گۆڤارێکی ڕۆشنبیری گشتیی وەرزییە، بەڕێوەبەرایەتی ڕۆشنبیری و ھونەری ڕاپەڕین دەریدەکات

گوندی گاگەشی مەنگوڕایەتی زێدی ناسر و ماڵماڵ

عومەر ئیسماعیل باوزێیی

 

دەسپێک:

گوندی گاگەش، پێگەیەکی مێژوویی و ناوبانگێکی دیاری لە ناو وێژە و بەیتی فۆلکلۆری کوردیدا هەیە، کە ئێستا دابەشبووە بەسەر دوو گوندی “گاگەشی سەروو و گاگەشی خوارووی باکووری خۆرئاوای ناوچەی مەنگوڕایەتی و سێگۆشەی شارەکانی مەهاباد، پیرانشار و سەردەشت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

گوندەکانی گاگەش دەکەونە ناوچەیەکی شاخاویی کوێستان و چوارچێوەی ئیداری ناحیەی خەلیفان لە قەزای مەهاباد و بە گوندەکانی کیسه‌ڵان و شەکربەگ لە ڕۆژهەڵات، هرمە لە باکوور، پانەسەر لە ڕۆژئاوا و لە باشووریش بە گوندی جانداران دەوردراون. بەشێوەیەکی سەرەکی دانیشتوانەکەیان سەرقاڵی کشتوکاڵ و ئاژەڵ بەخێوکردن و باخدارین، هەرچەندە گوندی گاگەشی سەروو خاوەنی چەند کانێکی بەردی جۆری دیکۆراتی وەک گرانێت و بەردی پیشەسازی باریت-ە. بەگوێرەی سەرژمێری ناوەندی ئاماری ئێران: گوندی گاگەشی سەرێ ساڵی ٢٠١٣ پێکدەهات لە ٦٥ ماڵ و ژمارەی دانیشتوانەکەشی ٣١١ کەس بوو. هاوکات، گاگەشی خوارێ ٤٨ ماڵ و ژمارەی دانیشتوانی ٢٥٦ کەس بوو، کە بە دووریی ٦٠کم دەکەوێتە باشووری ڕۆژئاوای شاری مەهاباد و خاوەنی چەند کوێستانێکی زەنوێر و سازگار و ئاووهەوا خۆشە، بە ناوەکانی “حەسەنەبەشە، کانیەڕەش، میراودەلان، گردەدولک و گامران” (ئاوات: ٢٠١٨، ل٩٧).

گاگەش، زێدی چوار ئامۆزا و ئاشقی بەناوبانگی ناو بەیت و داستانی فۆلکلۆری کوردییە، بە ناوەکانی “ناسرەدین و ماڵماڵ و ناز و نازدار”، بەڵام لە هەندێک سەرچاوەدا: ناز بە “خاتون ئەسمەر” و نازدار بە “خاتون تەورێزی” ناویان هاتووە.

جێگای ئاماژەیە، گۆڕی ناسر و ماڵماڵ هەریەکەیان لەسەر گردێکی بچووکی نێوان گوندەکانی گاگەش و شەکربەگ هەتا ئێستا شوێنەواریان ماوە. ئەگەرچی گۆڕەکان سادە و بێناز و هیچ نووسراوێک لەسەر کێلەکانیان نییە، بەڵام مایەی تێڕامانە، کە لە باڵای مرۆڤ درێژتر دروستکراون، هەروەها گۆڕی کوردەی شوانیش لەسەر گردێکی دیکە بەرچاودەکەوێت (ئۆسکارمان: ٢٠١١، ل٦٢). ئەمەش بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگری سەلماندنی بابەتەکەیە، هەروەها بەشێک لە گۆڕستانەکانی گاگەش، مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ هەزارەی دووەمی پێش زایین و بە ژمارە ١٢٣٨ لە ڕیزی شوێنەوارە نەتەوەییەکانی ئێران تۆمارکراون (ئاوات: ٢٠١٨، ل٩٧).

