
ئیمان یادەوەر
لە خۆڵەمێشی ئەم بەڵێنانەوە پۆلە وشەی سپی دەفڕن.
کاژی ئەوبەڵێنانەی وەک مار پێیانەوە دەدام فڕێدەدەم
دەمارەکانی ژێر پێستم لە ژەهری پێکەوەبونەکانمان پاک دەکەمەوە
ژەهرێک کەنامکوژێت، ژیانێکم تێدا دروست دەکات
هیچ ئازارێک وێرانی ناکاتەوە.
لەناو ئەو خاکەی سەری ئەم عەشقەم پێنایەوە
گوڵێک دەڕوێت بۆنی تا ناوگۆڕی( مەم و زین ) دەڕوات
دەبێتە پەرژینی گۆڕەکەی (خانی ).
ناوم کە ئێستە وەک پارچە شوشەی شکاو
بە ژوورەکەم دا بـڵاو بــــووەتـەوە،
لەناو هەر پارچەیەکدا ژنێک کەزیەکانی شانە دەکات .
هێشتا ئەو خەمانەی دەیانەوێت پیریم چیرۆکم پێبگێڕێتەوە،
منداڵیم یاریان پێدەکات.
لەم وشانە ژیانێک دەچنم مانگ ڕێبەری ئەوانەبێت لە تاریکی بەڵێنەکاندا بەجێمان .
ئەو ماڵە جێدێڵم دەرگای بەڕووی هەمووشتێکدا کراوەبوو خەونەکانی من نەبێت
دەمێنمەوە و
لەناو کانی زماندا دەژیم
لەگەڵ چەمی وشە،
تاسەر ڕووباری شیعر ناوەستم،
تا ئەوانەی خودا تا ئێستە گوێی لێ نەبووە،
گوێی لێبێت .
ئەو بەردەی کەوت بەسەر دڵـــمدا
لە جێگەی کانییەک دروست دەبێت،
ئاوی درەختی وشە و دارستانی شیعر دەدات.
شیعرێک وەک ئەو بەردە سەخت کە کەوت بەسەرمدا،
وەک بەردەکەی باوەڕداران،
هەمووان تەوافی بکەن و بەچواردەوریدا بسوڕێنەوە .
تابزانن ئەوانەی وایاندەزانی بەنەبوونیان ون دەبم،
من بوومە بەقیبلەی جوانی و هەمووان دەیانەوێت لەبەردەمم دا، دان بەگوناهەکانیاندا بنێن
هەمووان دەبەخشم، جگە لەوانەی وایاندەزانی گوناهـــ و گوناهـبارم .
ئاه ئەوانەی کۆڵی جێهێشتنیان بەکۆڵی ئێمەدا دا
خۆیان بۆ هەموو شوێنێک چوون، مێژوو نەبێت.
وای ئەوانەی بە ئێمەیان دەگووت دەبێت گوڵ بین،
خۆیان بە هەموو شتێک بوون، مرۆڤ نەبێت !
ئێستە لەوبەر باخچەی شیعرەوە
گۆڕستانێک هەیە
ڕەش تاریک
بێ ناونیشان .
گۆڕی ئەوانەی لێیە…
ئێمەیان بەدەم گۆرانی بەڵێنەوە
تا لێواری گۆڕی خۆمان بردوو جێیان هێشتین !