گۆڤارێکی ڕۆشنبیری گشتیی وەرزییە، بەڕێوەبەرایەتی ڕۆشنبیری و ھونەری ڕاپەڕین دەریدەکات

ئاین و میتافیزیكا رەخنە لەلاهوت .. رەخنە لە ئاین و ئاینزاكان

سمكۆ محەمەد

بەشی دووەم و کۆتایی

______________________________________________

 

ڕێگایەكی راستەخۆ

تێبینی یەكەم: ڕەنگە هەندێ‌ جار بەئاگاو بەبێ‌ ئاگا، وەختێ‌ قسە لەسەر ئاین و خودا دەكەین دواجار تێگەیشتنەكە دەبێتە ئایدیۆلۆژیا، بەرگری لە مێژوو بكەین، مێژوویەك كە نووسینەوەی لەگەڵ واقعیی سەردەمەكەدا دوو وێنەی تەواو جیاوازە، ئەمە دەڵێم مەبەستمە ئەو كاریكاتۆرە ئاشكرا بكەم كە بۆتەماڵ بەسەر مێژووی مرۆڤەوە، ئەوەتا “هەموو ڕووداو و كەسایەتییەكانی ناومێژوو كە بەدەردەكەون، جارێك تراژیدیان و جارێكی تر دەبن بە كۆمیدیا و مەسخەرە، لە فەڕەنسای كۆن سیستمی حوكمڕانی بەو شێوەیە بەڕێوەچووە كە ئەمە بەشێكە لە نموونەكانی، كۆسدێر بەجێی دانتۆن و لویس پلان (1813-1882) بە جێگای رۆبسپێر حوكمڕانی دەسەڵاتیان كردووە، كتێبێكی نووسیوە بەناوی (ڕێكخستنی كار) لەوكتێبەدا باس لەوەدەكات ئازادی و تاكگەرایی كە بەشێك لە پێشەنگەكانی شۆڕشی فەرەنسی بانگەوازیان بۆ دەكرد، جگە لە درۆیەكی گەورە هیچی تر نییە، ئەو دەڵێ‌” تەنها حكومەت و دەوڵەت دەبێت دەست لە كاری ڕێكخراوەیی و سەندیكاكان وەربدەن و كرێكار هان بدەن بۆ سەرخستنی پڕۆژەكانی كار”.

“(لویس پلان) لەكاتێكدا ئەم بابەتەی موناقەشە كردووە كە لە ساڵەكانی 1793-1795 تا ساڵەكانی 1847-1851 واتە نزیك بە سەدەیەك سیستمی حوكمڕانی، سیستمێكی میراتگری جێكەوتە بوو، كوڕی برا دەبوو بە حاكم و بە جێگای دەسەڵاتدارێتی مام دادەنران”(8). بۆ یەكەمجار مێژوونوسان لە سەردەمی ڕێنیسانس ئەم مێژووەیان بەپێی قۆناغەكان دابەش دەكرد، ئیتر زاراوەی سەدە ناوەنجییەكانیان وەكو زاراوەیەك، بۆ لێكۆڵینەوەی زانستی بەكارهێنا، كەچی بەرلەوان مێژووناسان بۆ ئەوە دەیاننووسی كە ڕوداوێك، یان ژیانی سەردارێك بنووسنەوە كە بەشێكی زۆریان پیاوانی كڵێسابوون دەیاننووسیەوە، كەچی ئەوانەی مێژوویان وەكی زانست دەنووسییەوە، قەشەو كڵێساییەكان ڕكیان لێدەبوونەوە، باشترین نموونەشیان (ماكیاڤیلی) بوو لە 1469-1527 موناقەشەی ئەوەی دەكرد سیاسەت و مۆڕاڵ دووشتی جیاوازن، بە پێچەوانەی كانت كە مۆڕاڵی دەبەستەوە بە سیاسەت، ئەو قسەی لەبارەی مۆڕاڵ و سیاسەت كرد كە جیاوازییان هەیە، چونكە ئەو دەستەبژێرە قەڵەمبەدەستانەی ئەوكات مێژوویان دەنووسییەوە، بەنیازبوون لە ڕێگای مێژووی درووستكراوەوە، خەڵك هۆشیار بكەنەوە كە هەبوون ڕووی ڕاستییەكانیان دەشاردەوە. ئەو كاریكاتۆرانەی كە وێنەی درووستی مێژوومان دەدەنێ‌، لە هەلومەرجێكدا دەركەوتن كە خەڵك هەقی ئەوەی هەبوو خۆی مێژووی خۆی بنووسێتەوە كە دواجار لە پێدراوە گشتیەكاندا تەنها دەبێتە گێڕانەوەی ڕابردوو”(9).

نموونەیەكی تر كە لە سەدەی یازدەدا دەركەوت و دواتر لە سەدەی هەژدەدا بوو بە دیاردە، ئەوەبوو كە (پڕەنسیپ واتە بڕوا) گرێدرابوو بە هەلومەرجی سەدەكەی خۆیەوە كە تێیدا زاڵ بووە، واتە زەمەن حوكمی لەسەر بڕوابوون دەكرد بە ئاین و پرنسیپە ئایدیالیستییەكانی تر، نەك گرێدانی سەدە بە پڕەنسیپەكانەوە، كە ئەمە بەشێكی تری بڕوا بوون بوو بە مێژوو). هەروەك چۆن زەمەنی ئایینەكان و پرنسیپەكانی دیكەی ئایدیالیزمی كۆمەڵایەتی، هاتنی ئایینەكان پەیوەندیی بە كات و شوێنی خۆیانەوە هەیە، ئەم لۆژیكە پیاوانی سیۆلۆژی و پرۆفیسۆری ئەم بوارە فەلسەفییانەش سەلماندوویانە كە بۆچی زەمەنی ئایینەكان جیاوازە و كەڵكیان لەیەكتر وەرگرتووە، كەچی ئایدیا هەیە لە هەمان زەمەندا بوونە و سڕاونەتەوە.

لێرەوە موناقەشە كردن لەسەر ئاین وخوداو دواتریش هاتنی ئایدیۆلۆژیا بە جێگای ئەو چەمكانە كە من پێموایە تەنها بە جوڵە خستن و داینەمۆی مێژووە، نەك تێگەیشتن لە خودی مێژوو وەكو خۆی، موناقەشە كردنی تیۆر و ئایدیۆلۆژیاش بووە سەبارەت بە ئاین و خودا، ئەم بۆچوونە وەكو ئەوە وایە كە بڕۆدۆن دەڵێ‌ “بەڕاستی نازانین بڵێین لەناو شارستانییەتە كاندا شتێك هەیە سەرهەڵدەداو شتێكیش هەیە بەرهەمدێت، هەروەك چۆن هەموو شتێك كە لەكەوندا بوونی هەیە نیازی بە سەلماندن نییە” ماركس لە وەڵامدا دەڵێ‌ “بەو پێیەی كە تێگەیشتنی (بڕۆدۆن) بۆ مێژوو بەو شكڵەیەو ئەوە ڕەتدەكاتەوە دیاردەی پێشكەوتنی پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان لەوێوە سەرچاوەیان گرتووە كە لەلای ئاغا بڕۆدۆن شتێك نییە ناوی مێژوو بێ‌”(10).  لەنامەیەكیدا ماركس بۆ ج. ب. شفایتزر نووسیویەتی  سەبارەت بە بۆچوونەكانی بڕۆدۆن، دەڵێ‌” ئەوەی لە نووسینەكانیدا خوێندمەوە پەیوەندیی بڕۆدۆن بە سان سیمۆنەوە وەكو پەیوەندیی هیگڵە بۆ فیورباخ، چونكە ویستوویەتی پشت بە پنتێكی دیاری كراو ببەستێت، دواتر دۆزیویەتییەوە كە لەگەڵ ویژدانی مەسیحیەتدا ناگونجێ‌، بەڵام ئەمە خاڵێكی گرنگە بۆ پێشكەوتنی ڕەخنە، وەكو ئەو شتانە وایە كە هێگڵ لەتاریكیدا جێیهێشت، بۆیە دەركەوت بڕۆدۆن لە فەیلەسوفەكانی ئەڵماندا تەنها كانت دەناسێ‌ هەر لەوێشەوەیە كە خۆشی نازانێ‌ چی دەڵێ‌ “ماركس دەڵێ‌ ئەو كاتەی لە پاریس دەژیام ساڵی 1844 لەگەڵ بڕۆدۆن یەكترمان ناسی، لە موناقەشەكەماندا تێگەیشتم كە نەیتوانیوە باش هێگڵ بخوێنێتەوە، چونكە بەباشی زمانی ئەڵمانی نەزانیوە، ئەوكاتەش كە كتێبی فەلسەفەی هەژاری نووسی و قسە لەسەر شیكردنەوەی ئابووری دەكات و هەوڵدەدات ڕێگای خۆی بۆ ئابووری دیالیكتیكی پێشكەش بكات و فەلسەفەی كانت بەكار دێنێ‌، فەلسەفەی هیگڵیش وەكو كەرەستەیەك بۆ گەشەی تەكامولی ئابووری، هەموو ئەوانەش كە دەگەڕێنێتەوە بۆ بیروڕا ئەبەدییەكان و دواتر دەگاتە پنتێك كە ئابووری بۆرژوازیە، ئەمەش مانای ئەوەیە كە بڕۆدۆن ناتوانێ‌ چەمكی بەهای ماتریالی بگۆڕێ‌ و بگوازێتەوە، بۆیە بەناچار لە تەفسیرێكی تۆباوی و تیۆرەكانی ڕیكاردۆدا كۆی دەكاتەوە و بەمەش بڕۆدۆن خۆی گێل دەكات، چونكە دەیەوێ‌ بگاتە دەسەڵاتی زانستی، ئەوەش كە وەكو دووفاقییەك تێی كەوتووە، هێرش دەكاتە سەر ئاین و كەنیسە، لە دژی دەسەڵات و سیستمی سەرمایەداری نەبوو كە ئاین بەشێك بوو لە ستوونەكانی، بەڵكو تەنها بۆ ریفۆڕمی شارەكەی خۆی بووە.