 

 

 

 

 

 

بەیتی ناسر و ماڵماڵ:

نووسەر و زمانزانی ئەڵمانی ئۆسکار مان/ Oskar Mann (١٨٦٧-١٩١٧) لە نێوان ساڵانی (١٩٠١-١٩٠٣) بە فەرمانی ویلهێلمی دووەم (١٨١٨-١٩١٨)ی ئیمپڕاتۆری ئەڵمانی، ماوەی دوو ساڵ و نیو بە مەبەستی لێکۆڵینەوەی زمانەوانی، گەشتێکی بۆ وڵاتی ئێران دەستپێکرد، کە هاوسەردەمی فەرمانڕەوایی موزەفەرەدین شا (١٨٩٦-١٩٠٦)ی قاجار بوو، بە فەرمانی دەوڵەت لە ناو تەواوی هۆزەکانی وڵاتی ئێران و بەتایبەت هۆزە کورد و لوڕەکاندا، ئاسایش و سەلامەتی بۆ دابینکرابوو، بۆیە وەک وەفایەک کتێبەکەی ناونا “توحفەی موزەفەرییە”، کە بۆ ئەم مەبەستەش بە دیاریکراوی لە مانگەکانی حوزەیران و تەمموزی ساڵی ١٩٠٣دا بە یارمەتی د. جەوادی قازی،بەشێکی زۆر لە بەیتەکانی ناوچەی موکریانی لە شاری سابڵاخ/ مەهاباد کۆکردەوە و بەتایبەت بەیتی ناسر و ماڵماڵ لە کەسێک بە ناوی “ڕەحمان بەکر” وەرگیراوە، کە خەڵکی گوندی حاجی حەسەن بوو لە نزیک مەهاباد (ئۆسکارمان: ٢٠١١، ل١٣، ١٥، ١٧).

بەگوێرەی گێڕانەوەی بەیتەکە:

مەزن و میرزاغا ماوەی ٣٢ ساڵ فەرمانڕەوای ناوچەکە بوون، بەڵام دواتر لەلایەن مەزن باهۆمەری دایکبرایان دەسەڵاتەکەیان لێزەوتکرا. ئەگەرچی ناسر و ماڵماڵ کوڕانی مەزن و میرزاغا، دڵدار و ئاشقی ناز و نازداری کچانی مەزن باهۆمەر بوون، دوای ئەوەی بە مەبەستی هاوسەرگیرییکردن ناسر داوای ناز و ماڵماڵ داوای نازدار دەکات، بەڵام مامیان داواکە قبوڵ ناکات. کاتێک بەیانی ڕۆژی دواتر ناز و نازدار دەچن بۆ سەرکانی بەرماڵان، ناسر و ماڵماڵ دوایاندەکەون و داوای لەگەڵڕۆیشتن و ڕەدواکەوتنیان لێدەکەن. لە بەرامبەردا ناز پێیاندەڵێت: “ئەگەر خاوەن قسە و بەڵێنی خۆتانن، با هەرچوارمان سوێندی وەفاداریی بۆ یەکدیی بخۆین، ئێمە شوناکەین و ئێوەش هەتا ماون هاوسەرگیریی مەکەن. هەر ئێستاش بڕۆن بۆلای کەهیەی والی بەغدا، چونکە دۆست و هاوڕێی بابتانە، هەتا پلە و پایە وەرنەگرن نەگەڕێنەوە. ئەوکات، دەتوانن بەبێ ڕەزامەندی بابمان پێمانبگەن و بەدەستمان بهێنن” (ئۆسکارمان: ٢٠١١، ل٢٤٨).

دوای ئەوەی ڕۆژی دواتر ناسر و ماڵماڵ بەڕێدەکەون، بە مەودای ٢٤ مەنزڵ دەگەنە بەغدا و لە ماڵی کەهیەی والی نیشتەجێ دەبن. کاتێک شێخی عارەبان پەلاماری بەغدا دەدات، ناسر و ماڵماڵ ئازایانە و لە شەوێکی ئەنگوستەچاودا بە دیلی دەیگرن و دەیخەنە بەردەستی والی. (ئۆسکارمان: ٢٠١١، ل٢٥٠، ٢٦٠-٢٦١).

دوای تێپەڕبوونی ٧ ساڵ، ناسر و ماڵماڵ بڕیاردەدەن بگەڕێنەوە زێدەکەی خۆیان و لە بەیتەکەدا بە “گاگەش باوۆمەر” هاتووە، بەڵام لە ڕێگا ماڵماڵ خەونێک دەبینێت، کە خۆشەویستەکەی لە یەکێکی دیکە مارەبڕاوە!

