
د.ڕه‌سوڵ ئیبراهیم ڕه‌سوڵ
له‌گه‌ڵ ده‌ركه‌وتنى نيشانه‌كانى لاوازى سياسى و سه‌ربازى ده‌وڵه‌تى عه‌بباسیدا، چه‌ندين گۆڕانكارى به‌سه‌ر شێوه‌ى فه‌رمانڕه‌وايى و هه‌رێمه‌كانى سنوورى خيلافه‌تدا هاتن، له‌به‌ر چه‌ند هۆكارێك چه‌ندين قه‌واره‌ى سياسى له ڕۆژهه‌ڵا‌ت و ڕۆژئاواى ئيسلامى ده‌ركه‌تن و جاڕى سه‌ربه‌خۆيى و نيمچه سه‌ربه‌خۆيیان به‌رامبه‌ر به خيلافه‌ت ڕاگه‌ياندووە، له وانه‌ش سه‌رۆك هۆز و ميره كوردييه‌كانيش سوديان له‌و ڕه‌وشه وه‌رگرت و له زۆرێک لە ناوچە کوردنشینەکان بناغەى دامەزرادنى مێرنشینێکى خۆجێى دانراوە، هه‌رچه‌نده سه‌رهه‌ڵدانى هه‌ر يه‌كێكيان بارودۆخێكى تايبه‌تى هه‌بووە، سەربارى کۆمەڵێک هۆکارى ناوخۆیى و دەرەکى([1])، کە سەرەتایەکى نوێ بوون لە مێژووى سیستەمى میرنشنى لە کوردستاندا.
لە ڕاستیشدا سه‌ختى و به‌رفراوانى ڕووبه‌رى ناوچه كورديیه‌كان و بوونى سه‌دان قه‌ڵا و قوله و په‌ناگه، ده‌رفه‌تى زۆرى بۆ سه‌رۆك خێڵ و ده‌ست باڵاكان ڕه‌خساندووه كه له‌هه‌ر كاتێكدا به‌هه‌ر هۆكارێک بووبێت، جۆرێک لە یاخیبوون و دژایەتییان بەرامبەر دەسەڵاتى ناوەند و ناوچەیەکان پیشانداوە، بەچالاکى سەربازى ناوچەیى هەڵساون، ئەمەش پێشینەیەکبوون بۆ هەوڵەکانى بەتایبەت هەندێ لە سەرۆک خێڵەکان، کە بۆ مەبەستى جیاواز بەو جۆرە چالاکیانە هەڵبستن([2]).
هه‌رچۆنێك بێت ئه‌مانه ورده ورده بوونه هۆكار و ده‌ستپێكێك بۆ ڕابوونى هۆشى سياسى سه‌رۆك خێڵه‌كانى كورد و ده‌رچوونى له جوعزى پاشكۆيه‌تى بزووتنه‌وه نا كوردييه‌كان، به تايبه‌تى له قۆناغى دووه‌مى مێژووى خیلافه‌تى عه‌بباسيدا، له هه‌رێمى جزيره‌ش ده‌يان خێڵ و هۆزى نێودار هه‌بوون، كه ناويان له سه‌رچاوه جياوازه‌كاندا هاتووه، سه‌ربارى سرووشتى ناوچه‌كه و بوونى ده‌يان قه‌ڵا و قولله و شارى ناودار و هه‌ڵكه‌وته‌ى به‌شێكيان وه‌ك ناوچه‌ى سنوورى له‌گه‌ڵ خانه‌ى بێباوه‌ران، كه هه‌موو ئه‌مانه‌ش
تايبه‌تمه‌ندى زۆرى به هه‌رێمه‌كه به‌خشيووه، كاريگه‌رى زۆريان له‌سه‌ر ڕه‌وتى ڕوداوه‌كان هه‌بووه، دامه‌زراندنى ميرنشينى (دۆسته‌كى – مه‌ڕوانى) يه‌كێكه له ديارترين ئه‌و ڕوداوه مێژوويه گه‌ورانه‌ى كه بۆ ماوه‌ى زياتر له سه‌ده‌يه‌ك فه‌رمانڕه‌واييه‌كى به‌شكۆى له ناوچه‌كه‌دا كردووه، کە جێى مەبەستى ئەم وتارەیە، ئەگەرچى بە دەیان توێژینەوە و کتێبى تایبەتى زانستى لەبارەیانەوە نووسراون، بەڵام وەک هەوڵێکى بچووک لە پێناو بەرچاوڕوونى بە تایبەت بۆ خوێنەرانى ئەم گۆڤارە بەڕیزەش بە پێویست زانراوە، کە چەند زانیاریەکى گرنگى مێژوویى و پوختەیەک لە مێژووى میرنشینەکە بخرێتە ڕوو.
