
ڕەها ئەبوبەکر | دەرمانساز
گەڕان بەدوای تیماردا، هاوتەمەنی مێژووی مرۆڤایەتییە. مرۆی سەرەتایی، بەهۆی پاڵنەری زگماکی و تێبینیکردنی بەردەوامی ژینگەی دەوروبەرییەوە، هێدی هێدی فێری ئەوە بوو بۆ کەمکردنەوەی ئازارەکانی، پەنا بۆ سروشت ببات. تێبینیکردنی ڕەفتاری ئاژەڵان کاتێک نەخۆش دەکەوتن، بۆ ناسینی سوودە چارەسەرییەکانی گەڵا و ڕووەکەکان، فرە یارمەتیدەر بوو. ئاوی سارد، گەڵا و قوڕ لە یەکەمین چارەسەرەکان بوون مرۆڤ بۆ هێورکردنەوەی زامەکانی دەکاری بردووە. ئەم سەرەتا زۆر سادەیە، بنەمای زانستێکی پێكهێنا کە بوو بە کۆڵەکەی مانەوەی مرۆڤ.
کۆنترین تۆماری نووسراو لەسەر بەکارهێنانی ڕووەک بە ئارمانجی چارەسەر، دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی سۆمەرییەکان، کاتێک ڕووەکی کەمبەریان (Capparis spinosa) بەکار هێناوە (١) [١]. ئەم ڕووەکە لە دەڤەرە شاخاوییەکانی نزیک میسۆپۆتامیا دەڕوێت و بەرگەی سەختی کەشوهەوا دەگرێت. سۆمەرییەکان، لە ڕێی تاقیکردنەوەی بێپسانەوەوە بۆیان دەرکەوتووە ئەم ڕووەکە سوودی تەندروستیی گرنگی هەیە؛ پزیشکی ئیمڕۆش سەلماندوویەتی کەمبەر دەوڵەمەندە بە ماددەی زیندەچالاک، بەتایبەت پێکهاتەی «ڕووتین» کە دژەهەوکردن و دژەئۆکسێنەرێکی(٢) بەهێزە بۆ پاراستنی جگەر و جڵەوکردنی شەکرە. بەم جۆرە، مرۆڤی دێرین هەر لە سەرەتاوە بە تێگەیشتن لە ژینگەکەی، یەکەم بەردی بناغەی پزیشکیی دانا.
میسۆپۆتامیا و زاگرۆس: لانکەی دێرینی دەرمانسازی
کۆنترین بەڵگەی نووسراو تێیدا باس لە پیشەی دەرمانسازی کرابێت، دەگەڕێتەوە بۆ دەوروبەری ساڵانی ٢٦٠٠ی پێش زایین لە شاری بابلی میسۆپۆتامیا [١]. لەم قۆناغەدا، دوو جۆر پزیشک لە کۆمەڵگەدا هەبوون؛ یەکەمیان پێی دەگوترا «ئاشیپو» (Ashipu) کە زیاتر پیاوێکی ئایینی و ڕوحانی بوو، نەخۆشییەکانی بە نزا و ڕێوڕەسمی جادوویی تیمار دەکرد. جۆری دووەمیان پزیشکە کردارەکییەکە بوو، پێی دەگوترا «ئاسو» (Asu)؛ ئەم کەسە مامەڵەی ڕاستەوخۆی دەگەڵ ڕووەکاندا هەبوو، گیای دەکوتا و دەرمانی چێ دەکرد. دەقە پزیشکییەکانی ئەو سەردەمە، لەسەر خشتی قوڕین و بە ڕێنووسی بزماری دەنووسران؛ سەرەتا نیشانەکانی نەخۆشییەکەیان دەنووسی، پاشان جۆری دەرمانەکە و شێوازی ئامادەکردنی، لە کۆتاییشدا نزایەکیان دەنووسی بەو ئومێدەی خواکان شیفا بە نەخۆشەکە ببەخشن.
