژە بەوە بکەین کە (سینەماکارانی وەک ئەی زڤیاگینتسێڤ ئەم کارلێکە بەرجەستە دەکەن،  ئەوەمان پیشان دەدەن کە چۆن دەتوانرێت داهێنان لە سینەمادا لە ڕێگەی هاوێنە فەلسەفییەکانەوە شی بکرێتەوە، بەم شێوەیە تێگەیشتنمان لە بارودۆخی مرۆیی دەوڵەمەندتر دەکات) (Temlyakova et al., 2005).

هەر لەو میانەیەدا، تیۆرسنەکانی وەک نۆئێل کارۆل بەشدارییەکی بەرچاویان لەم دیالۆگەدا کردووە، ئارگومێنتی بەهێزیان دەربارەی ڕەهەندە ئیستاتیکییەکانی فیلم بەگەڕخستووە، کار لەسەر ئەوە دەکەن چۆن ڕەچاوکردنە فەلسەفیەکان لێکدانەوەی گێڕانەوە و ژانرە سینەماییەکان فۆرمۆلەدەکەن. دواجار پەیوەندی نێوان فیلم و فەلسەفە بینەران هان دەدات کە بەشێوەیەکی ڕەخنەگرانە مامەڵە لەگەڵ هەردوو هۆکارەکە بکەن، بەوشێوەیە خەمڵاندنێکی قووڵ بۆ پەیوەندی نێوان ئەو ڕەگەزە بەهێزانە بەرجەستە دەبێت.

زۆرجار پەیوەندی ئاڵۆزی نێوان فیلم و فەلسەفە لە میانەی گەڕان بەنێو بابەتەکانی بوون و شوناس و سروشتی واقیع دا باڵا دەکات. فیلمەکانی وەک (سۆلاریس)ـی ئەندرێ تارکۆڤسکی تیشک دەخەنە سەر پرسە فەلسەفییەکانی پەیوەندیدار بە عەقڵ و شوناسی کەسییەوە و لەگەڵ دوالیزمی دیکارتی و هزری لۆکیانە دەربارەی جەوهەری خود کاردەکەن.  لە ڕوانینێکی وردتردا لەوە تێدەگەین کە بەشێک لە ڕەخنەگران کۆکن لەسەر ئەوەی تەکنیکە سینەماییەکانی تارکۆڤسکی تەواوکەری قووڵایی سایکۆلۆجی گێرانەوەکانین، لەوێدا کاراکتەرەکان لەگەڵ ململانێ ناوەکییەکانی خۆیان و پێشبینییەکانی کۆمەڵگادا دەجەنگن. ئەم یەکانگیرییە لەنێوان هونەری بینایی و گوتاری فەلسەفیدا ئەوە دەردەخەن کە چۆن فیلم دەتوانێت فاکتەری بەدیهێنانێکی قووڵ بێت کە بینەر دەخاتە سەر کەڵکەڵەی بیرکردنەوە لە بوون و ئاڵۆزییەکانی کارلێکی مرۆیی. بەوشێوەیە ئەم فۆڕمە لە کارکردن دەمانباتە سەر ئەو بڕوایەی کە فیلم چ دەربازێکی گرنگە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ بەرجەستە فەلسەفییەکان و بیرکردنەوەی مرۆڤەکان. لە ئەنجامدا تەوەرە فەلسەفیەکان لە فیلمدا نەک هەر گێڕانەوەی سینەمایی دەوڵەمەندتر دەکەن بەڵکو تێگەیشتنی فەلسەفییش بڵندتر دەکەن.