هەلومەرجى سەرهەڵدانى میرنشینەکە:
ئەگەر سەرنج لە هەلومەرج و هەڵکەوتەى جوگرافیاى ناوچەکانى هەرێمى جزیرەى فوراتى بەگشتى بدرێت، بە تایبەت سنوورە هاوبەشەکانى لەگەڵ دەوڵەتى بیزەنتى، کە بەردەوام مایەى مەترسى و هەڕەشە بوون بۆ سەر ناوچەکە، لە بارودۆخى بەشێک لەناوچەکانى دیکەى سنوورى میرنشینەکان جیاوازبوون، بۆیە بەردەوام دەوڵەتى عەبباسى و پێشتریش بایەخى زۆریان بە بەهێزکردنى ئەو ناوچانە داوە، بە جۆرێک خاڵى لاوازى ناوچەکە نەبێتە دەروازەیەک بۆ داگیرکردن و پەلاماردان، ئیدى هەمیشە ئەم ناوچە کەوشەنانە بە تایبەت (خلاط و آمد و رها و ملازگرد و…)هەروەک ئاماژە کراوە، وەک بەرسنگى سوپا وابوون، بەردەوامبوونە شوێنى کۆکردنەوەى هێزى خۆبەختکارى و جەنگ دژى هێزى بێباوەڕان، هەربۆیە بە ناوەندى جیهاد ناودێرکراون([3])، ئەم هەلومەرجەى لەوناچانە هاتۆتە ئاراوە، بەڕاستى سەختبووە، دەرفەت بۆ سەرهەڵدان و دەرکەوتنى دەسەڵاتێکى خۆجێى برەخسێت، ئەگەر لێهاتوویى و شارەزایى کەسایەتییەکى وەک (باد) نەبوایە، لە کاتێکدا سەرۆک خێڵ و خاوەنى هەژموونى خێڵەکیش وەک زۆربەى میرانى دیکەى میرنشینە کوردیەکانى دیکە نەبووە، کە بەیارمەتى ئەندامانى خێڵەکانیان و سوود وەرگرتن لە دەمارگیرى خێڵەکى بناغەى دامەزراندنى میرنشینەکانیان داناوە، وەک ئاشکراشە بۆ ئەو قۆناغە بە یەکێک لە هۆکارە دیارەکانى دامەزراندن و سەرهەڵدانیان دانراوە، هەروەک (ئیبن خەلدون) دەمارگیرى خێڵەکى بەمەرجێکى گرنگى گەیشتن بەدەسەڵات زانیووە([4])، ئەى چۆن (باد) لە کەسایەتییەکى ڕێگرەوە کرد بە خاوەنى میرنشین و دانانى بەردى بناغەى دەوڵه‌تێکى خۆجێى لەو ناوچە سنووریانە، کە پڕ مەترسى و هەمیشە شوێنگەى مۆڵگەى هێزى سەربازى خیلافەت بووە؟ نەک هەرئەوەش میرنشینێم بووە کە بەمانا لە بوارى دەوڵەتدارى پێشکەوت و خاوەن بنەماى شارستانى و پێشکەوتن بوون، بەکورتى ڕۆڵى میرەکانى ئەم میرنشینە لەم نێوەندا دەخەینە ڕوو.
دیارە دامه‌زرێنه‌رى ئه‌و ميرشينه (بادى كوڕى دۆسته‌ك)ـه، كه سه‌ربارى ڕاجيايى له‌سه‌ر ناو نازنا و هۆزه‌كه‌ى، كه به ( ابو عبدالله حسين بن دوستك) هاتووه، ڕاش هه‌يه كه (ابو عبدالله) براى بووبێت، دروستر ئه‌وه‌يه كه (باد) نازناوى (ابو شجاع)ـه و له هۆزى (چاربوختى له هۆزى بوختى يان حمديه)، هه‌رچه‌نده (باد) سه‌رۆك خێڵ و خاوه‌نى زه‌ويوزار نه‌بووه، به‌ڵكو له چينى هه‌ره‌مه‌كى خه‌ڵك و ماوه‌يه‌ك شوان و ڕێگريشى كردووه، به‌ڵام كه‌سايه‌تيه‌كى ئازا و چالاك و لێهاتوو بووه، له ده‌وروبه‌رى شه‌سته‌كانى سه‌ده‌ى (٤ک/١٠ز)دا له ده‌وروبه‌رى هيزان و سيرت كۆمه‌ڵيك جه‌نگاوه‌ر و شه‌ڕكه‌رى له خۆ خركرده‌وه له‌وانه‌ش خۆشكه‌زاكانى له كوڕانى (مروان بن كك) به‌ناوى جيهاد و شه‌ڕى بێباوه‌ڕانه كه‌وته هه‌ڵمه‌ت بردن و په‌لاماردانى
ئه‌رمه‌ن و سه‌نگه‌ره‌كانى دەوڵەتى بيزه‌نتى، به‌مشێوه‌يه ناو ناوبانگى به ناوچه‌كه‌دا بڵاوبۆوه و ڕۆژ دواى رۆژ بازنه‌ى لايه‌نگرانى فراوانتر بووە، تا دواجار ده‌ستى به‌سه‌ر شاره‌كانى (ئه‌رجش و هيزان و سيرت و مه‌عده‌ن)داگرتووە([5])، له كاتى شكستى (حه‌مدانيیه‌كانى موسڵ) له به‌رامبه‌ر بوه‌يهييه‌كان باديش پێگه‌ى خۆى به‌هێزتر كردووە، له نياز خراپى بوه‌يهييه‌كانيش ئاگاداربوو، پاشان پاشماوه‌ى حه‌مدانيیه‌كانى له ساڵى (372ك/ ٩٨٢ز) له شارى ميافارقين و نصيبين وه‌ده‌رنا و به ڕه‌زامه‌ندى خه‌ڵكه‌كه‌ى ده‌ستى به‌سه‌رداگرتن، به‌مه‌ش بناغه‌يه‌كى بۆ ده‌سه‌ڵاتێكى خۆجێى بۆ ڕه‌خساوە، به سودوه‌رگرتن له كارى جيهاد و تێكۆشان و شاره‌زايى و لێهاتووى ميرنشينێكى بۆ ده‌سته‌به‌ر كرد، پاشان له هه‌وڵى ئه‌وه‌شدا بوو كه ده‌ست به‌سه‌ر موسڵيش دابگرێت، به سوپايه‌كه‌وه بۆ گرتنى كه‌وته ڕێ، حه‌مدانییه‌كانيش داواى هاوكاريان له (عقيليه‌كان) خواست له‌به‌رامبه‌ر