گۆڤارێکی ڕۆشنبیری گشتیی وەرزییە، بەڕێوەبەرایەتی ڕۆشنبیری و ھونەری ڕاپەڕین دەریدەکات

شەش كورتیلە چیڕۆك

    سابیر ڕەشید

 

 

  • چاوەڕوانییەكی درێژ:

لە ماڵێكی بچكۆڵانەدا، ژن و پیاوە خانەنشینەكە بە خەمبارییەوە دانیشتبوون و بە بێدەنگییەوە چاوەڕێی گۆدۆیەك بوون. شەش مانگی پێچوو بێ ئەوەی مووچەیەكی خانەنشینی، یان بەخششی خزمەتگوازییەكەیان وەربگرن. قەرزەكان كەڵەكە بوون و كوڕ و كچە قوتابییەكانیان چاوەڕوانی نانی بەیانی بوون، تا بە سكی برسی نەچن بۆ قوتابخانە. لە قوتابخانەدا جانتای هیوایان بە پشتی خۆیان دادەدا، بەڵام نەیاندەتوانی وەك قوتابییەكانی تر لە كاتی پشوودا لەفەیەك، كێكێك، شەربەتێك بخەنە ناو هەناوی برسییان. ئێوارەش كە دەهاتنەوە بەدیار خوانێكی سارد و سڕ، بە چاوی فرمێسكاوییەوە، نان و ماستێك، هێلكە و ڕۆنێك، خێری جیرانێك، نان و تەماتەیەك بە ژیانەوە دەیبەستنەوە.

ئێوارەیەك هەواڵ بڵاوبووەوە، كە بەخششی شەش مانگە وەردەگرن. بەیانی ژن و مێرد چوونە بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی شار، بەڵام چەكی پارەكەیان وەرنەگرت، چونكە وەجبەی زۆری خەڵكییان لە پێش بوو. بڕیاریاندا یەكێكیان كار بكات، بەڵام لە هەر دەرگایەكی دەدا بە ڕوویدا دادەخرا!

  • وێران:

 

ڕەشەبایەك هەڵیكرد و لەم مەملەكەتە هەڵیتەكاندم، خۆم لە وێرانەیەكدا دۆزییەوە، خەڵكەكەی هەموو شارە مێروولە بوون و نەوتیان پێدا كرابوو. چەندی گەڕام و سوڕام و هەوڵمدا كەسێكم نەدۆزییەوە هەتا بزانم ئەم شارە بۆچی خاپوور كراوە. بە جەستەیەكی شل و شەكەتەوە، بە مێشكێكی ژەنگاوییەوە سەرخەوێكم شكاند. بەیانی كە هەڵسام ئەم دیمەنانەم بە چاوی خۆم دیت: كوندەبۆ لە جێگای كەڵەشێر بانگی دەدا و خەڵكەكە لە خەو ڕادەبوون، ڕاكێشان ڕاكێشانی نان بوو. لەسەر كورسی سەركردەكاندا بە خوێنی یەكتر تینوو بوون و یەكتریان قڕ دەكرد و جارێكی دیكەش نەوت بەسەر شاری مێروولاندا دەكرایەوە.

 

  • خۆزگە:

ئەوەتانێ دوور بە دوور چاوەكانم هەتەر دەكەن. جاران گوندی ئێمە بوو، ئێستا بۆتە هی غەواران. ناشتوانم لەمە زیاتر بڕۆم و بچمە ئاوایی و سەردانێكی گۆڕی باوكم بكەم، وەلێ لێرەوە چاوەكانم دەكەم بە چاوی زەرقای یەمامە و بە خەیاڵ تێر تێیدەڕوانم و باوەش بە گۆڕەكەیدا دەكەم. لێرەوە بۆنی خاكی خۆم دەكەم، لێرەوە بەسەر ماڵەكانی گوند و گرد و تەپۆلكەكانی دەڕوانم، تێر لە ئاسمانی ئەوێ ڕادەمینێم، بەڵكوو ئێ ئەمە خوایە دەمكات بە كۆترێكی تەریو، كە تازە هێڵانەكەی خۆی دۆزیبێتەوە، لە سەیركردن و گەڕانی سەر گوند تێر نابم، تا ئەو كاتەی لەسەر بیرەكەی ئاوایی دەنیشمەوە و تێنیوێتی خۆمی پێ دەشكێنم.

