
عەبدوڵڵا عەبدولڕەحمان
ئێمەی مرۆڤ وەک ژینەوەر، بیرکردنەوەی دەرهەست (ئەبستراکت) لە ناوماندا میراتی بۆماوەییە و لە جینمادا چەسپیوە، ئەمەش دەبێتە هێڵە جیاکەرەوە درشتەکەمان لە ژینەوەرانی دیکە. هەر لە ڕێگەی ئەم دەستاوێژە گرینگەوەیە دەتوانین ڕووبەڕووی بەرۆکگیرییەکانی ژیان ببینەوە، پلانڕێژی بکەین و چارەڕێی جودا بۆ گرفت و ئاریشەکان هەم بدۆزێنەوە و هەمیش پیادە بکەین، بەڵام پەرەدان بە بیرکردنەوە و چۆنیەتی و چەندەتییەکەی، ژینگە و دەوروبەر ڕۆڵی گرینگی تێدا دەگێڕن. لەم گۆشەنیگایەوە «پەروەردەکار و دەروونناسی ڕووس، «لێڤ ڤیگۆتسکی» Lev Vygotsky،1896 – 1934» جەختێکی فرە دەخاتە سەر نۆرەی ژینگە وەک کایەیەکی گرینگ لە ژیانی مرۆڤدا و پێی وایە ژینگەی ئایەتی و لەبار دەتوانێت کارامەیی بیرکردنەوە لە هزر و دەروونی مرۆڤدا بفراژێنێت و هەناوچێن بکات.
ڤیگۆتسکی دامەزرێنەری بیردۆزەی «جڤاکی-فەرهەنگی»ـیە. ئەم بیردۆزە پتر ڕەهەندی جڤاکی دەکاتە بنەما لە پێڤاژۆی فێربووندا نەک بۆماوە. هەرچەندە کاریگەریی بۆماوە لەسەر فراژووتنی هزری و فێربوون ڕەت ناکاتەوە، بەڵام پێشەمی دەدات بە ژینگەی جڤاکی، کارلێک و پەیوەندی. جڤاک لای ڤیگۆتسکی دەکاتەوە ژینگەی دەوروبەرمان هەر لە خێزانەوە بگرە تا دەگاتە هاوڕێ و نێزیکانمان، لەوێشەوە بۆ جڤاک و کۆی ئەو نۆرم و بەهایانەی بە ئاشکرا و پەنهان لە جڤاکماندا هەن. هەرچی فەرهەنگە، بەو ئامرازانە ناودێریان دەکات کە یاریدەرن بۆ فێربوون و تێگەیشتنمان لە ژینگەکەمان، کە گری نگترینیان بریتین لە «هێما، نیشانە، زمان و کەلوپەلی بەردەست»، بە داڕشتنەوەیەکی دیکە، ڤیگۆتسکی فێربوون بە پرۆسەیەکی جڤاکی دەبینێت و وا دەڕوانێت کە مرۆڤ هەر لە دەمەزانەوە بەرکەوتی جیاوازی هەیە لەگەڵ دەوروبەر، ئەم بەرکەوتە سەرەتا لە بازنەی بچووکی نێزیکانەوە
دەست پێ دەکات و دواتر فرەوان دەبێت و ناخزمیش دێنە ئەو چێوەیەوە تا دەگاتە جڤاک، هاوکات گشتەی ئەو نۆرم، بەها و نوێبابەتانەی دەوروبەر کە مرۆڤ دەرگیریان دەبێت و بەردەوام بەرخوردیان لەگەڵدا دەکات، لە ڕێگەی زمان، سێمبول و هێماوە ڕێچکە هەڵدەبەستن بەرەو جیهانی دەروون و هزر، دواتر هەناوچێنیان دەکات لە خۆیدا، دەشێت وەرگرتنەکان ئاگایی یان ناگایی بن. ئەم نۆڕینەیە هۆکار بۆ پێداگریی ڤیگۆتسکی لەسەر کاریگەریی ژینگە لەسەر ڕەنگڕێژ و شێوەڕێژی بیرکردنەوە.
بەشێک لە بیردۆزانی بەر لە ڤیگۆتسکی، پێیان وەها بووە فێربوون گەشتێکی تەنیایە و فێرخواز دەبێت خۆی پێیدا تێپەڕ بێت و فێری ببێت واتە کاریگەریی دەوروبەریان کەمتر بەهەند دەگرت. ڤیگۆتسکی پێی وایە جیاکردنەوەی ئەم گەشتە تەنیا و ئەزموونە کەسییە لە ژینگەی دەوروبەرشیان بەدەرە، واتە ئەزموونی کەسیی مرۆڤ لە ئەزموونی ژینگەکەی جیا ناکرێتەوە، چونکە منداڵ لەو ڕۆژەوە کە دەکەوێتە باوەشی دنیا، بە کەسی جیاواز دەتەندرێت، بەرایی لە دایکوباوکەوە و پاشان خزم و دراوسێ و دواتر ناخزم و لەوێشەوە بۆ جڤاک، هەر بۆیەشە بەشێکی زۆری تێگەیشتنی منداڵ لەمەڕ دونیا و دەوروبەر، لە بەها و باوەڕی گەورەساڵان و هاوڕێی نێو ژیانی و ژینگەکەیەوە سەرچاوە دەگرێت.
