
قادر مینە/ ٢٠٢٦
وەک دڵۆپێک باران،
دەنکێک تەزرە،
کلوە بەفرێک
کەوتوومەتە ئێرە..
ئەگەر کۆتاییەکە ھەر توانەوە بێت،
لە نێوانی ئەمبەرو ئەوبەردا
لەسەر یەختێکی شکاو
کە تەنیا بۆنی بیرەوەری لێدێت و
کەشتییەک؛
کە لەپۆلێک باڵندەی فڕیو دەچێت،
چ جیاوازییەک ھەیە..؟!
* * *
بۆ رۆیشتن لێرەم،
کەچی ئەو یەختەی میوانداری کردووم
وەک خانووە قوڕەکانی نیشتیمان
کە بۆ ئێمە ھۆتێلی پێنج ئەستێرە بوون،
وەک گیانبازەکانی شۆڕش
کە دابەزینیان رێک داکردنی باران بوو،
خراوەتە ئەرشیفی کەنارو
کەس بەلایدا ناچێت..!
* * *
چاو دادەخەم،
دەبینم رۆژانێک ھەمان یەخت
بێ هەدادان؛
ئەمبەرو ئەوبەری دەکردو
هەڵمی ماچ و شەرابی لێ هەڵدەستا..
کێ ناڵێ
« گوڵە بەدەکان »١
لێرە نەپشکوتوون..!
ئەی تۆ بڵێی ئەمە ئەو کەشتییە٢ نەبێت
کە ھێشتا مەستی
بەری نەداوە ..!
* * *
بەر لەوەی ناسنامەی پەڕینەوەی لێ بسەندرێتەوە،
گەڕەکێک بوو بە سەر شەپۆلەکانەوە ئەم یەختە..
پێش ئەوەی بخرێتە خەڵوەتگەی پیری،
نەچراکانی خەفەو
نە گۆرانییەکانی دەخەوتن؛
ئەم یەختە..
ئێستا؛
وەک گەڵایەکی وەریو،
وەک گۆرانییەکی ئاوارە
کەوتوومەتە ئێرەو
بۆ رۆیشتن هاتووم..!
١- ئاماژەیە بە « گوڵە بەدەکان »ی شارل بۆدلێر
٢ ئاماژەیە بۆ « کەشتی مەست » ی ئارسەر رامبۆ.