گۆڤارێکی ڕۆشنبیری گشتیی وەرزییە، بەڕێوەبەرایەتی ڕۆشنبیری و ھونەری ڕاپەڕین دەریدەکات

پڕۆگرامەکانی خوێندن لە نێوان گۆڕین و گەشەپێداندا

خدر ئیبراهیم خدر

 

ساڵانێکی زۆرە لە هەرێمی کوردستان بەهەردوو دیوی گۆڕینی پرۆگرام و گەشەپێدانی پڕۆگرامدا، بڕیار و ڕاسپاردەی جۆراوجۆر ڕادەگەنرێت، کۆنگرە ساز دەکرێت و چەندین دەستە و گروپی پڕ لە پسپۆڕی هەمەچەشنە لە شاری هەولێر و شارەکانی تردا کۆدەکرێنەوە. بەڵام ئەوەی لە واقیعی حاڵدا دەبینرێت، ئەوەیە کە هیچکام لەو هەنگاوانە، نەیتوانیوە کاریگەرییەکی وەها  لەسەر ڕەوتی پەروەردە و فێرکردن درووست بکات لێیەوە گۆڕان و بەرەوپێشبردنێکی چلۆنایەتی بێتەکایەوە و مامۆستایان و خوێندکاران بتوانن ئومێدی گەورەی لەسەر هەڵبچنن و خەیاڵدانیان بە جۆرێک فۆرمەلەبکەن کە پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن بە هەردوو دیوە زانستی و پەروەردەییەکەیدا، لەنێوان ئەمڕۆ و سبەینێدا جیاواز دەبێت. بەڵکو بەپێچەوانەوە، بەشێک لە بڕیار و ڕاسپاردەکان لەو بوارەدا، لەجێی ئەوەی لە جێبەجێکرنیاندا ڕۆڵیکی پۆزەتیڤ و بنیاتنەر بگێڕن، وایانکردووە ڕایەڵە و پەیوەندییەکانی نێوان سێکوچکەی (خوێندکار و خوێندنگە و خێزان) لە چەند ئاراستەیەکەوە  بەرەو پێکدژی و لێکترازان بچێت.

هەڵبەت هۆکارەکانی پشت ئەو بەرەنجامە نەرێنی و نەخوازراوە، زۆر و زەوەندن، کە هەیانە پەیوەستە بە نەبوونی ئەزموون و پێشیینەیەکی مەعریفی قووڵەوە لە ئاست پرۆسەی پەروەردە و فێرکردندا لەلایەن بەشێک لە بڕیاربەدەستان و هەڵسووڕاوانی دامەزراوەی پەروەردە و فێرکردنەوە. لەهەمانکاتدا، هەشیانە پەیوەستە بە مەیلی گواستنەوە و پراکتیزەکردنی بێ چەندوچوونی هەموو ئەوەی لە هەندەران وەک بنەماکانی پەروەردە و فێرکردن لە ئارادایە و بەبێ خوێندنەوەی هەلومەرجی گشتی کۆمەڵگە و تایبەتمەندییە خودی و بابەتییەکانی خوێندکار و مامۆستا و پاشخانی ئابووری و فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی و ئاینیییان، مەبەستیان بووە ئەو ڕێوشوێن و بابەت و پڕۆگرامانە لە کایەی پەروەردە و فێرکردندا جێ بکەنەوە کە عەیامێکە وەک بەرهەمی دونیای پاش مۆدێرنە و پۆست مۆدێرنە، لە ئەوروپا و ڕۆژئاوادا پەیڕەوی لێدەکرێن و بەرهەمی گۆڕان و بەرەوپێشچوونی سرووشتی خودی کۆمەڵگەکانی ئەوێیە، بەڵام لەگەڵ واقیعی بەرجەستەی ئێرەدا، لە زۆر ڕەهەندەوە پێکدژ دێتەوە.