هەروەها ئەو نووسینەش سەبارەت بەكۆدێتا موغازەلەی (لویس پۆناپارت) دەكات و وای لێدەكات لەگەڵ كرێكارەكاندا ڕێك بكەوێت، ئەم دوو كتابەش خراپترین كتێبی بڕۆدۆن بوون، ئەوەش كە بروسی قەبوڵ كردووە لەوە غەڵەت تر نییە و ئەگەر بەراوردی بكەین بەكتێبەكەی نیكۆلانكۆ (تیۆری یاسا مەدەنییەكان) كتێبێكی سەرسوڕهێنەرە” لەم موناقەشەیەی ماركس لەتەك شفایتزەر سەبارەت بەبڕۆدۆن، تێدەگەین كە نیازمان بەوە هەیە زانستییانەتر چاو لەمێژوو بكەین لەڕاستیدا. “مرۆڤ دەتوانێت لەدوو لایەنەوە بڕوانێتە مێژوو، مێژووی سرووشت كە ناسراوە بەسرووشت ناسی و مێژووی مرۆڤ كە ناسراوە بەئەنترۆپۆلۆژیا، وە ئەم دوو مێژووە بەبێ‌ یەكتر ناكرێن و بەستراون بەیەكەوە، لەبەرئەوەی كە نزیكەی تەواوی ئایدیۆلۆژیا، بریتیین لەتێگەیشتنی شێواو یان دابڕانی تەواو لەخودی ئەو شتانەی كە بوون بە ئایدیۆلۆژیا، ئەمەش بۆخۆی یەكێكە لەلایەنەكانی مێژوو”(11).

“كەوابوو ئێمە لەبری ئەوەی چەمكەكان ڕاست بكەینەوە، بەپێچەوانەوە هاتووین ناڕاستەوخۆ خەریكین وەكی چۆن هەڵەیەك پێشتر كراوە، هەر بەو شكڵەش هەڵەكان نوێ دەكەینەوە، بەومانایەی دەمانەوێ‌ خۆمان رزگار بكەین لەئاین و خودا” (12). بەپێچەوانەشەوە جارێكی تر خۆمان گیرۆدەی هەمان مەعزەلە دەكەینەوە كە بەشێكی زۆری ئیشكالیاتی ژیانی كۆمەڵایەتی و فەرهەنگی مرۆڤە لەناو مێژوودا.

تێبینی دووەم: رەخنەگرتن لەچەمكەكانی لاهوت و ئاین و خودا و ئاسمان. دواتر وەرگێڕانیان بۆ سەرزەوی و یاساو سیاسەت، لەوێوە سەرچاوەدەگرن كە مرۆڤ لە ئەنجامی دووچار بوونی بەرامبەر هەركام لەو چەمكانەدا ڕووبەڕووی پرسیاری جۆراوجۆر دەبێتەوە، لەتواناشیدا هەیە وەڵامیان پێبداتەوە، چونكە بەدەر لەو شڕۆڤەكردنەی بۆ تواناكانی دەكرێ‌, سەرئەنجام مرۆڤ كائینێكی چالاكە و لەتوانایدا هەیە وەڵامی ماتریالی و سۆسیۆلۆژی و هونەری بەجیا لەوانی دی  بداتەوە كە ئایدیۆلۆژیا كردوونی بە ئاین و واعیزێك وەكی نموونەیەكی باڵا دەركەوتووە و هاتووە خودایەتی پێوەكردووە و خراپ كەڵكی لێوەرگیراوە، بۆ نموونە “دەتوانین لەبری ئەوەی موناقەشەی ئەو شتانە بكەین كە لەكەوندا هەیە و لەبازنەی خۆیاندا دیالكتیكین، پێویستە موناقەشەی ئەوە بكەین كە چۆن ڕەخنە گرتن لە ئاسمان بگوازینەوە بۆ ڕەخنەگرتن لەوسیستمانەی كە لەسەر زەوی بەڕێوەدەچن”(13).  یان وردتر بڵێین كەڵك وەرگرتن لە هۆشیاری كۆمەڵایەتی و ئەوانەش كە مێژوو وەكی چیرۆكی مێژوویی بۆمانی دەگێڕنەوە كە ئێمە لەسەر زەوی دەژین، هەڵگەڕانەوەی مانا و دەلالەتەكانیانە كە پەیوەندیی بەشوێن و كاتەوە هەیە، یان پەیوەندیی بەلۆژیكەوە هەیە، چونكە ئەگەر ئایدیا و ئاینەكان پەیوەندییان بە لۆژیكەوە نەبوایە، نەدەبوون بەسەرچاوەی یاسا و دەستووری هەموو دەوڵەت و گەلانی دونیا.

هەڵبەت ئەم ڕاستییە لە زانستی فیزیادا ئاسان كراوەتەوە كە چۆن كۆمەڵگە دەبێتە مامانی كۆمەڵگەیەكی دیكەی نوێ‌. بەڵام “لەبواری فەلەكناسی و فیزیاو بایۆلۆژیدا، ئەمانە هیچیان ئەو هەستیاریە گەورەیەیان لە دژی تیۆرەی پەرەسندن نەشاردەوە، زانایانی فیزیاو فەلەكناسی نەیانتوانی خۆیان لە فەلسەفەی لاهووتی رزگار بكەن”(14). هەرگیز لاهوتی یەك نەبووە بتوانێ‌ سەبارەت بە هەموو شتێك بدوێت و رووی وتەكانی لەهەر كەسێك بكات، بەتایبەتی خێوەكان، ئەو خێوانەی كە لە زەینی ئینساندا بەرهەمهاتووە و بۆ ئینسانیش بووەتە تارمایی و كێشەی بەردەوامی لەگەڵیدا هەیە. چونكە لاهوتییەكان بڕوایان بە جیاكاری نێوان ڕاست و درۆ و، تەواو و، ناتەواو و، زیندو و، مردوو نییە، كەوابوو لاهوت جگە لە قوتابخانەیەكی ئاینی كە یەكێكە لە ستوونەكانی دەسەڵاتی سیاسی، شتێكی تر نییە كە پێویستە خۆمانی لێبپارێزین، چونكە ئینسانی هۆشیار وشەی گونجاو دەدۆزێتەوە بۆ وەڵامی ئایدیالیستی و نائامادە.

ماركس لێرەدا لە ڕێگەی خوێندنەوە بۆ میراتی كۆن، داهاتوویەكی تۆماركردووە كە بەرەنگاری هەموو تۆتالیتاریزمێكی سیاسی و ئاینی ببێتەوە، توانیویەتی بە بینراوی پێشوەخت و بینراوی هەستكردن كە پێی دەگوترێ‌ هەستی شەشەم، باس لە داهاتووی دەسەڵاتی ئاین و ئاینی دەسەڵات بكات كە بەشێكی زۆری پەیوەندی بەزۆرداریەوە هەیە، زۆرداریش پەیوەندیی بەدەسەڵاتی ئاینەوە هەیە.

ئەگەرچی لەدیدی دۆهرینگەوە زۆرداری خراپەی ڕەهایە و یەكەمین هەنگاوی زۆرداریش دابەزینی ئادەمە بۆ سەر زەوی، “تێكچوونی هەموو یاسا سروشتی و كۆمەڵایەتییەكان بەدەستی ئەهریمەن بووە واتە زۆرداری، بەڵام ڕۆڵێكی دیكە هەیە لە مێژوودا، ئەویش ڕۆڵی شۆڕشگێڕییە، بەوتەی ماركس (مامانی هەر كۆمەڵگەیەكی كۆنە و ئاوسە بە كۆمەڵگەیەكی نوێ‌)، ئەوەش كە زۆرداری ئامرازێكە بەهۆیەوە جوڵەی كۆمەڵایەتی ڕێگەی خۆی دەكاتەوە و فۆڕمە سیاسییە كۆن و دواكەوتووە لەكاركەوتووەكان تێكدەشكێنێت”.(15).

 

ڕەخنە لە میتافیزیك

 

وەختێ‌ ڕەخنەگرتن لە ئاین تەرجەمە دەكرێتە سەر ڕەخنە لە یاسا، مەبەست لەوەنییە كە ئاین ڕەتدەكەینەوە، یاخوود ئاین سادە دەكەینەوە، بەڵكو مەبەست لەوەیە كە ئاین بۆ سەردەمی خۆی بەشێك بووە لە سیاسەت و كارگێڕی لە بوارەكانی ئابوری و كۆمەڵایەتی و ئەو فەرهەنگە گشتیەی كە كۆمەڵگەی ئاڕاستە دەكرد، وەكی یاسای ژێرخان و سەرخانی كۆمەڵگەو سیستمی ئابوری و دەزگا فكری و سیاسیەكان و شەرعییەت پێدانی دەسەڵات كە دەوڵەت هەر یەك لەشوێنی خۆیدا كاری پێدەكرد و پایەكانی خۆی پێڕادەگرت.

