
خالید سلێمان
زیاتر لە 170 ساڵ لەمەوبەر (1863)، ڕۆماننووس و وێنەکێشی نیوزیلەندی بە ڕەچەڵەک ئینگلیز ساموێل بیتلەر، پێشبینی جیهانێکی میکانیکی کرد کە تیایدا ئامێرەکان بە خێراییەکی زۆر زیاتر لە جۆرەکانی تری سەر زەوی پەرەدەسێنن، لە ناویاندا جۆری مرۆڤ. لە نامەیەکدا بە ناوی “داروین لە نێوان ئامێرەکاندا”[1] کە لە ڕۆژنامەی نیوزلەندی (پرێس)دا بڵاوکراوەتەوە، باسی ئەوەی کردووە کە مرۆڤایەتی تەنها ئامێرێک دروست ناکات، بەڵکو شانشینێکی میکانیکی دادەمەزرێنێت و ڕۆژێکیش دێت بەسهر مرۆڤەکاندا زاڵ دەبێت و وەک ئاژەڵی ماڵیی دەیانکاتە خزمەتکاری خۆی.
لەو دەمەی بیتلەر نامەکەی تیا نووسی، شۆڕشی پیشەسازی بە خێرایی بەرەو پێشەوە دەچوو، ئامێرەکان تا دەهات ئاڵۆزتر دەبوون. بزوێنەری هەڵم کە بڵێسهی شۆڕشی پیشەسازی هەڵگیرساند، تەنها وەک ئامرازێک نەمایەوە، بەڵکو لە شێوەی پێشەنگێک و فەرمانڕەوایەکی داهاتوو دەرکەوت. ئەوەی لەم بابەتەدا جێگەی سەرنجە ئەوەیە کە ساموێل بیتلەر دیدێکی پێشبینیکراوی سەرسوڕهێنەری پێشکەش کرد کە زانستی خەیاڵیی تێدەپەڕێنێت و ڕۆدەچێتە جەوهەری ئەو فەلسەفە تەکنەلۆژییەی کە ئەمڕۆ پێی دەژین و تیایدا گیرۆدە بووین. ئەمەش لەسەر بنەمای تیۆری بژاردەی سروشتی لای چارڵز داروین بوو سەبارەت بە پەرەسەندن و لەناوچوونی جۆرەکان.
بیتلەر یەکێک بوو لە سەرسامەکانی تیۆری چارڵز داروین و بە قووڵیی لێی دەڕوانی. داروین شۆڕشێکی گەورەی لە زیندەوەرزانیدا بەرپاکرد، ئەوەش دوای بڵاوبوونەوەی کتێبی (ڕەچەڵەکی جۆرەکان) ساڵی 1859 بۆ ساموێل بیتلەر، پرۆسەی پەرەسەندن لە جیهانی ئامێرەکاندا، لە ڕێگەی “بژاردەی میکانیکی”یەوە، هاوشێوەی بژاردەی سروشتییە لای داورین. لە بژاردەی سروشتیدا، ئەو زیندەوەرانەی توانای خۆگونجاندنیان لەگەڵ مەرجە ژینگەیی و وجودییەکاندا هەیە، زیاتر دەژین و خۆیان بەرهەم دەهێننەوە، ئەویش بە گواستنەوەی خەسڵەتە بۆماوەییە سوودبەخشەکانیان بۆ نەوەکانی داهاتوو. بە تێپەڕبوونی کاتیش ئەم پرۆسەیە دەبێتە هۆی گۆڕانکاری لە جۆرەکاندا.
ئەمڕۆ ئێمە لە بژاردەی مرۆییەوە لە هەموو پرۆسەکانی وێناکردندا، تێدەپەڕین بۆ دەستەبژێرکردنی “ئالگۆریزمی بۆماوەیی”، کە مرۆڤەکان کارامەترین ئامێر هەڵدەبژێرن و ڕێگەی زەواجیان پێدەدەن لەناو یەکتردا بۆ خستنەوەی نەوەی باڵاتر لە خودی مرۆڤ. ئالگۆریزمەکانی ژیریی دەستکردیش هەڵدەستن بە دیزاین و پێشخستنی ئالگۆریزمی تر و بە ئامێری خاوەن هێزی خۆڕێکخەر و خۆجوڵێنەر، گۆشیان دەکات، بەم شێوەیە پێشبینییەکەی بیتلەر بەجێ دەهێنێت کە ئیتر ئامێرەکان دەست دەکەن بە هاوردنی ئامێری تر.