قایلبوونيان به‌ده‌ستگرتن به‌سه‌ر چه‌ند ناوچه‌يه‌كى جزيره‌دا، سه‌رئه‌نجاميش به‌هۆى هه‌ڵه‌يه‌كى سه‌ربازى و پلانى پشت لێگرتن له سوپاى باد، په‌رته‌وازه‌یى ده‌كه‌وێته ناو سوپاى باده‌وه و خۆشى له كاتى شه‌ڕدا ويستى له پشتى ئه‌سپێكه‌وه بۆ يه‌كێكى ديكه بازبدات، پێى ڕانه‌گه‌يشت و كه‌وته خواره و ئه‌ستۆى شكا، له‌ناو كوژرا و برينداراندا جه‌نگاوه‌رێكى عقيلى ناسيه‌وه و سه‌رى بڕى بۆ حه‌مدانییه‌كانى برده‌وه، ئه‌وانيش لاشه‌كه‌يان شێواند و به ده‌روازه‌ى شاردا هه‌ڵيان واسى، دانيشتوانى موسڵيش له‌م كاره‌يان نيگه‌ران بوون، چونكه باديان وه‌ك غه‌زاكار ناسیووە([6])، ئەوەى کە گرنگە لەم بارەیەوە ئاماژەى بۆ بکرێت، ئەو هەلومەرجه گرنگە بووە کە بۆ (باد) ڕەخساوە لە سوود وەرگرتن لە بارودۆخى ناوچەکە
و سوود وەرگتنى لە هەستى ئایینى و خواستى جەنگاوەرانى کورد و نەتەوەکانى دیکەش سەرەتا لە بەرامبەر بیزەنتییەکان و بەناوى جیهاد و دواتریش لەبەرامبەر هێزى حەمدانیەکان قۆستنەوەى لاوازبوونى پێگەى جەماوەرى و سەربازیان لە ناوچەکەدا لە بەرژەوەندى خۆى، بۆدانانى بەردى بناغەى بەهێزترین میرنشینى کوردى لەو ناوچە گرنگ و ستراتیژییە سنوورییە، ئەمەش لیهاتوویى میرى ناوبراو دەردەخات، لە دامەزراندنى میرنشینەکەدا.
دواى كوژرانى باد له ساڵى(380ك/990ز) خوشكه‌زاكانى (ابو علي حسن و ابو نصر احمد بن مروان)كه له ئازايه‌تى و نه‌به‌رديدا هاوێنه‌ى باد بوون، به چه‌ند سه‌د جه‌نگاوه‌رێكه‌وه خۆيان په‌نادا چياكان و سوپاكه‌يان ڕێكخسته‌وه، پاشان گه‌ڕايه‌وه (حصن كيفا) داواى له خاڵوژنى (واتا هاوسەرى باد)كردووە ده‌رگاى بۆ بكاته‌وه، ئه‌ميش به‌مه قايلبوو، هه‌ر زوو (ابو علی حسن) مه‌روانى كاروبارى ڕێكخسته‌وه و قه‌ڵا و شاره‌كانى قايم كرد و نه‌ك هه‌ر ئاماده‌ى به‌رگرى بوو له شار و ناوچه‌كانى بن ده‌ستى، به‌ڵكوو له هه‌وڵى فراوانخوازى و شه‌ڕى بێباوه‌رانيش سڵى نه‌كرده‌وه، به‌مه‌ش فه‌رمانڕه‌وايى له بنه‌ماڵه‌ى (دۆسته‌كيه‌وه) بۆ (بنى مروان) گوازرايه‌وه، (ابن لاثير)يش هه‌ر به (دولة بني مروان) ناوى بردوون([7]).
له‌سه‌ر ئاستى ده‌ره‌وه‌ش (ابو علی حسن) په‌يوه‌ندى له‌گه‌ڵ خه‌ليفه‌ى عه‌بباسى و فاطميه‌كانى ميسريش هه‌بووه، به‌گوێره‌ى ئه‌وه‌ى ناوى خه‌ليفه و ميرى بوه‌يهيشى له‌سه‌ر درواوه‌كه نه‌خشاندووه([8])، كه وه‌ك نه‌ريت و نيشانه‌يه‌كه بۆ په‌يوه‌ندى ئه‌رێنى له‌گه‌ڵ ئه‌و لايه‌نانه‌شدا، له‌هه‌مان كاتدا هێزه‌كانى ديكه‌ى ده‌وروبه‌ر له وانه‌ش حه‌مدانییه‌كان له‌سه‌ر هه‌ڵوێستى دوژمنكارانه‌يان به‌رامبه‌ر به ميرى ناوبراو وازيان نه‌هێناوه، چه‌ند جارێك په‌لامارى ميافارقين و ناوچه‌ى ديكه‌شيان داوه، به‌ڵام بێ هوده بوون، ئه‌مه‌و هێزه مه‌سيحيه‌كانيش به‌رده‌وام له هه‌وڵى په‌لاماردان و هێرشبردن دابوون بۆ سه‌ر شاره سنووريه‌كانى ژێر ده‌سه‌ڵاتى ميرنشينه‌كه، به شه‌ڕ و ماوه‌يه‌كيش به ڕێكه‌وتن له‌گه‌ڵيان گوزه‌راندويه‌تى، تا دواجار به‌هۆى ناپاكى ناوخۆ و به پلانى (شروه‌ى كوڕى مه‌م)ى ده‌مڕاست و (شيخ عبدالبر)ى پياو ماقوڵى شارى ئامه‌د، له كاتى ئاهه‌نگى بوك گواستنه‌وه‌ى كچى (سعدالدولة)ى حمدانى له ساڵى(387ك/ ٩٩٧ز) له ده‌روازه‌ى شارى ئامه‌د له‌ناو جه‌نجاڵى و قه‌ره‌باڵغى خه‌ڵكدا به چه‌قۆ په‌لامار دراو غافڵكوژكراوە، دواى ئه‌و (ابو منصور سعيد) ى براى كه به (ممهد الدولة)(387-401ك/ ٩٩٧-١٠١٠ز) ناسراوه ميرايه‌تى ميرنشينه‌كه‌ى وه‌رگرتووە([9])، به‌پێى ڕه‌وتى ڕووداوه‌كان بێت ناوبراو له كوشتنى براكه‌يدا تێوه گلاوه، چونكه (شيروه) به‌لايه‌نگيرى (ممهد الدوله)ناسرابوو پشتگيريشى كرد تا پۆستى ميريه‌تى وه‌ربگرێت، ميريش له تۆڵه‌ى خوێنى براكه‌ی نه‌ك له‌ناوى نه‌برد، به‌ڵكوو كرديه ده‌مڕاست و ڕاوێژكار و كه‌سى يه‌كه‌مى به‌رده‌ستى!.
