گۆڤارێکی ڕۆشنبیری گشتیی وەرزییە، بەڕێوەبەرایەتی ڕۆشنبیری و ھونەری ڕاپەڕین دەریدەکات

ئایا پلاستیک کۆتایی دێت، یان خۆمانی لەگەڵ دەگونجێنین؟

نڤار محەمەدچاخی

 

بەردین، چاخی بڕۆنز و چاخی ئاسن; ناوی هەندێ لەو قۆناغە مێژوویییانەیە, کە لەبەر زۆر بەكارهێنانی كانزایەك و كاریگەرییە زۆرەكەی، بەو ناوە لە كتێبە مێژووییەكاندا ناو دەبرێت. لە ساڵی ١٩٢٠  بەدواوە، گەشەی پیشەسازیی پلاستیك زۆر بەخێرایی زیاد دەكات. ساڵی ١٩٥٠ ڕێژەی بەرهەمهێنانی پلاستیك، دوو ملیۆن تەن بوو، ٢٠٢٢ ڕێژەكە بەرز بووەتەوە بۆ نزیكەی چوارسەد ملیۆن تەن لە ساڵێكدا. ئەوە وای كردووە ناوی “سەدەی پلاستیك” یەكێك بێت لە ناوەكانی سەدەی بیست. لە ڕووی كیمیایییەوە، پلاستیك پۆلیمەری دەستکردە١، بە زۆری لە ڕێگەی کردەی پۆلیمەرکردنی ئەو مۆنۆمەرانەی کە لە نەوت و گازەوە وەردەگیرێن، دروست دەكرێت، لەگەڵ زیادکردنی ماددەی کیمیاییی تر بۆ باشتركردنی كوالێتی یان زیادكردنی تایبەتمەندیی زیاتر. بە یەکێک لە گشتگیرترین ماددەکان لە ئابووریی جیهانیدا دادەنرێت، چونكە بەكارهێنان و تایبەتمەندی گەلێک زۆرە و تێچووی بەرهەمهێنانیشی کەمە.

وێنە: گرافیکی پێکهاتەی پاشماوە ڕەقەکان، ڕووداوە مێژوویییە گرنگەکان بەپێی کات، بەرهەمهێنانی پلاستیک بەپێی ناوچەکان،  بەرهەمهێنان و بەکارهێنانی جیهانیی پلاستیک، ڕێژەی دروستکردنی پاشماوەی پلاستیک بۆ هەر تاکێک.

 

 

سەرەڕای ئەوەی پلاستیك سوودی زۆری هەن، بەڵام كێشەی شیبوونەوەی لە خاكدا ئاڵەنگارییەكی چارەنەكراوی سەردەمی ئێستایە. ماوەی شیبوونەوەی پلاستییكەكان لە نێوان ١٠٠ ساڵ بۆ ١٠٠٠ ساڵدایە، لەوانەیە هێشتا یەكەمین پلاستیك كە لە سەرەتای سەدەی بیستدا دروست كرا، لە ژینگەدا مابێت. زۆر لە زەوییەكانی نیشتەجێبوون و بەشێكی زۆری ژینگە ئاوییەكان بە پلاستیك پیسبوون، تا ماوەیەكی زۆریش مەترسیی گەورە ئەوە بوو کە پلاستیك بە ڕێژەیەكی زۆر فڕێ دەدرێتە ژینگەوە، دوو لەسەر سێی بەرهەمی پلاستیك ئەو جۆرەیە کە بە كەمتر لە مانگێك لە بەكارهێنان، فڕێ دەدرێت و دەبێتە پاشماوە. لێ لە سەرەتای سەدەی بیست و یەکدا، مەترسییەكی گەورەی دی دۆزرایەوە، ئەویش مایكرۆپلاستییەكانن٢. مایكرۆپلاستیكەكان، پارچەی زۆر وردی نەبیراون، یان هەر خۆیان بە بچووكی دروست دەكرێن، بە نموونە بۆ جۆرە جیاوازەكانی ئارایشت، یان بەهۆی وردوخاشبوونی پاشماوەی پارچەی گەورەی پلاستیك دروست دەبن. زانیارییەكی كەم دەربارەی ئەوە دەزانین کە ئاخۆ مایكرۆپلاستیكەكان دەتوانن تا چ ڕادەیەك مەترسیدار بن، بەڵام ئەوەی ئێمە دەیزانین ئەوەیە; مایكرۆپلاستیكەكان زۆر بە ئاسانی بڵاو دەبنەوە و لە هەموو شوێنێك هەن، زۆر بە ئاسانی لە ڕێگەی خواردن و خواردنەوە و هەتا هەناسەدانیشەوە دەچنە ناو جەستەمانەوە، بە جۆرێك لە پەردەی مێشك و خوێن و سپێرم و وێڵاشدا بەدی كراون٣.

