گۆڤارێکی ڕۆشنبیری گشتیی وەرزییە، بەڕێوەبەرایەتی ڕۆشنبیری و ھونەری ڕاپەڕین دەریدەکات

خواجە و ئەستێرەناس

ئامادەکردنی: سیمین

دەگێڕنەوە نەسیرەدینی تووسی لەگەڵ پیاوێکی دانا و سەقاناس و ئەستێرە ناس دەچنە ڕاوێ، شەوێ لە بەندەنێ دەمێننەوە و چادر ھەڵدەدەن و بەیەکەوە لە بن چادرەکە خەو دەیانباتەوە. دەرەنگانی شەوێ خواجە لەسەرمان خەبەر دێ، دەبینێ چادرەکەیان بەسەرەوە نەماوە. سیخورمەیەک لەکەلەکەی بابای دانا دەکوتێ و بیداری دەکاتەوە. دانا کە چاوی بە ئەستێران دەکەوێ، ھەوایەک دێتە کەللیەوە و ھەر لەسەر پشتێ لە ئاسمانێ دەڕوانێ و دوای دوو سەلاواتان، دەست دەکا بە خۆڕانان و فیشاڵ و فرەوێژی.

خواجە جوان سەرنج بدە، ئەو ئەستێرە شینە پڕشنگدارە کەیوانە، بە پێی تیشک ھاویشتنی وا نزیک بۆتەوە کەلووی باکووری خۆرئاوا، ئەمەش مانای وایە، ئەمساڵ پایز پێش وادەی خۆی دەکەوێ و ڕەنگە بە بەفرێ پەڵەێ بدا. حەوتەوانە بەری خۆرھەڵاتی کاکێشانیان گرتووە، زۆرنابا سەراژێر دەبنەوە، ئەمەش واتای ئەوەیە لە دوو ساڵی داھاتوو، لە ناوەڕاستی چلەی ھاوینێ خۆر دەگیرێ، خوا بەخێری بگێڕێ. ئاسۆگە ڕوون دیارە سبەینێ ڕۆژێکی فێنک دەبێ، سەری سبەینێ کزەبا ھەڵدەکا و چێشتانێ دەیشکێنێ.

ئیدی خواجە حەوسەڵەی بەسەر دەچێ و دبێژێ، لێوەبڕە ھەی گەمژە، خێوەتەکەیان دزیوین، ھەستە با تەگبیرێکی بکەین.