گۆڤارێکی ڕۆشنبیری گشتیی وەرزییە، بەڕێوەبەرایەتی ڕۆشنبیری و ھونەری ڕاپەڕین دەریدەکات

سەروتار

من سێڵفی دەگرم، کەواتە من ھەم

 

لە دنیای پۆست زانیاریدا، وێنەی سێڵفی تەنێ گرتەیەکی ڕاگوزەر و ھەنووکەیی و زوو تێپەڕ نییە، بەڵکو ئاکتێکی وجودییە، لەدووتوێیدا مانای وەرچەرخانی قووڵی پەیوەندی مرۆڤی بە خودی خۆیەوە، بە دەوروبەر و زێد و تەنانەت جیھانەوە، حەشار داوە. مرۆ لەو ساتەی مۆبایلەکەی بەرز دەکاتەوە، زەردەخەنەیەک دەکا و پەنجەی وێنەگرتن دادەگرێ، لەناخەوە بە ڕووی عەدەمدا دەقیژینی: من لێرەم، من دەبیندرێم، کەوابێ من ھەم.

ئەم مانا قووڵە، ھەڵگەڕاندنەوەی گاڵتەجاڕانەی زارگۆتە باونانگەکەی (دێکارت) نییە، بەڵکو دەستنیشانکردنی گرێی مرۆی چاخی دیجیتاڵە، کە ناکارێ تەنیا بە بیرکردنەوە، خود و پرستیژی خۆی بسەلمێنێ، بەڵکو پێویستی بەوەیە: ببینرێ، نمایش بکرێ و جەخت لە ھەبوونی خۆی بەھۆی وێنەوە بکا. لەم دنیا جەنجاڵەدا ئیدی ھەبوون بەستراوەتەوە بە: دەرکەوتن، خۆنواندن، دەستاودەستکردن، دید و ڕای ئەوی دی، ئەوی دی  گریمانەیی.

دنیای مە لە بن ڕکیفی مۆنێتەرەکاندا کەس نازانێ بە چ ئاقارێکدا دەبرێ، بۆیە سروشتییە وێنە ببێتە دیسکۆرسێکی سەربەخۆ، زمانێکی تەواو عەیار گوزارشت لە ناخ و لە پەژارە و شادییەکانی مرۆی ئەم سەردەمە بکا، لێرەوە دەتوانین بێژیین: سێڵفی نواندنەوەی خودێکی بێ وەی نییە، بە قەدەر ئەوەی ئاکتێکی دەروونی و کۆمەڵایەتییە.

سێڵفی جۆرێکە لە نارسیزم، نەک وەک ئەلھایەکی خودشەیدایی، بەڵکو وەک میکانیزمی بەرگری بەرانبەر ترسی بێسنووری ونبوون، لە فەزایەکی بێ کەوشەن، لە دنیایەکدا بە قسەی (ئەلیزا گۆدار): نزیکترین دۆستی عاتیفیمان، مۆبایلەکانمانن.

سێڵفی جۆرێکی نارسیزمە، بەو بەڵگەیەی وێنە بۆ بڵاوکردنەوە دەگیرێ، بڵاوکردنەوەش یانی دانپیدانان، دانپێدانیش یانی قووتاربوون لە دابڕان و تەریک کەوتن، وەک ئەوەی (بیونگ-چول هان) ناویناوە نارسیزمی دیجیتاڵی. ئەو دەمەی کۆمەڵگەی ماندوو دووچاری ونبوونی خود-ت دەکات لەناو نمایشدا، ئەوا سێڵفی دەبێتە هۆی کۆکردنەوەی سەرنجی خەڵک لە سۆشیاڵ میدیادا لەسەر خۆت، لەکاتێکدا خود دووچاری گۆشەگیریی بووە.

پێشتریش هەریەک لە (گای دیبۆر) و (ژان بۆدریار) لەبارەی کۆمەڵگەی نمایشی و سەردەمی پەرشبوونەوەی بێشوماری وێنەکان، بۆچوونی سەرنجڕاکێشیان خستۆتەڕوو، کە چۆن ژیان لە وێنەکاندا وێنەدانەوەی هیچ حەقیقەتێک نییە، بەڵکو وێنەدانەوە و وێنەدراوە هیچ پەیوەندییەکی ئۆنتۆلۆجی لە نێوانیاندا نییە، وەک ئەوەی تەنها زڕەوێنە و ساختەوێنە بێت!

دەتۆش سێڵفیەک بگرە و بڵێ: من ھەم.