بیتلەر نووسیویەتی، “بەڵام، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ، ماشێنەکان زیاتر بەسەرماندا زاڵ دەبن؛ ئێمەش زیاتر ملکەچیان دەبین؛ ژمارەی ئەو مرۆڤانەش زیاد دەکات کە دەبنە کۆیلەی خزمەتکاریان، ژمارەی زیاتریشیان وزەی ژیانی خۆیان بۆ گەشەپێدانی ژیانی ئامێرانە تەرخان دەکەن. بە کورتییەکەی، مەسەلەکە تەنها پرسی کاتە؛
بەڵام هیچ کەسێک کە خاوەن بیرکردنەوەی فەلسەفی ڕاستەقینە بێت، بۆ ساتێکیش ناتوانێت گومان لە هاتنی زەمەنێک بکات کە ئیتر ئامێرەکان سەروەری تەواویان بەسەر جیهان و دانیشتواندا دەبێت. “کاتێک ئامێرەکان دەسەڵاتی ڕەها بەسەر جیهان و دانیشتووانەکەیدا دەگرن”. نووسەر باسی لەوەش کردووە کە مرۆڤ بە دەستی خۆی جێنشین بۆ خۆی دروست دەکات، ناسکی و جوانییەکی بۆ زیاد دەکات کە لە ڕووی فیزیاییەوە ڕێکی بخات و هێزی گەورەتری بداتێ. هەروەها هەموو جۆرە فێڵێکی داهێنەرانە بۆ ئەم هێزە “خود کاری و خۆڕێکخەرە” دابین دەکات، کە وەک عەقڵی ڕەگەزی مرۆیی دەبێت.
ئەوەی لە نامەکەدا سەرنجڕاکێشە، ئاماژەکردنە بۆ ئەوەی کە ئێمە “لەگەڵ تێپەڕبوونی نەوەکاندا، بەچاوێکی بچووکەوە ڕەگەزی خۆمان دەبینین؛ هێزێکین لە خوارەوە، لە خوار ئەو خەسڵەتە ئەخلاقییەی لە ددان بەخۆگرتندا بەرجەستە دەبێت. ئێمە سەیری ئامێرەکان دەکەین وەک لوتکەی هەموو ئەو شتانەی کە باشترین و ژیرترین مرۆڤ دەتوانێت ئاواتەخوازیان بێت.” بەڵام لە کۆتاییدا بیتلەر داوای لەناوبردنی ئامێرەکان دەکات پێش ئەوەی مرۆڤ خو بە کۆیلایەتی میکانیکییەوە بگرێت. لەم بارەیەوە دەنووسێت، “ئەگەر بەوە ڕازیبین کە لە ناوبردنی ئامێرەکان لە دۆخی ئێستای کاروباری مرۆڤایەتیدا کارێکی مەحاڵە، ئەمە یەکسەر دەیسەلمێنێت کە زیانەکان ڕوویانداوە، کۆیلە بوونیشمان بەڕاستی دەستیپێکردووە. ئێمە تەنها نەکەوتووینەکە ژێر دەسەڵاتی خاوەن کۆیلە، بەڵکو بە کۆیلە بوونەکەمان ڕازی بووین.
دوو ساڵ دوای بڵاوبوونەوەی پێشبینییەکەی بیتلەر، ئابووریناسی ئینگلیزی ویلیام ستانلی جیڤۆنس باسی ڕۆڵی پێشکەوتنە تەکنەلۆژییەکانی کرد، نەک تەنها لە کاراکردنی بەکارهێنانی خەڵووز، بەڵکو چۆن بووە هۆی زیادبوونی بەکارهێنانەکە لە ژمارەیەکی فراوانی سێکتەری پیشەسازیدا. جیڤۆنس لە کتێبی “مەسەلەی خەڵووز”دا، کە ساڵی 1865دا بڵاوکراوەتەوە، کارایی بەکارهێنانی خەڵووز بەهۆی داهێنانی بزوێنەری هەڵمەوە، دەبەستێتەوە بە ڕەفتاری مرۆڤەوە بەرامبەر زۆری و کارایی.