 

 

لە بەیتەکەدا بەمشێوەیە هاتووە:

“کاکە ماڵماڵ دەڵێتەوە کاکە ناسرییە

ئەمن ئەو شەو خەونێکی گەلێک عەجیبم دەدییە،

گراوی منیان داوە بە کوردێکی کەڵاش درێژی شارەزوورییە،

بابی بە خەنجەرێ لێیڕادەسا برالەی بە شیری ڕووتییە،

لە ترسی شیر و خەنجەران سوێندیان لەبیر خاتوون تەورێزی بردییە،

ئێستا داویانە بە کوردی کەڵاش درێژ، لایلایە دەکات بۆ کوڕی کوردییە” (ئۆسکارمان: ٢٠١١، ل٢٦٢، ٢٦٦).

 

ئینجا ماڵماڵ دەڵێ:

“ناسر هەڕۆ، بڕۆ لەمنتکەوێ کەڵی مەیدانێ،

لەتو زیاتر هیچ کەس شکنابەم ڕۆژی تەنگانێ،

بەخوڵام بە زامندای، بە ئەمانەت بە پێغەمبەری ئاخری زەمانێ،

ناسر جڵەوی بادە، ڕکێفی لێدە، بڕۆوە کوێستانێ” (ئۆسکارمان: ٢٠١١، ل٢٦٩).

 

بۆیە ناسر بەڵێندەدات ڕێگای ٢٤ ڕۆژ لە ماوەیەکی کەمدا ببڕێت و ڕاستی و ناڕاستی خەونەکە بۆ ئامۆزاکەی ئاشکرابکات (ئۆسکارمان: ٢٠١١، ل٢٦٧). کاتێک دەگاتە نزیک گوندی گاگەش و شوانی مەزن باهۆمەر دەبینێت، کە هەمان کوردەی کەڵاش درێژی شارەزووریی ناو خەونەکەیە، تووشی سەرسوڕمان دەبێت و پرسیاری ڕێگای چوون بۆ تاوڵی مەزن باهۆمەری لێدەکات، ئەویش لە وەڵامدا بە توانج و پۆزەوە دەڵێت:

“… ئەتو نازانی ئەمن کوردە، شوانی مەزن باوۆمەرییە،

گراوێ ماڵماڵم مارەکردوە، بە کوێرایی چاوی ناسرییە!

ئی ناسریش مارەدەکەم بە کوێرایی چاوی ماڵماڵییە…” (ئۆسکارمان: ٢٠١١، ل٢٧٠).

 

دوای ئەم گفتوگۆیە، کاتێک ناسر ڕاستی خەوەکەی بۆ ڕووندەبێتەوە، دەگەڕێتەوە بۆلای ماڵماڵ، پاشان بڕیاردەدەن بەخێرایی بگەڕێنەوە بۆ گوندی گاگەش، بەڵام بۆئەوەی نە ناسرێنەوە ناوی خۆیان دەگۆڕن.

“ناسر دەڵێ ماڵماڵ

نێوی خۆم ئەواکرد بە ئاغالەی ڕۆمییە،

ئەگەر لێیانپرسی بۆ کوێ دەچی؟ بڵێ: لە بەغدایەڕا هاتووە بۆتە ئێلچی دەڕوا بۆ نێو عروس و ئینگلیسییە…” (ئۆسکارمان: ٢٠١١، ل٢٧٦).

کاتێک دەگەنە خڕی بالینێ، کە تاوڵی مەزن باهۆمەر لەوێ هەڵدراوە، بەڵام هەر زوو ئاشکرا دەبن و دوای ناسینەوەیان، سەرەتا بەمجۆرە کوردەی شوان دەکوژن.

“… ناسر ڕقی هەڵستا زەرگێکیدا لە زارییە،

لە پشتی سەری دەرچوو و ڕوویکرد لە عەرزییە،

ماڵماڵ زەرگێکیدا لەسەر دڵی، ئەویش دەرچوو لە پشتییە…”.

