گۆڤارێکی ڕۆشنبیری گشتیی وەرزییە، بەڕێوەبەرایەتی ڕۆشنبیری و ھونەری ڕاپەڕین دەریدەکات

کورتیلە چیڕۆك

هەڵمەت عوسمان – کۆیە

 

 

1 ئێوارانی ڕۆشن

 

پێش بانگی شێوان گەڕایەوە، تا بەر دەرگا لەشێکی قورس و شەکه‌ت! بێزاریی لە لەشی دەچۆڕاوە، ڕۆژێکی درێژی بەڕێکردبوو بە کارێکی زۆرەوە، کە دەرگای کردەوە منداڵەکانی بەڕاکردن بەرەوپیلی هاتن، دانەیەکیان خۆیکردە باوەشی و ئەوەی دیکەشیان خۆی بە قاچییەوە نووساند، ئاخر ئەو زۆربەی ئێواران، بە دەستی خاڵیی و  باوەشێک خۆشەویستی و لێوێکی بە خەندەوە دەرگا دەکاتەوە.

 

2  ئاوێتە

 

عاشقی کتێب بوو! جیرانەکەشی عاشقی جگەرە. ئەم تا سبەی، چاویلکەکەیی و دووسێ کتێب لە نزیک سەرینەکەیەوە بوو. ئەو دووسێ پاکەت جگەرە و تەپڵەکێک. ئەم ویستی جگەرەی پێ تەرک بکات و وای لێبکات خوو بداتە کتێب، ئەویش خەوی بەوەوە دەبینی، کتێبی پێ فڕێبدات. دوای چەندان کۆبوونەوەی دووقۆڵی، ئێستا هەردووکیان بەدەم خوێندنەوە، جگەرە دەکێشن!

 

3 سفر

 

چەند ڕۆژێک لەبەردەمی ئاوێنە پڕۆڤەی دەکرد، ئەم شێوە جوڵە و خۆ نیشاندانەی، دەیان جار پاتە کردەوە، لەشی وەک توولەبی دەم ئاو دەلەرزی! پێش ئەوەی بڕیاری کۆتایی بدات، جارێکی دیکەش خۆی تاقیکردەوە، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو لەوەی دەیویست، بۆیە ئەو کۆتا جارە، کۆتا جاری وشەی (خۆشەم دەوێی)بوو، تەنانەت ئاوێنەکەش  بیبیستێ.

 

4 عەرەبانە

 

ئەوە بۆ ماوەی پانزە ساڵە، تاکە هاوڕێی عەرەبانەکەیەتی، هەموو ڕۆژ، لەگەڵ خۆرهەڵاتن هەر دوو دەسکی دەگرێ و دەمێک پاڵی دەنێ و دەمێکیش بەدوای خۆی ڕایدەکێشێ… وەک ئەوەی پارچەیەک بێ لە خشڵ و  لە ترسی دزینی، دەستی لێ بەرنادات. یا وەک جگەرگۆشەیەکی ساوا بێت و لە ترسی بەربوونەوە، نایدات بە هەموو کەس! ئێوارەش بە قفڵ و زنجیرێک لە ستوونێکی کارەبای نزیک ماڵەکەیان دەیبەستێتەوە، نەکا منداڵە چەتوونەکانی گەڕەک، شوێن بزریکەن. ئەو کە تەواوی ڕۆژ  خاشاکی ئەم شەقامە هەڵدەگرێتەوە، بێزار نەبووە، بەڵام ماوەیەکە دەستی کردووە بە گەسکدان لە عەقڵییەتی ئەم خەڵکەش. بەڵام هەرچەند دەماڵێت، بۆ سبەی دەبینێ زیاتر عەقڵ فڕێدراوە! دوێنێ داوای لێکردم ئەم ڕستەیەی بۆ بنووسم،  تا لە پێشەوەی عەرەبانەکەی بدات:( عەقڵ باشە بۆ مرۆڤ، دەستی پێوەبگرن)

 

5 ڕاوچییەکی لێزان

سێرەی نیگا یەک لەدوای یەکەکانت ڕوو لەو بوو، جار جار خەندەیەکیشت بۆ دەکرد، ئەویش وەک بەڕوویەک کە خوا کڵاوێکی لەناکاوی بۆ دروستکردبێ، موچڕک بە لەشیدا دەهات، جار جاریش دەستت بە پەرچەمت دادەهێنا و لەسەر چاوت لات دەدا و بە لێوە کاغەزییە تۆزە کاڵکراوەکەت، فڕێکی کەم و بچووکت، وەک ماچێکی برووسکە ئاسای کوڕ و کچێ لە شەوێکی مانگەشەوا و لەناو قەرەباڵغییەکی زۆر، لە گڵاسە چایەکەی سەر مێزەکە دەدا! تۆ بە دەم خەندەو فڕلێدانەوە و ئەویش بەدەم سەرسام بوون و تێڕامان… هێندەی نەبرد چاوێکیشت لێداگرت! وەک تیرێک بەهەڵە لە کەوان دەرچوبێ!! ئەو هێندەیتر سەرسام بوو، ویستی بێت بۆلات، کەچی تۆ هەستایت… کە ئاوڕی دایەوە تابزانێت ئەو ڕەحمەتە بۆ ئەو بوو؟! کەچی بینی یەکێکی تریشت خستۆتە بەر ئەم هەموو ڕەحمەتە..

لەو ساتەدا قسەی یەکێک لە هاوڕێکانی بیر هاتەوە کە وتبووی:(( زۆر دەترسم لەناو ئەو هەمو دەنگە دەنگە، بێدەنگی بم خنکێنێ!))

 

6 سیخوڕ

لە هەموو کۆبوونەوە سیاسییەکانی ناوخۆی حیزب بەشداری دەکرد، بەڵام کەم تا زۆر قسەی نەدەکرد، ئەو لای خۆیەوە وای لێکدەدایەوە، نەکا قسەیەک بکات، قسە ڕۆیشتوانی فڵانە باڵ لێی توڕەبن و یان کەسی فیسار باڵ، چەند ساڵێک بەم جۆرەی ڕابوارد، تا نیوەشەوێک لە ماڵەوە ڕفاندیان، دوای چەند مانگێ ئاشکرابوو، بە تۆمەتی سیخوڕیی دەستگیرکراوە!

 

7 عیلمخانە

 

چەندین بڕوانامەی قەبەقەبەی لە باغەڵە، دیواری ژووری کارەکەشی دە دوانزەیەکی پێدا هەڵواسیوە! دۆسییەکەشی سیخناخ بووە لە بڕوانامەکانی! بەڵام دەزانێ  هیچ کام لەم بڕوانامانەی بەدەردی ناخۆن و بۆ ئەوەی بگات پاروەچەورەکە و بنی هەمبانەکە بۆ ئەوبێت، دەبێ وێنەیەک لەگەڵ تیمساح بگرێت و لە چوارچێوەیەکی مەتر بە هەشتای جێبکاتەوە و ڕێک بەرانبەر دەرگای عیلمخانەکەی هەڵیواسێت، ئێ بە عەقڵی نا عەقڵی ئەو، لای وایە، ئەوانەی دەیبینن، دەڵێن: ئەشهەدو فول عیلمە!!!