ممهد الدوله ميافارقينى پايته‌ختى ديواربه‌ند كرد و ده‌روازه و شوراكانى نۆژه‌نكرده‌وه، زۆربه‌ى سه‌رۆك هۆز و خێڵه‌كانى جزيره په‌يمانى گوێڕايه‌ڵيان پێداوە، كاروبارى به باشى ڕێكخست و دراوى به ناوى خۆيه‌وه لێداوه، له‌سه‌ر ئاستى ده‌ره‌كى خه‌ليفه‌ى عه‌بباسى به‌فه‌رمى دانى پێداناو نازناوه‌كه‌ش هه‌ر ئه‌و پێى به‌خشيووه، له‌گه‌ڵ ئيمپراتۆر (باسليۆسى دووه‌م)(365-414ك/ 976-1025ز) په‌يوه‌ندى دۆستانه‌ى دامه‌زراندووە، له‌و گه‌شته‌ش كه ئيمپراتۆر بۆ ناوچه‌ى ئامه‌د كردى ئه‌و ميره كورده پێشوازى لێكرد‌و په‌يمانى ئاشتى و لێك تێگه‌يشتنيان واژۆ كرد، ئيمپراتۆرى ناوبراوى نازناوى (فه‌رانڕه‌وا يان نوێنه‌رى ڕۆژهه‌ڵاتى) پێداوه([10]).
به‌ڵام چاره‌نووسى ممهد الدوله‌ش به‌هه‌مان شێوه‌ى (ابو علی حسن)ىبراى به‌ده‌ستى (شيروه)ه غافڵكوژكرا، كاتێك له گه‌شتێكى قه‌ڵاى (هتاخ)دابوو له ساڵى (401ك/ 1010ز) به يارمه‌تى خزمه‌تكارێكى به‌ناوى (ابن فليوس) ئه‌وه‌بوو له دره‌نگانێكى شه‌ودا به شمشێر په‌لامار دراو كوژرا، دواى ئه‌و كاره‌ساته‌ش (شيروه) ده‌ستى به‌سه‌ر سه‌روه‌ت و سامانى بنه‌ماڵه‌ى مه‌ڕوانى داگرتووە([11]).
دواى ئه‌وه‌ى هه‌واڵه‌كه به (خواجه ابو القاسم الاصفهانى)گه‌يشت، كه ئه‌مه‌كدار و دڵسۆزى مه‌روانيه‌كان و والى سه‌ر شارى (ارزن) بوو، به‌رپرسانه هێزێكى بۆ (احمد بن مروان)ى براى ميرى كوژراو ناردووە، كه بۆ شارى (سعرت) دورخرابۆوه، بانگهێشتى لاى خۆى كرد و په‌يمانى دڵسۆزى و وه‌فدارى بۆ ده‌ربڕى، هه‌ر به هه‌وڵى خۆى پياوه ماقوڵ و سه‌رۆك هۆزه‌كانى كۆكرده‌وه (احمد بن مروانى)ى براى سێيه‌ميان به ميرى شه‌رعى ناساند، ئه‌وه‌ى ده‌بڕى كه تاوه‌كوو شيروه و ناپاكان له‌ناو نه‌برێن بارودۆخ جێ‌گير نابێت، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش هێزێكى پێكهێنا بۆ گرتنه‌وه‌ى شارى ميافارقين و له ناو بردنى ناپاكان، به‌رهه‌مى ئه‌م كاره‌شيان به گرتنه‌وه‌ى شار و كوشتنى شيروه و داروده‌سته‌كه‌ى به كۆتا هات، دواجار له كۆتاييه‌كانى ساڵى (401ك/ ١٠١٠ز) ( احمد بن مروان) پۆشاكى ميرايه‌تى پۆشى و سه‌روه‌رى بۆ بنه‌ماڵه‌ى مه‌روانى گێرايه‌وه، يه‌كه‌م كارێك كه ئه‌نجاميدا (خواجه ابو القاسم)ـى كرده ڕاوێژكار و وه‌زيرى خۆى و بۆ ڕێكخستنه‌وه‌ى كاروبارى سياسى و دارايى ميرنشينه‌كه ڕايسپارد، ئه‌ويش تا مرد لێهاتوويى خۆى له خزمه‌تى ميرنشينه‌كه‌ى به‌كارهێنا، كردى به هێزێكى گه‌وره‌ى كاريگه‌رى ناوچه‌كه و خۆشگوزه‌رانى و ئارامى باڵى به‌سه‌ر وڵات‌دا كێشاوه، هه‌ربۆيه‌شه سه‌رچاوه‌يه‌ك به (پێشه‌وا و شێخى) بنه‌ماڵه‌ى مه‌روانى ناوى بردووه، لە ڕاستیشدا وەزیرێکى دەمڕاست و کار لەجێ و دڵسۆزى بێ وینە بووە، گرنگترین کارێکى لە پیشینەش لەناوبردنى ناپاکان و خیانەتکاران بووە، ئینجا بناغەى دەسەڵاتى جێگیر و پتەو کردووە([12]).