 

4- گەڕانەوە:

گەڕایەوە، حەزی دەكرد غەریبی ئەوەندە ساڵەی بە بینینی شارەكەی لەبیر بچێتەوە. دەیویست ئەو تەمەنەی ماویەتی گوڵدانێك بێت بۆ شار و وڵاتەكەی، بەڵام دوای چەند ڕۆژێك، وەكوو كەسێكی نامۆ خۆی هاتە پێش چاو. لە كۆڵانەكانی خۆیان جیرانەكانی نەدەناسی و دوو بەشی خەڵكەكە غەوارە بوون و بە زمانی تر دەدوان.

لە گەڕەكدا خانوو و دوكان و باڵەخانە و ماركێت و فڕنی نان و سەموون و بگرە دار و درەختەكەیشی بە جۆرێكی دیكە دەهاتە پێش چاوی. بەرگەی نامۆیی نەگرت، لە باوەشی دایك ترازاو جارێكی تر خۆی بە نادیار سپاردەوە!

 

5- گوڵی نەمر:

پوور وەنەوش لە گوندێكی دوورە دەستی بناری سەفیندا بە تەنیایی دەژیا. هەرچەندە بە تەمەن بوو، بەڵام ژیان چۆكی پێ دانەدابوو. لە باپیرانییەوە گوڵێكی هەمیشە پڕ ژیانی بۆ بەجێمابوو، ئەم گوڵە سپییە هێمای هیوا و مانەوە بە گەنجیی بوو.

ڕۆژێكیان كەسێكی نامۆ بۆ چارەسەری كچە نەخۆشەكەی، بە دوای سۆراغی خاوەن گوڵ هاتە گوند. پوور وەنەوش بەهای گوڵەكەی دەزانێ، كە نەدەگۆڕدرێتەوە و نەدەبەخشرێ و نەدەشكڕدرێت، بۆیە ڕەتی كردەوە گوڵەكەی پێبدات.

باوكی كچە زۆر داما، داپیرە هەستی بە ڕژانی فرمێسكەكانی كرد، هەستی بە سۆز و پەرۆشی باوكایەتی كرد، بۆیە بەزەیی مرۆیی، بەگەڵ كابرای داو ڕێگای شاریان گرتەبەر.

لە ڕێگادا چەندان ڕووباری پڕ لە فرمێسك و چیای بەردینی ڕەقیان كەوتە پێش، بەڵام هەرچۆنی بوو كۆڵیان نەداو ئاستەنگەكانیان بڕی.

كاتێ گەیشتنە شار و چوونە نەخۆشخانەكە. دكتۆرەكان و كەس و كاری كچە هەموو چاوەڕوانی گوڵەكە بوون.

پوور وەنەوش گوڵەكەی خستە سەر نێوچەوانی و لە گەڵیشیدا ئەم گۆرانییە كۆنەی دەگوت، كە لە نەوەكانی پێش خۆیەوە بۆی مابووەوە. گوڵەكە لەگەڵ گۆرانییەكە، وردە وردە كرایەوە و بۆنی پەخش بوو و وەكوو تیشك درەوشایەوە.

كچە، چاوانی كردەوە و ئاییندەی جوانی خۆی لە هزری خۆیدا بینی.

لەم ڕۆژەوە، ناوبانگی پوور وەنەوش نەك تەنیا لەم گوند و شارە، بەڵكوو لە تەواوی مەملەكەت بە خاوەنی گوڵی نەمر و شیفابەخش، یان گوڵی هیوا ناسرا.