هەتا دەرهێنان و بەکارهێنانی خەڵوز کاراتر بێت، سەرچاوەکە هەرزانتر و سەرنجڕاکێشتر دەبێت،
ئەمەش خواست زیاد دەکات و دەرگا بەڕووی بەکارهێنانی نوێ و هەمەچەشن لە کەرتە جیاوازەکاندا دەکاتەوە، کە ئەگەری هەیە ببێتە هۆی کەمبوونەوەی سەرچاوەکان. جیڤۆنس لەم بارەیەوە نووسیویەتی “هەڵەیە ئەگەر وا بیر بکەینەوە کە دەستگرتن بە سووتەمەنییەوە، یەکسانە بە کەمبوونەوەی بەکارهێنان. ڕاستییەکە تەواو پێچەوانەیە”.[2]
جیڤۆن لەم چوارچێوەیەدا جیاوازیی دەکات لە نێوان بەکارهێنانی ماڵان و چاوچنۆکیی کارگەکان بۆ خەڵووز. بەکارهێنانی ماڵان لە سنووری پێداویستیی بایۆلۆژی و جەستەییەی خێزان و تاکەکاندا دەمێنێتەوە وەک (گەرمکردنەوە، چێشت لێنان و هتد)، لە کاتێکدا بەکارهێنانی پیشەسازی ڕۆژانە لە پێناو بەرهەمهێنان و قازانجدا فراوانتر دەبێت. جیڤۆنس سەبارەت بەم پارادۆکسە نووسیویەتی: “بەکارهێنانی خەڵووز لە سۆپەی ماڵاندا مەسەلەی پشوودانەو پێداویستییەکی سنووردارە، مرۆڤ پێویستی بە گەرمییەکی دیاریکراو هەیە لە ماڵاندا، سووتەمەنی هەرزانیش بێت، هەر ئەوەندەی پێویستە کە لە سنووری پێدوایستی بیۆلۆژی و فیزیکیدایە، بەڵام بەکارهێنانی خەڵووز لە پیشەسازیدا جیاوازە. ئەو شادەماری بازرگانیی مۆدێرنمانەو لەگەڵ کەمبوونەوەی تێچووی بەرهەمهێنان لەپای بەکارهێنانی ئابووریی سووتەمەنی، بازاڕی بەرهەمەکانمان بەردەوام فراوان دەبن”.[3] لەمەوە فەلسەفەی ئابووری ژینگەیی سەریهەڵدا، کە لە بازنەکانی ئابووریدا بە “پارادۆکسی جیڤۆن” ناسراوە.
ئەمڕۆ ئێمە لە وردەکارییەکانی ئەو پێشبینییەدا دەژین کە بیتلەر و جیڤۆنس لە نیوەی دووەمی سەدەی نۆزدەهەمدا پێشکەشیان کردووە. لەگەڵ زیادبوونی پرۆسەی چارەسەری داتادا، خواست لەسەر خزمەتگوزارییە دیجیتاڵییەکان زیاتر دەبێت، ئەمەش لە پێناو بوونەوەرێکی نوێ کە ناوی ژیریی دەستکردەو دەتوانێت لە 90%ی کارەکانی مرۆڤ جێبەجێبکات، بەڵام ئەم بوونەوەرە بە بەراورد لەگەڵ مرۆڤدا دوو هێندە بەکاربردنی سەرچاوە سروشتییەکان و دە هێندەش بەکاربردنی وزەی پێویستە. بۆ نموونە لە بواری پرۆگرامینگدا کە ژیریی دەستکردی تیا بەرەو پێش دەچێت، ئامێرەکان بە تەواوی جێگەی ئەندازیارانی پرۆگرامینگ دەگرێنەوە. ئەمە لێدوانی بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای Anthropic ژیریی دەستکرد (داریۆ ئامۆدی)یە، کە لە پۆدکاستی Lex Fridman ساڵی 2024 وتی “پێموایە شەش بۆ دوانزە مانگ لە مۆدێلێکەوە دوور بین کە زۆرترین، با بڵێین لەوانەیە هەموو ئەو کارانە بکات کە ئەندازیارانی پرۆگرامینگ دەیکەن”. [4]
هێشتا مشتومڕێکی زۆر لە سەر ڕۆڵی کاریگەری ژیریی دەستکرد (ژیریی دەستکرد) لەسەر شارستانیەتی مرۆڤ و سیستمی ژینگەیی زەوی هەیە. لە بەرامبەریشدا هیوای زۆر چنراوە لەسەر بنەمای ڕۆڵی
“بەڵێندەر”ی ژیریی دەستکرد لە باشترکردنی زەوی و سیستمە ژینگەییەکانیدا. بەڵام ئەم ڕۆڵە بە تەم و مژو ناڕوونییەکی زۆر داپۆشراوە. ئەگەر داوا لە خودی سیستمەکانی ژیریی دەستکرد بکەین سروشتی ڕۆڵی خۆیان لەم ڕووەوە ڕوون بکەنەوە، ئەوا ئەم وەڵامانەی خوارەوەمان دەستدەکەوێت:
یەکەم: توانای ژیریی دەستکرد بۆ پێشبینیکردنی ڕووداوە توندەکانی کەشوهەوا وەک شێوازی با، شێ، لافاو، بەرزبوونەوەی پلەی گەرما لە جیهاندا، هەروەها خۆڵبارینی بەردەوام لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوور و ڕۆژئاوای ئەفریقا.