له‌سه‌ر ئاستى ناوخۆ ميرى ناوبراو توانى ئارامى و ته‌بايى و به‌يه‌كه‌وه ژيان بۆ دانيشتوان فه‌راهه‌م بكات، لايه‌نى شارستانى به‌گشت بواره‌كانيه‌وه بوژانه‌وه‌ى ته‌واويان به‌خۆوه بينيووه، چالاكى چاندن و وه‌رزێرى بوژايه‌وه، دياره‌ى ڕێگرى و گه‌نده‌ڵى دارايى و زياده‌ى باج و گومرگى كه‌م كرده‌وه به پێى ياساكانى شه‌رع ڕێكخستوون، به‌مانه‌ش په‌يوه‌ندى بازرگانى (ناوخۆ و ده‌ره‌كى) په‌ره‌ى سه‌ند، (الفارقي) مێژوونوسى شاره‌كه ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه كردووه كه بازرگانێك له ڕۆژێكدا (پێنج سه‌د) دينارى ئه‌رمانۆسى قازانج كردووه، گه‌واهيدانه‌كانى مێژوونووسى ناوبراو ئاماژه‌ى ڕوونن له‌سه‌ر ئاستى گوزه‌ران خۆشی ژيانى دانيشتوان، هه‌روه‌ك نووسيويه‌تى ((ڕۆژگارى خۆشترين ڕۆژگار و وه‌ك جه‌ژن بووه… شه‌وانى له ڕۆژ خۆشتربووه.. هيچ پاشا و سوڵتانێك وه‌ك ئه‌و خۆش نه‌ژياوه، له‌سه‌رده‌مى ئه‌ودا هيچ كه‌سێك ئازارى نه‌چه‌شتووه و سزا نه‌دراوه..))، ئه‌و پێشكه‌وتنه‌ى وێڕاى سياسه‌تى ژيرانه‌ى خۆى له‌وه سه‌رچاوه‌ى گرتبوو، كه كاروباره‌كانى به كه‌سانى شايسته‌و شاره‌زا له كاروبارى ده‌وڵه‌تدارى و ژمێريارى و دارايى و دادگه‌رى و له‌سه‌ر بنه‌ماى ياساوڕيساكانى ئاينى سپاردبوو، له ناودارترين كه‌سايه‌تيه‌كانى سه‌رده‌م كاروبارى وه‌زاره‌تى ئه‌و ميره‌يان هه‌ڵده‌سوراند، له‌وانه‌ش (أبو القاسم الاصفهاني) و (أبو القاسم المغربي) (مردوو له 418ك/ ١٠٢٧ز) كه يه‌كێكه له شاره‌زاترين و ناودارترين وه‌زيره‌كانى مێژووى ئيسلامى و پێشتريش وه‌زيرى فاطميه‌كان بووه، دواتريش (فخرالدوله ابن جهير)، كه وه‌زيرى بنه‌ماڵه‌ى عه‌بباسيش بووه، هه‌ربۆيه وتراوە کە (يه‌كێك له خۆش به‌ختيیه‌كانى نصر الدوله ئه‌وه بووه كه دوو كه‌س بوونه وه‌زيرى كه هه‌ريه‌كه‌يان وه‌زيرى خه‌ليفه‌يه‌ك بووه)، ده‌ستى ئاواكارى و ئاوه‌دانى به زۆربه‌ى ناوچه و شاره‌كانى قه‌ڵه‌مڕه‌وييه‌وه دياربوون، بوارى هونه‌رى و زانست و زانيارى ته‌واو بوژاوه‌ته‌وه و شاره‌كان بوونه مه‌ڵبه‌ندى گرنگى بڵاوكردنه‌وه‌ى زانست و زانيارى و به‌ده‌يان زانا له بواره جياوازه‌كان پێگه‌يشتوون([13]).