 

ئەوەی دەمەوێت لەچوارچیوەی ئەو وتارەدا قسەی لەبارەوە بکەم، پەیوەستە بە وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارەی کە ئایا لە هەلومەرجی ئەمڕۆی خوێندن لەم وڵاتەدا، باشترە گەشەپێدانی پڕۆگرامەکان لەبەرچاو بگیڕێت کە خۆی لە پاڵفتەکردن و پووختەکردنی بەشێک لە بابەتەکان و  بەرەوپێشبردنی چلۆنایەتی ئەدا و ڕێوشوێنەکانی گەیاندنی داتای زانینەکان بە خوێندکار و دەستەبەرکردنی دەستاوردە فێرکارییەکان دەبینێتەوە، یاخود هەر  وەرز و ساڵێک بڕیار لەسەر گۆڕینی پرۆگرامێکی دیاریکراو یان چەند پڕۆگرامێک بدرێت و لە ئەلفەوە تاکو یێ گۆڕانی بەسەردابهێنرێت؟

بێگومان بەلای منەوە و بەلای ئەوانەشەوە کە بە هەقیقەت لەخەمی پرۆسەی پەروەردە و فێرکردندان، بژاردەی یەکەم بە پەسەندتر و گونجاوتر دادەنرێت. چونکە جگە لەوەی نیازی بە کۆکردنەوەی ئۆردویەکی گەورە لە کەسانی خاوەن بڕوانامە و پسپۆڕە جیاجیاکان و بەهەدەردانی سەرچاوەی دارایی زۆر و زەوەند نییە، بۆ هێنان و تەرجەمەکردن و چاپکردنی کۆی پرۆگرامە نوێکان، لەهەمانکاتدا ئەم سوودانەی خوارەوەشی هەیە کە بەدڵنیاییەوە لەچوارچێوەی پرۆسەی پەروەردە و فێرکردندا بەدیدێن:

-لەزۆرینەی کاتەکاندا، هەوڵەکانی بەرەوپێشبردنی چلۆنایەتی پڕۆگرامەکانی خوێندن و گەشەپێدانی لەلایەنە جۆراوجۆرەکانەوە، بەرەنجامێکی خوازراو و پۆزەتیڤ تری لێدەکەوێتەوە، وەک ئەوەی لەپڕێکدا و بە دەستەجەمعی بگۆڕدێن. چونکە بنەما و جەوهەری سەرەکی پڕۆگرامەکان بە شێوەیەکی هەڕەمەکی یاخود لە گۆشەنیگایەکی ئایدۆلۆژی یاخود مەیلی تایبەتی و بەرژەوەندخوازییەوە  دەستی لێنادرێت، هەروەک بەداخەوە لە ڕابردوودا ئەزموونکراوە و شایەدحاڵی بووین.

– کردەی گەشەپێدانی پڕۆگرام و زیاتر فەراهەمکردنی کەرەستە فێرکارییەکان، ئەوەندەی تەریب دەبێت لەگەڵ نیاز و پێداویستییە هەنووکەیی و گەرماوگەرمەکانی پرۆسەی پەروەردە و فێرکردندا، هەرگیز بەو هێندە نابێتە شۆکێکی زیانبەخش بۆ مامۆستا و خوێندکاران کە لە بەرەنجامی هێنان و سەپاندنی پڕۆگرامگەلێکی نامۆوە ڕوودەدات و زۆرتر پشتی بە چاولێکەری و لاساییکردنەوەی ئەوانی تر بەستووە.

-ئەنجامدانی ڕێکارە زانستی و ئەکادیمی و پەروەردەییەکان لەپێناوی گەشەپێدانی چلۆنایەتی پڕۆگرامەکاندا، فۆرمێکی گشتگیر و هەمەلایەنە دەگرێتەخۆی، نەک سنووردار و لاوەکی. چونکە نیازە زانستی و پەروەردەییەکانی سەرجەم کاراکتەرەکانی ناو فەزای خوێندنگە دابین دەکات، نەک ئەوەی تەنها ئەوانە دڵشاد بکات کە لەباکگراوەندی هەبوونی ئایدۆلۆژیایەکی دیاریکراو، یاخود جیهانبینییەکی تایبەتی، یاخود سەرسامبوونی ڕەها بە ڕۆژئاوا، ئامادەن دوور لە هەر پێودانگێکی لۆژیکی و مەعریفی، هەموو شتێکی ئەوانی دی قبوڵ بکەن.

