
جه‌عفه‌ر عه‌لی
______________________________________
سەرەتا
هەر قسەکردنێک لە ڕاپەڕین، بەبێ جیاکردنەوەی دووانەی ڕاپەڕین وەک ڕووداو، ڕاپەڕین وەک ئەو ڕووبەرە مێژووییەی دوای ڕووداوی یەکەم، ژمارەیەک کارەکتەر و حیزبی سیاسی کاری لەنێودا دەکەن، قسەکردنێک دەبێت لەبارەی تەنها یەک ڕەهەندی ڕاپەڕین و فەرامۆشکردنی ڕەهەندەکانی دی.
ڕاپەڕین وەک ڕووداو، وەک چرکەساتی هەستانەوە و ئومێد، وەک پیشاندانی ئیرادەی بەکۆمەڵی خەڵکی کورد لە باشور و گەڕان بەدوای نە تەنها کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتێکی تۆتالیتا‌ر و فاشیستی وەک بەعس، بەڵکو وەک دەستپێکردنی سەرەتایەکی نوێ و دروستکردنی جوگرافیایەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی بۆ ئارامی و دڵنیایی، ڕووداوێکی مێژووی گەورە، پیرۆز، کەم وێنەی نێو مێژووی هاوچەرخی ئێمەیە، ڕووداوێک، شایستەی نەک یادکردنەوە لە ئاستی لۆکاڵیدا، بەڵکو شایستەی گۆڕینیەتی لە بۆنەیەکی بچووکی ناوچەییەوە بۆ یادێکی نیشتمانی و نەتەوەیی.
ڕاپەڕین گەلێک لەوە گەورەترە بە تەنها لە ئاستی فەرمیدا بناسرێت و بە بڕیارێک وەک یاد و بۆنەیەکی نیشتمانی یادبکرێتەوە، بەڵام لەباری کۆمەڵایەتی و هۆشیاری بەکۆمەڵدا بە فەرامۆشی بسپێردرێت. بڕیارە فەرمییەکان، بە تەنها ناتوانن ڕووداوە مێژووییە گەورەکان بکەن بە یادی نیشتمانی، هێزی تێکشکاندنی ڕووبەرە بچووکەکان و دروستکردنی سەرزەمینی گونجاویان بۆ یادگەی هاوبەش نابێت. بڕیار و یاساکان گرنگن، بەڵام لەوە گرنگتر گۆڕین و شۆڕکردنەوەیانە بۆ کردنیان بە بەشێک لە یادگەی هاوبەش، بۆ ڕەگەزێکی کۆکەرەوە، بۆ سیمبولێک، هەمووان تیایدا هەست بە بوونی هاوبەش و سەروەری هاوبەش و سەرکەوتنی هاوبەش بکەن.
مرڤەکان و نەتەوەکان، هەمیشە پێویستیان بە چیرۆکێکی هاوبەش هەیە، چیرۆکێک سەرکەوتنەکانیان، سیمبولەکانیان، دەستکەوت و بەشدارییان لە ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی بۆ بگێڕێتەوە. چیرۆکەکانی ڕابردوو، چیرۆکی تێپەڕ نین بەو مانایەی بایەخێکیان بۆ ئێستا نەمابێت، بەڵکو بەشێکن لە بوونی مێژوویی، کۆمەڵایەتی و کولتوری مرۆڤ، بەشێکن لە یادەوەری و دەکرێت بهێنرێنەوە نێو ژیانی ئێستا. ڕاپەڕینی ئازاری ١٩٩١، یەکێک لە گەورەترین ئەو چیرۆکانەی ژیانی ئێمەی کوردە لە باشور، کە دەکرێت لە چیرۆکێکی بچووکی ناوچەییەوە بگۆڕدرێ بۆ چیرۆکێکی نەتەوەیی هاوبەش، چیرۆکێک هەمووان لەنێو ڕەگەزەکانی گێڕانەوەی ڕووداوەکانیدا هەست بە بوونی کۆمەڵایەتی هاوبەش و مێژوو و، یادەوەری هاوبەش بکەین. چیرۆکی ڕاپەڕین، کاتێک دەگۆڕێت بۆ چیرۆکی نیشتمانی، کە چیتر لە بازنەی سیاسی‌دا گەمارۆ نەدرێت و بە سەرپۆشی سیاسی بچووک دانەپۆشرێت. ڕاپەڕین، موڵکی هەر کەسێک و هێزێکی سیاسی و کۆمەڵایەتییە لەم نیشتمانە، هەمووان وەکیەک مافیان هەیە شانازی بە ڕووداوەکە، بە سیمبولەکانی و بە دەستکەوتەکانییەوە بکەن. بێگومان هەموو ڕووداوێک لە مێژووی میللەتاندا هەر وایە، هێزێکی سیاسی، کەسایەتییەک، یان چین و توێژێکی کۆمەڵایەتی دەشێ زیاتر لە یەکێکی دی ڕۆڵی تێدا بگێڕن، بەڵام دواجار خودی ڕووداوەکە نابێتە موڵکی ئەم بازنە بچووکە کۆمەڵایەتی و سیاسییە، چونکە ئەگەر لە بازنەیەکی بچووک و سنورداردا مامەڵە بکرێت لەوە خاڵی دەکرێتەوە لە مانا گەورە و نیشتمانییەکەی. بۆ ئەوەی ڕاپەڕین بکرێتەوە موڵکی هەمووان، پێویستە بەر لەوەی یاد و بۆنەی ئەلیف یان بێ بێت، دەبێت بۆنەیەکی نیشتمانی بێت.
ڕاپه‌ڕین و به‌عس
ڕاپه‌ڕین كۆده‌نگی فره‌ڕه‌نگی كورد بوو، كه هه‌مووان به جیاوازی ده‌نگ و ڕه‌نگه جیاوازه‌كانیانه‌وه به یه‌ك ده‌نگ و بۆ یه‌ك ئامانج، دژ به ده‌سه‌ڵاتێكی سته‌مكار، كه فاشیزمی به‌عس بوو، گوتیان نه‌خێر. ڕاپه‌ڕین ڕاپرسی جه‌ماوه‌ری
میلله‌تێك بوو به ئاڕاسته‌ی هه‌وڵدان بۆ ڕه‌تكردنه‌وه‌ی سته‌مكاری دەسەڵاتی به‌عس، سنووردانان و كۆتاییهێنان به‌جۆرێك له ڕوانینی سیاسی و فیكری، كه هه‌ر شتێكی ده‌ره‌وه‌ی خۆی له دید و ئایدیۆلۆژیای به‌عس و به‌عسیزمه‌وه پێناسه ده‌كرد، كۆی دیارده‌كان، ڕووداوه‌كان، مرۆڤه‌كان، به‌عسیانه ده‌بینران و به‌عسیانه‌ش ما‌نایان پێده‌درا. ڕاپه‌ڕین خه‌ون بوو، خه‌ونی ڕاستەقینەی گه‌لێك، كه مێژوویه‌كی دوورودرێژ وێڵی دوای ئازادی و دۆزینه‌وه‌ی ڕووبەرێک بوو بۆ پشوودان و خودناسی. ڕاپه‌ڕین گه‌ڕان بوو بۆ دۆزینه‌وه‌ی ناسنامه و نیشتمانێكی ون، گه‌ڕان بوو به‌دوای پێدانی مانایه‌كی نوێ به ژیان و سیاسه‌ت و دونیای خۆمان وه‌ك كورد و بونیادنانی شوناسی کوردبوون.