له‌سه‌ر ئاستى ده‌ره‌كى په‌يوه‌نديیه‌كى دبلۆماسى سه‌ركه‌وتوانه‌ى به‌رامبه‌ر هه‌موو هێز و لايه‌نه‌كان په‌يڕه‌وكرد، به‌هۆى ئه‌وه‌ش ماوه‌ى فه‌رمانڕه‌وايه‌كه‌ى نيو سه‌ده‌ى خاياندووه، چه‌ندين ڕووداو و كاره‌سات و شه‌ڕى لابه‌لا به‌رۆكى ميرنشينه‌كه‌يان گرتووه، له كه‌وتنه ژێر كاريگه‌رى ململانێى نێوان هێزه‌كانى وه‌ك ده‌وڵه‌ته گه‌وره‌كانى سه‌رده‌م وه‌ك بيزه‌تنى و عه‌بباسى و فاطمى و پاشانيش سه‌لجوقيه‌كان.. خۆى گونجاندووه، ئه‌و بۆ هه‌ر ڕوودا و پێشهاتێك بڕيارى دروست و هه‌ڵوێستى گونجاوى ده‌ربڕيووه، به تايبه‌ت سه‌ركه‌وتوانه ڕه‌فتارى له‌گه‌ڵ ململانێى مه‌زه‌بى نێوان عه‌بباسيه‌كان و فاطميه‌كان كردووه، ده‌وڵه‌تانيش ئاگادارى ئه‌و پێگه به‌رزه‌ى بوون بۆيه هه‌ريه‌كه‌يان له هه‌وڵى خۆلێ نزيككردنه‌وه و په‌يوه‌ندى دۆستايه‌تيان داوه، له ميانه‌ى بۆنه‌يه‌كدا كه (الفارقی) ده‌يگيڕێته‌وه به بۆنه‌ى ته‌واوكردنى كۆشكى پاشايه‌تى له شارى ميافارقين له ساڵى (403ك/ ١٠١٣ز)دا كه هاوكات بووه له‌گه‌ڵ جه‌ژنى قوربان نوێنه‌رى هه‌رسێ زلهێزى(بيزه‌نتى و عه‌بباسى و فاطمى) ئه‌وكات به كۆڵێك ديارى گران به‌ها و نازناوى گه‌وره‌وه دێن بۆ پيرۆزبايى، له‌وانه‌ش له‌پاڵ به‌خشينى نازناوى شياووشايسته له لايه‌ن خه‌ليفه‌وه، پۆشاك و ته‌شريفاتى له عه‌باى باڵا پۆش و فه‌ره‌نجى و جبه و مێزه‌رێكى ڕه‌ش و دوو پشتێندى زێڕ كفت و ماينێكى زين زێڕينى وايان به ديارى بۆ هێنابوو، كه ناشێ هاوتايان هه‌بووبێت، هه‌ر له‌و كاته‌دا هه‌ريه‌ك له نوێنه‌رى خه‌ليفه‌ى فاطمی نازناوى (عزالدوله و مجدها ذي الصرامتين) و عه‌بباسى نازناوى( نصر الدولة وعمادها ذي الصرامتين)يان پێ به‌خشيووه، مير نازناوه‌كه‌ى خه‌ليفه‌ى عه‌بباسى په‌سند كرد كه ئيدى له‌مه به‌دواوه به (نصر الدولة) ناسراووە([14]).
له‌به‌رامبه‌ر كارى جيهاد و هێزه مه‌سيحيه‌كانى ديكه‌ش سڵى له شه‌ڕى ئه‌وان نه‌كردۆته‌وه و سنووره‌كانى خانه‌ى ئيسلامى له په‌لامار و مه‌ترسيه‌كانى ئه‌وان پاراستووه، كۆنه قه‌ڵا و قولله و قايمگه‌كانى نۆژه‌ن كردۆته‌وه، له كاتێكدا ڕێگه‌ى له كه‌مه ئايينه‌كانى ژێر ده‌سه‌ڵاتى نه‌گرتووه كه به ئازادى داب و نه‌ريته ئايينيه‌كانيان ئه‌نجام بده‌ن، به‌ڕاستى بنه‌ماى سياسه‌تى ده‌ره‌كى له‌سه‌ر پاراستنى ئاشتى ناخۆ بنياتناوه، كه بريتيبووه له‌خۆ دوورخستنه‌وه‌ى مه‌ترسيیه‌كان و پاراستنى ژيان و سامانى هاوڵاتيان، هه‌ربۆيه هه‌ركاتێك مه‌ترسيه‌ك ده‌هاته گۆڕێ ئه‌و له به‌رپرسان ده‌يپرسى پێش‌گرتن له‌و مه‌ترسيه چه‌ندى تێ ده‌چێت، چه‌نديان دانابايه ئه‌وه‌نده‌ى بۆ ده‌ناردن، هه‌روه‌ك (ابن الجوزي) ئاماژه‌ى كردووە کە (نصر الدوله به پاره شه‌ڕى له كۆڵخۆ ده‌كرده‌وه)، ميرى ناوبراو به‌رده‌وام ده‌يوت ته‌بايى ناوخۆ و خۆشگوزه‌رانى و تێك نه‌چوونى كاروبارى وه‌رزێرانم لا باشتره له برێك پاره([15])، به تايبه‌ت له به‌رامبه‌ر سه‌لجوقيیه‌كاندا توانى به‌و سياسه‌ته سه‌روه‌رى ميرنشينه‌كه‌ى بپارێزێت، له كاتێكدا بوونه مايه‌ى مه‌ترسى له‌سه‌ر ئه‌وانى ديكه، به‌هه‌رحاڵ دواى نيو سه‌ده فه‌رمانره‌وايى له ساڵى (453ك/ ١٠٦١ز) به مردنى خۆى كۆچى دوايى كرد، له مزگه‌وتى شارى ميافارقين به خاك سپێراوه([16])، لە ڕاستیدا ئەوەى لە مێژووى فەرمانڕەواى ئەو میرە کوردە وردەبینەوە، یەکێکە لە باشترین سەردەمەکانى مێژووى فەرمانڕەوایى میرانى کورد لە مێژووى میرنشینیدا، چونکە ئەوەى لە سیستەمى هەر فەرمانڕەوایەکى خاوەن دەستوور و رەشیددا هەیە، لەو میرنشینەدا بەرجەستەبووە، لە بوونى دەستوور و یاسا سیستەمى دادگەرى و پێشکەوتن و بوژانەوە و گەشەکردنى ئاستى ئاوەدانى و ئاواکارى، کە پاشماوەکانى تائێستاش نموونە و بەڵگەى ئەو پێشکەوتنەن.