ئەگەر سۆکرات و دوای ئەو ئەفلاتوون و ئەرستۆ، لە ڕابردوودا هەوڵیان دابێت جیاوازی لە نێوان جۆرە جیاوازەکانی گوتاردا بکەن، بۆ ئەوەی بزانن کامیان ئامانجی ڕاستی یان  ساختەکاری و گومڕایی یە، ئێستا یەکلایی بووەتەوە کە فۆڕمەکانی گوتار خۆیان لە گۆڕانکارییەکدان کە لە پرسیارەکەی جۆرج شتاینەردا بەرجەستەدەبێت، ئەو دەپرسێت (ئایا ئێمە خەریکە لە سەردەمێکی مێژووییەوە دەربازدەبیین کە وشە پێگەی  یەکەمی تێداهەبوو و، لە قۆناغێکی مێژوویی کلاسیکەوە کە پڕبوو لە گوزارشتی ئەدەبی تا قۆناغێک کە زمان تێیدا دەتوێتەوە و فۆڕمەکانی “میتا زمان” دەرکەوتن) (آرمز،١٩٩٢: ٣٠٦).  هەموو ئەم گۆڕانکارییە دیارانە  وابەستەی ئەو پێشکەوتنە تەکنیکییە گەورانەیە کە دێنە کایەوەو دەبنە هۆی ئەوەی  وێنەکە بەگشتی و سینەما بە تایبەتی، ببنە جێگرەوەی بەهێز و کار لەسەر دۆخێک بکات کە ڕاستی تێیدا لەبەردەم پرسیاری زۆردایە. لەو کاتەوە  بەشێک لە ئەرکی فەلسەفە بۆتە دۆزینەوەی ئەدگارەکانی ساختەکاری لە کولتووری بیانیی سەردەمدا، تا بەشێوەیەک لە شێوەکان سنوورێک بۆ هەژموون و کۆنتڕۆلی بۆ دنیای ئەمڕۆ دابنرێت. بۆیە جیاکردنەوەی فۆڕم و ستایڵ و ژانرە جیاوازەکانی سینەما کە بەشداری لە بەرپاکردنی جۆرێک لە هۆشیاری بۆ ناسینەوەی حەقیقەت لە وەهم و ناڕاستی، کە لەمێژە ئەوە ئەرکی فەلسەفە بووە.

پێشتریش ئاماژەمان بە هەندێک لەو ئارگومێنتانە کرد کە ڕێبەرانی قوتابخانەی فرانکفۆرت و ڕەوتی تیۆری  ڕەخنەیی کرد سەبارەت بە سینەما و کاریگەرییەکانی،   ئەدۆرنۆ و ماکس هۆرکهایمەر و هێربێرت مارکوز، لە نوێنەرە بەناوبانگەکانی ئەو بزووتنەوە فەلسەفییە کۆمەڵایەتییەن. لە نێو ئەواندا هەندێک لە بیروباوەڕەکانی ئەدۆرنۆ سەرنجبەر و جیاواز دەردەکەوێت، بەتایبەت لەو دۆخانەی ئەو وا دەبینێت کە سینەما هۆکارێکی بەهێزی گەمژاندنە و ئەلکسەندەر کلۆج کە هێزێکی پاڵنەری گەورەی لە گەشەی فیلمی ئەڵمانی نوێدا بەگەڕ خست و هاوڕێی ئەدۆرنۆ بوو هەڵوێستی ئەدۆرنۆی بەشێوەیەکی گونجاو دەربڕی کە دەیگوت (ئەوەی ئەدۆرنۆی بێزار دەکرد وێنە بوو، ئەو وەک خۆی دەیگوت دوژمنی وێنە بوو و ئەوەی کردبووە ئامانج کە داکۆکی لە وێنەی نەبینراو بکات، ئەو وێنانەی کە بەنێو یەکدا دەچن لە بازنەیەکی ناکۆتا دا و ملکەچی جێگیریی نابێت کە سنوورداری دەکات.) (فريشتل ، ٢٠٢٢)

 

فریشتل ئارگومێنتی قووڵتر دەربارەی بیری قوتابخانەی فراکفۆرت و بەتایبەتی ئەدۆرنۆ و هۆرکهایمەر دەبزوێنێ و دێتە سەر ئاماژەکردن بەوەی کە لە کتێبی ئارگومێنتی ڕۆشنگەری دا ئەدۆرنۆ و هۆرکهایمەر پرسیاری ئەوە دەکەن کە بۆ مرۆڤایەتی کەوتە نێو ئەو شەپۆلە لە بەربەرییەتی نوێ، یان بە واتایەکی تر بۆ ڕۆشنگەری کەوتە نێو ئارگومێنتێکی کارەساتباری وێرانکەرەوە کە تەواو دژی هەموو بانگهێشتەکانی خۆی بوو. هەڵبەتە ئەو دوو بیرمەندە وا دەبینن کە ئەم جۆرە لە وێرانکاری و دڕندەییە لە وێنەی دەوڵەتی ڕەتێنەردا دەردەکەوێت نموونەی فاشیزم یان کۆمۆنیزمی ستالینی هاوکات لە دەوڵەتانی خۆرئاوا لە وێنە جیاوازەکانی سەرمایەداری و لیبڕالیزم لە شێوەی (پیشەسازی رۆشنبیریدا ) دەردەکەوێت.