ئەگەر پێناسەیەكی تر وەربگرین لەبارەی دەوری لاهوت لە درووست كردنی شارستانیەتەكان، ئەوە ئەو دیاردەیە ئاشكرا دەكەین كە مرۆڤ لە تەماشا كردنی بۆ ئاین و فەلسەفە و شرۆڤە كردنی ئەفسانە، دەبینین جۆریك لە تێكەڵاوكردن هەیە لەنێوان ئەو دوو چەمكە، واتە ئەو پڕۆسەیەی كە ماوەیەكی درێژخایەنی هەیە لە مێژووداو كاریگەیەكی ڕاستەوخۆو ناڕاستەوخۆی لەسەر خۆی داناوە، بەبێ‌ ئەوەی ئاگاهانە بێت یان نا، ئەوەش كە پەیوه‌ندی بە ئەسڵی بابەتەكەوەیە بەلاوە نراوە، ئەمە كە تایبەتمەندییەكانی خۆی لەشێوازی جۆراوجۆردا دۆگما كردووە و جارێكی تر لەسەر زەینی خۆی سنوورداری كردووە و ناوی ناوە شارستانییەت، كێشەی بۆ فەلسەفەش خوڵقاندووە، بەڵام هەرگیز لاهوتیەت نەیتوانیوە كێشەی ئەنتۆلۆژی چارەسەر بكات، چونكە لەگەڵ ڕوحی ژیان هاوسەنگ نەكراوە، بەڵكو بەرامبەر ستایلی هەستەكی سۆز و بەزەیی كاری پێكراوە، بۆ نموونە لاهوتیزم ئامانجی سەرەكی ژیان نەبووە كە مرۆڤ خۆشحاڵ بكات و بەختەوەری و خۆشگوزەرانی زیاتر بەرهەمبێنێ‌، جیاوازی لەنێوان عاقڵ و واتە حەكیم و گێلدا نەكردووە، مەگەر تەنها بۆ پیرۆزكردنی پیاوانی ئاینی، تێكستە دۆگماییە ئاینیەكانی پیرۆز كردبێت، چونكە پیاوانی ئاینی وەها باسی لاهوتیەتییان كردووە كە تەواوی جیهان و سرووشت، بۆ لایەنگرانی لاهوتیزم درووستكراوە، نەك بۆ تەواوی بەشەریەت، هەر ئەم تێگەیشتنەش كراوە بە پرنسیپی گشتی و لەوێشەوە دونیایەك كە ناوی نراوە دواڕۆژ، لەسەر بنچینەی ئەم تێگەیشتنە وەرگیراوە، بەبێ‌ ئەوەی بگەڕێنەوە بۆ دیالیكتیكی فكری لەلای ئینسان، بەتایبەتی ئەوكاتەی كە ئینسانی گۆڕان بەسەر مەعسومیەتی خۆیدا دێنێت.

مەبەستی من لەو تێكەڵاویەی ئەفسانە و ئاین كە لاهوتیەكان خوڵقاندوویانە، ئەوەیە گرێدانی هەردوو بابەتەكە پێكەوە، ئەمەش لە هەموو بارەكەدا شتی وەهای خوڵقاندووە وەكی خورافە و جۆرەكانی تری لەلایەك، هەروەها زۆر جار لەژێر كاریگەری ئاینەكان و ئاینی مەسیحی بەتایبەتی ئەوە دەركەوتووە كە ترس پەڕگرتووی دەمامكە ئایدیۆلۆژیەكانە لەلایەكی تر، هەر ئەوەی كە لە یۆنانی گریكدا كەسایەتی (مادۆس) وەكی سیمبولێكی ترسناك چاولێكراوە، هۆیەكەشی ئەوەبوو كە دەسەڵاتی ئەوكات لەو بوارەدا تەنها درێژەی بە بەرژەوەندییەكانی خۆی دەدا، چونكی كەڵكی لەو ترسە دەبینی كە میتۆدۆلۆژیا لەناو ئایندا پڕوپاگەندەی بۆ دەكرد، لەلایەكی تریش واقیع وەكی شتێكی چەسپاو زانیارییەكانی بەهەڵواسراوی هێشتبۆوە كە دواتر دەبوو بە فەلسەفە و بەشێك لە شارستانییەتەكان.

ئەگەر ئەوە تەندروستترین تێگەیشتن بێت كە ترس شارستانییەتی درووست كردووە، بەوپێیەی كە مرۆڤ لە دەرەوەی گرووپەكانی تری مەخلوق نەتوانیویەتی بە تەنها بژی، نەتوانیویەتی تێكەڵ بەسرووشت بێت و شارستانییەت درووست نەكات، واتە لە ترسی ئاژەڵ و جۆرە دڕندەكانی تر هەوڵی جدی ئەوەبووە كە بە كۆمەڵ بژی و دواتر ببێت بە كۆمەڵگە، دەتوانین نموونەی ئەو دورگانە وەربگرین كە تاكو ئێستا ژیانی تێدانییە، وە ئەگەر دورگەیەكیش  ئاوەدانكرابێتەوە جۆرێكی تری ململانێی نێوان قەبیلەو مەزهەبەكان بووە لەگەڵ موعجیزەكانی سرووشتدا كە بە لۆژیكی مرۆڤ، هۆكاری ئەو ململانێیە بوونی دوالیزمی خێر و شەڕە، جا چ ئەم لۆژیكە زانستی و واقیعی بێت، یاخود  وەهم و خورافە بێ‌. “سەدان ساڵ بەر لە ئێستا لە قۆناغە هەستیارەكاندا كە زانست بەو ڕادەیەی وەكی ئێستا تەواو بوارەكانی گرتۆتەوە وەها نەبوو، لەجیاتی نەتەوە پەرستی و مەزهەب پەرستی و جۆرەكانی تری پەرستن كە كۆمەڵگەی سەرەڕۆیی پێكدەهێنا، بە جۆرێكی تر شارستانییەتی ڕەواج پێدەدا وەكی سیستمی كۆیلەداری، ئەو كات ڕكابەری هێزەكان هۆكاری هەمەلایەنەیان نەبوو بۆ ململانێ‌، بەپێچەوانەوە كێشەی هەرە گەورەی مرۆڤ لەو سەردەمەدا ئەو دژوارییە بوو كە بەناچار كێبەركێی تێدا ئەنجامدەدرا، ئەویش نەژادپەرستی و ڕەگەزپەرستی بوو كە دواجار مەزهەب هات و بەجێگای ئەمانە كێبەركێكەی گواستەوە بۆ ناو ئاین و بوو بە بەشێك لە شارستانیەت، بەعینوانی ئەوەی كە ئینسان دەبێت بە یەكسان بەشداری ژیان بكات”(16). بەڵام بە چیرۆكەكاندا دیارە ئەم ڕەواج پێدانە بۆ نەژادپەرستی و مەزهەب پەرستییە، تەنها بۆ ئەوەبوو كە ئەفسانەیەك لە رێگەی لاهوتییەكانەوە بەرهەمهاتبوو، ببێتە واقیعێك و هەموو كەسێك قەناعەت بەو میتۆدۆلۆژیانەبكات، بۆیە دژی هەموو ئەو شارەزایانەش وەستانەوە كە لەنێو تێكستی ئەفسانەییدا ڕەخنەی فیقهیان دەگرت و شیكردنەوەیان بۆ دەقی پیرۆز دەكرد، چونكە بەڕای ئەوان تەمومژاوی و ڕێنیشاندەری میتاسرووشتی بوو.

لە كەنار هەر میتۆلۆژیایەكەوە جۆرێك لە خوداوەند خوڵقێنران و شكۆداركران و مرۆڤ  كۆیلەیەتی خۆی پێسپارد، ئەم كۆیلایەتییە كە لە ئەزەلدا شان و شكۆی سیستمە دەسەڵاتدارەكانی مێژووی پێ‌ بەهێزكرد و تاجی سەری سوڵتانەكانی ڕەونەقدارتر كرد، لەگەڵ ئاڵوگۆڕی سیستمەكاندا تا دەهات لە گەشەو هەڵداندا بوو، نموونەی حوكمڕانی سەردەمی سۆمەریەكان باشترین بەڵگەی ئەم تێگەیشتنەیە كە بە میتۆدۆلۆژیا ناسراوە، دەوڵەت بەجێگای خوداوەند كاری كردووە، لەناو ئەمانەشدا دەزگا كۆمەڵایەتییەكان و گرووپەكانی تری كۆمەڵ، شتەكانیان وەكی خۆیان بە بچووكی بینیوەو یەك ڕەهەندیان داوەتێ‌، هەڵبەت ئەم تێگەیشتنەی كە من مەبەستمە لەگەڵ سیستمەكانی كەوندا ئەگەر بەبیركردنەوەی فیزیكی تەماشا بكەین، تێگەیشتنێكی درووست نییە و هەڵسەنگاندنیشی لە گێلێتی بەولاوە شتێكی تر نییە، چونكی سیاسەت كردن لەناو ئایندا شتێكەو خودا پەرستی لە باری فەلسەفەی لاهوتییەوە شتێكی تر پێشكەش دەكات.