لەو سەردەمەدا، کەڵک لە کەرەستە سروشتییەکانی وەک ڕۆنی دارئەرز، گەڵای سەروو، بەڕوو و تۆوی کەتان دەبینرا. بۆ ڕەواندنەوەی تاڵیی دەرمانەکانیش،
شەربەتی هەنجیریان بەکار دەهێنا. بگرە لە جۆ، خواردنەوەیەکیان لە چەشنی بیرە دروست دەکرد و وەک دەرمان دەیان خواردەوە.
ئەم ڕابردووە دێرینە، لەسەر خاکی کوردستان و ناوچە شاخاوییەکانی زاگرۆس، ڕەگوڕیشەیەکی قووڵتری هەیە. پشکنینەکانی شوێنەوارناس ڕاڵف سۆلێکی لە ئەشکەوتی شانەدەر، ڕاستییەکی سەرسوڕهێنیان وەدەرخست کە مێژووەکەی بۆ ٣٥٠٠٠ تا ٦٥٠٠٠ ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە. لەوێ، گۆڕی بنیادەمێکی نیاندەرتاڵ دۆزرایەوە لەگەڵ چەندان جۆر گوڵ و ڕووەکی دەرمانیی کێوی وەک بەیبوون و بەڕەزا (Achillea spp.) نێژرابوو (٣) [٢]. دۆزینەوەکەی شانەدەر، پێوەندیی دێرینی زاگرۆسییەکان دەگەڵ ڕووەکی دەرمانیدا دەردەخات؛ پێوەندییەک هەر زوو بوو بە بەشێک لە نەریت و شێوەژیانیان.
دەڤەری زاگرۆس، بەهۆی هەڵکەوتە جوگرافییەکەی و جیاوازیی کەشوهەواکەیەوە، ژینگەیەکی زۆر لەبار بووە بۆ گەشەکردنی ڕووەکە دەرمانییەکان. لێکۆڵینەوە ئەتنۆبۆتانییەکان (Ethnobotanical studies) (٤) بەڕوونی ئەو ڕاستییە دەسەلمێنن؛ کەلەپووری پزیشکیی کوردی پشتی بە تاقیکردنەوەیەکی قووڵی مەیدانی و چاودێریی وردی سروشت بەستووە. بۆ نموونە، توێژینەوەیەکی زانستی لەسەر بەکارهێنانی نەریتیی دارەبەن یان قەزوان (Pistacia atlantica subsp. kurdica) لە ناوچەکانی باشووری کوردستان، دەری دەخات ئەم ڕووەکە پێگەیەکی گرنگی لە تیماری نەریتیدا هەبووە [٣]. دانیشتووانی ناوچەکە، دەردراوی ئەم دارەیان (کە پێی دەگوترێت بنێشتی کوردی یان بنێشتە تاڵ) بۆ چارەسەری زیاتر لە بیست دۆخی تەندروستیی جودا، کەڵک وەرگرتووە. زانستی هاوچەرخیش، پشتڕاستی کردووەتەوە پێکهاتەی ئەم بنێشتە (بەتایبەت بەهۆی بوونی ترشە ڕەزینییەکان و ئەلفا-پاینین)، تایبەتمەندییەکی بەهێزی دژەهەوکردن و دژەبەکتریای هەیە، بەتایبەت دژی بەکتریای گەدە (Helicobacter pylori). لە ڕاستیدا، زانستی ئیمڕۆ هەمان سوودی بنێشتی کوردی بۆ ساڕێژکردنی برینی گەدە، باوبژ و دابەزاندنی چەوری دەسەلمێنێت.