ئەوان وا دەبینن کە جۆرە جیاوازەکانی ئەدەب یان هونەر بەگشتی دروستکراوێکی نوێی ئەو سستمانەیە بۆ ئەوەی مرۆڤەکان نوقمی جۆرێک لە خۆشنودی ببن، ئەو بەرهەمهاتوانە جۆرێکی تر لە کاڵان کە بۆ کڕین ئامادەکراون تا پێداویستییەکان پڕ بکەنەوە، لەم دۆخانەشدا پێداویستی بە تەنها جۆرێک لە ئاسودەیی و شادی یان خۆ خڵافاندنە. ئەوانە پەردەپۆشێکی ئایدۆلۆجین بۆ دۆخە ئابووری و کۆمەڵایەتتیەکان لە شێوە بە پیشەسازیکراوەکەیاندا. (هەر ئەو گریمانەیە کە وا لە ئەدۆرنۆ دەکات لە کتێبی (Minima Moralia) مینماڵ مۆراڵ ئەو ڕستە لاقرێیەی ساڵانی چلەکان بڵێت: “لەگەڵ هەر سەردانێک بۆ سینەما، لەگەڵ ئەوپەڕی  بەئاگابووندا، گەمژەتر و خراپتر دێمە دەرەوە.”) ( فريشتل ، ٢٠٢٢).

هەڵبەتە ئەم ڕوانینەی فەلسەفەی مۆدێرن و پۆست مۆدێرن بۆ سینەما و بەتایبەت ئەو دیدانەی هۆرکهایمەر و ئەدۆرنۆ نابە ڕێگر لەبەردەم ڕوانینی جیاوازدا کە بیرمەندانی تر جەخت لەسەر بەشداری فیلم دەکەنەوە لە بەرهەمهێنانی هۆشیارییدا. بەو شێوەیە دەبینین کە لەبەرامبەر ئەو ڕوانینەدا شتێکی تر هەیە کە لە جیل دۆلۆز و ستانلی کاڤێلەوە تا ستیڤن مولهۆڵ و ڕۆبەرت سینەربرینک، ئارگومێنتێک هاتۆتە ئاراوە کە فیلم دەتوانێت فەلسەفی بێت. لە ڕاستیدا سینەما دەتوانێت خزمەت بە فەلسەفە بکات، نەک بە ڕۆڵی یاریدەدەر، بۆ نموونە “وێناکردنی” کێشە فەلسەفییەکان لە دیمەنەکانی وانەوتنەوەدا، بەڵکو بە شێوازی خۆی و بە میتۆدی تایبەتی خۆی و بە شێوەیەک کە ناتوانرێت لە میتۆدەکانی فەلسەفەی تەقلیدیدا کورت بکرێتەوە. بەشێوەیە ئارگومێنتێکی جیاواز دێت و لەبەرامبەر ئەو ڕایەی پێشتردا دەوەستێت، ئارگومێنتێک دەگاتە ئەوەی دەبێت لقێکی نوێ لەناو فەلسەفەدا هەبێت بەناوی فەلسەفی فیلم.

فەلسەفەی فیلم وەک کایەیەکی نوێی هزر:

فەلسەفەی فیلم ئێستا بەشێکی گرنگی فەلسەفەی مۆدێرنی هونەرە. لەگەڵ ئەوەی فەیلەسوفەکان لەو ئەکادیمییستانە بوون کە لە دەیەکانی یەکەمی سەدەی بیستەمدا توێژینەوەکانیان لەسەر ئەم هونەرە مۆدێرنە بڵاوکردەوە، بەڵام تا هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو کە جۆرێک لە گۆڕانکاری گەورە ڕوویدا، ئەم بوارە بە قۆناغێکی مەزنی گەشەسەندندا تێپەڕ نەبوو. فاکتەری  زۆر لە پشت گەشەکردنی نوێی ئەم بوارەوە هەیە.  ڕەنگە بڵێین گۆڕانکاری لە فەلسەفەی ئەکادیمی و ڕۆڵی کولتووری فیلمدا بە گشتی فەیلەسوفەکانی ناچار کردووە فیلم وەک فۆرمێکی هونەری و هاوتای هونەرە کانی تر  وەک بەرهەمهاتووەیەکی جددی تەماشای بکەن. ئەنجامی ئەو هەڵکشانە گەورەیەی بایەخدان بە فیلم وەک بابەتێک بۆ تێڕامانی فەلسەفی، فەلسەفەی فیلم بووەتە بوارێکی گرنگی لێکۆڵینەوەی ئیستاتیکی.