-هەنگاوێکی لەو جۆرە، تاڕادەیەکی زۆر لەگەڵ نیاز و پێداویستییە دەروونی و زانستییەکانی پرۆسەی پەروەردە و فێرکردندا هاوتا دێتەوە، ئەمەش بە نۆبەی خۆی وادەکات ناتەباییەکی کەمی لەگەڵ توانستی زانستی و پەروەردەیی مامۆستایان و خوێندکاراندا لێبکەوێتەوە. چونکە ڕاستەوخۆ وەڵامدانەوەی خواستی مامۆستایان و خوێندکارانە کە ساڵانێکی زۆرە داوای پێداچوونەوە بە پڕۆگرامەکانی خوێندندا دەکەن، نەک ئەوەی کتوپڕ و بێ هیچ ئاگادارکردنەوەیەکی پێشوەختە هەموو شتێکی پێشوو وەلابنرێت و لە سفرەوە دەستپێبکرێتەوە.

-گەشەپێدانی پڕۆگرام، بەشێک لەو سەرئێشە و سەرقاڵییە لەکۆڵ مامۆستایان دەکاتەوە کە بەهۆی ئاڵۆزی و پێکدژی و هەڵەکانی ناو پڕۆگرامەکانی خوێندنەوە گیرۆدەی دەبن و ناچارن لەپەنا وانەوتنەوەیاندا، کاتی تایبەتی بۆ ڕاستکردنەوە و پێداچوونەوەیان تەرخان بکەن.

هەڵبەت زۆر خاڵی تریش هەن کە دەکرێت لەم ڕووەوە ئاماژەیان بۆ بکرێت و لە ناواخنیاندا جەخت لەسەر نییەتی گەشەپێدانی پڕۆگرام دەکەنەوە و کاریگەرییە بنیاتنەر و پۆزەتیڤەکانی ئەو گەشەپێدانە، لە ئێستا و داهاتوودا دەسەلمێنن.

 

ئەوەی لە سەرەوە ئاماژەم بۆ کرد، وەڵامدانەوەی لایەنی یەکەمی پرسیارەکە بوو. سەبارەت بە وەڵامدانەوەی لایەنی دووەمی پرسیارەکە کە کارکردنە لەسەر گۆڕینی پڕۆگرامەکانی خوێندن لە ماوەی ساڵێك یاخود چەند ساڵێکدا، دەبێت بڵێم، بەسەرنجدان لە هەوڵەکانی گۆڕینی پڕۆگرامەکان لە ڕابردوودا و بەدوواداچوونی ورد لەم بوارەدا، دەگەینە ئەو هەقیقەتەی کە لە زۆرینەی حاڵەتەکاندا نەیتوانیوە ببێتە ئەلتەرناتیڤێکی ڕاستەقینە و ئەو بۆشاییە زانستی و فەرهەنگی و پەروەردەییە پڕبکاتەوە کە دۆخی خراپی پەروەردە و فێرکردن لەم وڵاتەدا نیازی پێی هەبووە و  کاراکتەرە وابەستەکانیشی بە مامۆستا و خوێندکار و کەسوکاریی خوێندکارانەوە، چاوەڕوانییان کردووە. بۆیە هێشتا لەوەدا بێ توانابووە هاوتای ئەو ئامانجە سەرەکییانە بێتەوە کە لە کایەی پەروەردە و فێرکردندا، وەک ستراتیژێکی زانستی و پەروەردەیی ڕاستەقینە، بۆ ئێستا و داهاتووی هەر کۆمەڵگەیەکی زیندوو بە پێویست دادەنرێت.

ڕاستە بەشێکی زۆر لە کتێبەکان لەڕووی دیزایین و قەبارە و فۆرم و ناوەرۆکەوە بەشێوازێکی هاوچەرخانە چاپکراون و نمای سەردەمی مۆدێرنە نیشان دەدەن، بەڵام لە جەوهەردا، لە کەموکووڕی فێرکاری و زانستی و ئەکادیمی بەدەرنین و ناتوانن ببنە پردێکی مەعریفی پتەو بۆ پەڕینەوەی خوێندکار بەرەو پێدەشتی بەرینی زانین و بیرکردنەوە و هەڵکشان بەرەو بەرزایی ئومێد و گەشبینی.