مير نصر الدولة به‌ر له مردنى (نظام الدين)ى كوڕى وه‌ك جێگره‌وه‌ى خۆى دياريكردبوو، بۆيه (فخرالدولة)ى وه‌زير به ئاماده‌بوونى دادگه‌ران و زانا و پياوه ماقوڵ و سه‌ركرده‌كانى سوپا و ئه‌ندامانى ماڵباتى مه‌ڕوانى، مه‌راسمى به ڕه‌سمى ناساندنى ميرى نوێى جێبه‌جێ كرد، هه‌موو لايه‌ك په‌سه‌ندى ميرايه‌تى (نظام الدين)يان قبوڵكرد جگه له (سعيد)ى براگه‌وره‌ى، له‌مه‌شياندا نصر الدوله باشى پێكابوو چاره‌نووسى و خۆشبه‌ختى ميرنشينه‌كه‌ى دواى خۆشى هه‌ر له‌به‌رچاو گرتبوو، چونكه به‌ڕاستى (نظام الدين) رێك وه‌ك خۆى بوو عاقڵمه‌ندتر و لێهاتووتر بوو بۆ ئه‌و پۆسته نه‌ك سعيد، به‌مشێوه‌يه فه‌رمانڕه‌وايى ميرى نوێ له ساڵى (453ك- 472ك/ ١٠٦١- ١٠٨٠ز ) درێژه‌ى كێشاوە، له‌سه‌ر هه‌مان سياسه‌تى باوكى رۆیشتووە، به‌گشتى وڵات له ئارامى و ئاوه‌دانى ئه‌و به‌هره‌مه‌ند بوون، توانى مه‌ترسيیه‌كانى سه‌لجوقى و ده‌ست وه‌ردانيان له كاروبارى ميرنشينه‌كه به ديارى گران به‌ها و به‌رتيلى زۆر ڕابگرێت، به تايبه‌ت كاتێك (سعيد)ى براى په‌ناى بۆ سه‌لجوقيیه‌كان برد‌و داواى هاوكارى دژى (نظام الدين)ى براى لێ‌كردن، به‌ڵام ميرى ناوبراو به پێدانى پاره‌ى زياتر له يارمه‌تيدانى سعيد و هێرشكردنه سه‌ر ميرنشينه‌كه ساردى ده‌كردنه‌وه، تا دواجاریش توانى بەر لە هەر هەڵگەڕانەوەیەکى بنەماڵەی و دەستوەردانى دەرەکى لەکاروبارى ناوخۆى میرنشینەکە بگرێت([17]).
دواى مردنى مير (نظام الدين) كوڕه گه‌وره‌كه‌ى (منصور ناصرالدولة)( 472-478ك/ ١٠٨٠- ١٠٨٦ز) جێگه‌ى گرته‌وه، كه به پێچه‌وانه‌ى باپيرى و باوكى كورت بين و بێ ئه‌زموون بوو، له‌سه‌ر ئاستى ناوخۆ نه‌يتوانى دڵى خه‌ڵكى ڕابگرێت و له چاكه‌و پياوه‌تيدا سياسه‌تى باوكى په‌يڕه‌و بكات، كاروبارى به وه‌زيرێكى كه‌م ئه‌زموونى مه‌سيحى به ناوى (ابو سالم) پزيشك سپارد، به‌مه‌ش خه‌ڵكى زياتر له‌خۆ دڵگه‌ردان كرد و وڵاتيشى به‌ره‌و ئاڵۆزى و بێسه‌ره‌وبه‌ره‌ى برد، هه‌روه‌ك (الفارقي) ئاماژه‌ى كردووه هۆكارێكى ئه‌و باره ناهه‌مواره‌ى بۆ سياسه‌تى خراپ و نه‌شاره‌زايى ابو سالم گێڕاوه‌ته‌وه، له‌سه‌ر ئاستى ده‌ره‌كيش نه‌يتوانى خۆى له شه‌ڕانگێزى و گێچه‌ڵى سه‌لجوقيیه‌كان بپارێزێت، له به‌رامبه‌رياندا ده‌ستكراوه و سه‌خى نه‌بوو، ئاماده نه‌بوو له‌و ماڵ و سامانه زۆره‌ى به‌رده‌ستى كه له باوانيه‌وه بۆى به‌جێ مابوو به‌شێكى شايسته‌يان وه‌ك ديارى يان به‌رتيل پێ بدات، ئه‌مه له كاتێكدا سه‌لجوقيیه‌كان ئاگادارى خێروبێرى وڵاته‌كه‌ى بوون، هه‌ربۆيه‌شه له‌گرێژه‌نه چوونى بارودۆخى ميرنشينه‌كه‌يان به‌هه‌لزانى و به‌سه‌ركردايه‌تى (فخرالدولة)ى كۆنه وه‌زيرى مه‌روانيه‌كان كه ئاگادارى خێروبيرى بێ شومارى وڵات بوو هێرشيان كرده سه‌ر ميرنشينه‌كه، هه‌رچه‌نده (ناصر الدولة) چووه دەربارى سوڵتان (ملكشاه)، به‌ڵام ئه‌م سه‌ردانه‌ى دادى نه‌دا، دواجار له ساڵى (478ك/ ١٠٨٦ز) له شارى ميافارقين كۆتايى به فه‌رمانڕه‌واى مه‌روانى هێناوە، هه‌رچى ميريش بوو ئه‌وا گوندى (حربي) خوار به‌غداى بۆ بڕيه‌وه([18])، به‌مشێوه‌يه سته‌م و نادادى ته‌واوى وڵاتى خۆش و پڕ خێروبێرى مه‌روانى ته‌نيه‌وه.