هەڵبەتە دەبێت ئاماژە بەوە بکەین لە زۆر کاتدا جۆرێک لە تێکەڵاوی لەنێوان تیۆرەکانی فیلم یان لایەنە تیۆرییەکەی فیلم و فەلسەفەی فیلمدا دروست دەبێت و هەندێک پێیان وایە ئەمانە لەسەر یەک ڕاستەهێڵ دەڕۆن یان تەواوکەری یەکدین. بۆیە بوونی فەلسەفەی فیلم وەک بەرهەمهاتوویەکی ناپێویست دەبینن (توێژینەوە دەربارەی فیلم لە نێوەندە ئەکادیمییەکاندا دامەزرێنراون لە پسپۆڕی لێکۆڵینەوەی سینەماییدا، لەبەر ئەوەی ئەم بوارە بوارێکی جیاوازی لێ دەبێتەوە لە تیۆری فیلم. لەم گۆشەنیگایەوە، فەلسەفەی فیلم پێویست نییە و پانتاییەک داگیردەکات کە پێشتر لەلایەن پسپۆڕییەکی ئەلتەرناتیفەوە پڕکراوەتەوە) (,2015: Wartenberg) بەڵام لە ڕاستیدا گریمانی ئەوەی لەسەر دوو هێڵی تەریب بە ئاراستەی تێگەیشتن لە فیلم دەڕۆن گوزارشتێکی ڕاستترە. لەلایەکی ترەوە فیلم تیۆری هەندێک جار سەرقاڵی پرۆسەی بەرهەمهێنانە و فەلسفە لەدوای ئەو پرۆسەیەوە کاردەکات و فەزای ئەو فەزای بینینە نەک دروستکردن.

گەر بیرکردنەوەی سینەمایی بکەینە پێودانگێک و گریمانێک بۆ بوونی فەلسەفە لە نێو سینەمادا، بەو مانایەی بنەمای فەلسەفە بیرکردنەوەیە، دەبێت لەوە دڵنیا بین کە خودی بیرکردنەوە دەرئەنجامێکی سینەمایی نییە، بەڵکو دەکرێت وەک یەکێک لە پێکهێنەرەکانی سینەما لێی بڕوانین چونکە (فیلم بەبێ بیرکردنەوە نایەتە بوون، هیچ مەودایەک نییە کە لەبیرکردنەوەی جیابکاتەوە، سینەما بیرکردنەوەیە و بیرکردنەوەش زەمینی جیهانی سینەماییە) (فرامبتون، ٢٠٠٩ : ٢٩٥)  بەو پێیە سینەما پێویستی بە بنەمایەکی بیرکردنەوە هەیە کە بە بەردەوام دەکەوێتە نێو دنیای فەلسەفەوە، ئەوە جێگەی فەلسەفەی فیلمە، ئەو شوێنەیە کە ئەو جۆرە لە فەلسەفەی تایبەتمەند دەچێتە ناوی و ڕەنگە لە ڕوانینی گشتی فەلسەفەدا جێگەیەکی بۆ نەدۆزینەوە.

هەرکاتێک ئاماژە بەوە دەکەین کە فەلسەفەی مۆدێرن مامەڵەی ورد لەگەڵ سینەما دەکات بە بەردەوام جیل دۆلۆز لەنێو ئەو ئارگومێنتانەدایە لەگەڵ ئەوەی دۆلۆز وا دەبینێت کە فەلسەفەو فیلم وەک دوو کایە لە دەرەوەی یەک مامەڵە لەگەڵ هەمان کەرەستە دەکەن و بەئاراستەی جیاواز دەڕۆن بەڵام خودی دۆلۆز خۆی یەکێک لەپایە سەرەکییەکانی فەلسەفەی فیلمە. لە دیدی دۆلۆزەوە (یەکێک لە سەرنجڕاکێشترین پارادۆکسەکان ئەوەیە کە سینەما لەهەمان ئەوکاتەدا سەری هەڵدا کە فەلسەفە هەوڵی دەدا بیر لە چەمکی جوڵە بکاتەوە. دوو پڕۆژەی هاوتەریب هەبوون، یەکەمیان جوڵەی خستە ناو هزرەوە و دووەم جوڵەی خستە ناو وێنەوە، هەردوو پڕۆژەکە بە شێوەی سەربەخۆ گەشەیان کرد پێش ئەوەی ئەگەری هیچ بەیەکگەیشتنێک لەگۆڕێ بێت)  Deleuze,1995 :57). هاوکات لەگەڵ ئەوەدا دۆلۆز دەربارەی هێزی سینەما لە بەئاگاهێنانەوەی عەقڵی مرۆییدا ئارگومێنتێکی چڕ دەهێنێتە ئاراوەو و وا دەبینێت کە، سینەما یەکێکە لە ئامرازە بە هێزەکان، چونکە ئەو- لە ڕێگەی جووڵە و وێنەوە- مێشکمان کەمەند کێش دەکات و توانای بیرکردنەوە لە ناو ئێمەدا هان دەدات.  سینەمایەک کە بوونەوەری بیرکردنەوە لە ناو ئێمەدا بەئاگا ناهێنێتەوە، سینەما نییە، بەڵکو جۆرێکە لە سەراب  لەناکاو دەردەکەوێت و بەهەمان شێوەش دیارنامێت بەبێ ئەوەی بچووکترین شوێنەواری لە ئێمەدا بەجێبهێڵێت.

