گۆڤارێکی ڕۆشنبیری گشتیی وەرزییە، بەڕێوەبەرایەتی ڕۆشنبیری و ھونەری ڕاپەڕین دەریدەکات

متمانەی پەیوەندی؛ شامەرجی گەیشتن بە ئامانجەکانی فێرگە

شاڵاو خدر

مامۆستای ڕاهێنەر

 

قوتابخانە (فێرگە) یەکێکە له‌ دامەزاراوە گرینگەکانی کۆمەڵگە، کە تێیدا کۆمەڵێک لایەنی جیاواز لە کارلێکی بەردەوام و گشتگیردان بەمەبەستی، پەیدۆزیی و بەدیهێنانی ئامانجی هاوبەش. لە سیستەمی فێرکاریی فێرگەدا زۆر ڕەهەند و مەرج تاویان هەیە، تاوەکوو ئامانجەکانی فێربوون بەدیبێنن.

یەکێک لەو شامەرجە گرینگانەی ڕۆڵی هەیە «متمانەی پەیوەندی»ـە (Relational Trust)، کە دەرئەنجامی کارلێک و کاری بەردەوامی ڕۆژانەی هاوبەشە لەنێوان لایەنەکانی قوتابخانە (مامۆستا، فێرخواز، ڕێبەرایەتی و خێزان). ئەم جۆرە پەیوەندییە تێیدا، ڕێز، هاوکاری، لێهاتوویی و دادپەروەری بنچینەی سەرەکی پێکدێنن.

بنچینەکانی «متمانەی پەیوەندی» لە فێرگەدا:

١- ڕێزگرتن (Respect):

ڕێزگرتنی بێمەرج، لە بەستێنی کۆمەڵایەتیی فێرگەدا مەرجی بنەڕەتییە، پێویستە ڕێبەرایەتی، مامۆستایان، فێرخوازان و خێزان ڕێزی بێ مەرج لەئاست یەکتر بنوێنن بە جۆرێک بنەمای ئەو ڕێزە سنووری باوەڕ، ئایدۆلۆژیا و ئایین تێپەڕێنێت. هەروها گوێڕادێرانی قووڵ بەهەندگرتنی هەستی ئەوانی دیکە و بەهادان بە بیر و کاری کەسانی دیکە یەکێکە لە مەرجەکانی ڕاگرتنی هاوسەنگی پێکەوەیی لە قوتابخانە.

٢- بایەخدان بە کێشەکانی یەکتر (Personal Regard):

بایەخدان بەیەکتر و بەکێشەکانیان، هاوکاری لەنێوان پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکانی فێرگە، متمانەی نێوان تاکەکانی نێو فێرگە و خێزان. زەمینەی هاوکاری، پشتیوانی و کاری هاوبەش دروست دەکات بە جۆرێک هەمووان وەک یەکەیەکی گشتگیر لە ڕێگەی بیرۆکەبارانە ڕووبەڕووی گرفتەکان دەبنەوە بەشێوەی هاوبەش چارەدۆزی دەکەن و ئاڵنگارییەکان تێدەپەڕێنن.

٣- لێهاتوویی و توانای پیشەیی (Competence):

 

لەنێو فێرگەدا پرسیاری قووڵ لەسەر کارامەییەکان و توانستی پیشەوەرانەی ئەندامان دێتە نۆڕین، باوەڕ وایە پێویستە هەر ئەندامێکی فێرگە لە پیشەی خۆیدا تواناداربێت و لێهاتوو بێت و ئەرکەکانی خۆی باش بناسێ و فێربوونی پیشەوەرانەی خۆی گەشە پێبدات. ئەگەر هاوکار و هاوپیشەکانی پێویستیان بە کۆمەک و پشتیوانی هەبێت بەهۆی ئەو کەشە ئەرێنییە و هەستی بەرپرسیارەتی و متمانەی نێوانیان بەدەم هاوپیشەکانی دەچێت، تاوەکوو یارمەتییان بدات.

٤– ڕاستگۆیی و پابەندبوون بە بەهاکان (Integrity):

کەشی دۆستانە و هاوکارانەی فێرگە ڕێڕەوێکی بەهادارانەی ئەخلاقی هەیە، بەجۆرێک بنەماکانی دادپەروەری و ڕاستگۆیی پێوەر و گرینگی خۆیان هەیە. ئەندامانی فێرگە سەرسەختانە بەرگرییان لێ دەکەن و بەباوەڕەوە دەیانپارێزن، چونکە پێیان وایە بنەمایەکی هەرە گرینگی پیشەیین، وەک بەهایەکی گەردوونی قووڵ و فراوان دەیانپارێزن.