لە لایەکی دیکەوە، جۆرەکانی پیاز و سیری کێوی (Allium) لە چیاکانی کوردستاندا، وەک پاککەرەوەی برین، چارەسەری هەوکردن و لەناوبەری کرمی ڕیخۆڵە سوودیان لێ بینراوە. ڕووەکەکانی کەلپوور یان مەریەمۆکە (Teucrium polium) و هەزاربەند (Polygonum aviculare) کە لە چیاکانی گارا و مەتین دەڕوێن، ڕاستەوخۆ بۆ چارەسەری هەوکردن و ساڕێژکردنی برین بەکار هاتوون. جگە لەمانەش، زاگرۆسییەکان بۆ ڕاگرتنی خوێنبەربوون و ساڕێژکردنی برین، سوودیان لە مازووی داربەڕوو (Quercus infectoria) كە دەوڵەمەندە بە ترشی تانیك، وەرگرتووە (٥). هەروەها، ڕەگی ڕێواس (Rheum ribes) بەهۆی بوونی ئەنتراکینۆن (٦) بۆ پاکژکردنەوەی کۆئەندامی هەرس و چارەسەری زەردوویی و، ڕەگی بەیۆک یان مەیخۆش (Glycyrrhiza glabra) بەهۆی پێکهاتەی گلیسیریزینەوە (٧) بۆ چارەسەری کۆکە و برینی گەدە بەکار هاتوون.
پێشەنگەکانی یۆنان و ڕۆما
شارستانەکانی یۆنان و ڕۆما، ڕۆڵێکی بەرچاویان لە ڕێکخستنی زانستی پزیشکی و دەرمانسازیدا هەبووە. سەرەتا، هیپۆکرات (بنەمادانەری زانستی پزیشکی) توانی پزیشکی لە جادوو و ئایین جوێ بکاتەوە و هۆکارەکانی نەخۆشی بە هۆکارە سروشتییەکانەوە ببەستێتەوە. لەدواییدا، زانای یۆنانی دیۆسکۆریدس،
شاکارێکی بە ناوی «کەرەستە پزیشکییەکان» (Materia Medica) نووسی [٤]. ئەم کتێبە بە شێوەیەکی ڕێکخراو باس لە تایبەتمەندیی زیاتر لە شەش سەد جۆر ڕووەکی دەرمانی دەکات و بوو بە یەکەمین سەرچاوەی متمانەپێکراو و لەدواتریشدا بۆ زیاتر لە ١٥٠٠ ساڵ وەک کتێبی سەرەکیی دەرمانسازان مایەوە. لە سەدەی دووەمی زایینیشدا، پزیشکی ڕۆمانی، گالین، یاسا و بنەمای دیاریکراوی بۆ چۆنییەتیی پێوانەکردن و تێکەڵکردنی پێکهاتەکان دانا، تا هەنووکەش لە زانستی دەرمانسازیدا بە «دەرمانسازیی گالینی» (٨) دەناسرێت [٤].
سەردەمی زێڕینی ئیسلامی و دامەزراندنی دەرمانسازیی ئەزموونی
لە سەردەمی خەلافەتی عەباسییەکاندا، کایەی دەرمانسازی گەورەترین وەرچەرخانی مێژوویی بەخۆیەوە بینی [٥]. لەم قۆناغەدا، زانایان توانییان پزیشکی لە زانستێکی بیردۆزیی پشتبەستوو بە تێڕامان و لێکدانەوەوە، بگوێزنەوە بۆ زانستێکی ئەزموونی تەواو لەسەر بنەمای تاقیکردنەوەی تاقیگەیی و دەرەنجامە کردارییەکان. گرنگترین هەنگاو بۆ سەربەخۆبوونی دەرمانسازی، دامەزراندنی یەکەمین دەرمانخانەی گشتی بوو لە دونیادا کە ساڵی ٧٥٤ی زایینی لە شاری بەغدا کرایەوە [٥]. ئیدی دەرمانسازی بوو بە پیشەیەکی فەرمی، دەبوو دەرمانسازان تاقیکردنەوە بکەن و مۆڵەت وەربگرن تا ڕێگری لە فەنگوفێڵ و فرۆشتنی دەرمانی ساختە بکرێت.
