
ئارارات ئەحمەد ئەحمەد
قسەیەك
بەكورتی دەربارەی ناو: ناو، ئەو بەكارهێنانە زمانەوانییە فەرهەنگییەیە كە مرۆڤ و گیانلەبەرو گیاو ڕووەك و شوێن و شتەكانی پێدەناسرێـتەوە. واتا ئەوە، ئەوە دەگەیەنێ كە هیچكامێك لەوانە، نابێ بێناو بێت و پێویستە ناوو ناسنامەیەكی تایبەت بە خۆی هەبێت بۆئەوەی، یەك لەوەی دیكە جیابكرێتەوە. جا لێرە لەم باسەدا، مەبەست تەنیا لە ناوی مرۆڤە بەگشتی و بە تایبەتیش ناتۆرە كە بە ناوی هێندێك لە مرۆڤەكانەوە دەلكێت و جار وا هەیە هەتا دەمرێت، بە دوایەوە دەبێت و تەنانەت هەیانە بۆ چەند پشتێكی خانەوەدەكانیشیان دەمێنێتەوە.
زۆرجار شوێن و ژینگەو كەشوهەواو ژینگەی ئایینی و ئەوانە، ڕۆڵیان بووە یا دەبێ، لەسەر ناوزەدكردنی مرۆڤەكان، “لە شارستان جۆرێك و لە دەوروبەری گۆل و ڕووبارەكان چەشنێك و لە پێدەشت و نێوشاخ و بنارشاخ و دارستانەكان بە ڕەنگێك خۆی دەردەخا… هەندێ ئایینی و هەندێ بۆ شوێن و هەندێ بۆ كات و هەندێ بۆ هیوایەك و خۆشییەك و، هەندێ وەكو سیفەت و هەندێ بۆ نزاو دوعاو چاوەزار، بەكاردێت. ” یان بەكارهاتووە.
بەدەر لەوەیش، هاتنی خەڵكانی بێگانە بۆ كوردستان، چ وەك كاربەدەستی دەوڵەتی، چ وەك لەشكركێشی و داگیركاری، بۆ نموونە وەك لەشكركێشییەكانی عەرەب لە چوارچێوەی فتوحاتەكانی ئایینی ئیسلام بۆ كوردستان و، داگیركارییەكانی عوسمانییەكان و مانەوەیان تێیدا بۆ ماوەیەكی درێژ، بۆتە هۆی ئەوەی “وردەوردە ناوەكەی وا باوو بڵاو دەبێ، زۆر كەس لە خەڵكە سادەكە، ناوی منداڵەكانیان بە ناوی ئەوەوە ناودەنێن، جا با ئەو كابرایە ناوەكەیشی كوردی نەبێت. ” یا نەبووبێت.
ناتۆرەو ناوی دووەم (شۆرەت): زۆرجار وادەبێ مرۆڤ لەپاڵ ناوە بنەڕەتییەكەی خۆیدا، ناوی دووەم یان نازناو یاخود ناتۆرەیەكی هەبووە یان هەیە، وە تەنانەت وایش ڕێكەوتووە یان ڕێدەكەوێ كە كەسەكە زۆرتر بە ناوەكەی دواتری (ناتۆرەكەی)، دەناسرێتەوەو ناوە بنەڕەتییەكەی تا ڕادەیەك فەرامۆش دەكرێ و بە چەشنێك، ئەگەر كەسێك بە سۆراغی كەسێكی لەو جۆرەدا بگەڕێ و ناوە بنەڕەتییەكەی بهێنێ و ناوی دووەمی كە زیاتر پێی ناسراوە، نەهێنێ، لەوەیە خەڵكی گەڕەك و دەوروبەرەكەی و شارەكەی، نەزانن مەبەستی كابرا، لە كێیە. ئەم حاڵەتە لە هەموو دونیادا باوەو خەڵكی هەموو میللەتێك هەیانە، بەڵام ئەوەندەی من پێ بزانم، لە نێو گەلانی خۆرهەڵاتیدا و بە تایبەتیش لەنێو گەلی كورددا، لە هەموو گەلێكی دیكە، زیاتر بەرچاو دەكەوێ و هەیە. وە لەنێو كۆی ئەو ناو بەسەردابڕینانەیشدا بەشی زۆر بەر پیاوان دەكەوێ و ژنان كەمتر تووشی ئەو ناو بەسەردابڕینانە بوون، هۆیەكەیشی بە ڕای من، بۆ دابو كەلتووری كۆمەڵایەتیی ئەو قۆناغە دەگەڕێتەوە كە ئەویش قۆناغی دەرەبەگایەتییە، چونكە لە ڕۆژگاری دەرەبەگایەتیدا بە پلەی یەكەم پیاو هێمای پیاوەتی و ئازایەتی و دەركەوتن و دەسەڵات گرتنەدەست و ڕەمزی سەروەرییەكان بووەو ژن كەمتر جێی بایەخ بووە.
