
د. بارزان عەلی پیرۆت
مامۆستا لە زانكۆی ڕاپەڕین
ماوەیەك لەمەوبەر دوای بڵاوبونەوەی وتارەكەی (واڵتەر بنیامین) بە ناونیشانی (قەیرانی ڕۆمان)، سەرنجی زۆر لە ڕەخنەگران چووە سەر (قەیرانی دەق، قەیرانی ڕەخنە). ئەڵبەت دوای لێوردبوونەوە ئەم بابەتە زیاد لە دوو دەیەیە لە نێو دونیای ڕەخنەی ئەدەبی ئینگلیزی و عەرەبی و فارسی و كوردیشدا ئاریشە و قەیرانەكانی ڕەخنەی ئەدەبی لە ژێر دەربڕینی (The crisis of literary criticism، أزمة النقد الأدبي، بحران نقد ادبی، قەیرانی ڕەخنەی ئەدەبی) بوونێكی حەتمی هەیە. تا ئەو ڕادەیەی دەبینین لە دونیای ڕەخنەی ئەدەبی عەرەبی و فارسی و كوردیش كتێب و وتار و سەرەقەڵەم بۆ ئەم بابەتە تەرخانكراوە. ئەمە لە دونیای ڕەخنەی ئەدەبی كوردیشدا مژار و باسوخواسێكە لێرەولەوێ بۆتە جێی هەڵوێست و لێوردبونەوەی دونیای ڕەخنەی ئەدەبی ئێمە. بە جۆرێك كەشێكی ڕەخنەیی لە نێو ڕەخنەی ئەدەبی كوردی لە ژێر ناوی (ڕەخنەی ڕەخنەی ئەدەبی كوردی) هاتوتەئاراوە هەست لە جوڵەی ئاڕاستەی ڕەخنەی ئەدەبی كوردی ڕادەگرێت. لێرەوە دەخزێینە نێو پرس و مژاری قەیرانی ڕەخنەی ئەدەبی كوردی، یان كولتوری بێڕەخنەیی لە ئێستای دونیای ئێمەدا.
ئاست و پێگەی ڕەخنەی ئەدەبی كوردی:
ئەگەر سەیری ڕەخنەی ئەدەبی بكەین، مێژوویهكی دورودرێژی هەیە و ڕانان و نووسراوە ڕەخنەییەكان دەگەڕێنەوە بۆ پێش زایین. هەر لە سەردەمی (ئەفلاتون، ئەرستۆ، هۆراس،… هتد) نووسین و قسەكردن لەبارەی ئەدەبەوە پرس و بابەتی گەنگەشەكراویان بووە. لە دونیای یۆنانی و ڕۆمانی و تەنانەت عەرەبیشدا ڕەخنە بە پاڵپشتیی هزری تیۆرداڕێژەرانی ڕەخنەی ئەدەبیی كەوتوەتەڕێ. وەلێ ئەمە بۆ كورد بەڕاست ناگەڕێت، چونكە مێژوی ڕەخنەی ئەدەبی كوردی مێژوویەكی تازەی هەیە و ڕەگ و ڕیشەكانی كۆن نین.
ئەو ڕەخنەیەی هەشبوە وەرگیراوی دونیای دەرەوە، نەك هەڵقوڵاوی زەینییەت و بیركردنەوەی كوردی بووبێت و بە پاڵپشتیی هزری فكری و فەلسەفیی تیۆرداڕێژەری كوردی بەرهەمهاتبێت. بە ڕادەیەك دەتوانین بڵێین دەستپێكی ڕەخنەی ئەدەبی كوردی لەسەر بنەمای میتۆد و هزری و ڕەخنەیی كوردی نەبوە. هەر ئەمەشە وایكردووە دەستپێكی ڕەخنەی ئەدەبی كوردی سەرەتا بریتیبووە لە: (ڕەتكردنەوە یان پیاهەڵدان).
بە دەربڕینێكی دیكە ڕەخنەی كوردی تاكوو ساڵانی هەشتاكانی سەدەی بیستی و تا دەركەوتنی نەوەیەكی ئاگادارتر لە ڕەخنەی ئەدەبیی جیهانی و دەركردنی گۆڤارەكانی (ئازادی، ڕەهەند) كۆتایی بەو تێگەیشتنەی ڕەخنە هات، كە تێگەیشتنی زاڵ بۆ ڕەخنە ئەو تێگەیشتنە بوو ڕەخنەی بەسەر ڕەخنەی بوونیادنەر و ڕەخنەی ڕووخێنەردا دابەشكردبوو و ئەركی ڕەخنگریش لە دیاریكردنی لایەنی بەهێز و بێهێزی دەق و ڕێنوێنیكردنی ئەدیب بۆ دووبارەنەكردنەوەیان كورتكرابووەوە (حسێن لەتیف، 2026: 153). پاشان لە ژێر هەژموونی فكری و ڕەخنەی ئەدەبیی دونیای دەرەوە ئاڕاستە و پێناسەی ڕەخنە لای كورد دەگۆڕێت بۆ خوێندنەوەی دەق بۆ بەرهەمهێنانەوەی جارێكی دیكەی مانای دەق.