 

گۆڕینێكی ناڕاستەوخۆ

 

مادام بەگشتی بڕوامان بەوە هێناوە كە شتەكان لە ئاڵوگۆڕدان و دیالكتیكین، دەبێ‌ بڕواشمان بەوە هەبێ‌ كە یاساكانیش لە گۆڕاندان، لە یاسای مەدەنیدا پەیوەندییەكانی خاوەندارێتی وەكی ئەنجامی ئیرادەی گشتی ڕادەگەیەنرێت، خودی مافی كەڵك وەرگرتن و بەكارهێنانی شتومەك لەلایەكەوەو واقیعییەت كە خاوەندارێتی تایبەتی بەتەواوەتی كۆمەڵگەی سەربەخۆیە لەلایەكی ترەوە، بەیانگەری ئەو وەهمەیە كە خاوەندارێتی تایبەتی بە تەنیا لەسەر بنەمای ئیرادەی تایبەتی، واتە بەكارهێنانی ئارەزووانەی شتێك ڕاوەستاوە، بەكردەوەش هەر بەوجۆرەی خاوەندارێتی تایبەتن و دەیەوێت خاوەنداریەتییەكەی لەئەنجامدا مافی كەڵك  وەرگرتنەكەی بكەوێتە دەست ئەوانی ترەوە.

هەڵبەت ئەم مافی بەكارهێنانە رێگری ئابووریەكی تەواوی دیاریكراوی دەبێت كە لە مەبەستی یەكەمدا وینا كراوە، چونكی لەڕاستیدا ئەو شتە ئەگەر بە تەنیا لە پەیوەند بەئیرادەی ئەوەوە لەبەرچاو بگرێت لە بنەچەوە هیچ نییە، بەڵكو بە تەنیا ئاڵوگۆڕ و سەربەخۆ لە یاسادا وایە كە دەگۆڕێت، بەم شێوەیەش یاساكان دابەشدەبن بەسەر كایەكاندا كە ماركس لە ماتریالیزمی دیالكتیكدا سێ‌ یاسای وەكو بنچینە دیاری كردووە، ئەو پێی وابوو شێوەی بەرهەمهێنان دەتوانێت گەشەی فكری و سیاسی دیاری بكات، هەموو سیستمێكی نوێش هۆكارەكانی لەناوچوونی خۆی لەهەناوی خۆیدا هەڵگرتووە، هێزە دژەكانیش دەكەونە ململانێ‌ لەگەڵیدا كە لە یاساكانیشدا سیستمەكان لەخۆ نوێكردنەوەدا دەبن.

یەكەم: یاسای دژەكان و ململانێی نێوانەكانیان: ئەم یاسایە ئەوە بەیان دەكات كە لە دەرەوەی یاسای سرووشت كە یاسایەكی نەگۆڕە، بەڵام دیاردەكان و شتە دژبەیەكەكان پێكەوە نایانكرێت، بەپێچەوانەوە لەناویان دەبات. نموونەی ململانێی چینەكان سەلمێنەری ئەم یاسایەیە.

دووەم: یاسای وەڕگێڕان لە چەندایەتییەوە بۆ چۆنایەتی: ئەم یاسایە پێی وایە لەكۆمەڵگەدا چەندایەتی پێش چۆنایەتی دەكەوێت، نموونەش گۆڕانی شۆڕشەكانە، وەكو سەرمایەداری بۆ سۆسیالیزم، بەڵام سۆسیالیزم بۆ كۆمۆنیزم گۆڕانێكی كتوپڕ نابێت، بەپێچەوانەوە لەسەرخۆ دەبێت.

سێهەم: یاسای نەفی نەفی: واتە ڕەتكردنەوە، ئەم یاسایە زیاتر پشت بە جیهانی ماتریالی دەبەستێت. سەلماندنیشی لە ڕەتكردنەوەی قۆناغێك بۆ قۆناغێكی تردا دەردەكەوێت. نموونەش لەناوبردنی قۆناغی كۆمۆنەی سەرەتایی بۆ كۆیلەداری و لە كۆیلەدارییەوە بۆ دەرەبەگایەتی و دەرەبەگایەتیش بۆ سەرمایەداری. پاشان سۆسیالیزمییە، ئەم بڕوابوونە بە دیالیكتیك، كارێكی كردووە كە مرۆڤ جیهان و دەسەڵاتداری و كۆنتڕۆڵكەری جیهان نەفی بكات، بەم هۆیەشەوە هێندە قوڵ دەبێتەوە، تاكو دەگاتە ئەوەی زەمینەی بۆ خۆش بكاتەوە، چونكە لە ڕێگەی سیستمی ئابووریەوە، مرۆڤ دەبێتە موڵكی مرۆڤ، بۆیە چیتر سرووشت مرۆڤ لەنێو خۆیدا جێگەناكاتەوە. لەكاتێكدا “جەنابی دۆهرینگ* وایدادەنێت كە بە وتنی نەفی نەفی، پێچەوانەی ئەفسانەی یەكەمین تاوان و ڕۆژی ڕزگارییە، پێویست بچووكی كردۆتەوە، كەوابوو سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی نوێترین كۆپی هەمان چیرۆك لەلایەن خۆیەوە دەكرێت چی بگوترێت؟” (17). ئەم ڕەخنەیەی ئەنگڵس لەسەر كتێبێكی سێ‌ بەرگی دۆرینگە كە باسی ئابووری دەكات و لە بەشێكی دیكەدا باسی تاوانە سەرەتاییەكان دەكات كە مێژووی تۆماری كردوون، چونكە ئەو باسی سەرمایە دەكات كە كاری زیادەی بەرهەمهێناوە و كرێكاری وەكو كاره‌كتەری ئاسایی وەرگرتووە كە مەوقیعە ئابووری و سیاسییەكەی، مافێكی تەواوی خۆیەتی.

هەڵبەت تا ئەو جێگایەی كە بنچینەكانی جەوهەری فەلسەفەی ماتریالیزمی دیالیكتیك، بەشێوەیەكی زانستیانە ڕێچكەكانمان بۆ دیاری دەكات، دواتر لەوردەكاریەكاندا یاسا گەلێكی تر بەرهەمدێنێ‌ كە بۆ ڕێكخستنی كاروباری دەوڵەت و ڕێكخستن و بارهێنانی خەڵك لەسەر شێوە ژیانێكی سوننەتی بەڕێوەدەچێت و لەم یاسایانە پێكدێن.

چوارەم: یاسای كارو زێدەبایی: جگە لە یاسای كار. زێدە بایی سیستمێكی ئاشكرای ئاڵووێرە وەكو كاڵا هێزی كار پێشكەش دەكات. لە مەتن و ناواخنی ئەم پڕۆژە یاساییەدا، كەڵك و قازانج بەرهەمدێنێ‌، ئەم یاسایە پانتاییەكی زۆری داگیركردووە لەنێو سیستمی كاری دەوڵەت كە ئیلهام لە سیستمی سۆسیالیزمی وەرگیراوە،  وەك شتێكیش شەرعیەتێكی وەرگرتووە، بەڵام نووسراو یاخود دەقێكی تایبەت و سەربەخۆی نێودەوڵەتی نییە، جگە لە یاسای وەبەرهێنانی سەروەتی كە ئێستا بۆتە مۆدێل و خەریكە سەرمایەگوزاریە دەگەڕێتەوە بۆ سەنتەر كە دەسەڵاتی یەكەمی سیاسییە.

تایبەتمەندێتی ئەم یاسایە لە شوێنێكەوە بۆ شوێنێكی تر و لە كارێكەوە بۆ كارێكی تر جیاوازی هەیە، بەڵكو پێشكەشكردنی میتۆدێكە لەناو یاسای كاردا كە پەیوەندییەكی راستەوخۆی هەیە بە هێزی كار و پەیوەندییەكانی بەرهەمهێنانی سەرمایە گوزاریەوە، بەم شێوەیەش هێزی كار لە دەرەوەی سرووشتی خۆی، سیستمێكە دەتوێتەوەو دەبێتە شتێكی نادیار.

بابەتی بەها لەلای ئادام سمیس تەنها تێڕوانینی جیاواز لە ئارادا نییە، بەشێوەیەكی سەرسوڕهێنەر گرینگترین فاكتەری هەرچەشنە پەڕەسەندنێكی ئابووری نە تەنها بەهای پێنەداوە، بەڵكو پێشەكەشكردنی تایبەتی خۆی پاراستووە و بەم ڕێگە و بەم توانایەی كە جێ پەنجەی خۆی لەسەر پەرەسەندنی نوێی ئەوروپا بەشێوەیەكی نەخوازراو بەجێهێشتووە، بۆیە ڕۆڵێكی لاوازی بە یاسای بنەڕەتی بەخشیوە كە پێی دەگوترێت هێزی ئابووری سرووشتی مرۆیی و بە هێزی یاسایی كار ناسراوە”. بەڵام پرسی ماركس لێرەدا سەبارەت بە بەهای كاڵاكانە واتە شتگەلێك كە لەناو كۆمەڵەیەكی پێكهاتوو لەوەبەرهێنە تایبەته‌كانە، پرسەكە بەهیچ شێوەیەك سەبارەت بە بەهای ڕەها نییە كە ڕوون نییە لەكوێدایە، بەڵكو سەبارەت بە بەهایەكە لە فۆڕمێكی دیاریكراودا و لە كۆمەڵگەی متمانە پێكراودایە، واتە بەهۆی كاری مرۆییەوە بەرجەستەبووە و لە كاڵای جیاوازدا درووست دەبێت و دەپێورێت و لە مێژووشدا ئەم كارە بەتەواوەتی دیاریكراوە (18).

