
وهرگێڕانی: خالید فاتیحی
ئایدای نازەنین و ئازیزی خۆم:
كاتژمێر چوار یان چوارو نیوە. هەوا خەریكە بوولێڵ دەبێ. خەو پێڵووی چاوەكانمی قورس كردووە، بەڵام بەهۆی گرفتاری و ئیشەكەڵەكە بووەكانم، ناتوانم بخەوم. دەبێ (كار) بكەم، كارێك كە مخابن بۆ خۆشبەختی من و تۆ نییە. بۆ پەیامی خۆیشم نییە. بۆ ئەنجامدانی وەزیفەش نییە. بۆ هیچ شتێك نییە، بۆ لەبەینبردنی ئەحمەدی تۆیە. بۆ ئەوەیە. كە ئیتر- خۆت گوتەنی- شتێك لە ئەحمەد بۆ تۆ نەهێڵنەوە. بەڵام… لێگەڕێ باوابێ. ئەوانەش تەواو دەبن. سەرەنجام (سبەی) ئی خۆمانە. ئی من و تۆ پێكەوە. ئی ئایداو ئەحمەد پێكەوە…
سەرەنجام هەردێ، ئەو شەوانەی تا سپێدە لەلات دانیشم. سەرت بەسنگمەوە بنێی و پێتبڵێم كە لەپەنای تۆدا چەندە بەختەوەرم، چەندەم خۆشدەوێی. چەندە پێویستیم بە هەناسەتە. چەندەم قسەپێن پێتیان بڵێم!
هەموو قسەكانی ئێمە بوونەتە ئەوە، تۆبڵێی: ئەمڕۆ ماندووی یان سەیرە، ئەمڕۆ خۆشحاڵی! یان پێتبڵێم (كەی دەتوانم بتبینم؟) یان تۆ بڵێی: (دەمەوێ بڕۆم. تا من لێرەبم ناتوانی بە كارەكانت ڕابگەی.) منیش بڵێم: شێتی ماخولیا چەند دەقیقەیەكی دیكەش دانیشە. ئەوە: ئەوە و ئەوە!
تەواوی ئەو قسانەو ئەو شیعرانە ئەو سروودانەی كە لە ڕۆحدا شاڵاو دێنن، تێكەڵ بە هەمان قسەو دیدارە خەندەئامێزانە بوون كە منیان شێت و سەرسام كردوە. ترس لەوەی كە بەرەبەرە تۆ لەو دیدار و قسانەو سەرەنجام لەو عەشقەی كە مەداری خۆی نادۆزیتەوە تا پەڕ و باڵی ببزێزێ، تووشی بێزاری و ماندوویی و خەمگینی ببی. لەو دەمەی شەودا (یان باشترە بڵێم- بەرەبەیان) لە ترسی ڕوودانی كارەساتێكی لەم چەشنە، لەرزیم. كارەكەم وەلانا تا ئەو چەند دێڕەت بۆ بنووسم.
ئایدای خۆم:
ئەو مەلە لەو قەفەسە تەنگەدا ناخوێنێ. ئەگەر دەبینی كزولاڵ و بێدەنگە، لەبەرئەوەیە… لێگەڕێ با هەواو هەواری خۆی وەبینێ، جا دەبینی كە چۆن لە تاریكترین شەودا ڕووناكترین ڕۆژان دەچڕێ. بۆم بنووسە تا هەمیشەو لە هەر كاتێكدا بتوانم بیانبیسم. بۆم بنووسە تا دڵنیابم كە تۆش وەك من، چاوەڕوانی ئەو شەوە سپیانەی. بۆم بنووسە كە دەزانی ئەو بێدەگی و لەكاركەوتووهی ژیانە، لە زیندانێكە ئی ئێمە نییە، كە ماڵی ئێمە نییە، كە شایستەی ئێمە نییە. بۆم بنووسە كە تۆش لە چاوەڕوانی سپێدەیەكدای كە باڵندەی عەشقی ئێمە تیایدا بچریكێنێ.
سەرچاوە: ویژەنامە (ساحل) ویژە كوچ شاعرانە احمد شاملو/ سال 1379