خه‌ڵكی ڕاپه‌ڕیو، حیزبه سیاسییه‌كانی باشور، لانیكه‌م له دروشم و هاوار هاواریاندا، وایان پیشانده‌دا، كه ئه‌ركی ئه‌وان به ته‌نها ڕاماڵینی به‌عس وه‌ك ده‌سه‌ڵاتێك نییه، ئه‌وان به ته‌نها هه‌ڵگری ئه‌م په‌یامه نین، به‌ڵكو دونیابینی ئه‌وان به‌رینتر و خه‌ونی ئازادی ئه‌وان له‌وه گه‌وره‌تره. ئه‌وانی شاخ و ڕاپه‌ڕیوانی شار، ئەم چاوی ئومێدەیان لەسەر بوو، کە هاوشانی ڕاماڵینی ده‌سه‌ڵاتی به‌عس، كو‌لتوری فیکری و سیاسی به‌عس و به‌عسیزمیش ڕابماڵن، سەرزەمینێک بۆ ئازادی و بەیەکەوەژیان و نیشتمانسازی بخوڵقێنن. به‌عس وه‌ك حیزبێكی سیاسی، كه ماوه‌ی ٢٣ ساڵ بوو، له یه‌كه‌م لاپه‌ڕه‌ی كتێبی قوتابخانه‌كانه‌وه تا به ژووری نووستن و سه‌ر سفره‌ی نانخواردنمان ده‌گات، ئاماده‌بوونی هه‌بوو، له‌م ٢٣ ساڵه‌دا، چ لە شار و چ لە شاخ، له زۆرێک لە جومگەکانی ژیانی سیاسی، كۆمه‌ڵایه‌تی و په‌روه‌رده‌یی ئێمه‌دا بوونی هەبوو.
به‌عس به درێژایی ته‌مه‌نی سیاسی خۆی له كوردستان، خه‌ریكی دروستكردنی كارخانه‌یه‌ك بوو، مرۆڤ لەسەر شێوەی خۆی و لە وێنه‌ی خۆی دروستبكاته‌وه، له بری مرۆڤی هۆشیار به بوونی خۆی، له بری خۆشه‌ویستی بۆ ژیان، له بری ناسینی نیشتمان و ئازادی، ته‌نها مرۆڤگه‌لێكی ده‌خسته‌وه، كه وه‌ك به‌عس قسه بكات، وه‌ك به‌عس سیاسه‌ت بكات، هه‌ر وه‌ك ئه‌ویش مه‌رگدۆست و خه‌ریكی سڕینه‌وه‌ی كۆی شته‌كانی ده‌ره‌وه‌ی خۆی بێت، شتگه‌لێك له ئه‌و نه‌چن و وه‌ك ئه‌و قسه نه‌كه‌ن. مرۆڤی به‌عسی، مرۆڤێك بوو خاڵی له ئه‌خلاق، له ژیاندۆستی، له جوانی بینین و بیركردنه‌وه، مرۆڤێك له هه‌موو شوێنێكدا، له نێو شه‌قامه‌كان، له بۆنه و یاده‌كان، له هۆڵه‌كانی خوێندن و زانكۆدا، له مزگه‌وت و یانه‌كاندا، خه‌ریكی بێ ڕێزی به مرۆڤ و سووكایه‌تی و كوشتن بوو، له كوێ ده‌نگێكی ئازاد هه‌بوایه، شمشێری تیژی به‌عس له‌وێبوو، له كوێ ڕه‌خنه و بیركردنه‌وه هه‌بوایه، چه‌قۆی سه‌ر ملی ئازادی به‌عس له‌وێبوو. به‌كورتی به‌عس هێزێكی تایبه‌تی سه‌ده‌ی بیست بوو، به حه‌ق هێزی تینوو به خوێن و سووكایه‌تی و وێرانی بوو، هێزێک لەخۆی نەبێ، لە هیچ شتێکی دیکە نەدەچوو.
ئێمه له ڕاپه‌ڕیندا، به‌عسمان له‌م فۆرمه سته‌مكارییه‌دا نه‌ده‌ناسی، لانیکەم ئاگایی ئەوەمان نەبوو و نه‌مانده‌زانی هێزێكه له ناوه‌وه‌دا داگیری كردووین، جوڵه‌و ڕه‌فتاری كۆمه‌ڵایه‌تی کۆنتڕۆڵ كردووین. له‌نێو كۆی دونیای دۆزه‌خی به‌عسدا، بەشی هەرە گەورەی ڕووبەری کۆمەڵایەتی کۆمەڵگەی ئێمە، ته‌نها یه‌ك شتمان ده‌بینی، ئه‌ویش بینینی به‌عس بوو وه‌ك ده‌سه‌ڵاتێكی ڕووت، بۆیه بڕوامان وابوو به دوورخستنه‌وه‌ی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته، ئیدی ژینگه‌ی سته‌مكاری و فیکر و ئەخلاقی ستەمکاریش به كۆتا دێت.
لە ڕۆژگاری ڕاپەڕین و سەرەتاکانی مەستبوون بە نەشئەی سەرکەوتن، ئێمە یان هێزی بینینی دیوه دۆزه‌خییه‌كه‌ی به‌عسمان نه‌بوو، یان به‌دوای بونیادنانی سه‌رزه‌مینێكی خاڵی له سته‌مكاری و دادی کۆمەڵایەتییەوە نه‌بووین. پرسیاری ڕاست و جددی ئه‌وه‌یه، هه‌ر به‌ڕاست ئێمه له‌وه به ئاگا بووین، كه به‌عس ٢٣ ساڵی ڕه‌به‌ق خه‌ریكی چاندنی تۆوی به‌عسیانه و دانانی گه‌رای به‌عسیانه بوو له پێكهاتی سایكۆلۆژی و كۆمه‌ڵایه‌تی مرۆڤی ئێمه‌دا، یان به‌ڕاست بڕوامان وابوو به ده‌رچوونی به‌عس له باشوری كوردستان، له دۆزه‌خی به‌عسیزم ده‌رده‌چین و وەک مرۆڤی ئازاد و ڕێزلێگیراو، ده‌رگای به‌هه‌شتمان به ڕوودا ده‌كرێته‌وه.