شۆرەتی بنەماڵەو ناتۆرە، دوو شتی لێك جیان: شۆرەت و ناتۆرەو ناو بەسەردابڕین، كە بەگشتی كەسەكەی پێناسراوەتەوە یا دەناسرێتەوە، چەند جۆرێكی هەیە:
یەك/ شۆرەت و ناوی بنەماڵە: كە بەهۆی هەڵكەوتنی كەسێكی دیار و بەرچاوی كۆمەڵایەتی وەك میر یان پاشا یان زانا…، بۆ مێژوویەكی درێژو بۆ چەند پشتێكی ئەو بنەماڵەیە، هەر بەو ناوەوە بانگدەكرێن و دەناسرێنەوە، وەك: بابانیەكان لە سلێمانی، میراودەلییەكان لە پشدەر، مەنگووڕ و مامەش لە پشدەر و موكریان، گەردیەكان لە هەولێر، ئەردەڵانیەكان لە سنە، خانەوادەی پێشەوا قازی محەممەد لە مەهاباد، بەدرخانیەكان لە باكووری كوردستان، مفتیەكان لە هەولێر، قەیتەرانییەكان لە پشدەر و موكریان، مەلای گەورەو جەلیزادەكان لە كۆیە، پاشای گەورەی ڕەواندوز، بارزانیەكان، زێباریەكان، هەركییەكان و… زۆر زۆری دیكەش.
دوو/ نازناو یان ناسناو: كە هەركەسێك و بۆ هەرمەبەستێكی هونەری یان ئەدەبی یان زانستی و… بێ، دەتوانێ نازناوێك یان ناسناوێك بۆ خۆی دابنێ و لەو بوارەی كە كاری تێدادەكا، پێیبناسرێتەوە، وەك: مەحوی، زێوەر، زیرەك، خالقی، دیلان، ماملـێ و…
سێ/ نەسەب و شوێن: كەسەكە بەو شوێنەوە ناو دەردەكا كە لێی لەدایك بووەو گەورە بووە، وەك: حاجی قادری كۆیی، مەلا محەمەد دەڵگەیی، مفتی پێنجوینی، شێخ ڕەزای تاڵەبانی، هێمن موكریانی، مەلای جزیری، سەبری بۆتانی، محەمەد ڕەئووف كەركووكی، سابیر كوردستانی، ڕۆستەم باجەڵانی، بەكر پشدەری و…
چوار/ مەرتەبەی دینی و كۆمەڵایەتی: شێخ قادر، سۆفی ئایشێ، مەلا سەعدی، حاجی بابەشێخ، سەید ڕەسوو، دەروێش عەبدوڵڵا، خەلیفە كەریم و…
پێنج/ ناو و ناتۆرە:
تا ئێرەو ئەو چوار جۆرەی سەرەوە لە ناوی دووەم، نەك هەر ئاسایین، بەڵكو زۆر كەڕەتان، ئەندامانی خانەوادەو بنەماڵەكانیان، شانازی بەو ناوی دووەم و شۆرەتانەیانەوە دەكەن. بەس ئەوەی ئێمە زیاتر مەبەستمانە لەسەری بوەستینەوە، ناتۆرەیە، كە لە چوار جۆرەكەی پێشوو زۆر جیایەو، تا ڕادەیەك شەرمئاوەرەو، بە ویستو خۆشیی كەسەكە یان بنەماڵەكە نەبووە كە بەسەریدابڕاوە، بەڵكو كۆمەڵگەو دەوروبەر، بەتایبەتییش دەسەڵاتدارانی وەك میر، ئاغا و دەرەبەگ، كوێخا و خەڵكی خاوەنهێز، لە ڕێی یەكێك لە هۆكارەكانەوە، لێیانناون و بەسەریاندابڕیوون.