لە ڕاستیدا بەشێكی زۆری ڕەخنەی دونیای ئێمە بە ئەركی زانستیی خۆی هەڵنەستاوە، هێندەی بریتییە لە پڕۆسەیەكی بڕیاردان لەسەر دەق. بەو مانایەی ئەركی دەركردنی حوكم و بڕیارە لەسەر دەق، ئەگەرچی لە بنەڕەتدا ئەركی ڕەخنە بریتییە لە تێڕامان لە خودی دەق تا ئەو ڕادەیەی ئاخۆ ڕەخنە دەتوانێت بچێتە تخووبی مانا قووڵەكانی دەقی بەردەست و لە دەق تێبگات. ئەركی خودی ڕەخنەگریش بریتییە لەوەی سنوور و هێزی مەعریفیی خۆی و چۆنییەتی بەكارهێنانی لە خوێندنەوەی مانا و دەلالەتەكانی دەق تاقیدەكاتەوە تا ئەو ڕادەیەی ئیشی ڕەخنەگر بە پشتبەستن بە بەهانەی زانستی و تیۆری ڕەخنەیی تا تێڕوانینەكانی خۆی لەمەڕ خوێندنەوەیەكی دیكەی دەق تاقیبكاتەوە. بە ڕادەیەك: ((بۆ خوێندنەوەی تێکست پێویستمان بە کەسێکە لە دونیایەکی دیكەوە هاتبێت، واتە بە ناو کایەی تردا گوزەری کردبێت، فەلسەفە، دەروونناسی، مێژوو… هتد. دونیای ڕۆشنبیریی ئێمە، فەزایەک نییە وەک فەزای کولتووری خۆرئاوا، کە کایەکان پڕن و تێڕامان بەردەوامە و خۆنوێکردنەوە پرۆسەیەکی ڕۆژانەیە. تایبەتمەندی لە جیهانی خۆرئاوادا پێشوەخت، هەموو مەرجە قووڵەکانی ڕوانینی گشتی و تێڕامانی پانۆرامی و جیهانبینی کۆیی لە خۆ گرتووە. تایبەتمەندی لە خۆرئاوادا گەرچی زۆرجار زۆر ورد دەبێتەوە و دەبێت بە جۆرێک لە پسپۆڕی لە کایەیەک یان لە کێشەیەکی بچووک و دیاریکراودا، بەڵام هیچ کات لەناو کایەی زانستە کۆمەڵایەتییەکاندا، تایبەتمەندیی و پسپۆڕیی بە مانای دابڕان و دوورکەوتنەوە لە فەلسەفەیەکی گشتی یان لە جیهانبینییەکی گشتی نایەت. گشتی هەمیشە ئامادەیە، واتە مرۆڤ دەشێت ڕەخنەگری تێکست بێت، پسپۆڕی ئەدەبی بێت، بەڵام لەناو ئەو پسپۆڕییەدا چەندین شێوە و ڕەهەندی فەلسەفی و سیاسی و دەروونی خۆی حەشارداوە، هەر لەبەر ئەوەشە هیچ پسپۆڕییەک نییە لەسەر ژێرخانێکی مەعریفی گەورە ڕانەوەستابێت)) (بەختیار عەلی، 2020، ماڵپەڕی ژنەفتن). ڕەخنەگری خاوەن هەڵگری ئەم شەقڵەی بەختیار عەلی وەسفی دەكات، لە سەرەتای دەستپێكی ڕەخنەی كوردی زۆر ئەستەم بووە تا ڕادەی دەگمەنی و نەبوون. ئەم وەسفەی ڕەخنەگر دەشێ ئێستا لە نێو دونیای ڕەخنەی ئێمەدا لە ژێر چەند ناونیشانێكدا هەڵكەوتبن، كە دواتر بە وردی لێیانەوە دەدوێم.
ڕەخنەی ئەدەبی زانستێكە هەموو كەسێك ناتوانێت هەڵگری ناسناوی بێت، چونكە ڕەخنەی ئەدەبی پەیوەندییەكی هەمەگیریی بە زۆرینەی هەرەزۆری بوارە جۆربەجۆرەكانی وەك (فەلسەفە، كۆمەڵگە، ئایین، سیاسەت، ئایدۆلۆژی، دەرونی، … هتد)ی دونیای دەرەوەی خۆیەتی. بەبێ ئەم بوارانە هەرگیز ڕەخنەگر لە خوێندنەوەی دەقی ئەدەبی و گەیشتن بە مانا و دەلالەتە ورد و هەستیارەكانی دەق ناگات. هەر بۆیە ڕەخنەی ئەدەبی پەیوەستە بە ڕۆحی ئەدەبیاتی هەر نەتەوەیەك. ڕەخنەگری ڕاستەقینەش دەبێت ئاشنایەتییەكی زانستی لەگەڵ ڕۆحی ئەدەبیاتی نەتەوەكەی خۆی و نەتەوەكانی دیكەشەوە هەبێت. ئەی بۆچی ئەو وتار و ڕانان و توێژینەوە و لێكۆڵینەوە ڕەخنەییانەی لەسەر ئەدەبی كوردی دەنووسرێن پێشوازییەكی گەرموگوڕیان لە لایەن خوێنەرانەوە لێناكرێت؟ وەڵامی ئەم پرسیارە لە بەشەكانی دواتری ئەم وتارەدا هەیە.
بەختیار عەلی، كە ئێستا بە ئەدیبە قووڵنوس و بەكاریگەرەكانی ئێستای دونیای ئەدەبی كوردی هەژماردەكرێت، لەمەڕ پێویستیی ڕەخنەی ئەدەبیی جدیی زیندوو بەم تەرزە لە ڕەخنە و پێویستی ڕەخنەی جدی دەدوێت، كە کولتووری بێڕەخنە لە ئێستای دونیای ئەدەبیی كوردیدا لەبەردەم مەترسیی نوقمبووندایە لە تێکستی بچووک و لاواز و ڕووکەشگیردا. غیابی ڕەخنە جۆرە خوێنەرێکی دروست کردوە توانای جیاکردنەوەی دەقی باشی لە دەقی خراپ نەماوە، نازانێت بۆچی دەقێکی بە دڵە و دەقێکی دیكەی بە دڵ نییە. لەوە خراپتر نەبوونی ڕەخنەیە، كە دەبێتە هۆكاری لەدایکبوونی نەوەیەک توانای جیاکردنەوەی تێکستی باشی لە خراپ نەبێت. توانای نەبێت داهێنانی ئەدەبی لە هەندێک دەردەدڵی سۆزداری، یان دەربڕینێكی سادەی ئاوازداری سەروادار جیابکاتەوە.
لە ڕۆشنبیریی وەهادا سەكۆیەك نامێنێت داهێنان بناسێتەوە و دیاری بکات. ئەمەش نەبوونی ڕەخنەی ڕژد وایکردووە لێشاوێک لە شیعر و ئەدەبیاتی بازاڕی، کە جگە لە ختووکەدانی عاتیفی مانایەک و ناوەڕۆکێکی دیكەیان نییە، بوون بە ئەدەبیاتێکی پەسندكراو. ئێمە هەمیشە ڕەخنەمان پێویستە تا لە دەریای نووسینی پووچ و سادە و ڕۆژانەدا نوقم نەبین، کاری ڕەخنەیە بەڵگەکان لەسەر دەقی خاوەن پێگەی داهێنان بخاتەڕوو. ئەگەر كولتووری بێڕەخنە یان ڕەخنەی سەرچیخبڕ لە پێشتردا جێی مەترسی بووبێت، ئێستا زۆر ترسناکترە، چونکە مرۆڤی جیهانی نوێ لە بەیانییەوە هەڵدەستێت تا شەو دەخەوێت لەبەر لێشاوێکی ترسناکی دەق و وێنەی نەپاڵاوتەدان. ئێستا جگە لە هێزی ڕەخنە هیچ هێزێکی دیكە نییە لە ناو ئەو لێشاوە گەورەیەدا ببێت بە چاوساغی خوێنەران (بەختیار عەلی، 2020، ماڵپەڕی ژنەفتن). ئەم ترسەیە وایكردووە هەڵوەستە لەسەر دونیای بێڕەخنە و ئەو قەیرانانە بكرێن، كە لێناگەڕێن بەربەست و ئاریشە لەبەردەم ئەو لێشاوە گەورەیە بگیرێت، كە بەناوی دەقەوە كەسانێك لەدەرەوەی تێگەیشتن و پڕەنسیپە جیهانییەكانی ڕەخنەوە شەقڵی دەقی باش و پیاهەڵدان بەو لێشاوی نووسینانەوە بنێن، كە دونیای نووسینی ئێمەیان كاسكردوە و وەرگریشیان بەو هەراوزەنا بێئەرزشە بێچەشەی ئەدەبی كردوە.