دیمه‌نه‌كانی كۆبوونه‌وه جه‌ماوه‌رییه‌كانی دوای ڕاپه‌ڕین، ڕیزبه‌ستنی خه‌ڵكی ڕاپه‌ڕیو له‌مبه‌ر و ئه‌وبه‌ری شه‌قامه‌كانی ده‌روازه‌ی شاره‌كان بۆ پێشوازی له سیاسییه‌كی حیزبی، بۆ پاڵه‌وانێكی شه‌ڕی ناوخۆ، چه‌پڵه‌ڕێزان و گوڵبارانی ئه‌وكاتانه، هه‌موو ئه‌مانه پێمانده‌ڵێن، كه ئێمه هه‌ر له سه‌ره‌تاوه بێ ئەوەی پێ‌بزانین ڕۆح و جەوهەری ڕاپه‌ڕینمان دۆڕاندبوو، هه‌ر له سه‌ره‌تاوه له‌به‌رده‌م مه‌شقی بێ ڕێزی به كه‌رامه‌تی ئینسان و سووكایه‌تی به ده‌زگا نیشتمانییه‌كان له پشتی فریوی سیاسییه‌كانماندا وه‌ستابووین، نه ته‌نها نه‌مانهێشت بكه‌ون، به‌ڵكو بێ ئاگا فوومان كرد به بوونیان و گه‌وره‌مان كردن، تا خوێنی زیاتریان ڕشت، زیاتر له پشتیان وه‌ستاین، تا جوگرافیای سووكایه‌تیان فراوانتر كرد، به ده‌نگی به‌رزتر داكۆكیمان لێ‌كردن، گەنجمان بۆ شەڕی براکان هاندا و شه‌ڕمان بۆ كردن.
بێده‌نگیمان له سووكایه‌تی به یه‌كه‌م ئه‌زموونی دیموكراسی (هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی کوردستان لە ١٩ی ئایاری ١٩٩٢)، وه‌ستانمان وەک سەیرکەر به‌دیار یه‌كه‌م په‌نجه‌بردن بۆ تاڵانكردنی سامانی گشتی (به‌نداوی بێخمه)، به‌ڵگه‌ی حاشاهه‌ڵنه‌گری شكستی ئێمه ده‌گه‌یه‌نێت له ڕاپه‌ڕین، به‌ڵگه‌ی سه‌ره‌تای دروستبوونه‌وه‌ی مۆدێلێكی دیكه‌ی سته‌مكاری بوو، سته‌مكارییه‌ك، به زمانی كوردی و به به‌رگی كوردییه‌وه له ژێر دروشمی كوردایه‌تی و پرۆسه‌ی ڕزگاری نیشتمانیدا خۆی حه‌شاردابوو.
ڕاپه‌ڕین و شكست
به‌پێی نیتشه، مرۆڤ بۆ ئه‌وه‌ی بژی ده‌بێ هێزی ئه‌وه‌ی هه‌بێ ڕابردووی خۆی ڕه‌تبكاته‌وه‌و بیداته به‌ر لێپرسینه‌وه‌ی توند، چونكه هیچ ڕابردوویه‌ك نییه شیاوی لێپرسینه‌وه نه‌بێت. ئه‌م قسه‌یه‌ی نیتشه بۆ ڕابردووی ئێمه‌یش ته‌واو ڕاسته.
ڕاپه‌ڕینی ١٩٩١ی باشوری كوردستان، هه‌ڵگری دروشمی گه‌وره‌ی بێ زه‌مینه‌ی فیكری و فه‌لسه‌فی بوو، وه‌ك چۆن شۆڕشی فره‌نسی ١٧٨٩ و شۆڕشی ١٩٦٨ی خوێندكارانی پاریس له‌سه‌ر زه‌مینه‌یه‌كی وه‌ها هاتنه‌بوون. فیكر و فه‌لسه‌فه ئه‌م زه‌مینه تیۆرییه بوو، كه به‌ر له شۆڕش له ئاگایی و هۆشیاری خه‌ڵكدا زه‌مینه‌سازی بۆ شۆڕش كردبوو، ڤۆڵتێر، مۆنتسكیۆ، ڕۆسۆ، سارته‌ر و زۆری دی، له‌م ناوه دیارانه‌ی دونیای فیكر و فه‌لسه‌فه بوون، كه به هه‌موو هێزی فیكری و فه‌لسه‌فی خۆیانەوە له پشتی زه‌مینه‌سازی تیۆری شۆڕشه‌وه وه‌ستابوون.
ڕاپه‌ڕینی باشور وه‌ك ئه‌م زه‌مینه فیكرییه‌ی نه‌بوو، وەک به‌رنامه و پلانێكی پێشوه‌خته‌ی بۆ پرس و ستراتیژی نه‌ته‌وه‌یی نه‌بوو، ڕێككه‌وتنێكی پێشوه‌خته‌یشی بۆ ئاماده‌كردنی جه‌ماوه‌ر له ڕووی سیاسی، كۆمه‌ڵایه‌تی و سایكۆلۆژییه‌وه نه‌بوو، دیارنییه ئامانجی جه‌ماوه‌ری ڕاپه‌ڕیو، حیزبه سیاسییه‌كان، جگه له ده‌ركردنی به‌عس وه‌ك ده‌سه‌ڵاتێكی ڕووت، چیتر بوو. كۆی ڕه‌فتار و جوڵه‌ی سیاسی، ئیداری و ئابووری حیزبه سیاسییه باڵاده‌سته‌كانی باشور له دوای ڕاپه‌ڕینه‌وه تا ئێستا، سه‌لمێنه‌ری ئه‌م ڕاستیه‌ن.
به‌ره‌ی كوردستانی له شاخ به‌رنامه‌ی ڕاپه‌ڕینی دانا، جه‌ماوه‌ر به‌ر له گه‌یشتنی پێشمه‌رگه، له شار زەنگی ڕاپه‌ڕینیان لێدا، دواتر حیزبه‌كان و بەرپرسە باڵا سیاسی و سەربازییەکانی حیزب، تایبه‌ت پارتی و یه‌كێتی، بوون به خاوه‌نی هه‌موو شتێك و جه‌ماوه‌ریش هیچ.
ڕاپه‌ڕین سه‌ركه‌وتوو بوو له ده‌ركردنی ده‌سه‌ڵاتی به‌عس له باشور، به‌ڵام به ته‌نها ده‌ركردنی به‌عس وه‌ك ده‌سه‌ڵاتێك نه‌یتوانی خەونە گەورەکەی ژیانی ئێمه وه‌ك كورد، وەک مرۆڤ، بهێنێتەدی. له ڕاپه‌ڕیندا ئێمه ئاسۆی بینینمان لاواز، ڕوانینمان نه‌زۆك و خوێندنه‌وه‌مان بۆ هاوكێشه‌ی گواستنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات له به‌عسه‌وه بۆ حیزبه كوردییه‌كان، ته‌واو نابابه‌تی و كورتبینانه بوو. ئێمه دوای ڕاپه‌ڕین متمانه‌ی ڕه‌هامان به حیزب و سه‌رۆكی حیزبه‌كان به‌خشی، ئه‌م به‌خشینی متمانه‌یه بەم ڕەهاییە، لای ئێمە بێت، یان هەر کۆمەڵگە و گروپێکی کۆمەڵایەتی دیکە، دەبێتە سەرەتایەکی ترسناک بۆ کێشانی نەخشەیەکی نوێ بۆ كوشتنی، نە تەنها ڕاپەڕین، بەڵکو وێرانکردنی هه‌ر ئامانج و ده‌ستكه‌وتێكی هه‌ر ڕاپه‌ڕینێك لەنێو هەر کۆمەڵگەیەکی دیکەیشدا.