بنەماکانی متمانە و ڕەنگدانەوەی کردەیی لەنێو فێرگەدا:

-لەنێو فێرگەدا ئەرکی ڕێبەرایەتیی سازکردنی ژینگەیەکی فێرکارییە تاوەکوو مامۆستایان و فێرخوازان بتوانن ئەو ئامانجە هاوبەشانە بەدیبهێنن کە هەمووان لەپێناویدا دەکۆشن. ڕوونە کە بەستێنی کارکردن لە فێرگەدا بەدەر نییە لە کێشە و ئاڵنگاری لەڕووی چۆنایەتیی و بەتەنها چارەکردنی بۆ لایەنێک نەکردەیە. کاتێک مامۆستایەک ڕووبەڕووی کێشەی کەمی کات، یان گرفت لە بەڕێوەبردنی ڕەفتاری فێرخوازەکانی دەبێتەوە، بەڕێوەبەر پێی دەڵێت: «من بەقووڵی گوێڕادێری تۆم، لە گرفتەکەت باش تێدەگەم. ئەگەر کێشەت لەگەڵ کات، یان بەڕێوەبردنی پۆلەکەدا هەیە، من لێرەم تاوەکوو یارمەتی تۆ بدەم، وەرە با بەیەکەوە چارەی بکەین. مامۆستا متمانەدارە بە بەڕێوەبەر، چونکە دەزانێت ئەو لێزان و شارەزایە لە توانستی پێداگۆگیی فێرکاری. بەڕێوەبەر ڕاستگۆیانە و دادپەروەرانە مامەڵە لەگەڵ دۆخەکەدا دەکات و پابەندی ئەو دەرئەنجامانە دەبێت کە بەشێوەی هەره‌وەزی لەنێوان هەموواندا تەنانەت فێرخوازەکانیش ڕۆڵیان دەبێت و بڕیاری لێ دەدەن بێ ئەوەی ماف و بەهای هیچ لایەک پێشێل بکرێت».

-مامۆستا ڕێبەر و ئاسانکارە لە پۆلدا، فێرخوازێک لەکاتی وانەدا پابەندی ئەو یاسایانە نابێت کە لەسەرەتای ساڵ پۆلەکە بەهاوبەشی دایانڕشتوون، مامۆستا دانیشتن لەگەڵ فێرخوازەکەیدا دەکات و گوێی لێ دەگرێت و هاوسۆزیی دەکات بێ ئەوەی سەرزەنشتی بکات، هەوڵ دەدات پێویستی و گرفتە قووڵ و نائاگاکانی بناسێت و کاتی بۆ تەرخان بکات و یارمەتی بدات، مامۆستا توانایە لە پەیوەندی و چارەدۆزیی ناکۆکی و ناسینی کەسێتی. مامۆستا دادپەروەرە مافی هەمووان دەپارێزێ و ئەوەی کە بەهاوبەشی بڕیاریان لێیداوە جێبەجێی دەکات و پارێزەری هەمووانە بێ جیاوازی.

-مامۆستا خۆی بە بەرپرسیار دەزانێ بەرامبەر بە فێربوونی تاک تاکی هەر فێرخوازێک، فێرخواز هەن ئاستەنگی فێربوونیان هەیە، مامۆستاش نۆڕینی قووڵی هەیە و فێرخوازەکەی خۆی باش دەناسێت، بەڵام ئەو گرفتە لەگەڵ دایک و باوکی فێرخوازەکە بەش دەکات، ئەوان بەیەکەوە دادەنیشن و گوێگرێکی باش دەبن و ڕێزی زۆر لە ئاست یەکتر دەنوێنن. مامۆستا و دایک و باوک کات بۆ یەکتر تەرخان دەکەن و بیردانەوە بۆ دۆخی فێرخوازەکە دەکەن و بەهاوبەشی بەیەکەوە چارەی بکەن. مامۆستا کارامە و توانایە لە هەڵسەنگاندن، هەموارکردن و داڕشتنی پلانی فێرکاریی گونجاو بەجۆرێک شایستەی فێربوونی ئەو فێرخوازە بێت، بەو جۆرە ئەو هەموارە بەیەکەوە بەش دەکەن و ئەرکی هەریەکێکیان (مامۆستا و دایک و باوک) دیاری دەکرێت. لە کۆتادا هەمووان خۆیان بە بەرپرسیار دەزانن و دادەپەروەرانە ئەرکی خۆیان جێبەجێ دەکەن، بێ ئەوەی لایەنێک بەتەنها بە بەرپرسیار یان کەمتەخەم بزانن و یەکتر تۆمەتبار بکەن.