 

6- تەنیایی و بەیەكگەیشتنەوە:

دوای لە دەستدانی ئەندامانی خێزانەكەی لە كارەساێتكی جەرگبڕدا. بە تەنیایی خۆی لە دنیایەكی ساردو سڕدا دۆزییەوە، تەنیا یادگارییەكانی ڕابردووی بۆ مابووەوە تا بۆ ڕزگاربوونی لەم تەنیاییە كوشندەی لەبەر خۆیەوە بەردەوام بۆ خۆی بیگێڕێتەوە، لەم ترسی تەنیاییەشیدا بڕیاریدا بگەڕێتەوە گوندە چۆڵكراوەكەیان، كە لە سەردەمی ئەنفالدا ڕژێمی بەعس پێی چۆڵ كردبوون و خەڵكەكەی هەموو ئەنفال كردبوون، بەڵام تەنیا خێزانی ئەوی كە ئەوكاتە گەڕابوونەوە شار لێی ڕزگار بووبوون.

لەم گوندە چۆڵ و ڕووخاوەدا بێدەنگییەكی قورس و كوشندە باڵی خۆی بەسەردا كێشابوو، لەگەڵ ئەمەش هەستی دەكرد، ئەم تەنیاییە گیانی ئارام دەكاتەوە. دەستی بە بنیادنانەوەی خانووەكەیان كرد. بە تەنیا زەوی دەكێڵا و بایەخی بە ڕەز و باخچەكەی خۆی دا.

ئەو لەم تەریكییەیدا خۆی وەها دیتەوە كە ڕووبەڕووی ناخی خۆی دەبێتەوە و دان بەم ڕاستییانە دادەنێ، كە لە ژیانیدا تێیكەوتووە.

شەوانی گەرمی هاوین، لە سەربانی خانووەكەیدا دادەنیشت و لە ئەستێرەكان ڕادەما و سەیری مانگی دەكرد و بە دوای هەسارەكاندا دەگەڕا. ئەو كاتانە دركی بە یەكێتیی گەردوون دەكرد، بەڵام لە چركەساتێكدا، هەستی بە كەسێكی تر كرد، كە لە تەكیدا دانیشتووە، ئاوڕی دایەوە پیرەمێردێكی تەمەنداری بینی، كە بە زەردەخەنەوە تێی دەڕوانی!

((تۆ كێی؟))، پرسی.

((من تۆم و تۆش منی))، پیرە ئەوەشی پێگوت ((هاتووم تا ڕێگات بۆ ڕۆشن بكەمەوە)).

پیرە وانەی ((تەسەوف))ی پێگوت، باسی خۆشەویستی و لێبوردەیی و یەكێتیی بوونی فێر كرد.

كابرا هەستی كرد وانەكان زوو فێر دەبێت و بە ئاسانی دەچنە ناو مێشكی، وەك ئەوەی گیانی چاوەڕوانی ئەم ساتانەی دەكرد.

پیرە، هەموو شەوێك سەردانی دەكرد و لە نهێنییەكانی گەردوون دەدوا و وانەی خۆشویستنی تاكە خوای فێر دەكرد.

هەستی كرد گیانی ئارام و ناخی ئاسوودە بووە، بەڵكوو خۆی وەها دیتەوە، كە بەشێكە لە هەموو.

بە تێپەڕینی كات، كابرا بووە شێخێكی گوندەكەی، وادەهاتە پێش چاوی كە گوندەكەی ئاوەدان بۆتەوە، بەڵام دوایی كە دەهاتەوە سەرخۆی هەستی دەكرد، ئەوە هەر خەیاڵە و خۆی تاك و تەنیایە لەم گوندەدا.

ئەوەی دڵی پێی خۆش بوو، ئەوە بوو، پیرە لە خەونەكانیدا بەردەوام لەلای بوو و پێی دەوت ((تۆ تەنیا نیت، من هەمیشە لێرەم و لەلاتم)).

بەمجۆرە، كابرا لە تەنیاییەكەیدا خۆی بینییەوە، كە تەنیا نییە و هەمووە، هەروەهاش لە گوندە چۆڵكراوەكەیدا، ژیانی دۆزییەوە.