ڕاپه‌ڕینی باشور دوای ئه‌م پرۆسه‌ی كوێرانه به‌خشینی متمانه‌یه به هێزگه‌لێك، لانیکەم لە ڕابردوویەکی پاک و بێ خەوشی گەورەوە نەهاتبوون، به‌ر له هه‌ر شتێكی دی، ڕاپه‌ڕین و خه‌ون و ئامانجه‌كانی ڕاپه‌ڕینی كوشت، ڕەنگە زێدەگۆیی نەبێت ئەگەر بڵێین، دوای ئەم پاشەکەوتکردنی پرسیار و گومان و بیرکردنەوەیە، جەوهەری ڕاپه‌ڕین مرد .
هیچ ماوه‌یه‌كی مێژوویی وه‌ك ڤیكۆ ده‌ڵێت، به ته‌نها به‌هاو نرخی خۆی له‌و ده‌ستكه‌وتانه وه‌رناگرێت كه تێیدا به ده‌ستهاتوون، به‌ڵكو له‌م ده‌ور و كاریگه‌رییه‌ش وه‌ریده‌گرێت، كه ئه‌م ده‌ستكه‌وتانه له ڕێڕه‌وی گشتی مێژوودا ده‌یگێڕن. بۆیه ئه‌گه‌ر بمانه‌وێ ساده‌ترین هه‌ڵسه‌نگاندنی بابه‌تیانه بۆ ڕاپه‌ڕین و بكه‌ره‌كانی ڕاپەڕین بكه‌ین، ناشێ به دروشمبازی و گوتاری سۆزدارانه‌وه خه‌ریك بین، ناشێ به ته‌نها وه‌ده‌رنانی به‌عس له كوردستان وه‌ك ده‌سه‌ڵاتێك ببینین و پێمانوابێ ئیدی ئەوە کۆتایی و گەیشتنە بەو سەرزەمینە بەهەشتییەی دەتوانین بە ئارامی وەک مرۆڤی ڕێزلێگیراو بەیەک مەسافەی یەکسان و دادپەروەرانە مامەڵە بکرێین و لەنێویدا بژین. گرنگه له دوای ئه‌مانه‌وه بپرسین، وه‌ده‌رنانی به‌عس چی گۆڕی، مرۆڤی ئێمه‌ی له كوێوه گواسته‌وه بۆ كوێ، له دۆزه‌خه‌وه بۆ به‌هه‌شت، یان له دۆزه‌خه‌وه بۆ جوگرافیایەکی دڵشکاو، جوگرافیایەک مرڤەکانی ڕۆژ بە ڕۆژ ئومێد بە داهاتوویان لاواز و هێزی ئینتیما بۆ نیشتمان و نەتەوە تێیاندا بێهێزتر دەبێت، ڕاپەڕین، مرۆڤی ئێمەی له سیاقێكی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری كۆنتڕۆڵكراو بۆ سیاقێكی ئازاد و كراوه گواستەوە، یان توانی له بیرۆكراتیه‌ت و هه‌ژموونی ڕه‌های حیزبییه‌وه بۆ ڕووبه‌ره‌كانی دیموكراسی و ژیانكردن به قبوڵكردنی جیاوازییه‌وه بمانگوازێتەوە. وه‌ڵامی هه‌موو ئه‌م پرسیارانه له بڕوای مندا ته‌واو نێگه‌تیڤن.
ئه‌گه‌ر په‌رله‌مان وه‌ك یه‌كه‌م ده‌ستكه‌وتی ڕاپه‌ڕین ببینین، له یه‌كه‌م ئه‌زموونی هه‌ڵبژاردندا به هۆكاری ڕازینه‌بوون و گومان له‌سه‌ر ئه‌نجامه‌كان له‌لایه‌ن یه‌كێتی و پارتییەوە، کۆمەڵگەی ئێمە کەوتە به‌رده‌م یه‌كه‌م زه‌نگی هه‌ڕه‌شه‌ی شه‌ڕی ناوخۆی شار، كه دواتر و دوای داهێنانی مۆدێلی ناشیرینی پەنجا بە پەنجا، شه‌ڕه‌كه‌یان هه‌ر كرد. دوای دامه‌زراندنی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌ڕێی به حیزبیكردنی كۆی دامه‌زراوه‌كانییه‌وه، له وه‌زیره‌وه تا كارگوزارێك، له دایه‌نگه‌وه تا زانكۆ، له پۆلیس و پێشمه‌رگه‌وه تا ئابووری و بازاڕ، هه‌مووی به ڕه‌هایی له‌لایه‌ن حیزبه‌وه كه‌وتنه به‌رده‌م سووكایه‌تی و په‌لامار و كۆنتڕۆڵی حیزبی كران. حیزب بوو به‌و ئه‌ژدیهایه‌ی خه‌ریكی قوتدانی هه‌موو شتێك بوو، حزب خۆی خزانده نێو ژیانی شه‌خسی، خێزان، دامه‌زراوه‌كان، كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و ته‌نانه‌ت هه‌ناسه‌دانی كۆمه‌ڵگه‌شه‌وه، هه‌موو ئه‌مانه جگه له سووكایه‌تی به‌م دامه‌زراوانه‌ی،
كه خودی حیزبه‌كان خۆیان وه‌ك گه‌وره‌ترین ده‌ستكه‌وتی ڕاپه‌ڕین و خوێنی شه‌هیدان پێناسه‌یان ده‌كرد، هیچی دیكه نه‌بوو. حیزبی كوردی نه ته‌نها له بێده‌نگی خه‌ڵكی ڕاپه‌ڕیو، به‌ڵكو له پشتیوانیشیان له كۆی ئه‌م سووكایه‌تی و په‌لامارانه‌ی حیزب بۆ سەر ژیانی گشتی و به‌ها و دامه‌زراوه نیشتمانییه‌كان، وایكرد هه‌رچی زیاتر ده‌ستكراوه و بێ گرفت بن له به‌رده‌وام بوون له په‌لامار و سووكایه‌تی و داگیركردنی ماف و تایبەتمەندییەکانی مرۆڤ و کۆمەڵگەی کوردی لە باشور.
بێده‌نگی و پشتیوانی بێ چه‌ندوچوونی جه‌ماوه‌ری ڕاپه‌ڕیو له هه‌موو شتێكی حیزب، به شه‌ڕی ناوخۆی ناو شاریشەوە، وایكرد ڕاپه‌ڕین سه‌ركه‌وتوو نه‌بێ له گۆڕینی گوتاری حیزبی به گوتاری نه‌ته‌وه‌یی، هه‌ر وەك چۆن نه‌یتوانی ڕێگر بێت له بچووككردنه‌وه‌ی جوگرافیای نیشتمان بۆ جوگرافیای لۆكاڵی و حیزبی. بکەرانی دوای ڕووداوی یەکەم (ڕاپەڕین)، نه‌یانتوانی په‌رله‌مان، حكومه‌ت و ئیداره، ئابووری، سوپا و زانكۆ، پۆلیس و ئاسایش، له ژێر كۆنتڕۆڵ و هه‌ژموونی ڕه‌های حیزبی ده‌ربهێنن و بیاندەنه‌وه به نیشتمان.