ڕەهەندەكانی ئێستای ڕەخنەی ئەدەبی كوردی:
دوای دەستڕاگەیشتنی خوێنەر و ڕەخنەگری كورد بە تیۆر و میتۆدە هەمەجۆرەكانی ڕەخنەی ئەدەبی كوردی لە هەرسێ ڕەهەندی (نووسەرسەنتەری، دەقسەنتەری، خوێنەرسەنتەری) و زۆری و بەربڵاویی نووسینی ڕەخنەی ئەدەبی لە زۆربەی ژانرە ئەدەبییەكان و بەتایبەتی هەردوو ژانری زاڵ (شیعر و ڕۆمان)ی ئێستا و نوێی ئەدەبی كوردی، لەبەردم دوو ڕەهەندی لێكجیاوازداین، ئەوانیش بریتین لە:
یەكەم: ڕەخنەی ڕۆژنامەیی (نائەكادیمی): بەرلەوەی قسە لەسەر ڕەخنەی ڕۆژنامەیی بكەم، بە پێویستی دەزانم بە كورتی دەربڕینی (نائەكادیمی) بناسێنم. ڕەخنەی نائەكادیمی: مەبەست ئەو خوێندنەوە و ڕانان و وتارە ڕەخنەییانەن، كە لە نێو گۆڤار و ڕۆژنامە و پێگە ئەلیكترۆنییەكاندا بڵاودەكرێنەوە. ئەم جۆرە نووسینانە بە شێوە باوێتییەكەیان زۆرتر بریتین لە ڕانان و قسەكردن لەسەر دەقی ئەدەبی و زۆربەی كاتیش پشت بە تیۆری ڕەخنەیی و ڕێبازێكی شیكاریی دەقی ئەدەبی نابەستن، پتر بریتین لە خوێندنەوە و ڕانانی دەقی ئەدەبی. ئەگەرچی هەموو كارێكی ڕەخنەیی دەبێت میتۆدێكی هەبێت، چونكە میتۆدی ڕەخنەیی بۆ كاری ڕەخنە دەبێتە هۆكاری بەزانستیبوون و بەئیستاتیكیبونی كارە ڕەخنەییەكە، لەبەرئەوەی بەهۆی میتۆدە ڕەخنەییەكە ڕەخنەگر بەو ئاڕاستە پێویستییەدا دەڕوات، كە دەق و ئامانجی خوێندنەوەكە دەیخوازێت و یارمەتی ڕەخنەگر دەدات لەوەی توشی پەرتی و بڵاوی و دەرچوون لە بابەتەكە نەبێت و ڕاستەوانە و بێ هیچ وزەسەرفكردن و خۆخەریككردن بە شتی دیكەوە بۆ جەوهەری لێكدانەوە و ڕاڤەی مانا و دەلالەتەكانی دەق دەچێت و یارمەتیدەری ڕەخنەگرە تا بە كۆنكرێتی بنووسێت. هەر بۆ نموونە (ماریۆ ڤارگاس یۆسا، میلان كۆندێرا) لە ئەدەبی بێگانە و (بەختیار عەلی، كاروان عومەر كاكەسوور، … هتد) لە ئەدەبی ئێمەدا وێڕای نووسینی ڕۆمان، وتاری ڕەخنەیی لەبارەی ڕۆمان و گێڕانەوەناسی و كارەكتەرسازی و هزری ڕۆمان دەنووسن، خۆ ئەگەر لە نووسینی كارە ڕەخنەییەكانیان خاوەنی میتۆدێكی لەسەرڕۆیشتوو نەبن ئەوا ناتوانن بیرەكانیان لە وتارێكی چەند لاپەڕەییدا بخەنەڕوو. كەواتە میتۆدی ڕەخنەیی وێڕای ئەوەی ڕەخنەگر لە پەرتبوون و خۆخەریككردنی بە شتانێك كە لە كارە ڕەخنەییەكاندا پلەی دوو و، سێیان هەیە، ئەوا ڕەخنەگر لە بەخەساردانی وشەش دەیانپارێزن (حەمە مەنتك، 2018: 14-15).
ئەم جۆرەی ڕەخنە (ڕەخنەی ڕۆژنامەیی)، پتر لە نێو كایەی ڕۆشنبیرییە گشتییەكەدا و بەتایبەتی لە نێو ڕۆشنبیر و نووسەرەكانی بواری ئەدەبیاتدا زۆر باویەتی. ئەركی ئەم نووسینانەش خوێندنەوە و ناساندن و ڕانانی دەقی ئەدەبین و پشت بە پاشخانی مەعریفی و ئەدەبیی نووسەرەكان دەبەستێت و بەشێكی زۆریان بەتەواوی لە جەوهەری مانا و دەلالەتەكانی دەق نزیكدەبنەوە و وێنایەكی زۆر ورد و جوانی ناوەوەی دەق بۆ خوێنەر شیدەكەنەوە، لە بەرانبەردا بەشێكیان تا ئەوپەڕی سەرچیخبڕن لە لێكدانەوە و ڕاڤەی دەقەوەرگیراوەكانیان. ئەم خوێندنەوانەش پشت بە تیۆر و میتۆدی ڕەخنەیی نابەستن و پتر لەسەر بنەمای تێگەیشتنی خۆیان بە پشتبەستن بە بۆچوونە ڕەخنەیی و هزرییەكانی یەك بیرمەند مژوڵی ڕاڤەی دەقی ئەدەبین. هەندێكیان زۆر قووڵ و ورد و سەركەوتوانە بۆ چەقی مانا و دەلالەتەكانی دەق دەڕۆن. هەروەها ئەم نووسینانە زۆرتر خوێندنەوەی خودین و پەیوەندی نێوان ڕەخنەگر و نووسەری دەقەكە ڕۆڵی لە چۆنییەتی ئەنجامدانی شیكاری ڕەخنەییەكەدا بۆ خودی دەقە وەرگیراوەكە هەیە.
تەنانەت لە هەڵبژاردنی بەرهەمێكی ئەدەبیش بۆ كاری ڕەخنەی ڕۆژنامەیی یان ڕەخنەی خودی و حەزە تاكییەكانی ڕەخنەگرەوە لە حەز و ویستێكی كەسییەوە بەهۆی كاریگەربوونی بە دەقێكی ئەدەبییەوە سەرچاوەی گرتبێت، چونكە ئەم جۆرەی ڕەخنە ((هەمیشە بەرهەمە ئەدەبییەكان بۆ مەودایەك لەبەر ڕۆشنایی بواری بایەخپێدانەكانی خۆیاندا ڕاڤە دەكەن)) (تێری ئیگڵتن، 2016: 33). بۆیە تەنانەت هەڵبژاردنی دەقێك بۆ كاری ڕەخنەییش لەم جۆرەی ڕەخنە، كە پتر ڕەخنەی خودیی بێ میتۆد و تیۆرە، لە چوارچێوەی حەزە كەسی و خودییەكان تێپەڕناكات.