لەم هەلومەرجەدا، زانای هەڵکەوتووی کورد، ئەبووحەنیفەی دینەوەری (٨٢٨ – ٨٩٦ زایینی)، لەدایکبووی شاری دێرینی دینەوەر، دەورێکی پێشەنگ و دامەزرێنەری گێڕا. کتێبە بەناوبانگەکەی بە ناوی «کتێبی ڕووەکەکان» (كتاب النبات)، نەک هەر تەنێ بنچینەی زانستی ڕووەکناسی لە ڕۆژهەڵاتدا داڕشت، بگرە کاریگەرییەکی قووڵی لەسەر فەرهەنگسازی و زمانەوانیی ئەو سەردەمەش بەجێ هێشت و وشەسازیی پزیشکی ڕێک خستەوە [٦]. دینەوەری، شۆڕشێکی زانستیی بەرپا کرد کاتێک بۆ یەکەمین جار زیاتر لە شەش سەد و چل جۆری ڕووەکی بە شێوازێکی ئەکادیمی پۆلێن کرد و بەشێکی تایبەتی بۆ پۆلێنزانی و ڕەچەڵەکناسیی ڕووەکەکان (تجنيس النبات) تەرخان کرد [٧]؛ واتە دۆزینەوەی پێوەندیی خزمایەتیی نێوان ڕووەکەکان و ڕیزبەندکردنیان بەپێی خێزان و جۆرەکانیان، لەوەبەدوا زانایانی وەک بێرونی و ئیبن بەیتاڕ بەتەواوی پشتیان بەم شێوازەی دینەوەری بەست.
لە هەمان قۆناغدا، ئەبووبەکری ڕازی بە نووسینی شاکاری «گشتگیر» (الحاوي)، تەواوی زانستی پزیشکیی
سەردەمەکەی لە یەک سەرچاوەدا خڕ کردەوە. تایبەت بە بواری دەرمانسازیش، کتێبی «دەرماننامە»ی (القرابادين) (٩) وەک ڕێبەرێک بۆ چۆنییەتیی پێکهێنان و تێکەڵکردنی دەرمانەکان داڕشت. لە ڕووی کرداریشەوە، ڕازی لە بەکارهێنانی ڕەگی ڕووەکی سوورەنجان کە سەرچاوەی ماددەی کۆلچیسینە، بۆ چارەسەری نەخۆشیی دەردەشا (Gout)، پێشڕۆ بوو.
هاوکات، زانایانی وەک جابر ئیبن حەییان و ڕازی، بە گەشەپێدانی ڕێگەکانی دڵۆپاندن (Distillation) و دەرهێنان (Extraction) (١٠)، توانییان ڕۆنە بۆندارەکان (١١) جیا بکەنەوە و ماددە چالاکەکان پوخت بکەن؛ هەنگاوێک کە پزیشکی کۆنی بەرەو کیمیای دەرمانی هاوچەرخ ئاڕاستە کرد [٥].
گواستنەوە بۆ ئەورووپا و یاسای سالێرنۆ
پێش ئەوەی ئەورووپا یاسا بۆ ڕێکخستنی دەرمانسازی دەر بکات، ناوەندەکانی وەک ئەندەلوس و سیسیلیا ڕۆڵی پردێکیان بۆ گواستنەوەی زانست گێڕا. زانیارییە پزیشکییەکان لە ڕێگەی بزووتنەوەی وەرگێڕانەوە لە عەرەبییەوە کران بە لاتینی و گەیشتنە ئەورووپا. گەورەترین وەرچەرخانی یاسایی لە مێژووی دەرمانسازیی ئەورووپادا لە ساڵی ١٢٤٠ی زایینیدا هاتە کایەوە، کاتێک ئیمپراتۆر فریدریخی دووەم، فەرمانی دەرکردنی «یاسای سالێرنۆ»ی دا (١٢) [٨].
ئەم یاسایە بۆ وەی بوو ڕێ لە گەندەڵی و قۆرخکاری بگرێت. ئیمپراتۆر درکی بەوە کرد ئەگەر پزیشکێک خۆی نەخۆش ببێنێت و نەخۆشییەکەی دیاری بکات، خۆیشی دەرمانی بۆ ئامادە بکات و پێی بفرۆشێت، ئەوا ڕەنگە لەپێناو دەستکەوتی دارایی، دەرمانی زیاد و ناپێویستی پێ بدات، ئەمەش بۆ کۆمەڵگە بەزیان دەشکێتەوە. بۆیە، ئەم یاسایە بەتەواوی ئەوەی پاوان کرد پزیشک خاوەنی دەرمانخانە بێت یان پشکی لەگەڵ دەرمانسازدا هەبێت.