ڕاپه‌ڕین هه‌موو شتێكی به ته‌نها له قۆناغی یه‌كه‌می سه‌ركه‌وتنیدا به كۆتا هێنا، شته‌كانی كورتكرده‌وه له ئاڵوگۆڕی عه‌ره‌ب به كورد، (س) بە (ص)، هێنده‌ی به‌دوای له‌نێوبردنی سته‌مكارێكی نێو مێژووی عیراقەوە بووین، هێنده له خه‌می هێنانی ئازادی و دادپه‌روه‌ریدا نه‌بووین، هێندە بە گومانەوە مامەڵەی ئەم کارەکتەرە نوێیانەمان نەکرد، کە مێژووی شاخیان بڕێکی زۆر خەوشی تێدابوو، هەر خودی ئەم خەوشانە ئەوەی لێدەخواستین، گومانی قوڵ لەسەر جوڵە و ڕەفتاری سیاسی کارەکتەرە باڵاکانی حزب دروستبکەین. ئێمه هه‌موومان كه له ڕاپه‌ڕیندا به‌شداربووین، هێنده‌ی فیكرمان، ڕوانینمان، له‌سه‌ر چركه‌ساته‌كانی ڕۆژانی ڕاپه‌ڕین بوو، هێنده نیگاكانمان له‌سه‌ر ڕۆژانی دوای ڕاپه‌ڕین و ئاینده نه‌بوو. ڕاپه‌ڕین وه‌ك باقی ڕووداوه‌كانی دیكه‌ی نێو مێژووی ئێمه پێیگوتین، ئێمه وه‌ك كورد، هێنده‌ی مرۆڤی نێو چركه‌ساته‌كانی ڕووداو و خه‌یاڵكردن له ژێر ڕه‌شماڵی خۆشبه‌ختی ئه‌و چركه‌ساتانه‌داین، هێنده بۆ ڕه‌هه‌ند و دیوه نه‌بینراوه‌كانی ڕووداوه‌كان ناڕوانین، بۆیه دواجار ڕووداوه‌كان هێزی ئه‌وه‌یان ده‌بێ چۆن بخوازن ئاوا له‌نێو خۆیاندا بمانپێچنه‌وه و وێرانمان بكه‌ن، وه‌ك چۆن دوای ڕاپه‌ڕین به‌سه‌ر وێرانەیەکدا كه‌وتین .
له ڕاپه‌ڕیندا هێزی خه‌ڵك، گه‌ل، هێزێكی كۆمه‌ڵایه‌تی، ڕاسته ناڕێكخراو، به‌ڵام زۆر كاریگه‌ر بوو، تایبه‌ت له ڕۆژانی سه‌ره‌تایدا، به‌ڵام دوای ڕاپه‌ڕین، نه گه‌ل بوو به سه‌رچاوه‌ی ده‌سه‌ڵات، نه هاوڵاتیبوون مانایه‌كی هه‌بوو. نه به‌رپرسانی هه‌رێم و حیزبه باڵاده‌سته‌كان ملكه‌چی یاسا كران، نه داهات و سامان و ڕه‌فتار و جۆری په‌یوه‌ندییان خرایه ژێر چاودێری و لێپرسینه‌وەی خەڵک و دەزگا یاساییەکانی چاودێری و پەرلەمان .
دەتوانین بڵێین، ڕاپه‌ڕین نه‌یتوانی هێزه سیاسییه‌كانی ئێمه له‌و ڕابردووه ناشیرین و تاریكه دووربخاته‌وه، كه هه‌یانبوو، نه‌یتوانی پێیانبڵێ كه ئێوه بوونی ئه‌به‌دی و هه‌ڵگری په‌یامی ئه‌به‌دی نێو مێژووی ئێمە نین، له كاتێكدا ده‌بوایه ئه‌وه پرینسیپ بوایه، ئه‌ركی له پێشین و بنه‌ڕه‌تی ڕاپه‌ڕین بوایه، چونكه هه‌مووان ده‌مانزانی جوڵه‌ی سیاسی له شاخ هه‌مان جوڵه‌ی سیاسی شار نابێ، ئه‌و فیشه‌كه‌ی له شار دێته ته‌قاندن له ڕووی زیانی سیاسی، ئابووری، كۆمه‌ڵایه‌تی، پرسی نیشتمانی و نەتەوەیی و شوێن و پێگەی کورد لە ئاستی نێودەوڵەتیدا، زۆر جیاوازتره له‌و فیشه‌كه‌ی له شاخ ده‌ته‌قێنرا. هه‌مووان پێویست بوو بزانین، مێژووی دوای ڕاپه‌ڕین، نابێ له مێژووی پێش ڕاپه‌ڕین بچێ، سیاسه‌ت دوای ڕاپه‌ڕین نابێ درێژكراوه‌ی سیاسه‌ت له هه‌شتاكان بێ، عه‌قڵ و فیكری سیاسی و فۆرمی ململانێ له شار ده‌بێ ته‌واو جیاواز بێ له‌و دونیابینی و دیدگا سیاسییه‌ی له شاخدا بوونی هه‌بوو، چونكه ئه‌وه ڕوونه هه‌ر سیاقێكی مێژوویی، سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی نوێ، پێویستی به ئه‌قڵ و دید و فیكری سیاسی و ڕوانینی نوێ هه‌یه، سیاقی گۆڕاوی نوێ به ئه‌قڵی نه‌گۆڕی كۆن ناچێته پێش و بەشێوه‌یه‌كی دروست به‌ڕێوه‌نابرێ.
ڕاپه‌ڕین دوای ده‌ركردنی ده‌سه‌ڵاتی به‌عس له باشور، وه‌ستا، كه ده‌بوایه له فۆرمی دیكه‌دا به‌رده‌وام بوایه. وه‌ستانی ڕاپه‌ڕین و به‌رده‌وام نه‌بوونی، جگه له نائومێدكردنی كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه به گۆڕانكاری، جگه له به ئه‌ژدیهاكردنی حیزبی كوردی، جگه له وێرانكردنی مرۆڤی ئێمه له ناوه‌وه، جگه له كوشتنی ئینتیما بۆ نیشتمان و نه‌ته‌وه، شتێكی جوانی بۆ ئێمه نه‌هێنا. ئه‌مه‌یه كاره‌ساتی ژیانكردن له نێو چركه‌ساته‌كانی ڕووداودا، چركه‌ساتێك له خه‌یاڵی مرۆڤه‌كانیدا، دۆزه‌خ ده‌گۆڕێ به به‌هه‌شت و سته‌مكار به دادپه‌روه‌ری نێو مێژوو، ئه‌وه‌یه زیانی وه‌ستانی ڕاپه‌ڕین له دۆخێك‌دا كه پێویستیده‌كرد به‌رده‌وام بێ.