پێنجەم: یاسای باج و سنوورەكان: ئەم یاسایە بەپێی ڕێكەوتنێك لەلایەن سنووری جوگرافیای دەوڵەتانەوە كە دیاری كراوە و لە ڕووی بازرگانیەوە ئاڵووێری كاڵا و پێداویستییەكانی مرۆڤ دەكرێت و گومرك كردنی كاڵاو شمەك لە ڕێگاكانی زەوی و ئاو و ئاسمانییەوەیە كە بەشێكن لە داهاتی دەوڵەت. هەندێك جاریش بەپێی ڕێكەوتنێك، لێبوردن بۆ ئاڵووێرەكان دەكرێت كە بەنەفعی دەوڵەت خۆی دەبێت، هەریەكێكیش لەو هێڵانەی دیاری كراوە شێوازی باج ئەستاندنی خۆی هەیە كە ڕەنگە دەوڵەت لە ڕێگای كەرتی تایبەتەوە مامەڵە لەتەك ئەم جۆرە هێڵانە بكات.

شەشەم: یاسای ماف و دابین كردنی  كۆمەڵایەتی: ئەم یاسا بەرمەبنای پێناسەی هاوڵاتی بوون و لەبەرچاو گرتنی ئەرك و ماف و دابین كردنی كۆمەڵایەتی و تەندرووستی و پاراستنی ژینگەیە، بەشێك لە مافە سەرەتاییەكانن كە ماشین و كۆمپانیاكان هۆكاری سەرەكین تیایدا. ئەمە تا ئەوكاتەی ماشینەكان گەشە و هەڵدانی بەخۆیەوە نەبینیبوو، بەڵام دواتر بە گەشەی تەكنۆلۆژیا لەنێو چینەكانیشدا دوو جۆر چینی كرێكاری بەرهەمهێنا. (كرێكاری یەخە ڕەش و كرێكاری یەخە سپی) كرێكاری یەخە ڕەش ئەوانەن كە كاری دەستی و تاقەت پڕوكێن دەكەن و سەعاتی كاریشیان زیاترە، هەرچی كرێكاری یەخە سپی یە، ئەوانە دەگرێتەوە كە تەكنیكین و پسپۆڕی كارن و بە كۆمپیوتەر مامەڵە لەتەك كاردا دەكەن، واتە پاكوخاوێن لە نووسینگە و لەپشت مێزەوە دانیشتوون، ئەوانەش كە لەنێو سیستمی تەكنۆكراتیدا كاردەكەن و دەبنە مشەخۆری بێ‌ بەرهەم، دواتر دەبێتە مایەی بێكاری لەڕیزی كرێكاراندا. دابین كردنی بیمەی كۆمەڵایەتیش ئەومافەیە لەبری سۆسیالیزم جۆرێك لە هاوكاری كردنی ژیانی ژنان و مناڵان دەگرێتەوە.

حەوتەم: یاسای پەروەردە و فێركردن: ئەم یاسایە زانستیانە و لەچوارچێوەی میتۆد و سیستمێكەوە كاری پێدەكرێت كە حكومەت لەخۆبەرهەمدان خۆبەرهەمهێنانەوەدا جێگیری دەكات و وەكی دەزگایەك و كۆڵەگەیەكی سەرەكی بەسوود وەرگرتن لە كولتوور و ئاین و مێژوو تەماشای دەكات و كەڵكی لێوەردەگرێت، ئەم یاسایە لە دەستووردا جێگیر دەكرێت و ماف بە هەر هاووڵاتییەك دەدات بەبێ‌ هیچ بەرامبەرێك بكەوێتە بەرخوێندن، هەروەها لەپێناو فێركردن و پەروەردەكردن و ئامادەكردنی نەوەیەك بۆ ئایندە، بەسیستمێك ڕێكدەخرێت كە لە منداڵییەوە واتە ڕەوزە و تاكو كۆلێژ و پاشانیش خانەنیشینی، لەچوارچێوەی یەك پاكێجدایە، هەڵبەت هەر بەم یاسایە دەوڵەت مامەڵە لەتەك سیستمی خێزانیشدا دەكات و مەرج بۆ بەخێوكردن و پەروەردەكردنی منداڵ و فێركردنی زمانی دایك دادەنێت.

هەشتەم: یاسای دادو باری كەسی:  ئەم یاسایە بۆ ڕێكخستنی كۆمەڵگەیە بەپێی دەستوورێك جێگیر و دادگایی كردنی تاوانكار و چارەسەرە بنەڕەتییەكانی كێشەكانی كۆمەڵ و… هتد كە ئەولەویەتی بەدامەزراوەی خێزان داوە و هەرچی زیاتر دەستی پێوەدەگرێ‌. ئەمەش بە بیانووی ئەوەی ڕاگرتنی بەڵانسێكە لەنێوان ئایدیاكان و مافەكان.

نۆیەم: یاسای نووسینەوەی دەستوور. ئەم دامەزراوەیە كە لە سەرووی هەموو دەقەكانی بواری كارگێڕی و پارلەمان و خودی دا گەشاوەیە. جارێكی تر دەوڵەت ئارایش دەكاتەوە و ڕەنگدەداتەوە لە دامەزراندنی پێكهاتەی دەوڵەت و یاسا بنچینەییەكان و سیستمە سیاسییە نێودەوڵەتیەكانی وەكی دیموكراسی و فیدراڵی و كۆنفیدراڵی و سەربەخۆیی و… هتد بەپێی كولتوور و پرەنسیپە ئیتنییەكانی هەر كۆمەڵگەیەك” (19).

هەڵبەت زۆربەی شێوازە جیاجیاكانی ئەم یاسایانە. پێشتر بەپێی یاسای نێو دەقە ئاینییەكان شەرعیەتی پێدرابوو. دواتریش ڕۆمەكان و یۆنانییە كۆنەكان و ئیمپراتۆرییەتەكانی ڕۆژهەڵات لەسەر زەوی كاریان پێدەكرد، بەمەش ماركس لەنێو تیۆرەی سۆسیۆلۆژیادا وەڵامی پێدایەوە كە مادام ئینسان بۆخۆی كاری خۆی مەیسەر دەكات، كەواتە سەرجەم یاساكان دەبێت لەبنەڕەتەوە هەڵوەشێتەوە و بەجێگای ئەوان یاسایەك بونیاد بنێرێ لەگەڵ ویستی ڕاستەقینەی مرۆڤایەتیدا بێتەوە و كێشەی چینایەتی بنەبڕ بكات.

هەڵبەت بەپشت بەستن بە فەلسەفە و میتۆدە زانستیەكانی پێشتر لەباری ئابووری و خوێندنەوەی سۆسیۆ سیاسی سیستمەكانی دەوڵەت. چینەكان لە كێشمەكێشمدا بوون. بەو پێیەی كە ئایدیای یاسا، لە باب مەزنی و قەشە سازی و كڵێساوە دەوڵەت بەڕێوە دەچوو. واتە یاسایەك كە لە ناواخنەكەی ئاسمان بوو. جێگەیەك نەبوو بۆ گۆڕینی، دواتر هاتە سەر زەوی و پۆزەتیڤیزم وەك جۆرێك لە بیری مرۆڤ خۆیدا بوو بە كارنامەی ژیان. بەڵام تا ئەو جێگایەی كە ژیان لەنابەركێدا قەتیس كرابوو.

بەسەرهەڵدانی بیری سۆسیالیزم ئەم یاسایانە كەوتنە بەر ڕەخنەی ماركس و خودی ئەو میتۆدەی كە بەر لە ماركسیش بە ناكامڵی پێشكەش كرا. ئیتر هەر لە مۆنتیسكۆوە بگرە تاكو پەیمانی كۆمەڵایەتی لەلای تۆماس هۆبز و ژان ژاك رۆسۆ و تۆما ئەكوینی و قەشە ئۆگەستین. لەكاتی خۆیدا پشكداریان كردبوو.

 

ڕەخنە لەلاهوت

 

لاهوت زانستێكە بۆ خوێندنەوەی خوداوەند و ئەو لۆژیكەی پاڵپشتی دەكات، لەوانەش ئاین و كاریزمای فەلسەفی و ئەدەب و بیرو بڕوا جیاوازەكان، ئەم بابەتە لەدوای كریستیانیزمەوە لەئەوروپا بووە بە كۆنسێپتێكی فرە ڕەهەند و لەكایە جیاجیاكانی فكر و فەلسەدا دەخوێندرێت، هەربۆیە لاهوتیزم دابەشی سەر چەندین لقی جیاواز كرا، لەوانەش لاهوتی ئاینی و ئەدەبی و فەلسەفی و بڕاواكان و مێژوویی و هتد.