خاڵە سەرەکییەکانی یاساکە ئەمانە بوون:
- جیاکردنەوەی پیشەکان: کاری پزیشک تەنیا دەستنیشانکردنی نەخۆشییە، کاری دەرمانسازیش تەنیا ئامادەکردنی دەرمان.
- سوێندخواردنی یاسایی: دەرمانسازان ناچار کران سوێند بخۆن دەرمانی پاک و بێفرتوفێڵ بەپێی پێوەرە فەرمییەکان دروست بکەن و هیچ کەرەستەیەک لە خۆیانەوە نەگۆڕن.
- چاودێریکردنی نرخ: دەوڵەت نرخی دەرمانەکانی دیاری کرد بۆ ئەوەی ڕێگری بکات لە بەرزکردنەوەی نرخ لەسەر خەڵکی هەژار.
ڕەهەندە زانستییەکانی دەرمانسازیی هاوچەرخ
دەرمانسازی، لە سەدەی نۆزدەیەمدا گۆڕانێکی بنەڕەتیی بەسەردا هات. بەشێوەیەکی گشتی، تا پێش ئەم قۆناغە، زانایان پشتیان بە تێکەڵکردن و کوڵاندنی تەواوی گەڵا و ڕەگی ڕووەکەکان دەبەست، بەڵام لەگەڵ پێشکەوتنی زانستی ئەزموونیدا، توانییان ئەو ماددە چالاکانەی (Active Ingredients) بەرپرسیارن لە تیمارکردنی نەخۆشییەکان، لەنێو پێکهاتەی ڕووەکەکاندا جیا بکەنەوە.
دۆزینەوە و جیاکردنەوەی ماددەی مۆرفین لە شیرەی خەشخاش (Papaver somniferum) لە ساڵی ١٨٠٤ی زایینیدا لەلایەن کیمیازانی ئەڵمانیایی فرێدریش سێرتورنەرەوە (١٣) [٩]، ئەو بازدانە گەورەیە بوو کە دەرمانسازی لە پیشەی هاڕین و تێکەڵکردنی گیاوە، بۆ زانستێکی وردی کیمیایی گواستەوە. بەم هەنگاوە، زیانی لاوەکیی پێکهاتەکان کەم بوونەوە و ئاکامی چارەسەرەکان مسۆگەرتر و بەرچاوتر بوون.
زۆرینەی دەرمانە کیمیایییەکانی نووکە، ڕەگ و ڕیشەیان لە تاقیکردنەوە مەیدانییەکانی دەڤەری زاگرۆس و میسۆپۆتامیادایە. بەڵگەکانی ئەشکەوتی شانەدەر ئەو ڕاستییە دەسەلمێنن کە پەنابردن بۆ ڕووەکی دەرمانی، یەکەمین هەنگاوی زانستیی مرۆڤ بووە بۆ بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشی. لەگەڵ پێشکەوتنی دەرمانسازیی تاقیگەییدا، تەنیا شێوازی جیاکردنەوەی ماددە زیندەچالاکەکان گۆڕانی بەسەردا هاتووە، لە کاتێکدا سەرچاوە بنەڕەتییەکە وەک خۆی ماوەتەوە. بۆ نموونە، ئەو پێکهاتانەی لە کەلەپووری پزیشکیی زاگرۆسدا بەشێوەیەکی سەرەتایی بەکار دەهێنران، لە سەردەمی هاوچەرخدا بوونەتە بنەمای بەرهەمهێنانی دەرمانی مۆدێرن. کەوایە، دەرمانسازیی ئیمڕۆ درێژکراوە و بەرهەمی هەمان ئەو ئەزموونەی مرۆڤی دێرینە کە لە ڕووبەڕووبوونەوەی سروشتدا پێی گەیشتووە.