ڕاپەڕین، مانەوە لەنێو ڕووداودا
شكستی گه‌وره‌ی هه‌ر ڕاپه‌ڕین و شۆڕشێك له‌وه‌وه دێت، كاتێک جەماوەری ڕاپه‌ڕیو ده‌كه‌ونه نێو ته‌ڵه‌ی خۆشخه‌یاڵی بڕواهێنان به‌و به‌ڵێنانه‌ی كۆمه‌ڵێك ده‌موچاوی نوێ به زمانێكی جیاوازتر له ده‌سه‌ڵاتی كۆن، به خه‌ڵكی ده‌ده‌ن. شۆڕش و ڕاپه‌ڕینه‌كان مژده‌ی دروستكردنی به‌هه‌شت ده‌ده‌ن، به‌ڵام هه‌رگیز مەرج نییە به‌هه‌شت بخوڵقێنن، ئه‌گه‌ر خه‌می دۆزینه‌وه‌ی جوگرافیای به‌هه‌شتی وه‌ك به‌شێك له هۆشیاری كۆمه‌ڵایه‌تی و ئەخلاقی مرۆڤه‌كاندا جێیگەی نه‌گرتبێ. هیچ جوڵه‌یه‌كی شۆڕشگێڕانه به مانای گواستنه‌وه‌ی مرۆڤ له تاریكی و بێدادی ده‌سه‌ڵاتێكه‌وه بۆ دونیایه‌كی ڕوناك و دادی کۆمەڵایەتی ده‌سه‌ڵاتێكی سیاسی دیکە نییە، ئه‌گه‌ر خه‌ڵك له هۆشیاری كۆمه‌ڵایه‌تیاندا جیاوازی نێوان داد و بێدادی، تاریكی و ڕوناكییان وه‌ك به‌شێك له دونیابینی فیكری و سیاسی خۆیان د‌رك نه‌كردبێ و هێزی وه‌ستانه‌وه له به‌رامبه‌ر سته‌م و بێدادییان به‌بێ له به‌رچاوگرتنی ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی و سیاسی ده‌سه‌ڵات، به‌رده‌وام نه‌بێ.
دۆزه‌خ له ژێر ناوی هه‌ر ناونیشان و گوتارێكدا بێ، هه‌ر دۆزه‌خه، سته‌م و بێدادیش عه‌ره‌ب بیكات یان تورك، فارس بیكات یان كورد، هه‌ر سته‌م و بێدادییه . بێماناترین قسه‌یه‌كیش كه هه‌بێ ئه‌وه‌یه كه به خاتری ناسنامه، خراپییه‌كانی سیاسییه‌كی كورد له باشییه‌كانی سیاسییه‌كی ده‌ره‌وه‌ی كورد بە باشتر ببینی. له هه‌ر شوێنێك سته‌م و بێدادی هه‌بوو، شۆڕش و ڕاپه‌ڕین وه‌ك ئه‌گه‌رێكی كراوه ده‌مێنێ. مرۆڤه‌كان ئه‌وكاته بیر له شۆڕش و ڕاپه‌ڕین ده‌كه‌نه‌وه، كه سته‌م و بێڕێزی به بوونی مرۆڤانه‌یان، جگه له میكانیزمی گۆڕانكاری خێرا، بژارده‌یه‌كی باشتری له خه‌یاڵ و فیكری ئه‌واندا نه‌هێشتبێته‌وه.
ڕاپه‌ڕینی باشوری كوردستان بۆ ئه‌وه نه‌هات تا له‌باری تیۆرییه‌وه خاڵی كۆتایی بۆ ئه‌م سته‌م و بێدادییه‌ی به‌عس دابنێ و ستەمکاری لە فۆڕمێکی دیکەدا درێژه‌ی هه‌بێ، به‌ڵام به هۆكاری ناكامڵی هۆشیاری سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی ئێمه له‌و ڕۆژگاره‌دا و بینینی هه‌ر تفه‌نگ به‌ده‌ستێك و قسه‌كه‌رێكی ساده له وێنه‌ی فریشته‌دا، ده‌روێشانه بڕوامان به مورشیده باڵاكانمان هێنا، وه‌ك چۆن موریدێك له به‌رده‌می شێخی ته‌ریقه‌تدا به ڕه‌هایی باوەڕ دێنێ، تا هێزی ئه‌م بڕواهێنانه‌یشی به‌هێزتر ده‌بێ، زیاتر وه‌ك بوونێكی ئازاد خۆی له ده‌ستده‌دا و به ڕه‌هایی ده‌بێته مرۆڤێكی داماڵراو له خودی خۆی. بڕواهێنانی ئێمه به دادی بێدادی سیاسییه باڵاده‌سته‌كانی كورد، له سه‌ره‌تای ڕاپه‌ڕینه‌وه تا ئێستا، باشوری به دۆخێکی ناسەقامگیری سیاسی و ئابووری، دڵنیانەبوون لە داهاتوو سپاردووه. ئه‌وه‌ی دوای ڕاپه‌ڕین بینیمان له سته‌م و بێدادی، له ده‌ستبردن بۆ حه‌ڕامه‌كان، له تاڵانی و پێشبڕكێی خیانه‌تی نیشتمانی، هیچ نه‌بوون جگه له خۆشخه‌یاڵی ژیانكردن له‌نێو ڕووداودا. ئێمه‌ی نه‌وه‌ی پێش ڕاپه‌ڕین له‌وكاته‌وه بێ ماندووبوون له‌نێو ڕووداودا دێین و ده‌چین، قسه ده‌كه‌ین، گوتار ده‌ده‌ین و ده‌نووسین، نیشتمانیش به مرۆڤه‌كانیشییه‌وه، كه له ناوه‌وه‌یدا ڕوو لە هەڵوەشانەوەیەکی ترسناک و لاوازی ئینتیما و بێ متمانەییدا دەژین، لە زۆر ڕوویەوە لە وێرانه‌یەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی ده‌چێ، بەڵام زۆرجار دەخوازین وه‌ك به‌هه‌شتێکی خودایی پیشانیبدەین.
بكه‌رانی ڕاپه‌ڕینی باشور، وه‌ك جه‌ماوه‌ر و وه‌ك پێشمه‌رگه، هه‌رگیز له دوای ڕووداوی یه‌كه‌مه‌وه (ڕاپه‌ڕینی ئازاری ١٩٩١)، نه‌یانتوانی ڕووداوی دووه‌م دروستبكه‌ن. ئێمه له‌بری جوڵه‌كردن به مێژو و بەرهەمهێنانی ڕووداوی نوێ، له‌بری به‌رده‌وامبوون له وه‌ستانه‌وه به‌رامبه‌ر سته‌م و بێدادی و درێژه‌دان به ڕاپه‌ڕین لە فۆڕمی جیاوازتردا، بووینه كۆیله‌ی مێژوویه‌كی وه‌ستاو، مێژوویه‌ك، به‌شی هه‌ره گه‌وره‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌ی له مرۆڤی دروستكه‌ری ڕووداوه‌وه گۆڕی بۆ مرۆڤی وه‌ستاوی پاسیڤ له نێو هه‌مانكات و شوێنی ڕووداوی ڕابردوودا، ڕووداوی یەکەم. ئه‌مه دۆخێكه مرۆڤی ئێمه له باشور چەندین ساڵه باجه‌كه‌ی به قورسی ده‌دات، باجی خه‌وتن و مانه‌وه له‌نێو ڕووداوی یه‌كه‌مدا، خه‌وتن و مانه‌وه‌یه‌ك كه ده‌سه‌ڵات ده‌خوازێ تا ئه‌به‌د بێ‌ئاگا تێیدا بمێنینه‌وه.