 

لێرەدا، بە پێویستی دەزانم بەشێک لەو هۆکارە سەرەکی و بنچینەییانە دەستیشان بکەم کە وایانکردووە، لە زۆر ڕەهەندەوە، هەوڵەکانی گۆڕینی پڕۆگرامێکی خوێندن یاخود چەند پرۆگرامێک، نەتوانێت وەک پێویست بەرەنجامێکی ئەرێنی و ڕەزامەندانەی  لێبکەوێتەوە:

-وەرگێرانی بەشێک لە پڕۆگرامەکان لە زمانەکانی ترەوە، لە ڕوانگەیەکی ئەکادیمی و زانستییەوە ڕایی نەکراون و بەشێوەیەک خراونەتە بەردەستی مامۆستایان و خوێندکاران کە لەلایەکەوە وەرگێڕانێکی ڕەق و وشکبوون و لەلایەکی تریشەوە لەڕووی وشەسازی و خاڵبەندی و تایپەوە کەموکووڕییان هەبووە.

-زۆرجار هەوڵەکانی ئەم گۆڕینە لە پڕۆگرامەکانی خوێندندا، لە پنتی سەرەکی دوورکەوتۆتەوە کە خزمەتکردنە بە کۆی کایەی پەروەردە و فێرکردن. لەهەمانکاتدا، بەوهێندە نەیتوانیوە وەڵامدەرەوەی نیازی هەردوو توێژی مامۆستایان و خوێندکاران بێت کە لە ڕووی فەرهەنگی و زانستی و ئەکادیمییەوە چاوەڕوانیان کردووە .

-جار هەبووە بە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ، بینراوە و بیستراوە کە ئایدۆلۆژیا و جیهانبینی لاوەکی ڕۆڵی هەبووە لە گۆڕینی پڕۆگرامەکاندا. هەقیقەتی ئەمەش ئەوکاتە زیاتر بەرجەستەبووە کە پرۆگرامێک تەنها بۆ ماوەی تاکە ساڵێک بڕیاری گۆڕین و چاپکردنی دراوە و پاشان لەگەڵ بەرزبوونەوەی دەنگی ناڕەزایەتی زۆرینەدا، وەلانراوە .

-لەگەڵ ئەوەی زۆرینەی کات ئەرکی دانان و وەرگێران و دەستکاری کردنی پڕۆگرامەکان بە کەسانێکی پسپۆڕ و خاوەن بڕوانامەی بەرز سپێردراوە، بەڵام بەداخەوە ئەوە نەبۆتە هۆکارێک بۆ ئەوەی پڕۆگرامەکان لەڕووی زمان و ڕێنووس و داڕشتن و هونەری وشەسازییەوە بەبێ خەوش و کەموکوڕی بێنە بەردەستی مامۆستایان و خوێندکاران. جگە لەوەش، لە ڕووی چلۆنایەتی تۆمارکردنی ساڵ و ژمارە و داتاکانیشەوە، هەڵەیان بەسەردا تێپەڕیوە.

-لەچوارچێوەی هەندێک پرۆگرامدا، بەتایبەتی ئەو پڕۆگرامانەی بواری زمان و زانستە مرۆڤییەکان دەگرنەوە، هەندێک بیر و ئایدیا و نەزم و ئاراستەی فیکری ناباو زەق کراونەتەوە کە لەڕێگەی خوێندکارەوە گوازراونەتەوە ناو دامەزراوەی خێزان و لەوێشەوە گوازراوەتەوە ناو کۆمەڵگە و لەبەرەنجامیشدا بەرکەوتنێکی نەخوازراوی لێکەوتۆتەوە و ڕای گشتی تووڕە و دڕدۆنگ کردووە.