دووەم: بەڕێوەبردنی ژیرانەی سامانە سروشتییەکان، وەک کشتوکاڵی زیرەک، ئاودێری و بڕی وردی ئاوی پێویست بۆ هەر کێڵگەیەک، زوو دەستنیشانکردنی نەخۆشییە ڕووەکییەکان، و باشترکردنی بەکارهێنانی قڕکەر و پیتێنەرەکان.
سێیەم: بەڕێوەبردنی ئاو، وەک باشترکردنی کارکردنی بەنداوەکان، چاودێریکردنی زیرەکی دزەکردنی ئاو، شیکردنەوەی شێوازی وشکەساڵی، و پێشبینیکردنی ئاستی شۆری و پیسبوون لە دەرەچە ئاوییەکاندا.
چوارەم: پاراستنی سیستمی ژینگەیی و هەمە-جۆریی، لەوانە چاودێریکردنی دارستانەکان، ڕاوکردن، کەمبوونەوەی هەندێک جۆر پێش لەدەستچوونیان یان لەناوچوونیان، هەروەها گیانلەبەرە کێوییەکان لە ڕێگەی بەکارهێنانی کامێرای زیرەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان.
پێنجەم: خێراکردنی گواستنەوە بۆ وزەی پاک و بەرەنگاربوونەوەی پیسبوون و بەڕێوەبردنی پاشماوە. ئەم خاڵەی کۆتایی پڕە لە نادڵنیایی، چونکە ناوەندەکانی داتا و سێرڤەرەکان لەڕادەبەدەر وزە و ئاویان پێویستە؛ کە ئەم نووسینە ئامانجیەتی لێی بکۆڵێتەوە.
جگە لە زیادەڕۆیی لە بەکارهێنانی ئاو و وزە لە ناوەندەکانی داتادا، دەرهێنانی کانزا دەگمەنەکانی زەوی بۆ چیپی ئەلیکترۆنیی، فشارێکی بەرچاو دەخاتە سەر سیستمی ژینگەیی و سەرچاوە سروشتییەکان، ئەمەش سەرچاوەی پیشەسازییە پیسکەرەکانە. کارایی و خێراکردن لە پیشەسازییەکانی نەوت، کانگا، چیمەنتۆ، کەشتیوانی خێرا و کشتوکاڵی پیشەسازی زیرەکدا بەشدارییەکی بەرچاویان هەیە لە خێراکردنی کەمبوونەوەی سامانە سروشتییەکان و درێژکردنەوەی تەمەنی پیشەسازییە پیسکەرەکان، نەک خێراکردنی گواستنەوەی وزە. لێکۆڵینەوە لە دەرەنجامی ژیریی دەستکرد بۆ سەر سیستمە ژینگەییەکان و شارستانیەتی پێشکەوتووی مرۆڤایەتی، سێ مەترسی سەرەکی دەستنیشان دەکات کە هەریەکەیان وردەکاری تایبەتی خۆی هەیە. لێرەدا تەنها لەسەر وزە و ئاو دەوەستین.