سەرەتای سەرهەڵدانی ڕەخنەی خوێندنەوەیی دەقی ئەدەبی كوردی لە نێو كورددا لە نیوەی یەكەمی سەدەی بیستەمەوە تاكوو ئێستاش درێژەی هەیە. بەشێكی بەرچاوی ڕەخنەی ئەدەبی كوردی گرفتاری ئەم كێشەیە و نەیتوانیوە خۆی لێ ڕزگار بكات و تێیبپەڕێنێت. دەشێ بڵێین خۆی بەرهەمهێنەرەوەی قەیرانی ڕەخنەی ئەدەبی كوردییە. بەپێچەوانەوەش هەندێ لەم هەوڵە ڕەخنەییانە زۆر ورد و جوانن لەمەڕ شیكاری دەقی ئەدەبی كوردی، كە بەشێكیان هەوێنی پڕۆژەی گەورەی نێو دونیای ڕەخنەی ئەكادیمیی كوردین.
دوەم: ڕەخنەی ئەكادیمی: ئەم جۆرەی ڕەخنە بریتییە لە كۆی پڕۆژە ئەكادیمییەكانی ناوەندە ئەكادیمییەكانی وەك (زانكۆ، پەروەردە، دەزگا ئەكادیمییەكان)، كە خۆیان لە (توێژینەوە، نامەی ماستەر، تێزی دكتۆرا) دەبیننەوە. ئەم جۆرە ڕەخنەیە پتر لە ناوەندەكانی زانكۆدا ئامادەیی هەیە، هەم وەك بەشێك لە بەدەستهێنانی بڕوانامەی (ماستەر و دكتۆرا) هەمیش وەك بەشێك لە بەرزكردنەوەی ناسناوی زانستی ڕۆڵیان هەیە. لەگەڵیشیدا هەندێ توێژەری جدی هەن بەدەر لەم هۆكارانەی سەرەوە مژوڵی نووسینی توێژینەوەی ئەكادیمین. بەشێكی ئەم كارانە لەڕووی میتۆدبەندی و وردی و شیكاریی دەقەوە زۆر سەركەوتون و ڕۆڵیان لە شیكاری دەقدا هەیە و دەتوانین بڵێین كاری ناوازەی دونیای ڕەخنەی ئەكادیمین و لە خوێندنەوەی دەقدا زۆر سەركەوتوون. بە جۆرێك لە هەڵبژاردن و هێنانەناوەوەی میتۆد و تیۆری ڕەخنەیی بێگانە و گونجاندنیان لەگەڵ خوێندنەوەی دەقی ئەدەبی كوردی زۆر سەركەوتون و توانیویانە خوێندنەوە بۆ دەقی ئەدەبی بكەن و لەگەڵیشیدا ببنە بەرهەمهێنەرەوەی مانای دیكە بۆ دەقی ئەدەبی. لە دیارترین هەوڵی سەركەوتوی هێنانەناوەوەی تیۆر و میتۆدی ڕەخنەیی بۆ نێو ڕۆشنبیریی كوردی بریتین لە تیۆرەكانی: (ڕەخنەی نوێ، هێرمینۆتیكا، سیمیۆلۆژیا، بونیادگەری، دیاردەناسی، وەرگرتن، هەڵەشاندنەوەگەرایی… هتد). ئەم میتۆدە ڕەخنەییانە بە وردییەوە لای هەندێ لە توێژەرە ئەكادیمییەكانی كوردیدا هێنراونەتە نێو كایەی ڕۆشنبیریی ڕەخنەیی كوردی و دەقی ئەدەبی كوردییان پێ خوێندراوەتەوە و ڕۆڵیان لە بونیادنانەوەی ماناكانی دیكە بۆ دەقی ئەدەبی كوردیدا هەبوە. هەندێ هۆكار هەن، كە ئەم هەوڵە جدییانە بۆچی كاریگەریی قووڵیان لەسەر ڕژدیی ڕەخنەی ئەدەبی كوردی نییە؟ كە زاڵترینیان ئەوەیە ئەم جۆرە ڕەخنە جدییە بە ڕێژە كەمن و هەروەها هەوڵەكانیش لە چوارچێوەی توێژینەوەی گۆڤارە زانكۆیی و ئەكادیمییەكان و نامەی ماستەر و تێزی دكتۆراكاندا جوغزدراون و كەمتر دەرفەتی ئەوەیان بۆ دەڕەخسێت بگەنە نێو بازاڕگەرمیی خوێنەری ڕەخنەی ئەدەبی كوردییەوە.
لە لایەكی دیكەوە دەبێت ئاماژە بەوە بكەین، كە ئێمە لەو میللەتانەین میتۆد و تیۆرێكی ڕەخنەیی خۆماڵیمان بۆ خوێندنەوەی دەقی ئەدەبی كوردی نییە، ئەوەی هەیە بریتییە لە هێنانی بۆچوون و میتۆد و تیۆری ڕەخنەی دونیای دەرەوەی ڕۆشنبیریی كوردی. ئەگەرچی دكتۆر هەرێم عوسمان پێیوایە: “داهێنانی ڕەخنە لە زمانی کوردیدا داهێنەرانە نییە، لاساییەکەرانەیە، جگە لەوەش ئەوەی هەیە سروشتییە، زیاتر لەناو سروشتی زمانەکەدایە، نەک داهێنرابێت، بە واتایەکی دیکە بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە بریتییە لە داهێنان و چەمکسازی و تیۆرییسازی، بەڵام زاراوە ڕەخنەییەکانمان لە زمانی کوردیدا دەتوانین بڵێین زیاتر زاراوەی زمانە سروشتییەکەن، نەک داهێنراوبن” (هەرێم عوسمان، 2020، ماڵپەڕی ژنەفتن)، كە ئەمەش ئاماژەدانە بە گۆشەیەكی دیكەی ڕەخنەی نێو دونیای ڕۆشنبیری كوردی. خۆ ئەگەر بە پێوەرێكی ورد خوێندنەوە بۆ بەشێكی ئەو توێژینەوە و نامەی ماستەر و تێزی دكتۆرایانە بكەین، كە تیۆر و بۆچوون و میتۆدی بێگانەیان وەرگرتووە بۆ خوێندنەوەی دەقی ئەدەبی كوردی،
دووچاری كۆمەڵێك ئاریشەی قووڵ و جەوهەری دەبین و گومان دەخاتە سەر گرنگی و ماهییەتی ڕەخنەی ئەدەبی كوردی، ئەویش بە وەرگرتنی میتۆدی ڕەخنەی دەرەوە بۆ خوێندنەوەی دەقی ئەدەبی كوردی و بەزۆر گونجاندن و پەستاندنی بۆ خوێندنەوەی دەقی ئەدەبی كوردی، كە ناسازیی و بێزاری نەگونجاوییەكی حەتمی بەسەر میتۆدۆلۆژی كاری ڕەخنەیی بەشێكی زۆری هەوڵە ئەكادیمییەكانی نێو دونیای ڕۆشنبیریی ڕەخنەیی ئەدەبیاتی كوردی دەردەخات. ئەم ئاریشەیە یەكێكە لە هۆكارە هەرە دیارەكانی دروستكردنی قەیرانی ڕەخنەی ئەدەبی كوردیی ئەمڕۆمان. بەو مانایەی ڕەخنەی ئەكادیمی هێندەی ئەركی بریتی بێت لە خوێندنەوەی مانا و دەلالەتە پەنهانەكانی دەقی ئەدەبی كوردی و بەرهەمهێنانەوەی سەرلەنوێی مانای دیكەی دەق، ئەوا ڕۆڵی لە چڕكردنەوە و زۆركردنی قەیرانی ڕەخنەی ئەدەبی كوردیدا زیادتر بووە.