ئینجا بەیتەکە دەڵێت:

“… لە پاشان ڕقیان هەڵستا بۆ مەزن باوۆمەری گەڕانەوە بەدواوە،

چوار تەرەفی مەزن باوۆمەریان دەگرت، مۆڵەتیان لێنەداوە،

ئەگەر ڕمبێکیان لە جگەری دا، کاریگەربوو هۆشی نەماوە،

لەسەر ماینیان فڕێداوە،

وە ئەولادیان کەوتن، ئاساریان بڕاوە،

ناسر و ماڵماڵ هاتن لە ماڵە مەزن باوۆمەری بوون پیاوە،

حەوت شەو و حەوت ڕۆژانیان داوەت گرت، نانیان بۆ خەڵقی داوە” (ئۆسکارمان: ٢٠١١، ل٢٦٧، ٢٨١-٢٨٢).

لەکۆتایشدا بەیتبێژ دەڵێت:

“هەزار ڕەحمەت لە بابی ڕەحمان بەکری، ئەو بەندەی ڕۆناوە، خوڵا دەوامی ئیمپڕاتۆری بدا، ئەگەر ساحێبی ئەڵمانی ناردۆتە ئەو وڵاتەی عیلمی کوردی بکا تەواوە” (ئۆسکارمان: ٢٠١١، ل٢٨٢).

بەمشێوەیە، ناسر و ماڵماڵ تۆڵەی دڵی خۆیان دەکەنەوە، دواتریش هەریەکەیان بە خۆشەویستەکەی خۆی شاد دەبێت و هاوسەرگیریی دەکەن. وەک دەردەکەوێت حەوت شەو و حەوت ڕۆژ ئاهەنگ و شایی دەگێڕن.

دەستنیشانکردنی مێژووی ڕووداوەکە:

ئەگەرچی هێمن موکریانی (١٩٢١-١٩٨٦)ی وەرگێڕی توحفەی موزەفەرییە، پێیوایە ڕۆژگاری ڕوودانی چیرۆکەکە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی فەرمانڕەوایی قاجار (١٧٩٥-١٩٢٥) لە ئێران (ئۆسکارمان: ٢٠١١، ل٦٢)، بەڵام ئێمە بەگوێرەی چەند ناو و ئاماژەیەکی ناو بەیتەکە و بەراوردکردنی سەردەم و ڕووداوەکان، دەگەینە ئەو دەرئەنجامەی مێژووی بەسەرهاتەکە زۆر لەوە کۆنترە و بۆ سەردەمی فەرمانڕەوایی سەفەوییەکان (١٥٠١-١٧٣٦) دەگەڕێتەوە، چونکە قاجارەکان بەدرێژایی ١٣٠ ساڵی دەسەڵاتیان هیچ کاتێک نەیانتوانیووە شاری بەغدا داگیربکەن. ئەم چەند دێڕەی بەیتەکەش دەکەینە بەڵگەی  سەلماندنی بۆچوونەکەمان:

“… جا کە سبحەینێ ڕۆژ سەری دەرهێناوە،

ناسر و ماڵماڵ چوون لەبۆ بازاڕی تەواوە،

سەودایان دەکرد، بازاڕیان وەسەرخۆیان دەگێڕاوە،

ئەوێ ڕۆژێ خێرێکی زۆریان کرد، پێنجسەد تومەنیان هێناوە…” (ئۆسکارمان: ٢٠١١، ل٢٥٣).

لەشوێنێکی دیکەشدا هاتووە:

“… کاکە ناسر دەڵێتەوە کاکە ماڵماڵییە

برالە ئەگەر بۆ گەورەیی دەڵێی لە وەزیری زیاتر دە بەغدایەدا کەس لەتو گەورەتر نییە،

ئەگەر بۆ زێڕ و زەمبەری دەڵێی، لە دەبوتخانەی تۆم هەڵدراوەتەوە هەزار بار زێڕ و ئەشرەفییە...”.

پاشان لە شوێنێکی دیکەدا هاتووە:

“… ئەگەر بۆ گەورەیی دەڵێی، لەکنم بە گەورەیی گاوانێکی نییە،

ئەگەر بۆ زێڕ و زەمبەری دەڵێی، بەهەمووی لەکنم بەقەد شاییەکی ئەو زەمانەی نییە…” (ئۆسکارمان: ٢٠١١، ل٢٦٤).