ناکرێت لە ئاست سوودە چاوەڕوانکراوەکانی ژیریی دەستکرددا، وەک باشترکردنی بەرهەمی کرێکاران تا دەگاتە پێشخستنی توێژینەوە زانستییەکان، چاو دابخەین، بەڵام ناکرێت ئەوەشمان لەبیر بچێت کە کاریگەرییە ژینگەییەکانی زۆرن و ئەستەمە ئامار بکرێن. ئەوەی لەبەر چاوان ڕوونە،
ئەوەیە کە توانای کەمپیوتەریی خوازراو بۆ ڕاهێنانی مۆدێلی ژیریی دەستکرد لە بەرهەمهێنانی ناوەڕۆکدا، پێویستی بە ڕێژەیەکی زەبەلاحی وزە هەیە، کە دەبێتە هۆی زیادکردنی دەردانی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن دەیان جار زیاتر لەوەی کە هەیە. ناوەندەکانی ژیریی دەستکرد کە بە گەرمی و ساردی دیاریکراو کۆنترۆڵ دەکرێن و ژێرخانی دیجیتاڵیی زەبەلاح لە خۆدەگرن “حەوت بۆ هەشت هێندەی کارێکی حیساباتی نموونەیی وزەیان پێویستە”.[5]
لە ڕووی کارکردنەوە، ژیریی دەستکرد بەکاربەرێکی زۆری وزەیە بە بەراورد لەگەڵ بزوێنەری گەڕانی تەقلیدی وەک گوگڵ؛ یەک پرسیار لە ژیریی دەستکرد نزیکەی 2.9 وات کاتژمێر بەکاردەهێنێت، کە 10 هێندەی ئەو ڕێژەیەیە وزەیە کە بزوێنەری گەڕانی تەقلیدی بەکاردەهێنێت (0.3 وات کاتژمێر).
کاریگەرییە سەرەکییە ژینگەییەکانی ژیریی دەستکرد لە دوو قۆناغدایە: (ڕاهێنان و ساردکردنەوە). ڕاهێنانی مۆدێلی زمانەوانیی گەورە نزیکەی 50 گیگاوات کاتژمێر (GWh) بەکاردەهێنێت، هەرچی سیستمی ساردکردنەوەی سەنتەری داتاکانە نزیکەی 40%ی کۆی وزەی کارەبایی تەرخانکراو بەکاردەهێنێت بۆ کەمکردنەوەی گەرمی دەردراو لەلایەن یەکەکانی پرۆسێسی چارەسەری گرافیک (GPUs) . لەگەڵ تێپەڕاندنی یەک هەزار تێراوات کاتژمێر (TWh) وزە بە شێوەیەکی ساڵانە لە ئاستی جیهاندا، ئالنگاری ڕاستەقینە لە هاوسەنگکردنی کارایی شیکاریدا دەبێت لەگەڵ بەردەوامیی سەرچاوە سروشتییەکان. بەپێی زانیارییە بەردەستەکان، ژیریی دەستکرد و ناوەندەکانی داتا لە ساڵی 2026دا بەقەد وڵاتانی پیشەسازی گەورەی وەک ژاپۆن یان ئەڵمانیا ساڵانە وزە بەکاردەهێنن، ئەمەش وایکردووە کۆمپانیاکان بەدوای ئەوەدا بگەڕێن کە وەبەرهێنان لە بنکەی بچووکی ئەتۆمیدا(SMR) بکەن بۆ دابینکردنی ئەم داواکارییە گەورەیە.
هەرچەندە پێداویستیی ناوەندەکانی داتا بۆ وزە لە توێژینەوەکاندا جێگەی گرنگیی زیاترن، بەڵام کاریگەرییەکانی بڕێکی زۆری ئاو بۆ ساردکردنەوەو پاراستنی ئەم دامەزراوانە لە گەرما بۆ سەر ژینگە، نەک تەنها لەسەر ژیانی مرۆڤ، بەڵکو مەترسییان بۆ سەر هەمە-جۆریش هەیە. هەر کیلۆوات کاتژمێرێک وزە کە سەنتەری داتا بەکاردەهێنێت، پێویستی بە دوو لیتر ئاو هەیە بۆ ساردکردنەوە.[6] ئەم ساردکردنەوەیە Cloude Computing (پەخشی هەوری)ش دەگرێتەوە، چونکە لە بنەڕەتدا ناوەندەکانی داتا لەسەر زەوین نەک لە ناو هەورەکاندا، ئەمەش کاریگەری ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی لەسەر هەمە-جۆریی هەیە.