-پۆلی وانەخوێندن پێویستە بنگەیەکی ئاسوودە بێت، فێرخواز بەڕاوێژ و دڵخوازی خۆی ئەو پۆلە هەڵدەبژێرێ کە هاوڕێ و نزیکەکانی تێدان. هەندێکجار ڕێدەکەوێ، هەندێک فێرخواز ڕەتی دەکەنەوە بچنەوە بۆ فێرگە و ناڕازین لەوەی لە پۆلەکانیان دابنیشن، چونکە هاوڕێکانی لە پۆلەکەی دیکە وانە دەخوێنن ئەویش ترس و هەستی تەنهایی دادیدەگرێ؛ دایک و باوک  پەیوەندی دەکەن بە فێرگە هەوڵی چارەکردنی ئەو کێشە دەدەن، ڕێبەرایەتیی فێرگە بەڕێزەوە گوێڕادێری داواکارییەکانی فێرخواز و خێزانەکەی دەبێت و ڕێز لە هەست و داواکاری ئەوان دەگرێ. بەڕێوەبەر بەدواداچوون بۆ کێشەکە دەکا و بەوان دەڵێ دەمەوێ یارمەتیتان بدەم و خواستی داواکەتان بەدی بێنم. ڕێبەرایەتی شارەزایی ڕشتەکانی دەروونناسی و کۆمەڵناسییە، لەوبارەوە هەست و پەیوەندی تاک لەتەک ئەوانی دیکە بتر دەرک دەکا. ڕێبەرایەتیی باوەڕی تەواوی بە دادپەروەری نێوان هەموو لایەنەکانی قوتابخانە هەیە، ئەو ماف و داواکارییەکان بەشایستەی هەمووان دەزانێ.

لە کۆتادا، متمانەی پەیوەندی ئاسانکاری دەکات بۆ بەدواداچوون و پشکنینی ستاندارە هاوبەشەکانی فێربوون. تاقیکردنەوەی نوێ دێنێتە ئارا، چونکە مامۆستا هەست بە پشتیوانی و هاوکاری بەڕێوەبەر و هاوڕێکانی دەکات. ئەو پەیوەندییە لەنێوان مامۆستایان دەرفەتی سەردانگۆڕکێی نێوانیان ساز دەکات کە زەمینەی دیداکتیکی هاوبەش دەسازێنێ.

دایک و باوک لە ڕێگەی متمانەوە وەک یەکەیەکی هاوبەش پەیوەندی زیاتر و هەماهەنگی باشتر لەگەڵ فێرگەدا دەکەن و هاوکار دەبن. هەموو ئەوانە گۆڕانکاری گەورە دروست دەکەن و فێرگە زیاتر و باشتر گەشە دەکا.

ئەو کارلێکە کۆمەڵایەتییە کە لە فێرگەدا دەستاوێژێکی گرینگە بۆ بنیادنانی متمانە، پەیوەندیی ئەرێنی لەنێوان لایەنەکان. سازدانی گفتوگۆ، هاوکاری یەکدیکە، بیرۆکەی نوێ و گۆڕانکاری، دواجار گەشەکردنی فێرگە و فێربوونی باشتر.

 

 

سەرچاوەکان:

 

– Bryk, A. S., & Schneider, B. (2002). Trust in Schools: A Core Resource for Improvement.

Russell Sage Foundation.

–  Niedlich et al. (2021). A comprehensive view of trust in education: Conclusions from a systematic literature review. Review of Education.

– ​Arevik, S. (2021) -مامۆستا و هونەری ڕێبەرایەتی. تەرجەمە: شەفیق، ئا. تۆڕی فێرکاری برادۆست / سەکۆی زانیاری مامۆستا.