-بەوپێیەی ئەم گۆڕانکارییانە، بەگوێرەی نیازی سروشتی پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن نەخەمڵیون و تەریب نەبوون لەگەڵ خواستە زانستی و پەروەردەیی و فێرکارییەکانی خوێندکاردا، بۆیە زۆرجار کێشە و گرفت و ناڕەزایەتی وای لێکەوتۆتەوە، دامەزراوەی پەروەردە و فێرکردنی ناچارکردووە لەبەرزترین ئاستدا، بێتەدەنگ و ڕوونکردنەوە بدات و پۆزش بهێنێتەوە و بەبێ هیچ ئەملاو ئەولایەک، بڕیار لەسەر لابردنی بابەتێک یاخود چەند بابەتێکی ناو پڕۆگرامێک بدات، یاخود سەرلەبەری پڕۆگرامێک وەلابنێت. لەکاتێکدا خەرجییەکی زۆر لە کردەی نووسین یاخود ئامادەکردن یاخود وەرگێڕان و چاپکردنیدا کراوە و هەتاکو دووایی…

هەڵبەت، مەبەستی سەرەکی من لەو وتارەدا ئەوەنییە بە ڕەهایی کردەی گۆڕان و گۆڕانکاری لە پڕۆگرامەکانی خوێندندا ڕەتبکەمەوە. چونکە پرۆسەیەکی وەها ڕێ لێگرتنی ناکرێت و درەنگ یان زوو دەبێت بەگوێرەی نیاز و پێداویستییەکانی پڕۆسەی پەروەردە و فێرکردن و هەلومەرجە تایبەتی و گشتییەکانی واقیعی کۆمەڵگە، بڕیاری لەسەر بدرێت و لەڕووی کردارییەوە هەنگاوی بۆ بنرێت. بەتایبەتیش کاتێک ئەو گۆڕانکارییە دەبێتە پێداویستییەکی حەتمی و بێ چەندوچوون، وادەکات گرفتی نەگۆڕانی پڕۆگرامەکان لە خودی گۆڕینیان زیاتر ببێت. ئەوکات ئەم پرۆسەیە زۆرتر لەهەر کات و سەردەمێکی دی خۆی فەرز دەکات و وەلانانی یاخود پشتگوێخستنی، بە ئەستەم دادەنرێت.

ئەوەی من مەبەستمە جەختی لەسەر بکەمەوە و لە ڕوانگەیەکی دڵسۆزانەوە خاڵ لەسەر پیتەکانی دابنێم، ئەو هەقیقەتەیە کە کردەی دەستکاریی کردن و گۆڕینی پڕۆگرانەکانی خوێندن و زیادکردن یاخود کەمکردنەوەی بابەتێک یاخود وەلانانی کتێبێکی دیاریکراو، کارێکی هێندە ئاسان نییە و، ڕەوا نییە لە دەرەوەی هەبوونی ئەزموونێکی قووڵ و نییەتێکی خەمخۆرانە و هەڵسەنگاندنێکی ورد بۆ تێكرای لایەنەکانی ئەم پرۆسەیە، هەنگاوی بۆ بنرێت. لەوەشدا، نەک تەنها دەبێت هەلومەرجە خودی و بابەتییەکانی ناو پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن لەبەرچاوبگیرێت، بەڵکو پێویستە پانتایی ئەو لەبەرچاوگرتنە، ئەو فەزا گشتییەش بگرێتەوە کە چین و توێژەکانی کۆمەڵگە تیایدا مومارەسەی ژیانی ڕۆژانەی خۆیان دەکەن. چونکە هەنگاونان بۆ ئامادەکردن و نووسین و وەرگێڕانی بابەتگەلێک لەچوارچێوەی پڕۆگرامەکانی خوێندندا، کە بە ئاشکرا و ڕاستەوخۆ لەگەڵ  ئەلف و بێی پرەنسیپ و باوەڕ و بەها و دابە گشتییەکانی کۆمەڵگەدا ناکۆک و پێدژبێت، مەترسی لەسەر ئارامی دەروونی و کۆمەڵایەتی تاکەکان و ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی درووست دەکات. لەهەمانکاتدا، نێوانێکی گەورە لەنێوان دەزگای پەروەردە و فێرکردن لەلایەکەوە و دامەزراوەی خێزان لەلایەکی ترەوە، دەهێنێتەکایەوە کە دەشێت دووبارە لێکنزیککردنەوەی بەو هێندە ئاسان نەبێت.