ڕاپەڕین و یادگەی بەکۆمەڵ
بیرمەندی فرەنسی، موریس هاڵبواکس (Maurice Halbwachs)، کە بە خاوەنی تیۆرەی یادگەی بەکۆمەڵ (Collective Memory) دادەنرێت، باوەڕی وایە، یادگەی بەکۆمەڵ، بە تەنها بابەتێکی تاکگەرا نییە، بەڵکو بابەتێکە لە ناوەوەی چوارچێوەی کۆمەڵایەتیدا دروست دەبێت، واتە مرۆڤەکان بە تەنها و وەک تاک شتەکان بەیادناهێننەوە، بەڵکو لە ڕێگەی گروپ و کۆمەڵەوە شتەکان دەهێننەوە نێو یادگە، کۆمەڵێک، کە تێیدا دەژی و ئینتیمای بۆی هەیە.
ئەگەر ئەم تێزی یادگەی بەکۆمەڵی هاڵبواکس بە ڕووداوی ڕاپەڕینی ئازاری ١٩٩١وەک ڕووداوێکی نیشتمانی ببەستنەوە، دەتوانین بڵێین، مرۆڤەکان وەک تاک، وەک شەخس، لەنێو ڕووداوەکەدا ژیاون، بەڵام لێکدانەوەی ڕووداوەکە و ماناپێدانی لەڕێی گوتارێکی گشتیی وەک: پەروەردە و فێربوون، میدیا، یادگەی بەکۆمەڵ پێکدێت. کۆمەڵگە بە بەردەوامی بەم جۆرە یادەکان و بۆنەکان بەرهەم دەهێنێتەوە. چونکە یادگەی کەسی، پشت بە ئەزموونی کەسی دەبەستێت، واتە زۆر خودییە و لەبەردەم ئەگەری گۆڕانی گەورە دایە، هەرچی یادگەی بەکۆمەڵە پشت بە چوارچێوەی کۆمەڵایەتی دەبەستێت و لە ڕێگەی گروپ و کۆمەڵەکانیشەوە دووبارە بونیاد دەنرێتەوە. مەبەستی هاڵبواکس ئەوە نییە، کە مرۆڤ وەک تاک، خاوەنی یادگە نییە، بەڵکو دەخوازێت بڵێت، تاک لەنێو کۆمەڵگەدا شتەکان بیردەهێنێتەوە، نەک لە دەرەوەیدا. بێگومان ئەم تێزی کارکردن لەنێو یادگەی مرۆڤدا، لە لای هەندێ بیرمەند و زانای دەرونناسی بەشێوەی جیاوازتر مانا کراوە، بۆ نمونە، لای فرۆید، یادهێنانەوە بە ئارەزووی چەپێنراو یان شۆکی سایکۆلۆژییەوە بەستراوەتەوە، کە زۆر جیاوازە لەو یادگە بەکۆمەڵەی هاڵبواکس کاری لەسەر کردووە. ئەوەی بۆ ئەم لێکدانەوە و شیکارییەی ئەم بابەتەی ئێمە زیاتر جێگەی بایەخە، تێزەکەی هاڵبواکسە، نەک فرۆید، بۆیە وەک بنەمایەکی تیۆری و فیکری پشت بە بۆچوونەکانی ئەو بەستراوە.
بە سوودوەرگرتن لە تێزە کۆمەڵایەییەکەی هاڵبواکس، دەتوانین هەر ڕووداوێکی نیشتمانی بگۆڕین بۆ بنەمایەک لە مانادان بە ناسنامە، چونکە نەتەوە تەنها بە خاک و زمان پێکنایەت، بەڵکو پێویستی بە چیرۆکی هاوبەشیش هەیە. ئەم چیرۆکە دەشێ ڕەگەزەکانی بریتیبن لە: سەرکەوتن، قوربانیدان، سیمبولەکان و … . دووبارەکردنەوەی ئەم ڕەگەزانە لە ڕێگەی پەروەردە و فێرکردن، میدیا، بۆنەکان، مۆزەخانە و هێما نیشتمانییەکان، دەتوانێ بگۆڕێت بۆ هەست و هۆشیاری بە ئینتیمای هاوبەش. بەم جۆرە ناسنامەی نیشتمانی یەکسان دەبێت بە یادگەی بەکۆمەڵی سیستماتیزەکراو.
یادگەی بەکۆمەڵ، چەمک و مانایەکی جێگیر نییە، بەڵکو دەتوانرێ لەڕێی کاتی ئێستاوە دووبارە بونیادبنرێتەوە، بۆ نمونە، لە کاتی گۆڕینی سیستمی سیاسی، میتۆدی گێڕانەوەی مێژووش دەگۆڕێت و جارێکی دی کەسایەتییە مێژووییەکان دەکەونەوە بەردەم هەڵسەنگاندن و لێکدانەوەی تازەوە، واتە ناسنامەی نیشتمانی پرۆسەیەکی دینامیکییە، نەک جەوهەرێکی نەگۆڕ و جێگیر بێت. بەکورتی دەتوانین بڵێین، پێناسەی نەتەوە لای هاڵبواکس تەواو نزیک دەبێتەوە لەو لێکدانەوە تیۆرییەی ئێرنست ڕێنانی فرەنسی لە ساڵی ١٨٨٠ لە ڕێگەی وتاری (نەتەوە چییە)، بۆ نەتەوەی کردووە، کاتێک نەتەوە دەبێت بە کۆمەڵێک مرۆڤ بەردەوام خۆیان بیردەهێننەوە. هەمانکات تەواو جیادەبێتەوە لەو بۆچوونەی تیۆریسینێکی وەک بەندیکت ئەندرسن بۆ نەتەوەی کردووە، کە پێیوایە، نەتەوە کۆمەڵێکی فانتازیاکراوە، مرۆڤەکان یەکتری ناناسن، بەڵام لە خەیاڵدانیاندا وا هەست دەکەن دەگەڕێنەوە بۆ یەک کۆمەڵ، واتە نەتەوە یەکسان دەبێتەوە بە کۆمەڵێک، تاکەکانی بەبێ ئەوەی یەکتری بناسن، یەکێتییەک لە خەیاڵدانیاندا پێکدەهێنن.
بەگوێرەی ئەم تێزەی هاڵبواکس، ڕاپەڕین لە یادگەی بچووکەوە نەپەڕیوەتەوە بۆ نێو یادگەی بەکۆمەڵ، واتە لە پرسێکی ناوچەییەوە نەگۆڕاوە بۆ پرسێکی نیشتمانی. لە چیرۆکێکی بچووکەوە نەکراوە بە چیرۆکێکی گەورەی هاوبەش، ئەوە لە کاتێکدا دەزانین، کە هەموو نەتەوەیەک چیرۆکی هاوبەشی خۆی هەیە، چیرۆک لە ئاستی نەتەوەییدا، نەک لۆکا‌ڵی. ئەگەر جەژنی نەورۆز وەک گەورەترین چیرۆکی هاوبەشی نێو مێژووی یادگەی مرۆڤی کورد ببینین، کاتێک هەموو سنوورە بچووک و لۆکاڵییەکان تێدەپەڕێنێت و دەبێت بە چیرۆکی هاوبەشی نەتەوەیی، ئەوا دەتوانین بڵێین، ڕاپەڕین، کە دەکرا و ڕووداوێک بوو شایستەی ئەوەبوو، بەحوکمی ئەو ڕەگەزە گرنگانەی لەنێو ڕووداوەکەدا هەبوون، بکرێتە چیرۆکی هاوبەشی نەتەوەیی هەمووان، بەڵام ئەم چیرۆکە هاوبەشە ئێستایشی لەگەڵدا بێت لە ئاستی کۆمەڵایەتی، سیاسی و سایکۆلۆژیدا بە بچووکی و لە ئاستی لۆکاڵیدا سنووردار کراوە و نەگۆڕاوە بە چیرۆکێکی هاوبەش بۆ بونیادنانی نەتەوە.