لاهوتیزم تەوەرێكی فەلسەفییە، یان باشتر بڵێم لەبەرچاوگرتنی بوونی هەقیقەتێكی جێگیر و دابڕاوە لە تێكست و كتێبی ئاسمانی، چونكە ئەو وێنایەی كتێب بۆ خودای درووست كردوون، قاڵبێكی وەهمی وەرگرتووە كە لاهوت قبووڵی ناكات، پرنیسپێك هەیە بۆ تێڕوانین لەكۆی گوتارە ئایدیالیستییەكان، ئەویش بریتییە لە لق و پۆپی شیكاری و كەلام و تەسەوف و توانەوە لە هێزی نادیاردا، ئەم تێڕوانینە تەنها لەگەڵ خۆیدا كۆكە، چونكە هیچ ئامادەگیەكی عەقڵانی نییە بۆ پرسیار كردن لە حیكمەت، یان ئەو ڕووداوانەی كە پەیوەندییان بە مێژووەوە هەیە، لەكاتێكدا مێژوو تەنها شتێكی نەكردووە، ئەویش داوەری كردنی ئەزموونی زانستی بووە، بەڵام لە فۆڕمدا خۆ دووبارەكردنەوەی ئایدیاكان بووە، ئەمەش لەكوێدا سەلمێنراوە، ئەوكاتەی كە ئایدیاكان تەنها فریاكەوتوون خۆیان و كەلەپووری خۆیان كۆپی بكەنەوە، نەك چارەسەری دیاردە زەروورەیەكان، ئەم فەلسەفەیەش تەنها دەسەڵاتی ستەمكاری بەرهەمهێناوەتەوە، نەك پرسیار كردن لە بوون و ئەو ئیرادەیەی كە ماتریالی ئاشكرا كردووە و لەسەر ئەو بنەمایەش ڕووداوەكانی گۆڕیوە، باشترین سەلمێنەریش خوێندنەوەی ماتریالیزمی مێژووییە بۆ قۆناغە جیاوازەكانی بەشەریەت.

ئێمە كە باسی لاهوتیزم دەكەین، كەواتە باسی لاهوتی سیستمكراو دەكەین كە بەشێكە لە تێگەیشتنی خودا لەلای كریستیانیزمەوە، ئەویش بریتییە لە ئیمان و بڕوا و تێكستی پیرۆز كە بەمانای سیانەی كوڕ و باوك و ڕوحی پیرۆز دێت، بەڵام لە سیستمی مەسیحیەتدا كە هەمیشە هاوكاری جومگەكانی دەسەڵاتی كەنیسە بووە، پشتیان بەزانست و فەلسەفە و ستایلی مێژووی حوكمڕانەكان بەستبوو، بۆیە لەدوای بەسیستمكردنی مەسیحییەت، لاهوتیزم وەكو وانەیەك بەسەر خوێندكارانی كەنیسەدا فەرزكرا و دواتریش لاهوتیزم بوو بە بنەمای سیستمی خەلافەت و دەوڵەتی ئیسلامیش، تائێستاشی لەگەڵ بێت ئەم سیستمە پشت بەو تێكستانە دەبەستێت كە ئاینین، یان تامی ئاینیان لێدێت.

خوداناسی تەنها نهێنی میتافیزیكا نییە، بەڵكوو پەیوەندیی بە سرووشت ناسی و ئاین ناسی و نهێنیەكانەوە هەیە كە دیاردەناسی ئەم شیكارییە دەكات، چونكە میتافیزیكا بۆخۆی وەكوو چەمكێكی فرە مانا، بەر ڕەخنەی زانست كەوتووە، دۆزینەوەی زانستە هاوچەرخەكان و مانەوەی وزە و سرووشتی ئەو جیهانەی كە ئاشكرابوو وێناكردنی كلاسیكییەكی ناتەواوە، لێكۆڵینەوە فیزیاییەكان و كردنەوەی گرێ كوێرەی ئەپستمۆلۆژیا بەگشتی، موناقەشەكردن لەسەر بوونی مرۆڤ خۆی و قۆناغە مێژووییەكانی و پرسیاركردن لە خودا، هەروەها موناقەشەكردن لەسەر عەقڵانی بوون و نەبوونی مانای خودا، میتافیزیكای خستە بەردەم كێشەی گەورەوە.

بەڵام مانەوەی “ڕێبازی خوداگەرایی ئاماژەیە بە بوونی یەك خودایی، واتە پەیڕەوكردنی یەكتاپەرستی، ئاماژە كردنیش بە بوونی زیاتر لە خودایەك، وەكوو ئەوەی لە ئاینی زەردەشتیەتدا هەیە، خودای ئاشتی و خودای شەڕ، خودای ڕووناكی و خودای تاریكی، یان خودای چاكەو خودای خراپە، ئەمانە دەكەونە چوارچێوەی لاهوتی عەقڵانی، نەك كۆسمۆلۆژیا كە هیگڵ موناقەشەی كرد، بۆیە لەو ڕوانگەیەوە گرفتەكە دەگۆڕێت بۆ گرفتی گونجاندنی بوونی خودایەكی چاك كە توانای بەسەر هەموو شتێكدا دەشكێت”.(20).

كەوابوو ئەم بابەتە پەیوەندیی بە بنەما میتافیزیكییەكەی كۆنی سرووشتەوە نییە كە لە سەدەكانی ناوەڕاست هەبوو، بەڵكوو پەیوەندیی بە تیۆرە ئەپستمییەكانەوە هەیە كە سەرتاپای نهێنیەكانی جیهانی ملكەچی مرۆڤ كرد، مەبەست لە دەركەوتنی فاكتە گەردوونییەكانە، وەكوو گاتیگۆریای شوێن لە جوگرافیایەكەوە بۆ جوگرافیایەكی تر، هەروەها بارستایی و وزە و مادە و هتد، ناوەندی ئامانجداری ئەم موناقەشەیەی نێوان میتافیزیكا و فیزیكا، هەر لە كێشەی فەلەكەوە بگرە تاكوو ئەو ئامرازانەی كە فاكتی یەكلاكەرەوەی كێشەكانی گەردوونن، بەو پێیەی كە فەیلەوسوفانی یۆنان نە لە ڕووی بابەتی توێژینەوە نە لە رووی میتۆدەوە، پیاوی میتافیزكی و زانایان لەیەك جودا نەكردەوە، جاهەر زانایەك بوایە وەكوو تالیس و ئەرستۆ، یان ماتماتیك وەكوو فیساگۆرس و ئەفڵاتوون، تەنها جیاكردنەوەی زانستە تیۆریە فەلسەفییەكان لەلایەك و زانستە پراكتیكییەكان لەلایەكی ترەوە، بۆ یەكەمجار لە پۆلینكردنەكەی ئەرستۆدا دەردەكەوێت كە زانست و فیزیا و ئەخلاق و ئابووری و سیاسەت بوو”.(21). چونكە ئەرستۆ یەكەم كەس بووە لە فەلسەفەی یۆناندا وشەی میتافیزیكی بەكارهێناوە و مەبەستیشی لە بنەمای بوون بووە، لە كتێبی میتافیزیكدا، باسی ئەوەی كردووە مرۆڤ خولیای فێربوونی هەیە، ئەمەش هەستكردن و حەزكردنە، ئەوكاتەی بەكاریشی نەهێنین هەر دەمانەوێت، هەموو فرە چەمكەكانی نێو ئەزموونەكان بتوانین حوكمێكی هەمەكی بەسەر دیاردەیەكدا بدەین، كاتێك دەڵێین كالیاس نەخۆشە و ئەمە بۆ نەخۆشییەكە باشە، یان لەسەر سوكرات و كەسانی دیكە دەدوێین، لە ئاكامی ئەزموونەوە پەیدا بووە كە حوكم بەسەر چاكە و خراپەدا دەكەین، ئەمەش لە هونەر نزمتر نییە، كەوابوو پرسیاری چییەتی و شتە واقیعییەكان، هێشتا میتافیزیكی لەبەردەم زانستدا ڕاگرتووە و ناتوانێ‌ وڵامی بداتەوە.

سەبارەت بە بڕوابوون و باوەڕی عەقڵانی لە خۆبەدەستەوەدان بە دەسەڵاتێك كە لەدوا پلەی بەهێزیدایە، توانای عەقڵێكی رەها ئاشكرا دەكات كە ئەمە بۆخۆی سەرچاوەكەی دەسەڵاتی مرۆڤ خۆیەتی. “خودا خۆی كە لەلایەن ئینسان پرسیارێكی قورسە، تێكەڵەیەكە لەنێوان شعوری بەشەكی و شعوری گشتی، مەسیح وتەیەكی هەیە دەڵێ‌ (خودا تەنها لەخۆی دەچێ‌ كە هێزە، بەڵام بەخۆی دەڵێ‌ كوڕی ئینسان، بۆ ئەوەی وەكوو سوڵتان بەهێز نەبێت و كوڕی گەلی هەڵبژێردراو بێت، بۆیە خودا لەپێناو بەشەرییەتدا هات و ئەو پەردەیەی سەر نهێنی كەماڵی بوون هەڵدایەوە، بۆئەوەی خەڵك هەموو كامڵ بن، چونكە باوكە ئاسمانییەكەیان كامڵە، ئەمەش بۆ خوشەویستی و خۆشەویستی بەشەرییەت بوو”.(22).

كەوابوو بابەتی خودا خۆی كێشەی نییە، بەڵكوو ئەوە تەنها ئاین و گوتاری پشت ئاینەكانە كێشە بۆ پێناسە و هێزی خودا درووست كردووە، هەروەها لە ڕێگەی چەمكە میتافیزیكیەكانەوە، هێز بۆ دەسەڵات پێكدەهێنن و ئەم هێزەش دواتر دەبێتە قەوارەیەكی نادیاری ستەمكاری.