بەڵام دواتر و بە بەشدارییەکانی دۆلۆز و دەیانی تر لە بیرمەندانی فەلسەفەی مۆدێرن و پۆست مۆدێرن، دنیای بەڕووی جۆرێک لە فەسەفەدا کرایەوە کە فیلم کەرەستە سەرەکییەکەیەتی.  لەو سۆنگەیەوە، سینەما  دەتوانێت ببێتە ئەو جیهانە نا ئاساییەی ئەندێشە کە بیری لێ نەکراوەتەوە، ئەو سەرقاڵی دروستکردنی دنیایەکە، کە لەدنیای مرۆڤەکان دەچێت، بەڵام بە  ناوەڕۆک و مانایەکی جیاوازەوە، بەو پێیە پێویستی بە فۆڕمێکی بیرکردنەوەی جیاوازە کە لە خودی خۆیەوە سەرچاوە بگرێت، ئەو پانتاییە بپشکنێت کە لەنێو ئەم دنیا گریمانکراوەدا بەرهەم هاتووە. بەو پێیە بیرکردنەوەی سینەمایی بەرهەم دێت کە لەنێویدا عەقڵێکی سینەمایی کاردەکات و پێکڕا سەرگەرمی ئاشکراکردنی ئەو نادیاریانەن کە لەنێو جیهانی ڕاستەقینەدا هەن  لەمیانەی بیرکردنەوە لەنێو دنیا سینەماییەکەدا. کەواتە کارکردنی فەلسەفەی فیلم لەناو دنیا مەجازیەکەوە دەگوێزرێتەوە بۆ دنیا ڕاستەقینەکە و بەشێوەیەک لە شێوەکان بەشداری دەکات لەو ئارگومێنتانەی فەلسەفە لە ژیانی مرۆڤەکاندا بەکاری دەبات.

فەیلەسوفی سلۆڤینی سلاڤوی ژیژەک ئەوە دووپات دەکاتەوە کە پێویستییەکی زۆرمان بەوەیە لە سینەما نزیک ببینەوە (چونکە سینەما هەڵەی گەورەمان بۆ دەگوێزێتەوە و هەندێک جار بە ئایدیای ژەهراویش قایلمان دەکات، هەندێک جاری تریش دەمامکی ساختەمان بۆ دەردەخات كە لەناوەوەیدا هەڵەی مەزن هەیە و بێ دەنگی لێکراوە) (أحمد ،٢٠٢١). بەو پێیە فیلم بەشی خۆی لەگەڵ هزر دەکات و یارییەک دەکات کە بەشێکی ئەو  یاریە کاری  ئایدۆلۆجیابووە.

لە لایەکی ترەوە، دەبێت لەوە بە ئاگا بین کە فەلسەفەی فیلم هەوڵدان نییە بۆ بانگەشەیەک کە ئامانجی فەرامۆشکردنی ئەو چێژە بێت کە بینەر لە ڕێی تەماشاکردنەوە دەستی دەکەوێت، یان دابڕانی سینەما بێت لەو ئەرکەی لە بەخشینی خۆشنودی و ئاسودەییدا جێبەجێ دەبێت، بە گوزارشتێکی تریش دوورخستنەوەی سینەما نییە لە توانستە هونەرییەکەی لەپێناو دەربڕینێکی هزری جددیدا، کە ڕەنگە خواستی بەشێکی زۆر لە بیرمەندان ئاراستەکردنی سینەمابێت بۆ دۆخی تێڕامانی فەلسەفی، بە هێندی ئەوەی ئاراستەکردنێکی جیاوازە بۆ دۆزینەوەی پانتاییەک بۆ بیرکردنەوە و بەئاگاهێنانەوەی ئەو جۆرە لە هۆشیاری بزر  کە بەهۆی  سەرنجکێشکردنی میدیاییەوە ئەوەی لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا چۆتە دۆخێکی ترسناکەوە. کەمەندکێشکردنی بینەر بۆ دڵبەند بوون و ئەوق بوون بەدیار وێنەیەکی میدیایی باش دروستکراو بە کوالتییەکی بڵند بوار بۆ ئاراستەکردنێکی ئایدۆلۆجی دەکاتەوە لە ڕاژەی گروپێکی دیاریکراو. فەلسەفەی فیلم دێت و ئەو فاکتەرانە دەداتە دەست بینەر کە لە کۆتی پاسیڤی بینین ڕزگاری بکات. ئەو جۆرێک لە دیدی فەلسەفی و ئاوەزی پێدەبەخشێت کە توانستی شیکاری ڕەخنەی لە وێنە و پێکهاتەکانی هەبێت و ڕۆڵێکی ئەکتیڤی هەبێت لە پرۆسەی وەرگرتندا. بە واتایەکی تر بینەر لەنێو ئەو پرۆسەیەدا دەفرێکی واڵا نییە بۆ وەرگرتن و بەتاڵبوونەوەی ئایدۆلۆجی، بەڵکو کاراکتەرێکی ئەکتیڤ و شیکارە و هەروا خۆ بەدەست شەپۆلی وێنەوە نادات. ئەمە ئەو ترسەی ئەدۆرنۆش لە پرۆسەی بینینی فیلم دەڕەوێنێتەوە، هاوکات ئەو گریمانەی لیوتاریش کە شەپۆلی وێنە بینەر دەخاتە نێو دۆخی پاسیڤەوە دەگۆڕێت.  بۆیە لیوتار لە سۆنگەی بەرپابوونی ئەو جۆرە پەیوەندییەوە، یان بە دروستتر بڵێین لە فەراهەمبوونی فەلسەفەی فیلمەوە وەک کایەیکی ئەکتیڤ دەڵێت (ئیدی نابێت هونەرەکان بۆ ڕەهەندە خۆشنودی و ئاسودەییەکانی کورت بکەینەوە، ڕایەڵی نێوان فەلسەفە و چواردەورەکەی بەهێز بوون ئیدی زانست بێت یان ئەدەب، تەکنیک بێت یان هونەر) (لیوتار ، ٢٠١٦ : ٣٠).