 

زانست وەك چارەسەر

هەوڵی زۆر دراوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی پلاستیک، هەندێک لە زانایان لە ڕێگەی بەکتریاوە، پلاستیک شی دەکەنەوە و لە دروستکردنی ئازارشکێنەکان بەکاری دەهێننەوە. هەوڵی ئەوە دراوە لەبری پلاستیک، ماددەی تر دروست بکرێ، شوێنی بگرێتەوە و دۆستی ژینگەش بێت. لێ لەم وتارەدا ئاماژە بە دوو توێژینەوەی ساڵی ٢٠٢٥ دەدەین, کە تا ڕادەیەک ئەگەری ئەوە هەیە لە داهاتوویەکی نزیکدا دەرەنجامی باشیان لێ بکەوێتەوە.

  • لاساییکردنەوەی دی ئێن ئەی

تەكنیكێكی نوێی توێژەرانی زانكۆی ڕوتگەرز لە ویلایەتی نیوجێرسی ئەمەریكا، هیوایەك دەداتەوە بە زانستخوازنان و ژینگەدۆستان. لە ٢٨/١١/٢٠٢٥دا توێژینەوەیەك بڵاو دەكەنەوە، تێیدا ئاماژە بەوە دەدەن كە لە ڕێگەی لاساییكردنەوەی سرووشتی دی ئێن ئەی و پڕۆتین، توانیویانە پلاستیكێکی پڕۆگرامكراو دروست بکەن، بە شێوەیەک، بە ئاسانی شی ببێتەوە و بەهێزی خۆیشی لە دەست نەدات. دی ئێن ئەی، پۆلیمەرێكی سرووشتییە، لە دووبارەبوونەوەی نیوکلیۆتایدەکان-مۆنۆمەری دی ئێن ئەی- دروست دەبێت، پلاستیكیش بە هەمان شێوە لە دووبارەبوونەوەی زنجیرەیی مۆنۆمەر دروست دەبێت، بەڵام بەندە كیمیاییەكانی نێوان مۆنۆمەرەكانی پلاستیک زۆر بەهێزن و شیبوونەوەی کاتێکی زۆر دەخایەنێت.

بیرۆکەکە لە میکانیزمی قەدکردنی کاغەزەوە وەرگیراوە؛ وەک چۆن کاغەز لە شوێنی قەدکراودا بە ئاسانی دەدڕێت، زانایانیش بە هەمان شێوە و بە وردییەکی زۆر، چەند خاڵێکی لاوازیان لەنێو بەندە کیمیاییەکانی پلاستیکەکەدا جێگیر کردووە. ئەم تەکنیکە کۆنترۆڵی تەواو دەدات بە توێژەران تا لە هەر کاتێکدا کە بیانەوێت، پلاستیکەکە شی بکەنەوە، جا دوای چەند ڕۆژێک بێت یان چەندان ساڵ. گرنگترین دەستکەوتیش ئەوەیە؛ تاقیکردنەوە سەرەتایییەکان دەریانخستووە کە پاشماوە شیبووەکانی ئەم پلاستیکە پڕۆگرامکراوە، بە هیچ جۆرێک ژەهراوی نین.

لەوانەیە ئێمە هەمیشە سروشت تێكبدەین و خۆمان بخەینە ناو گێژاوەوە، بەڵام سروشت هەر خۆی چارەسەرمان پێشكەش دەكات بۆ ڕزگاربوون.

وێنە: پشاندانی بیرۆكەی توێژینەوەكە

 

٢- بێژینگی ئۆپتیکی

لەبەر ئەوەی مایكرۆپلاستیكەكان ئێکجار وردن، دیاریكردنیان كارێكی قورسە، ئەوە ڕاستییەكی ناخۆشە، سەرەڕای ئەوەی ئێمە هێشتا نازانین چ زیانێكیان بۆ سیستەمێكی زیندوو هەیە، تەكنیكێكی یەكلاییكەرەوەشمان نییە کە بتوانین مایکرۆپلاستیک لە سیستەمێکدا دەستنیشان بكەین. تا پێش ساڵی ٢٠٢٥، زۆربەی تەكنیكەكان تێچوویان زۆر بوو، لێ تیمێكی هاوبەشی توێژەرانی زانكۆی شتوتگارت لە ئەڵمانیا و زانكۆی مێڵبۆرنی ئوسترالیا، بێژینگێكی ئۆپتیكی سادەیان دروست كردووە، كە دەتوانێ مایكرۆپلاستیكەكان لەخۆ بگرێ، لە ڕێگەی گۆڕانی ڕەنگەوە لەژێر مایكرۆسكۆپدا ببینرێن و تەنانەت قەبارە و ژمارەشیان دیاری بكرێ. هەرچەندە نموونەی بەكارهاتوو بۆ توێژینەوە، نموونەیەكی دەستكرد بووە، بەڵام ئەنجامەكان دڵخۆشكەرن. بێژینگە ئۆپتیكییەكە سادەیە، كاتێك ڕووناكی مایكرۆسكۆپێك بەر كونیلە وردەكانی بێژینگەکە دەكەون، دەشكێنەوە، ئەگەر تەنۆلكەیەكی پلاستیكی لەناو كونیلەكەدا هەبێت، گۆڕانی ڕەنگ ڕوو دەدات و بە مایكرۆسكۆپەكە دەبینرێت، ئەوە وەرچەرخانێكی زانستییە، لە داهاتوودا دەتوانرێ وەك پشكنینێكی ئاسایی كار بكا و ڕێژەی مایكرۆپلاستیكییەكان لە خوێن، ئاو یان خاكدا دیاری بكا، ئەوەش ڕێگەخۆشكەر دەبێ بۆ داهاتوو، تا ڕێژەی مایكرۆپلاستیك لە ژینگە و سروشتدا كەم بكرێتەوە.