لەسەر بنەمای ئەو زانیاریانەی سەرەوە، ناوەندەکانی داتا کە ساڵانە لە نێوان 1000 بۆ 1050 تێراوات کاتژمێر وزە بەکاردەهێنن، پێویستیان بە نزیکەی 2.1 تریلیۆن لیتر ئاو هەیە بۆ ساردکردنەوە. ئەم بڕە ئاوەش یەکسانە بە نزیکەی840 هەزار مەلەوانگە بە ستانداردی ئۆڵۆمپیی، کە ساڵانە بەشی زیاتر دوو ملیار مرۆڤ دەکات. پێشبینییەکەی ساموێل بیتلەر لێرەدا بە ڕوونی بەدی دێت، چونکە (ئامێرە ژیرەکەمان) نەک تەنها لەبری ئێمە بیردەکاتەوە، بەڵکو کێبڕکێی دڵۆپێک ئاویشمان لەگەڵدا دەکات.
بەو پێیەی ناوەندەکانی داتا ئاوی شیرین لە وێستگەو تۆڕەکانی ئاوی گشتی یان ئاوی ژێر زەوی بەکاردەهێنن، فشارێکی زۆر دەخەنە سەر سەرچاوەکانی ئاوی پاکی شیاو بۆ خواردنەوەو کشتوکاڵ و کۆمەڵگەکان، بەتایبەتی ئەو کۆمەڵگە لۆکاڵیانەی لەسەنتەرەکانی داتاوە نزیکن. هەڵبەتە ئەو ژمارانەی لێرەدا خراونەتەڕوو لەگەڵ پێشکەوتن و فراوانبوونی ژیریی دەستکرددا، زیاتر دەبن و کاریگەری ژینگەیی خراپ لە سێ ئاستدا بەجێدەهێڵن.
یەکەم: بەشداریکردن لە زیادبوونی دەردانی کاربۆن بۆ بەرگەهەواو خێراکردنی ڕیتمی گۆڕانی کەشوهەوا.
دووەم: زیادەڕۆیی لە ئیستغلالکردنی ئاوی شیرین، کە ئەمڕۆ لەبەر هۆکارگەلێکی زۆری پەیوەست بە گۆڕانی کەشوهەواو پیشەسازی و زۆریی دانیشتوانەوە، ڕووبەڕووی دەگمەنی و قاتوقڕیی بووەتەوە.
سێیەم: تێکدان و وێرانکردنی ژیانی هەمە-جۆریی لە ڕووبەرە ئاوییەکاندا.
کاریگەرییەکانی ئەم خاڵە کۆتایی پەیوەستە بە گەڕاندنەوەی ئاوی بەکارهێنراو لە پێناو ساردکردنەوەدا بۆ ناو ژینگە ئاوییەکان. ئەو گەرمییەی کە لەم ئاوە قورس و بەکارهێنراوەدایەو دەردەچێت، دەتوانێت پلەی گەرمای حەوز و ڕێڕەوە ئاوییەکانی نزیک ناوەندەکانی داتا بگۆڕێت. بۆیە ئەم داخوازییە زۆر لەسەر وزە و سەرچاوە سروشتییەکان بۆ پەرەپێدان و فراوانکردنی ژیریی دەستکرد، دژی هەوڵە جیهانییەکانە بۆ بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوهەواو ئالنگارییەکی قورسە لەبەردەم گەیشتن بە ئامانجەکانی گەشەپێدانی بەردەوامدا. دەرئەنجام، ئامێرەکان نەک تەنها خەسڵەتی ژیرێتیی لە مرۆڤ زەوت دەکەن، بەڵکو لەسەر داخوازییە سەرەتاییەکانی مرۆڤیش کێبڕكێ دەکەن، لەپێش هەموویانەوە وزەو ئاو.
[1] – Darwin Among the Machines. Open Access (CC BY-NC-SA 3.0.) | Felix Meiner Verlag, 2018 | DOI: 10.28937/ZMK-9-1
[2] – Coal Question; W. Stanley Jevons,1865, Chapter VII (Of the Economy of Fuel).
[3] – Coal Question; W. Stanley Jevons,1865, Chapter VII (Of the Economy of Fuel).
[4] – Dario Amodei: Anthropic CEO on Claude, AGI & the Future of ژیریی دەستکرد & Humanity: https://lexfridman.com/dario-amodei
[5] – Generative ژیریی دەستکرد’s environmental impact: Adam Zewe | MIT News, January 17, 2025 (Source)
[6] – Generative ژیریی دەستکرد’s environmental impact: Adam Zewe | MIT News, January 17, 2025 (Source).