دەبێت ئەوەش بڵێم، بەشێك لە هەوڵە ئەكادیمییەكانی دونیای ڕەخنەی ئێمە. لە بنەڕەتدا لە خودی بۆچوون و میتۆد و تیۆرە ڕەخنەییەكانیش تێنەگەیشتوون و وەك بەشێك لە ئەركە ئەكادیمییەكەیان بە خێرایی و بە نیوەناچڵی میتۆد و تیۆری ڕەخنەییان هێناوەتە نێو دونیای ڕۆشنبیریی ڕەخنەیی ئێمە و ئەمەش خۆی لەخۆیدا قووڵتركردنەوەی قەیرانی ڕەخنەی ئەدەبی كوردییە. بگرە ڕەواندنەوی ئەم قەیرانە پێویستی بە سەرلەنوێ پێناسەكردنەوەی ئەم تیۆر و میتۆدە ڕەخنەییانە هەیە، كە پێشتر ئەكادیمیا بە نیوەناچڵی هێناویەتییە نێو ڕەخنەی كوردییەوە. ئەم دیاردەیەش تا ئەمڕۆ درێژەی هەیە و دەتوانین بڵێین بە جۆرێك زۆرە هێرش دەهێنێت و كەمن ئەوانەی خەریكی ڕەواندنەوەی ئەم قەیرانەن و دەیانەوێت بەر بەم هێرشە بگرن.
هۆكارەكانی ئێستای قەیرانی ڕەخنەی ئەدەبی كوردی:
هۆكارەكانی ئێستای قەیرانی ڕەخنەی ئەدەبی كوردی زۆر و هەمەجۆر و بڵاون، هەوڵدەدەین لە چەند گۆشەیەكەوە ئەم هۆكارانە بخەینەڕوو، لەگەڵ چیبكرێت بۆ پێشگیریی ئەم هۆكارانە؟ لەسەر ئاستی ڕەخنەی نائەكادیمی یان ڕەخنەی ڕۆژنامەیی، بەشێكی پەیوەستە بە فرەسەكۆیی، یان باشترە بڵێین ڕەخنەی دونیای ڕۆژنامەگەریی ئێمە، ئەوەیە میدیا و سەكۆ زۆر و بێ مەرجدارەكانیان كەشێكیان هێناوەتەئاراوە هەموان یان هەر یەكێك بیەوێت دەتوانێت بەپێی تێگەیشتن و ڕێوشوێنی خۆی بیربكاتەوە و دەق بخوێنێتەوە و پاشان لە یەكێك لە میدیاكان بڵاوی بكاتەوە. بەشێكی زۆری ئەم ڕەخنانەی نێو میدیای نووسراوانە (ئەگەرچی هەندێ دەنگی ناساز ئێستا لە میدیای بیندراو و گوتراویش خەریكی ئەم جۆرە لە ڕەخنەی ئەدەبین و دەنگ و سەدایان بە سانایی بە گوێگر و وەرگر دەگەیەنن، كە كارە ڕەخنەییەكانیان هێندەی جێی بەزەین هێندە جێی دڵخۆشی نین)، ئەم ڕەخنانە چەند دیدێكی ڕەخنەیی ڕووكەشی و سادە و سەرچیخبڕن، زۆرتر خەریكی خوێندنەوە و ڕانانی دەقی ئەدەبین و كەشێك لە ئارادایە زۆرجار دەبینی دەقی باش بە خراپ و دەقی خراپ و كڵۆڵ و مردوو بە دەقی زۆرباش دەناسێنن. بە جۆرێك هیچ بەربەست و ئاڵنگارییەك ڕووبەڕووی ئەم ڕەخنانە نابێتە و ڕێژە و پانتاییان هێندە زۆر و بەرفراوانە، لە نێو دونیای ڕەخنەی ئەدەبی كوردیدا زۆرن و هێرش دەكەن.
ئەم ڕەخنانە كەمتر پشت بە تیۆر و میتۆدی ڕەخنەیی دەبەستن و خۆ ئەگەر پشتیشی پێببەستن هەردەم نەیانتوانیوە میتۆد و تیۆرە ڕەخنەییەكان بە تەواوی وردەكارییەوە بهێنن بۆ خوێندنەوە و لێكدانەوەی مانا و دەلالەتەكانی دەق، یانیش هەر پشت بە هیچ تیۆر و میتۆدێكی ڕەخنەیی نابەستن و پتر خوێندنەوەكانیان بریتین لە دید و تێڕوانینە كەسییەكانی خۆیان و پشت بەو تێگەیشتن و پاشخانە دەبەستن، كە ئەزموونی خوێندنەوە ڕەخنە و دەق پێیبەخشیون. ئەڵبەت لە نێو ئەم جۆرە ڕەخنانەشدا هەندێ خوێندنەوەی زۆر باش هەن، كە پێشتر تیشكمان خستنەسەر، بەڵام لێرەدا ئێمە باس لە هۆكارەكانی قەیرانی ڕەخنەی ئەدەبی كوردی دەكەین.