ئەزموونی ئاین و سەرهەڵدانی دەسەڵاتگەری ئاین كە خوداوەندكراوە بەسزادەر، ئەم ئەزموونە جۆرێك لە پێكهاتەی كەسایەتی مرۆڤ درووست دەكات، هەر ئەمەشە كاریگەری پۆزەتیڤ و نێگەتیڤی هەیە لەسەر كۆمەڵگە، ئەوەی كە مرۆڤ ناچار دەكات بەپێی ئاینێك كە دەوڵەت ئیلهامی لێوەرگرتووە بۆ بەهێزكردنی دەسەڵاتی سیستمەكەی، دەبێ‌ بەهەمان شێوە ملكەچی دەسەڵات بێت، هەوڵێكی نێگەتیڤە و جێگیریش بووە، چونكە پایەیەكی بنچینەیی سەقفی دەسەڵاتە. بەڵام ئەوەی كە ئاین وەكی تێگەشتنێكی رۆحانییە و پەیوەندیی بە نموونەی باڵاوە هەیە كە لەدەرەوەی هێزی ئەقڵی مرۆڤە، ئەگەر وەكی واقیع تەماشای بكەین، شتێكی پۆزەتیڤە، لێرەوە تێدەگەین كە بۆچی ئاین لاهوتیزمی كردووە بە چەكێكی بەهێز و گەمەی پێدەكات، ڕەخنەی ماركس لە ئاینیش تەنها ئەوەبوو كە ئەو كارتە پوچەڵ بكاتەوە.

هەڵبەت فرۆم پێی وایە ئەو كەسایەتییەی كە ئاینە جۆراو جۆرەكان درووست دەكات لەوان پێكهاتووە و بەرهەمهێنەری بیری مرۆڤە، مرۆڤی مشەخۆر و ئامادە كە لەكردارەكانیاندا لە ژیانی واقیعی ڕەنگدەداتەوە و لە هەموو بوارەكاندا دەبینرێ‌، ئەو مرۆڤەش كە بێ‌ ئاین و لەدەرەوەی وەهم، خودا پەرستی وەك حاڵەتی ڕۆحانی تەماشا دەكات و جودای ناكاتەوە و هەردوو نموونەكە تێكەڵ بەیەكتر دەكات.

مەبەست لەم بۆچونانە نیازی یەكەمی هیگڵیە لاوەكان لەبارەی هەقیقەتی ڕەهادا، ئەوەبوو لەنێو ئیشكالیاتە ئاینیەكاندا شۆڕشێكی گیانەكی لەبەرچاو بگرن، ئەوان پێیان وابوو ڕەخنە لە ڕەهایەتی فەلسەفی كە ئامانجەكە ئاین و خودی مەسیحیەتە، شۆڕشێكی سیاسی بەدووی خۆیدا دێنێ‌ لە ئایندەدا، هەرئەوەش كە فیورباخ لەبارەی فەلسەفەی تێڕامانەوە دەڵێ‌” فەلسەفەی تێڕامانی هیگڵ، لاهوتێكی بە عەقڵانی كراوە، بەو مانایەی كە لاهووت بەتێڕوانینێكی لاهوتی دیكە نەفی دەكاتەوە،” ئەمە بەشێك بوو لە دیمانە و ڕوانینی ئەنگڵس و ماركس لە خاڵی یەكلاكەرەوەی نێوان ئایدیالیزم و ماتریالیزم، ئیتر لە فەلسەفەدا دیالیكتیك بوو بەدژە واتای ناوەكی و دەرەكی و چەندایەتی و چۆنایەتی بوون، پایەی ڕاگرتنی ئەو ئەتروحەیە، میتۆدی ئادەم سمیت و داڤید ریكاردۆ، گەورەترین بەردبوو لە سیستمی سەرمایەداری گیرا، بەومانایەی كە ئەلتەرناتیڤی سۆسیالیزم لەنێو كایە پیشەسازییەكاندا، گرێی چینایەتی دەكاتەوە، ئەمەش بە ئەزموون دیمانە سیاسییەكان دەوڵەمەندتر دەكات و سازمانە شۆڕشگێڕییەكان ئەزمونێكی تر لە كەمتەمەنی كۆمۆنەی پاریسی 1871 پێی بەخشی، لێرەوە مەبەست لەبەراوردكارییەكان ئەوەیە كە وەكوو پێشتر باسمان كرد (ئەریك فرۆم) یەكێكە لەو بیرمەندانەی جارێكی تر هاتووە بەهەمان لۆژیك كار دەكات و ئاین بەتاكە فاكتەر دەزانێت، لەكاتێكدا نامۆ بوونی ئێمە ڕەهەندێكی سیاسی هەیە. فرۆم دەڵێ‌ “ماركس نەیتوانیوە پێشبینی ئەوەبكات كە نامۆبوون دواتر دەبێتە چارەنووسی زۆربەی زۆری خەڵك، بەتایبەتی ئەو كەرتەی كە زۆربەی زۆری كۆمەڵگەیە و زیاتر مامەڵە لەتەك سیمبوول یاخوود خەڵك دەكات”(23). لەگەڵ ڕەخنەگرتن لە لاهوت و تەرجەمە كردنی بۆ ڕەخنە لە سیاسەت كە لە مەنزومەیەكدا هەموو كایەكانی لەخۆیدا كۆكردۆتەوە و بە پێچەوانەشەوە لە هەموو كایەكاندا ئامادەیە، بەو مانایە دێت كە مرۆڤ بەناچار سیاسەت دەكات و دەبێتە كائینێكی سیاسی و ئایدیۆلۆژی وەكی بەشێك لە سیاسەت، سیمبوولەكانی وەكی خودا تەماشا دەكرێت بەجێگای لاهوت و لاهوتیەت، وەختێك ئەمە دەڵێم  پشت بەو بیركردنەوەیە دەبەستم كە ماركس وەكی فەلسەفە قسەی لەسەر یەكتا پەرستی نییە، بەقەد ئەوەی  قسەی لەسەرخودا درووست كردن و ئاین پەرستی ڕەخنە دەگرێ‌ كە بۆخۆی ئەمە باسێكی تایبەتە و دیسان دەمانباتەوە سەر ئەوەی كە ئایا هەر كار بووە مرۆڤی خوڵقاندووە؟ یان چیرۆكی ناو دەقە ئاینیەكان درووست ترن؟ بەڵام لەتەك ئەمانەشدا خوداپەرستی ئیجتیهادی خودی یەو هەر زۆركردنێكیش لەو باسە جێگای ڕەخنەیە و نەفی كردنەوەی خوداش بەپشت بەستن بەمیتۆدی ماتریالیستیانە جێگای قبووڵ نییە، نموونەیەكی ماركس هەیە دەڵێ‌ “جەنگ لە دژی خودا، جەنگێكە لە دژی بت پەرستی كە مێژوویەكی هەیە لەگەڵ هاتنی یەكەم بەرەبەیانی درووست بوونی ئینسانەوە و كێشەی گەورەی ئینسانیش بووە”(24). ئەو بتە درووستكراوەی كە پێی دەڵێن خودا هەروەك چۆن لەتەك لە تێزەكانیدا بۆ ئاین لەتافی لاویدا پێشەكی بۆ شیعرێكی نووسیوە بۆ هاوڕێكانی دەڵێ‌ “ئەوانە خودا ناناسن و سووكایەتی بە خواوەندی هەموانەوە دەكەن، بیروڕای هەموانیش بۆیەك خودا دەگێڕنەوە” (25).

ڕاستە ماركسی لاو لەگەڵ ماركسی كامڵ لەباری فەلسەفییەوە جیاوازیان هەیە، بەڵام ئەم قسەیەی ماركس ئەو دەلالەتەی هەیە خودا ناسین مەسەلەیەكەو زانست مەسەلەیەكی ترە كە ڕەخنەیە لە خورافەو دین پەرستی. هەڵبەت ئێمە چەمكەكانی ئاسمان و ئاین و لاهوتمان گۆڕیەوە بۆ چەمكەكانی زەوی و یاسا و سیاسەت كە لەباری مێژووییەوە لە هەموو سەردەمێك و شارستانیەتێكدا رۆڵیان هەبووە، بەڵام موناقەشەكە لەنێوان ڕاستكردنەوەی چەمكی (خودای ئاینی و خودای فەلسەفییە) كە لە هەردوو بارەكەدا مرۆڤایەتی تووشی گیرۆدەیی كردووە، خودای ئاینی ئەو خودایەیە كە لە دەقە ئاینیەكاندا وێنای كراوە، خودا پەرستییەكەو سیحری خودا بۆ نووسەرەكە دەگێڕێتەوە” بەڵام بەسەرهەڵدانی چەرخی ڕێنیسانس بەتایبەت لە ئەوروپا شۆڕش گەشەی كردو فكر سەریهەڵدا، ئەوەی كە ناوی لێنرا (كۆزمۆجینیە) (فەلسەفەی ئاینی) نەفی بۆوە و میتافیزیكا بەجێگای ئەو كاری كردو دواتریش جارێكی تر ئایدیۆلۆژیا وەك ئاین و خواوه‌نده‌كانیان وەكی خودا چاویان لێكرا، ئەگەرچی ئاین تاكوو ئێستاش وەكی خۆی ماوەتەوە و كاری خۆی دەكات، بەڵام فكر توانیویەتی جێ‌ پێ‌ بەسەلەفیەت لەق بكات” (26) هەر ئەوەی كە سۆسیالیستە ئایدیالییەكان دەركیان پێنەكردبوو، چینێكی باڵادەستی بۆرژوازی كەڵكی لێوەردەگرت و لە هەوڵی ئەوەدابوو بەدۆگمایی بمێنێتەوە، یان ئەو بونیادە میتافیزكییانەی كە ڕوانینی بۆ فەلسەفە هەبوو، دیسان لە هەوڵی ئەوەدابوو سرووشتێكی كۆمەڵایەتی بە كۆنخوازی ببەخشێت كە ڕوانینێكی مەسیحیانە بوو، بۆیە لەبەرامبەر ئەو تەقەللایەی ماركس هەیبوو لە كۆمەڵگەیەكی كۆمۆنیستیدا دەریخست و ئاڵوگۆڕە ڕیشەییەكانی دەبەستەوە بە بونیادی ئابووری كە دواجار بەسەر سەرخانی كۆمەڵگەوە ڕەگی دەدایەوە، (ئەنتۆڵۆژیا)* لێرەدا تەنها خودناسین نییە، بەڵكوو مەبەستێكی ئازادیش لەپشتیەوە ڕاوەستاوە. هەر ئەمەش بوو كە دنیابینی ماركس وەكوو تۆمەتێكی یۆتۆپیایی چاو لێدەكرا. (27).