خۆی ئەو جۆرە ناتۆرانە، هەر تایبەت نین بە تەنیا نێوچەیەك و بەس، بەڵكو لە هەموو لایەكی كوردستان، بە شێوەیەكی بەربڵاو هەن و دەبینرێن و، هەریەك لەو ناتۆرانە خاوەنێک یان چەند خاوەنێکیان هەیە و، چەندان كەس لە شوێن و مەڵبەندی جودا جودا، بەو ناتۆرانەوە هەن. بۆیە، سەبارەت بەوانەی كەموكوڕیی جەستەیی (كەمئەندامی)یان هەیە، یان ناتۆرەكانیان شیاو و كۆمەڵایەتی نین و خاوەنەكانیان پێیان ئاسوودە نین، بۆئەوەی بە هیچ جۆرێك ڕوشاندنی هەستی هیچكام لەوانەی تێدا نەبێ، هاتووین لەباتیى ناوى کەس، چەند خاڵێکمان داناوە ئینجا ناتۆرەکە. سەبارەت بەو ناتۆرانەیش كە ناوهێنانیان زۆر ئاساییە، وەك خۆیان ناومان هێناون.
ژمارەیەك ناووناتۆرە
ناووناتۆرە، بە یەكێك لەم شتانەوە دەبێت:
– كەمئەندامی: … كوێر، … كەڕ، … دەلوو، … گوێ كون، … لاڵ، … گۆج، … چرچ، … كەچەڵ، … شەل، … ملخوار، … تەتە، … خێس، … قۆڕ، … كەت، … پشتكووڕ، … قەمبوور، … گوێبڕاو، … لووتبڕاو، … یەكدەست، … یەكچاو، … خێل، … سێگوێ، … یەكلاق و…تاد
– ڕەنگ: حەمە شین، ڕەسووە سوور، ئەحمەدە ڕەش، عەلی چاوشین، محەممەد چاوڕەش، فاتم لێو شین، حەمەبۆر، حوسێن كەپرەسوور، خدر زەرداو، سەلیمە زەرد، سەمەد چاوسپی و… تاد
– ئاژەڵ (ماڵی و كێوی): عەلی كەردار، حەسەن گابەڵەك، عەوڵا گامێش، عەوڵا گاڕەش، حەسەن جاشك، مەولوود سەرەگا، مەحموود شەشكەر، قالە ڕێوی، حوسە چەقەڵ، مینە سمۆرە، برایم بەران، بەكرە كەڵ، عەلی مامزێ، شەریف گاخۆر، عەباس گدیلە، هەمزە بێچوو، حەمە ماسی، عەزیز سینگەكەر، حەسەن بەراز، حەسەنە گیسكە، قالە مەڕە، مینە مارە و…تاد
– پەلەوەر و باڵندە: قالە قازە، ڕەسووی قازەوان، مینە مراوی، حەسەن مریشك، ڕەسووڵ جوجەڵە، حوسە توڕنی، كەریم كۆتر، ساڵحە جوچكە، حاجیە قەل، ئەحمەدە شاوە، حەمە لەقلەق، بەكر كەوباز، سمە سوێروو، حەسەن باشوو، سەلیم سوێسکە، عەوڵا فەرخ، كەمال كەڵەباب، كابان كەوحیز و… تاد
– ئەو پیاوانەی كە ناوی دایكیان یان ژنەكانیان بەدواوەیە: حەسەنی زێڕنێ، ئەوڵای فاتێ، حەسەن شیلان، خدری بەسێ، حەمەڕەسوڵ خاتوونخاس، عەوڵا گوڵناز، ئەحمەد مریەم، حەمەدی مرۆتێ، ڕەسوو خاتگوڵ، عەلیی خانمێ، مەجیدی پوور لەیلـێ، محەمەدی پوور زارایە، دڵشادی نەنە زارایە، سمایلی خاوەرێ، حەمەی ئایشێ، ساڵحی پوور غوربەتێ، عەلیی مەلەكێ، شوانەی فاتێ، حوسێنی حەلیمێ، عومەری شیرنێ، خدری خەیاڵێ، سەڵاحی خانمە خولـێ، جەعفەری سۆفی ئایشێ، خالیدی پوور خونچێ، عەزەی باجی شەمسەی، مەحەمەدی سەكینەی، بەكرەی ئەسمەرێ، سێمانی بەسێ و…تاد