ڤیگۆتسکی پێی وایە بەشێکی کەم لەو زانیارەی هەمانە بەرهەمی پەیدۆزی و نۆڕینی کەسیی خۆمانە، بەڵکوو پتر لە زانینی ئەوانی دیکەوە سەرچاوە هەڵدەبەستێ، واتە ئێمەش لە ڕێگەی کارلێک و پەیوەندیمان بە ئەوانی دیکەوە بەر ئەو زانیارە دەکەوین و فێری دەبین. دەشێ بەرکەوتەکە ڕاستەوخۆ بێت، وەکوو ئەو قسە و کردانەی لە گەورەساڵانی ناو ژیانمان و هاوڕێ و ئاواڵەکانمانەوە دێن یان ناراسەوخۆ وەکوو فیلم، ڤیدیۆ، سەرچاوەی دیژیتاڵی و… بۆیەشە بۆ تێگەیشتنێکی مووقڵاشانە لە منداڵ، تەنێ نۆڕین لە خودی منداڵ بەس نییە، بەڵکوو سەرەدەری و وردنۆڕی لە ژینگەکەی دەبێتە پێشمەرجی گرینگی ئەو تێگەیشتنە. لە ڕوانگەی ڤیگۆتسکییەوە، منداڵێکی کە هۆکارە لە دروستکردنی ژینگەی ئاژاوڵە لە فیرگەدا و بەرهەمی فێرکارییەکەی کزە،
بەر لەوەی پەنا ببەینە بەر شەرماندن، چەپاندن و تێسرەواندنی منداڵەکە، مەرجە تیژنیگا بین لە نۆڕینمان بۆ گوزەران و ژینگەکەی، دوای خویابوونی ژینگەی ناجۆری منداڵەکە، مامۆستای ئاشنا بە ڕوانگەی ڤیگۆتسکی لەبری چاوسوورکردنەوە و لێدان، هاوسۆزانە لە منداڵەکە دەڕوانێت، هاودەم خۆیشی وەک کەسایەتییەکی گرینگی ناو ژینگەی منداڵ دەبینێت -کە ڕۆژانە چەندین کاژێر سەروکاریان لەگەڵ یەکدیدا هەیە-، هەوڵ دەدات کاریگەری و نەخشی خۆی لە ژیانی منداڵەکەدا پێشان بدات، نەک وێڵی بکات و تیری ڕەخنەی لە هەناوی داکوباب گیر بکات و دواتر دەزگەی میری و لەوێوە باداتەوە بۆ کووچە و کۆڵانی بێسەرەوبەرە و منداڵی لاسار و نەبیست. خۆیشی وەک بەرزەكی بانان بۆی دەرچێت، واتە خۆی لا بدات لە بەرپرسایەتی و خەریكی تۆمەتبەخشینەوە بێت بۆ ئەم و ئەو، هاوکات مامۆستایەکی سەرەدەری لە ڕوانگەی ڤیگۆتسکی بکات، زانیارە بەوەی کە گەشەی هزری و جڤاکیی منداڵ تەواو سەربەخۆ نییە، بەڵکوو لەڕووی بایۆلۆژییەوە تەواو نەرمەکارە بۆ کارلێک و گونجان لەگەڵ ژینگەکەیدا.