کاتێکیش لەسەر داوای ماڵماڵ، ناسر دەگەڕێتەوە گوندی گاگەش، سەرەداو و بەڵگەیەکی دیکەمان بۆ دەردەکەوێت، کە لە بەیتەکەدا هاتووە:

“… ماڵماڵ دەڵێتەوە ناسری

دەبهێڵە ڕۆژبێتەدەر، بێ لێرە خەندەقی غەلیفەی بەغدایە بگری،

ئەگەر بەخێرهاتییەوە، لە کاکی خۆت دەفکری،

ئەگەر درەنگ بێیەوە، ماڵماڵ بە دەشتی بەغدایەدا ڕادەبری،

چاوت پێناکەوێتەوە، هەتا ئەوێ ڕۆژێ دەمری…” (ئۆسکارمان: ٢٠١١، ل٢٦٨).

لەشوێنێکی دیکەشدا هاتووە:

“… سەربەرەژێر دەهاتەخوارێ، بۆ خەندەقی خەلیفەی دەگەییە و بوو پیاوە،

تەماشا دەکا ماڵماڵ لەوێ نەماوە،

ماینێ شێ دەلەوەڕێ، هەموو ئەسپابی لێ بەستراوە…” (ئۆسکارمان: ٢٠١١، ل٢٧٣).

وەک ئاشکرایە، یەکەمجار سەفەوییەکان لە سەردەمی فەرمانڕەوایی شا ئیسماعیلی یەکەم (١٥٠١ـ-١٥٢٤) توانیان ساڵی ١٥٠٨ شاری بەغدا داگیربکەن و کۆتایی بە دەسەڵاتی “موراد کوڕی یەعقوب”ی دوا سوڵتانی ئاق قویوونلوو بهێنن، دواتر شای سەفەویی کەسێکی بە ناوی خالد بەگ وەک والی بەغدا دامەزراند و نازناوی “خەلیفە”ی پێبەخشی، هەروەها دواتریش لە سەردەمی فەرمانڕەوایی شا تەهماسبی یەکەم (١٥٢٤-١٥٧٦) والی بەغدا ناوی “زولفەقار کوڕی عەلی بەگ”ی یەکێک لە سەرکردە کوردەکانی هۆزی موسلۆ بوو لەلایەن شای سەفەوییەوە نازناوی “خەلیفەی خەلیفان”ی پێدرابوو.(محەمەد: ٢٠١٠، ل٦٣، ٧٣-٧٤، ١١٠؛ ئیناس: ٢٠٢١، ل١٦٦، ٢٢١).

بەمشێوەیە سەفەوییەکان هەتا ساڵی ١٥٣٤ و بۆ ماوەی ٢٦ ساڵ فەرمانڕەوایی بەشێکی ناوچەکانی ناوەڕاستی ئێستای عێراق و شارە پیرۆزەکانی نەجەف و کەربەلا دەکەن، بەڵام دواتر سوڵتان سلێمانی قانونی (١٥٢٠-١٥٦٦)ی عوسمانی لە کۆتایی ساڵی ١٥٣٤ شار و ناوچەکە داگیردەکات (ئیناس: ٢٠٢١، ل١٦٧، ٢٢٣؛ بختیار: ٢٠٢١، ل٢٤-٢٥).

دووەمجاریش لە سەردەمی فەرمانڕەوایی شا عەباسی یەکەم (١٥٨٨-١٦٢٩) سەفەوییەکان توانیان ساڵی ١٦٢٣ بە هاوکاری بەکر سۆباشی بەڕێوەبەری پۆلیسی بەغدای عوسمانی جارێکی دیکە شارەکە، دواتریش کەرکوک و موسڵ داگیربکەن، کە لەو ماوەیەشدا  هەتا ساڵی ١٦٣٨ و بۆ ماوەی ١٥ ساڵی دیکە، فەرمانڕەوایی بەغدا و بەشێکی ناوچەکەیان کرد. دواجار سوڵتان مورادی چوارەم (١٦٢٣-١٦٤٠)ی عوسمانی، ساڵی ١٦٣٨ بە چەند هێرشێکی گەورە و خوێناوی شاری بەغدای داگیرکردەوە (محەمەد: ٢٠١٠، ل١٥٧؛ ئیناس: ٢٠٢١، ل٢٧٢-٢٧٥، ٢٩٣، ٢٩٧).