پێشهاتێکی لەو شێوەیە، جار هەبووە وەها زەقبۆتەوە مامۆستای فێرکاری ناچارکردووە لەدەرەوەی ئاگادارکردنەوەی سەرەوەی خۆیدا، بڕیار بدات بابەتێک یاخود چەند بابەتێکی ناو پڕۆگرامێکی خوێندن وەلابنێت و بەسەریدا تێبپەڕێت. ئەمەشی لەپێناو پاراستنی سەقامگیری دەروونی خوێندکارەکانی و فەزای گشتی کۆمەڵگەدا پەیڕەوکردووە کە نەبادا گرفت و کێشە و ئاریشەی نەخوازراوی لێبکەوێتەوە و جۆرێک لە بەرکەوتنی وتەیی و ڕەفتاری لەنێوان ئەو و خوێندکارەکانی، یاخود کەسوکاریاندا بەدوای خۆیدا بهێنێت. جاریش هەبووە، خودی خوێندکار دوور لە چاوی مامۆستاکەی و بە ئاگاداری کەسوکارەکەی، ئەو لاپەڕانەی ناو پڕۆگرامێکی خوێندنی دڕاندووە کە دێڕ و پەڕەگرافەکانی نامۆ و پێکدژبوون لەگەڵ دابی گشتی و پاشخانی پەروەردەیی و ئیمانی و فەرهەنگی خۆیی و کەسوکاریدا.

هەموو ئەمە، پێماندەڵێت کە کردەی دەستکاری کردن و گۆڕینی پڕۆگرامەکان، نەک تەنها پێویستە لەدەرەوەی خواستی تاکەکەسی یاخود ئایدۆلۆژی یاخود نیاز و مەبەستێکی تری لاوەکییەوە سەرچاوە بگرێت، بەڵکو پێویستە هاوشێوەی زۆر لە پرسە گرنگە نیشتمانی و نەتەوەییەکان، ڕای زۆرینەی تیادا بەهەندبگیرێت و بەشێوەیەک کاری لەسەر بکرێت کاریگەری نێگەتیڤ لەسەر ئێستا و داهاتووی سەرخانی کۆمەڵگە دانەنێت. جگەلەوە، داڕشتنی پڕۆگرامەکانی خوێندن چەندە نیازی بەوەیە، بە ئاگاییەوە دەستی بۆ ببڕیت و پاشخانی فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی کۆمەڵگەی تیادا لەبەرچاو بگیرێت، بەوهێندەش پێویستی بەوەیە بە وردی سەرەداوەکانی کایەی سیاسی تیایدا لەبەرچاو بگیرێت. ئەمەش واتای ئەوە دەگەیەنێت کە نابێت پڕۆگرامەکانی خوێندن هیچ چەشنە ناتەبایەکییان تیادابێت لەگەڵ بەها و پڕەنسیپە نەتەوەیی و نیشتمانییەکاندا و دێر و پەڕەگرافەکانیش دووربن لە هەر بیر و ئایدیا و پێدراوێک کە له‌ ئێستا و داهاتوودا ببنە مایەی هەڕەشە لەسەر کەسێتی مەعنەوی کۆمەڵگە و سەروەری خاک و نیشتمان، یاخود مەترسییان لەسەر درووست بکات.

خاڵێکی دی گرنگ کە پێویستە لە هەلومەرجی بڕیاردان لەسەر گۆڕین و دانانی پڕۆگرامەکانی خوێندندا لەبەرچاو بگیرێت، ئەوەیە کە دەبێت لەچەندین ڕووەوە پەیوەندییە سیاسی و ئابووری و فەرهەنگییەکانی نێوان وڵاتان تیایاندا بەهەندبگرێت، بەتایبەتی لە ئەمڕۆدا کە تەکنۆلۆژیای زانیاری جیهانی وەها بچووککردۆتەوە، هەمووان لەیەکتری بەئاگان و هەمووانیش نیازیان بە یەکتری هەیە. بۆیە نابێت پڕۆگرامەکانی خوێندن لە ناواخنیاندا کار بۆ شکاندنی کەسێتی مەعنەوی هیچ گەل و نەتەوە و ئاینزایەک بکەن، بەتایبەتی لە چوارچێوەی ئەو پڕۆگرامانەدا کە دەکەونە ناو بازنەی زانستە مرۆڤییەکان یاخود بابەتە زمانەوانی و عەقایدییەکانەوە. چونکە ئەمە وەک هەڵمەتێکی جەنگی ڕانەگەینراو پێوانەی بۆ دەکرێت لەلایەن دەسەڵاتێکی سیاسییەوە لەدژی دەسەڵاتێکی سیاسی تر کە لە تەمەنی بەراییەوە، ڕۆڵەکانی لەسەر ئایدیای ڕق و دوژمنکاری و تۆڵە پەروەردە دەکات و ڕادەهێنێت.