ئەوەی پەیوەندیشی بە ڕەخنەی ئەكادیمییەوە هەیە كە بەشێكی ئەم ڕەخنەیە خۆی دروستكەری قەیرانی ڕەخنەیە و خاوەنی كەموكورتییە، ئەوانیش بەشێكیان بەبێ میتۆد و بێ تیۆری ڕەخنەیی كاری ڕەخنە ئەنجامدەدەن. بە جۆرێك كارە ڕەخنەكەیان بە هیچ تیۆر و میتۆدێكی ڕەخنەیی تیۆربەند و میتۆدبەند ناكەن، كە ئەمە یەكێكە لە هەرە خەوشەكانی ڕەخنەی نێو ڕەخنەی ئەكادیمی كوردی. یانیش بەشێكیان وێڕای ئەوەی كارە ڕەخنەكەیان تیۆربەند و میتۆدبەند كردوە، بەڵام كێشە و ئیشكال لە تێگەیشتن لە تیۆر و میتۆد و وردەكاریی نێو تیۆر و میتۆدە ڕەخنەییەكەیان هەیە. هەندێجار لە هەندێ كاری ڕەخنەی ئەكادیمی ئەگەرچی تیۆر و میتۆد لە ئارادان، بەڵام دەرك بەوە ناكەی لە كام گۆشەی سێگۆشەی خڕی (نووسەرسەنتەری، دەقسەنتەری، خوێنەرسەنتەری)یەوە كارە ڕەخنەییەكە ئەنجامدراوە، چونكە دەشێت ڕەوتی سەرهەڵدان و گەشەی تیۆری و ڕەخنەی ئەدەبی لە گۆشەنیگای جۆربەجۆرەوە سەیر بکرێت. بە واتایەکی دیكە ئەگەر سێ تەوەر (ڕەهەند، فاکتەر)ی (نووسەر و دەق و خوێنەر) دەتوانن ڕێنوێنی باش بن بۆ وردبوونەوە لە میژووی گۆڕانکاریی تیۆری و ڕەخنەی ئەدەبی، ئەوە بە ڕوویەکی دیکەدا دەکرێت شێوازی ڕوانین لە هەر یەک لەم تەوەر (فاکتەر)انە پێمانبڵێت، کە خوێندنەوەی ڕەخنەییانە چۆن بەڕێوە دەچێت. خۆ ئەگەر شارەزای وردەکارییە تیۆرییەکان نەبی، ڕەخنەکانت لە دەقی ئەدەبی زۆر ناجۆر دەبن و ناتوانن لە دونیای ئاڵۆزی ئەم سەردەمەدا پەنجەرەیەک بەسەر بینینێکی جیاواز و هەمەلایەنەی ئێمەدا ئاواڵە بکەنەوە. بۆ نموونە ئەگەر ئێمە دەقی ئەدەبی بە بنەما بگرین دەتوانین بۆچوونەکان لەسەر دەق بە دوو بواری سەرەکیی نێودەق (intrinsic) و دەرەوەی دەق (extrinsic) دابەش بکەین. ئایا دەق وەک خۆی و لە نێو خۆیدا بنەمای خوێندنەوەی ئێمەیە؟ ئەگەر وەڵام ئەرێنی بێت، ئێمە لەگەڵ بنەمایەکی هزری ڕووبەڕووین، کە شتەکان تەنێ لە خودی دەق هەڵدەهێنجێت و واتا خوێندنەوەی ئێمە لە ڕەهەندی دەقسەنتەرییەوە دەبێت. ئەگەر بێت و وەڵامەكەش نەرێنی بێت، ئەوە ئیتر ئێمە بۆ لێکدانەوەی دەق ڕوو لە دەرەوەی دەق دەکەین و بۆچوونێکی کۆدەقییانە (contextual) ڕەچاو دەکەین. هەر یەک لەم بۆچوونانە تایبەتمەندیی خۆیان هەیە و ئەنجامەکانی خوێندنەوە لەسەر بناغەی ئەم تیۆرییانە، جیاواز دەبن. لێرەدا تیۆرییەکان یارمەتیمان دەدەن تێبگەین، پێوەندیی خوێنەر و دەق لەسەر کامە بناغە کاردەکەن و تێگەیشتن لە میکانیزمەکانی ئەم پێوەندییانە چەندە یارمەتیدەری گەڵاڵەکردنی ڕەخنەیەکی بەپێز دەبێت. وەک دەبینین لێرەدا هەمدیسان لەگەڵ گرنگیی پێوەرە تیۆریەكانی ڕەخنەی ئەدەبی ڕووبەڕوو دەبینەوە (هاشم ئەحمەدزادە، 2020، ماڵپەڕی ژنەفتن). ئەمە ڕاگرتنی هاوسەنگییەی تیۆر و كامە ڕەهەند و گۆشەنیگای ڕووبەڕووبوونەوەی ڕەخنەییانەی دەق بۆ خوێندنەوەی دەق تەنیا لە پانتاییەكی سنوورداری نێو دونیای ڕەخنەی ئەدەبی ئێمەدا بە ڕەخنەی (ئەكادیمی و نائەكادیمی) لە ئارادایە، كە هۆكارن بۆ بەپێوەهێشتنەوەی بابەتیانە و زانستیانەی ڕەخنەی ئەدەبی كوردی و ئەوانی دیكە هێندەی خەریكی دروستكردنی قەیرانی ڕەخنەن، هێندی مژوڵی خوێندنەوەی هەمەلایەنانەی قوڵی دەقی ئەدەبی نین. ئەمانە و چەند هۆكاری دیكە ڕۆڵیان لە دروستكردن و هێشتنەوەی قەیرانەكانی نێو دونیای ئێستای ڕەخنەی ئەدەبی كوردین. بۆ زانیاریی زیادتر بڕوانە: (پ.ی.د. فوئاد ڕەشید، 2008، گۆڤاری نەوشەفەق، ژ63) و (پ.ی.د. فوئاد ڕەشید، 2009، گۆڤاری نەوشەفەق، 64)
واقیعی ئێستای قەیرانی ڕەخنەی ئەدەبی كوردی:
لە هەرە دیاردە هەڵتۆقیوەكانی واقیعی ئێستای كولتووری بێڕەخنەیی ئەدەبی كوردیدا بابەتی تێنەگەیشتن و قووڵنەبونەوەمانە لە ڕەخنە. یان ڕوونتر نەناسینی ئێمەیە لە جەوهەری ڕەخنە و كاری ڕەخنە. ئاخر لەوە هەزەلیتر دەبێ چیبێت پەیوەندی بە ڕەخنەگرەوە بكرێت بڵێن دوو ڕۆژی دیكە ناساندن بۆ فڵان كۆمەڵەشیعر یان فڵان ڕۆمانە دەكرێت تۆ وەرە وەك ڕەخنەگر قسە لەسەر ئەم دەقە بكە! ئەمە بەردەوام لە ڕابردوو و، ئێستاشدا لە نێو كایەی ڕۆشنبیریی ڕەخنەی ئێمەدا بوونی هەیە و ڕۆژانە ئەمە دووبارە دەبێتەوە. ئەمە جگە قووڵتركردنەوەی قەیرانی ڕەخنە بەدەستی نوخبەی ئەدیب و ڕەخنگرانەوە نەبێت، چیدیكەیە؟ لە لایەكی دیكەوە ڕەخنەی ئەدەبی كوردی تا هەنوكە نەیتوانیوە دیسكۆرسێكی ڕەخنەیی بۆ ڕەخنەی ئەدەبی كوردی بسازێنێت. ئەم كێشەیە هەر لەسەرەتای ڕەخنەی كوردییەوە ئامادەیی هەبوە و هەر ئەمەشە بە دلێری دەڵێین ڕەخنەی ئەدەبی كوردی لە دەرەوەی بیركردنەوەی زمانی كوردییە. تۆ كە تیۆرداڕێژەری ئەدەبیت نەبوو، ناچاری لە بەرماوەی تیۆر و میتۆدە ڕەخنەییەكانی ئەم و ئەو لە دەرەوەی فەزای زاڵی تێگەیشتنی خۆكردییانەی دەقی ئەدەبی كوردی بیربكەیەوە و خوێندنەوە بۆ ئەدەبەكەت بكەی. یان بە پێوانەی ڕەخنەی میلەت و ئەدەبێكی دیكەوە ئەدەبیاتی خۆت بخوێنییەوە. ئەمەش دیوێكی دیكەی ئەو قەیرانەیە ڕەخنەی ئەدەبی كوردی و بگرە ڕخنەی ئەدەبی هەرێمیش (ڕەخنەی ئەدەبی: عەرەبی، فارسی، توركی)یش بەدەستییەوە دەناڵێنێت.