لەو سۆنگەیەوە دەبێت ئاماژە بەوە بکەین کە سینەما وەک هونەرێکی جەماوەری بەرفراوان لەیەک ئاستدا نامێنێتەوە بەڵکو پێشکەوتنی  گەورەی بەدەستهێناوە، بەتایبەت لە نیوەی دووەمی سەدەی بیستەمدا، بەجۆرێک کە بووەتە هونەرێک کە لە نێو کایەکانی تری هونەردا پێگەیەکی بەبایەخی بۆ خۆی دابین کردوە هاوکات دۆخێکی خولقاندوە کە هونەرەکانی دیکە تامەزرۆی سود وەرگرتن لە ئامرازەکانی ئەو بن، بەکارهێنانی هەندێک تەکنیکی سینەمایی لە نووسینی ڕۆمان یان زمانی سینەما لە نێو هونەری فۆتۆگرافیدا بە وردی کاری لەسەر دەکرێت.

 

 

دەرئەنجامەکان:

دوای وردبوونەوەی زۆر لەو ڕاجیاوازانەی سەبارەت بە پەیوەندی نێوان فەلسەفە و سینەما لە سەدەی بیست و یەکەمدا دروست بووە و بووە بەجێی بایەخی بیریاران و ئەکادیمیستان و لێکۆڵینەوە لەئەگەری ئەوەی فیلم دەتوانێت دەستکاری بیرکردنەوەمان بکات یان بە جۆرێک لە جۆرەکان بمانخاتە سەر کەڵکەڵەی بیرکردنەوەیەکی جیاواز، لەم توێژینەوەیەدا  گەیشتینە ئەم دەر ئەنجامانە:

 

١-تا سەدەی بیستەم وێنەکە بابەتێکی تایبەت بوو بە توێژینەوەی هونەری، بەڵام دواتر ئەو ڕوانینە گۆڕا تا ئەو ڕادەیەی ئەمڕۆ وێنە بووەتە باڵادەست بەشێوەیەک شارستانیەتی هاوچەرخ دەکرێت وەک شارستانیەتی وێنە لێی بڕوانرێت. ئێستا وێنە هەموو کایەکانی ژیاری مرۆیی گرتۆتەوە میدیا و سینەما و ئینتەرنێتیش بەبێ وێنە ئەستەمن، بۆتە شێوازی خوێندنەوە و لێکدانەوەی بینراوەکانیش بووەتە میتۆد، تەنانەت سیستەمێکی زانستی دامەزراندووە و وەک جۆرێک لە زانست مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت بەناوی  (ئایکۆنۆلۆژی) یان  “زانستی وێنەکان”.

2- فیلم  ناچارمان دەکات لە میانەی وێنە- جوڵە بیربکەینەوە. بۆیە ڕۆڵی سینەما تەنیا لە گەیاندنی زانیاری فەلسەفیدا سنووردار نییە، بەڵکو لێهاتوویی بیرکردنەوەی فەلسەفیمان پێدەبەخشێت و لە بنەڕەتدا کار بۆ چالاککردنی تێگەیشتنی هەست و دەروونمان دەکات.