ڤیگۆتسکی، مرۆڤ بە دەستوپێسپی و ناکارا نابینێت لە بەرانبەر کاریگەریی ژینگە و دەروبەردا، بەڵکوو پێی وایە ئەو پەیوەندییە دوو لایەنەیە، واتا وەک چۆن ژینگە و دەوروبەر کار لە مرۆڤ دەکەن، مرۆڤیش بە هەمان ڕادە کار لە ژینگەکەی دەکات. لەو بەرکەوتەی نێوان مرۆڤ و ژینگەکەی، بەشێک لە بەها، زانیار و نۆرم دێنە ناو مرۆڤەوە و کار لە دونیابینییەکەی دەکەن، بەڵام نەبزۆک و داوەستاو نین بەڵکوو هزری مرۆڤیش لە ئەنجامی ئەو پەیوەندییەوە، چالاک و کارایانە، خوازیارانە بێت یان خواستبەدەر بەها و نۆرمی نوێ هەڵدەبەستێ کە جیاوازە لەوەی لە ژینگەکەیەوە پێی دراوە. واتە لە دیدی ڤیگۆتسکییەوە مرۆڤ ژێردەستە و فەرمانبەرداری ژینگە و دەوروبەر نییە، بەڵکوو هێندەی لێی وەردەگرێ، هێندەش تاو و کاریگەریی بەسەریەوە جێ دەهێڵێت و بەردەوام نۆرم و زانیاری نوێ هەڵدەبەستی. هەر ئەمەشە دەیکاتە ژینەوەرێکی بیرکار و تێبین و جیای دەکاتەوە لە ژینەوەرانی دیکەی کە پتر دنە/ غەریزە ڕەنگڕێژی ژیانیان دەکەن و دەستەوستانن بەرانبەر ئەو شێوەژیانەی کە تێیاندا جینڕێژ کراوە.
ڤیگۆتسکی پێی وایە مرۆڤ ڕاستەوخۆ ناتوانێ بەر ژینگە بکەوێت، بۆیە پێویستی بە چەند دەستاوێژێک هەیە بۆ ئەو بەرکەوتنە. واتە مرۆڤ ناتوانێ هەموو ئەو شتانەی لە دەوروبەریدان ڕاستینە و بەرهەستانە بیانبینێت و بەریان بکەوێت، بەڵکوو پێویستی بە چەند ئامرازێکە کە وەکوو نێوەندگیر بەکاریان دەهێنێت بۆ دەرککردنی دەوروبەر،
گرینگترین ئەو ئامرازانەش بریتین لە زمان، سێمبول و هێما. واتە ئێمە ئەو دەستاوێژانە بەکار دەهێنێن بۆ تێگەیشتن و ساکاراندنی داکەوت. بۆ نموونە کاتێک دەڵێن «زەوی» تەنها وشەیەکە و وێنایەکمان دەداتێ دەربارەی هەسارەی زەوی بەڵام نەک کۆی زەوی، واتە ئەم وشەیە (زەوی) هەمان ئەو زەوییە نییە کە پابەندە بە چەندین یاسا و ڕێکخستنی فیزیایی، کیمیایی و بایۆلۆژی، بەڵکوو هەر یەکەمان لەگەڵ بیستنی وشەکە، چمك و بەشێکی زەویمان دێتە بەرهزر و هۆش نەک تەواوی هەسارە شینەکە بە کۆی ڕەهەند و باتەکانییەوە. دەستاوێژێکی دیکەی گرینگ بریتییە لە «هێما»، ئەمیش لە چەند بارێکدا وەک نێوەندگیرێک کار دەکات. بۆ نموونە، بەمەبەستی تێگەیشتن لە سنوور و جوگرافیایەکی بەرین، کۆمەک لە سکێچ، نەخشە و هێڵکاری (دەکەونە ژێر سەیوانی هێماوە) وەردەگرین بۆ تێگەیشتن لە کەوشەن و سنوورگەلی جیاواز، هەرچەندە ئێمە لە ڕێگەی «نەخشە»وە وێنایەکی باننۆڕمان دەبێت دەربارەی شارێکی وەکوو سلێمانی، بەڵام کۆی وردەکارییەکانی شارەکە لە ژمارەی هاوڵاتی، زایەند و شێوەژیان لە ڕێگەی نەخشەکەوە دەستگیر نابێت، بەڵام ئێمە ئەو دەستاوێژە بەکار دەهێنین بۆ ساکاراندن و تێگەیشتنێکی بەرایی دەربارەی شارەکە، لە کڵاوڕۆژنەی نۆڕینی ڤیگۆتسکییەوە دەشێ بڵێین هەموو ئەوەی کە ئێمە دەربارەی ژینگە و دەوروبەرمان، ژیان و بوونمان و کۆی بابەتەکانی دیکە پەی پێ دەبەین، بەش و ڕووکاری کەمی داکەوتن نەک کۆی داکەوت.
ڤیگۆتسکی، بێگرێوگۆڵ و پاتەوپات فێربوون وەکوو دیاردەیەکی جڤاکفەرهەنگی (sociocultural) دەبینێت، لەم دەم و دەورەشدا دەزانین کە کارای هەرە مەزن لە جڤاک و فەرهەنگدا مامۆستایە، ئەرێ مامۆستا! بۆیە لەم ڕوانگەیەوە، مامۆستا ئەو کەسێتییە هەرە گرینگەیە دەتوانێت زۆرترین تاوی هەبێت لە پێشخستنی توانست و کارامەیی فێرخوازدا.