ڕەنگە زۆرینەمان لەیادمان نەچووبێتەوە کە چەند ساڵێک لەمەوبەر لەبەرەنجامی بڕیاری وڵاتی چین بە ئیزافەکردنی چەند بابەتێک بۆ ناو پڕۆگرامی هەردوو وانەی مێژوو و جوگرافیا، چ ئاڵۆزی و کێشەیەکی گەورەی سیاسی و دبلۆماسی لە نێوان ئەو و وڵاتی ژاپۆندا سەریهەڵدا. کرۆکی کێشەکەش بۆ ئەوە دەگەڕایەوە کە حکومەتی چین لە میانی باسکردنی چەند قۆناغێکی مێژوویی و  چەند لایەنێکی جوگرافیای وڵاتی چیندا، باسی لە شەڕانگیزییەکانی ڕابردووی وڵاتی ژاپۆن کردبوو، هەروەها سوپاکەشی بە دڕندە و خراپەکار و داگیرکەر ناوبردبوو. ماوەیەکی زۆری پێچوو تاکو بە نێوەندگیری چەند دۆستێکی دەرەکی، توانرا ئەو کێشە و ئاڵۆزییە کۆتایی پێبهێنرێت و پەیوەندییە سیاسی و دیبلۆماسییەکانی نێوانیان ئاسایی ببێتەوە.

دواخاڵ کە بە پێویستی دەزانم جەختی لەسەر بکەمەوە و گرنگە لە میانی هەوڵەکانی گۆڕینی پڕۆگرامەکانی خوێندندا ڕەچاو بکرێت، ئەوەیە کە دەبێت ئەو بابەتانەی لەچوارچێوەی پڕۆگرامە بڕیارلێدراوەکاندا کۆدەکرێنەوە، لە فۆڕم و جەوهەردا، لەگەڵ ڕیزبەندی تەمەنی فیزیکی و ئاستی زانستی و توانا ژیرییەکانی خوێندکاردا هاوتا بێتەوە. ئەمەش بۆ ئەوەیە تاکو خوێندکار لە قووڵایی بیر و زەینیدا، بتوانێت درک بەو پێداوە زانستی و فێرکاریانە بکات کە دەخرێتە بەردەستی و مامۆستاکانیشی لەناو فەزای پۆلدا بۆی ڕاڤە دەکەن و شیدەکەنەوە. نەک ئەوەی تەنها پشت بە لەبەرکردنی ڕستە و پەڕەگرافەکان ببەستێت و لە پۆلدا وەک تووتی دووپاتیان بکاتەوە و لەکاتی تاقیکردنەوەکانیشدا، بیانگوازێتەوە سەر کاغەز.

هەر پڕۆگرامێکی لەو شێوەیە بخرێتە بەردەستی خوێندکار، جگە لە پێدانی کۆمەڵە زانیارییەکی مردوو (بەدیوە زانستییەکەیدا) کە لە لەدەرەوەی درککردنێکی ئەقڵانیدا دووپاتی دەکاتەوە و تاقیکردنەوەی تیادا دەکات و ساڵێکی خوێندنی پێ تێدەپەڕێنێت، هیچ بەرەنجامێکی تری ئومێدبەخشی لێناکەوێتەوە. هەروەها ناشتوانێت ڕۆڵی خۆی لە پەرەپێدانی توانا کاراییەکانی خوێندکاردا ببینێت.