ئەنجام
هیچ گرفتێک لەگەڵ خودی ڕاپەڕین وەک ڕووداوی یەکەم نییە، هەموو ئەوانەی کاریان بۆ کرد، تێیدا ماندووبوون، قوربانی و خوێنیان بۆدا، گرنگە وەک پێگە و ناونیشانی خۆیان ڕێزیان لێبگیرێت و بناسێنرێن. ڕاپەڕین، لەوە گەورەترە لە جوگرافیای شارێک، حیزب و شەخسێکدا بچووک بکرێتەوە، هەموو ئەوانەی بەرنامەی ڕاپەڕینیان دانا، ئەوانەی بەشداربوون، خوێنیان بۆ ئازادی و دەرچوون لە ستەمی سیستمێکی شمولی وەک بەعس کردە شاباشی سەرکەوتن، پێویستە بە ڕێزەوە ناوبهێنرێن و یاد بکرێنەوە.
لە قسەکردن و لێکدانەوەی شیکاری بۆ ڕاپەڕین، گرنگە دوو مانای جیاواز لەبەرچاوبگرین، یەکیان، خودی ڕاپەڕینە وەک ڕووداوێک، دووەمیان، جوڵەی دوای ڕووداو و مامەڵەی کارەکتەرە سیاسی و حیزبییەکان و جەماوەری ڕاپەڕیویشە لەگەڵ خودی ئەو ئەنجامانەی ڕووداوی یەکەمی ڕاپەڕین بەدوای خۆیدا هێنای. ڕاپەڕین وەک ڕووداو تەواو جیاوازە لە ڕاپەڕینی دوای ڕووداوی یەکەم. ڕووداوی یەکەم، هەڵگری خەونی گەورەی ئازادییە، مانای ئازادی لە ستەم و فاشیزمی بەعس دەهێنێت، ئیرادەی دەستەجەمعی و گوتاری هاوبەش بەهێزەوە نمایش دەکات، بەدوای پێناسەکردنەوەی بوونی سیاسی و کۆمەڵایەتی کوردە لە باشوری کوردستان و سەرلەنوێ داڕشتنەوەی چێوەیەکە بۆ شوناسی کوردبوون، هەرچی ڕووداوەکانی دوای ڕووداوی یەکەمە، چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ مانای ئازادی، ماف، پرەنسیپەکانی چەمکی هاوڵاتیبوون و دادی کۆمەڵایەتی، چۆنیەتی پێناسەکردنەوەی کوردبوون و پرسی نەتەوەیی بەو ڕێگەیەدا دەبات، کە کۆمەک بە گەورەیی ڕووداوی یەکەم و هەرچی زیاتر ڕاستەڕێکردنی ئەو پرەنسیپ و ئەخلاقە نیشتمانی و نەتەوەییە ناکات، کە دەکرێ وەک کرۆکی ڕاپەڕین (ڕووداوی یەکەم) ببینرێن.
بە باوەڕی ئێمە، ڕاپەڕین ڕووداوێکی مێژوویی ئاسایی نییە، لەو ڕووداوە مێژووییە گەورانەیە، دەتوانن ببن بە هێزی گۆڕینی مێژوو. لەو ڕووداوانەیە، لە بوونێکی فەرامۆشکراوی نێو مێژووەوە هەوڵدەدات بمانگەڕێنێتەوە بۆ بکەرێکی سیاسی و مێژوویی ئامادە لەنێو مێژوودا. ڕەنگە کەم ڕووداو هەبن لە مێژووی ئێمەدا هێندەی ڕاپەڕین گەورە و پیرۆز، ڕاپەڕین بە هەموو کەموکورتییەکانییەوە تەنها ڕۆژێک نییە بۆ یادکردنەوە، مێژوویەکی تێپەڕ و ئاسایی نییە، بەڵکو ڕۆژێکە بۆ سەرنجدانەوە لە خۆمان، ڕەخنەکردنی چۆنیەتی مامەڵەکردنمان لەگەڵ دەستکەوتەکانی، لەگەڵ خەونەکانی. ڕاپەڕین، کردنەوەی دەروازەیەکی گەورە بوو بە ڕووی کورددا بۆ پێناسەکردنەوەی خۆی، بۆ ئازادی و بۆ دروستکردنی سەرپۆشێکی سیاسی بۆ کولتورێکی تایبەت، کە کولتوری کوردییە. گرنگە ڕووداوی ڕاپەڕین وەک گەورەیی خۆی ببینرێت، وەک خۆی بخوێنرێتەوە، هێندەی گەرەیی خۆیشی بایەخی پێبدرێت و لە پرۆسەی بە نەتەوەبوونی کورددا وەک نمونەیەکی مێژوویی بگەڕێێنرێتەوە نێو یادگە و بیرەوەری نەوەی نوێ. حیکایەتی ڕاپەڕین، حیکایەتی سەرکەوتنی میللەتێکی ستەملێکراوە بەسەر دەسەڵاتێکی فاشیست و تۆتالیتا‌ر، گرنگە چیرۆکی ئەم سەرکەوتنە، سیمبولەکانی، ڕووداوەکانی بەشێوەی جیاواز کاری لەسەر بکرێت و بکرێتە بەشەک لە یادگەی هاوبەشی دەستەجەمعی، لە ڕێگەی یادگەی بەکۆمەڵیشەوە هەرچی زیاتر هەنگاو بە ئاراستەی دروستکردن و بونیادنانی نەتەوە بنێین.
سەرچاوەکان:
١. بول ريكور، الزمان والسرد-الحبكة والسرد التاريخي، ت: سعيد الغانمي وفلاح رحيم، راجعه عن الفرنسية: د. جورج زيناتي، ج١، ط١، دار الكتاب الجديد المتحدة، بيروت، ٢٠٠٦.
٢. موریس هالبفاکس، الذاكرة الجمعية، ت: نسرين الزهر، بيت المواطن للنشر والتوزيع، دمشق-بيروت، ٢٠١٦.
٢. بندكت أندرسن، الجماعات المتخيلة- تأملات في أصل القومية وانتشارها، ت: ثائر ديب، تقديم: عزمي بشارة، المركز العربي للأبحاث ودراسة السياسات، ط٢، بيروت، ٢٠١٧.
٣. ٤. د.قاسي فريدة، الذاكرة الجماعية واشكالية كتابة التاريخ، مجلة الاداب والحضارة الإسلامية، مجلد ١٤، عدد ٢٨، ٢٠٢٢.
٥. محمد السموري، الذاكرة الجمعية ومفهوم التراث الحيوي، الثقافة الشعبية (مجلة)، العدد ١٤، السنة الرابعة، صيف ٢٠١١.
٦. زهير سوكاح، مفهوم الذاكرة الجمعية لدي موريس هالبواكس، موقع دروب.
٧. Ernest Renan, What is a Nation.