ئەنجام:
ئەگەرچى سیستەمى میرنشینى لە مێژووى کوردا تاڕادەیەکى زۆر وابەستەى سیستەمى خیڵەکى بووە، بەو مانایە لەسەر بنەما و بناغەى خیڵەکى میرنشینەکان دامەزراون بەتایبەتیش میرنشینەکانى سەردەمى عەبباسى و دواتریش، بەڵام هەنگاویکى گرنگ بوون بە ئاڕاستەى گەشەکردن و نەشونماکردنى عەقڵیەتى خیڵەکى و وردە وردە خەمڵینى هۆشى سیاسى، هەر ئەمەش وایکردووە سوود لەو هەلومەرجەى لە قۆناغەکەدا هاتۆتە پیش سوود وەربگرن، بناغەى دەسەڵاتى خۆجێى دامەزرێن، بەشێکیشیان نموونەیەکى دەوڵەتدارى خۆجییان پیشکەشکردووە، کەشیاوى لێکۆڵینەوە و توێژینەوەى زۆر زیاترە، لەوانەش فەرمانڕەوایى مەروانیەکان یەکێکە لەو ئەزموونە سیاسیە خێڵەکیانەى سەدەکانى ناوەڕاست کە لە مێژووى کوردا وێنەى کەمە، دەستکەوت پاشماوە و مێژووى پڕ سەروەرى سیاسى و شارستانیان گەواهیدەرى ئەو ڕاستییەیه، هەروەک بەشێکى زۆر کەممان خستە ڕوو.
ئەو سەرچاوە و ژێدەرانەى سودیان لێوەرگیراوە:
- ابن الاثیر، الکامل فی التاریخ، دار الکتاب العربي، بیروت، ١٩٩٧.
- ابن الجوزی، المنتظم فی تاریخ الملوک و الامم، دار الکتب العلیمة، بیروت، ١٩٩٢.
- المؤلف مجهول، حدود العالم من المشرق الى المغریب، دار الثقافة، القاهرة، ١٤٢٣ه.
- المقدسي، أحسن التقاسیم فی معرفة الاقالیم، دار صادر، بیروت، ١٩٩١.
- فارقی، مێژووى میافارقین و ئامەد، و.قادر محمد و ئاکۆ بورهان، چاپخانەى منارە، هەولێر، ٢٠٠٧.
- ئیبن خەلدون، موقەدیمە، و. سەعید بەشیر ئەسکەندەر، چاپخانەى ڕێنما، سلێمانى، ٢٠١٦.
- زرار صديق توفیق، الكورد في العصر العباسي(١٣٢- ٣٣٤ه/ ٧٤٩- ٩٤٦م)، دار موکریانی، هەولێر، ٢٠١٨.
- فرست مرعی، الامارات الکردیة فی العصر العباسي الثاني، دار سپیرێز، ٢٠٠٥.
- قادر محمد حسن، الامارات الکوردیة فی العهد البویهي، مطبعة رۆژهەڵات، هەولیر، ٢٠١١.
- کامەران عەزیز عەبدوڵڵا، هۆکارەکانى سەرهەڵدان و ڕوخانى میرنشینە کوردییەکان لەسەردەمى عەبباسیدا، چاپخانەى حاجى هاشم، هەولێر، ٢٠١٢ز.
- محمود یاسن التکریتي، الامارة المروانیة فی دیاربکر و الجزیرة، جامعة بغداد، ١٩٧٠.
([1]) لەمبارەیەوە بڕوانە: کامەران عەزیز عەبدوڵڵا، هۆکارەکانى سەرهەڵدان و ڕوخانى میرنشینە کوردییەکان لەسەردەمى عەبباسیدا، چاپخانەى حاجى هاشم، هەولێر، ٢٠١٢ز، ل ٦٣ و لاپەرەکانى دواتر.
([2]) زرار صديق توفیق، الكورد في العصر العباسي(١٣٢- ٣٣٤ه/ ٧٤٩- ٩٤٦م)، دار موکریانی، هەولێر، ٢٠١٨، ص٨٥.
([3]) المؤلف مجهول، حدود العالم من المشرق الى المغرب، ص١٦٦؛ المقدسی، أحسن التقاسیم، ص١٣٦.
([4]) بڕوانە: موقەدیمە، ب ١، ل٣٦٥.
([5]) فارقى، مێژووى میافارقین و ئامەد، ل ١٤-١٦؛ محمود یاسین التکریتی، الامارة المروانیة، ص٦٠.
([6]) ابن الاثیر، الکامل فی التاریخ، ج٧، ص٤٣٥ ؛ محمود یاسین التکریتی، الامارة المروانیة، ص٧١.
([7]) ابن الاثیر، الکامل فی التاریخ، ج٧، ص ٤٣٥ ؛ محمود یاسین التکریتی، الامارة المروانیة، ص٧١.
([8]) لەمبارەیەوە بڕوانە: قادر محمد حسن، الامارات الکوردیة فی العهد البویهی، ص ٨٤-٨٥.
([9]) فارقی، مێژووى میافارقین، ل٣٤؛ فرست مرعی، الامارات الکردیة، ص٢٦٧.
([10]) فرست مرعی، الامارات الکردیة، ص٢٧٥.
([11]) فارقی، مێژووى میافارقین، ل٤٢.
([12]) فارقى، مێژووى میافارقین، ل ٤٦-٤٧؛ فرست مرعی، الامارات الکردیة، ص ٢٨٥-٢٨٦.
([13]) فارقی، مێژووى میافارقین، ل٥٥-٥٦؛ بۆ زانیارى بڕوانە: عبد الرقیب یوسف، الدولة الدوستکیة، ج٢، ص٣٣ ومابعد.
([14]) فارقی، مێژووى میافارقین، ل٥٦؛ قادر محمد حسن، الامارات الکوردیة، ص٨٠.
([15]) ابن الجوزی، المنتظم، ج١٦، ص٧١.
([16]) فارقی، مێژووى میافارقین، ل ١٠٠؛ ابن الجوزی، المنتظم، ج١٦، ص٧١.