ئەگەر لەسەر ئەم هۆكارگەلەی باسکران ئاوڕ لە ڕەخنەی ئەدەبی کوردی بدەینەوە پەیڕەوێكی ئەوتۆ و ڕەنگینمان نییە. ڕەنگە دەرفەتی ڕیزکردنی هۆکارەکانی پشت ئەم قەیرانی ڕەخنەیە یان كولتووری بێڕەخنەیە نەبێت، بەڵام دەتوانین بڵێین دووچاری قەیران و هەژارییەکی بەربڵاوی ڕەخنەیین. ئەوەی مارکس ئاماژەیەك دەكات بە دەستەواژەی هەژاریی فەلسەفە، پڕ بە پێستی هەلومەرجی هەژاریی ڕەخنەی ئەدەبی كوردییە. وەك هاشم ئەحمەدزادە دەڵێت: ئێمە ڕەخنەگرمان کەم نییە، بەڵام پێوەر و بنەمای هزریمان بۆ ڕەخنە زۆر لاوازە. لەم ساڵانەی دواییدا بواری چاپ و بڵاوکردنەوەی کتێبی کوردی زۆر پەرەی ساندوە، بەڵام ئایا لە بواری ڕەخنەشدا هەنگاومان هەڵێناوەتەوە؟ بەداخەوە نا. ئێمە تەنانەت یەک گۆڤاری تایبەتیی ڕەخنەی ئەدەبیمان نییە. ماڵپەڕیکی ناسراوی ئەدەبیمان نییە. حەفتەنامە، مانگنامە، بگرە وەرزنامەی ئەدەبیشمان نییە. ئەو نامەی ماستەر و تێزی دكتۆرا و کتێبانەی چاپ و بڵاو دەبنەوە بە بێنازی لە کونجی کتێبخانەکان بە بێنازی دەمێننەوە. بۆیە بەشێكە ڕەخنەی ئێمە (ڕوانینی ڕەش یان سپی، باش یان خراپ، هێشتا بەسەر هەڵسەنگاندنەکاندا زاڵە. هێشتا دەمەقاڵەی لەسەر ڕێنووسی کوردی و لە کوێ (یەك و یان دو و، یەك ی یان دو ی) ڕووبەرێکی زۆری نووسینەکانی ئێمە داگیر کردوە، هێشتا بە یەکەوە لکاندنی بەشەکانی كاری لێکدراو یان بە جیا نووسینیان، جێی مشتومڕی ڕەخنەگرانە. هێشتا چۆنایەتیی نووسینی دای پاشگر و دای كار جێی دڕدۆنگی و تاوانبارکردنی یەکتر بە نەزانییە. هێشتا کوردی دەزانێت و نازانێت، شابەیتی قەسیدەی ڕەخنەیی ئێمەیە. هێشتا نازانێ ڕۆمان چییە و ڕۆمان چۆن دەنووسێت و هێشتا کورد وا ناڵێت و وا دەڵێت، هێشتا فڵان ڕۆماننووس ڕۆمانەكەی كۆپی فڵان ڕۆمانەیە، هێشتا ڕۆماننووسی كورد نازانێت ڕۆمان بنووسێت … هتد) کۆڵەکەی نووسینی ڕەخنەیی ئێمەیە. بۆ زانیاری زیادتر بڕوانە: (هاشم ئەحمەدزادە، 2020، ماڵپەڕی ژنەفتن).
بە گشتی بیرمەند و نووسەر و ڕەخنەگرەکانی كورد ڕۆڵیان لە دانان و هێنانەئارای هیچ تیۆر و میتۆدێکی ڕەخنەییدا نەبوە. بەشێکی زۆری ئەو ڕەخنەیەی لە کایەی ڕۆشنبریی ئێمەدا هەیە لە چوارچێوەی ڕەخنەی خودی و ڕەخنەی ئینتیباعیدا دەخولێتەوە. ئەو ڕەخنەیەی پشتی بە میتۆدێکی ڕەخنەیی بەستبێت، لەناو ئێمەدا یان کەمن، یان بە کەمی توانیویانە وەک پێویست میتۆدەکە بەسەر دەقەکەدا پراکتیک بکەن. لەگەڵ ئەوەشدا مەرج نییە ئەو میتۆدە ڕەخنەییانەی لە ئەدەبی ئەورووپی و ڕۆژئاواییدا سەریان هەڵداوە، دەقاودەق بۆ ئەدەب و دەقە ئەدەبییەکانی ئێمە بگونجێن. واتە نووسەر و ڕەخنەگرەکانی ئێمە بە تیۆر و میتۆدی ڕەخنەیی هاوردە، دەقە خۆماڵییەکان دەخوێننەوە. لەو خاڵەی پێشوەوە دەگەینە ئەوەی نووسەر و ڕەخنەگرەکانی ئێمە بەگشتی دەستەوسانن لەوەی بتوانن تیۆر و میتۆدی ڕەخنەیی وا بهێننە ئاراوە، کە پڕ بە پێستی دەقە ئەدەبییەکانمان بن و بتوانن لەڕێگەی ئەو تیۆر و میتۆدەوە دەقەکان بخوێننەوە. هۆکاری سەرەکیی سەهەڵدان و هاتنەئارای تیۆر و میتۆدی ڕەخنەیی پاشخانی مەعریفی و فەلسەفییە، بەبێ پاشخانی مەعریفی و فەلسەفی ڕەخنە و تیۆری ڕەخنەیی سەرهەڵنادەن. ئێمەی کوردیش لەم دوو بوارەدا زۆر کۆڵەوارین، ئەمەش هۆکارێکی دیكەی لاوازیی ڕەخنەی ئێمەیە (د. محەمەد تاتانی، 2020، ماڵپەڕی ژنەفتن).