3- فیلم سەرچاوەیەکی گرنگی بەرهەمهێنان و بەخشینی مەعریفەیە .

4- فەلسەفەی فیلم بۆتە کایەیەکی گرنگی لێکۆڵینەوەی فەلسەفی و ئیستاتیکی. بیرمەندان تیشکیان خستۆتە سەر پرسە ئیستاتیکییەکان سەبارەت بە فیلم وەک نێوەندێکی هونەری، فەلسەفەی فیلم، و پرسیار سەبارەت بە ناوەڕۆکی فەلسەفی فیلمەکان، فیلم وەک فەلسەفە.

٥-چەمکی فەلسەفی دەرکەوتەی دیکەی بۆ پەیدابووە  کە دوورە لەو جۆرەی لە پراکتیکە فەلسەفییە تەقلیدییەکاندا هەبووە، چونکە خۆی بە بوارە نوێیەکانی مەعریفەوە بەستۆتەوەو لە جوغزی ئەو جۆرە ڕوانینە کۆنە دەربازی بووە. بەو مانایەی فەلسەفە  گۆڕا بۆ خۆ دۆزینەوە لەنێو  تابلۆیەکی هونەری یان وێنەیەکی سینەماییدا.

٦- لەگەڵ ئەوەی فیلم هێزی گەورەی تێڕامانە، بەڵام هەندێک جۆری هەن کە بە تەنها لەپێناو پڕوپاگەندە یان تێرکردنی خواست و ئارەزووەکاندا دروست دەکرێن، ئەم ژانرە لە فیلم ناتوانن پەیوەندی لەگەڵ فەلسەفە بگرن.

 

 

The Nature of Thought Between Philosophy and Cinema: The Extraction of Ambiguous Space

Abstract

Film, as a multifaceted medium, serves not only as a vehicle for storytelling but also as a significant platform for philosophical inquiry, bridging the gap between abstract concepts and visual representation. Through cinematic techniques, filmmakers can evoke profound questions regarding existence, morality, and the human condition, inviting audiences to engage in reflective thought. This relationship is evident in how films often incorporate themes that challenge viewers to confront their assumptions about reality and identity.

 

In the context of human cognition’s receptiveness to a multi-sensory environment, cinema emerged as a significant aesthetic revolution within the domain of moving images and the broader art world. Its universal appeal and extensive reach prompted thinkers such as Walter Benjamin to assert that cinema represented the sole art form destined to thrive in the future. Similarly, Eisenstein embraced this viewpoint, regarding cinema as the most suitable art form for a post-industrial society. This perspective was subsequently elaborated upon by other intellectuals, who recognized cinema as a vital area of study and a significant concept.

 

This study seeks to explore the initial connections between philosophy and cinema, subsequently examining the hypotheses that film can contemplate. Do all literary forms engage with thought in a uniform manner? Is it possible for philosophy to alter our perception of film as an artistic or media entity? Conversely, can cinema provide us with alternative perspectives on understanding philosophy? Additionally, this inquiry raises several other questions that could serve as a foundation for future researchers to investigate within a field that has not yet received extensive attention.

 

 

سەرچاوەکان بە زمانی عەرەبی:

  • افایة، محمد نورالدين (2019) معرفة الصورة. المركز الثقافي للكتاب. المغرب.
  • أندرو ، دادلي(1987)  ) نظريات الفيلم الكبرى، ترجمة جرجس فؤاد الهيئة المصرية العامة للكتاب. القاهرة.
  • آجل، هنري  (٢٠٠٥) علم جمال السينما، ترجمة إبراهيم العريس، دمشق: منشورات وزار الثقافة
  • آلن هاو (2005) النظرية النقدية عند مدرسة فرانكفورت، ترجمة ثائر ديب دمشق: وزارة الثقافة.
  • آرمز، روي( ١٩٩٢ ) لغة الصورة في السينما المعاصرة، ترجمة سعيد عبد المحسن الهيئة المصرية العامة للكتاب، القاهرة.
  • برجسون( ١٩٨٤) التطور الخالق، ترجمة محمود قاسم. الهيئة المصرية العامة للكتاب، القاهرة.
  • الخطابي، عز الدين( ٢٠٠٦) حوار الفلسفة والسينما. منشورات عالم التربية: الدار البيضاء.
  • فرامبتون، دانيال (٢٠٠٩) الفیلموسوفي. ترجمة و تقديم: احمد يوسف. المركز القومي للترجمة. القاهرة.
  • شيمي، سعيد ( ٢٠٠٣ )  اتجاهات الابداع في الصورة السينمائية المصرية، المجلس الاعلى للثقافة. القاهرة.
  • ليوتار، جان فرانسوا، ( ٢٠١٦ ) في معنى ما بعد الحداثة: نصوص في الفلسفة والفن، تر: السعيد لبيب، الطبعة الأولى، الدار البيضاء – المغرب: المركز الثقافي العربي.