دەرئەنجام:

لەکۆتایی توێژینەوەکەدا گەیشتین بە چەند دەرئەنجامێک، کە گرنگترینیان بریتین لە:

١- لە چەند شوێنێکی بەیتەکەدا ئاماژە بە دراوی “تمەن، ئەشرەفی و شایی” دراوە، کە لەکاتی چوونی ناسر و ماڵماڵ بۆ بەغدا لە بازاڕدا، کڕین و فرۆشتنی پێوەکراوە و چەند جۆرێکی دراوی سەفەوییەکان بوون، بەتایبەت شاهی یەکەیەکی زیوین و پەنجا شاهی بەرامبەر بە بیست دینار بووە. (محەمەد: ٢٠١٠، ل١٨٠).

٢- چوونی ناسر و ماڵماڵ بۆ بەغدا و نیشتەجێبوونیان بۆ ماوەی ٧ ساڵ، دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی یەکەمجار فەرمانڕەوایی سەفەوییەکان لە شارەکەدا، چونکە گومانی تێدانییە لە ماوەی ٢٦ ساڵ فەرمانڕەوایی سەفەوییە شیعەکان بەشێک لە هۆزە عەرەبە سوننەکانی ناوچەکە، لە دژی چەوسانەوە و دەسەڵاتیان ڕاپەڕیوون و هەڵیانکوتاوەتەسەر بەغدا. وەک لە بەیتەکەشدا هاتووە: ناسر و ماڵماڵ توانیوویانە لە شەوێکی ئەنگوستەچاودا یەکێک لە شێخەکانی عەرەب بەدیلبگرن، کە هێرشیکردۆتەسەر بەغدا.

٣- لە دوو شوێنی بەیتەکە ناوی والی بەغدا بە “خەلیفە” هاتووە. وەک ئاشکرایە، هەریەک لە شا ئیسماعیل و تەهماسبی کوڕی نازناوی خەلیفەیان بە والییەکان دەبەخشی. کەواتا ئەمە بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگرە بۆئەوەی دڵنیاببینەوە، کە ناسر و ماڵماڵ لەکاتی یەکەمجار داگیرکاریی بەغدا لەلایەن سەفەوییەکان، چوونە شارەکە.

٤- پێناسەی شوانی مەزن باهۆمەر بە کوردێکی کەڵاش درێژی شارەزووریی، ئاماژەیەکی ڕوونە بۆئەوەی کوردێکی کەڵاش لەپێی هەورامی بووبێت. ئەگەرچی ناوی شوانەکەش نەهاتبێت.

سەرچاوەکان:

١. ئاوات سەید ئەحمەد: هۆزی مەنگوڕ ١٨٨٠-١٩٤٦، چاپی یەکەم، چاپەمەنی سەحافی، (مەهاباد، ٢٠١٨).

٢. ئۆسکارمان: توحفەی موزەفەرییە، وەرگێڕانی: هێمن موکریانی، چاپی سێیەم، چاپخانەی ئاراس، (هەولێر، ٢٠١١).

٣. ئیناس سەعدی عەبدوڵڵا: مێژووی نوێی عێراق ١٢٥٨-١٩١٨، وەرگێڕانی: مەحموود هۆمەر باوزی، چاپی یەکەم، ناوەندی ئاوێر بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە، (هەولێر، ٢٠٢١).

٤. بختیار سعید محمود شوانی: مێژووی عێراق لە سەردەمی عوسمانیدا، چاپی یەکەم، نوسینگەی تەفسیر بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە، (هەولێر، ٢٠٢١).

٥. محەمەد سهێل تەققوش: مێژووی دەوڵەتی سەفەویی، و: شاخەوان محەمەد، چ١، چاپخانەی رۆژهەڵات، دەزگای چاپ و بڵاوكردنەوەی رۆژهەڵات، (هەولێر، 2010).

٦. بەرنامەی ژیانی لادێ، گوندی گاگەشی خوارێ، تەلەفزیۆنی سەداوسیمای مەهاباد، زستانی ٢٠٢٢.