هێندێك لە لێكۆڵەران پێیان وایە كە “زۆرجار منداڵی هەتیوو، بۆ ئەوەی باوكی بیرنەخەنەوە، هەر بەناوی دایكیەوە بانگ دەكرێ ”
– كار و پیشە: عومەری دارتاش، حەمە مزگەر، عوسمان چایچی، یونس چاوەش، ڕەحمان گاوان، حەمە شوان، ئەحمەد حەمباڵ، حەمەدەمین كەنناس، مەحمود چاپەز، ڕەسووی بەلەمەوان، ئەحمەدی قەیاغەوان، برایمی ئاشەوان، عادل باخەوان، مەحمودی خەیات، حەسەنی پۆستەی، مەحەمەدی بەرید، فەریقی موخابەرەچی، عەبدوڵڵای شەربەتچی، نازمی نانەوا، مەحمودی فەڕاش، كەریمی كورتاندروو، حەمەی هەللاج، حاجی جۆڵا، سمایلی پەڕەچی و… تاد
– پیشەی دزێو: … كەردز، … چەتە، … قۆڵبڕ، … ڕێگر و…تاد
– كەل و پەل: ئەحمەد سۆندە، حەمە باوڵی، كەمال كەندوو، بلە باگردێن، عەزیز ئاموور، محە تەنەكە، پیرۆت پلێت، حوسێن كەوگیر، بایز پلاسكۆ،… حەمید نایلۆن، حاجی بۆیاغ، خدر مەشكەڕەش، سەلیم چەرمەگا، سمایلی دارەقوڵە و… تاد
– تام: خالیدە تاڵ، سابیر سوێرقسە، حەمە تفتە، هەباس شیرین و تاد…
– دین و مەزهەب: برایم بنجوو، ئەلە گاور، جەلیل فەیلی، فەلەكەدین كاكەیی، شێخۆ ئێزدی، مەمەند حەمەسووری، عەبدولعەزیزی داسنی، جەمال مامەڕەزایی، كاوە زەردەشتی، ڕەسوو شەیتان و… تاد
– پیسایی: … تەرسە، … گواوی، … لوت بەگوو، … لاق بەگوو، … قشپل، … ڕیخە، … ڕیخاوی، … زبڵ، … پەین و…تاد
– خاك و ئاو: ئەحمەد بەحری، وسو كێویلكە، خدری قونەبانان، سالە قوڕاوی، خلە خۆڵاوی و…تاد
– گژو گیا و سەوزە و میوەجات: حەسەن قەیسی، برایم هەڵوژ، ئەحمەد تەمر، كەریم كاڵەك، خلە خورما، مەحمود كەوەر، ئەحمەدی قونچكە هەرمێ، سەلیم سێوە، تەمەر ترۆزی، شەهاب شووتی، برایم مل بامیە، ئەحمەد ئاروێ، عەباس گوندەڵەفسە، مەلا كاڵەكەتسیلە، بەكر كاڵەكەكرمێ، بارام بەهێ، عاسی پەمۆ، لوقمان حەشاش، حوسێن حەشیش، سمایل زیبڕ، عەوڵا دەوەن، فازیڵە پوشكە، نەبیە پوشخۆر، بایز بەڵم، میرزا تەماتە و…تاد