 

گۆڤار و بڵاوکراوەکان:

  • حسن حفني، عالم الاشياء ام عالم الصور، مجلة الفصول، مصلة النقد الادبي علمية محكمة، ا لعدد 62  صيف و خريف 2003.
  • حمید سلاسي، ماهي الصوره ؟ مجلة علامات، العدد 5 1996 .
  • زرنيك، كيليليا، ميرلوبونتي و الادراك السينمائي، ترجمه د.عدنان نجيب الدين، مجلة فلسفات معاصرة، الموسسة الجامعية للدراسات و النشر و التوزيع ، بيروت، العدد الاول ، 2009.
  • الصباغ، أحمد، سلافوي جيجك: الفيلسوف المتمرد، مجلة أوراق سياسية، العدد 58، مایو (2021) اسطنبول – تركيا: مركز الفكر الإستراتيجي للدراسات.

– عبدالرحيم، كمال. سيمولوجية الصورة الفوتوغرافية. مجلة علامات. العدد 16 2001

 

 

سەرچاوەی ئەلکترۆنی:

– الزين ، محمد شوقي . علم الصورة أو الأيقونولوجيا: علم جديد لموضوع عريق. موقع معنى، منشور ١٨ \١\٢٠٢٤، اقتبست من https://mana.net/iconology/.

–  الصويلحي، توفيق بن ابراهيم، الفلسفة و الصورة. مركز دراسات الجزيرة. اقتبست من

https://doc.aljazeera.net/wp-content/uploads/2019/05/2011324133227683734.pdf

  • – فريشتل ، جوزیف . الفيلسوف الألماني ثيودور أدورنو على المرء أن يتعلم من سجالاته العنيفة كيف يطلق العنان لتفكير مغاير          ترجمة- عبدالحميدمحمد   مجلة النزوى . منشور في 1كتوبر 2022 على هذا الرابط https://www.nizwa.om /

 

سەرچاوەکان بە زمانی ئینگلیزی:

 

Benjamin, W.  (2008) The Work of Art in the Age of its Technological Reproducibility, and Other Writings on Media .  Edited by Michael W. Jennings, Brigid Doherty, and Thomas Y. Levin

Edmund Ephcott, Rodney Livingstone, Howard Eiland, and Others (Translator). Harvard  University Press .USA.

  • Deleuze, Gilles ).1989) Cinema 2: The Time-Image. Hugh Tomlinson and Robert Galeta(Translator) Minneapolis: University of Minnesota Press.
  • Deleuze، Gilles )1997 )  Negotiations 1972-1990  . Martin Joughin (Translator). Columbia University Press.
  • Herzogenrath, Bernd (2017) Strange Topologics Deleuze, in Film as Philosophy, (Edited by) Bernd Herzogenrath, Minneapolis: University of Minnesota Press.
  • Herzogenrath, Bernd (2017) Film and/as Philosophy An Elective Affinity, in Film as Philosophy, (Edited by) Bernd Herzogenrath, Minneapolis: University of Minnesota Press.

 

–  Langer, Susanne K.  )1977) Feeling and Form . Macmillan USA.

– Sinnerbrink, Robert (2011) New Philosophies of Film: Thinking Images, London and New York.

–  Sfetcu, Nicolae. (2019). Solaris, directed by Andrei Tarkovsky – Psychological and philosophical aspects. https://core.ac.uk/download/223236396.pdf (Accessed: 20 Jan, 2025).

– Temlyakova A,. (2005). Creativity in the Film Director’s Work: An Example of Works by A. Zvyagintsev. ‘Ural Federal University’, https://elar.urfu.ru/bitstream/10995/94571/1/978-5-7996-3081-2_050.pdf (Accessed: 20 Jan, 2025).

  • Wattenberg, Thomas E (2007) Thinking on Screen: Film as Philosophy, London: Routledge .
  • Wattenberg, Thomas, “Philosophy of Film”,The Stanford Encyclopedia of Philosophy (Winter 2015 Edition), Edward N. Zalta (ed.), URL = <https://plato.stanford.edu/archives/win2015/entries/film/>.

 

Desertations :

  • Dyrk, Ashton (2006) Using Deleuze: The Cinema Books, Film Studies and Effect. PhD thesis, Bowling Green State University, USA.