وێنە: بێژنگی ئۆپتیكی

 

بە ملیۆنان تەن پاشماوەی پلاستیکی لە ژینگەدا هەن، ئایا خۆمانی لەگەڵ دەگونجێنین، یان ئیتر سەدەی پلاستیک کۆتایی دێت؟ لە داهاتوویەکی نزیکدا، یان کارەساتەکان وەڵام دەدەنەوە، یانیش زانست.

 

پەراوێز

١-یەكێك لە لقەكانی زانستی كیمیا، ناوی كیمیای پۆلیمەرییە. پۆلیمەرەكان ئاوێتەی زۆر گەورەی كیمیایین كە لە دووبارەبوونەوەی زنجیرەیی مۆنۆمەرەكان پێك دێن، مۆنۆمەرەكان بە بەندی كیمیایی بەیەكەوە بەستراون.

پۆلێنكردنی پۆلیمەرەكان لەڕێگەی سەرچاوەكانیانەوە، دوو جۆرە:

پۆلیمەری سروشتی؛ وەك پڕۆتینەكانی جەستەمان.

پۆلیمەری دەستكرد؛ وەک پی ڤی سی.

٢-مایكرۆپلاستیك، ناوێكی باوە بۆ هەموو ئەو تەنۆلكە بچووكانەی كە پاشماوەی پلاستیكین، بەڵام لە ڕاستیدا هەموو تەنۆلكەكان لە ئاستی مایكرۆییدا نین، بەڵكو نانۆپلاستیكیش بەشێكە لەو تەنۆلكە وردانەی لەژێر ناوی مایكرۆپلاستیكدا ناسراون. تاڵێك موو ٧٠ مایكرۆمەتر نیوەتیرەكەیەتی، بەكتریایەك نزیكەی یەك مایكرۆمەترە، واتە حەفتا جار بچووكترە لە تاڵێك موو، ڤایرۆسی كۆرۆنا، ١٠٠ نانۆمەترە بە نزیكەیی و ٧٠٠ جار لە تاڵێك موو بچووكترە. ئەگەر خانوویەكی یەك نهۆمی ٢٠٠ مەتر،  ٧٠٠ جار بچووك بكەیەوە لەسەر نووكی پەنجەت شوێنی دەبێتەوە.

٣-تێبینییەكی زانستی كە ناكرێ پشتگوێ بخرێ:

ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانی هەواڵێكی لە سەرەتای ئەمساڵدا بڵاو كردووەتەوە، دەڵێت هەموو ئەو توێژینەوانەی باس لە هەبوونی مایكرۆپلاستیك لە پەردەی مێشك و سپێرم و وێڵاشدا دەكەن، لەوانەیە لە ئامێرەكانی دیاریكردنی تەنۆلكەكاندا هەبووبێت، نەك لە خودی خانەكە. هەروەها، ئاماژە بە هەبوونی مایكرۆپلاستیك لە خوێندا دەكات و جەختی لێ دەكاتەوە.

 

سەرچاوە

  • Thompson et al., 2009‘Our plastic age’, Philosophical Transactions of the Royal Society B: Biological Sciences.

https://doi.org/10.1098/rstb.2009.0054

  • Torres-Agullo et al., 2021 ’Overview on the occurrence of microplastics in air and implications from the use of face masks during the COVID-19 pandemic’ Science of the Total Environment.

https://doi.org/10.1016/j.scitotenv.2021.149555

  • Pilapitiya, P.N.T. and Ratnayake, A.S. (2024) ‘The world of plastic waste: a review’, Cleaner Materials, 11, p. 100220.

ttps://doi.org/10.1016/j.clema.2024.100220

  • A news by Rutgers University: Scientists Develop Plastics That Can Break Down, Tackling Pollution

https://research.rutgers.edu/news/scientists-develop-plastics-can-break-down-tackling-pollution?utm_source=chatgpt.com

The article:

Conformational preorganization of neighbouring groups modulates and expedites polymer self-deconstruction

https://www.nature.com/articles/s41557-025-02007-3

 

  • A news By Stuttgart University: New and simple detection method for nanoplastics

https://www.beschaeftigte.uni-stuttgart.de/en/news/New-and-simple-detection-method-for-nanoplastics/

The article :Optical sieve for nanoplastic detection, sizing and counting

https://www.nature.com/articles/s41566-025-01733-x