پەراوێزەکان
(١) کەمبەر (Capparis spinosa): ڕووەکێکی دەرمانی دەوڵەمەند بە پێکهاتەی زیندەچالاکی وەک ڕووتین (Rutin)، کە دژەئۆکسێنەر و دژەهەوکردنێکی زۆر بەهێزە.
(٢) دژەئۆکسێنەرەکان (Antioxidants): ئەو پێکهاتە کیمیایییانەن کە جەستە لە زیانی گەردیلە وێڵەکان (Free Radicals) دەپارێزن. گەردیلە وێڵەکان، گەردیلە یان ئاوێتەی ناجێگیرن کە بەهۆی کارلێکە زیندەیییەکانی ناو جەستە، یان بەرکەوتن بە تیشکی سەرووبنەوشەیی و هەوای پیسەوە پەیدا دەبن. بەهۆی ناجێگیربوونیانەوە، بەردەوام هەوڵی جێگیربوون دەدەن؛ بۆیە لەگەڵ گەردەکانی ناو خانەکانی جەستە کارلێک دەکەن و دەبنە هۆی تێکچوونی خانەکان و دواجار مەترسیی شێرپەنجە. بەڵام دژەئۆکسێنەرەکان ڕێگری لەم پرۆسەیە دەکەن؛ لەبری گەردەکانی خانە، خۆیان دەبەخشن بۆ جێگیرکردنی گەردیلە وێڵەکان و وەک پارێزەری جەستە کار دەکەن.
(٣) زانایان لە ڕێگەی تەکنیکی زانستیی شیکاریی هەڵاڵەی گوڵەوە (Pollen Analysis)، ئەوەیان سەلماندووە کە دانانی گوڵە دەرمانییەکان لە گۆڕی نیاندەرتاڵەکەی شانەدەردا بەمەبەست بووە، نەک بەڕێکەوت.
(٤) ئەتنۆبۆتانی (Ethnobotany): زانستی لێکۆڵینەوە لە پێوەندیی نێوان کولتووری گەلان و بەکارهێنانی ڕووەکە ناوچەیییەکان بۆ مەبەستی دەرمانی و خۆراکی.
(٥) ترشی تانیک (Tannic Acid): توانستێکی باشی لە پێکەوەلکاندنی پڕۆتینەکاندا هەیە. کاتێک برینێک بەر ئەم ترشە دەکەوێت، بەئاسانی پڕۆتینەکانی ناو خوێن بەیەکەوە دەلکێنێت و خوێنبەربوون دەوەستێنێت. بەهۆی دەوڵەمەندیی مازووی داربەڕوو بە ترشی تانیک، زاگرۆسییەکان وەک چارەسەرێکی خێرا بۆ وەستاندنی خوێنبەربوون کەڵکیان لێ وەرگرتووە.
(٦) ئەنتراکینۆنەکان (Anthraquinones): گرووپێکن لە پێکهاتە کیمیایییە سروشتییەکان کە لە ڕووەکەکانەوە دەردەهێنرێن و فرەفرمانن. دیارترین سوودیان چارەسەرکردنی قەبزییە، چونکە کۆئەندامی هەرس هان دەدەن تا ئاو و شلەکانی دیکە بەرەو ڕیخۆڵەکان کێش بکات، ئەمەش جووڵەی ڕیخۆڵەکان ئاسانتر دەکات. هەروەها وەک دژەهەوکەر و دژەئۆکسێنەر کار دەکەن و هەوکردنی جگەر و زراو کەم دەکەنەوە.
(٧) گلیسیریزین (Glycyrrhizin): پێکهاتەیەکی کیمیایییە لە ڕەگی ڕووەکی مەیخۆشدا، وەک پارێزەرێکی دیواری گەدە کار دەکات. ئەم پێکهاتەیە لێشاوی خوێن بۆ خانەکانی دیواری گەدە زیاد دەکات، کە یارمەتیی زوو ساڕێژبوونی برینەکانی گەدە دەدات. هەروەها خانەکانی دیواری گەدە هان دەدات بۆ دەردانی شلەی پارێزەر، تا ترشەڵۆکی گەدە هاوسەنگ بکاتەوە. لە لایەکی دیکەشەوە، بە شلکردنەوە و دەرکردنی بەڵغەم لە بۆرییەکانی هەناسەدا، وەک چارەسەرێکی کاریگەر بۆ کۆکە کار دەکات.