لە لایەكی دیكەوە بەشێكی زۆری ڕەخنەی ئێمە، لە چوارچێوەی ڕەخنەی خودی و ڕەخنەی ئینتیباعیدا دەخولێتەوە. ڕەخنەیە پشتئەستور بە فیكر و تیۆرێك نییە تا سازشێكی بابەتییانە لەسەر خوێندنەوەیەكی قووڵ و داهێنانەی دەقی ئەدەبی كوردی نەكاتەوە. هەر بە شێوە و پێودانگی ئینتیباعی و خودیش ئەگەر بیەوێت میتۆد یان تیۆرێكی ڕەخنەیی دونیای دەرەوە بكاتە ڕێگە و ئامڕازی خوێندنەوەی دەقی ئەدەبی كوردی، میتۆد هەڵدەبژێرێت. لە كاتێكدا مەرج نییە ئەو میتۆدە دەرەكییەی ڕەخنەگر بۆ كارە ئەدەبییەكەی هەڵیبژاردوە وەڵامی بۆ ئەو كارە ڕەخنەییە و خوێندنەوەی مانا و دەلالەتە قووڵ و نادیار و پەنهانانە پێبێت، كە خۆی پێوە خەریك كردوە. یانیش نووسینی بەلێشاوی بێئایدیا و ڕەخنەیی و میتۆد و تیۆر، خودی نووسینە ڕەخنەییەكانی ئێمەی زۆرتر قەیراناویتر كردوە.
لەسەر ئاستی ڕەخنەی ئەكادیمیشدا ئەو توێژینەوە و نامە و تێزانەی دەنووسرێن لە گۆشەی كتێبخانەكانی زانكۆ بەبێ كاریگەر دەمێننەوە. وێڕای ئەوەی بەشێكی زۆریان نەیانتوانیوە كاریگەریی و شەپۆلی بەهێز لە نێو خوێنەراندا دروست بكەن، چونكە پتر نووسەرەكانیان وەك ئەركێكی سەپاو لە كارەكەی خۆیان ڕوانیوە و لەگەڵیشیدا هەندێكیان وێڕای ئەوەی لە هەڵبژاردنی میتۆد و ڕەخنەی ئەدەبی هەڵەی كوشندەیان كردوە، ئەوا لە هەڵبژاردنی خودی دەقەكەش بۆ ژێر تیشكی میتۆد و تیۆرە ڕەخنەییەكانیش هەڵەی كوشندەیان كردوە. ئەمانە و چەندین بابەتی دیكە هەوێنی واقیعی ئێستای قەیرانی ڕەخنەی ئەدەبی كوردین، كە دواجار ئەمانە ڕۆڵیان لە بەلاڕێدابردنی وەرگری كوردە لە جیاكردنەوەی دەقی باش لە خراپدا هەیە. دواجار ئەمەش دەبێتە چێژكوژ و هەراسانی چەشەی ئەدەبی ئێمە.
بۆ دەربازبون و تێپەڕاندن و كەمكردنەوەی قەیرانی ڕەخنەی ئەدەبی كوردی دەشێ چەند هەنگاوێك بگیرێتەبەر، گرنگترین و خێراترینیان بریتین لە:
- گواستنەوەی و هێنانەسەرزمانی كوردی میتۆد و تیۆرە ڕەخنەییەكانە بە پاشخانە فكرییەكانیشیانەوە ڕاستەوخۆ لە زمانی یەكەمەوە بۆ سەر زمانی كوردی.
- ڕەخنەگر دوای بەتەواوی تێگەیشتن لە میتۆد و تیۆری ڕەخنەیی ئینجا دەست بە كاری ڕەخنەیی بكات، تاكوو هیچ بۆچوون و چەمك و میتۆد و تیۆرێكی ڕەخنەیی لە هەڵەپڕاكتیككردن ببووێرێت و خوێنەرانی دوای خۆیشی دوچاری هەڵەتێگەیشتن و هەڵە پڕاكتیككردن لە میتۆد و ڕەخنەكەی نەكات.
- دەبێت ڕەخنەگر خاوەنی پاشخانێكی دەوڵەمەندی هزری بێت و دووركەوێتەوە لە خوێندنەوەی خودیانەی دەق و بابەتیانە و پشتئەستوور بە میتۆد و تیۆربەندی ڕەخنەیی ڕوو لە خوێندنەوەی دەقی ئەدەبی بكات.
- ڕەخنەگر بنەمای هزری و بۆ كارە ڕەخنەییەكەی بەهێزتر بێت.
- ڕەخنەگر بەردەوام بەو عیشقەوە كار لەسەر خوێندنەوە و ڕەخنەی دەقی ئەدەبی بكات، بەو ئامانجەی خوێنەر لە ڕێگەی دەقەكەیەوە لە ناوەڕۆك و مانا و دەلالەتە پەنهان و شاراوەكانی دەق نزیكبخاتەوە و لایەنە شاراوەكانی بۆ ڕۆشنبكاتەوە و ببێتە نووسەری دوەمی ماناكانی دیكەی دەق و دەقیش بەڕوو كراوەیی فرەخوێندنەوەیی ببات.
سەرچاوەكان:
- بەختیار عەلی (2020) زانستی ڕەخنە، ماڵپەڕی ژنەفتن، (16ی تشرینی دوەم)، https://jineftin.krd/2020/11/16
- پ.ی.د. فوئاد ڕەشید (2008)، قەیرانی ڕەخنەی ئەدەبی كوردی لە گوتاری ڕۆشنبیری كوردیدا، گۆڤاری نەوشەفەق، ژمارە: (63)، كەركوك.
- پ.ی.د. فوئاد ڕەشید (2009)، تەنگژەی ڕەخنەی ئەدەبی كوردی لە گوتاری ڕۆشنبیریی كوردیدا، گۆڤاری نەوشەفەق، ژمارە: (64)، كەركوك.
- تێری ئیگڵتن (2016)، تیۆریی ئەدەب، وەرگێڕانی: عەتا قەرەداغی. ناوەندی ڕۆشنبیری و هونەریی ئەندێشە، چاپخانەی تاران، چ1، تاران.
- حسێن لەتیف (2026)، ڕەخنەی ڕەخنە، خوێندنەوەی كتێبی دامەزراندنی بنەمایەكی ئۆنتۆلۆجی بۆ ڕەخنە، گۆڤاری ڕامان، ژمارە: (341)، هەولێر.
- حەمە مەنتك (2018)، میتۆدەكانی ڕەخنەی ئەدەبی (ڕەخنەی ئەدەبی لە ڕوی تیۆرییەوە)، نووسینگەی تەفسیر بۆ چاپ و بڵاوكردنەوە، چ1، هەولێر.
- د. محەمەد تاتانی (2020)، سەبارەت بە ڕەخنەی ئەدەبی، ماڵپەڕی ژنەفتن، (23ی تشرینی یەكەم)، https://jineftin.krd/2020/11/10
- هاشم ئەحمەدزادە (2020)، ڕەخنەی ئەدەبی، چەند ڕامانێ:ی خێرا، ماڵپەڕی ژنەفتن، (26ی تشرینی یەكەم)، https://jineftin.krd/2020/10/26
- هەرێم عوسمان (2020)، داهێنانی تێكست لە پانتایی ڕۆشنبیریی كوردیدا، ماڵپەڕی ژنەفتن، (3ی تشرینی دوەم)، https://jineftin.krd/2020/11/03