– چەك و چۆڵە: حەسەن دەمانچە، حوسە تۆپچی، ئەحمەد قومبەلە، حەمید ڕەشاش، عەباس ئاربیجی، خلە ژێر سێ، مەحمود دەبان، حەسەن چەقۆ، زیاد زرێ، حەمە خودە، سمایل شمشێر، خولە خەنجەر و…تاد
– سوپایی: برایم باشچاوەش، حەمە عەسكەر، عەلی پاڵەوان، شەریف شورتە، حوسێن پۆلیس و… تاد
– ژمارە: ئەحمەد سێزدە، حەمە چوار چاو، سەڵاحە شەشە، مەحمود شەش كەر و…تاد
– سیما و وەسف و جوانكاری: ئەحمەد شەدەلار، بەكرە لەنجە، پیرۆت پشیلەگوێ، جەمیل چاو جوان، مینە قنجە، حەمە لاو، كاكە لاوە، عوسمانە درێژ، جوامێرە باریكە، عەباسە خڕە، ئەحمەدە خڕكە، سەعیدە پیرە، حەمە گوڵینگ، عەوڵا خاس، حەمەدەمین شاڵقیت، حوسێنە قیت، حەمە قوچ، عەلی چاخان، خدرە خوار، خدرە خول، مینە قۆز، سمە پووچ، برایم چاونەشۆر، حەسەنە لیكە و…تاد
– پەڕی قومار: جەمال جۆكەر، جوهەر پاپاس، حەسەن بیللی، حاجیە قەرە و…تاد
– زمان و نەتەوەی بێگانە: حەمە عارەب، حەمە توركە، ڕەسوە كوردە، ئەحمەد ئینگلیز، فەهمى فارس، عەلى عەجەم و…تاد
– مۆزیقای میللی: یونس چاوەش، خدر بلوێر، عەلە شمشاڵ، كەریم هەلهەلە، عەوڵا توزەلە، مەجە دەهۆڵ و…تاد
– دەعبا و مێروو: كەریم سن، قادر قالۆچە، عوسمان كوللە، برایمە بۆق، عەلی شامار، ساڵحە مارە، عومەر عەزیا، عەباس مارمێلكە، فەقێ سەرمازەڵە و…تاد
– كەوش و پۆشاك: حەمەی كڵاو لباد، سەعید كودەری، ئەحمەد مەلمەل، خدر بوزوو، جەبار سۆیلە، خولە چەكمە، سالە كەوڵە، پیرۆت پەڕۆ، كەریم كوڵەجە و…تاد
– ئەندامەكانی جەستە: مچە كەڵپە، سەلیم سەر مازوو، ڕەسوو سێگوێ، مەولوود گوێبڕاو، هۆمەر لووتبڕاو، سمایل سێلیچ، حەمە سمێڵ، عومەر مل درێژ، سوارە پەراسوو، ئەحمەد پێ پان، عەوڵا قاچ، برایم قەپۆز، برایمە جەرگە، وەلیە ورگە، سۆفیە قونە، حاجی لولاك و…تاد
– خواردن و خواردنەوە: مەحمود كولێر، عەوڵا گەزۆ، حەسەن دۆشاو، ڕەزا خورما، فەتاح كۆلا، محەمەد بیبسی، عەوڵای ساردیان، حەمید باراش، مەحمود جەمباراش، جەمیل جۆخۆر، نەبى نانپیس، سێمان پەنیر، شەهاب شیرێژ، و…تاد
هیچ گومانی تێدا نیە كە بەدەر لەو ژمارەیە، زۆر ناتۆرەی دیكە، وە ناتۆرەی زۆر سەیرتریش لێرەو لەوێ، هەیە، بەڵام بەداخەوە ئێمە هەر ئەوەندەمان دەست كەوت. بەو ئومێدەی كە ڕۆژێك بێت، من یان هەریەكێكی بەتواناتر لە من، چی ماوە، یاداشتی بكات و، وردتر و زانستیتر لێكۆڵینەوە لەسەر بابەتەكە بكات.