سەرەنجام دەبێ‌ ئەوە بڵێین كە ماركس ڕاستە لەژێر كاریگەری فەلسەفەی بەر لەخۆی بووە، بەڵام وەكوو زۆربەی كۆمەڵناسەكانی سەردەمی خۆی نەبووە، بۆیە ئەو پاڕادایم و پۆزەتیزمەی كە كاریگەری لەسەری هەبووە، بایەخێكی ئەوتۆی بە ئاین نەداوە وەكوو سەرچاوەی كە لەبری هۆكارەكانی دیكەی دەسەڵات خۆی پێوە سەرقاڵ بكات، تاڕادەیەك ئاینی وەكوو جۆرێك لە خۆناسین تەماشا كردووە، چونكە مرۆڤ هەمیشە لەنێو ئایدیاكاندا ون دەبێت و تووشی وەهمێك دەبێت بۆ خۆناسین و پێناسەكردنەوەی خۆی، هەربۆیە تریاكەكەش وەكوو خۆشییەكی كاتی تەماشا كردووە بۆ مرۆڤ، كەواتە هەموو ئاینەكان بەرهەمی ژیانی كۆمەڵایەتین، ئەگەر ئەم دیاردەیە لە ئەوروپا و لە ڕۆژهەڵاتیش بەزەقی نەبینرێت، لە هیندستان و تەواوی ئاسیا بە ئاشكرا دیارە كە چۆن ئینسان پێچەوانەی یەكتر بڕوایان بە ئاینی خۆیان هەیە، لەكاتێكدا لەیەك كۆمەڵگەدا دەژین، بۆ نموونە دوو گروپی یەك شار سەر بە دوو ئایدیا و دوو ئاینی جیاوازن، ئەمە بەشێكی قەرەبوو كردنەوەی ژیانە و بەشەكەی تری پەیوەندیی بە ئینتیماو بڕواوە هەیە، چونكە ئاین زۆرجار لەبری دەسەڵاتی یاسا، لە ڕێگەی ویژدان و ئەخلاقەوە كاریگەری لەسەر مرۆڤ هەیە.

 

سەرچاوە و پەراوێزەكان

1: جورج باتای، الإیروسیة: إقرار الحیاە حتی الموت، ترجمە محمد علی الیوسفی، مجلە الكرمل عدد 26 سنە 1987، ص 177-187

2: كارل ماركس. بۆس الفلسفە. رد علی البرودون. ترجمە. حنا عبود. دار النشر الدمشق

ص 102,103,104

3: د. دینیس لوید. عالم المعرفە. ترجمە. سلیم الصویص. لبنان سنە 2008.

4: د. حەمید عەزیز. فەلسەفە و لاهوت لە سەدەكانی ناوەڕاستدا. ئەكادیمیا و پێگەیاندنی كادیران سلێمانی 2012. ل84

5: سەعید سلێمانی. لێكۆڵینەوە دەركەوتەی دڵخوازی مەرگ. بەڕێوەبەرایەتی چاپ و بڵاوكردنەوەی ڕۆژنامەوانی سلێمانی. ل48

6: ماركس و انجلس .مختارات دار التقدم. موسكو

7: هەمان سەرچاوەی پێشوو

8: الانتروبولوجیا السیاسیة. جورج بالاندیة. ترجمة علی المصري. المؤسسة الجامعیة للدراسات والنشر والتوزیع. 1993. ل34

9: ئایدیۆلۆژیای ئەڵمانی. كارل ماركس. فریدریك ئەنگلس. وەرگێڕانی بۆ كوردی. سەلام مارف. چاپخانەی رەنج. ساڵی 2000

10: كارل ماركس. الثامن عشر من برومیر لویس بونابارت. ترجمة.  فریق من الدار التقدم. موسكو

11: جاك دریدا. اطیاف ماركس. ترجمة. منذر عیاشي. مركز الانماء الحظاري طبعة الاولی. 1993

12: یندریش زلني. منطق ماركس. ترجمة. ثامر الصفار. مركز الابحاث و الدراسات الاشتراكیة فی العالم العربي.  سنە 1990. ص189.

13: جز‌و مفقود من رأس المال (كوندریسا) ترجمة فالح عبدالجبار. ص60,61,95 ,197 198

14: فریدریك ئەنگڵس. ئانتی دۆهرینگ. لە ئینگلیزیەوە. حوسێن حوسێنی. ناوەندی توێژینەوە و هزری شەهید ئارام. ساڵی 2018. ل191

15: ئەریك فرۆم. ئاین و شیكردنەوەی دەروونی. وەرگێڕانی بۆ كوردی. ئاوات محەمەد. ساڵی 1999.  ل41

16: فریدریك ئەنگڵس. ئانتی دۆرینگ. شۆڕشی جەنابی دورینگ لە زانستدا. لە ئینگلیزیەوە. حوسێن حوسێنی. ناوەندی توێژینەوە و هزری شەهید ئارام. 2018. ل162

17: هەمان سەرچاوەی پێشوو. ل206

18: اطیاف ماركس. جاك دریدا. ترجمة. د.منذر عیاشي. مركز الانما‌ء الحظاري. طبعة الاولی. 2000

19: ئیمام عەبدلفەتاح ئیمام. دەروازەیەك بۆ میتافیزیكا. وەرگێڕانی بۆ كوردی. هۆشمەند جەلال. ناوەندی غەزەلنووس بۆ چاپ و بڵاوكردنەوە. ساڵی 2015. ل59

20: هەمان سەرچاوەی پێشوو ل137

21: اندریة روبینة. جوریس. ترجمة. جورج صدقني. منشورات وزارة الثقافة والارشاد القومي. دمشق 1972. ص64

22: نایف سلوم. ماركسیة ام كانطیة. قرائە نقدیة لمقالة صادق جلال العظم, مجلة النهج العدد 17 سنە 1999 ص171,186

23: ئەریك فرۆم. مرۆڤ لە روانگەی ماركسەوە. وەرگێڕانی هەنگاو. چاپی یەكەم چاپخانەی رەنج. ساڵی 1999

24: سلامة المغربي. مالماركسیة. مجلة النهج. العدد 16 سنە 1998 ص 125_140

25:  عنان عویا. الماركسیة والماركسیة المسفیتة. مجلة النهج. العدد 29 سنە 2002  ص196_208

26: هەمان سەرچاوەی پێشوو

27: پەراوێز. گۆڕینی دەسەڵات و پەیوەندییە كەسییەكان بەدەسەڵاتە مادییەكانەوە كە بەهۆی دابەشبوونی كارەوە هاتوونەتەدی، ناتوانێت بەدەركردنی ئەو فكرە گشتییانە لە مێشكی ئینساندا جێگیر بكرێت، بەڵكوو لەناوبردنی ئەوە تەنیا لەلایەن ئەو كەسانەی كە دووبارە ئەم دەسەڵاتە مادیەیان كردۆتە ملكەچی خۆیان و دابەشبوونی كار هەڵدەوەشێننەوە و مومكینە، ئەمە بەبێ‌ كۆمەڵبوون ناكرێ‌، تەنها لەناوخۆی كۆمەڵبووندایە كە هەركەسە هۆكاری پێگەیاندنی ئامادەییەكانی خۆی لەهەموو لایەكەوە هەیە، كەواتە ئازادی تاكەكەس تەنها لەناو خۆی كۆمەڵدا مومكینە، لە جێگرەوەكانی تائێستای كۆمەڵیش واتە لە دەوڵەتدا هەیە.

ئازادی تاكە كەس تەنها بۆ كەسانێك كە لەژێر هەلومەرجی چینی فەرمانڕەوادا پێدەگەن و تەنها تا ئەو شوێنەی كە ئەوانە كەسانی دیكە هەبوون، بوونی هەبووە، ئەگەرنا كۆبونەوەیەكی وەهمییە كە تائێستا كەسەكانی تاكگەرا تیایدا ڕێكخراون، ئەمەش هەمیشە لە پەیوەند بەوانەوە، بوونێكی سەربەخۆ دەگرێتە خۆی، لەبەر ئەوەی تاك پێكهاتەیەكی سەربەخۆ بووە لە چینێك كە دژی چینێكی ترە.