(٨) دەرمانسازیی گالینی (Galenic Pharmacy): بنەمای زانستیی ئامادەکردن و تێکەڵکردنی دەرمانەکان بە دەست (Extemporaneous Compounding) لەسەر داوای پزیشک و بەپێی ڕێژەی دیاریکراو.
(٩) کتێبی قرابادین (Pharmacopoeia): وشەیەکی ئەغریقی-عەرەبکراوە؛ وەک دەستووری فەرمیی دەرمانسازی وا بووە کە پێکهاتە، ژەمەدەرمان (Dose) و شێوازی ئامادەکردنی دەرمانەکانی ڕێک دەخست.
(١٠) دڵۆپاندن و دەرهێنان (Distillation & Extraction): دوو ڕێگەی بنەڕەتیی کیمیایین بۆ جیاکردنەوەی پێکهاتە زیندەچالاکەکان و بەکارهێنانیان لە دروستکردنی دەرماندا.
(١١) ڕۆنی بۆندار (Essential Oils / Volatile Oils): ئەو ڕۆنە خەستانەی ناو ڕووەکەکانن کە لە پلەی گەرمیی ئاساییدا بەئاسانی بەهەڵم دەبن و هەڵگری بەهێزترین پێکهاتە دەرمانییەکانی ڕووەکەکەن.
(١٢) یاسای سالێرنۆ (Edict of Salerno): لە مێژووی پزیشکیدا بە «ماگنا کارتا»ی (بەڵگەنامەی مافەکان) سەربەخۆییی پیشەی دەرمانسازی لە پزیشکی دادەنرێت (١٢٤٠ ز).
(١٣) فرێدریش سێرتورنەر (Friedrich Sertürner): کیمیازانی ئەڵمانیایی کە لە ساڵی ١٨٠٤دا بۆ یەکەم جار توانی ماددەی مۆرفین وەک ئەلکالۆیدێکی پەتی لە شیرەی خەشخاش جیا بکاتەوە، کە بووە خاڵی دەستپێکی سەرهەڵدانی دەرمانسازیی مۆدێرن.
سەرچاوەکان
[١] Scurlock, J. (2014). Sourcebook for Ancient Mesopotamian Medicine. Atlanta: SBL Press.
[٢] Pomeroy, E., Bennett, P., Hunt, C. O., Reynolds, T., Barker, G., & Lahr, M. M. (2020). New Neanderthal remains associated with the ‘flower burial’ at Shanidar Cave. Antiquity, 94(373), 11-26.
[٣] Ahmed, H. M. (2018). Traditional uses of Kurdish medicinal plant Pistacia atlantica subsp. kurdica Zohary in Ranya, Southern Kurdistan. Genetic Resources and Crop Evolution, 65(5), 1465-1473.
[٤] Touwaide, A., & Appetiti, E. (2015). From the Antiquity to the Middle Ages: Plant medicine in the Mediterranean world. Journal of Ethnopharmacology, 167, 22-30.
[٥] Masic, I. (2013). The golden age in Arab Islamic medicine: An introduction. Heart Views, 14(1), 43-46.
[٦] Jahanbani, P., Shams Ardekani, M. R., & Eftekhari, M. (2022). Introducing the scholars of traditional medicine of Islam and Iran: Abu Hanifa Dinawari, the first Iranian Muslim botanist.Journal of Islamic and Iranian Traditional Medicine, 13(1), 51-62.
[٧] Al-Hiti, N. Y. (2011). The Book of Plants by Abu Hanifa al-Dinawari and Its Impact on Linguistic Books. Anbar University Journal of Languages and Literature, (3), 1-24.
[٨] Stieb, E. W. (1958). The Edict of Salerno and its significance for the history of pharmacy. Pharmacy in History, 1(2), 22-25.